ئارامتر بخوێنەوە!

لێکۆڵینەوەیەکی ئەزموونی لەمەڕ لێکەوتەکانی ئابووریی سەوز

ئەڵماس حیشمەتی

و: ڕەشید حەیدەری

پوختە

ێکچوونی بێوێنەی ژینگە لە ئاستی جیهاندا، پێویستیی پشتبەستوویی بە سیاسەتی ئابووریی سەوزی، وەک ئامرازێکی شوێندانەر و گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە، زیاتر کردووە. بارودۆخی هەنووکەیی، لێکۆڵینەوە، لێدوان و بێنەوبەرەی بەربڵاو و فراوانی لەنێو دەستە و تاقمە خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشە جیهانییەکاندا ورووژاندووە. ئەمە بە نۆرەی خۆی بووەتە هۆی ئەوەی قەوارەیەکی ڕوو لە هەڵکشان لە ئەدەبیات بێتە ئاراوە؛ ئەدەبیاتێک کە وێنەیەک لە کۆی هەنگاوە هەرە باشەکان دەخاتە ڕوو کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بونیاتنانی ئابووریی سەوز، بە پەرەسەندن و ئەنجامەکانییەوە، هەیە. لەم وتارەدا، لێکۆڵینەوەی ئابووریی سەوز بە شێوازێک خراوەتە ڕوو کە خوێنەری ئاساییش لێی تێبگەن. لە سەرەتادا دوا پێشکەوتنەکانی ئابووریی سەوز – لەوانە بناخە تیۆریکییەکەی، پاشخانە سیاسییەکەی و ستراتێژیی پەرەسەندنەکانی بە ئاراستەی پەرەسەندنی ڕاستەقینەی سەقامگیر و بەرگەگردا تاوتوێ دەکا. پاشان دەچێتە سەر باسی ئابووریی بازنەیی، تۆڕ، ڕێکخراو، سیاسەت، ژێرخان و کاریگەرییە شیاوی پێوان و چاوەڕوانکراوەکانی. لەبەر ئەوەی ئاکام و دەستکەوتە تیۆریک و ئەزموونییەکانی پێوەندیدار بە ئابووریی سەوز و جێبەجێکردنەکەی دەبنە هۆی ژمارەیەک ئاکاموەرگرتن لەسەر پێوانەی گەشەسەندنەکان، دەرهاویشتەکان و دەستنیشان کردنی کاریگەرییە هۆیییەکان، ئەمانە دەبنە باسی دواتری وتارەکە. سەرەنجام، وتارەکە کورتەگەلێک لە ڕێبازی گەشەسەندنی شیمانەییی سەوز لە ئێستا و داهاتوودا دەخاتە بەرچاو و لەسەر ڕێنیشاندان، سیاسەت، ڕێکخستن، لێوەشاوەیی، ناوچە و دەستێوەردانەکان ورد دەبێتەوە و پاشکۆی وا دەخاتە ڕوو کە دەتوانن وەک ڕێنیشاندەری دڵخواز و هەرە باش خزمەت بە سیاسەت و لێکۆڵینەوەی پاشەڕۆژ بکەن.


وشە کلیلییەکان:
ئابووریی سەوز؛ ئابووریی سیاسیی سەوز؛ پێشکەوتنی دەوامدار و سەقامگیر؛ ستراتێژیی پێشکەوتن؛ ئابووریی بازنەیی؛ کار و پیشەی سەوز


ژێدەر:
ژێدەردانان بۆ ئەم لێکدانەوەیە بەم شێوەیە دەبێت:

Heshmati, A. (2018)  ”An empirical survey of the ramifications of a green economy”, Int. J. Green Economics, Vol. 12, No. 1, pp. 53–85.


نووسەر لە چەند دێڕێکدا

ئەڵماس حشمەتی (Almas Heshmati) پرۆفێسۆری زانستی ئابووری لە زانکۆی سۆگانگـە. ناوبراو خاوەنی پلەی هاوشێوە لە زانکۆی کۆریا، زانکۆی نەتەوەیی سێئول و زانکۆی کوردستان لە هەولێر بووە. ئەولە ساڵانی ٢٠٠١-٢٠٠٤دا یاریدەدەری لێکۆڵەر لە ئەنیستیتۆی جیهان بۆ لێکۆڵینەوەی پەرەسەندنی ئابووری بووە. لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە تا ساڵی ٢٠٠١ جێگری پرۆفێسۆر لە خوێندنگەی باڵای ستۆکهۆڵم بۆ زانستی ئابووری بووە. حشمەتی خاوەنی بەڵگەنامەی دوکتۆرا لە زانکۆی یۆتەبۆرییە {لە وڵاتی سوید}. لە بواری لێکۆڵینەوەدا، پتر هۆگری وردئابووریی پراکتیزەکراو(applied microeconomics)، کارایی(efficiency)، بەرهەمدەری(productivity) و هەڵدانی ئابووری(growth)یە. جگە لە زیاتر لە ١٥٠ وتاری زانستی، ناوبراو ٢٩ کتێبی لەسەر نابەرابەری، هەژاری، خۆشبژیوی، پێشکەوتن و هەڵدانی ئابووری بڵاو کردووەتەوە. ئەم نووسراوەیە نوسخەی دەسکاریکراو و پەرەپێدراوی وتارێکە بە ناوی “لێکۆڵینەوەیەکی ئەزموونی لەمەڕ لێکەوتەکانی ئابووریی سەوز” کە ٣٠ ئوکتوبری ٢٠١٥ لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئابووری لە زوریخ و ١١ی دیسامبری ٢٠١٤ لە ئەنیستیتۆی ئابووریی (Department of Economics) زانکۆی ئادیس ئابابا، لە وڵاتی ئێتیۆپیا پێشکەش کرا.



١. سەرەتا

کاولبوونی خێرای ژینگە و خراپبوونی دۆخی کەشوهەوا، زەروورەتی پشتبەستن بە سیاسەتێکی نوێ و ناوازەی وەک “سیاسەتی ئابووریی سەوز”ی وەکوو ئامرازی شوێندانەری مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەدا زیاد کردووە. بارودۆخی گۆڕاو، بووە بە بزوێنەری مشتومڕ و لێکۆڵینەوەی باڵکێش لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە جیاجیاکانی خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشدا، لەوانە ئابووریناسان، تەکنۆلۆژیستان، ژینگەپارێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڕێوەبەران، یاسادانەران و بڕیاربەدەستان. بایەخ و ویستی ڕوو لە هەڵکشان بۆ گۆڕان و تەرخانکردنی سامان و کەرەستەی ئابووری بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنین لە بواری ژینگەدا بووەتە هۆکاری چوونەسەری قەوارەی ئەدەبیات لەم بەستێنەدا. ئەمە وێنەیەکی گشتگیر لە چارەسەر و نەریتە هەرە ناسراوەکان دەخاتە ڕوو کە لەسەر ئاقار، پەرەسەندن و ئەنجامەکانی جووڵانەوەی ئابووریی سەوز کاریگەرییان دەبێت.

سەوز، هۆشمەند و جێگیر/بەردەوام (Green, smart and sustainable) لەو وشە و پەیڤە نوێیانەن کە لەم ساڵانەی دواییدا لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەسەندن و ژینگەدا گوێبیستیان دەبین. پێداگرییەکی زۆر لەسەر پەرەسەندنی ئابووری دەکرێت کە پەرەسەندنی گشتیی مرۆڤ لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانیدا باشتر دەکات. سەرەڕای ئەوەش، دەکرێ ئابووریی سەوز لە سۆنگەی جیاجیاوە ببینرێت، لەوانە سروشت و ئابووریی سیاسی، جێگیریی ئابووری و ئاسایش و تیۆریی سیاسیی سەوز و سیستەم و “سامانی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو” و دەست پێوە گرتنیان. چەقی باسی ئەم نووسراوەیە بریتییە لە: (١) تیۆریی سیاسیی سەوز و (٢) سیاسەتی ژینگەیی و پێوەندیدار بە وزە. ئەمە لەگەڵ ڕەوتی ساڵانی دواییدا دێتەوە.

بەر لەوەی بپەرژێینە سەر چەمکی ئابووریی سەوز، پێویستە واتا و ناوەرۆکی “سەوز” لێرەدا ڕوون بکەینەوە. لە ڕوانگەی “ستاڤراکاکیس”ـەوە (١٩٩٧، Stavrakakis)، “سەوز” ئاماژە بە ئایدیا گشتییەکانی پاراستن و دەست پێوە گرتن ناکات. بەڵکوو بۆ تاوتوێ کردنی دیاردەیەکی بەتەواوی نوێ بەکار دەبرێت. چەمکی سەوز بۆ ئەوە ئافرێندراوە تا ئاماژە بە ژینگە و خراپبوونی ژینگە بکات. ئەم چەمکە بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی سیاسەتێکی نوێی ژینگەیی کە ڕیشەیی و ڕادیکاڵە و پێویستیی چوونەوە بە ڕوانگە و بۆچوونە کۆنەکاندا دەخاتە ڕوو. ئەم چەمکە شێوەی هەڵسوکەوتی ئێمە لە جیهانی خۆماندا تووشی ململانێ دەکات، (کۆنلی و سمیت ١٩٩٩، Connelly and Smith). هەرچەند “سەوز” هێشتا دەکەوێتە نێو چوارچێوەی پاراستن و ژینگەوە، بەڵام بایەخ و واتایەکی گەورەتر لە لێکدانەوەیەکی سیاسیی هەیە، لەبەر ئەوەی پێشکەوتنەکانی بواری سیاسەتی سەوز و ئیدیۆلۆژیی سەوز دەگرێتەوە. ئەوەی ئەم دیاردە نوێیە لە بیچم و شێوەکانی ڕابردوو جیا دەکاتەوە، پەیامە جیهانی و سیاسییەکانیەتی سەبارەت بە سروشت و قەیرانە ژینگەیییەکان و پێوەندییان بە دنیای مرۆڤایەتییەوە. تیۆریزانی سیاسەتی سەوز، باڕی (١٩٩٩، Barry)، لە هەمبەری دوا ڕێگاچارە سەبارەت بە پێوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت بە وریاییەوە دەجووڵێتەوە. ناوبراو، لە دژی ڕێگاچارەی هەمیشەییی مێتابۆلیزمی مرۆڤ-سروشت {مێتابۆلیزم: پرۆسەی بە وزەکردنی خۆراک} و بە لایەنگری لە کۆپینگ میکانیزم {ڕێکارگەلی بەکارهاتوو لەلایەن خەڵکەوە لە کاتی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و تۆقاندندا. . . } بەڵگە دەهێنێتەوە.

لە سەر یەک، ژینگەخوازیی(Environmentalism)  سەوز، پێداگری لەسەر ڕۆژەڤێکی نوێ دەکات کە ئامانجی “وەک خۆ لێکردنەوە”ی ھاوسەنگیی لێکترازاوی نێوان مرۆڤ، سروشت و بەکار ھێنانی سامان و سەرچاوە سروشتییەکان لەلایەن مرۆڤەوەیە. دەگوترێت کە ئەم نەزمە نوێیە کە لەسەر بناخەی جۆرە چەمکێکی سروشت وێنا کراوە، سەرەنجام دەگاتە دوا ڕێگاچارە سەبارەت بە پێوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت. بە واتایەکی تر، ئامانجی ئایدیۆلۆژیی سەوز، چاکسازی و سەر لە نوێ خوڵقاندنی بنکە و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکانە. ئەم سەر لە نوێ ئافراندنە بیچم بە پرۆژەیەکی سیاسی دەدات کە لەسەر بناخەی چەمکێکی تایبەتیی سروشت ئاوا کراوە.

ئەم نووسراوەیە، لە پلەی یەکەمدا، چاو لە دۆخی ھەنووکەیی ئابووریی سەوز دەکات. وەک دەسپێک بە دوایین پەرەسەندنەکانی ئابووریی سەوزدا دەچێتەوە–لەوانە بناغە تیۆریکییەکەی، ئابووریی سیاسی و ستراتێژیگەلی پێشکەوتنخوازانە بەرەو پەرەسەندنی بەردەوام. پاشان ئابووریی بازنەیی، تۆڕ، ڕێکخراو، سیاسەت و ژێرخانی ئابووری بەر لە پشکنینی ئەنجام و دەستکەوتەکانی پێوەندیدار بە کرداری ئابووریی سەوز و پێوانەکردنی کاریگەریی ئەرێنیی ئابووریی سەوز لە سەر ژینگە، تاوتوێ دەکات. سەرەنجام، نووسراوەکە لە ڕەوتگەلی گرێدراو بە پێشکەوتنەکانی دواڕۆژی ئابووریی سەوز دەکۆڵێتەوە و لەسەر ئاقار، سیاسەت، ڕێکخستن، بوار و دەستێوەردانەکان ورد دەبێتەوە. بەم شێوەیە، بە پێشکەشکردنی وێنەیەکی کامڵ و بەڕۆژکراوی پەرەسەندن و پراکتیکی ئابووریی سەوز لە دوو دەیەی ڕابردوودا، خزمەتێکی شایان بە ئەدەبیاتدەکات.

پاشماوەی ئەم وتارە بە شێوەیەی خوارەوە داڕێژراوە:

پاری ٢ وردەکاریی میتۆدی بەکارهاتوو لە لێکۆڵینەوەکەدا دەخاتە ڕوو. پاری ٣ چەمکی ئابووریی سەوز شی دەکاتەوە. پاری ٤ لەسەر بەرەوپێش چوونی ئابووریی سیاسیی سەوز  و ستراتێژیی پەرەسەندنی سەوز چڕ دەبێتەوە. پاری ٥ژینگە و پەرەسەندنی سەقامگیر تاوتوێ دەکات. پاری ٦ بەرهەمی نەتەوەیی سەوز و ژمێریاریی سەوز دەخاتە بەر باس. پیادەکردنی ئابووریی سەوز لە پاری ٧دا دەخرێتە ڕوو. سیاسەتگەلی گشتیی هەڵبژێردراوی سەوز بە دەستێوەردانەکان و سیاسەتەکانی حکوومەتیشەوە لە پاری ٨دا باس کراون. لە پاری ٩دا سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە چالاکیگەلی سەوزدا پێداچوونەوە دەکرێت. لە پاری ١٠دا پوختەی پرۆسەگەلی پەرەسەندنی هەنووکەیی و شیمانەییی سەوز لە دواڕۆژدا لێکدەدرێنەوە. جگە لەوەش، پاشکۆی ئەوتۆ دەخرێنە ڕوو کە دەتوانن وەک ڕێنیشاندەری شیمانەییی دڵخواز خزمەت بە لێکۆڵینەوە و سیاسەتی پاشەڕۆژ بکەن.



٢. میتۆد

ئەم پێداچوونەوەیە بە شێوەیەکی تایبەتی لەو لێکۆڵینەوانەی سەر ئابووریی سەوز و پرسە تیۆریکی و میتۆدناسییەکانی پێوەندیداری ورد دەبێتەوە کە زۆربەیان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بڵاو کراونەتەوە. بۆ دیتنەوەی بابەت و وتارە گرینگەکانی پێوەندیدار بە ئابووریی سیاسیی سەوز، ژینگە، وزە و ستراتێژیی پەرەسەندنی بەردەوام و گشتگیر، لە دەسپێکدا خەزێنەی زانیارییەکانی ساینس دایرکت (The Science Direct)، یادداشتەکانی وێژەی ئابووری (Journal of Economic Literature – EconLit) و خەزێنەی یادداشت (Journal Storage – JSTOR) پشکێنران. ئەم خەزێنەی زانیارییانە نزیک بە تەواوی ئیندکسی قسەهێنانەوە (نقل قول)ی زانستە کۆمەڵایەتییەکان (Social Sciences Citation Index) و یادداشتگەلی ئابووری، وزە و ژینگەی نێو ئیندکسی قسەهێنانەوەی زانستی فراوانکراو (Science Citation Index Expanded – SCIE) و هەروەها یادداشتگەلی دیکەش کە لێرەدا ڕیزبەندی نەکراون، لە خۆ دەگرن. دوای کۆکردنەوەی لیستێکی بەرفرە، وتارەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوەی زیاتر کە لە خەزێنەی زانیارییە شوێندۆزیکراوەکاندا دەست نەکەوتبوون، پشکێنران. ئەم ژێدەرە نوێیانە، بە نۆرەی خۆیان، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی وتار، کتێب و ڕاپۆرتی پێوەندیدار لەسەر ئابووریی سەوز بەکار هێنران و بە لیستە بەراییەکە زیاد کران. ئەم پێڤاژۆیە ژێدەرەکانی بەڕۆژ کردەوە، کە چۆنایەتییان لە ئاستی هەرە بەرزدایە.

چاوەڕێ دەکرێت کە میتۆدی بەکارھێنراو لە ھەڵبژاردنی ئەدەبیاتی گونجاودا و خەسڵەتە سەرەکییەکانی، لەسەر ئەدەبیاتی فرەبەستێنیی ڕوو لە گەشە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە پشتی پێ بەستووە، بەرچاوڕوونی بە خوێنەر بدات. ئەو لێکۆڵینەوانەی کە پشتیان پێ بەستراوە بەوە لە بەرھەمی تر جیا دەکرێنەوە کە لێکۆڵینەوەی تیۆریک و ئەزموونی لەسەر لایەنە جیاجیاکانی ئابووریی سەوز، تەکنۆلۆژی و سیاسەتە گشتییەکانی لە خۆ دەگرن. ئەم لێکۆڵینەوانە ئامانجی ھاوبەشیان ئەوەیە کە وێکڕا لەسەر چەمکی سەوز، ستراتێژیگەلی ئابووریی سیاسی و پەرەسەندن، گەشەی دەوامدار و ژینگەیی، بەرھەمی نەتەوەیی سەوز، بوارەکانی ھەڵبژێردراوی سەوز و ئەو سیاسەتانەی کە دەبنە ھۆی پێشخستنیان (یان پێشپێگرتنیان) و دوایین پەرەسەندنەکانی سەوز، ورد دەبنەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە بە چەمکی سەوز دەست پێ دەکات کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاولبوونی ژینگە و ناساندنی سیاسەتێکی نوێی ژینگەیی ھاتووەتە ئاراوە. ئەم سیاسەتە نوێیە لەسەر “وەک خۆ لێکردنەوە”ی ھاوسەنگیی لێکترازاوی نێوان مرۆڤ و سروشت پێداگری دەکات. ئەدەبیات لەسەر سیاسەتی سەوز، لە تیۆرییەکی سیاسیی سەوزەوە هەوێنی گرتووە کە کۆمەڵگەی پیشەسازی لە پێوەندی لەگەڵ نەخشاندنی شێواز و ستراتێژییەکانی پێشکەوتنی ئابووریی دەوامدار، دەباتە ژێر پرسیارەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت.

