ئارامتر بخوێنەوە!

ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هۆکار و هەلومەرجەکانی بەتەناهیبوونی

ئالان حەسەنیان

و: ساماڵ ئیلامی

وشە کلیلییەکان:

ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛

چالاکیی ژینگەیی؛

 بەتەناهیکردن؛ سڕینەوەی دارستان؛

چیا؛ مەریوان؛ زرێبار



کورتە 

 لە کۆتاییی ١٩٩٠ەکانەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە لانکەی ژمارەیەکی زۆری ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (NGO)، کە گرێدراوی چالاکییە جۆراوجۆرە فەرهەنگی – کۆمەڵایەتییەکانن. لەناو ئەم پەرەسەندنەدا، دامەزراندنی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان ڕەوتێکی بەرچاو بووە، بەڕادەیەک کە زۆربەی نزیک بەهەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگای ژینگەپارێزیی خۆیانیان هەیە. ئەگەرچی کۆمەڵگا ژینگەپارێزییە کوردییەکان بەپێی قانوون و ڕێوشوێنەکانی ئێران دامەزراون، دەرکەوتووە کە بەڕێوەبردنی چالاکییە ژینگەپارێزییەکان کارێکی مەترسیدارە، کە ئاکامی دەبێت بە بەندکردن، تیرۆر و پاشهاتە پێشبینی نەکراوەکانی تر بۆ چالاکان. ئەم نووسراوەیە باس لەسەر ئەوە دەکات کە حکوومەتی ئێران ڕێبازێکی تەناهییانە بۆ ژینگەپارێزی لە هەرێمی کوردستان لە ناو وڵاتەکەدا جێبەجێ دەکات. ئەم خوێندنەوەیە، لەو هۆکارگەلە دەکۆڵێتەوە کە دەبن بە هۆی بەتەناهیبوونی ژینگەپارێزیی کوردی.

 

پێشەکی :چالاکیی ژینگەیی و بەتەناهیبوونەکەی

سەرەڕای ژینگەپارێزیی “شارستانیانەی” ڕوولەگەشە، پێداچوونەوە بە وێژەی ئەم بوارەدا دەریدەخات کە ئەم بوارگە(area) بە بەربڵاوی پشتگوێ خراوە. بۆ وێنە دۆنۆ و ئال پێیان وایەکە، توێژینەوە لە چالاکیی ژینگەپارێزی هێشتا زۆر چڕ نەبووەتەوە و بە باشی پێناسە نەکراوە و تا ئێستا، زۆر بە کەمی پێوەندیی نێوان چالاکیی ژینگەیی، ئاکاری ژینگەخوازانە (pro-environmental behaviour) و شوناسی کۆمەڵایەتی تاقی کراوەتەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا، وێژەی هەنووکەییی ئەم بوارە دەریدەخات کە ژینگەپارێزی، بەتایبەتی لە وڵاتە کەمتر دێموکراتەکاندا، بە هۆی بەتەناهیکردنی قورسی دەوڵەتەوە تووشی ئاریشە دەبێت. ڕێکخراوی ناحکوومیی نێودەوڵەتیی چاودێری جیهانی(global witness)، بەتەنیا لە ٢٠١٦دا کوشتنی ٢٠٠ چالاکی ژینگەییی تۆمار کردووە، کە برازیل، کۆلۆمبیا و فیلیپین لەناویاندا زۆرترین ژمارەی کوژراویان هەیە. هێشتا لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە کوژراوەکان ڕاپۆرت نەکراون و تەنانەت کەمتر لێیان کۆڵراوەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ژمارەی ڕاستی کوژراوەکان زۆر بەرزتر بێت.

   دوو تاقمی سەرەکی، چالاکانی زەوی و ژینگە لە لایەک و تاقمە (گانگە) تاوانبار و بازرگانەکان، ڕاوچییەکان و بەشە نیزامییەکان لەلایەکی ترەوە، لەکۆتاییدا بابەت و بکەرەکانی پرسی بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی نوێنەرایەتی دەکەن. بە هۆی پێوەندییە ناهاوچەشنەکانی (asymmetrical) دەسەڵاتەوە، تاقمی یەکەم زۆربەی کات دەبێت بە قوربانیی توندوتیژیی تاقمی دووهەم، بەتایبەتی لەو بابەتگەلەدا کە تێیاندا کردەوەی پاراستنی ژینگە، تۆمەتی دژی پەرەسەندنی لێ دەدرێت. بەڵگە ئاشکرای دەکات کە پلەی بەرزیی بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی، بە واتای ئەوەیە کە ئەوانەی بوێریی ئەوەیان هەیە کە دەنگ هەڵبڕن و بەرگری لە بانگەشەکانیان بکەن، دەکرێت بەشێوەیەکی هۆڤانە بێدەنگ بکرێن. لەکۆتاییدا هەر چالاکانن کە بەتاوانبار دەناسرێن، بەرەوڕووی تۆمەتی ناڕەوای تاوانبارانە و بابەتە مەدەنییە قورسەکان دەبنەوە، کە لە لایەن ئەو حکوومەت و کۆمپانیاگەلەوە بانگەشە دەکرێت، کە دەیانەوێت بێدەنگیان بکەن. ئەم بەتاوانبارکردنە بۆ ترساندنی بەرگریکاران، خەوشدارکردنی ناوبانگیان و تێوەگلاندنیان لە شەڕە قانوونییە قورسەکان بەکار دەبرێن.

   لەپێوەندی لەگەڵ ئێراندا، کە زۆرێک لە لایەنەکانی ژیان تێیدا بەتەناهی کراوە، ژینگەپارێزی یەک لەوبوارگەگەلەیە کە حکوومەت لە نزیکەوە چاوی لەسەریەتی. ئێران لە ڕیزی بیست وڵاتی یەکەمی بکوژی ژینگەپارێزەکاندایە. سەرهەڵدانی ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەیییەکان لە ئێراندا بەرهەمی دوو پەرەسەندنی سەرەکییە: یەکەم، خەسار و قەیرانێکی ڕوون کە لە ژینگەی سروشتیی ئێراندا دەستنیشان کراوە و دووهەم، هەڵکەوتنی دەرفەتێکی سیاسی لە ٩٠ەکاندا کە ڕێگای دا بە کۆمەڵگای مەدەنی بۆئەوەی ژمارەیەکی بەربڵاوی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دابمەزرێنێت. لەئاکامدا، بە درێژەی دوو دەیەی پێشوو، زۆرێک لە تاقم و ڕێکخراوە ژینگەیییەکان وەک بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنیی تازەدەرکەوتووی ئێران سەریان هەڵدا. ئەم سەردەمە هاوکات بوو لەگەڵ سەرکۆماریی موحەممەدی خاتەمی (١٩٩٧-٢٠٠٥)، کە باسی لە گرینگیی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی چالاک دەکرد و ئەو باسەی هێنایە ناو سیاسەتی ئێرانەوە. لە ژێر کاریگەریی بیرۆکەی پاراستنی ژینگە و لەسەر هێڵی ڕێنوێنییە کۆژینگەیییەکانی(ecological) قانوونی بنگەهیی ئێران، [وەک] مادەی ٥٠ کە پاراستنی ژینگەی سروشتی، وەک ئەرکێکی گشتی دەبینێت و هەموو چالاکییەک قەدەغە دەکات کە دەبێت بە هۆی خەساری ژینگەیی، ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەیییەکان سەریان هەڵدا. ئەم ڕەوتگەلە هەروەها بواری ڕەخساند بۆ سەرهەڵدان و بڕەوپێدانی ژینگەپارێزی لە خوارەوە.

   خوێندنەوەکانی سیمین فەدایی بۆ پرسی ئاڵوگۆڕی(evolution) بزووتنەوەی ژینگەیی لە ئێران پێی وایە کە سەرەڕای ئەو دوو هۆکارەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، هەوڵە ئاشکراکانی حکوومەتی ئێران لە سەردەمی سەرکۆماریی خاتەمیدا-کە لە سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی بەشی ژینگە لە ساڵی ١٩٩٧دا، دامەزراندنی هەیئەتێکی حکوومیی سەربەخۆ کە بەدیاریکراوی سەرنجی دەخستە سەر پرسە ژینگەیییەکان (نەخشەڕێگای نەتەوەیی بۆ پاراستنی ژینگە) و ڕەخساندنی بوار بۆ هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە ڕەسمییەکان و کۆمەڵگای مەدەنیدا ڕەنگی دایەوە – گرینگ بوو بۆ هاندانی سەرهەڵدانی زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەیییەکان لە ئێراندا. فەدایی، بە سەرنجدان بەو هەلومەرجەی کە ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەیییەکان لە سەردەمی ناسراو بە چاکسازیی موحەممەدی خاتەمیدا تێیدا چالاکییان دەکرد، باس لەوە دەکات کە ئەو بەستێنە نیوەسەرەڕۆیانەیەی کە بزووتنەوەکە تێیدا پەرەی سەند، لە یەک کاتدا ڕێگای بە چالاکیی گرووپە ژینگەیییەکان دەدا و ڕێگریشی لێ دەکردن. ژینگەپارێزەکان پێودانگ(norm) و پێکهاتە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگا دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەوان گۆڕینی شێوازی ژیانی خەڵک و سیاسەتەکانی حکوومەت لە پێوەندی لەگەڵ پرسە ژینگەیییەکاندایە. لەگەڵ ئەمەیشدا، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی ژینگەپارێزی لە ئێران و هەروەها لەناو هەرێمی کوردیدا “وەک بزووتنەوەیەک بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی” و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەییی (تەواو بەتەناهیبوو) بۆ ژینگەپارێزی، ڕوونە کە ئەم جۆرە لە چالاکیی مەدەنی بووە بە بوارێک کە بە پێوەندیی ئاڵۆزی نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەتدا دەناسرێتەوە.

ژینگەپارێزی، لە خوارەوە ونهێزی(potential)ی پەلهاویشتن بۆ ئەوپەڕی ئەو سنوورانەی کە خاتەمی دیبوونیەوەی لە خۆی پیشان دا و کەوابوو ئاڵوگۆڕی “ژینگەپارێزیی سیاسی” لە لایەن هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەتەوە کە وەک ڕووکەشێک بۆ ناسیۆنالیزمی سیاسی و سێکۆلار دەیبینن، بە پارێزەوە چاوەدێری دەکرێت. پێوانێکی(survey) ژینگەپارێزی لە ئێران ئاشکرای دەکات کە ئەم بوارگەیە کەمتر خوێندراوەتەوە، زانیاریی هەنووکەییی لاوازە و سەرنجی توێژینەوەی هەنووکەیی لەسەر هەرێمە ناوەندییەکانی ئێرانە، لە کاتێکدا هەرێمە پەراوێزەکانی وڵات کەمتر خوێندراوەتەوە یان بەگشتی نەخوێندراونەتەوە. [ئەگەرچی] ژینگەپارێزی لە ئێران لە پرسی جۆراوجۆر خەساری بەردەکەوێت، هێشتایش بەتەناهیبوونەکەی سەرەکیترین ئاریشەیەتی و کەوابوو سەرەکیترین خاڵی سەرنجی ئەم خوێندنەوەیە دەبێت.

   لەچاوی بژاردەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا، چالاکیی ژینگەیی ئۆتۆریتەی ڕێژیم ناهێڵێت و کەوابوو وەک “هەڕەشەیەکی ناوخۆیی” یان “هەڕەشەیەک لە خوارەوە” مامەڵەی لەگەڵ کراوە. ڕێبازی تەناهییانەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ پرسی ژینگەپارێزی بووەبەهۆی سنووردارکردنی بەربڵاوی چالاکیی تاقمە ژینگەیییەکان و بەزاندنی مافە مرۆییەکانیان. ژمارەی زۆری تیرۆری گوماناویی ژینگەپارێزەکان پیشانی دەدات کە ئەوان لە ئێراندا لە دۆخێکی ئاستەمی بەتەناهیبوودا هەڵدەسووڕێن. مەرگی گوماناویی پڕۆفسۆر کاوس سەید ئیمامی (هاودامەزرێنەری ڕێکخراوی ناحکوومیی ژینگەپارێزی، ناوەندی میراتی ژیانی وەحشی(wildlife)پارسی) لە بەندیخانەی ئێڤیندا و کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە و کوژرانی ١٦ ژینگەپارێز لە فێورییەی ٢٠١٧ دا کە لە تارانەوە بۆ یاسووج (ناوەندی پارێزگای کوهکیلوویە و بوویرئەحمەد) دەڕۆیشت و لە هەردوو بابەتەکەدا بەرپرسانی ئێرانی بە دەست تێدابوون تاوانبار کراون، وێنەی ئەو چارەنووسەیە کە ژینگەپارێزە ئێرانییەکان ڕەنگە بەرەوڕووی ببنەوە.

   بەرپرسانی ئێرانی و دامەزراوە دادوەری و تەناهییەکان، بڕیاری قورسی بەندکردن و تەنانەت لەناوبردنی (execution) ژینگەپارێزەکان، بەوە پاساو دەدەن کە سزای سیخوڕی و چالاکیی دژی ڕێژیمیان وەرگرتووە. بۆ وێنە، وەک لە لایەن جەعفەریی دەوڵەتئابادی سکاڵاکاری گشتیی تارانەوە ڕاگەیەندراوە “هێندێک ژینگەپارێز زانیارییان لەسەر بوارگە ستراتێژیکەکانی وڵات لەژێر دەمامکی بەڕێوەبردنی پرۆژەی زانستی و ژینگەپارێزیدا کۆکردووەتەوە”. لە بابەتی سەیدئیمامیدا، هەواڵدەریی تەسنیم نیووز، کە سیاسەتەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕادەگەیەنێت، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیمامی بە بیانووی “چاوەدێریی پەرەسەندنی ژینگەیی” کامێرای دامەزراندووە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر پرۆژەی مووشەکیی سپای پاسداران و چالاکییە ناوکییەکانی ئێرانی گەیاندووە بە سێرڤیسە هەواڵگرییەکانی بێگانەکان. تەسنیم نیووز بانگەشەی ئەوەی کرد کە چالاکە ژینگەیییەکان بە کەڵکوەرگرتن لەبیری شوێندۆز (geospatial intelligence ) توانیویانە وێنە (sample) لە خۆڵ هەڵبگرنەوە و ئەو زانیاریگەلە کۆ بکەنەوە کە تێکنۆلۆژییە چاوەدێرییەکانی بێگانە نەیانتوانیوە کۆی بکەنەوە.

   ئەگەرچی لە ئێران بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی پرسێکی هەموو وڵاتە، بەو هۆیەوە کە ڕوانینی ڕێژیم بۆ کۆمەڵە جیاوازەکان لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر دەگۆڕدرێت، ڕادەی ئەم بەتەناهیکردنەیش بەستراوەتەوە بە جێگای(location) جیۆگرافیی ئەم چالاکیگەلەوە. لەو بوارگەگەلەی کە ئاکنجییانی سەر بە کۆمەڵگاکانی نەتەوەی فارس یان ئایینزای شیعە نین، وەک کوردستان، سیستان و بەلووچستان و خووزستان کە ڕێژیم لە پێشترەوە مامەڵەیەکی تەناهییانەی هەبووە لەگەڵیان، ئەزموون و ئاکامەکانی بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی بە تەواوەتی جیاوازن و ژمارەی ژینگەپارێزە بەندکراو، لەناوبراو و تیرۆرکراوەکان زۆر زۆرترن لەوەی بۆ وێنە لە تاران یان ئیسفەهاندا هەیە. بە قسەی عەزەم بەهرامی، چالاکێکی ژینگەیی، ئەگەرچی پارێزگاکانی وەک کوردستان، ئازەربایجان، سیستان و بەلووچستان و خووزستان بە زۆری لە پرسە ژینگەیییەکان خەسار دەبینن، ڕێبازی تەناهییانەی ڕێژیم بۆ چالاکیی تاقمە ژینگەپارێزییەکان لەم پارێزگاگەلەدا بەمانای ئازاری زۆری ژینگەپارێزەکان بووە. دوایین تۆمارکردنەکان ئاشکرای دەکەن کە حکوومەتی ئێران لەگەڵ چالاکانی ژینگەپارێز لە خووزستان و کوردستاندا وەک تاوانبارێک مامەڵەی کردووە کە چالاکییەکانیان هەڕەشەیە بۆ تەناهیی دەوڵەت و لە ئاکامدا ڕێوشوێنە توندوتۆڵە تەناهییەکان پەرەیان پێ دراوە. ئاماژەی ئەم بەتەناهیکردنە لە ڕێگەی جیاوازەوە نێردراوە بۆ تاقمە مەبەستەکان. سەرەڕای دامەزراوە تەناهی و دادوەرییەکان، وێنەی بەناو “تاقمە نەناسراوەکانیش”، هەیەکە لە دەربڕینی تەناهییانەی هاوشێوەی حکوومەت کەڵکیان وەرگرتووە، [و] ڕێگرییان لە چالاکانی ژینگەییی هەرێمە بەتەناهیبووەکان کردووە. بۆ وێنە، نامەیەکی ئاوەڵا لەژێر ناوی “کۆمەڵێک لە چالاکانی بواری ئاوەدانکردنەوە” (جمعی از فعالان عرصە سازندگی) کە ئەنجومەنێکی چالاکی لایەنگری ڕێژیمە لە بواری پەرەسەندندا، دەسەڵاتدارانی ئێرانیی لە بەرنامەی شاردراوەی تاقمە ژینگەیییەکان ئاگادار کردەوە و بەتایبەتی ئاماژەی کرد بە چالاکانی ژینگەیی لە خووزستان، پارێزگایەکی عەرەب لە باشووری ئێراندا و دژایەتییەکانیان لەگەڵ گواستنەوەی ئاوی ڕووباری کاروون بۆ ناوەندی ئێران. ئەم تاقمە کە خۆی بە لایەنگری پەرەسەندن ناساندووە، چالاکانی ژینگەیی بەوە تاوانبار کرد کە گەمەیەکی مەترسیدار دەکەن، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تاقمە ژینگەیییەکان لەژێر ناوی پرسی وەک “ئاو”دا تێکەڵی دابەشکاریی ئێتنیکی دەبن. ئەم ڕووداوە ڕێبازی تەناهییانەی لەبەرگیراو و بەکردەییی بژاردەکانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ناڕازیبوونە ژینگەییگەلەدا دەردەخات کە لە هەرێمگەلی وەک کوردستان و خووزستاندا ڕوو دەدەن.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە هۆی تێکەڵەیەک لە هۆکاری ئابووری و تەناهی، زۆرتر لە هەموو دامەزراوەیەکی تر، لە پشتی بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە ناوچە پارێزراوەکان لە ئێراندا بووە. بۆ چەند دەیە،  ژێر-دامەزراوەکانی (sub-institutions) سپای پاسداران وەک پێگەکانی ئاوەدانکردنەوە/پەرەسەندنی خاتەمولئەنبیا و حەمزەی سەیدولشوهەدا، ڕۆڵێکی دێوودرنج ئاسا و جێگای ڕەخنەیان لە ئابووریی ئێراندا نواندووە، کە بووە بە هۆی گەندەڵیی بەربڵاو و پرۆژەگەلی ئاوەدانکردنەوەی پێوەرخوار( low-standard ) و تێپەڕ، هەروەها بەتەناهیکردنی قووڵی هەمووجۆرە چالاکییەکی ژینگەیی. ئیتلاعاتی سوپا وەک سێرڤیسی سیخوڕیی سپای پاسداران لە پشتی دەستبەسەرکردن و بەندکردنی بەلێشاوی چالاکانی ژینگەییەوە بووە. لەم دواییانەدا، بەرنامەی مووشەکیی سپای پاسداران، هەڵکەوتوو لە بوارگەکانی بەناو پارێزراوی سروشتی (nature reserves ) بووە بە هۆی ناڕازیبوونی چالاکانی ژینگەیی. سپای پاسداران بە دەستبەسەرکردنی ژینگەپارێزەکان و تۆمەتبارکردنیان بە سیخوڕی بۆ ئامریکا، ئیسراییل و عەرەبستانی سعوودی، کاردانەوەی نیشان دا. ڕەخنەگرتن لە بەرنامەی مووشەکیی سپای پاسداران لە سەرەکیترین هۆکارەکانی تاوانبارکردنی ژینگەپارێزەکانە بە سیخوڕی کردن. هەواڵدەریی کەلیمە کە سەر بە چاکسازیخوازەکانە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە چالاکە ژینگەیییەکانی دژبەری دامەزراندنی بنکە مووشەکییەکانی سپای پاسداران لە عەردە پارێزراوەکاندا، هۆکاری سەرەکیی لەپشتی ئەم بانگەشەوەیە. سپای پاسداران و دامەزراوە تەناهییەکانی تری ڕێژیم بەکردەوە بەرپرسی هەموو ئەو بابەتگەلەن کە وادەزانرێت پێوەندیدارن بە تەناهیی نەتەوەییەوە. بەگوێرەی وتەکانی چوودنۆفسکی(chudnovesky) لە مانگی ئاگۆستی ٢٠١٧ دا بەشی ژینگە ڕاسپێردرابوو هەوڵەکانی ڕابگرێت کە دەیویست بیسەلمێنێت کە ژینگەپارێزەکان هیچ کارێکی هەڵەیان نەکردووە. ئاگادارکردنەوە لە دژی دەستتێوەردان لە بابەتە دادوەرییەکاندا بۆ عیسا کەلانتەری، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، نێردراوە.


* چوارچێوەی تیۆری

لەباری تیۆرییەوە، ئەم خوێندنەوەیە بە تێگەیشتنی(conceptuaisation) قوتابخانەی کۆپنهاگن بۆ چەمکی تەناهی کار دەکات، چوارچێوەیەک کە هەردوو بابەتی تەناهیی دەوڵەتی و پرسەکانی تەناهیی نانەریتی بەسەر یەکەوەلەبەرچاو دەگرێت. لێکۆڵەرانی قوتابخانەی کۆپنهاگن، سەرەڕای دانپێدانان بە بەربڵاوبوونی چەمکی تەناهی، ئەم چەمکە وەک “پاشماوەی هەڕەشە هەبووەکان” دەستنیشان دەکەن و تێبینییەکانی قوتابخانەکە وەک جووڵەیەک دەبینن کە سیاسەت دەبات بۆ ئەولاتر لە قانوونە دانراوەکانی گەمەکەوە و وەک جۆرێکی تایبەت لە سیاسەت، یان وەک دیاردەیەک کە دەکەوێتە سەرتر لە سیاسەتەوە، بیچم بە بابەتەکە دەدات. وایڤێردەڵێت کە تەناهی ئاماژە بە بوونی دۆخێک دەدات کە بە بوونی پرسێکی تەناهییانە و لەلایەکی تریشەوە هێندێک ڕێوشوێنی لەپێشگیراو لە وڵامی ئەو پرسەدا دیاری دەکرێت. بەپێی نەریت، لەگەڵ داواکاریی تەناهیدا، نوێنەرێکی دەوڵەتی، ڕەوشی بەپەلە ڕادەگەیەنێت، بەم شێوەیە بانگەشەی ئەوە دەکات کە مافی هەیە هەرجۆرە شتێک پێویست بێت بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنێکی مەترسیدار بەکار بهێنێت. بوونی وەها تێگەیشتنێک (perception) (هەبوونی هەڕەشە)، دەبێت بە هۆی “بەتەناهیکردنی” بابەتێک، کە جۆرێکی توندوتیژترە لە بەسیاسیکردنی ئەو بابەتە. بە وتەیەکی تر، “بەتەناهیکردن” ڕوانگەی توندوتۆڵی حکوومەتەکان و دامەزراوە تەناهییەکانیانە لە پێوەندی لەگەڵ بابەتێکدا کە وەک هەڕەشەی تەناهییانە ناسێندراوە.

قوتابخانەی کۆپنهاگن ڕێبازێکی فرەبەشی بۆ [بابەتی] تەناهی گرتووەتە بەر، پێنج دەستەی گشتیی تەناهی جیا دەکاتەوە کە بریتین لە نیزامی، ژینگەیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی. جووڵەی(dynamics) هەریەک لەم دەستەگەلە بە بکەرە تەناهییەکان (securitizing actors ) و بابەتگەلی سەرچاوەدا (reference objects) دیاری دەکرێت. لەباری تیۆرییەوە، هەموو بابەتێکی گشتی دەکرێت لە ڕیزێکدا لە بەسیاسینەبووەوە تا بەسیاسیبوو و بەتەناهیبوو پلەبەندی بکرێت. بۆ وێنە، لە دەوڵەتگەلی وەک بوورما، عەرەبستانی سعوودی و یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوودا، فەرهەنگ یان دین (یان هەردووی ئەوانە) بەتەناهی بووە، لەکاتێکدا، لە کۆمەڵگا لیبراڵ دێموکراتەکان وەک بریتانیا و هۆڵەنددا هیچکام لەمانە بەتەناهی نەبوون. ئێران لەناو ئەو وڵاتانەدایە کە دین و فەرهەنگ تێیدا بەتەناهی کراوە.

قوتابخانەی کۆپنهاگن کە لەنێوان دەستەگەلی خوێندنەوەکانی تەناهیدا دەناسرێتەوە، بەشێک لە سەرنجی دەخاتە سەر ژینگەپارێزی و ئەو هۆکارگەلە سەرەکییانەی کە ڕەنگە ببن بە هۆی بەتەناهیکردنی ئەم بوارگەیە. قوتابخانەی کۆپنهاگن[پرسی] تەناهی بەگوێرەی دوانەیەک لە تەناهیی دەوڵەتی و تەناهیی کۆمەڵایەتی بەچەمک دەکات (دادەڕێژێت)؛ لەکاتێکدا تەناهیی دەوڵەتی، حاکمییەت وەک پێوەری کۆتایی دەبینێت، بۆ تەناهیی کۆمەلایەتی، شوناسبایەخی ناوەندی(سەرەکی) ئەژمار دەکرێت، ئەگەرچی بۆ هەردویان “مانەوە” (survival) ناوکی پێوەندییەکەیانە لەگەڵ پرسی تەناهی(security) و بەتەناهیکردنی(securitization) بابەتەکاندا. بەگوێرەی بانگەشەی وایڤەر، دەوڵەتێک کە حاکمییەتی ون دەبێت، ئیتر وەک دەوڵەتێک نامێنێتەوە و کۆمەڵگایەکیش کە شوناسی ون دەکات، ترسی ئەوەی هەیە کە ئیتر ناتوانێت وەک خۆی درێژە بە ژیانی بدات. سۆرووس (soroos) لەبەستێنی “ژینگەپارێزی” و “تەناهیی ژینگەیی“دا، باس لەوە دەکات کە ژینگەپارێزەکان تەناهیی ژینگەییان بۆ بەتەناهیکردنی پرسە ژینگەیییەکان، بۆ کردنیان بە بابەتی سیاسەتی سەروو کە وڵامی نائاسایی لە حکوومەتەوە بە قەوارە و خێراییی یەکسان بە هەڕەشە تەناهییە باوترەکان بدرێتەوە، بەکار بردووە. ژینگەپارێزەکان وەک ئاوەزی سیاسی و بابەتی تەناهیی ژینگەیی، هەڵگەڕاونەتەوە بۆ لایەنە تەناهییەکانی ژینگە، بۆ ڕوونکردنەوەی تێچووەکانی دەرفەتی خەرجییەکانی بەرگریکردن  و کاریگەرییە ژینگەیییەکانی چالاکییە نیزامییەکان.

   جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلی پەرەسەندن لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە کە گرانییەکەی دەکەوێتە سەر ژینگەی کوردستان، بابەتی ڕەخنەی ژینگەپارێزانی کورد بووە. ژینگەپارێزە کوردەکان بە ئاماژەکردن بە هێندێک چالاکیی تایبەتی دەوڵەت (وەک دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو)، باس لەوە دەکەن کە لە لایەکەوە ئەم چالاکیگەلە ئاسەواری کاولکارانە لەسەر کۆژینگە (ecosystem) و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بەجێدەهێڵن و لە لایەکی ترەوە دەرهاویشتنی بە بێ ڕێوشوێن و قەرەبوونەکراوەی ئەم سەرچاوەگەلە، دەبێت بە هۆی پەرەسەندنێکی تێپەڕ (unsustainable development) و درێژەکێشانی [دۆخی] نەبوونی تەناهیی ئابووری لە هەرێمێکدا کە لە پێشترەوە بە هۆی پەرەسەندنەوە خەساری بەرکەوتووە. باسوخواسی ئەوتۆ ڕێبازگەلی دژ بە یەکی پەرەسەندن و تەناهی زەق دەکاتەوە.

   خوێندنەوەی ژینگەپارێزیی کوردی دوو وێژمانی کێبڕکێکارانە بۆ [پرسی] پەرەسەندن و تەناهی دەردەخات: ڕێبازی دەوڵەت- تەوەر(state-centric) لەبەرانبەر ڕێبازگەلە کۆمەڵایەتییەکاندا. ڕێبازی یەکەم و زاڵ، لە لایەن حکوومەتەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و ڕێبازی دووهەم، کە بە قورسیش پەراوێز خراوە و بەتەناهی کراوە، لە لایەن ئەنجومەنە ژینگەییە کوردییەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. بوونی ڕێبازگەلی کێبڕکێکارانەی ئەوتۆ بووە بە هۆی خولقاندنی بوار بۆ بەریەککەوتن. لە ڕێبازی دەوڵەت-تەوەردا، تەناهیی دەوڵەت و یەکپارچەییی عەرد (territorial integrity) جێی سەرنجی سەرەکییە. لە ڕوانینی حکوومەتی ئێرانەوە، چالاکیی ژینگەپارێزە کوردەکان وەک لایەنی نانیزامیی [پرسی] تەناهی دەبیندرێت، کە هێشتا ونهێزی ئەوەی هەیە کە خەسار لە ئۆتۆریتەی ڕێژیم یان حاکمییەتی دەوڵەت بدات. لەڕێبازی کۆمەڵایەتیدا، تەناهیی کۆمەڵایەتی بایەخی ناوەندییە و کاریگەرە لەسەر چالاکییەکان. ژینگەپارێزە کوردەکان هان دەدات کە لە تێکۆشانیاندا سروشتی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی گرینگی ژیان و بیچمێکی پڕبایەخی شوناسی کوردی بپارێزن. لەسەر بنەما تێۆرییەکانی وایڤێر دەکرێت وەها تێبگەین کە ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەییە کوردییەکان، وەک دەنگی کۆمەڵایەتی، خۆیان وەک بەرگریکارانی شوناسخوازیی ڕاگەیێندراوی (proclaimed identity) تایبەت دادەمەزرێنن، لە کاتێکدا دەوڵەت ئەجێندای جیاوازی بەرگریکردن لە حاکمییەتەکەی دەگرێتە بەر. لەکاتێکدا کە ژینگەپارێزە کوردەکان لە ڕێگای چالاکییە ئاشتیخوازانەکانەوە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ڕێبازی دەوڵەت- تەوەردا ڕادەگەیەنن، دەوڵەت وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئابووری، ئۆتۆریتە و حاکمییەتەکەی، مامەڵەی لەگەڵ ئەم چالاکیگەلەدا کردووە.