بەردەوامی (Sustainability) لە ئابووریی سەوزدا بە ڕەگەزێکی بنەڕەتی دادەنرێت. بەرھەمی نەتەوەییی سەوز، ژمێریاری و هەڵدانی بەرهەمدەریی هەستیار بە ژینگە، خەریکن پەرە بە حیسابێک بۆ نیگەرانییە ئێکۆلۆژیکییە نابازاڕییەکان دەدەن. بوارە ھەڵبژێردراوەکانی ئابووریی سەوز، ھەم سیاسەتگەلی گشتی و ھەم چالاکی و خۆپێوەخەریککردنەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە لە پرۆگرامی ژینگەییدا دەگرنەوە. جگە لەوە، لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی “سەوز”دا بایەخ بە میتۆدێک دەدرێت کە پشتئەستوور بە تەکنۆلۆژییە و تێکنۆئۆپتیمیستەکان لەپێناوی سەوزاندنی ئابووریدا سەرنجیان دەدرێتێ. {تێکنۆئۆپتیمیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە تەکنۆلۆژی لەپەسا لە گەشەکردندایە و لێی دێ ژیان و گوزەرانی مرۆڤ باشتر و ئاسوودەتر بکات}.

ئەو بابەت و میتۆدانەی کە پێشووتر ھەڵبژێردران و شی کرانەوە، جێی بایەخی گەلێک لقی فێرکاری، گرووپی خاوەن بەرژەوەندیی ھاوبەش و کەسانی خاوەن پیشەی تایبەتین کە بە وزە و ژینگەوە سەرقاڵن. ئەو لێکۆڵینەوانەی پێداچوونەوەیان پێدا کراوە، تەوەری جیاجیای سەوز، ڕوانگە و هەڵکەوتەگەلێک لە سەرانسەری دنیادا لە خۆ دەگرن. لەبەر سنوورداربوونی ژمارەی لێکۆڵینەوە ئەزموونییەکان، ھیچ شێوە کارێکی ئەزموونیی ستاندارد (جگە لە چەند پێوەرێکی جێبەجێکاری) نەھاتوونەتە ئاراوە. هیچ خەزێنەیەکی زانیاریی تایبەت لەسەر ئابووریی سەوز بوونی نییە. لەبەر ئەوە کە ئەدەبیاتی ئابووریی سەوز بەخێرایی و بەردەوامی لە ھەڵکشاندایە و چ لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبیی گشتگیر لە ئارادا نییە، ئەم پێداچوونەوە بەڕۆژکراوە تا ڕادەیەک گشتگیرە، دەکارێ بۆ سیاسەتدانەران، کاربەدەستان و خوێنەران بەھایەکی گەورەی ھەبێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە بۆشاییی ھەبوو لە ئەدەبیاتی ئابووریی سەوزدا پڕ دەکاتەوە.



٣. چەمکی ئابووریی سەوز

لە ڕوانگەی “ستاڤراکاکیس”ـەوە (١٩٩٧Stavrakakis,)، چەمکی “سەوز” بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە و تێکچوونی، کە هاتنە کایەی سیاسەتێکی نوێی ژینگەیی لێ کەوتەوە، بەکار دەبرێت. کۆننۆڵی و سمیت (١٩٩٩، and ConnollySmith) ئەم سیاسەتە نوێیە ژینگەیییە بە پێویست دەزانن. سەرەڕای ئەوەش، ئەو سیاسەتە ڕێگاکانی شێوازی هەڵسوکەوتی ئێمە دەباتە ژێر پرسیارەوە. سیاسەتی جێی باس، بە ئامانجی “وەک خۆ لێکردنەوە”ی ھاوسەنگیی تێکچووی نێوان مرۆڤ و سروشت، پێداگری لەسەر نەزم و ڕێکوپێکییەکی نوێ دەکات. ئەم بەشە (لە لێکۆڵینەوەکە) باس لە چەمکی ئابووریی سەوز و کێشە ئایدیۆلۆژیک و تیۆریکییەپێوەندیدارەکانی دەکات.

ھەڵکشانی خێرای ئەدەبیات لەسەر سیاسەتەکانی سەوز یان ژینگەیی بەسەر دوو شەپۆلدا دابەش دەبێت (باڕی ٢٠٠١، Barry). شەپۆلی یەکەمی تیۆریی سیاسیی سەوز بەشێوەی سەرەکی بە “ئێکۆلۆجیسم”ـەوە وەک ئیدیۆلۆژییەکی پەیوەنددراوە بە ڕەخنەگر لە کۆمەڵگەی پیشەسازی، کە لەوێدا چەمکی سەوز بیچمی گرت، دەناسرێت. شەپۆلی دووەم و ئەوە کە چۆن گەشەی کرد، بە گۆڕان لە ڕەخنەی تەمومژاوی و ئاڵۆزەوە بۆ ڕەخنەی کۆنکرێت و لە ئەزمووندا بینراو (لە شەپۆلەکەی دی) جیا دەکرێتەوە. ئەم شەپۆلە لەگەڵ حکوومەتەکان و قوتابخانە هاوچەرخەکانی تیۆریی سیاسی و ئابووریی سیاسیدا مل لە ملی مشتومڕ و باس دەنێت و هەر لەو باسانەدا بوو ئابووریی سەوز سەری هەڵدا کە ئێمە لێرەدا خەریکین تاوتوێی دەکەین.

هەروەها تیۆریی سیاسیی سەوز بەخێرایی گەشەی سەندووە و لە درێژەی پێوەندیی بە گفتوگۆ و باسگەلی تیۆریی سیاسیی هاوچەرخ، شیاوی و جێی متمانە بوونی خۆی وەدەست هێناوە. ئەم تیۆرییە، هەروەها  یارمەتیدەری تێگەیشتنێکی داهێنەرانە لە جیهانی سیاسیی ئێستا و دواڕۆژ، دادی بەشینەوەیی (distributive justice)، دێمۆکراسی، پێوەندیی نێوان لیبرالیزم، سەرمایەداری و بەردەوامی، سیاسەتی فەمینیزم و ڕەگەز (gender) بووە.

لەسەر بنەمای ئەم چەمکە، ئابووریی سەوز، وەک مۆدێلێک خرایە ڕوو کە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە هەڵدانی دەوامداری ئابووری، پێویستیی بە هاوسەنگییەک لە نێوان کاریگەریی ژینگەی ئەو هەڵدانە و تواناییی تاوێنەرانەی ژینگەدا هەیە. ئەمە هەروەها بە ستراتێژییەکی لەبار و گونجاو دادەنرێت کە بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگژە ئابوورییە جیهانییەکاندا، وەک بەشێک لە پلانی کەوتنەوەسەرپێ گەڵاڵە کراوە. بە واتایەکی تر، ئابووریی سەوز لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئاراستەکردنی هەستانەوەی ئابووری بەرەو ڕێبازی سەوزتر، نەک هەر یارمەتی بە سەرکەوتووییی هەستانەوەکە (دەربازبوون لە قەیران) دەدات، بگرە لە گەیشتن بە ئامانجی درێژخایەن کە بریتییە لە پێشخستنی مۆدێلێکی گەشەی ئابووریی دەوامدار، یارمەتیدەر دەبێت. بەم جۆرە، ئەمە مۆدێلێکی پێشکەوتنی ئابوورییە کە نەک هەر لەگەڵ پاراستن، بەڵکوو لەگەڵ باشکردنی چۆنایەتیی ژینگەییشدا دێتەوە (موسو ٢٠١٠، Musu). جێی ئاماژەیە کە زۆربەی لێکدانەوە و حیساباتی ئابووریزانیی سەوز لەو خاڵەوە دەست پێ دەکەن کە سەرچاوە ئابوورییەکان بۆ پرسی هەڵدان سنووردارن.

بەمجۆرە، ئابووریی سیاسیی سەوز ئانالیزی ئاوەزمەندانە دەخاتە ڕوو و لەهەمبەر شەپۆلی نوێی بەجیهانیبوونی ئابووریدا بەربەرەکانێ نیشان دەدات، (ساچس ١٩٩٣، Sachs) و (پاترسۆن ٢٠٠٠، Paterson). ئەو ئابوورییە، پرسی هەڕەشە لە لایەن پیشەسازیی بیوتەکنۆلۆژیی جیهانی، مۆدێلی پێشکەوتنی سەرمایەداریی زاڵ، قووڵبوونەوەی نابەرابەرییەکانی باکوور-باشوور، چڕبوونەوەی هەژاری و نەداری، ڕۆنانەوە و نوێسازیی ئێکۆلۆژیکی و کارەکتەری پسپۆڕیی زانستی و پێویستییەکانی تەکنۆلۆژی لە دانانی سیاسەتی گشتیدا هاوئاهەنگ دەکات. ئەوە سیاسەتی دەربڕینی ڕاستی بۆ دەسەڵات و دانی دەنگێک بە بێدەسەڵات، بە نەسڵەکانی دواڕۆژ و بە جیهانی دەرەوەی مرۆڤایەتییە.

ئابووریی سەوز، هەر وەک لەلایەن مایکرۆبیولۆژیست، لین مارگولیس ” Lynn Margulis”ـەوە (Margulis and Fester, 1991) شی کراوەتەوە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەکرێ وەک زاراوەیەک لێی تێبگەین کە ئاماژە بە هەر جۆرە تیۆرییەکی زانستی ئابووری دەکات کە وەک بەشێک لە ئێکۆسیستەم، بە چالاکیی ئابووریی مرۆڤدا دەچێتەوە. بەگشتی، ئابووریی سەوز تیۆرییەکی ئابوورییە بۆ بەدواداچوونی هەڵدانی ئابووری لەسەر بنەمای هاتنەوەی لەگەڵ ژینگە، وزە، تەندروستی و خۆشبژیویی گشتی کە بە حوکومڕانیی باش، یاسا و ڕێسا، تەکنۆلۆژی و پەروەردە بەهێز دەکرێت. چەندین ئەندێشمەندی ئابووریی سیاسیی سەوز، وەک (Barry, 1999; Jackson and Victor, 2011; Latouche, 2009; Scott-Cato, 2009)، ڕاشکاوانە لایەنگری لە ئابووریی سەوزێک لە جۆری “پێش‌ گەشە و پاش ‌گەشە” (de-growth/post-growth) وەک تەنیا میتۆدێک کە بەرگەگر و بەردەوام بێت، دەکەن.

ئایدیایەکی جێکەوتوو هەیە کە پێی وایە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئورووپایی لە ڕێگای مشتومڕو پێوەندییەوە لە بواری جیاجیای گشتیدا، بۆ جووڵانەوەی سەوز، سیاسەتی سەوز و دێمۆکراسیی ئێکۆلۆژیک لەبارە. کومیسیۆنی ئورووپا (EU) بیری لەوە کردبووەوە کە “ئێن جی ئۆ”گەلێکی ژینگەیی پەروەردە بکات کە لەهەمبەر بەشداری پێ کردنیان لە سیاسەتداناندا، خواستەکانیان بە جۆرێک بێننە گۆڕێ کە لەگەڵ ڕۆژەڤی سیاسیی ژینگەییی کۆمیسیۆنەکەدا بگونجێت، (ئارمسترۆنگ ٢٠٠٢، Armstrong). بە تاوتوێکردنی تیۆریی پەرەئەستێنی سیاسیی سەوز و خوێندنەوەی یەکیەتیی ئورووپا، (هونۆڵد٢٠٠٧، Hunold) پێداگری لەسەر دۆزی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی نایەکپارچە دەکات. ناوبراو دەستنیشانی دەکات کە پێشنیارەکانی کومیسیۆن بۆ سازکردنەوەی ئەم پێوەندییانە لەگەڵ ڕێکخراوگەلی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەسەر هێڵی لە یەکپارچەیییەکی پاسیوەوە بۆ یەکڕیزییەکی چالاکی گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەچێتە پێش. ناوبراو لەسەر بنەمای مۆدێلی کارتێکەریی دوولایەنەی دەوڵەت-کۆمەڵگەی دریزەک و هاوکارانی (٢٠٠٣، Dryzek et al. )، بە بەڵگە دەیسەلمێنێ کە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئورووپایی پەرە بە دێمۆکراسیی ئێکۆلۆژیک دەدات.

باڕی (٢٠٠١، Barry) لە ژێر سەردێڕی داد، سروشت و ئابووریی سیاسیدا، بە چوار لێکۆڵینەوەدا دەچێتەوە: سیاسەت و ژینگە: لە تیۆرییەوە بۆ کردار لە نووسینی کۆنلی و سمیت (١٩٩٩، Connelly and Smith)، داد و دواڕۆژ: کۆمەڵە وتاری زانستی لەسەر بەردەوامیی ژینگەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەلایەن دۆبسۆن (١٩٩٩، Dobson), دادپەروەری، سامان و ژینگە: تێڕوانینی قانوونی و کۆمەڵایەتی لەلایەن ھایوارد و نەیڵ (١٩٩٧، Hayward and Neill) و تیۆریی سیاسی و بەھا ئێکۆلۆژیکییەکان، لە نووسینی ھایوارد (١٩٩٨، Hayward). ئەمانە تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی یەکەمی تیۆریی سیاسیی سەوزی ئێکۆلۆژیسم شی دەکەنەوە و خوێندنەوەیەک لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی هاوچەرخ و بیری ئێکۆلۆژیستیی شەپۆلی دووەم دەخەنە ڕوو کە لە ڕەخنەی تەمومژاوی و ئاڵۆزەوە بۆ ڕەخنەی کۆنکرێت و لە ئەزمووندا بینراو دەگۆڕدرێت.

“ئابووریی سیاسی بۆ بەردەوامی” کە هەڵێنجاوی پێداچوونەوەی چوار کتێبە، لەلایەن پاترسۆن (٢٠٠٧، Paterson)ـەوەپێشکەش دەکرێت. یەکەمین وتاری زانستیی “لەسەر ڕێگای جیهانی سەوز” لەلایەن كلاپ و دۆڤەرگنەوە دانراوە (٢٠٠٥، Clapp and Dauvergne). ئەم وتارە پێداگری لەسەر ئابووریی ژینگەی جیهانی دەکات. دووهەمین وتاری زانستی سەبارەت بە”بازرگانی و ژینگە”یە کە لە لایەن کۆپلاند و تەیلۆرەوە ئامادە کراوە (٢٠٠٣، Copeland and Taylor). وتاری زانستیی ئاماژەپێکراو دەپەرژێتە سەر تیۆری و بەڵگە. وتاری زانستیی سێهەم، “قازانجە سروشتییەکانی نەتەوە”، لە نووسینی هارگرۆڤەس و سمیت (٢٠٠٥، Hargroves and Smith)، وردەکارییەکانی هەلی بازرگانی، داهێنان و فەرمانڕەوایی لە سەدەی ٢١دا شی دەکاتەوە. سەرەنجام، وتاری زانستیی چوارەم لەمەڕ “گلۆبالیزاسیۆن و ژینگە” لەلایەن کووتینگەوە (٢٠٠٤، Kutting)نووسراوە و لەسەر سەوزاندنی ئابووریی سیاسیی جیهانی ڕادەوەستێت. هەمووی ئەمانە، سەرەڕای فرەچەشنییان، لەسەر ئەوە کۆکن کە گرتنەبەری ڕێگای بەردەوامی “sustainability”، پێویستیی بە تێگەیشتن لە بیچم و شێوازە دینامیکەکانی ئابووریی سیاسیی جیهانی هەیە.

باڕی (٢٠٠٧، Barry) لە وتارێکی زانستیدا بە ناوی “مۆدێلێک لە ئابووریی سیاسیی سەوز: لە نوێکردنەوەی ئێکۆلۆژیکییەوە بەرەو ئاسایشی ئابووری”، باس لەوە دەکات کە لایەنی هەرە لاوازی تێگەیشتن لە پەرەسەندنی بەردەوام، ڕەهەندی ئابووری بووە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە نوێ‌کردنەوەی ئێکۆلۆژیکی (ecological modernisation)، چەمکسازیی زاڵی پەرەسەندنی بەردەوام لە بریتانیادایە. هەڵسەنگاندنی ناوبراو لەسەر بنەمای بەڵگەنامەگەلی سیاسەتی پەرەسەندنی بەردەوامی کلیدی و هۆشیاری لەمەڕ هەلە ستراتێژیکییەکانی ئاخێوی سیاسی دانراوە. ناوبراو بەتایبەتی پێشنیار دەکات کە وێژمانی پێوەندیدار بە ئاسایشی ئابووری، دەبێ لە پێشکەشکردنی ڕێگای گونجاوی سیاسی بۆ شیکردنەوەی ئابووریی سیاسیی سەوز کە پشتی پەرەسەندنی بەردەوام دەگرێت، بەکار ببرێت. باڕی (٢٠١٢، Barry) ئایدیا بەڕۆژکراو و فراوانکراوەکانی خۆی پێشکەش دەکات و لە هەنگاوێک بانتر، پاڵپشتی لە هەڵدانی ئابووریی نەریتی بەرەو سیاسەتگەلی ناسەقامگیر و سەرووتر لە ئاسایشی ئابووریی هەبوو (موجوود)، دەکات.

سەرەنجام، پەرەسەندنی ئابووریی سەوز بەو جۆرەی کە لە ڕوانگەی تیۆریی سیستەمەوە (the system theory) لێی تێدەگەن، لەلایەن ژانگ و سو (٢٠٠٥، Zhang and Su) لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. ئەوان سەبارەت بە مەرجە سیستەمییەکان، تایبەتمەندییە پلەبەندییەکان (hierarchical characteristics) و پەرەسەندنی پلەبەپلەیی (gradual evolution) لە ساکارەوە بۆ ئاڵۆز و لێکدانەوەی کاریگەرییەکانی ڕەگەز (element)، پێکهاتە و ژینگە لەسەر ئەرکی سیستەمی و پەرەسەندنی ئابووریی سەوز باس دەکەن.



٤. ئابووریی سیاسیی سەوز و ستراتێژیی پەرەسەندن

ئەم بەشە دەپەرژێتە سەر ئابووریی سەوز، بەتایبەتی کاتێک کە ئابووریی سەوز لەگەڵ سیاسەتدا بە یەک دەگەن. ئەمە ھەروەھا ڕێگامان پێ دەدات چاو لەوە بکەین کە چۆن چەمکی ئابووریی سەوز بەشێوەی سیاسی بەکار ھێنراوە.

زانستی ئابووریی بازاڕ، لەبەر ئەوە کە تەنیا “بەشی بۆ فرۆشتن شیاو”ی مرۆڤ و سروشت تیایدا بایەخیان ھەیە و لە ڕەهەندە نابازاڕییەکانی وەک نیگەرانییە ئێکۆلۆژیکیەکان چاوپۆشی دەکات، ڕەخنەی لێ گیراوە. لەم دۆخەدا، بە لەبەرچاو گرتنی بەردەوامبوونی گرفتە ئابوورییەکان و شوێندانەرییان لەسەر چلۆنایەتیی ژیان، چەمکی ئابووریی سەوز لە ڕووی سیاسییەوە بەکار ھێنراوە. ئابووریی سەوز بەرەنگاری شێوازی نرخاندنی سروشت لەلایەن کۆمەڵگەوە دەبێتەوە و داوا دەکات لەھەمبەر چەشنەکانی تردا ھەستی ھاوسۆزیی خۆمان (ئەو ھەستەی لە کۆمەڵگەی ئەخلاقیدا ھەیە) پەرە پێ بدەین، سایەر (٢٠٠٠، Sayer). لە ڕاستیدا، موولـلەر و هاوکارانی (٢٠٠٧، Muuller et al. ) ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە حیزبە سەوزەکان لە ١٩٨٠کانەوە، لە ھەڵبژاردنەکانی چەندین وڵاتی ئورووپاییدا سەرکەوتنیان وەدەست ھێناوە؛ ئەوان (نووسەرەکان) ھەوڵ دەدەن هۆکارەکانی ئەم سەرکەوتنانە بدۆزنەوە و لەو کارەشدا سەر دەکەون. ئەوان دەستنیشانی دەکەن کە ئابووریی سەوز حاشا لە زانستی ئابووری ناکات. لە بەرانبەردا، سیستەمی ھزریی زاڵ لە ئابووریی سیاسیی سەوزدا، ئابووریی بازاڕی لا پەسندە. ھاوکات پێشنیار دەکات کە بازاڕ دەبێ بە توێژێکی قایم لە بنکە و دامەزراوەی دێمۆکراتیک و نابازاڕییەوە ببەسترێتەوە تاکوو سەقامگیریی ژینگەیی دەستەبەر بکرێت، گرین‌وود (٢٠٠٧، Greenwood). ڤۆن وەیزساکر (١٩٩٤، Von Weizsacker) بەڵگە بۆ مۆدێلێکی نوێی ئابووری دێنێتەوە کە بۆ ژینگە زیانی کەمترە.

لەبەر ئەوە کە ئەم مۆدێلە ئابوورییە بەشێوەی سیاسی بەکار ھێنراوە، مەللۆر (٢٠٠٦، Mellor) پاساو دێنێتەوە کە ئابووریی سیاسیی ئێکۆفێمینیست کار و ژیانی ژنان وەک جیھانێکی سروشتی دەبینێت. ئەمە دەتوانێ یارمەتییەکی مەزن بەم ئابووریی سیاسییە بدات، کە تیایدا کار و زیانی ژینگەییی ژنان بە زمانی دراوی (پووڵی) نانرخێندرێن. ھەر چەشنە ئابوورییەکی سیاسی کە ئەم شێوازانەی کار، فۆرمە بە دراو نەکراوەکانی ھێزی کار و سەرچاوە ئابوورییەکان لە خۆیدا جێ نەکاتەوە، لە باری ئێکۆلۆژیکییەوە ناسەقامگیرە و لە ڕووی زانستییەوە ھەم نائاگایە و ھەمیش چاوی بە ڕەگەز (gender)دا ھەڵنایەت و یارمەتیدەری نایەکسانیی ڕەگەزی و چەوسانەوەی ھێزی کاری دانپێدانەنراو و بێ بەرانبەر (بێ مووچە)ی ژنانە. بەگشتی، مەللۆر (Mellor) بەو ئاکامە دەگات کە ئابووریی نەریتیی بازاڕ، تەنیا بەشی پێداویستییەکانی خۆی لە سروشت دەبا و تەنیا ئەو شمەک و خزمەتگوزارییانە بەرھەم دەھێنێت کە قازانج و سوودیان تێدایە و بەمجۆرە، دەبێتە ھۆی زیان و زەرەر، کە لە ئابووریی سەوزدا بە باشی سەلمێنراون ( ٢٠٠٦، Mellor). پاشان ئابووریی سەوز وەدوای وەسەر یەک خستنی گرفتە سیاسی و ئێکۆلۆژیستییەکان دەکەوێ و بە میتۆدی زانستی ئابووری بەڵگە دەخاتە ڕوو.

دەبێ ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە لە ئابووریی سیاسیی سەوزدا، دەکرێ لەنێوان تیۆری و کرداردا ناتەبایی و لێکخشان بێتە ئاراوە. بەو شێوەیە، کاریگەرییە سیاسییەکان دەکرێ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاواز بێت. دەتوانین نموونەیەک لە کتێبی مەندۆنکا و هاوکارانی (٢٠١٠، Mendonca et al. )، بە ناوی وەگەڕخستنی ئابووریی سەوز بھێنینەوە. فیت (FIT) “پارەدانی وزەی نۆژەنکراو” یان “کڕینی ئەرخایەنیی کارەبا” بە باشترین ستراتێژی بۆ دابینکردنی وزەی سەوز بە میکانیزمێکی ھاندەرانەی دروست دادەنرێت. حکوومەت قانوون دادەنێ و بە پشتئەستووری بەو قانوونانە، نرخی گونجاو و ئەرخەیان بە بەرھەمھێنەرانی کارەبا دەدەن بۆ فرۆشتنی کارەبا بەرھەمھاتووەکانیان بە تۆڕە خۆجێییەکان. بەڵام کتێبەکە ئاماژە بە سیاسەتی فرەچەشن لە پێوەندی لەگەڵ ئەنجامەکان لەنێو وڵاتاندا دەکات. ھەڵبەت ئەمە بۆ ئەو ھۆکارە دەگەڕێتەوە کە ھەموو وڵاتان بە دوای ھەمان ئەنجامەوە نین، مەندۆنکا و هاوکارانی(٢٠١٠، Mendonca et al. ).

ھیندێک لێکۆڵەر بەگومانن کە سیاسەتی سەوز بتوانێ تەنیا پێوەندیی بە مژارە ژینگەیییەکانەوە ھەبێت. سیۆسیرلان و یاندلە (٢٠٠٣، Ciocirlan and Yandle) پێداگری دەکەن کە مەبەست لە داھاتانەی سەوز زیاتر بۆ بردنەسەری سوودی داھاتانەیە تا خاوکردنەوەی ئەو چالاکییانەی کە دەبنە ھۆی پیسبوونی ژینگە؛ ئەو نووسەرانە ئەنجامی ئەزموونیی دانراو لەسەر وڵاتانی OECD دەخەنە بەردەست. ھەروەھا، سڤەندسن و هاوکارانی (٢٠٠١، Svendsen et al. ) لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر داھاتانەی سەر دوو ئۆکسیدی کاربۆن CO2 لە وڵاتانیOECDدا ئەنجام دا کە دەریدەخات کە سیستەمی ھەنووکەییی داھاتانەی سەوز، ئێجگار لە دیزاینی دڵخواز بە دوورە. دانەرەکان گومانیان ھەیە کە لۆبییەکی فەرمیی پیشەسازی لە دژی داھاتانەی سەوز لە ئارادا بێت و دۆزینەوە ئەزموونییەکانیان لەسەر داھاتانەی سەر دوو ئۆکسیدی کاربۆن CO2 لەنێو وڵاتانیOECDدا ئەم پێشبینییە تیۆریکییە پشتڕاست دەکەنەوە. مەککولۆچ (٢٠٠٨، McCulloch) بە تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی نیگەرانیی ڕوو لە ھەڵکشان سەبارەت بە ژینگە لەسەر سیاسەتی بریتانیا لە بیست ساڵی ڕابردوودا، گوشاری سەوز شەنوکەو دەکات. ناوبراو بەتایبەتی لەسەر سیستەمی پیشەسازی و پەیوەندییەکانی بە سیاسەتی ژینگەیییەوە ڕاوەستە دەکات. پلانی ئابووریی سەوز لەلایەن پێرس و هاوکارانیەوە (١٩٨٩، Pearce et al) خراوەتە بەر باس. لە ڕوانگەی جەکسۆنەوە (١٩٩٠، Jackson)ئەوەی دوایی، لە باس و مشتومڕی پێکەوەبەستنەوەی نابەدڵی زانستی ئابووری و ژینگەدا، یارمەتییەکی ورد و بیر ورووژێنی پێ بەخشیوین.


٥. ژینگە و پەرەسەندنی بەردەوام

ستراتێژیی پەرەسەندنی ئابووریی سەوز کە لە پاری پێشوودا شی کرایەوە، دەکرێ وەک بەردەوامی “sustainability”یش باس بکرێت. ئەم بەردەوامییە یان پەرەسەندنی بەردەوامە”sustainable development”، لە ئابووریی سەوزدا فاکتەرێکی بناخەیییە. بۆ جێبەجێکردنی، کۆمەڵێک تیۆری و سیاسەت ھێنراونەتە ئاراوە. لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر پەرەسەندنی بەردەوام ھەیە کە پرسگەلی بەربڵاو تاوتوێ دەکات. ئارچیبووگی و نیژکامپ (١٩٨٩، Archibugi and Nijkamp) دەستنیشانی دەکەن کە پەرەسەندنی بەردەوامی ئابووری پێویستیی بە بەکارھێنانی میتۆد و ئانالیزێکی ئابووریی-ئێکۆلۆژیکیی یەکپارچە ھەیە. تورنەر لە پێداچوونەوەیەکدا (١٩٩٢، Turner) ڕایدەگەیەنێت کە بۆچوون و ڕوانگە دەربڕاوەکان بۆ ئەوە دەبن نوێنەرایەتیی ئەو بیرە بکەن کە لە نیوەی ١٩٨٠کاندا زاڵ بوو. لەو ماوەیەدا، چەمکی بەردەوامیی لە ھەوڵ و تەقەلادا بوو سەرنجی ئاکادیمیک و گونجاویی سیاسی وەدەست بێنێت. بە شێوەیەکی تایبەتی، ئەوان پاساو دێننەوە کە ناکرێت بەردەوامی، بە بەکارھێنانی تاکە پێوەرێک پێوانە بکرێت.

بەرھەمی جەیکۆب (١٩٩٣، Jacob) لەسەر ئابووریی ژینگەیی، بەردەوامی و لێکەوتە شیمانەیییە سیاسی و دامەزراوەیییەکانی لە دواڕۆژدا، ھێزەکانی بازاڕ تەنیا وەک ھۆکاری کاولکردنی ژینگە چاو لێ ناکات، بگرە بە ھێزگەلێکیان دادەنێ کە بکرێ بۆ دابینکردنی بەردەوامی بەکار بێن. بەرھەمی ئاماژەپێکراو لە گۆشەنیگایەکی ئەزموونی، ژیربێژییانە و ئەخلاقییەوە بەڵگە دەخاتە ڕوو. (ھەروەھا، بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە ئۆپشوور، ١٩٩٥، Opschoor). ئادەم (٢٠٠١، Adam) ڕیشەدۆزیی بەردەوامیی دەکات و ئاماژە بە چەندین واتای جیاواز دەکات، لەوانە بەتەنگەوەبوونی ژینگەی بازاڕ و نۆژەنکردنەوەی ئێکۆلۆژیکی، کە خوازیاری چارەسەری یاسایی و تەکنیکیی کێشەکانی ژینگەیە (ھەروەھا سەیری کلووستەر، Klooster، بکە بۆ لێکۆڵینەوەکەی).

بە ئاماژە بەوە کە شارەکان یەکەی شوێنیی پاسیڤ و ناچالاک نین، بەڵکوو لەوانەیە لە بەرھەمھێنانی پەرەسەندنی بەردەوامدا ڕۆڵی چالاک بگێڕن، کاماگنی و هاوکارانی (١٩٩٨، Camagni et al. ) چوارچێوەیەکی تایبەت بۆ ئابوورییەکی بەردەوام لە شارێکدا ئامادە دەکەن کە خاوەنی دیمەنگەلێکی نەبزووت و پڕجووڵەیە. ئەوان پێشنیار دەکەن کە بە ئامانجی گەیشتن بە ئەنجامی ئاوەدانکردنەوەی شارێکی سەقامگیری ھاوسەنگ، پەرە بە سیاسەتی دەستتێوەردەرانەی گونجاو بدرێت. ئەو پێشنیارانەی ئەوان پێشکەشی دەکەن بەردەوامیی پێوەندیدار بە شار لە ژینگە فیزیکی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بوارە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەستتێوەردان، سیاسەتی باشترکردنی بە یەکەوە بەستنەوەی ژینگەکان، پێوەرەکانی داھات و . . . لە خۆ دەگرن.



٦. بەرھەمی نەتەوەیی سەوز، ژمێریاری و ھەڵدانی بەرھەمدەری

ئەم بەشە بۆ یەکخستن و ھاوئاھەنگیی چارەسەرییە ئابوورییەکان بەمەبەستی کارکردنە سەر ژینگە، میتۆدگەلی جێگرەوە دەخاتە ڕوو.

بە دوای چەمکی بەرھەمی نەتەوەیی سەوزدا، بەرھەمی نەتەوەیی لەگەڵ نرخی زیانە ژینگەیییەکاندا هاوئاهەنگ دەکرێت (ئاھایم و نویبۆری١٩٩٥، Aaheim and Nybory). وەیزمان (١٩٧٨، Weizman) بناخەیەکی تیۆریکیی سەرجەمی بەرھەمی نەتەوەیی پێشکەش دەکات. ئاھایم (١٩٩٧، Aaheim) بەمەبەستی ڕاستکردنەوەی زیانی ژینگەیی لە ژمێریاریی نەتەوەییدا بۆ پێوانەکردنی بەردەوامی، پاشکۆیەک ئامادە دەکات. بۆ نموونە، ئەم پێوەرە ڕاستکراوەیە لە پێوانەکردنی ڕێژەی بەردەوامیی ئابووری لە وڵاتانی لە بواری سامانی ئابوورییەوە دەوڵەمەند و وڵاتانی ھەژار لەو بوارەدا، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت.

ئاھایم و نیبۆری (١٩٩٥، Aaheim and Nybory) ڕووناکی دەخەنە سەر ھیندێک گرفت و تەنگوچەڵەمە کە پێوانەی سەرجەمی بەرھەمی نەتەوەیییان خستووەتە نێو خەرمانەی خۆیانەوە. ئەوان بە کەڵکوەرگرتن لە مۆدێلگەلی وایزمەنی (Weizman-based models)، گریمانە پێکناکۆکەکانی خۆیان و شێوەی نرخاندنی ژینگە، گرفتگەلی بنەڕەتیی دەخەنە ڕوو. ئەوان پێداگری دەکەن کە ئەو زانیارییانەی کە لە سەرجەمی بەرھەمی نەتەوەییی سەوزدا ھەن، لەوانەیە بەئاسانی بە ھەڵە لێکبدرێنەوە و بەبێ ئەوەی پشتڕاست بکرێنەوە یان بەبێ ڕوونکردنەوەی بانگەشەکان، پێدەچێت جێی باوەڕ نەبن. کەمیی زانیاری و پێوەری گونجاو لەوانەیە سنوورداریی شیمانەیی لە زانیاریی سەرجەمی بەرھەمی نەتەوەیی سەوزدا ڕوون بکەنەوە. ھێبێرلینگ و هاوکارانی (٢٠١٢، Heberling et al. ) پێوەرێکی ئابوورییان بۆ سەقامگیریی ناوچەیی کە بە بەرھەمی ناوچەییی تۆڕی سەوز (GNRP) ناسراوە، ئامادە کردووە و لە San Luis Basin ھەڵکەوتوو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا خستوویانەتە بواری کرداری و جێبەجێکردنەوە. ئەوان بەرھەمی ناوچەییی تۆڕی سەوز، (GNRP)  بە پێوەرێکی لاواز بۆ بەردەوامی دەنرخێنن و دڵەخورپە و نیگەرانییەکان لەسەر میتۆد و لێکۆڵینەوەکانیان دەخەنە بەر باس.

لە “ژمێریاریی سەوز بۆ ئابوورییەکی بەردەوام”دا بارتەلموس (١٩٩٩، Bartelmus) بۆ ھەڵسەنگاندنی بەردەوامیی ھەڵدانی ئابووری، پێشنیاری بەکارھێنانی سیاسەت و ئانالیزی حیساباتی ژینگەیی دەکات. لە لێکۆڵینەوەیەکی پێوەندیداردا، کایرنس (٢٠٠٢، Cairns) داھات و دەرکەوتی نەتەوەییی سەوز دەخاتە بەر باس. ناوبراو ئەو دووە (واتە: داھات و دەرکەوتی نەتەوەیی) لێک جیا دەکاتەوە تاکوو تیشک بخاتە سەر ھیندێک کێشە لە ژمێریاریی نەتەوەییی سەوز بە قازانجی سەرمایەشەوە. ھەرچەند کۆی ئەنجامەکانیان وەک یەکن، کایرنس پێشنیار دەکات کە بۆ ئانالیزی ھەستیاریی ئاکام، پێویستە جۆری جیاوازی بەھاکەمکردنەکان لە حیساباتی داھات و دەرکەوتەکاندا دیاری بکرێن. بۆید (٢٠٠٧، Boyd) بە شێوەیەکی تایبەتی ھەوڵی پێوانەکردنی قازانجە ژینگەیییەکان لە بارودۆخێکدا دەدات کە پێوەرەکانی بازاڕ وەک جێگرەوە تێیدا بەکار نەهاتبن. نووسەر، بۆ شوێنپێ ھەڵگرتنی نرخی ژینگەیی، چەمکی “خزمەتگوزارییەکانی ئێکۆسیستەم” دەخاتە بەر باس و بە چەندین مەبەست و گرفت لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم خزمەتگوزارییانەی ئێکۆسیستەم ئاماژە دەکات.

پریلس (١٩٩٠، Prieels) ڕاپۆرتێکی لەسەر بەھا و ژینگە بۆ وەزارەتی ژینگەی بریتانیا ئامادە کرد. ناوبراو ئامانجی ئەوە بوو بە دۆخی تەکنیکیی بواری پەرەسەندنی بەردەوام، ژمێریاریی سەرچاوەی سروشتی و نرخاندنی پرۆژەدا بچێتەوە. پریلس ژمارەیەکی زۆر ڕێباز و شێوە کار پێشکەش دەکات. گزین (٢٠٠٦، Xin) ئایدیایەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەییی سەوز (green GDP) پێشنیار دەکات. سیستەمی بەراوەردنوێن(index)ی هەنووکەییی کۆنترۆڵکردنی ئابووریی نەتەوەیی، بە شێوەی گشتگیر لەگەڵ چەمکی پەرەسەندنی بەردەوامدا نایەتەوە. سیستەمەکە دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنیی چالاکییە ئابوورییەکان نیشان بدات، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی چالاکییە ئابوورییەکان تیایدا ڕەنگ نادەنەوە. گزین کۆمەڵێک بیرۆکە لەسەر میتۆدی بەراوردنوێنیی نوێی پێوەری سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەییی سەوز دەخاتە بەردەست.

ھەوڵدان بۆ وەدەست ھێنانی قازانج و بەرخۆریی (مەسرەف) زۆر بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان و پیسبوونی ژینگە. وانگ و هاوکارانی (٢٠١١، Wang et al. ) لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر پەرەسەندنی ئابووریی سەوز لە شاندۆن (Shandong)دا ئەنجام دا. ئاکامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەریدەخەن کە ئابووریی سەوز خەریکە بۆ چارەسەری ناتەباییەکانی نێوان ھەڵدانی ئابووری و ژینگەی سەرچاوە ئابوورییەکان ڕێگایەک دەدۆزێتەوە. لێکۆڵینەوەکە ئەو ڕێگایە پیشان دەدات کە بە گرتنەبەری، دەکرێ پەرەسەندنی بەردەوام وەدی بێ و ھەروەھا دەریدەخات کە چۆن بە دامەزراندنی ئابوورییەک کە ئاستی بەرەڵاکردنی دوو ئۆکسیدی کاربۆن تیایدا نزمە، ئابووریی سەوز لە شاندۆنگ بەڕێوە ببرێت.