   ژینگەپارێزە کوردەکان، پێوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی نێوان هەرێمە فارس و نافارسەکانی ئێران وەک پێوەندیی ناوەند-پەراوێز دەبینن؛ چالاکییە سەرەکییە بەرهەمهێنەرانە، ئابووری و پیشەسازییەکانی ئێران لە شارگەلی وەک تاران، ئیسفەهان و شیرازدا هەڵکەوتوون و هەرێمگەلی وەک کوردستان، خووزستان و سیستان و بەلووچستان، بە هۆی پەرەنەسەندووییی بەربڵاو و بێبەشکران لە پێڤاژۆی دروستکردنی بڕیار، خەساریان بەردەکەوێت. ئارام فەتحی لە وتارێکدا بەناوی “تاران، تاران“، ئاماژە بە بەناوەندیکردنی بەربڵاوی دەسەڵات لە ئێران دەکات، کە پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە ناوەنددا هەڵکەوتوون، [و] لە لایەن تاکە فارس و شیعەکانەوە پڕ کراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەوانی تر (کۆمەڵە پەراوێزە نافارس و ناشیعەکان) لە دەستڕاگەیشتن بە مافی وەک یەکی شارۆمەندی و دەرکردنی بڕیار بێبەش کراون.

   لەکاتێکدا بۆ حکوومەت پەرەسەندنە بەردەوامە خۆبانگەشەبۆکردووەکەی (self-asserted) هاوتایە لەگەڵ توانای ئەودا بۆ دابینکردنی چالاکییە پیشەسازییەکان لە ناوەنددا لەڕێگای سەرچاوەکانەوە (ئاو، نەوت، دار و. . هتد)، بۆ ژینگەپارێزە کوردەکان و کۆمەڵگاکەیان، بەردەوامبوون[ی پەرەسەندن] بە مانای بەشێکی وەک یەکە لە دەسەڵات و ساماندا. ڕێبازی دەوڵەت تەوەر بۆ [پرسی] پەرەسەندن لە ئێراندا بە پرۆژەگەلی وەک پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی سەرتاسەریی ئێرانداڕوون دەبێتەوە. بەو هۆیەوە کە بەشە ناوەندییەکانی ئێران (کە هەروەها لە باری ئابوورییەوە لە پێشکەوتووترین هەرێمەکانی وڵاتن) تووشی گرفتی وشکەساڵی و کەمئاوین، حکوومەت کە خەمی مانەوەی چالاکییەکان لە ناوەنددای هەیە، خەریکی گواستنەوەی ئاو، بەزۆری لە سەرچاوەکانی ئاوی کوردستانەوەیە بۆ ئەم هەرێمگەلە. بە هەرجۆرێک بێت، هەروەکوو ژینگەپارێزە کوردەکان ئاماژەیان پێ کرد، ڕێبازێکی ئەوتۆی پەرەسەندن تێپەڕە و دەبێت بە هۆی دابەشکردنەوەی ناهاوچەشنی سامان و سەرکەوتن و درێژەکێشانی پەرەنەسەندووییی بە ڕادەی پێویست و تێکدانی ژینگە لە کوردستان. چونکە ئەم گواستنەوەیە بۆ ساڵانێک درێژەی بووە، جیا لە هەڵێنجانی قەرەبوونەکراوەی سەرچاوە ئاوییەکان، هەروەها بووە بە هۆی کاولکاریی ژینگەیی لە هەرێمە پەراوێزەکاندا.


* تایبەتمەندی و سەرچاوەکانی داتا

لە هەمووی ئەم نووسراوەیەدا، چەمکگەلی وەک کوردستان و ژینگەپارێزە کوردەکان، بە دیاریکراوی هەڵدەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەک بەشەکانی تری کوردستانی گەورە لە تورکیە، عێراق و سووریە. بەگشتی، سەرچاوە ئانلاینەکان (وەک مانگنامەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیی چیا) سەرچاوەی داتای سەرەتاییی بەکارهاتوو لە ئەم خوێندنەوەیەدایە. ئەم سەرچاوەگەلە، زانیاری لەسەر ئاڵوگۆڕی ژینگەپارێزیی کوردی، وێژمانی ژینگەیی و چالاکیی چالاکانی ژینگەیی لەخۆ دەگرێت. لە ئەم خوێندنەوەیەدا، ڕوون کراوەتەوە کە هەموو شارێکی کوردستان کۆمەڵگای ژینگەییی خۆی هەیە و نرخێک کە ژینگەپارێزە کوردەکان وەک ئاکامی بەتەناهیبوونی چالاکییەکانیان داویانە، لە هەموو کوردستان تاقی کراوەتەوە. لەم وتارەدا، ژینگەپارێزی لە شاری کوردیی مەریوان زەق کراوەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە بەم هۆیەوە بووە کە، یەکەم، بابەتە بڵاوکراوەکانی مانگنامەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیی چیا کە سەر بە ڕێکخراوی ناحکوومیی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە شاری مەریوانە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئانلاین لەبەردەست بووە؛ دووهەم، سەرەڕای بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە کوردستان، چیا لە مەریواندا سەرنجێکی سەرتاسەریی ڕاکێشاوە بۆلای خۆی؛ سێهەم، لەگەڵ هەڵبژاردنی چیای مەریوان بەو دوو هۆیە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، سنووورداربوونی بواری ئەم خوێندەوەیەیش پێویستی بە هێندێک سەرنج هەبووە. هەروەها ئەوە لە ژمارەیەک لێدوانی جۆراوجۆری بەرپرسە دەوڵەتییەکاندا لە راگەیاندنەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، کە ئامانجیان ئەوەیە کە ڕێبازی تەناهییانەی حکوومەت لە ڕێگای لێدوانەکانیانەوە بناسێنن. لە خوارەوە ڕووناکی دەخرێتە سەر وێژمانی ژینگەپارێزی و ئاریشەکانی، و هۆکارەکانی بەتەناهیبوونی لە کوردستان.


* وێژمانی چیا

وشەی کوردیی چیا، ناوی ئەنجومەنی ژینگەییی کوردی، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بڵاڤۆکی مانگانەی ئەم ئەنجومەنەیە. ڕێکخراو ناحکوومیی چیا لە هاوینی ١٩٩٩، بەدوای ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان لە نزیکیی نێ و چەمکەرە(دوو گوندی مەریوان و سنە) دا، دامەزرا. بەبۆچوونی عیرفان حسەینی، سەرۆکی بەڕێوەبەری چیا؛ خۆشەویستی بۆ خاکی نیشتمان سەرەکیترین پاڵنەر بووە بۆ دامەزراندنی چیا.

   زۆربەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، لەناویاندا ڕێکخراوە ناحکوومی و ئەنجومەنە ژینگەیییەکان لە کوردستان، ڕێبازێکی سێکۆلار بۆ کۆمەڵگا دەگرنەبەر. چالاکیی ئەوان بریتی بووە لە ڕووناکی خستنەسەر توندوتیژیی ناوخۆیی و توندوتیژیی گشتی بەدژی ژنان، ڕەخنەگرتن لە ڕێبازی دەوڵەت بۆ [پرسی] هاوسەرگیریی منداڵان و بەشوودانی کچان منداڵ، دەستنیشانکردنی هەلومەرجی لاوازی خوێندنگا و دامەزراوە پەروەردەیییەکان لە کوردستان و ڕێکخستنی هەرەوەز (کەمپەین) بۆ ئەوەی خوێندن بە زمانی دایک لە خوێندنگاکانی ئێراندا هەبێت، و بەتەنیا هەر زمانی فارسی نەبێت. ئەوان هەروەها فێرکاریی خۆڕسکی کۆمەڵگا (community-based teaching) بۆ زمانی کوردییان پێشنیار کردووە. جیا لە دەستنیشانکردن و مەحکوومکردنی سیاسەتە ژینگەیییە کاولکارانەکانی ڕێژیم، بێبەشکردنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش لە کوردستاندا لە ڕێگای ئازاری کۆڵبەرەکان و کوشتنی بەسەدانی ئەوان لە هەموو ساڵێکدا لە لایەن هێزە تەناهییەکانی ڕێژیمەوە، ڕەنگی داوەتەوە. لە هەر ژمارەیەکی [مانگنامەی] چیادا، لەژێرناوی کۆڵبەرنامە، بەشێکی بڵاڤۆکەکە تەرخان کراوە بۆ نووسین لەسەر هۆکارەکانی تاوانبارکردن، ئازاردان و کوشتنی کۆڵبەر. چیا بەو ئاکامە دەگات کە کۆڵبەری و ئاکامە پێوەندیدارەکانی، بەرهەمی واقیعی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی کوردستان و هەروەها بەنیزامیکردنی (میلیتاریزەکردن) هەرێمەکە و حاشاکردنی بەئەنقەست لە مافەکانی کوردە. جیاوازبوونی شوناسی نەتەوەیی، فەرهەنگ، سروشت و زمانی کوردی، ئەو بابەتگەلەی ترن کە بە بەردەوامی لە چیادا ڕەنگ دەدەنەوە. بۆ وێنە، حامید کۆنەپۆشی بە ڕوونی لەسەر ئەوە دەنووسێت کە چۆن دەکرێت پێڤاژۆی نەتەوەسازیی کوردی بەهێز و خێرا بکرێت. چیا لە نووسراوەی جۆراوجۆر لەسەر “پەروەردەی چەندزمانە، زمانی دایک و گرینگییەکەی”، بە تیشک خستنەسەر سەرکەوتووبوونی جێبەجێکردنی پەروەردەی چەندزمانە لە وڵاتە جۆراوجۆرە فرەئێتنیکەکاندا، حکوومەت هان دەدات کە پەروەردەیەکی چەندزمانە لە ئێراندا جێبەجێ بکات. ڕەخنەی وێژمانی چیا لە سیاسەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دەوڵەت و ڕۆڵی دەوڵەت لە تێکدانی ژینگەدا لەوە تێدەپەڕێت کە ڕەنگە کەسێک لە ڕێکخراوەیەکی ناحکوومی لە کۆمەڵگایەکی بەتەناهیبووی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چاوەڕوان بکات. بۆ وێنە، چیا تیشک دەخاتە سەر گرێدراویی (link) نێوان بانگەشەی کەمینەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافی وەک یەکی شارۆمەندی و بەتەناهیکردنی عەرد لە لایەن حکوومەتەوە؛ ئاستەنگ دەخاتە بەردەم تێگەیشتنی دەوڵەت لە “تەناهی” و باس لە پێویستیی دووبارە بیرکردنەوە لە ڕێبازەکەی دەکات، ڕەخنە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەگرێت؛ و تیشک دەخاتە سەر پێوەندیی نایەکسانی ناوەند-پەراوێز و سیاسەتی بژاردەخوازانەی دەوڵەت سەرکۆنە دەکات. ئەمانە ئەو سەردێڕگەلەن کە زۆرجار لە چیادا ڕەنگ دەدەنەوە.


* ژینگەپارێزی لە کوردستان

زەوی (terrain) و دارستانی کوردستان لە ئێران، تورکیە، عێراق و سووریەدا، سەرەکیترین قوربانییەکانی چالاکییە نیزامی و ئابوورییەکانی ئەم دەوڵەتگەلە بووگن. ئاگرکەوتنەوە، بڕینەوەی دار، ڕاهێنانە نیزامییەکان، شەڕی مەدەنی، بەکارهێنانی چەکی بیۆلۆژیک، کاولکردنی گوندەکان و کشتوکاڵ و دروستکردنی بەبێ ڕێوشوێنی بەنداوەکان و گواستنەوەی دەوڵەتیی ئاو، وێنەی ئەو چالاکیگەلەن کە بوون بە هۆی تێکدانی بەربڵاوی ژینگە لە بەشە جیاکانی کوردستاندا. سەرەڕای تێکدانی بەربڵاوی ژینگە لە کوردستان، هەروەها ژینگە و ژینگەپارێزی لە کوردستان بە هۆی پشتگوێ خستنەوە تووشی خەسار بووە و نەخوێندراوەتەوە. لەنێوان لێکۆڵەرە دەگمەنەکانی ئەم بوارگەیەدا، دەکرێت ئاماژە بکرێت بە مەحمەت گوورسەس و وتارەکەی “پاشهاتە ژینگەیییەکانی شەڕی مەدەنی لە تورکیە”، کە تیشک دەخاتە سەر تێکدانی بەربڵاوی ژینگە لە کوردستان. بەوجۆرەی کە لە خوێندنەوەکانی گورسەسدا دیاری کراوە، کاولکاریی گشتگیری ژینگەی کوردستان بەم هۆیەوە ڕوو دەدا کە هێزە دەوڵەتییەکان، وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکانی دژەسەرهەڵدان (counterinsurgency)، بە ئەنقەست ئەو ژینگەیە دەگۆڕن کە شۆڕشگێڕەکان تێیدا هەڵدەسووڕێن، بۆئەوەی توانای شەڕ کردنیان  نەهێڵن. ڕێوشوێنە دژەسەرهەڵدانەکانی دەوڵەت بۆ گۆڕینی ژینگە بۆ نەهێشتنی توانای ڕێکخستنی شەڕ لە لایەن شۆڕشگێڕەکانەوە، ژینگە لەڕێگای مێکانیزمە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانەوە کاول دەکات.