موسو (٢٠١٠، Musu) ئەو پرسیارە بەرز دەکاتەوە کە داخۆ ئابووریی سەوز چاوەڕووانییەکی مەزنە یان تراویلکەیەکی زەبەلاح و چاوهەڵخەڵەتێن. بە گوێرەی لێکدانەوەی ناوبراو، ژمێریاریی هەڵدانی ساکار دەریدەخات کە کاریگەریی نەرێنیی ڕێژەی هەڵدانی ئابووری لەسەر ژینگە دەکرێ بە “شوێندانەریی پێکهاتەیی” قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمە بەو مانایە دێت کە کێشی ئەو بەرهەمانەی کە کەمتر ژینگە پیس دەکەن، زیاد بکرێن. پێشکەوتنی تەکنیکی کە لە قازانجی ژینگەدایە ڕێگا بۆ هەڵدانی بەردەوام خۆش دەکات. مۆهانتی و دێشموخ (١٩٩٨، Mohanty and Deshmukh) لەسەر وەدیهێنانی گۆڕانکاری لە پێوەندی لەگەڵ بەرهەمدەریی سەوزدا پێداگری دەکەن. ئەوان بۆ  هێنانەکایەی گۆڕان، هیندێک ڕێڕەوی ستراتێژیک دەخەنە ڕوو، لە ڕێگای پێداگری لەسەر بە بەرزترین ئاست گەیاندنی بەرهەمهێنان، (maximisation of outputs) کە لەگەڵ مەسرەفی بەکارهێنراوە بەرهەمدارییەکان (consumption of inputs) هاوڕێژەن. ئەم تێڕوانینە لە ڕووی تەکنۆلۆژییەوە خۆشبینانەیە، لە مودێلی پەرەسەندنی نابەردەوامی هەنووکەیی، لەلایەن هیندێک لە نووسەرانی ئابووریی سیاسیی سەوزەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و بەشێوەیەکی ڕەخنەییش لەلایەن جۆن دریزەک (٢٠٠٥، John Dryzek) و ڕەخنەگرانی دیکەی نوێکردنەوەی ئیکۆلۆژیکییەوە (بۆ نموونە، باڕی، ١٩٩٩؛ کریستۆف، ١٩٩٦) و گریمانە بنچینەییەکەی سەبارەت بە “چەماوەی ژینگەییی کووزەنتس” (EKC) ئانالیز کراوە. ستێرن (٢٠١٤، Stern) نرخاندنێکی فرە نوێ و ڕەخنەگرانە لە چەماوەی ژینگەییی کووزەنتس(EKC) ئامادە دەکات.

هەڵدانی چۆنایەتی وەک لە لایەن کاپرا و هێندێرسۆنەوە (٢٠٠٩، Capra and Henderson) پێشنیار دەکرێت، چوارچێوەیەکی تیۆریکییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریگەلێک بۆ قەیرانە ئابوورییە جیهانییە هەنووکەیییەکان، کە لە ڕووی ئابوورییەوە سالم، لە باری ئێکۆلۆژیکییەوە بەردەوام و لە بواری کۆمەڵایەتییەوە عادڵانە بن. جەکسۆن و ڤیکتۆر (٢٠١١، Jackson and Victor)، لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، لە ڕێگای هیندێک کاردانەوەی تیۆریکی و تاقیکردنەوەی ئەزموونییەوە، بەرهەمدەری و کار لە ئابووریی سەوزدا دەنرخێنن. ناوبراوان لەسەر چەمکی بەرهەمدەری لە ئابووریی دوای هەڵداندا دەکۆڵنەوە و “داوی بەرهەمدەری” کە لە ئاکامی پەیگیریی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بەرهەمدەریی هێزی کاردا دێتە ئاراوە، پێناسە دەکەن. جەکسۆن و ڤیکتۆر دەپرسن کە داخوا باشتربوونی بەرهەمدەریی هێزی کار، بەڕاستی دەبێتە هۆی گەیشتن بە ژیانێکی بەهادار و شیاو یان نا. ئەو نووسەرانەپێداگری دەکەن کە باشتربوونی بەرهەمدەریی هێزی کار، نزمبوونی ئاستی دامەزراندنی (کارپێدانی) لێ دەکەوێتەوە. بۆ دەربازبوون لەم داوی بەرهەمدەرییە، ئەوان بیر لە دابەشکردنی کار دەکەنەوە و دوو ڕێگاچارە دەخەنە ڕوو. پەڕینەوە بۆ ئابووریی سەوز بە جێگۆڕکێی سەرنجەکان لە چالاکیی ئابوورییەوە بۆ کەرتی خزمەتگوزاریی سەوز، پێشنیار دەکرێت. لە پێوانەکردنی بەرهەمدەریدا، فارێ و هاوکارانی (٢٠٠١، Fare et al. ) بە ئاماژە بە کاریگەرییە دەرەکییەکانی پێوەندیدار بە بەرهەمهێنان {پیسکردنی ژینگە وەک نموونە؛ وەرگێڕ} لەنێوان بەرهەمهێنیی چاک و خراپدا جیاوازی دادەنێن. ئۆ‌هـ و هشمەتی (٢٠١٠، Oh and Heshmati) پێوەرێکی بەرهەمدەریی هەستیاریی ژینگە حسێب دەکەن کە پێوەری بەرهەمدەریی بەرەڵاکردنی پیسی (بۆ نێو ژینگە) بەرەو خوارەوە ڕێک دەکات. ئەمە هەنگاونانێکە لە هەڵدانی ئابووریی نەریتییەوە بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بناخەدانراو لەسەر خزمەتگوزاری و باشبژیویی مرۆڤ. ئەم بابەتە شیاوی لێ قووڵبوونەوە و باسی بەرنامەبۆداڕێژراوی زیاترە کە لە دەرەوەی سنووری ئەم وتارەدایە.



٧. بوارە هەڵبژێردراوەکانی جێبەجێکردنی سەوز

لەم بەشەدا بوارەکانی پیادەکردنی سەوز، لە نێویاندا شۆڕشی سەوز، ئابووریی بازنەیی، تۆڕە پیشەیییە سەوزەکان، بەرهەمی سەوز و بەکارهێنانی بەرهەمی دەوامدار و بوارەکانی دیکەی وەک کیمیای سەوز {شێوەیەکە لە بیرکردنەوە؛ وەرگێڕ.}، شارۆمەندیی سەوز و جووڵانەوە سەوزەکان دەخرێنە ڕوو.


٧. ١ شۆڕشی سەوز و گۆڕان لە تەکنۆلۆژیی کشتوکاڵیدا

لەو شوێنانە کە بازاڕ لە تەرخانکردنی سەرچاوە سنووردار و دەگمەنەکاندا بە ئاکام ناگات، پێویستە بۆ ڕاستکردنەوە(ی بارێکی وا) سیاسەت و ڕێسا هەبن. ئالمۆس (١٩٩٤، Almås) بە پێداگری لەسەر پێوەندیی نێوان یاسا و ڕێسای دەوڵەت، ئابووریی بازاڕی لیبراڵیستی و پاڵپشتیی خۆشبژیویی جووتیاران، هەڵسووڕانی سیاسەتی کشتوکاڵی دەخاتە بەر باس. زۆربوونی حەشیمەت و بەرزبوونەوەی خواست و بەرهەمدەری، ئەو کێشە گرینگانەن کە گوشاری سەر ژینگە و سەرچاوە ئابوورییەکانن. لەبەر ئەوە، پرسی بەرهەمهێنانی خواردەمەنیی پێویست لە هەر کاتێک جیددی و هەستیارترە. هۆرلینگز و مارسدن (٢٠١١، Horlings and Marsden) ڕەهەندە واتایییەکانی مۆدێڕنیزەکردنی ئێکۆلۆژیکیی کشتوکاڵ -شۆڕشی سەوز-، کە لەوانەیە بتوانێ خۆراکی جیهان دابین بکات، تاوتوێ دەکەن.

لەو ساڵانەی دواییدا بە دوای کرانەوە، ئابووریی سەوز و میتۆدی کاریگەر و بەردەوام کە لە بەکارهێنانی سەرچاوەکاندا  (کەرەستەکانی ئابووریدا) کەڵکی لێوەردەگیردرێت، بە ڕێگەچارەی سەرکەوتوو بۆ باشترکردنی پەرەسەندنی ئابووری و جڵەوکردنی تێکچوونی ژینگە لە وڵاتی چیندا دێتە ئەژمار. لێکدانەوە و بۆچوون لەسەر هیندێک کێشە لە سەرچاوە ژینگەیییەکانی کشتووکاڵدا لەلایەن هاونگ و هاوکارانییەوە (٢٠٠٢، Huang et al. ) پێشکەش کراون. بارودۆخی ژینگەییی هاوشێوە لەوانەیە لە وڵاتە یەکگرتووەکان(ی ئامریکاش)دا لە ئارادا بێت. گرنگی و بایەخی ڕێژەییی پیشەسازیی سەوز لە پیشەسازیی کشتوکاڵیی وڵاتە یەکگرتووەکاندا لە هەڵکشاندایە. تورنەر و کریسەل (١٩٩٥، Turner and Kriesel) قەبارەی ڕێژەییی پیشەسازیی سەوز و چۆنییەتیی بەستنەوەی بە پیشەسازیی پشتگیرانەوە شی دەکەنەوە.

سەبارەت بە شۆڕشی سەوز لە هیند، چاکراڤارتی (١٩٧٣، Chakravarti) باسی چۆنییەتیی خستنەڕووی تۆوی پێوەندکراو و فرەبوونی بەروبووم دەکات کە لەوانەیە یارمەتیی بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە ناوچەیییەکان، بەرگەنەگریی و قاتوقڕیی دابێت. سەرەڕای ئەوەش، چ باندۆرێکی گرینگ لەم بارەیەوە لە دنیای ڕاستیدا بوونی نییە. یانگ (٢٠٠١، Yang)، وەک بیرکردنەوە لەسەر ستراتێژیی پەرەسەندنی ئابووریی سەوز، باس لەو ڕێگایانە دەکات کە ئابووریی سەوز دەبێ بیانگرێتە بەر. کێشەگەلی شۆڕشی سەوز و هەژاری، لێکدانەوەی تیۆری و ئەزموونیی پێوەندیی نێوان تەکنۆلۆژی و کۆمەڵگە و قازانجە ئەرێنی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەژاران بەشێوەی ڕەخنەگرانە لەلایەن داسەوە (٢٠٠٢، Das) شەنوکەو کراون. یاپا (٢٠١٠، Yapa) پێداگریی لەسەر ئابووریی سیاسی-ئێکۆلۆژیکیی شۆڕشی سەوز دەکات. لێرەدا شۆڕشی سەوز زنجیرەیەک هەوڵ و تێکۆشان لە خۆ دەگرێت کە مەبەست لێیان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراک لە جیهانی سێهەمدایە. بردنەسەری ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراک دەکرێ  بە وەلانانی جۆرە سوننەتییەکانی دانەوێڵە و دانانی ئەو جۆرانەی کە ئاستی بەرهەمدەرییان بەرزە لە جێگایان و هەروەها بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیی مودێڕنی کشتوکاڵی مەیسەر ببێت.

وەک لە شۆڕشی سەوزدا سەلمێنراوە، فۆستەر و ڕۆزنزوەیگ (١٩٩٦، Foster and Rosenzweig) لەسەر گۆڕانکاریی تەکنیکی و قازانجی سەرمایە و سەرمایەگوزاریی مرۆیی دەکۆڵنەوە. بۆ ئەم مەبەستە، ئەوان لە زانیاریی کۆڕ و “زنجیرەی کات” کەڵک وەردەگرن تاکوو ماوەی شۆڕشی سەوز لە هینددا شی بکەنەوە، بۆ ئەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییە تەکنیکیە دەرەکییەکان لەسەر قازانجی کاریی خوێندن (the returns to schooling) بنرخێنن. وەک ئاکامی وڵام وەرگرتنەوە (feedback) و کارتێکەریی دوولایەنەی هۆیی، شوێندانەریی خوێندن لەسەر سوودمەندیی گۆڕانی تەکنیکی و (هەروەها) کاریگەریی گۆڕانی تەکنیکی و دەستپێڕاگەیشتوویی خوێندنگە، لەسەر خوێندن و سەرمایەگوزاریی خێزان بە وردەکاریی زیاترەوە باس دەکرێن. لە ساڵانی دواییدا، کشتوکاڵی ئەستوونی وەک تەکنۆلۆژییەکی نوێی کشتوکاڵی شاری، بۆ دەست پێوەگرتن و پاشەکەوتی سەرچاوە دەگمەنەکانی خاک و ئاو، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی پێداویستییەکانی گواستنەوە و بۆ زیادکردنی خستنەڕووی خواردەمەنی لە هەرێمە پڕحەشیمەتەکاندا هاتووەتە ئاراوە. بڕوانە دەسپۆمییەر (٢٠١٣، Despommier).

گەڵاڵەیەک بۆ ژینگە بە ئاماژە بە مودێلێکی ئاستبەرز بۆ بەرهەمی سەوز لەلایەن چێنەوە خراوەتە بەر باس (٢٠٠١، Chen). ناوبراو، لەباتیی میتۆدی نەریتییی کۆنترۆڵی کۆتاییی لوولە ” The traditional end-of-pipe-control approach”، باس لە پەرەدان بە بەرهەمێکی سەوز دەکات کە لە ڕێگای گەڵاڵەداڕێژی و نوێهێنانەوە پرسە ژینگەیییەکان دەستنیشان دەکات. چێن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پەرەسەندنی بەرهەمی سەوز خەریکە لە لایەن بەشدارانی بازاڕی جیاجیاوە، لەوانە کڕیاران، پیشەسازییەکان و حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیهانەوە سەرنجی دەدرێتێ. ناوبراو مودێلێکی ئاستبەرز بۆ ئانالیزکردنی پرسە سیاسی و ستراتێژیکییەکان دەخاتە ڕوو کە بۆ دروستکردنی بەرهەمگەلێک کە لەگەڵ خەسڵەتی ژینگەیی و نەریتیدا کێشەیان هەیە، پێویستە.

هیندێک بەرهەمی کشتوکاڵیی وەک برنج، لەبەر ئەوەی بە خۆراکی سەرەکی دادەنرێن و وزەی دووبارە بە شۆڕشی سەوز دەبەخشن، لە باری مێژوویییەوە تاقە کاڵای هەرە گرینگی بەشێکی زۆر لە ئاسیادا بووە. ئەم گرینگییە بۆ سێ هۆی جیاواز دەگەڕێتەوە: ئەم جۆرە خواردنانە بڕێکی گەورە لە کالۆریی خۆراکی دابین دەکەن، پشکێکی فراوان لە چالاکیی ئابووریی گوندنشینان پێک دەهێنن و لەبەر ئاسایشی بەرچاوی خۆراکی و ڕۆڵی ئابووری، وەک شمەکی سیاسییان لێ هاتووە. لەبەر ئەوە، داوە (١٩٩٨، Dawe) پێی وایە کە بە تێپەڕبوونی کات برنج لە ناوچەی ئاسیادا وەک بەروبوومی هەرە گرینگ دەمێنێتەوە.

پرسگەلی پێوەندیدار بە پەژراندنی تەکنۆلۆژی لە سیستەمە چڕەکانی شۆڕشی پاش سەوز (post-green revolution) لەلایەن کۆلین و هاوکارانییەوە (٢٠٠٥، Collin et al. ) باس دەکرێن. نووسەران لەسەر ڕەوتی پەسندکردنی تەکنۆلۆژی دەکۆڵنەوە و باس لەوە دەکەن کە گۆڕانی تەکنیکی چۆن بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵی گرینگ لە هەڵدانی بەرهەمدەریی بەردەوامدا. ڕەوتی پەژراندنی تەکنۆلۆژی، لە ژێر کاریگەریی چەند فاکتەرێکی وەک سەرمایەگوزاریی ڕوو لە هەڵکشان لە بواری پەروەردە و بارهێنان، ژێرخانی ئابووری، سەرمایەگوزاریی گشتی و تایبەتی و باشبوونی لێهاتوویی تەکنۆلۆژیکیدا بووە. سەرنج زیاتر لەسەر سیستەمەکانی ئاودێریی دەغڵودان (دانەوێڵە) لە ئاسیادا چڕ بووەتەوە کە لەوێدا شۆڕشی سەوز پێشکەوتووتر بووە. نووسەران پێداگری دەکەن کە گۆڕانی سەرەکی لە ژێر کاریگەریی بەرچاوی پەسندکردنی تەکنۆلۆژی و هەڵدانی بەرهەمدەری لێرە هاتووەتە ئاراوە.

هاوکات ڕەخنەشیان لە شۆڕشی سەوز هەیە. ئەوان بەردەوامیی ئیکۆلۆژیکی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەن کە بەرهەمی تەکنۆلۆژین و گۆڕانی کشتوکاڵی لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا کە تێیدا سەرنج لەسەر بەرهەمدەری چڕ بووەتەوە، دەبەنە ژێر پرسیار. بەشێوەی بەرچاو، لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسی-ئێکۆلۆژیییەوە شیڤا (١٩٩٢، Shiva) شۆڕشی سەوز لە هیندوستان بە گۆڕینی سیستەمی خۆراکیی وڵات بۆ مۆدێلێکی ناسەقامگیر لێک دەداتەوە کە لەسەر بنەمای کۆمپانیا زەبەلاحەکان دامەزراوە کە خستنەڕووی خواردەمەنییان لە ژێر دەستدایە و لە بەرژەوەندیی جووتیارە مەزنەکاندا دەجووڵێنەوە و بەسراوەیی بە فاکتەرەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کە پشتبەستوو بە بەکارهێنانی نەوتن، زیاد دەکەن. ئەم کارە سیستەمێکی کشتوکاڵی دەخوڵقێنێت کە لە نێو ئابووریی جیهانیدا بەند دەبێت و میتۆدی نەریتی، بەردەوام و ئورگانیک بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک و هەروەها سەروەری و ئاسایشی خۆراک لاواز دەکات.


٧. ٢ ئابووریی بازنەیی (Circular economy)

کۆمەڵێک ئەدەبیات سەریان هەڵداوە کە هەرکامیان هەڵگری بژارەیەک لە ئابووریی سەوزن. هیندێک فۆرمی تایبەتیی ئابووریی سەوز بریتین لە ئابووریی بازنەیی، ئابووریی هیدرۆژێن و ئابووریی کەم کاربۆن. ئەم بەشە باسی ئابووریی بازنەیی دەکات.