بەهۆی بزووتنەوەی کوردی لە بەشە جیاکانی کوردستاندا، بەدرێژەی سەدەیەک و دژکردەوە توندوتیژەکانی دەوڵەت نەتەوەوە، سڕینەوەی دارستان و تێکدانی ژینگە لە کوردستاندا دەکرێت وەک بەرهەمی بەرنامەی پەرەسەندنی ئابووریی دەوڵەت باس بکرێت، نە وەک ئاکامی دەوڵەتێکی لاواز کە نەیتوانیبێت ئۆتۆریتەی خۆی لە بەشە دوورەکانی وڵاتدا بسەپێنێت. بەلام، لەجیاتی ئەوە، گورسەس باس لەوە دەکات کە “ئەمە ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە بەئەنقەستەکانی دەوڵەتە بۆ لاوازکردنی توانای کردەوەی بەرهەڵستکاران. لە وەها ڕوانینێکدا، سڕینەوەی دارستان دەکرێت وەک بەشێک لە تاکتیکە بەسەریەکەوەکانی دژەبەرهەڵستکاری لەبەرچاو بگیرێت، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن دەوڵەتەوە و بەئامانجی لاوازکردنی توانای کردەوەی بەرهەڵستکارەکان جێبەجێ دەکرێت. بۆ وێنە، لە بابەتی بزووتنەوەی کورد لە تورکیەدا، وەک بەشێک لە هەرەوەزی بەسەریەکەوەی دژەبەرهەڵستکاری لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk)، هێزە نیزامییەکانی تورکیە هەوڵێکی سیستماتیکیان دا بۆ سووتاندنی دارستان و کاولکردنی بیچمەکانی تری ژیان لە هەرێمەکەدا. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای بزووتنەوەی کوردی بەدرێژەی سەدەیەک لە ئەم بەشەدا، تا ئێستا بەزۆری نەخوێندراوەتەوە و ژینگەپارێزییەکەی، سەرەڕای چەندین دەیە شەڕی ژینگەپارێزانە بۆ پاراستنی ژینگەی سروشتیی کوردستان و نرخێکی زۆر کە لە پێناویدا داویەتی، بەتەواوەتی بوارێکی نەخوێندراوەیە. بە هۆی چالاکیی مرۆڤییەوە، چەندوچۆنی نشینگەی (habitat) سروشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دەیەکانی دواییدا بە زۆری تێکدراوە.

   دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە تێکدانی ژینگە، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا، بووە بە پرسێکی جیهانی و خەسارەکانی شەڕ یان ناکۆکیی ناوخۆیی لەسەر ژینگەی سروشتی سنووردار نییە بە بابەتی کوردستانەوە. ڕۆڤێنی و ئال و هێندریکس و گلاسێر لە ڕوانگەیەکی جیهانییەوە لەسەر گرێدراویی نێوان ناکۆکی (واتا شەڕی مەدەنی یان شەڕی نێوان دەوڵەتەکان) و تێکدانی ژینگە خوێندەوەگەلێکیان کردووە. هێشتا لە کاتێکدا لە هەموو جیهان و بەتایبەتی لە ناو کۆمەڵگا لیبراڵ دێموکراتەکاندا، “ناساندنی تێکدانی ژینگە وەک پرسێکی تەناهی بەشێوەیەکی ڕوولەگەشە بووە بە باو [پرسێک بۆ حکوومەت و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان]”، لە بابەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە ژینگەیییەکاندا بووە بە ئەرکێکی بڕاوە بۆ ژینگەپارێزە کوردەکان. ئەوان لە لایەک ئاریشە ژینگەیییەکان و هۆکارە ڕیشەیییەکانی ئەویان دیاری کردووە و لەلایەکی ترەوە هەوڵیان داوە چارەسەرە بەردەوامەکان بخەنە بەردەست. جیا لە تێکدانی ژینگە لە کوردستان، بیچمی سەرەکیی ئەم پەرەسەندنە نوێیە ئەوەیە کە سەرەڕای بەڵێندەربوونی ژینگەپارێزە کوردەکان لەپێوەندی لەگەڵ چارەسەری ئەم بابەتگەلەدا، چالاکییەکانیان ڕووبەڕووی ڕێوشوێنە تەناهییەکانی حکوومەتی ئێران بووەتەوە.

   بەهەڵسەنگاندن لەگەڵ هەرێمەکانی تر لە ئێران، کوردستان ژمارەیەکی زۆری بەندکران، تیرۆر و لەناوبردنی ژینگەپارێزانی هەیە. ئەمەدەرخەری هەلومەرجێکی بەتەناهیبووە کە ژینگەپارێزەکان تێیدا هەڵدەسووڕێن. بەو هۆیەوە کە کۆمەڵێک هۆکاری بەربڵاو بۆ بەتەناهیکردنێکی ئەوتۆ هەیە، باوترین تاوانێک کە ژینگەپارێزەکان بەرەوڕووی دەبنەوە “هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی”یە. بۆ تێگەیشتن لە بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە کوردستان، دەبێت پێوەندیی لەمێژینەی بەنیزامیکراوی کورد-حکوومەت لە ئێران لەبەرچاو بگیردرێت، کە بەدرێژەی چەندین دەیە لە کاتی دامەزرانی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی مۆدێڕن لەساڵی ١٩٢٥ ەوە بیچمی گرتووە. لەچاوی حکوومەتەوە، چالاکیی ژینگەیی لە لایەن ناسیۆنالیزمی کوردییەوە هان دەدرێت، بۆیە هەڕەشە لە تەناهیی ڕێژیمی ئیسلامی دەکات؛ لە ئاکامدا، حکوومەت پێی وایە کە “وەها هەڕەشەیەک دەبێت ڕووبەڕووی وڵامی توند ببێتەوە.”


* هۆکارەکان بۆ ڕادەی بەتەناهیکردن

ناکۆکیی هەنووکەییی نێوان کورد و دەوڵەتی ئێرانی، دەکرێت هەڵبگەڕێتەوە بۆ حەوتووە سەرەتایییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ ی ئێران، کاتێک پێوەندییەکانی کورد-دەوڵەت بە دوای لابردنی دەسەڵاتی پەهلەوی (١٩٧٩-١٩٢٥) و دامەزرانی کۆماری ئیسلامیدا دەڕۆیشتە ئاستێکی ترەوە. داخوازیی خودموختاری، مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، لە چوارچێوەی حقووقی  سیاسیی ئێرانێکی دێموکراتیکدا، بابەتی سەرەکیی ناکۆکیی کورد لە ساڵی ١٩٧٩وەیە. ئەمە بەتەواوەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕەتکراوەتەوە و چونکە هەموو جۆرە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆسەر تەناهیی نەتەوەییی ئێران چاوی لێ کراوە، لە مامەڵە لەگەڵ بەناو “هەڕەشەی کورد” دا، ڕێوشوێنی توندوتیژ گیراوەتە بەر. خوێندنەوەی ئەم دوایییانەی کەمال سڵێمانی و ئەحمەدموحەممەدپوور بۆ بەتەناهیکردنی بەربڵاوی هەرێمە کوردییەکان بە ڕوانینی قووڵەوە پەژراوەتە سەر ئەم پرسە. سڵێمانی و ئەحمەدپوور، ڕێبازی تەواو تەناهییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵی کوردەوارییان وەک بەتەناهیکردنی گشتیی ژیانی کورد لە ڕۆژهەڵات پێناسە (contextualised) کردووە، کە سنووردار نییە بە یەک یان دوو بەشی کۆمەڵگای کورد یان چالاکیی سیاسییەوە، بەڵکوو سیاسەتێکی گشتگیرە کە، بۆ وێنە، پەروەردە و بەشە فەرهەنگییەکان، شوێنە گشتییەکان، چالاکیی ئابووری و شتی زۆرتر لەخۆ دەگرێت. بەتەناهیکردنی چالاکیی ژینگەییی کوردی دەبێت لە بەستێنی ئاڵۆزییە لەمێژینەکانی نێوان کورد و دەوڵەت لە ئێراندا چاوی لێ بکرێت. بژاردەکانی دەوڵەت، بەتێڕوانین لە چالاکیی ژینگەیی وەک “هەڕەشەیەک لەخوارەوە”، هەڵگەڕاونەتەوە بۆ ڕێوشوێنە نائاسایییەکان بۆ سنووردارکردنی چالاکیی تاقمە ژینگەیییەکان و وەک هەڕەشەیەکی دەرنەکەوتوو(potential) مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە.

قەوارەی بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزیی کوردی مەترسیدارە. کوردستان وەک بەتەناهیکراوترین هەرێمی وڵات، ژمارەیەکی زۆری بەندکران و لەناوبردنی چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی هەیە. “هەوڵدان بە دژی ڕێژیم”، “نەیاربوون لەگەڵ خودا” و “ئەندامەتی لە حیزبە دژبەرە سیاسییەکاندا”، تاوانە باوەکانن کە ژینگەڤانە کوردەکان ڕەنگە بەرەوڕوویان ببنەوە. بەبێ گرینگیدان بەو بوارگەگەلەی دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕێوشوێنی بەتەناهیکردنی ئەوتۆ، ئەم بانگەشەگەلە پاساون بۆ داپڵۆسینی ژینگەپارێزە کوردەکان و تەنانەت بەتەناهیکردنی کوردستانیش. بەرپرسە ئێرانییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژینگەپارێزەکان، لەژێر ناوی پرۆژەگەلی زانستی و ژینگەییدا، زانیاریی هەستیار لەسەر هەرێمە ستراتێژیکەکانی وڵات کۆدەکەنەوە. بۆ وێنە، حسەین خۆشئێقباڵ، جێگری پارێزگاری پارێزگای کوردستان، وتوویەتی کە ئەوان[ژینگەپارێزەکان] ئەندامی تاقمە دژبەرەکانی حکوومەتن کە بە بیانووی ڕێکخراوی ژینگەیی بوون، چالاکیی خراپەکارانە دەکەن. ئاگری ئیسماعیلنژاد، ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکار، بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە هۆی ناوەرۆکی چالاکی و نرخێک کە ژینگەپارێزیی کوردی دەبێت لە ئێراندا بیدات، چالاکییەکانیان زۆرتر وەک “بەرخۆدانی مەدەنی بیچمی گرتووە، زیاتر لەوەی کردەوەیەکی کۆمەڵگای مەدەنی بێت، چونکە  کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکییە پێوەندیدارەکانی چەمکگەلێکی(concept) ڕۆژئاوایین، کە  لە لایەن دەوڵەتگەلی ئەم کۆمەڵگایانەوە بڕەویان پێ دەدرێت و دەپارێزرێن. بۆ وێنە، ئەگەر کەس و تاقمەکان کە بیچم بە بەشێک لە کۆمەڵگای مەدەنی دەدەن، لە هەر قانوونێک لابدەن، کردەوەکانیان دەکرێت لە دادگایەکی مەدەنیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لەجیاتی ئەوەی وەک بابەتێکی تەناهی ببیندرێت کە پێویستیی بە ڕێوشوێنی نائاسایی هەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجێک کە ژینگەپارێزە کوردەکان تێیدا هەڵدەسووڕێن و ژمارەی زۆری بەندکراوان و مردنی چالاکان، دەردەکەوێت کە ئەوان نەتەنیا لە لایەن حکوومەتەوە ناپارێزرێن، بەڵکوو چالاکییەکانیشیان بەتەناهی کراوە و وەک بابەتی هەڕەشە لەسەر بوونی ڕێژیم و یەکپارچەییی عەردی دەوڵەت، چاوی لێ کراوە. بەم هۆیەوە من ئەم چالاکیگەلە بە بەرخۆدانی مەدەنی ناودێر دەکەم زیاتر لەوەی چالاکیی کۆمەڵگای مەدەنی بێت.

لە وڵامی تاوانبارکردنەکانی دەوڵەتدا کە ژینگەپارێزیی کوردی بە هاوتای دژایەتی لەگەڵ خودا دەزانرێت، ئیسماعیلنژاد باس لەوە دەکات کە، “حکوومەتی ئێران هەموو چالاکییەکانی بەدەر لە جیهانبینییەکەی خۆی، بە چاویلکەی تەناهییەوە دەبینێت. چونکە ئامانجی ژینگەپارێزی لە کوردستان، پاراستنی سروشتی کوردستانە لە کاولکاری، ئەو ڕێگایەی ژینگەپارێزە کوردەکان گرتوویانەتە بەر، بووە بە ئاریشەیەک بۆ ڕێبازی خوداناسانەی(theological) ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژینگەدا. ئیسماعیلنژاد باس لەوە دەکات کە لە ڕاڤەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئیسلامدا، بوونەوەرە مرۆیییەکان سەرووتر لە بوونەوەرەکانی تر دەبیندرێن و بۆیە ڕێگای پێدراوە هەموو شتێک بەقازانجی خۆیان بەکار بهێنن. بەهەرجۆرێک بێت، ژینگەپارێزە کوردەکان بڕەو بە ڕێبازێکی سێکۆلار و پێویستیی پێکەوەژیانی مرۆڤ و سروشت دەدەن. هەرەوەزەکان کە هانی ڕاوچییان دەدەن بۆئەوەی دەست ڕاگرن لە کوشتنی ئاژەڵە وەحشییەکان، جێگای سەرنجی سەرەکیی ژینگەپارێزە کوردەکان بووە. وێنەیەکی جێگای سەرنج لەم پێوەندییەدا کردەوەی هێمایینی ئەحمەدعەزیزی، ڕاوچییەکی نیشتەجێی دەرەکێیە، کە گوندێکە لە شاری مەریوان. عەزیزی دوای چەندین دەیە ڕاوکردن، لەبەرچاوی خەڵک تفەنگ و قەفەسەکانی شکاند و کەوەکانی بەرەڵا کرد. وێنەکانی کارەکەی عەزیزی لە ڕاگەیاندنە کوردی و ناکوردییە جیاجیاکاندا بڵاو بووەوە. ئەو لە لایەن ئەنجومەنە ژینگەیییە جیاکانەوە، (لەناویاندا ئەنجومەنی چیا) بە هۆی بڕیارە بوێرانەکەی و هاندانی ڕاوچییەکانی تر بۆ وەستاندنی کاولکاری لە ژینگەی گیانلەبەرە وەحشییەکانی کوردستاندا، ڕێزی لێ گیراوە.

   ڕێژیمی ئیسلامی بەتەناهیکردنی هەموو لایەنێکی ژیان و کۆمەڵگای لە کوردستاندا برەوپێداوە و بەدامەزراوەی کردووە. ئەم ڕەوتە سنووردار نییە بە دامەزراوە دادوەرییەکان و هێزە تەناهییەکانەوە، بەڵکوو ڕیشەی قووڵی هەیە. بۆ وێنە، کەسانی وەک سادق زیباکەلام، وانەبێژێکی زانستگای تاران و جەلال جەلالیزادە، ئەندام پارلەمانێکی کوردی توندئاژۆی لایەنگری ڕێژیم، باسیان لە ڕێگایەک کردووە کە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردی، لەناویاندا ژینگەپارێزەکان، یارمەتییان بۆ خەڵکی سەرپێڵ زەهاو و سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشانی کوردستاندا کۆکردووەتەوە، کە عەردهەژێنێک لە دێسامبری ٢٠١٧ دا تێیدا ڕووی دابوو. ئەوان ئاگادارییان دابوو بە حکوومەت کە ئەم ” کردەوەیە” هەڕەشەیەکی بەرەوڕووی دەوڵەت کردووەتەوە. بە ڕای ئەم کەسانە، کردەوەی هاوشێوەی ئەمە دەبێت بە هۆی بەهێزکردنی هەستی نەتەوەییی کوردی. هەستیاریی بژاردەکانی ڕێژیم ئەو کاتە ڕوون بووەوە کە پارێزگارەکانی کرماشان و کوردستان، ژینگەپارێزەکانیان ئاگادار کردەوە کە بەشداریی کۆکردنەوەی یارمەتی نەکەن، چونکە بواری ئەوان نییە. بە ڕوونی، خەڵکی بوونی ژینگەپارێزەکان و توانایان لە هاندانی کۆمەڵگای کوردیدا لە ڕووداوە جۆراوجۆرەکاندا، بووە بە بابەتی گرینگیدان بۆ هێزە تەناهییەکانی ڕێژیم و بابەتێک کە یارمەتی دەدات بە بەتەناهیکردنی ئەم بوارگەیە.

   لەماوەی ساڵەکانی ٢٠١٩-٢٠١٧ دا، سەدان کەس لە ژینگەپارێزە کوردەکان لە لایەن ئیتلاعات، دەزگای هەواڵگریی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. سەرەڕای ئەو راستییەی کە هەرێمەکانی تریش لە ئێران دەستبەسەرکرانی ژینگەپارێزەکانیان ئەزموون کردووە، قەوارەی بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە کوردستان جێگای دڵگرانییە. عەمارگوڵی، ڕۆژنامەڤان، بەتەناهیکردنی بەربڵاوی ژینگەپارێزی لە کوردستان گرێدەداتەوە بە ئەو مەحکوومکردنە گشتییانە کە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا (وەک بانە و مەریوان ) لەساڵی ٢٠١٨ دا ڕوویان داوە. بەگوێرەی [وتەکانی] گوڵی، هەرێمی کوردستان، بە هۆکارگەلی وەک ونهێزی زۆر بۆ هاندان بۆ مەحکوومکردنی بەکۆمەڵ و بوونی ‌هێزە نیزامییە بەرهەڵستکارەکانی وەک هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبە دژبەرەکان (وەک کۆمەڵە و حدکا و پژاک)، ئاستی ئاگاداریی لەنێوان بەرپرسانی ئێرانیدا بردووەتە سەر. ئاڵوگۆڕی ونهێزێکی ئەوتۆ لەنێوان کوردەکاندا، سەرەڕای بەنیزامیکردنی توندی کوردستان، بەرهەمی کۆمەڵێک هۆکارە. بە ڕای ئیسماعیلنژاد، یەکەم، ئەم ڕەوتە بەرهەمی ئاڵوگۆڕی ناسیۆنالیزمی کوردی و بزووتنەوەی نەتەوەیی بەڕێگایەکی بەقووڵی بەسیاسیبوودایە، کە حەوت دەیە پێش دەستی پێ کرد. دووهەم، ئەم پەرەسەندنە قەرزداری تەشەنەی بەردەوامی پەروەردە لەنێوان کوردەکاندایە، پێڤاژۆیەک، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ١٩٨٠کانەوە دەستی پێ کرد. سێهەم، دەستڕاگەیشتنی کوردەکان بە ئینتەرنێت (وەک نەتەوەیەکی پەراوێزخراو (marginalised) و تەریککەوتوو (isolated) لە ئێراندا) بووە بە ئامرازێکی بنەمایی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بە نرخێکی کەم و خێرایییەکی زۆر.


* نشینگەی سروشتیی لەمەترسیکەوتووی کوردستان

تێکەڵەیەک لە بابەتە سروشتی و دەستکردەکانی مرۆڤ بووە بە هۆی تێکدانی نشینگەی سروشتیی کوردستان. بابەتگەل و چالاکیگەلی وەک سڕینەوەی دارستان بە هۆی ئاگرکەوتنەوە و بڕینەوەی ڕاگیرنەکراوی دار، دروستکردنی بەبێ ڕێوشوێنی بەنداو، گواستنەوەی ناڕێژەییی(disproportionate) سەرتاسەریی ئاو لە ئێران، وێنەی ئەو چالاکییە مرۆڤییانەن کە ژینگەی سروشتیی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، ئەمە لەسەردەمێکدایە کە تێیدا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وەک پرسێکی جددی دەستنیشان کراوە کە بۆ تەناهیی کۆمەڵگای جیهانی و کۆژینگەکەی ئاریشەیە. بۆ وێنە، لەدەیەکانی دواییدا، بڕینەوەی بەتەواوەتیی و کشتوکاڵی بێ ڕێوشوێن، چەندی و چۆنیی دارستانەکانی زاگرۆسی داشکاندووە و لە ماوەیەکی نزیک بە سێ دەیەدا (٢٠١٥-١٩٨٧)ڕێژەیەکی زۆر لە دارستانە سروشتی و چڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی تێکدانی لەڕادەبەدەر بووەتەوە.

   بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە کوردستان بەشێکی دەبەسترێتەوە بە باسکردنی پرسە ژینگەیییەکانەوە. وەک ئەوەی پاشتریش ئاماژەی پێ دەکرێت، ژینگەپارێزی بریتی بووە لە ڕادەیەکی زۆری چالاکی و هەرەوەز، کە بۆ وێنە بووە بە هۆی ڕەخنەگرتن لە بەڕێوەبەریی لاوازی دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە قەیرانە ژینگەیییەکاندا و سیاسەتە تێپەڕەکانی حکوومەت لەم بوارگەیەدا. هەروەها، بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە کوردستاندا ڕیشەی لە تێگەیشتنی دەوڵەت لە “تەناهی و هەڕەشە “دا هەیە و سنووردار نییە بە چالاکیی تاقمە ژینگەیییەکانەوە، بەڵکوو بابەتێکی ئاڵۆزترە کە ڕیشەی لە بزووتنەوەی پێشڤەڕۆی نەتەوەییی کورددا هەیە.

  ئەم شرۆڤەیە ڕوونی دەکاتەوە کە چەمکی “تەناهی”، تێگەیشتنێکی فرەبەڵگەیە، کە دەتوانێت پێوەندیی ناکۆکی نێوان حکوومەت و ژینگەپارێزە کوردەکان ڕوون بکاتەوە. دەکرێت هێندێک لایەنی تەناهی بە بەربڵاوکردنی چەمکگەلی وەک “هەڕەشە و خەسارهەڵگری (vulnerability)” باسیان لێ بکرێت، کە لە خوێندنەوەکانی تەناهیی ژینگەیی و ئەو ئاریشەگەلەدا کە دەوڵەت –نەتەوەکان و ژینگەپارێزەکان لە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکان لەم بوارەدا بەرەوڕووی دەبنەوە بەربڵاو دەبێتەوە. لەگەڵ ئەمەدا، چونکە حکوومەتی ئێران بە بیانووی هەڕەشە لەسەر تەناهیی دەوڵەت و یەکپارچەیی، پاساو بۆ ئازاردانی ژینگەپارێزەکان دەهێنێتەوە، ژینگەپارێزە کوردەکان کاولکارییە بەردەوامەکانی ژینگەی کوردستان وەک بابەتێک دەستنیشان دەکەن کە داهاتووی ژیان لە ئەم هەرێمەدا دەخاتە مەترسییەوە. گرێدراوی ئەم پرسە، ژینگەپارێزەکان هەڵدەگەڕێنەوە بۆ چەمکگەلی وەک “تەناهیی کۆمەڵایەتی ” و ” یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری”.

   وێژمانی ژینگەپارێزە کوردەکان، کە دژ بە وێژمانی دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ بەردەوام بوون و گەشەسەندندایە و جۆراوجۆریی چالاکییەکانیان، لەو بابەتگەلەن کە هەستی نەبوونی تەناهی لەلای حکوومەتی ئێران هەڵدەخڕێنن (provoke). بەهەرجۆرێک بێت، وەک ئاماژەی پێ کرا، ئەم بەتەناهیکردنە ڕەنگە ڕیشەی لە پێوەندییە ناکۆکەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوە و کۆمەڵگای کوردیدا ببێت. ڕێژیمی ئیسلامی لە سەرەتای دامەرانیەوە بە بەردەوامی ڕێبازێکی تەناهییانەی بەرەوکۆمەڵگای کوردستان برەوپێداوە. بەڕایعەباس وەلی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناوچەیەکی تەناهی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەمە بەزۆری لە کاتی شەڕی نێوان ئێران وعێراقدا ڕوون بوو، کاتێک کە کوردەکان لە نێوان هێرشەکانی چەکی کیمیاییی سەدام و دژەهێرشەکانی ئێراندا لە ژێر گوشاردا بوون. مەنتقی قانوونی نیزامی هیچکات ون نەبووە. ئەوە شتێکی چەسپاوە لە بیری بەرپرسەکانی حکوومەتدا: کاتێک بۆنی کێشە و گرفت دەکەن، لەسەرەتادا ڕوو دەکەنە کورد. ئەمە بە تەواوەتی لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ٢٠٠٩دا دەرکەوت. ئەگەرچی کوردستان لە هیچ شوێنێکدا وەک هەرێمەکانی تر بەشداریی خۆپیشاندانەکانی نەکرد، بەڵام زۆرترین ژمارەی کوشتنی بەخۆیەوە دیت.

ئەگەرچی مەرج نییە ژینگەپارێزی لە کوردستان هەڕەشە بێت لەسەر تەناهیی نەتەوەییی ئێران، [بەلام] بژاردەکانی ڕێژیم لە کاردانەوە بەرانبەر بە دەنگە ڕەخنەگرەکان، بە بەردەوامی بەرژەوەندییەکانیان لە بەرگی تەناهیی نەتەوەییدا دەناسێنن. بەڕای وایڤەر، بەکارهێنانی لکێنەی تەناهی بە ئاسانی دەری ناخات کە پرسێک تەناهییە یان نە. بە هەرجۆرێک بێت، ئەوە هەروەها هەڵبژاردنێکی سیاسییە، کە بڕیارێکە بۆ تێگەیاندن (بەچەمککردن) لە ڕێگایەکی تایبەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە بەواتای ئەوەیە کە، کاتێک کە پرسێک بەتەناهی دەکرێت، کردەوەی بەرەولای ئەوە دەڕوات کە بە ڕێگاگەلی تایبەت ئەو پرسە بناسرێت، بۆ وێنە، وەک “هەڕەشە، بەرگریکردن و بەزۆری چارەسەرە دەوڵەتییەکانی”. لە بابەتی بەتەناهیکردن لە ناو چوارچێوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، بابەتە سەرچاوەکان بریتین لە مانەوەی ڕێژیم، حاکمییەتی دەوڵەت و یەکپارچەییی عەردی ئێران. لەسەر بنەمای ئەم باسگەلە، بکەرەکانی بەتەناهیکردنی ڕێژیم، (وەک سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دامەزراوە دادوەرییەکان) کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توندوتیژ دەگرنەبەر بۆ ئەوەی دەنگ و چالاکییە ڕەخنەگرانەکان داپڵۆسێنن. لەم دواییانەدا، حکوومەت خەریکە بەرەوڕووی زۆرێک ئاریشەی نێونەتەوەیی، هەرێمی و ناوخۆیی دەبێتەوە؛ بەم هۆیەوە، بژاردەکانی ڕێژیم هەموو کردەوەیەکی کۆمەڵگای مەدەنی وەک ئاریشەیەک بۆ بوونی ڕێژیم دەبینن. ڕێژیمی ئیسلامی وەها دەنوێنێت کە چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، بەتایبەتی لە هەرێمە تەناهییەکاندا، هەڕەشەی جددین لەسەر مانەوەی ئەو و پێویستە بە دژەڕێوشوێنی نائاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. کەوابوو دەکرێت خوێندنەوەی ژینگەپارێزیی کورد و هۆکارەکانی بەتەناهیکردنەکەی، لەناو ئەم بەستێنەدا لێی بڕوانرێت.


* سێ بوارگەی جێگای مشتومڕ

سڕینەوەی دارستان

سڕینەوەی دارستان بە هۆی ئاگرکەوتنەوەوە، بابەتێکی گرینگی ژینگەیییە لە کوردستاندا. لە بەشی مەریوانی دارستانی زاگرۆسدا، لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥، چیا زۆرتر لە ٢١٠٠ ئاگرکەوتنەوەی تۆمار کردووە. وێنەیەکی ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان ” هاوینی ڕەشی ٢٠١٠” واتا کاتێک بوو کە زیاتر لە ٩٠٠ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوادا تۆمار کران. دیاریکردنی هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوانە و هەوڵدان بۆ پاراستنی دارستانەکان لە ئەوان، جێگای سەرنجی سەرەکیی ژینگەپارێزە کوردەکان بووە. بەو هۆیەوە کە پلەی زۆری گەرما تەنیا هۆکاری بەشێکی بچووکی کەوتنەوەی ئاگرەکانە، ئاگرخستنەوە دەستکرد و بەئەنقەستەکان هۆکاری سەرەکیی سڕینەوەی دارستان لە کوردستاندان. ئومێد ڕەشیدی ژینگەپارێزی کورد، لە وتارێکدا بەناوی “زاگرۆس لە جەهەنەمدا” ئاگاداری دەدات کە ئاگرکەوتنەوەکانی زاگرۆس بە هۆی چالاکیی مرۆڤییەوە ڕوو دەدەن و زۆرێک لەوانە بەئەنقەست دروست دەکرین، بۆیە ئاگرتێبەردان وشەیەکی باشترە بۆ ناودێرکردنی ئەم دیاردەیە. چالاکییە مرۆڤییەکان وەک چالاکییە نیزامییەکان، وەک ڕاهێنانە نیزامییەکان و تۆپبارانی دارستانەکان، هۆکارە ڕیشەیییەکانی تری ئاگرکەوتنەوە گەورەکانن، کە دارستانەکانی زاگرۆس کاول دەکەن.

   چۆنیەتیی ڕاگەیاندنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان بۆ خەڵک بابەتێکی جێی مشتومڕە لە پێوەندیی نێوان ژینگەپارێزان و بەرپرسانی دەوڵەتدا. بۆ وێنە، لە کاتێکدا کە بەرپرسەکان ئەم ئاگرکەوتنەوەگەلە بەئاکامی گەرمای هاوین و پلەی زۆری گەرمی، وشکەساڵی و نەبوونی ئاگاییی گشتی دەزانن، تاقمە ژینگەیییەکان تاوانبار دەکەن کە ژمارە، ڕادە و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان زۆر گەورە دەکەنەوە؛ لە لایەکی ترەوە، تاقمە ژینگەیییەکان بەرپرسەکانی دەوڵەت سەرکۆنە دەکەن بۆئەوەی کە کاولکاریی مەترسیداری دارستانەکانی کوردستان لەبەرچاو ناگرن. لە وتارگەلی لەژێر سەردێڕی وەک “ئاگرە گوماناوییەکانی دارستانەکانی زاگرۆس” دا چالاکان ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە “ناسروشتی، دەستکردی مرۆڤ و بەئەنقەست “دەزانن. بەجۆرێک کە عیرفان حسەینی پێی وایە “وادیارە نامەردەکان و کاولکارەکانی ئەم خاکە [کوردستان] زۆر سوورن لەسەر کاولکردنی”.

   هەروەها، ژینگەپارێزەکان بەرپرسەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکان تاوانبار دەکەن کە لە پشتی سڕینەوەی بەلێشاوی دارستانەکانی زاگرۆسەوەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن، لە کاتێکدا دارستانەکان سووتێندراون و گۆڕدراون بۆ زەویی کشتوکاڵی، کە دامەزراوە دەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بە ئەم بوارگەیە، ئەم پرسەیان پشتگوێ خستووە. چیا توانیویەتی هێندێک بەشی کۆمەڵگای خۆجێیی هان بدات بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە بەربڵاوەکان. بەجۆرێک کە لە ٢٠١٦ دا ڕاپۆرت کراوە، لە بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکاندا، ژینگەپارێز و خۆبەخشەکان دوای ٣٥ کاتژمێر شەڕکردن لەگەڵ ئاگردا لە کۆساڵان (هەرێمێکی کوێستانیی ئاستەم لەنێوان سنە و مەریواندا) توانییان بوارگەیەکی ٠٠٠/٣٥ هێکتاری لە بەتەواوی کاولبوون ڕزگار بکەن.