ئابووریی بازنەیی ستراتێژییەکی پەرەسەندنی جێگرەوەی تا ڕادەیەک نوێیە کە تیایدا سەرنج بە تەواوی لەسەر بەکارهێنانی کەرەستە (material) و وزە (energy) چڕ دەبێتەوە. یوان و هاوکارانی (٢٠٠٢، Yuan et al. ) چەمکی ئابووریی بازنەیی و پاشخان و ڕەچەڵەکەکەی بەکورتی دەخەنە ڕوو. بە بۆچوونی ئەوان، چەمکی ئابووریی سەوز یەکەمجار لەلایەن زاناکانی چینەوە ناسێنرا (هەروەها بڕوانە ژوو، Zhu، ١٩٩٨). لە دواساڵەکانی ١٩٧٠کان بەملاوە، چین هەڵدانی ئابووریی خێرای ئەزموون کردووە، کە زۆربوونی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە دەگمەنیی (سنوورداریی) سەرچاوە ئابوورییە خۆزایییەکان، هەڵلووشین و بەتاڵکردن، پیسبوونی ژینگە و کاولکاریی پێوەندیدار بە پەرەسەندنی خێرای لێ کەوتووەتەوە. لەم بوارەدا، ئابووریی بازنەیی پلانی بۆ داڕێژرا و لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە وەک ستراتێژیی پەرەسەندنی نوێ بە ئامانجی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەڵدانی ئابووریی خێرا و کەمیی کەرەستەی خاو و وزە، بەفەرمی پەسند کرا  (سو و ژوو، Su and Zhou، ٢٠٠٥). ئابووریی بازنەیی، گەڕی کەرەستە و بەکارهێنانی کەرەستەی خاو لەسەر بنەمای کەمکردنەوە، بەکارهێنانەوە و سوود لێ وەرگرتنەوەی کەرەستە نیشان دەدات.

چالاکییەکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا نیشانی دەدەن کە ئابووریی بازنەیی وەک ستراتێژیی ئابووری دەرکەوتووە تا ئەوەی ستراتێژییەکی ژینگەییی پەتی بێت. هەرچەند پارێزگاری لە ژینگەی سەقامگیر کاری بۆ دەکرێت، بەڵام ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی چین، بڕەودان بە پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتییە. هەوڵی جیددیی کردەیی دراون و لە ڕێگای لێکۆڵینەوەوە، کە لە ساڵانی دواییدا بڵاو کراوەتەوە، ئانالیز کراون. (گەنگ و هاوکارانی ٢٠٠٩، Geng et al. ) و گەنگ و دۆبەرستەین (٢٠٠٨، Geng and Doberstein) سەبارەت بە دالیان (Dalian)، کە شارێکە لە چین و ئابووریی بازنەیی تێدا بەکار هێنراوە، لێکۆڵینەوەیان کردووە. ئەوان زنجیرەیەک کۆسپ، ململانێ و هەلی گرێدراو بە جێبەجێکردنی پەرەسەندنی قەڵەمبازی و دەرئەنجامەکانی بۆ بە سەرکەوتووانە بەجێگەیاندنی ئابووریی بازنەیی دەناسێنن. ئابووریی بازنەیی وەک ڕێگاچارەیەکی تایبەتی پێناسە کراوە کە ئەو توانایییە بە وڵاتەکە دەدات کە لە کاولکردنی ژینگەوە بۆ سەر ڕێگای سەقامگیری باز بدات.

بەپێی لی و هاوکارانی (٢٠١٠، Li et al. )، وەک هەنگاوی چارەسەریی گرفتەکانی پاراستن و پاشەکەوتکردنی وزە، سیاسەت و بەرنامەکانی حکوومەتی چین بۆ پاشەکەوتکردنی وزە لەگەڵ ساختاری ئابووریی بازنەیی وڵاتەکەدا ڕاگەیەندران. ئەوان لێکۆڵینەوەی دۆخی تایبەتیی ڕاپەڕاندن و بە کرداری کردنی ئابووریی بازنەیی و پاشەکەوتکردنی وزە لە پیشەسازییە پرۆسەیییەکانی چین پێشکەش دەکەن. ئامانجی ئەوان ئانالیزی لەمپەرە سەرەکییە تەکنیکییەکان و گرفتەکانی کەرەستەی ئابووری و ژینگەیە، بە پێداگرییەکی تایبەتی لەسەر  کەڵکوەرگرتنی کاراتر لە وزە، شێوازی مەسرەفی وزە و  بەرەڵاکردنی گەناڵ (زبڵ) بۆ ناو ژینگە. وانگ و لیو (٢٠٠٧، Wang and Liu) ئابووریی بازنەیی بە ئامرازێکی کارا و شوێندانەر  دەناسێنن کە لە ڕێگایەوە بازرگانیی جیهانی و ئابووری، پتر بە لای “ڕێبازی سەوز”دا دەشکێتەوە تاکوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەی بەها و پێوەرە ڕوو لە هەڵکشانەکانی ژینگە و لەمپەرەکانی سەوزدا یارمەتیدەر بن و بەمجۆرە بە دوای قازانجی بەراوردکارانەی ڕاستەقینەوەن.

دانپیانانێکی باوە کە پەرجۆی (موعجیزە) ئابووریی چین بە بەها و تێچووی ژینگە و سامانی خۆزایی (سروشتی)ی ئەو وڵاتە وەدی هاتووە. گەنگ و هاوکارانی (٢٠١٢، Geng et al. ) سیستەمێکی پێوەری ناوازەی ئابووریی بازنەیی نەتەوەیی لە چیندا دەخەنە ڕوو کە لەسەر پێگە و دۆخی وەدیهێنان و گەیشتن بە ئامانج و ئاکامەکانی ئابووریی بازنەیی زانیاری دەدات. جگە لەوە، ناوبراوان ئانالیزێکی ڕەخنەگرانە لەمەڕ ئەو سیستەمە پێوەرییە دەخەنە ڕوو. سوو و هاوکارانی (٢٠١٣، Su et al. ) پێداگری دەکەن کە ستراتێژیی ئابووریی بازنەیی لە ژمارەیەک ناوچەی تاقیکاری لە چیندا جێگیر کراوە و پەرەی پێ دراوە.

ناوبراوان باس لەوە دەکەن کە لێکۆڵەران بەرهەمی دەوڵەمەندیان سەبارەت بە ئابووریی بازنەیی، هەر لە چەمکە بناخەیییەکەیەوە بگرە تا دەگاتە جێبەجێکردنی بەکردەوەی، بەرهەم هێناوە. جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئابووریی بازنەیی بۆ چین وەک ڕێگایەک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پرسگرە بەپەلەکانی کاولکاریی ژینگە و دەگمەنیی (کەمیی) سەرچاوە ئابوورییەکان دەبینرێت. نووسەرە ئاماژەپێکراوەکان هەروەها پێداچوونەوەیەکی نووسراو ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی دیمەنێکی فراوان لەمەڕ چۆنییەتیی داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم ستراتێژییە دەستنیشان بکەن. پێداچوونەوەکە چەمکەکە، کردەوە هەنوکەیییەکان و نرخاندنی نوێکراوەی ئابووریی بازنەیی لە خۆ دەگرێت. بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ژمارەیییان لەمەڕ چۆنییەتیی پەرەسەندنی ئابووریی بازنەیی هەبێت، ئەوان سەیری ئەنجامی دالیان (Dalian) دەکەن و لەگەڵ سێ شاری تاقیکاریدا –بەیژینگ، شانگهای و تیانجین – بەراوردی دەکەن و  پەنجە لەسەر گرفت و کۆسپەکان دادەنێن. سەرەنجام، ئاکامگیری و پێشنیارگەلێک بۆ پێشکەوتنەکانی دواڕۆژ پێشکەش دەکەن.

بەگشتی، نەبوونی هێزێکی پاڵنەر بۆ پەرەدان بە ئابووریی بازنەیی لە ئارادایە. بۆ ئەوەی یارمەتی بە پەرەسەندنی بەردەوامی ئابووری بدرێت، پێویستە هەڵسوکەوتی حکوومەتەکان لە پەرەدان بە ئابووریی بازنەییدا گۆڕانی بەسەردا بێت. وەک لە پەرەسەندن و جێبەجێکردنی ئابووریی بازنەییدا بینراوە، ڕۆڵی حکوومەت کلیدییە؛ ئەم بابەتە لە لی و لی (٢٠١١، Li and Li)دا وردەکارییەکانی خراونەتە ڕوو. ئاستەنگەکانی سەوز، جۆرێک لە ئاستەنگە ناتاریفەییەکانن کە لە تیۆریی پەرەسەندنی دەوامدار و پاراستنی ژینگەوە سەریان هەڵداوە، بەڵام لەگەڵ قازانجی بەراوردکاریی ڕاستەقینەدا دێنەوە{تاریفە: باجی سەر کاڵای هاوردە، وەرگێڕ}. وانگ و لیو (٢٠٠٧، Wang and Liu) پێیان وایە کە باشترین ڕێگا بۆ زاڵبوون بەسەر لەمپەرەکانی سەوزدا بریتیە لە جێبەجێکردنی پرۆسەگەلی بەرهەمهێنانی بازنەیی و تەکنیکی بەرهەمهێنانی خاوێن.

لە بەراوردێکدا لەنێوان تیۆرییەکانی ئابووریی بازنەیی و ئابووریی نەریتیدا، ژانگ و چێن (٢٠٠٤، Zhang and Chen) نیشانەگەلێک دەدۆزنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم دوو تیۆرییە لە پاڵی یەکدا دەژین و پێکەوە ڕۆڵ دەگێڕن. سوو و هاوکارانی (٢٠١٣، Su et al. ) پێشنیار دەکەن کە حکوومەتی چین دەبێ لە ڕێگای سیاسەتەوە هاندەری ئابووری پەرە پێ بدا بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی کۆمپانیا و دانیشتوان وەگەڕ بخەن. حکوومەت پێویستە درێژە بە پشتیوانیی تەکنۆلۆژییە بنەڕەتییەکان بدات کە بۆ وەدیهێنانی ئابووریی بازنەیی لە چیندا پێویستن، لەوانە بنەماکانی کەمکردنەوە، بەکارهێنانەوە و سوود لێ وەرگرتنەوەی کەرەستە (ئابوورییەکان). بۆ بردنەسەری هۆشیاریی گشتی و بەشداریکردن، دەبێ هەر ماوەیەک جارێک چالاکیگەلی زانیاریدەری پێوەندیدار بە ئابووریی بازنەیی وەڕێ بخرێن. باشترکردنی جێبەجێکاریی یاسا، هەروەها سیستەمی بەڕێوەبردن لەنێو حکوومەتدا، جێبەجێکردنی ئابووریی بازنەییی بەهێز و دەوڵەمەند دەکات.

گرفتی سەرەکیی ئابووریی بازنەیی لە گۆشەنیگای ئابووریی سیاسیی سەوزەوە ئەوەیە کە ستراتێژییەکی ئابوورییە، تا ئەوەی ستراتێژییەکی ژینگەیی بێت. دەکرێ ئەو پرسیارە بکرێت کە داخوا ئابووریی بازنەیی جۆرێکی تری نوێکردنەوەی ئیکۆلۆژیکی و “چەماوەی ژینگەیی کووزەنتس”ـە، واتە ستراتێژیگەلی تێکنۆئۆپتیمیست (techno-optimist) بۆ بە کەسک بوون و درێژەدان بە چالاکییەکان بەشێوەی ئاسایی، یان گواستنەوەیە لە ئابووریی پێگەدانراو لەسەر هەڵدانی ئابووریی هێڵی بۆ شتێکی جیاواز؟ ئەدەبیاتی لەئارادابوو لەسەر ئابووریی بازنەیی سەبارەت بە چین سنووردارن. چەمکی ئابووریی بازنەیی بۆ سیاسەتی فەرمیی ناسراوی شارستانییەتی ئێکۆلۆژیکیی چین دەگەڕێتەوە کە لەوێدا ئابووریی بازنەیی وەک ئامرازێک بۆ وەدیهێنانی شارستانییەتی ئێکۆلۆژیکیی “ئابووریی کاربۆن کەم” لە چیندا بەکار دێت (وەی و هاوکارانی، ٢٠١١، Wei et al. ).


٧. ٣ پیشەی سەوز و تۆڕەکان

جۆنسۆن (١٩٩٨، Johnson) سێ ڕوانگەی سەرەکی لەسەر دیاردەی سەوز لە پیشەدا ڕیزبەندی دەکات. یەکەمیان، هەرە باو و ئاساییەکەیان، ئەوەیە کە پیشەگەلی سەوز ڕەنگدانەوەی مەسرەفگەرایی (هۆگری بۆ بەکاربردنی کەلوپەلی ئابووریی) سەوزن. دووهەمیان ئەوەیە کە پیشە سەوزەکان بەرهەمی یاسا و سیاسەتگەلێکی گشتین کە کۆمپانیا و بەکاربەر ناچار بە چوونە ناوی فەزای سەوز دەکەن. ئەم بۆچوونانە بە باشی لە ڕوارتی (١٩٩٧، Roarty)دا ڕەنگیان داوەتەوە کە نیشانی دەدا کە لە ژێر ڕەوەندی ڕوو لە گەشەدا، مەسرەفگەراییی سەوز ڕەنگدانەوەی چوونەسەری ژمارەی بەکاربەرانە کە پێیان باشترە ئەو بەرهەمانە بکڕن کە پێوەری بەرزی ژینگەپارێزییان تێدا ڕەچاو کراوە. کۆمپانیاکان دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەوەندانەی بازاڕ و لە ژێر پاڵەپەستۆی یاساکانی ژینگە و خواستی بەکاربەران جێ دەگرن کە پێوەرگەلی بەرزی چۆنایەتیی ژینگە دادەنێن. بەمجۆرە، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ گرفتە ژینگەیییەکاندا بەکردەوە چالاکیان دەکات. سەرەڕای ئەوەش، جۆنسۆن (Johnson) پێی وایە کە پێڕەوی کردن لە ڕوانگەی سێهەمی پیشەگەلی سەوز، ڕەنگدانەوەی سیستەمی بیری ئێکۆلۆژیکیی نوێیە.

زیاتر لەوە، زۆلنای (٢٠٠٢، Zsolnai) لەسەر دوو ڕێباز ئانالیز دەکات و دەیانخاتە ڕوو کە ئامانجیان سەقامگیریی ئیکۆلۆژیکییە، کە لەوێدا سەقامگیریی ئیکۆلۆژیکی ئاماژە بە ئەو ڕاستییە دەکات کە بەهای ئیکۆلۆژیکیی ئێکۆسیستەمە خۆزاییەکان نابێت بە تێپەڕبوونی کات دابەزێن. یەکێک لەو ڕێبازانە لە لایەن جووڵانەوەی پیشەییی سەوزەوە نوێنەرایەتی دەکرێ و ئەوی دیکەیان مۆدێلێکی جیاوازی ئابووریی کۆمەڵییە، وەک کشتوکاڵی لەلایەن کۆمەڵەوە پشتیوانیکراو. ئەنجامی تیۆریکی و ئەزموونی دەریدەخەن کە بیرۆکەی پیشەسازیی سەوز بۆ چەسپاندنی بەردەوامیی ئیکۆلۆژیکی بەس نییە؛ بەڵام ئابووریی کۆمەڵ ڕەنگە بتوانێت وەڵامدەری مەرج و پێگە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئیکۆلۆژیکی بێت.

لە پشکنین و شوێندۆزیکردنی ژینگەپارێزی لە سەردەمی کاردابینکەریدا (entrepreneurial age) جامیسۆن (٢٠٠١، Jamison) لەسەر ژینگەپارێزکردنی تۆڕی پیشەسازی هەڵوێستە دەکات. ژینگەپارێزکردنی تۆڕی پیشەسازی وەک نموونەی ڕێکخراوێکی ژینگەییی هاوچەرخ، باسی لێوە دەکرێت. ناوبراو دەپرسێت: “ئایا دەکرێ ژینگەپارێزکردنی تۆڕی پیشەسازی، وەک جۆرە ڕێکخراوێکی جووڵانەوەی کۆمەڵایەتیی هاوشێوەی ١٩٩٠ـەکان سەیر بکرێت؟” جامیسۆن بەو ئاکامە دەگات کە ژینگەپارێزکردنی تۆڕی پیشەسازی پەنجەرەیەک بە ڕووی دنیای لە گۆڕاندابووی نوێکردنەوەی ئیکۆلۆژیکیدا دەکاتەوە. ئەمە وەک یەکێک لە دوکتورینە باڵادەستەکانی سیاسەتی ژینگەیی، لە کۆتاییی نەوەدەکاندا پەرەی ئەستاند، بەڵام لە درێژەی ڕێگادا بەشێک لە خەون و خولیا سەرەتاییەکانی لە دەست دا.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەدەبیاتی باسکراو لێرەدا پێناسەیەکی ڕوون لە ئابووریی بازنەیی ناخاتە ڕوو. هەروەها ڕوون نییە کە بزوێنەرە ئابوورییەکانی بناخەدانراو لەسەر بەرهەمهێنان و بەکارهێنان بە چ شێوەیەک پێوەندییان بە ژینگەپارێزکردنی پیشە و بازرگانییەوە هەیە. جگە لەوە، لەسەر ڕەگەزە نائێکۆلۆژیکییەکانی پەرەسەندنی بەردەوام کەمتر باس دەکرێت، لەوانە یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، دێمۆکراسیی بەرفراوانتر و بەشداریی هاووڵاتییان لە ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و دەوامداردا. بەڵگەیەکی بەهێزو قایم لە دەستدا نییە کە بیسەلمێنێ کە بە چ شێوەیەک ژینگەپارێزکردنی پیشە و بازرگانی، ئامانجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پەرەسەندنی بەردەوام وەدی دێنێت.


٧. ٤ بەرھەمی سەوز و بەکارھێنانی بەرھەمی بەردەوام

لە پێوەندی لەگەڵ ئوستوورە و ڕاستیییەکانی ئابووریی سەوزی نوێ، ھارتمان (١٩٩٦، Hartman) وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئامادە دەکات کە پشت بە لێکۆڵینەوەگەلێک دەبەستێت کە نیشاندەری ئەوەن کە زۆرینەی بەکاربەرانی وڵاتە یەکگرتووەکان مەیل و ویستێکی بەھێز بۆ کڕینی بەرھەمە خۆراکییە دەوامدارە لە خاک بەرھەمھاتووەکانیان تێدایە. ئەم ویست و مەیلە ھەڵکشاوە بۆ کڕینی بەرھەمی خۆراکیی لەو جۆرە، کاری کردووەتە سەر پیشەسازیی بژێوییەکانی ژیان. ئەگەر بێتو سەرنجمان لە خستنەڕووی بەرھەمی نوێوە بگوازینەوە بۆ خواست یان نیازەکانی بەکاربەر، ئەوا دەکرێ درز و کەلەبەری نێوان خواستی شیمانەیی و فرۆشرانی ڕاستەقینەی خۆراک ھەڵبگیردرێت (بسڕدرێتەوە). سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی کارێکی وەھا پێویستیی بە تێگەیشتنێکی ڕوون لە بازاڕ ھەیە. وەک نموونەیەک، ناوبراو لەسەر پاشەکەوتی وزە و ئابووریی بازنەیی لە پیشەسازیی پرۆسەی چیندا پشکنین دەکات. لەمپەرە تەکنیکییە سەرەکییەکان و گرفتەکانی ژینگەی سەرچاوە ئابوورییەکان، لەلایەن لی و ھاوکارانییەوە (٢٠١٠، Li et al. ) ئانالیز کراون. ئەم ئانالیزە لەسەر بنەمای ناساندنی چەمکی ئاستی بەکارھێنانی وزە لە پیشەسازییەکانی پرۆسەی سەرەکیی بەکارھێنانی وزە لە چیندا، ئەنجام دراوە. قورساییی باسەکەی ئەوان بەتایبەتی لەسەر کارامەیی لە بەکارھێنانی وزە، دۆخی بەکارھێنانی وزە و بەرەڵاکردنی گەناڵ و پۆخڵییە.