   ئاگرکەوتنەوەکان و سڕینەوەی دارستان، جیا لە داشکاندنی چەندیی دارستانەکانی زاگرۆس، کاریگەرییەکی نەرێنیشیان لەسەر فرەژینی (biodiversity) لە ژینگەی کوردستاندا هەیە، هەروەها بووە بە هۆی خێرابوون و لەناکاوبوونی خەسارە ژینگەیییەکان وەک خۆڵپرتووکان (erosion)، لافاو، وشکەساڵی و هەڵستانی تەپوتۆز. بڕینەوەی پێشەسازییانە و ڕانەگیراوی دار و ڕاهێنانە نیزامییە جۆراوجۆرەکان، لەو هۆکارگەلەن کە دەبن بە هۆی ئاگرکەوتنەوە، سڕینەوەی دارستان و تێکدانی ژینگە لە کوردستان. ئەمە بووە بە هۆی ئەوە کە ژینگەپارێزەکان پرسیار بکەن کە ” دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە کوێن لە کاتێکدا کە ئاگرکەوتنەوەکان دارستانەکانی زاگرۆس کاول دەکەن”. زۆرینەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ماوەیەکدا ڕوویان داوە کە پلەی گەرما لە ژێرەوەی سەهۆڵبەندانەوە بووە. لە وتارێکدا لەژێر ناوی “ئاگر لە سەرماوەزدا” (‌آذر در آذر)، چیا بەهەڵگەڕانەوە بۆ وێنە جیاوازەکانی ئاگرکەوتنەوە، باس لە دەستکردبوونی ئەم ئاگرکەوتنەوەگەلە دەکات. دوایین ئاگرکەوتنەوەکان لە قەراخی گوندی پێلە و سەڵەسی لە نزیک مەریواندا، لەکۆتاییی خەرمانانی ٢٠١٨ دا، جیا لەوەی بوو بە هۆکاری کاولکاریی بەربڵاوی ژینگەیی، گیانی چوار کەسیشی گرت، دوو ژینگەپارێزی بەناوبانگی ئەندامی چیا، شەریف باجوەر و ئومێد حەسەنزادە (کۆنەپۆشی) و دوو دارستانەوان ڕەحمەت حەکیمی نیا و موحەممەد پەژووهی، کە لەکاتێکدا مردن کە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دەدا. ئەم ژینگەپارێز و دارستانەوانانە، بە گوێرەی وتەی بەرپرسێکی ژینگەیی، بە هۆی سووتان بە ئاگرەوە مردن؛ ئەگەرچی کەسە خۆجێییەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاویشتنی گوللـەتۆپ لە لایەن هێزە تەناهییەکانەوە بوو بە هۆی مردنیان. سەرچاوە نەناسراوەکان ئاماژە بە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەکەن وەک تاوانباری سووتاندنی دارستانەکان و تیرۆری ژینگەپارێزەکان لە مەریوان. بۆ وێنە، ئەوانەی ڕووداوەکەیان دیوە ڕوونی دەکەنەوە کە باجوەر بە هۆی تەقەکردنەوە کوژرا نەک سووتان لە ئاگردا. مردنی باجوەر و هاوکارەکانی، بوو بە هۆی مەحکوومکردنی گەورە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنە جەماوەرییەکەیدا لە مەریوان.

کەسێکی ئاگادار ئاماژە بەوە دەکات کە سپای پاسداران پشکێکی زۆری هەیە لە تێکدانی ژینگەدا. ڕاهێنانە نیزامییەکان، تۆپبارانی ملهوڕانەی دارستانەکان و دروستکردنی پێگە نیزامییەکان لە شوێنە پارێزراوە سروشتییەکاندا، وێنەی ئەو چالاکییە نیزامییانەن کە دەبن بە هۆی تێکدانی ژینگە. کۆژینگەی کوڵەژان، بوارگەیەکی گوندی لە قەراخ دەریاچەی زرێبار، کە بووە بە مەنزڵگەی جۆرەکانی ئاژەڵە وەحشییەکان، لە ئاگرکەوتنەوەکانی ڕاهێنانە نیزامییەکاندا بەزۆری خەساری بەرکەوتووە؛ دارستانەکانی ئەم هەرێمە بۆ چەند حەوتوو سووتان بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ هەوڵێک بدات بۆ ڕاگرتنی. داگیرکردنی زەویی قەراخی زرێبار لە لایەن سپای پاسدارانەوە و دروستکردنی باڵەخانە نیزامییەکان، بووە بە بابەتی گلەیی و مەحکوومکردنی ژینگەپارێزەکان و لە زۆرێک لە ژمارەکانی چیادا ڕەنگی داوەتەوە. فەرزاد فیرووزی مەندۆمی، لێکۆڵەری مافی مرۆڤ لەگەڵ زانستگای هامبوورگ، ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سپای پاسداران و دامەزراوەگەلی تری دەوڵەتی لە کاولکردنی ژینگەی کوردستان وەک تێرۆریزمی ژینگەیی(ecoterrorism)باس دەکات. وەک مەحکوومکردنی بەنیزامیکردنی زرێبار، ڕێکخراوێکی ناحکوومیی مەریوان لە نامەیەکدا بۆ سەرترین بەرپرسی دەوڵەت لە شارەکەدا دەستنیشانی دەکات کە زرێبار گەوهەری بەشی ڕۆژئاوای وڵات و سەرچاوەیەکی بەنرخی سروشتی کوردستان کە لە ١٩٩٩ وە، وەک ماڵی ئاژەڵە وەحشییەکان ناسراوە و لە لایەن قانوونە ژینگەیییەکانەوە پارێزراوە، گۆڕدراوە بۆ پێگەیەکی نیزامی. سەرەڕای دیاریکردنی زرێبار وەک شوێنێکی پارێزراوی سروشتی، هێزەکانی سنوور لە مەریوان، بە دروستکردنی پێگەکان لە ئەم بوارگەیەدا، ئەم قانوونگەلی پاراستنەیان پشتگوێ خستووە.

جیا لە لادانی ڕوونی دامەزراوە نیزامییەکان لە قانوونەکانی پاراستنی سروشت، بەڵگە لەبەردەستدا هەیە کە پیشان دەدات کە، بەرپرسە دەوڵەتییەکان، لە چالاکییە ئابوورییە ناقانوونییەکاندا تێکەڵ بوون، کە بەهرامی بە ئێکۆمافیای بژاردەکان (the elites ecomafia) ناودێری دەکات. گرێدراو بە گەندەڵیی بەربڵاو وەک لایەنێکی تەواوی پرۆژەگەلی پەرەسەندن لە ئێراندا، وەلی داداشی سیاسەتڤانی دیار، دان بەوەدا دەنێت کە لە هێندێک لە بابەتەکاندا بەڵێندەرەکان، بە مەبەستی کپکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان، بەرتیل دەدەن بە ئەندامانی پارلەمان لە ئەم بوارگەگەلەدا. لە هەرەوەزە ژینگەیییە گەورەکانی وەک “زاگرۆسی دلۆڤان“، “دەنگی پێی ئاو” و “هاواری کاروون”دا، بەڕێوەبەریی خراپ و پرۆژەگەلی پەرەسەندنی تێپەڕ وەک هۆکاری سەرەکی بۆ تێکدانی ژینگە لە کوردستان و خووزستاندا دەستنیشان دەکرێن. بۆ وێنە، پارێزگای کوردستان و تیمە ژینگەیییەکەی، بە هۆی پشتگوێ خستنی ژینگەوە، بە “کۆمیتەی ناشتنی زرێبار” ناسراون. بە گوێرەی (وتەی) ژینگەپارێزەکان، ئاجێندای پەرەسەندنی بەرپرسەکانی دەوڵەت دەبێت بە هۆی کاولکاریی بەتەواوەتیی دەریاچەی زرێبار و  ژیانی ئاژەڵانی قەراخەکەی. هەروەها، نوێنەرانی کوردی پارلەمان ڕەخنەیان لێ دەگیردرێت کە تێهەڵناچن و بوێریی ئەوەیان نییە کە بابەتە ئابووری و ژینگەیییەکانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە ئێرانییەکاندا باس بکەن.


* گواستنەوەی نەوت و پاڵاوگە

ڕەخنەگرتن لە چالاکییە نەوتییەکانی دەوڵەت لە کوردستاندا بیچمێکی تری ژینگەپارێزییە لە کوردستاندا. گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی باشووری کوردستان بۆ پاڵاوگەکان لە باشووری ئێران و دروستکردنی پاڵاوگە لە نزیک شوێنە پارێزراوە سروشتییەکاندا، لەو بابەتگەلەن کە دەبن بە هۆکاری مەحکوومکردنە ژینگەیییەکان. دارا قەسیمی، لە وتارێکدا لەژێر ناوی “دروستکردنی پاڵاوگە لە نزیک زرێباردا؟ کارەساتێکی گەورە بەڕێوەیە!”، بابەتی ژینگەپارێزەکان لە پێوەندی لەگەڵ پاڵاوگە لە مەریواندا دەخاتە بەرباس و ئەوە وەک خەساردان لە زرێبار و کۆژینگەی بوارگەی دەوروبەری دەبینێت. قەسیمی، بیری بەرپرسەکان دەخاتەوە کە بەپێی قانوونی بنگەهیی ئێران بڕگەی ٥٠، هەرجۆرە چالاکییەک کە ژینگە بخاتە مەترسییەوە ناقانوونییە. ژینگەپارێزەکان باس لەوە دەکەن کە دروستکردنی پاڵاوگەیەک لە نزیک زرێبار، دەتوانێت چەندین ئاسەواری ژینگەییی ببێت، وەک کاولکردنی کۆژینگە، بەرهەمهێنانی پیسیی زۆری ئاو و هەوا و خەساردان لە بەپیتترین زەوییەکانی ئەم هەرێمە، هەروەها کاولکردنی پیشەسازیی بچووک بەڵام هێشتا گرینگی گەشتوگوزار (تووریزم) لەم هەرێمەدا. ڕێکخراوی چیا دژایەتیی خۆی لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگە لەنزیک زرێبار بەم جۆرە ڕاگەیاند: “ئێمە لە چیا ڕێگا نادەین ئەم پرۆژە کاولکارانەیە جێبەجێ بکرێت. ئێمە تماشا ناکەین تا زرێبار کاول ببێت.” وەک چۆن بەردەوام چیا وتوویەتی، “زرێبار هێڵی سوورە” و ژینگەپارێزەکان لەشەڕ لەپێناو هەرێمەکەدا ناکشێنەوە.

   گواستنەوەی نەوتی خاو، قیری تراو (liquid bitumen) لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و لەڕێگای تۆڕی گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوەند و باشووری ئێران، لەماوەی ساڵانی دواییدا، ئەگەرچی زۆر چڕ بووەتەوە، بەڵام بەبێ مشتومڕیش نەبووە. لەکاتێکدا گواستنەوەی نەوتی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ ئێران بازرگانییەکی پڕخێر بووە بۆ بژاردەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و سپای پاسدارانی ئیسلامی، ئەم پیشەیە بووە بە هۆی ڕادەیەکی زۆر لە کارەساتی ژینگەیی و ڕووداوی هاتوچۆ، پیسکردنی هەرێمی کوردستان [لە ئێران] و سەندنی گیانی زۆرێک لە کورد. بە هۆی ژمارەی زۆری کوژران و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە گواستنەوەی نەوتەوە، ژینگەپارێزەکان ناوی “بارهەڵگرەکانی مەرگ”یان لەسەر ئەو تانکێرگەلە داناوە کە ئەم نەوتە هەڵدەگرن. چالاکان لە ڕاگەیێندراوێکدا کە وترابوو ڕێگاوبانە کوێستانی و ئاستەمەکانی کوردستان، کە تەنانەت بۆ هاتوچۆی ئاساییش بەکەڵک نایەن، بوون بە ڕێگای ترانزیتی تانکێرەکان، داوایان لە بەرپرسەکان کرد کە بەر بە بارهەڵگرەکانی مەرگ کە ئاماژەیان پێ کرابوو، بگرن. ئەمە هیچ شتێکی بۆ خەڵک تێدا نییە جیا لە کاولکاری، مردن، خوێن و پیسبوون. دیمەنی جوانی کوردستان، بە هۆی ئەم بارهەڵگرانەی مەرگەوە، بۆنی خوێن دەدەن و هەر ساتێک ترسی ئەوە هەیە کە ئەم ڕێگاوبانانە گیانی شارۆمەندێک بگرن.

ژمارەی زۆری تانکێرە هەڵگەڕاوەکان و بەرکەوتنیان لەگەڵ ماشێن و ئوتووبووسەکانی تر، گیانی کەسانی زۆری لە بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا گرتووە. لەناو وێنە زۆرەکاندا، یەکێکیان بەرکەوتنی تانکێرێک بوو لەگەڵ ئوتووبووسێک لە شاری سنە لە پووشپەڕی ٢٠١٨ دا، کە بوو بە هۆی برینداربوونی زۆر کەس و کوژرانی ١٣ کەسی مەدەنی. ڕزگار بەهاری، ڕۆژنامەڤانی کورد ئەم ڕووداوەی وەک “سووتانی کورد لەناو گڕدا” باس کرد و ئەم تانکێری نەوتانە بە “بۆمبی گەڕۆک لەسەر ڕێگاوبانەکانی کوردستان” ناودێر دەکرێن. هەر لەم پێوەندییەدا، لە ژانڤییەی ٢٠١٦ دا نەوتی دوو تانکێری هەڵگەڕاوە ڕژایە ناو ڕووبار و سەرچاوە ئاوییە نزیکەکان و پیسی کردن. وەک ئەوەی چیا دەستنیشانی کرد، بە تەواوەتی دیار نییە کێ بەرپرسی ئەم هەلومەرجە پڕئازارەیە. لە کاتێکدا کە ئەم تانکێرانە بە ملیارد تمەن [پووڵی ئێران] بۆ هێندێک دامەزراوە و کەسی چاوچنۆک کۆدەکەنەوە، خەڵکی ئەم هەرێمە تێچووی کاولکاری دەدەن. هەموو ڕۆژێک ٣٠٠-٢٠٠ تانکێر بەسەر ئەم ڕێگاوبانانەدا دەڕۆن و لەماوەی نیوەی یەکەمی ٢٠١٩ دا، لە لایەن بەرپرسانی هاتوچۆوە ١٩ بابەتی بەرکەوتنی تانکێر یان هەڵگەڕانەوەیان تۆمار کراوە. ڕەخنەیەکی تری ژینگەپارێزەکان لە بەرپرسان ئەوەیە کە ڕێگاوبانەکانی کوردستان جێگای ئەم ڕادەیە لە هاتوچۆ نییە؛ بەهەرجۆرێک بێت، ئاغایان (ئاماژە بە بژاردەکانی دەوڵەت) ئەم ڕاستییە بە جددی وەرناگرن. ژێرخانی پەرەنەسەندووی کوردستان و ژمارەی زۆری کوژراوەکان لەسەر ئەم ڕێگاوبانانەدا، وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگوێخستنی پەرەنەسەندوویی لە کوردستان لە لایەن حکوومەتەوە دەبیندرێت.