ویستی بەکاربەران بۆ دانی پارەی تێچووی دەستپێشخەریگەلی سەوز، خۆراکی سەوز (بۆ ژینگە گونجاو)یشی لەگەڵ بێت، بوارگەلێکی دیکەی وەک بازاڕی سەوز (بۆ ژینگە لەبار)، ئامادەکردنی شمەکی گشتی و پیشەسازیی ھوتێلدارییش لە خۆ دەگرێت. کۆچەن (٢٠٠٣، Kotchen) مودێلێکی گشتیی دابینکردنی شمەکە گشتییەکان لە لایەن کەرتی تایبەتییەوە پەرە پێ دەدات. مۆدێلەکە بۆ پشکنینی لێکەوتە ئەرێنی و پێوەرییەکانی بازاڕگەلی سەوز بەکار دەبرێت. کانگ و ھاوکارانی (٢٠١١، Kang et al. ) لەوە دەکۆڵنەوە کە ئایا میوانانی ھوتێل مەیلیان ھەیە لەبەر ژینگەپارێزی و کردەوە و میتۆدی بەردەوامی لە پیشەسازیی ھوتێل لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەستخۆشانە بدەن یان نا. بە شێوەیەکی تایبەتی، ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە لە پێوەندیی نێوان ئاستی گرینگیدانی میوانانی ھوتێل بە ژینگە و مەیل ھەبوونیان بە دانی دەستخۆشانە لەبەر دەستپێشخەری و چالاکیی سەوز (ژینگەپارێزانە)ی ھوتێلێک بکۆڵنەوە. ئەوان بەو ئەنجامە دەگەن کە ئەو میوانانەی ھوتێل کە ئاستی نیگەرانییەکانیان لەمەڕ ژینگە بەرزترە، مەیلێکی زیاتریان ھەیە دەستخۆشانە بەو ھوتێلانە بدەن کە پرۆژە و پلانی ژینگەپارێزییان هەیە.

یەکێکی تر لە لایەنە تەواوکەرییەکانی ئابووریی سەوز دیزاینی ژینگەیە. چێن (٢٠٠١، Chen) مودێلێکی دامەزراو لەسەر چۆنایەتی بۆ پەرەدان بە بەرھەمی سەوز پێشکەش دەکات کە لە ڕێگای دیزاین و نوێگەریی بەرھەمەوە دەپەرژێتە سەر پرسەکانی ژینگە. مۆدێلەکە سەرنجی بەرچاوی کڕیاران، پیشەسازییەکان و حکوومەتەکانی لە سەرانسەری جیھانەوە بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. چێن مۆدێلێکی بۆ ئانالیزکردنی پرسە سیاسی و ستراتێژییەکانی پێوەندیدار بە پەرەدان بە بەرھەمگەلێک بە تایبەتمەندیگەلی دژ بە یەکی نەریتی و ژینگەیییەوە ئامادە کردووە. دوو لە دۆزینەوە سەرەکییەکانی ناوبراو نیشانی دەدەن کە پەرەسەندنی بەرھەمی سەوز و پێوەرە سەختگیرانە ژینگەیییەکان لەوانەیە وەک پێویست قازانج بە ژینگە نەگەیەنن. پارەدانی سەوز (ژینگەیی) بۆ کۆنترۆڵکردنی “پیسیی بێ خاڵnon-point pollution”ی پێوەندیدار بە پلانی ئاکسیۆنی ئاوی خاوێن، ڕووبەرێکی سەوزی دیکەی شمەکی گشتین کە لەلایەن جەیمز و گابلەرەوە (١٩٩٧، James and Gabler) باس دەکرێن. {پیسیی بێ خاڵ پیسبوونێکە کە بەھۆی زیاتر لە سەرچاوەیەکی پیسکردنەوە بێت، وەرگێڕ}. پلانی ئاکسیۆنەکە پێشنیار دەکات کە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی فرەچاوگی کشتوکاڵی، ھاندەری ئابووریی زیاتر بەکار بێت.


٧. ٥ ڕووبەری دیکەی بەکارهێنانی سەوز

چەمکی سەوز فرەڕەهەندی و هەمەجۆرە. ئەم بەشە، جگە لە ئەوەی پێشووتر باس کرا، چەند ڕووبەرێکی نوێ تاوتوێ دەکات.

وودهاوز و برەیمان (٢٠٠٥، Woodhouse and Breyman) باس لە کیمیای سەوز دەکەن. ئەوان کیمیای سەوز وەک هەوڵێک بۆ داڕشتنەوەی بەرهەمە کیمیایییەکان و پێکهاتەکانیان، بە جۆرێک کە کارتێکەرییە نەرێنییەکانی سەر تەندروستی و زیانە ژینگەیییەکانیان بە شێوەی بەرچاو کەم دەکاتەوە، دەناسێنن. ناوبراوان پێداگری دەکەن کە کیمیای سەوز، لە پێناسە بەربڵاوەکەیدا، دەکرێ وەک جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی چاوی لێ بکرێ. جووڵانەوەی جێی باس، هی سەرتەڵەکانی (نوخبەکانی) کۆمەڵگەیە، نەک بزاوتێکی جەماوەری. نووسەران تیشک دەخەنە سەر هیندێک گیروگرفت و دژواری کە پێشکەوتنخوازانی سیاسی لە هەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ کیمیاگەرانی سەوزدا لە درێژەی ئەم ڕەوتی پەرەسەندنەدا ئەزموونیان کردووە. ئەو ڕەخنانەی پێشتر باسیان لێوە کرا، دەکرێ سەبارەت بە کیمیای سەوزیش بەجێ بن، لەبەر ئەوە کیمیای سەوز دەکرێ بۆ وەدیهێنانی ڕوانگەی گەشبینیی تێکنۆلۆژیک لەسەر پەرەسەندن، وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بێت.

ئابووریی سەوز لە شارۆمەندان دەخوازێ لە هەمبەر چەمکێکی مەزنتری ئابووریی کە زیانەکانی ژینگەش ڕەچاو دەکات، زیاتر بەرپرسیار بن. ئەم چەمکی شارۆمەندیی سەوزە لەم دروشمەدا پوخت کراوەتەوە: “گەردوونی بیر بکەوە، خۆجێیی بیرەکەت بکە بە کردار!”. بەپێی بۆچوونی سمیت (٢٠٠٥، Smith)، شارۆمەندیی بەدەگمەن، تەوەری سەرنجی گەڵاڵە بۆ داڕێژراو و ڕێکوپێک، لە نێو تیۆریی سیاسیی سەوزدا بووە. ئەم کارە، بە لەبەرچاوگرتنی بایەخێک کە بە مژاری وەک بەرپرسیارێتیی کەسینە، هێزدەری، بەشداریکردن و سیاسەتی گشتی لە نێو ئەدەبیاتی ئاکادمیک و چالاکانەدا دەدرێت، جێی سەرسووڕمانە. لە پێوەندی لەگەڵ شارۆمەندیی سەوز و ئابووریی کۆمەڵایەتیدا، سمیت بەڵگە دێنێتەوە کە لە نێو ئابووریی کۆمەڵایەتیدا ڕەوشت و پێکهاتەی ڕێکخراوەگەلی وەک کۆمپانیا هەرەوەزییەکان، ئەنجومەن و دامەزراوە هاوبەش و خێرخوازییەکان، لەگەڵ پەرەسەندنی هەلومەرج، لێوەشاوەیی و توانایییەکاندا دێنەوە. بەرهەمی دیکە کە لەسەر شارۆمەندیی سەوز  لەلایەن تیۆریزانانی سیاسیی سەوزەوە نووسراون، ئەمانەش لە خۆ دەگرن: بەڵ (٢٠٠٥، Bell)، باڕی (٢٠٠٦ب، Barry)، دۆبسۆن (٢٠٠٦، Dobson)، ماک‌گرێگۆر (٢٠٠٦، Macgregor)، هایوارد (٢٠٠٧، Hayward)، گابریەلسۆن (٢٠٠٨، Gabrielson) و سەڕی (٢٠١٣، Scerri).

شیار (٢٠١٠، Shear) دەپرسێت کە داخوا ئابووریی سەوز بەستێنێکە بۆ شۆڕشێکی وێنایی یان نا. نووسەر لەسەر پێکهاتە، پراکتیک و ئامانجەکانی هیندێک ئەکتەری کۆمەڵایەتی لە جووڵانەوەی ئابووریی سەوز لە ماساشووسەت (Massachusetts)دا زانیاری دەدا و هەڵیاندەسەنگێنێ. لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا، لەهتینەن (٢٠٠٧، Lehtinen) بە تێڕوانینێکی باکووریانەوە دادمەندیی ژینگەیی، شەپۆلەکانی سەوز و بەجیهانی‌بوون تاوتوێ دەکات. لەهتینەن بەڵگە دەهێنێتەوە کە شرۆڤەی سەردەست(زاڵ)ی ژینگەپارێزیی ڕۆژاوا، گەیشتووەتە بیچمێکی بەرفراوانی هاوتەشە (هاوڕوخسار). لە لایەکی دیکەوە، ئەم هاوڕوخسارییە تەنیا لەم دواییانەدا لەگەڵ ڕەخنەی چڕوپڕدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

لی و هاوکارانی (٢٠٠٩، Li et al. ) تێگەیشتن و مەبەستە ڕەفتارییەکانی جووڵانەوەی سەوزیان تاوتوێ کرد و لەو نێوەدا پێشخستنی کەرەستەیەکیان بۆ تاقیکردنەوەی ئاگایی و ئامانجی تاقیکراوان سەبارەت بە هەڵسوکەوتکردنیان بەگوێرەی ئەوەی کە بە “جووڵانەوەی سەوز” ناسراوە، هێنایە بەر باس. لە لێکۆڵینەوەیەکی پێوەندیداردا، واڵ (٢٠٠١، Wall) لەسەر سەوزی دژە کاپیتالیزم، دیاریکردنی شوێنی مانیفستێکی گەردوونی، بەجیهانیبوون، ململانێکانی نێولیبرالی، دژکردەوە ڕادیکاڵییەکان، قەرز و ئیمپراتۆریی دۆلار باس دەکات.



٨. سیاسەتی گشتیی سەوزی ھەڵبژێردراو

ئەم بەشە ھەڵبژاردەیەک لە سیاسەتی گشتیی سەوزی باو لە خۆ دەگرێت. لە نێویاندا سیاسەت و دەستێوەردانەکانی حکوومەت، ئابووریی ھیدرۆژێنی سەوز، وزەی سەوز، باجی سەوز و ئابووریی کەم کاربۆن جێی ئاماژە پێکردنن.

٨. ١ سیاسەت و دەستێوەردانە گشتییەکانی حکوومەت

چێن (٢٠٠٨، Chen) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مۆدێلی دڵخوازی سیاسەتی حکوومەت بۆ پێشخستنی ئابووریی سەوز، نیازی بە سیاسەتێکی تێکەڵاو و ستراتێژیی هاندەرانەی ئابوورییە. ئێلاندر (٢٠٠٧، Elander) لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئابووریی باشبژیویی سەوز لێکۆڵینەوە دەکات. بۆ ئەم مەبەستە، ناوبراو ھەڵسوکەوتی حیزبی سەوزی سویدیی لە ھەڵبژاردنەکانی پارلەمانیی ساڵی ١٩٩٨ەوە خستە ژێر چاودێرییەوە. دوابەدوای ھەڵبژاردنەکان، حیزبی سەوز پشتگیریی لە حکوومەتێکی فرەلایەن کرد بەو مەرجەی بتوانێ کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی حکوومەت لە بواری ژینگەدا ھەبێت. تیککەڵ (٢٠٠٧، Tickell) لە پێوەندیی نێوان سەوزایەتی و حکوومەت ورد دەبێتەوە. لە لێکۆڵینەوەکەیدا، تێکچوونی ژینگە تاوی سەندووە (دەوری هەڵگرتووە) و پێنج فاکتەری سەرەکی لە پشتی ئەم خێرایی یان دەورهەڵگرتنەوە دەبینێت: ھەڵدانی حەشیمەت، خراپبوونی چۆنایەتیی خاک، پیسبوونی ئاو، گۆڕان لە کیمیای کەشوھەوا و دابەزینی فرەجۆریی زیندەوەران. تیککەڵ دەبێژێ ھاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕەوتانە زانیاری و ھۆشیاریی گشتی لەسەر پرسەکانی ژینگە لە ھەڵکشان و زیادبووندان.

یۆنان و ھاوکارانی (٢٠٠٦، Yunan et al. ) ئابووریی بازنەیی وەک ستراتێژییەکی نوێی پەرەسەندن لە چین، کە لەسەر ڕێگای پیشەسازی دەچێتە پێش، لێک دەدەنەوە. ئەوان تێبینی دەکەن کە چالاکییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەریانخستووە کە ئابووریی بازنەیی خەریکە وەک ستراتێژییەکی ئابووری سەرھەڵدەدات تا ستراتێژییەکی ڕووتی ژینگەیی کە لە سەرەتاوە پێی دەناسرا. حکوومەت، ھاوکات کە ھەوڵی دەستەبەرکردنی پاراستنی دەوامداری ژینگە دەدات، وەک ئامانجی سەرەکی تێدەکۆشێ یارمەتی بە پەرەسەندنی بەردەوامی ئابووری بدات. لە لێکۆڵینەوەیەکی پێوەندیداری دیکەدا، لی و لی (٢٠١١، Li and Li) لە گۆشەنیگای حکوومەتەوە، لەسەر ھێزە پاڵنەرەکان لە ئابووریی بازنەییی چیندا مشتومڕ دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، نەبوونی ھێزی پاڵنەر بۆ پەرەدان بە ئابووریی بازنەیی لە ئارادایە. نووسەران لەسەر ھاوئاھەنگ کردنی شێوازی ڕەفتاری حکوومەت لە پەرەدان بە ئابووریی بازنەییدا، بە جۆرێک کە یارمەتی بە پێشخستنی سەقامگیر و دەوامداری ئابووریی چین بدات، پێداگری دەکەن.


٨. ٢ ئابووریی ھیدرۆژێنی سەوز، وزە و باجی وزە

کلارک و ڕیفکین (٢٠٠٦، Clark and Rifkin) پێیان وایە زۆر زوویە لەگەڵ ئابووریی هیدرۆژێندا بەرەوڕوو بیت و لەمەڕ دەسپێکەکەیدا باس لە هیندێک نیگەرانی بکەیت. زۆر بوونی ئوتومبێلی گواستنەوەی فرەئاردوو {بەنزین، دیزل، باتری، . . . } وەک ڕێگای گەیشتن بە سەربەخۆییی وزە و پەیجۆریی دواڕۆژێکی نە فرە دووری هیدرۆژێنی شیاوی نۆژەنکردنەوە چاوی لێ دەکرێت. پێشنیارەکانی ئەوان هەوڵی گشتی بۆ ناساندنی بازاڕدۆزیی بەربڵاو، ژێرخان و تێچووکێشانی بووژاندنەوەی داهێنانی تەکنۆلۆژی لە خۆ دەگرێ. جگە لەوە، پێداگری دەکەن کە گازی سروشتیی تراو (Liquefied natural gas) بەشێک دەبێت لە (قۆناخی) گواستنەوە، بەڵام لەبەر تایبەتمەندیی ناسەقامگیربوونی وەک سەرچاوەی سەرەکیی وزە، پێویستە ئەولەویەتی زیاتر بە سەرچاوە بۆ نۆژەنکردنەوە شیاوەکانی وزە بدرێت. بەکورتی، بۆ وەدیهێنانی هەڵدانی سەقامگیر و بەرگەگر، بەرهەمی وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو پرسێکی کلیلییە و باشکردنی کارامەییی وزە، تەنیا ستراتێژییەکە لە پرۆسەی گواستنەوەدا. لە لێکۆڵینەوەی نوێتردا، دۆو (٢٠١١، Dow) سەبارەت بە خانەکانی ئاوردوو (سووتەمەنی) و “LED – دیۆدی تیشکهاوێژ”ی لێکدراو بۆ ئابووریی سەوز ڕوونکردنەوە دەدات. دۆو پێداگری دەکات کە زەروورییە خاوێنکەر و سیستەمی گوێزەرەوەی بەهێزتری وزە کە لەسەر خانەگەلی ئاوردووی هیدرۆژێن (hydrogen fuel cells) دامەزراون، پەرەیان پێ بدرێت.

سووتەمەنیی فوسیلیی باو، کە سەرچاوەی بەرایی وزەن، دەگمەن و نابەسکردوون و بەرەو کەمبوونەوەش دەچن. باکسی و گرین (٢٠٠٧، Baksi and Green) لەو باوەڕەدان کە دابەزینی چڕیی وزە لە ئابووریدا بۆ فاکتەرە شوێندانەرەکانی وەک باشترکردنی کاراییی وزەی تەکنیکی لە ئابووریدا و هەروەها جێگۆڕکێی چالاکییە ئابوورییەکان لەنێوان کەرتە وزەخۆرەکاندا دەگەڕێتەوە. لە هەڵسەنگاندنی ستراتێژیگەلی وزەی سەوز بۆ پەرەسەندنی بەردەوامدا، میدیڵی و هاوکارانی (٢٠٠٦، Midilli et al. ) کۆمەڵێک ستراتێژیی وزەی سەوز بۆ پەرەسەندنی بەردەوام پێشنیار دەکەن. لەم پێوەندییەدا، بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کاریگەریی کەرتی (sectoral)، تەکنۆلۆژیکی و بەکارهێنان، حەوت ستراتێژیی وزەی سەوز بەوردی سەرنج و بایەخیان دەدرێتێ. لەسەر بنەمای ئەم ڕێژانە، نووسەران پەی بە پارامێترێکی گشتی و نوێ دەبەن کە ناوی ڕێژەی کاریگەریی وزەی سەوزی لەسەر دادەنێن. ستراتێژیگەلی بەردەوامی وزەی سەوز دەتوانن لە ئابووریی ئەو وڵاتانەدا کە تێیاندا وزەی سەوز بە فراوانی بەرهەم دێت، یارمەتیدەرێکی گرینگ بن. لەلایەن حکوومەتەکانەوە، بۆ جێگرتنەوەی سووتەمەنیی فوسیلی، سەرمایەگوزاری لە خستنەڕووی (عرضە) وزە پێشنیار دەکرێن و پێداگرییان لەسەر دەکرێت.