موزەفەر وەیسی، لە وتارێکدا لەژێر ناوی “بەرپرسی دەوڵەت لە کوردستان و پاڵاوگەی نەوت لە مەریوان”، باس لە دوو ڕێبازی جیاواز (کورد لەبەرانبەر دەوڵەتدا) لەپێوەندی لەگەڵ پاڵاوگەی نەوتدا، بە چاویلکەی پێوەندییەکانی ناوەند – پەراوێزەوە دەکات و درێژە دەدات کە: لەکاتێکدا ئەوانەی ناوەند لە خەمی ئەوەدان کە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ پاڵاوگەکان لە بەشەکانی تری ئێران تێچووی زۆرە، خەڵکی مەریوان خەمی ئەوەیان هەیە، کە بە هۆی تانکێرەکانی گواستنەوەی نەم نەوتەوە پیسی دروست بووە و تەناهیی هاتوچۆ نەماوە. حکوومەت مەحکوومکردنە خۆجێیییەکان بە دژی کاولکردنی زرێبار و کۆژینگەکەی بەتەناهی کردووە و پاساو بۆ دروستکردنی پاڵاوگەی بەرنامەبۆداڕێژراو لە نزیک زرێباردا دەهێنێتەو. ئەم دۆخە پیشان دەدات کە بۆ ئەوانەی لە ناوەندن، پرسە ژینگەیییەکان کە بەرەوڕووی زرێبار دەبنەوە، هێندەی زیاترکردنی خێری نەوتی هەرێمی باشووری کوردستان گرینگ نین. وەیسی باس لە ئەوە دەکات کە “لە ئێران، ڕوانینی ناوەند بۆ هەرێمە پەراوێزەکان نەک هەر ئاستەنگ بووە لەسەر ڕێگای بەشداریکردنی گشتی لە دروستکردنی بڕیار، بەڵکوو هەروەها ئاسەواری نەرێنیی لەسەر داهێنانی ستراتێژییە بەردەوامەکان بۆ پشتیوانی لەم کۆمەڵگاگەلە و کۆژینەکانیان بەجێ هێشتووە.


* گۆڕانی ڕێڕەوی ئاو و دروستکردنی بەنداو

ڕێبازی دژایەتیکارانە بۆ پرسی بەرژەوەندی و تەناهی کە لە پێوەندییەکانی ژینگەپارێزەکان و حکوومەتدا ڕەنگی داوەتەوە، لە بابەتی بەکاربردن و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. گواستنەوەی ئاو لە کوردستان و خووزستانەوە ستراتێژییەک بووە کە حکوومەت لە کەمبوونی ئاو و وشکەساڵییە زاڵبووەکان بەسەر هەرێمە ناوەندییەکانی ئێراندا، پەرەی پێ داوە. دروستکردنی بەنداو و توونێل، گۆڕینی ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو، ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەگەلە بوون. هێشتا ئەم ستراتێژییە جێگای مشتومڕە و بە هۆی پاشهاتە ژینگەیی و ئابوورییەکانیەوە بۆ هەرێمە دابینکەرەکان (سەرچاوەکان) ڕەخنەی لێ گیراوە. ژینگەپارێزە کوردەکان لەگەڵ ئەوەی ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دروستکردنی زۆری بەنداو لە کوردستاندا مەترسییەکی بەرچاو بۆ ئاکنجییان و ژینگەی ئەم هەرێمە دروست دەکات. ئاماژە دەکەن بە ژمارەی زۆری بەنداوەکان و دروستکردنیان لە شارستانێکی بچووکی وەک پیرانشار، لە سنووری باشووری کوردستاندا، کە پێشتر پێنج بەنداوی تێدا دروست کراوە و بەنداوێکی تریش خەریکە دروست دەکرێت. بەڕایحەمزە بۆرەکە، شارۆمەندێکی پیرانشار، خەڵک و ژینگەپارێزەکان دڵگرانی و ناڕازیبوونی خۆیان بەڕوونی بە سیاسەتڤانان گەیاندووە، بەڵام بەرپرسەکان گوێبیست نین.

   لەکاتێکدا گواستنەوەی ئاو لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر لە لایەن حکوومەتەوە وەک بابەتی پەرەسەندنی بەردەوام پاساو دراوەتەوە، لەڕوانگەی ژینگەپارێزە کوردەکانەوە، ئەم ستراتێژییە تێپەڕە و هەڕەشە لە تەناهیی کۆمەڵایەتی – ئابووریی کۆمەڵگای دابینکار (supplier) دەکات. بۆ وێنە، پرۆژەگەلی گواستنەوەی ئاو کە لەسەر سەرچاوە سەرەکییەکانی ڕووباری کاروون لەڕێگای توونێلی گوڵاب و هەرسێ کووهڕەنگی ١، ٢، ٣ وە دامەزراون، بوون بە هۆی وشکەساڵی و کاولکردنی زەوییە کشتوکاڵەکانی دەوروبەری ئەم ڕووبارە و جێگۆڕکێی بەربڵاوی خەڵکی هەرێمەکانی لوڕستان، بەختیاری و خووزستان. لە بابەتی کورددا، هەڵکەندنی توونێل، لێدانی ڕێڕەو(canal)  و دروستکردنی بەبێ ڕێوشوێنی بەنداو، وێنەی ئەو چالاکییانەی دروستکردنن کە بوون بە هۆی خەساری ژینگەیی و ئابووری لە ئەم هەرێمەدا. ژینگەپارێزە کوردەکان، وەک بەرهەڵستیکردنی ئەم چالاکیگەلە هەرەوەزی ئاگادارکردنەوە و مەحکوومکردنی وەک هەرەوەزی” ئاسەوارە کاولکارانەکانی پیشەسازیی بەنداو لەسەر سروشت”، یان “بەنداوەکان، خەساری ژینگەیی”یان ڕێکخستووە و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ دروستکردنی بەنداو لە کوردستانیان دەربڕیوە. ئەوان باس لەوە دەکەن کە ئەم بەنداوگەلە، سەرەڕای ئاسەوارە ژینگەیییەکان، دەبن بە هۆی کاولکردنی فەرهەنگی کەونار، کەسایەتی و شوناسی هەرێمی کوردستان [لە ئێران].

   لە پێشترەوە، ٥٤ بەنداو لە کوردستاندا هەیە، هێندێکیان بە تەواوەتی کار دەکەن و ئەوانی تر خەریکن دروست دەکرێن. هەر پرۆژەیەکی دروستکردنی بەنداو لەم دواییانەدا، وەک بەنداوەکانی کانی بڵ، گاڕان و داریان، بەرەوڕووی مەحکوومکردنی کۆمەڵگای کوردی و ژینگەپارێزە کوردەکان بووەتەوە و لە هەموو بابەتێکدا، بەرپرسان بە هۆی بەڕێوەبەریی خراپ و دەستتێوەردان لە شوێنە گشتییەکان سەرکۆنە کراون. بەتایبەتی بەنداوی داریان لەسەر ڕووباری سیروان لە کرماشاندا، بە هۆی گواستنەوەی زۆرەملێی خەڵکی خۆجێیی و ئەو ئاسەوارو کۆژینگەیی و فەرهەنگییانەی کە هەماراوەکەی (ڕاگرتنی ئاوەکەی) لەسەر بوارگەی دەوروبەر دەیبێت، یەکێک لە جێگای مشتومڕترین پڕۆژەکان بووە و بەرەوڕووی ناڕازیبوونی زۆر بووەتەوە. هەروەها دروستکردنی بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاسەوار لەسەر بەردەوامیی ژینگەیی و ئابووریی هەرێمی باشووری کوردستان جێدەهێڵێت. بۆ وێنە بوارگە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی باشووری کوردستان کاول دەکرێن و کەم بوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی، تەناهیی خواردن دەخاتە مەترسییەوە؛ هەروەها، دەبێت قەیرانی ئاو لەم بوارگەگەلەدا ڕووبدات، ئەوسا خەڵک ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ ئاوی ژێرعەرز، کە بۆ خواردنەوە بەکەڵک نایەت، ئەوەیش دەتوانێت ببێت بە هۆی گرفتی تەندروستی و زۆربوونی نەخۆشین. لایەنێکی تری بەرهەڵستکاریکردنی گواستنەوەی ئاو ئەوەیە کە ئەو ئاوەی کە گواستراوەتەوە زۆر زۆرتر لەو ڕادەیە بووە کە لەسەری ڕێککەوتن کراوە و تەنانەت ئەوەی مشتومڕی زۆرتر دروست دەکات، ئەوەیە کە بەڕێوەبەریی ئەم بەنداوگەلە لە بەرپرسەکانی پارێزگا کوردییەکان وەرگیردراوەتەوە و دراوە بە بەرپرسانی پارێزگا دراوسێکانیان.


* لەکۆتاییدا

چوارچێوەی شرۆڤەکارانەی قوتابخانەی کۆپنهاگن، بە هۆی ڕەخنەی قوتابخانەی کۆپنهاگن لە ڕێبازی نەریتیی دەوڵەت–تەوەر بۆ پرسی تەناهی، پێوەندیی هەیە بە بەتەناهیکردنی چالاکیی ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە لایەن دەوڵەتەوە. لەکاتێکدا ڕێبازی دەوڵەت تەوەر سەرنج دەخاتە سەر دەوڵەت وەک تاکە بکەری تەناهیی پێوەندیدار، تیۆریسییەنەکانی سەربە قوتابخانەی کۆپنهاگن، سەرنجیان پەرە پێ دەدەن بۆ ئەوەی بکەرە نادەوڵەتییەکان، ڕێکخراەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە ناو چوارچێوەی شرۆڤەی تەناهیدا لەخۆ بگرێت؛ ئەمە لە ڕۆڵی بەرەبەرە گرینگتربوو و بەخشراو بە ڕێکخراو و چالاکانی ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە بەستێنی ناکۆکییەکان لە هەرێمەکەدا، دەردەکەوێت. لەگەڵ تەناهیی ژینگەییدا کە وەک هۆکارێک لەناو چوارچێوەی قوتابخانەی کۆپنهاگندا ناسراوەتەوە، جیاکردنەوەی قوتابخانەی کۆپنهاگن بۆ بابەتە تەناهییە جیاوازەکانیش لە بواری تەناهیی دەوڵەتی و تەناهیی کۆمەڵایەتیدا، بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. هەروەها، تێڕوانینی تیۆریکی قوتابخانەی کۆپنهاگن ڕێگای بە ڕاڤەکردن و بەکاربردنی چەمکگەلی وەک “هەڕەشە” و “خەسارهەڵگری” لە ڕوانینی جیاوازەوە داوە. بە شێوەیەک کە ئەم تیۆریسییەنگەلە باس دەکەن، تەناهی چەمکێکی فرەبەڵگەیە، کە دیاردەگەلی وەک ناکۆکیی نێوان حکوومەتی ئێران و ژینگەپارێزە کوردەکان لەخۆدەگرێت.

   ژینگەپارێزی لە کوردستان فرەچەشنییەکی فرەبەڵگەیە لە چالاکی، کە ئامانج و چالاکییەکانی تەنیا سنووردار نییە بە شەڕ لەپێناو ژینگەدا. بە هەرجۆرێک بێت، ژینگەپارێزیی کوردی لە ژێر کاریگەریی ژینگەپارێزیی جیهانیدایە و خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ئەودا هەیە، کە تێیدا ئامانجی دیاریکردنی بابەتە ژینگەیییەکان و تێهەڵچوونە بۆ پاراستنی ژینگەی سروشتیی کوردستان وەک ئەرکی سەرەکی. ئەم خوێندنەوەیە، پیشانی داوە کە ژینگەپارێزیی کوردی لە هەرێمێکدا سەری هەڵداوە کە دەوڵەت ڕێبازێکی تەناهییانەی لەبەرانبەردیدا هەیە. ئەمە بەو مانایە بووە کە دامەزراوە تەناهی و دادوەرییەکانی ڕێژیم ڕادەیەکی زۆر لە لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە کوردستانیان بەتەناهی کردووە. بەم پێیە، دەبێت سەرەکیترین هۆکار بۆ بەتەناهیکردنی ژینگەپارێزی لە ڕێگای تێگەیشتن لە بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بیری لێ بکرێتەوە. خوێندنەوەی چالاکییەکان و بابەتە بڵاوکراوەکانی ژینگەپارێزە کوردەکان ئاشکرای دەکات کە ژینگەپارێزی، هاوکات لەگەڵ شەڕ بۆ ژینگەی کوردستان، مێکانیزمێکی بەرخۆدانیش بووە بەدژی سیاسەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ڕێژیم لە کوردستاندا. ژینگەپارێزی وەک بیروباوەڕێک بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بۆ نیشتمانی کورد، فەرهەنگ و شوناسەکەی، هاندانی چالاکییە کۆمەڵایەتی- فەرهەنگییە جیاجیاکان، بڕەودان بە چەشنێکی سێکۆلار لە ناسیۆنالیزمی کوردی و شوناسی کوردی، کاری کردووە. ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەیییەکان لە نەبوونی یەکیەتییە سەربەخۆکاندا، بەشێوەیەکی کاریگەر لە هاندانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و یەکخستنی دەنگە ڕەخنەگرە جیاوازەکاندا، جووڵاونەتەوە. هەروەها، ژینگەپارێزە کوردەکان بە ڕوونی وێژمانی تێگەیشتنی ڕێژیم بۆ پرسی”تەناهی” لە کوردستان دەخەنە ژێر پرسیار و هانی دەدەن کە پێیدا بچێتەوە.

   تەناهیی ژینگەیی و کۆژینگەیی لە کوردستان، کە بە کۆمەڵگەراییی ژینگەیی (environmental collectivism) ناسراوە، بووە بە ئامرازی هاندانی کۆمەڵگای کوردی و بابەتی پاراستنی شوناسی کوردی لەناو ڕێژیمێکی سیاسیدا کە تێیدا دامەزراندنی حیزبی سیاسی قەدەغەیە. لە کاتێکدا یەک دەیە پێش ئێستا، ڕێژیم بە هۆی هەلومەرجی بەنیزامیکراوی کوردستان، دەیتوانی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرهەڵستییەک/مەحکوومکردنێکی جددی و هاندراو بەکار بهێنێت، ئەمڕۆکە ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەیییەکان، پێوەندییەکانی ڕێژیم-کورد بە ڕێکخستنی هەرەوەز و نووسین لەسەر ژینگە، دەخەنە ژێر پرسیار. ئێستا بەڕوونی باس لە ئەوە دەکەن کە مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ کورد نایەکسان و پێوەندییەکی ناوەند– پەڕاوێزە، بۆیە خوازیاری گۆڕینین. بە لەبەرچاوگرتنی چالاکی، وتاردان و وێژمان، پلەی خەڵکیبوونیان لە کۆمەڵگای کوردیدا و توانایان بۆ هاندانی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، بەتەناهیکردنی چالاکیی ژینگەپارێزە کوردەکان وەک بەرهەمی تێگەیشتنی تەناهییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەم چالاکییانە وەک کاری هەڵخڕێنەرانە (provocative)دەردەکەوێت، کە ونهێزی ئەوەی هەیە کە بەرژەوەندیی ڕێژیم و ئۆتۆریتەی ئەو لە کوردستاندا تێک بڕووخێنێت. لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، ڕێژیم و دامەزراوە تەناهییەکانی ئەو، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تەناهییانەی جۆراوجۆر بەکار دەبەن بۆ مامەڵە لەگەڵ “هەڕەشە”یەک کە ژینگەپارێزەکان لە کوردستاندا دروستیان کردووە.