جگە لە هێنانە ئارای داهاتی گشتی، باجی وزە لە دەسپێکدا بۆ کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزە داڕێژراوە. ئامانج لە دابەزاندنی ئاستی بەکارهێنانی وزە ئەوەیە کە یارمەتیی گەیشتن بە ئامانجەکانی ئاماژەپێکراو لە پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ (Kyoto Protocol) بۆ کۆنترۆڵکردنی گۆڕانی کەشوهەوا بدات. ئابووریی سیاسیی باجی وزە لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپادا تا ڕادەیەک باوە. پیرس (٢٠٠٦، Pearce) بەو هۆکارانەدا دەچێتەوە کە لە داڕشتنی سیاسەتدا شوێندانەرن و ڕێنوێنیگەلێک لەسەر چۆنیەتیی یارمەتیگەیاندنی ئەم سیاسەتە داڕێژراوانە بە ئابووریزانانی سیاسەت-تەوەر لە هەڵێنانەوەی هەنگاوگەلێک کە شانسی زۆرتری پەژراندنیان هەیە، دەخاتە ڕوو. پاشەکەوتی وزە و ئابووریی بازنەیی لە چیندا لەسەر پیشەسازییە پرۆسەیییەکان چەق دەبەستێت. لەسەر بنەمای ناساندنی چەمکی ئاستی بەکارهێنانی وزە لە پیشەسازییە پرۆسەییە وزەخۆرە کلیلییەکاندا، لەمپەرە سەرەکییە تەکنیکییەکان و گرفتە ژینگەیییەکانی سەرچاوەکان لەلایەن لی و هاوکارانییەوە (٢٠١٠، Li et al. ) ئانالیز دەکرێن. لە لێکۆڵینەوەکەیاندا، ناوبراوان بەشێوەی سەرەکی لەسەر چەند هۆکارێکی کلیلی، لەوانە کەڵکوەرگرتنی کاراتر لە وزە، شێوازی بەکارهێنانی وزە و  بەرەڵاکردنی گەناڵ (زبڵ) بۆ ناو ژینگە پێداگری دەکەن.

وزەی سەوز بە واتای “وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو”ـە. وزەی ناوکی بژارەیەکی (جێگرەوەیەکی) سەوزە، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ گازە گوڵخانەییەکان بەرهەم ناهێنێت بەڵام پرسی ئاسایش و بەرهەمهێنانی گەناڵ و پاشماوەی ناوکی، چاوگی پەرۆشی و نیگەرانین (بڕوانە گرۆڤەر ٢٠١٣، Grover). ئامانج لە پێشخستنی بازاڕی وزەی سەوز لە ئاڵماندا  ئەوەیە کە سیاسەتێکی گشتیی شوێندانەر و سەرهەڵدانی خێرای خواست بۆ “وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو” لەنێو بەکارهێنەراندا وەدی بێت. ووستەنهاگەن و بیلهارز (٢٠٠٦، Wustenhagen and Bilharz) لەسەر پەرەسەندنی وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٣ بۆ ٢٠٠٣ توێژینەوەیان کردووە. ئەوان سەبارەت بە بایەخی ڕێژەییی سیاسەتی وزە و بازاڕدۆزیی وزەی سەوز لە بیچمگرتنی بازاڕی “وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو” لە وڵاتدا دەکۆڵنەوە. ئابووریی سیاسیی وزەی سەوز، هەر وەکوو دۆزی وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە نەشیاو، ڕۆڵی سیاسەت لە دانانی سیاسەتی ژینگەییدا تاوتوێ دەکات. سیوسیرلان و یاندلە (٢٠٠٣، Ciocirlan and Yandle) تیۆریی بەرژەوەندیی گشتی و تیۆریگەلی جێگرەوەی یاسامەندی دەهێننە بەر باس. ئەوان هەروەها نەبوونی ئاراستەی ژینگەییی باجی سەوز لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و پەرەسەندن (OECD)دا شی دەکەنەوە. حشمەتی و هاوکارانی (٢٠١٥، Heshmati et al. ) لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاویان لەمەڕ بازاڕی “وزەی بۆ نۆژەنکردنەوە شیاو” ئامادە کرد و خەسڵەتەکانی بازاڕێکی خاوەن باشترین دۆخی گونجاویان ڕوون کردەوە کە تیایدا لەسەر تەکنۆلۆژی، دارایی و یاسامەندی پێداگری دەکەن.

کارایی و پاشەکەوتی وزە بە هۆکاری سەرەکیی کەمکردنەوەی شوێندانەریی کەرتی وزە لەسەر ژینگە دادەنرێن. لینارەس و لاباندەیرا (٢٠١٠، Linares and Labandeira) باس لەو هۆکارانە دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر بەکارهێنانی وزە لە بڕیاری پێوەندیدار بە کەمکردنەوەدا دەبێت و سیاسەتگەلێکی لەبار بۆ پێشخستنیان پێشنیار دەکەن. بەپێی بۆچوونی ئەوان، دەکرێ کارگێڕیی خواستی وزە (DSM) بۆ بەهێزکردنی بەردەوامی لە بەکارهێناندا بەکار بێت. وۆرتینگتۆن و هۆفمان (٢٠٠٨، Worthington and Hoffman) لێکۆڵینەوەیەکی ئەزموونی بۆ داڕشتنی مودێلی خواستی ئاوی شوێنی نیشتەجێ‌بوون ئامادە دەکەن. کەڵکوەرگرتنی ڕوو لە زیادبوون لە کارگێڕیی خواستی وزە (DSM) وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی بێ ئەملاولای خواستی کارەبا (بەرق)، لەو کاتانەی کە ژمارەی بەکاربەران لە لووتکەدایە، هۆگریی خاوەن پشکانی لە بازاڕی وزەدا هورووژاندووە. حشمەتی (٢٠١٤، Heshmati) بە ئەدەبیات و مۆدێلەکانی خواست، هێڵی بنەڕەتیی کڕیار و وڵامدانەوە بە خواست لە بازاڕی کارەبای کۆریادا دەچێتەوە. ناوبراو هەر نموونەیەک بە مۆدێلێکی گونجاوەوە گرێ دەدا و کاریگەریی ئەنجامەکان تاوتوێ دەکات.

سڤەندسەن و هاوکارانی (٢٠٠١، Svendsen et al. ) لەسەر کڕیاران، پیشەوەران و ئابووریی سیاسیی پێوەندیدار بە باجی دووھەم ئۆکسیدی کاربۆن لە وڵاتانی سەر بە ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و پەرەسەندن (OECD)دا لێکۆڵینەوەیان کردووە. ئابووریزانان بە شێوەی نەریتی پێداگرییان کردووە کە سیاسەتوانان دەبێ باجی لێکچوو لەسەر پۆخڵی ڕشتن (پیسکردنی ژینگە) بسەپێن. ئەم سیاسەتە وەک ڕێگاچارەی هەرە باش بەرنووس دەکرێت. سەلمێنراوە ئەزموونییە هەنووکەییەکان لەسەر باجی سەر دووھەم ئۆکسیدی کاربۆن لە وڵاتانی سەر بە ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووری و پەرەسەندن (OECD)دا ئەم پێشبینییە تیۆریکییە پشتڕاست دەکەن. باجی سەوز لە ئابووریی ڕوو لە گەشەدا بڕیارە وەک قازانجی دووقاتی پشک هەڵبسەنگێندرێت. گلۆم و هاوکارانی (٢٠٠٨، Glomm et al. ) چاکسازی لە باجی سەوز بەبێ لەبەرچاو گرتنی قازانج، هاوهێڵ لەگەڵ گریمانەی “قازانجی دووقاتی پشک”دا شەنوکەو دەکەن. نووسەرەکان، بە کەڵکوەرگرتن لە مۆدێلێکی هاوسەنگی گشتیی ڕوو لە گەشە، بۆیان دەردەکەوێت کە بردنەسەری باجی بەنزین و بەکارهێنانی داهاتەکە بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر داهاتی سەرمایە، هەردووک جۆر سوودی باشبژیوی دەخاتە بەر دەست: قازانجی پشکی کارایی و قازانجی پشکی سەوز. ئۆتەس (١٩٩٥، Oates) ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەکات کە داخوا ئێمە دەتوانین ژینگە بپارێزین و هەر لەو کاتەدا سیستەمی باج پێش بخەین. ئامانجی ناوبراو هەروەها تاوتوێکردنی هیندێک بابەت لە ئابووریی سیاسیی باجی سەوز لە ڕوانگەیەکی مێژوویییەوەیە. نەلسۆن و ڕۆبەرتسۆن (٢٠٠٨، Nelson and Robertson) لە باسی لێکەوتەکانی ژینگەیی سووتەمەنیی زیندەیی (biofuels) لە جیهانی پێشکەوتوودا، بە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا لەسەر بابەتەکە چوونەتەوە. ئەوان ئاوڕ لە لێکەوتەکانی بازاڕ و ئاسایشی خواردەمەنی لە هەڵکشانی خێرای هەنووکەییی خواست بۆ سووتەمەنیی زیندەیی ڕاو لە پێوەندی لەگەڵ ژینگە لە وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندندا دەدەنەوە.

 
٨. ٣ ئابووریی کەم کاربۆن (Low carbon economy)

{کاربۆن یەکێک لە پێکھاتە گرینگەکانی نەوت و خەڵووز پێک دێنێ و بە وتەی زانایان، سووتاندنی دەبێتە ھۆی پیسبوون و ژەھراویکردنی ژینگە – وەرگێڕ}

ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی ئێکۆلۆژیکیەوە سەیر بکرێت، ئابووریی کەم کاربۆن نموونەیەکی بنەڕەتیی پەرەسەندنی ئابوورییە. یاساکانی پەرەسەندن و ھەلومەرجی پراکتیکیی “ئابووریی کەم کاربۆن” لەلایەن چوانژینگ و یا (٢٠١١، Chuanjiang and Ya)وە تاوتوێ کراون. ئەوان لە خەسڵەت و لایەنە جیاوازەکانی ئامانجی پەرەسەندن، ڕێگا، میتۆد و داھێنانە دامەزراوەیی و تەکنیکییەکان دەکۆڵنەوە. فۆکسۆن (٢٠١١، Foxon) باس لە چوارچێوەیەکی هاوتەکاموڵییانە (co-evolutionary) بۆ ئانالیزکردنی پەڕینەوە بۆ ئابوورییەکی کەم کاربۆنی سەقامگیر دەکات. ئەم پەڕینەوەیە دەبێ لەسەر بنەمای ھاوتەکاموڵی ئێکۆسیستەمەکان، تەکنۆلۆژییەکان، بنکە و دامەزراوەکان، ستراتێژیی پیشە و بازرگانییەکان و کردەوەکانی بەکارھێنەر لە دیدێکی فرەئاستی (ئابووریی) بچووک-گەورەداجێبەجێ ببێت. بۆ دەمێکی دوورودرێژ کالیفۆرنیا لەنێو دڵی پیشەسازیی “وزەی بۆ نوێکردنەوە شیاودا” بووە. گرین (٢٠٠٩، Green) پرسیار دەکات کە بۆ پێکھێنانی ئابووریی سەوز و وەدیھێنانی ئامانجی سەرۆک ئۆباما کە بریتییە لە دابەزاندنی بڵاوبوونەوەی کاربۆن بۆ ٨٠٪‏ لە ژێر ئاستی دیاریکراوی ٢٠٠٥ تا نیوەی ئەم سەدەیە، چ پێویستە. ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئامانجی ئۆباما سەردەگرێت، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئێمە لە سێ دەیە شکست دەرسمان وەرگرتبێت.

زانایانی کەشوھەوا، لەمەڕ بڵاوبوونەوەی دووەم ئوکسیدی کاربۆن و گازە گوڵخانەیییەکانی دیکە، هەڵهێنانی ھەنگاوی بەپەلە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی سەوز بە پێویست دەزانن. بازرگانی، بەزۆری ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ئاستی جیھاندا دەستەویەخەین. بۆ خۆ لادان لە کارەسات، دەبێ لە بەکارھێنانی سووتەمەنیی فوسیلی – بەتایبەتی خەڵووز وەک سەرچاوەی سەرەکیی وزە – لە ئابووریدا خۆ بەدوور بگرین. لەم بارەیەوە، وەی و ھاوکارانی (٢٠١١، Wei et al. ) بنیاتنانی شارستانیەتی ئێکۆلۆژیکی، وەک شاڕێی پەرەدان بە ئابووریی کەم کاربۆن دێننە بەر باس. ناوبراوان ڕاپۆرتێکی کورت لەسەر ڕەچەڵەک و تایبەتمەندییەکانی شارستانیەتی ئێکۆلۆژیکی دەخەنە ڕوو و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر ئابووریی کەم کاربۆن ئانالیز دەکەن. سەرەنجام، نووسەرەکان ڕاسپاردەگەلی تایبەتی بۆ بنیاتنانی شارستانیەتی ئێکۆلۆژیکی بەمەبەستی پەرەدان بە ئابووریی کەم کاربۆن کە ئابووریی ژینگەپیسکەری چین پێویستیی پێیەتی، دەخەنە ڕوو.

لەمپەر و ستراتێژیگەلی ئابووریی سیاسی بۆ پەرەدان بە ئابووریی کەم کاربۆن، لەلایەن زینگ و ھاوکارانییەوە (٢٠١١، Xing et al. ) تاوتوێ دەکرێن. ئابووریی کەم کاربۆن وەک بژارەیەکی خۆ لێ لانەدەر بۆ چارەسەرکردنی گەرم داھاتنی گەردوونی و پەرەسەندنی بەردەوام دەبینرێت. نووسەرەکان بۆ ڕاپەڕاندنی پەرەسەندنی ئابووریی کەم کاربۆن لە چیندا ڕێگاگەلێک پێشنیار دەکەن. وەی و زینگ (Wei and Xing ) و ھاوکارانیان ئاماژەی پێ دەکەن کە ئابووریی کەم کاربۆن بۆ دابەزاندنی خەستی و چڕبوونەوەی دووەم ئوکسیدی کاربۆن کە ھۆکاری گەرم داھاتنی گەردوونییە، بێ ئەملاولا و خۆ لێ لانەدەرانەیە. ناوبراوان ئاماژەی پێ دەکەن کە ئابووریی کەم کاربۆن مۆدێلێکی ھەڵدانی ئابووری لە ژێر ڕێنوێنیی پەرەسەندنی بەردەوامدایە. زینگ و ھاوکارانی (٢٠١١، Xing et al. ) ئابووریی کەم کاربۆن وەک لێکەوتەیەک مۆرکدار دەکەن کە ئابووری بەرھەمی دەھێنێت و پێداگری دەکەن کە جێی بایەخ و سەرنجی جیھانییانە و ھەر بۆیە دەبێ لەگەڵ ئابووریی بازاڕدا بگونجێندرێت. پەرەسەندنی ئابووریی کەم کاربۆن وەک ڕەنگدانەوەی زنجیرەیەک داھێنان دەبینرێت کە دەبێ جێبەجێ بکرێت.

لێکۆڵینەوەگەلی دیکەی پێوەندیدار بە ئابووریی کەم کاربۆن بریتین لە کەین (٢٠١٠، Kane) و ستانفۆرد (٢٠١١، Stanford) کە لە نھێنییەکانی بازرگانیی سەوز و ھەڵگرتنی کڵۆمی سەر دەروازەی ڕێگای ململانێیەکی بەسوود لە ئابووریی کەم کاربۆندا دەدوێن، کە گرتنەبەری بۆ ئەو کۆمپانیانەی کە بیانھەوێ بەرەو سەوزبوون ھەنگاو بنێن، ئاسان و گونجاوە. کروگمان (٢٠١٠، Krugman) دەپرسێ کە داخوا دابەزاندنی جێدیاری ئاستی گازە گوڵخانەیییەکان، بەبێ زیان گەیاندن بە ئابووری وەدی دێت؟ ئەو پێی وایە کە باڵادەستیی دێمۆکراتیک لە سیاسەتدا، بە (دەربڕینی) پاڵپشتیی سیاسیی خۆی لەو ھەنگاوانەی لەسەر گۆڕانی کەشوھەوا دەنرێن، شانسێکی ڕاستەقینەی ھەیە. لەھەلومەرجێکی لەو جۆرەدا و بە ھەبوونی زانست لەمەڕ چۆنیەتیی بەرتەسک کردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەییەکان و ھەروەھا خەمڵاندنی ڕادەی تێچووەکان، کەمکردنەوەی ئەو گازانە دەست دەدات. ئەوەی ئێستا پێویستیمان پێیەتی ئیرادە و ویستی سیاسییە بۆ گەیشتن بە ئابوورییەکی کەم کاربۆن.



٩. پەرەسەندنەکانی ئەم دوایییانەی سەوز

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی سەوز، پەرەسەندنی پێوەندیدار بە داھێنانی کۆمەڵایەتی، تەکنۆلۆژیی زانیاری، پێوەندی و زانست و هەروەها دارایی و سەرمایەگوزاریی سەوز، گواستنەوە و بازرگانیی سەوز، قەیرانی ئابووری، پیشەی سەوز و باشبژیوی لە خۆ دەگرن. ئێستا ھەر کام لەمانە باس دەکرێن. بەڵام، لەبەر کەمیی جێگا، داھێنانی ئابووری وەلا دەنرێت و بەشێوەی سەرەکی لە سەوزاندنی ئابووریدا، سەرنج دەدرێتە میتۆدگەلێک کە لەسەر تەکنۆلۆژی چڕ دەبنەوە و پێی گەشبینن.


٩. ١ داھێنانی سەوز و پشتبەستوو بە زانست و تەکنۆلۆژیی زانیاری و پێوەندی

ئابووریی سەوز و بەرفراوانکردنی تەنیا بە داھێنان و تەکنۆلۆژیی نوێی یارمەتیدەر بە پەرەسەندنی بەردەوام وەدی دێت. فیلیمۆر (٢٠٠١، Phillimore) بەرھەمی “شومپێتر، شووماخر و سەوزکردنی پێوەندیی تەکنۆلۆژی” ئانالیز دەکات. ناوبراو لەوە ورد دەبێتەوە کە ئایدیاکانی نێئۆشوومپێترییەکان و شووماخر (neo-Schumpeterians and Schumacher) لە ھەڵسەنگاندنی داھێنانە تەکنۆلۆژییەکان و پەرەسەندنە بەردەوامەکاندا چەندە یەکانگیرن. ئەنجامەکانی دەریدەخەن کە لە ئاستێکدا وا دەردەکەوێ پێوەندییەکی دوولایەنەی بەھێزکەر و ئەرێنی ھەبێت لەنێوان بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیی نوێ، داھێنان و کاراییی بەهێزکراوی ژینگە. داھێنان لە ئابووریی سەوزدا، لە شکڵی تێکەڵەیەک لە داھێنانی سەوز، پەرەدان بە پیشەسازیی سەوز و تەرخانکردنی سەرچاوەی ناوچەی سەوز لە پیشەسازییەکی سەوزی سەرھەڵداودایە. ئەمانە لەلایەن چاپڵ و ھاوکارانییەوە (٢٠١٠، Chapple et al. ) لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. ئەوان بەو ئەنجامە دەگەن کە مەرج نییە داھێنان، ھەڵدانی ئابووریی لێ بکەوێتەوە. داھێنان کۆمپانیا سوننەتییەکان بەھێز دەکات، بەڵام ئەو کۆمپانیا سەوزانەی کە لە حاڵی دەرکەوتندان، بۆ گواستنەوەی بەرھەم و ئایدیای نوێ بۆ بازاڕی نوێ، پێویستییان بە یارمەتی و پشتیوانیی زیاتر ھەیە.