سەرچاوەکان

Afrasiabi, K. L. , 2003. ‘The Environmental Movement in Iran: Perspectives from below and Above’.

Middle East Journal 57(3), 432–448.

Alavi,S. ,2019. ‘Bazdasht-efaalan-emohitzistiy-eKordestan[ArrestofKurdistan’sEnvironmental Activists]’. Iran Wire, 13 January. Available at: https://iranwire.com/fa/features/29301 [Accessed 10 March2019].

Bahari,R. ,2018. ‘BombhaymoteharekdarjadehayKordestan[TravelingBombsontheRoadsof Kurdistan]’. Chakar Sociopolitical Weekly 1(5),1–8.

Bahrami, A. , 2018a. ‘Dalil-e feshar-e amniyeti bar faalan-e mohit zisti chist? [Why are Environmental Activists under Pressure]’. Radiozamaneh, 1 March. Available at: https://www.radiozamaneh.com/384089 [Accessed 10 January 2019].

Bahrami, A. , 2018b. ‘Eqlim-e amniyetiy-e Jomhouri-e Eslami [Securitised Regions of the Islamic Republic]’. Radiozamaneh, 6 November. Available at: https://www.radiozamaneh.com/418767[Accessed 20 February 2019].

Beşikçi, I. , 2004. International Colony Kurdistan. Taderon Press, London.

Buzan, B. , O. Wæver and J. de Wilde, 1998. Security, A New Framework for Analysis. Lynne Rienner Publishers, Colorado.

Chomani, K. and T. Bijnens, 2016. ‘The Impact of Daryan Dam on the Kurdistan Region of Iraq’.

Save the Tigris and Iraqi Marshes Campaign.

Chudnovesky, E. , 2018. ‘Iran Is Jailing Environmentalists’. Washington Examiner, 16 October. Available at: https://www.washingtonexaminer. com/opinion/op-eds/iran-is-jailing-environmentalists-fearful-that-theyve-found-pollution-from-possible-nuclear-and-missile-sites[Accessed 10 March 2019].

Chya, 2016a. ‘Azar dar Azar [Wildfires in November/December]’. Chya Sociocultural Monthly 1 (14), 1–8.

Chya,2016b. ‘Bayany-eresmiy-eAnjoman-eSabz-eChyadarmored-eehdas-epalayeshgah-enaft dar Mariwan [Official Statement of Chya Green Organization regarding the Construction of an Oil-Refinery in Mariwan]’. Chya Sociocultural Monthly 1(13),1–8.

Chya, 2016c. ‘Kampini Hawari Kani Bel (Feryad-e Kani Bel) [The Outcry of the Kani Bel Campaign]’. Chya Sociocultural Monthly 1(3), 1–8.

Chya,2017a. ‘Zrebarkhat-eqermezast[ZrebarIsRedline]’. ChyaSocioculturalMonthly2(24),1–8. Chya, 2017b. ‘Talab-e zrebar, jolangah-e organha-y nezami[Lake of Zrebar, Base of Military

Organisations]’. Chya Sociocultural Monthly 2(21), 1–8.

Chya,2018a. ‘Teredod-earabehay-emargramoteveqefkonid[StoptheChariotsofDeath]’. Chya Sociocultural Monthly 3(27),1–8.

Chya,2018b. ‘Wored-earabehay-emargberodkhanehayKordestan[OverturnoftheChariotsof Death in the Rivers of Kurdistan]’. Chya Sociocultural Monthly 3(27),1–8.

Collins, A. , 2010. Contemporary Security Studies. Oxford University Press, Oxford.

Dono, J. , J. Webb and B. Richardson, 2010. ‘The Relationship between Environmental Activism, Pro-environmentalBehaviourandSocialIdentity’. JournalofEnvironmentalPsychology30(2), 178–186

DW,2018. ‘Moshkelefaalanizistibadastandazha-ysepahast[Environmentalist’sTensionwith IRGC]’. 14 April. Available at: https://bit.ly/2GaWpud [Accessed 20 February2019].

DW, 2019. ‘Barkhord-e khashen-e mamoran hengam-e bazdasht-e faalan-e mohit-e zist-e Kordestan [Security Forces’ Harsh Treatment of Environmental Activists in Kurdistan]’. 7 January. Available at: https://www.dw.com/fa-ir/iran/a46985342[Accessed 25 March 2019].

Eghtesad News, 2018. ‘Dastgiriy-e barkhi faalan-e mohit-e zist [Arrest of Some Environmental Activist]’. 12 February. Available at: https://bit. ly/2DermNl [Accessed 15 February 2019].

EKurd,2018. ‘AtLeast13KilledafterOilTankerCollideswithaBusinIranianKurdistan’. 11July. Available at: https://ekurd.net/tanker-collides-iranian-kurdistan-2018-07-11[Accessed 1 January2019].

Erdbrink, T. , 2018. ‘He Fought for Iran’s Environment and Was Arrested. Now, He’s Dead’. The New York Times, 10 February. Available at: https://www.nytimes.com/2018/02/10/world/middleeast/iran-environmentalist-dead-prison.html [Accessed 5 February 2019].

Esmailnazhad, A. , 2017. ‘Yek name-y sergoshad-e be Sadegh Zibakalam [An Open Letter to Sadegh Zibakalam]’. Facebook, 4 January. Available at: https://bit.ly/2ZPDsq3[Accessed 10 April 2019].

Facebook. 2017. ‘Kampin-ehemayetazcheshmay-eBel[KaniBelCampaign]’. Availableat:https://www.facebook.com/kanibil92 [Accessed 20 March2019].

Fadaee, S. , 2011. ‘Environmental Movements in Iran: Application of the New Social Movement Theory in the Non- European Context’. Social Change 41(1), 79–96.

Fatahi, A. , 2017. ‘Taran, Taran [Tehran, Tehran]’. Chya Sociocultural Monthly 2(18), 1–8. Fielding, S. K. , R. McDonald and R. W. Louis. , 2008. ‘Theory of Planned Behaviour, Identity and

Intentions to Engage in Environmental Activism’. Journal of Environmental Psychology 28(4), 318–326.

Financial Tribune. 2019. ‘Iran’s Inter-Basin Water Transfer Schemes Challenged’. 14 September. Available at: https://financialtribune. com/articles/energy/99845/irans-inter-basin-water-transfer-schemes-challenged [Accessed 20 September 2019].

GlobalWitness,2017. DefendersoftheEarth,GlobalKillingsofLandandEnvironmentalDefenders in 2016. Global witness,London.

Gohari, A. , S. Eslamian, A. Mirchi, J. Abedi-Koupaei, M. Bavani and K. Madani, 2013. ‘Water Transfer as A Solution to Water Shortage: A Fix that Can Backfire’. Journal of Hydrology 491, 23–39.

Gurses,M. ,2012. ‘EnvironmentalConsequencesofCivilWar:EvidencefromtheKurdishConflict in Turkey’. Civil Wars 14(2),254–271.

Haqmorad, M. , 2018. ‘Maqola-e mohit-e zist marbot be ekhlaq-e amali ve siyaset ast [The Environmental Debate Has Roots in Ethics and Politics]’. Chakar Sociopolitical Weekly 1(3), 1–12.

Hendrix, S. C. and M. S. Glaser, 2011. ‘Civil Conflict and World Fisheries, 1952–2004’. Journal of Peace Research 48(4), 481–495.

Hosseini,E. ,2016. ‘HivdehSaltelash-ekhesteginapezirdarrah-ehefazetazmohit-ezist[Seventeen Years’HardEffortforProtectingtheNaturalEnvironment]’. ChyaSocioculturalMonthly1(10), 1–8.

Hosseini, E. , 2017. ‘Name-e Chya be Rais Jomhur ve riyasete sazman-e mohit-e zist-e keshwer [Chya’s Letter to the Iranian President and Environmental Authorities]’. Chya Sociocultural Monthly 2(24), 1–8.

Iran-e Farda, 2018. ‘Der atesh sokhten-e faalan-e mohit-e zist dar Mariwan [Burning of Environmental Activist of Mariwan]’. 25 September. Available at: http://iranefardalive. com/Archive/42069 [Accessed 15 March 2019].

Iran-hrm. 2019. ‘Iranians Join Major Protest against Water Shortages in South’. 12 September. Available at: https://iran-hrm. com/index. php/2019/09/12/iran-sentences-86-people-to-lashes-for-protesting-water-transfer-project/ [Accessed 20 September 2019].

Kaleme, 2014. ‘Tofangesh ra zemin begozash ve beshkest [He Put down and Broke the Gun]’. 16 February. Available at: https://www. kaleme. com/1392/11/27/klm-174539/?theme=fast[Accessed 25 March2019].

Kaleme,2018. ‘Moshkel-efaalan-emohit-ezistjasosinebood,dastderaziy-esepahbemanateq-e hefazetshoday-emohit-ezistbood[TheProblemoftheEnvironmentalistsWasNotEspionage, IRGC’s Violation of Preserved Areas Was the Problem]’. 16 April. Available at: https://www. kaleme. com/1397/01/27/klm-266178/ [Accessed 1 February2019].

Kempton, W. and D. C. Holland, 2003. ‘Identity and Sustained Environmental Practice’. In Identity and the Natural Environment, eds. S. Clayton and S. Opotow. MIT Press, Cambridge,317–342.

Koneposhi, H. , 2016. ‘Qaneve andishey-e mihani [Qhane’ and the Patriotic Thought]’. Chya Sociocultural Monthly 1(9), 1–8.

Koneposhi, K. , 2015. ‘Bazsazi-e mafhom-e amniyet [Re-constructing/Rethinking the Concept of Security]’. Chya Socio-cultural Monthly 1(1), 1–8.

Kurdpa,2019. ‘Sepah-epasdaranveterrorism-emohitzisti[IRGCandEnvironmentalTerrorism]’.

25 April. Available at: http://www. kurdpa. net/farsi/idame/76815 [Accessed 26 April 2019].

Olli, E. , G. Grendstad and D. Wollebaek, 2001. ‘Correlates of Environmental Behaviors: Bringing Back Social Context’. Environment and Behavior 33, 181–208.

Paehlke, C. R. , 2015. ‘Environmentalism and the Future of Progressive Politics’. In Thinking about the Environment: Readings on Politics, Property and the Physical World, eds. M. A. Cahn and

  1. O’Brie. Routledge, London, 256–260.

Qaderi,I. ,2015. ‘Atesh-eJangelhayZagroszirkhakester-esoalat[TheQuestionableWildfireinthe Forests of Zagros]’. Chya Sociocultural Monthly 1(1),1–8.

Qesimi, D. , 2016. ‘Ihdas-e palayeshgah dar knar-e zrebar?! fajeayi bozorg dar rahast[Building Refinery Nnxt to Zrebar?! A Massive Catastrophe Is Waiting!]’. Chya Sociocultural Monthly 1 (10),1–8.

Qorbani, H. , 2017. ‘Tazyanehay atesh ber jesm ve roh-e Kosalan [The Whips of Fire on the Body and Soul of Kosalan]’. Chya, Sociocultural Monthly 2(22), 1–8.

Radiozamaneh, 2018. Azay-e omomi dar Mariwan [Public Mourning in Mariwan]. August 26.

Available at: https://www.radiozamaneh.com/409407 [Accessed 15 January 2019].

Reshidi, O. , 2017. ‘Zagros dar jehenem [Zagros in the Hell]’. Chya Sociocultural Monthly 2(22), 1–8.

Reuveny, R. , S. A. Mihalache-O’Keef and Q. Li, 2010. ‘The Effect of Warfare on the Environment’.

Journal of Peace Research 47(6), 749–761.

Rohi, H. , 2015. ‘Aserat-e zist mohitiy-e sedha [Dams Destructive Impact on the Environment]’.

Chya Sociocultural Monthly 1(2), 1–8.

Rudaw,2019. ‘JingeparezeraniKordestandawadekendrostkerdenibendawrabegiret[Kurdish Environmentalists Ask for Stop of Dam Construction]’. 23 April. Available at: http://www. rudaw.net/sorani/middleeast/iran/220420191 [Accessed 24 April2019].

Sadeghi, M. , M. Malekian and L. Khodakarami, 2017. ‘Forest Losses and Gains in Kurdistan Province, Western Iran: Where Do We Stand?’. The Egyptian Journal of Remote Sensing and Space Sciences 20(1), 51–59.

Sayfikaran, F. , 2019. ‘Aghaz-e bazdasht-e faalan-e mohit-e zist dar Kordestan [Increasing Detention of Environmental Activists in Kurdistan]’. Tribunezamaneh, February. Available at: https://www. tribunezamaneh. com/archives/186392 [Accessed 20 March2019].

Soleimani,K. andA. Mohammadpour,2019b. ‘TheSecuritisationofLife:EasternKurdistanunder the Rule of a Perso-Shi’i State’. Third World Quarterly 1,1–20.

Soleimani, K. and A. Mohammadpour, 2020. ‘Life and Labor on the Internal Colonial Edge: Political Economy of Kolberi in Rojhelat’. BJS 71(2), 1–20.

Soroos,S. M. ,1994. ‘GlobalChange,EnvironmentalSecurity,andthePrisoner’sDilemma’. Journal of Peace Research 31(3),317–332.

Stern,C. P. ,2000. ‘TowardaCoherentTheoryofEnvironmentallySignificantBehavior’. Journalof Social Issues 56(3),407–424.

Tasnimnews,2018. ‘Faalanmazlom-emohit-ezistyamojriyan-eprozhey-emarmozeGEOINTdar Iran [Innocent Environmental Activists or Mysterious Entrants]’. 15 February. Available at: https://bit. ly/2UhkioG [Accessed 1 January2019].

The Guardian, 2016. ‘Poetry and Silence: Iran’s Kurds Tread the Line between Art andActivism’. 26 February. Available at: https://www. theguardian. com/world/2016/feb/26/iran-kurdistan-rouhani-tehranbureau [Accessed 10 February2019].

Ulmanu, M. , A. Evans and G. Brown, 2018. ‘The Defenders, 83 Environmental Defenders Have Been Killed so Far in 2008ʹ. The Guardian, 15 November. Available at: https://www. theguardian. com/environment/ng-interactive/2018/feb/27/the-defenders-recording-the-deaths-of-environmental-defenders-around-the-world [Accessed 1 February 2019].

UNPO, 2018. ‘Iran: Environmental Activist Commits Suicide while in Tehran Prison’. 12 February. Available at: https://unpo. org/article/20620?id=20620 [Accessed 14 February 2019].

Wæver,O. ,1995. ‘SecuritizationandDesecuritization’. InOnSecurity,ed. D. L. Ronnie. Columbia University Press, New York,49–80.

Waysi, H. , 2016. ‘Zendegi-e ma medyon-e kohhast [We Owe Our Life to the Mountains]’. Chya Sociocultural Monthly 1(7), 1–8.