بەستێنی تەکنۆلۆژیی زانیاری و پێوەندی (ICT) بۆ یارمەتیدان بە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئابووریی سەوز، تەکنۆلۆژی و دەرفەتی نوێ پێشکەش دەکات. جۆنستۆن (٢٠٠٩، Johnston) پێی وایە ھاتنەوەسەرخۆی ئابووری لە ڕێگای وەگەڕخستنی داھێنانی بناخەدانراو لەسەر تەکنۆلۆژیی زانیاری و پێوەندییەوە مسۆگەر دەبێت. ناوبراو تێگەیشتنی ئورووپا لە پۆتانسیال و توانایی داھێنانی بناخەدانراو لەسەر تەکنۆلۆژیی زانیاری و پێوەندی، بۆ ئابوورییەکی سەوزتر تاوتوێ دەکات. ئورووپا، وەک بەشێک لە ستراتێژیی پەرەسەندنی خۆی لە لیزبۆن (Lisbon) و خستەگەڕی سەرمایە (لەوانە) لە تەکنۆلۆژیی سەوزدا، یارمەتیی بەم پەرەسەندنە کردووە. لێرەدا پرسیاری گرینگ ئەوەیە: تەکنۆلۆژیی زانیاری (IT)  بۆ ئەوەی سەوز بێت، دەبێ چ بکات؟ ھۆ و مەتکالفە (٢٠٠٩، Ho and Metcalfe) چەمکی سەرەکیی بەردەوامی (sustainability)، وەک لێڕامانی سووڕی ژیان، دەخەنە ڕوو. سێ ئاستەنگی سەرەکی کە ئەوان پەنجەیان لەسەر دادەنێن بریتین لە: بایەخ و ھۆشیاری لەمەڕ بەکارھێنانی وزە، ژینگەپارێزی و پۆتانسیالی گۆڕینی کەشوھەوا. دانەرەکان لە ڕۆڵی تەکنۆلۆژیی زانیاری لە یارمەتیدان بە چالاکییە بەردەوامەکان دەکۆڵنەوە و لەسەر گرینگیی چالاکیی سەوز و توێژینەوە لە ھەلەکانی بەردەوامی، پێداگری دەکەن. ئینگلبریشت (٢٠٠٩، Engelbricht) لەسەر ھەوڵەکانی گەیشتن بە تێڕوانینێکی ئابووریی بناخەدانراو لەسەر زانست لە قەیرانی ھەنووکەییدا، بە چەشنێک کە گەوھەری مرۆڤ بە ھێند وەربگرێت، پێداگری دەکا. ئەو تێڕوانینە، بەتایبەتی دەبێ فاکتەرە دەروونزانییەکان، وەک “ڕۆحی ئاژەڵ”ی کەینز (Keynes’ animal spirits) لە خۆ بگرێت.

تەوژمی سەرچاوەگرتوو لە گۆڕانی کەشوھەوا و تێکچوونی ژینگە زەروورەت و پێویستیی گەشەی ئابووریی سەوز لە ئاستی جیھاندا دەگەیەنێ. ھەندەرسۆن (٢٠٠٧، Henderson) لە ستراتێژیگەلی بەردەوامیی گەردوونی و گەشەی ئابووریی سەوز دەکۆڵێتەوە کە دەبێ ئاوڕ لەو مۆدێلە ئابوورییانەی کە پاڵنەری بە جیھانیبوونی ئەمڕۆکەن، بدەنەوە. بەپێی بۆچوونی ناوبراو، پێویستە داھێنانگەلی تەکنۆلۆژیکی لە نموونەی سووتەمەنیی فوسیلییەوە بۆ “وزەی بۆ نۆژەنکردن شیاو”، بەکارھێنانەوە و داڕشتنەوەی پرۆسە پیشەسازییەکان بگۆڕدرێن. چوا و ئۆھ (٢٠١١، Chua and Oh) بە وردبوونەوە لە سیاسەتی تەکنۆلۆژیی سەوزی نەتەوەیی و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ئابوورییەکان، دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندنی سەوز دەخەنە بەر باس.

ھەروەھا سیاسەتی شارێکی سەقامگیر لە لایەن کاماگنی و ھاوکارانییەوە (١٩٩٨، Camagni et al. )، وەک ئاڵقەی پێوەندیی نێوان ئابووری-ژینگە-تەکنۆلۆژی دەبینرێت. ئەوان تیشک دەخەنە سەر پەرەسەندنی سیاسەتگەلی دەستێوەردەرانە بۆ گەیشتن بە “پێشکەوتنی شاری سەقامگیر”ی ھاوسەنگ. کاناڵێکی دیکەی خەڵکپەسندکردنی ھەڵسوکەوتی ژینگەپارێزانەی کۆمەڵانی خەڵک، پەروەردە و بارھێنانە. وەک نموونەیەک، ھای (٢٠٠٥، Haigh) بۆ وەڕێخستنی جووڵانەوەیەکی جیھانی، پێشنیاری سەوزکردنی (ژینگەپارێزکردنی) پلانی خوێندنی زانکۆکان دەکات. ھای ئاستەنگەکانی ڕاگەیاندنی پرۆگرامی “دەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و بارھێنان لەپێناوی پەرەسەندنی بەردەوامدا” دێنێتە بەر باس، کە بۆ دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە سەرانسەری جیھان ھەلی سەوزکردنی (ژینگەپارێزکردنی) پلانی خوێندن دەڕەخسێنن.


٩. ٢ دارایی سەوز و وەگەڕخستنی سەرمایە، بازرگانی، گواستنەوە و ژێرخان

سەوزکردنی ئابووری پێویستیی بە وەگەڕخستنی سەرمایە لە وزەی نوێ و تەکنۆلۆژیی بەرھەمھێناندا ھەیە. ھی و ھاوکارانی (٢٠٠٣، He et al. ) داراییی سەوز و پەرەسەندنی سەقامگیریی ئابووری تاوتوێ دەکەن. داراییی سەوز بە ڕەوتێکی گرینگی دامەزراوە دارایییە مودێڕنەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا دێتە ئەژمار. پەرەسەندنی نوێ بۆ ئێکۆ-ژینگە، پێشکەوتنی ئابووری و دامەزراوە داراییەکان واتایەکی گرینگی ھەیە. ھاینکەل و ھاوکارانی (٢٠٠١، Heinkel et al. ) کاریگەرییەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی سەوز لەسەر ھەڵسوکەوتی کۆمپانیاکان دەھێننە بەر باس. ئەوان لە کاریگەرییەکانی سەرمایەگوزاریی لە ڕەوشت داماڵراو لە ڕەفتاری کۆمپانیاکان، دەکۆڵنەوە. دراوی خۆجێیی/دراوی تەواوکەر(Community currencies)یش وەک گۆڕانێکی بچووک بۆ ئابووریی سەوز چاوی لێ دەکرێت. سەیفانگ (٢٠٠١، Seyfang) باندۆر و پوتانسیالی دراوی تەواوکەر بۆ سیستەمێکی دراویی خۆجێیی ناسراو بە “گەڵاڵەی بازرگانیی ئاڵووێری خۆجێییی دراو” ھەڵدەسەنگێنێت تاکوو یارمەتی بە پەرەسەندنی بەردەوامی سەوزی خۆجێیی بدات. دۆزراوەکانی بوارپشکنییەک لە بریتانیادا ئاماژە بەوە دەکەن کە دراوی تەواوکەر لە سەرکەوتنی بەشداران لە وەدیھێنانی ھیندێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، بەرخۆری (مەسرەف) و نموونەگەلی دامەزراندن (کارپێدان) بەرەو پەرەسەندنی بەردەوامی خۆجێیی سەرکەوتوو بووە. سەرەڕای ئەوەش، بەرتەسکیگەلێک لە قەوارە، مەودای خۆھەڵسووڕان، بوودجە و بەڕێوەبەرایەتیدا ھەن کە بەرلەوەی ئامانجەکە بە شێوەی کاریگەر بپێکرێ، دەبێ ھەڵبگیردرێن.

لە لێکۆڵینەوەیەکی تیۆریکدا، کۆنکۆنی (٢٠٠٣، Conconi) بە مەبەستی تاقیکردنەوەی چۆنیەتیی شوێندانەریی لۆبیی سەوز لەسەر دیاریکردنی سیاسەتی ژینگەیی و بازرگانی لە دوو وڵاتی گەورەدا کە لە ڕێگای ڕەوتی بازرگانی و پیسیی سنووربەزێنی ھەواوە پێکەوە بەستراونەتەوە، مۆدێلێک لە دەزگای سیاسەتدانان پێشکەش دەکات. ناوبراو، لەژێر گریمانەگەلی جێگرەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنی بازرگانی و پرۆسەی سیاسەتدانان و ھەنگاونانی حکوومەتەکان، کارتێکەریی لۆبیکردنی سەوز لەسەر ئەنجامەکانی سیاسەتی ژینگەیی تاوتوێ دەکات. سەرنج لە دەسپێکدا دەخرێتە سەر سیاسەتگەلی وەبەرگیراو لەلایەن دوو وڵاتی ھاووێنە (وێکچوو) کە لەژێر کاریگەریی لۆبیی سەوزی نەتەوەییدان. ئانالیز دواتر پەرەی پێ دەدرێ و حکوومەتگەلێک دەگرێتەوە کە لەژێر کارتێکەریی لۆبیی سەوزی نێونەتەوەییدان. نووسەر ھەروەھا لە لێکەوتەکانی ناهاوتاییەکانی (لێکنەچووییەکانی) وڵات دەکۆڵێتەوە و دەریدەخات کە شوێندانەریی لۆبیی سەوز لەسەر ئەنجامەکانی سیاسەتی ژینگەیی، بە هاوکاریی سیستەمە بازرگانییەکان، هاوئاهەنگیی نێوان ئاژانسە ژینگەیییەکان و لەسەر قەوارەی دەڵاندن، سەرڕێژکردنی سنووربەزێن و بەرەڵاکردنی گەناڵ (زبڵ) بۆ ناو ژینگە بەستراوەتەوە.

ھەروەھا، مایستاد (١٩٩٨، Maestad) لە کارایی سیاسەتی بازرگانیی سەوز دەکۆڵێتەوە و مەرجگەلێک بۆ سیاسەتی ژینگەیی دادەڕێژێت، کاتێک کە وڵاتی هاوبەشی بازرگانیی دەرەکی هەبن کە نەتوانن یاسا و ڕێسای ژینگەییی لەبار جێبەجێ بکەن.

لە ئاستی نێونەتەوەییدا، کۆنکۆنی (٢٠٠٣، Conconi) وەبیر دێنێتەوە کە ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، توانایی دەوڵەتەکان لە بەکارهێنانی لەمپەرگەلی بازرگانیدا سنووردار دەکەن. ئەمە بە مانای پێویستیی دامەزراندنی ڕێکخراوی ژینگەییی جیهانی دێت. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بەستەرەوە (زۆرەملی) نەبن، دانانی یەکلایەنەی سیاسەت دەتوانێ ئەنجامی کارا و بەبڕشتی لێ بکەوێتەوە. لە ئاستی هەرێمیدا، ئەندامانی ڕێککەوتننامە بازرگانییە تایبەتییەکانی وەک یەکیەتیی ئورووپا، ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازادی ئامریکای باکوور (NAFTA) و ڕێکخراوی نەتەوەکانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەتوانن هاوکاریی ژینگەیی دابمەزرێنن. سوێدرهۆڵم (٢٠٠٨، Söderholm) ئابووریی سیاسیی پێوەندیدار بە دامەزراندنی بازرگانیی هاوبەش لەنێوان هاوبەشەکانی بازاڕەکانی خاوەن پێناسەی سەوز ئانالیز دەکات. ناوبراو هیندێک لە پرنسیپە ئابوورییەکانی بازاڕێکی خاوەن هێڵاننامەی سەوزی دوولایەنەی لێکهەڵپێکراو دەخاتە ڕوو و ژمارەیەک تەوەر و کێشەی گرینگ بۆ کارایی، سەقامگیری و ڕەوایییان دێنێتە بەر باس.

سەوزاندن (یان بۆ ژینگە گونجاو کردنی)ی گواستنەوە، بوارێکی گرینگە کە پێویستیی بە ڕوونکردنەوە لەسەر گۆڕان لە سیاسەتی گواستنەوەی شاردا هەیە. سەرەڕای هۆشیاری و شارەزاییی کامڵ سەبارەت بە کێشە ڕوو لە هەڵکشانە ژینگەیییەکانی گرێدراو بە گواستنەوە، بەگشتی سیاسەتی گواستنەوە لەهەمبەر گۆڕانکارییە پێویستەکاندا خۆی گرتووە و قایم ڕاوەستاوە. هایسینگ (٢٠٠٩، Hysing) لەمەڕ ئەوەی کە ئەم بۆ ژینگە گونجاو کردنە چۆن بووە بە دەرەتانێک، ڕوونکردنەوە دەدات. وەک نموونەیەک، سێ گۆڕەکی (variable) گۆڕان لە دۆزی “ئۆرەسووند” لە وڵاتی سوید، بایەخی تێگەیشتن لە خسڵەتی گۆڕانی سیاسەت دەسەلمێنێ. ئەم سێ گۆڕەکە لە ئایدیاگەلی سیاسەتی نوێی گواستنەوەی جێگیر، ڕێکخستنەوەی بەڕێوەبەریی خۆجێیی و گوشاری کاردابینکەرانی سیاسەتی سەوز پێک هاتووە. خاڵی هاوبەشی پشتی ئەم هەموو ئاڵوگۆڕە، ڕێکخستنەوەی گواستنەوەی شاریی وەک پرسێکی سیاسی بوو. گرینگیی بەردەوامی سیاسەت لەم پرسەدا وانەیەکی بەنرخە.

لە زۆر وڵاتدا، لە ئەنجامی شارنشینی و ئاقارەکانیدا، ڕادەی بەرهەمهێنان و چڕیی حەشیمەت خەریکە دەگۆڕدرێن. وەک هەنگاونانێک بەرەو سەوزاندنی پشتوێنی ژەنگ لێدراو، شیڵینگ و لۆگان (٢٠٠٨، Schilling and Logan) مۆدێلێکی ژێرخانی سەوز بۆ ئەندازەگونجاویی شارە بچووکەوەبووەکانی ئامریکا پەرە پێ دەدەن. {پشتوێنی ژەنگ لێدراو ئاماژە بە هەرێمێکی جوغرافیاییی ئامریکا دەکات کە سەردەمێک خاوەنی پێگەیەکی ئابووریی بەهێز بوو، بەڵام دواتر ئەو پێگەیەی لە دەست دا، وەرگێڕ}. ئەوان کۆمەڵێک ستراتێژی پێناسە دەکەن کە شارە بچووکەوە (بەرتەسکەوە) بووەکان دەتوانن بە کاریان بێنن بۆ ئەوەی ژینگەی شار بژێننەوە، دانیشتووانی کۆمەڵگە بەهێز بکەن و بازاڕە بەکەڵکنەهاتووەکانی خانووبەرە سەقامگیر بکەن. ناوبراوان بە چەند تێبینی کردنێک لەمەڕ چاکسازیی شیمانەییی سیاسەت و بیرۆکەی پشکنین،  لێکۆڵینەوەکەیان تەواو دەکەن. ئەندازەگونجاویی (شار) حەوجەی بە ڕێگای نوێ بۆ پلاندانان، دیزاین و بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان هەیە. سیاسەتدانەران پێویستییان بە چاکسازیی پێوەندیدار بە یاسادانەری، زانیاریی باشتر و لێکۆڵینەوەی بەهێز و قایم هەیە تا ئەم چاکسازییانە لە سیاسەتدا ببەنە پێش؛ ئەوان هەروەها بۆ باشترکردنی پەرەدان بەم نوێگەرییانە لە سیاسەتدا، پێویستیان بە تەرخان کردنی هەوڵ و چالاکییە.


٩. ٣ ئابووریی سەوز، قەیرانی ئابووری، کار و باشبژێوی

وەک بەشێک لە هەوڵەکان لەپێناوی ئابوورییەکی خۆشبژیویی سەوزدا، لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی ساڵی ١٩٩٨ـەوە حیزبی سەوز لە سوید، بەو مەرجە کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی حکوومەتدا ھەبێت، پشتیوانیی لە حکوومەتێکی فرەلایەن کردووە (ئێلاندر ٢٠٠٧، Elander). ئەم سیاسەتەی حیزبی سەوز سەوزاندنی (بۆ ژینگەگونجاویی) ئابووریی لێ کەوتووەتەوە. وەک پێوەرێکی دیکەی بەشداریکردن لە سیاسەتداناندا، ئالمۆس (١٩٩٤، Almås) لە سووڕی سیاسەتی کشتوکاڵ دەکۆڵێتەوە و پێوەندیی نێوان یاسادانانی دەوڵەت، ئابووریی بازاڕی لیبراڵی و پشتگیریی باشبژیویی جووتیارانی نۆروێژ هەڵدەسەنگێنێ. گۆڕان لە سووڕی سیاسەتی کشتوکاڵدا، گۆڕانی ستراتێژیی مانەوەی جووتیارانی لێ دەکەوێتەوە. دۆزینەوەکانی ناوبراو دەریدەخەن کە خۆگریی زیاتر هەیە تا گۆڕان و، جووتیاران خۆیان لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتگەلی پێشبینیکراودا دەگۆڕێنن. وەک دەرهاویشتە و ئاکامێک، جووتیاران تەنانەت بەر لەوەی سیاسەتی “لیبرالیزمی سەوز” جێبەجێ بکرێت، پەین و ژاری دژە مەلومۆری کەمتریان بەکار هێنا.

باجی سەوز و قازانجی دووقاتی پشک لە ئابووریی ڕوو لە گەشەدا، لەلایەن گلۆم و هاوکارانییەوە (٢٠٠٨، Glomm et al. ) تاوتوێ دەکرێن. ئەوان لە چاکسازیی باجی سەوزی بێلایەن بە داهات لە درێژەی هێڵەکانی گریمانەی قازانجی دووقاتی پشک دەکۆڵنەوە {بێلایەن بە داهات بەو واتایەیە کە کەم و زۆر کردنی باج کار ناکاتە سەر داهاتی دەوڵەت. ئەگەر باج لەسەر خەڵک کەم بکرێتەوە، ئەوا بە هەمان ئەندازە باج لەسەر کۆمپانیاکان زیاد دەکرێت. وەرگێڕ}. لەسەر بنەمای مۆدێلێکی دینامیکیی گشتیی هاوسەنگ، ئەوان بۆیان دەردەکەوێت کە بردنەسەری باجی بەنزین و بەکارهێنانی داهاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر داهاتی سەرمایە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا، بەدڵنیاییەوە هەردووک جۆر سوودی باشبژیوی دەخاتە بەر دەست: قازانجی پشکی کارایی و قازانجی پشکی سەوز. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان بۆیان دەردەکەوێ کە بە لەبەرچاوگرتنی مەیلی پارەدان لای خێزان بۆ باشترکردنی چۆنایەتیی هەوا، قەوارەی قازانجی پشکی سەوز، زۆر لە قازانجی پشکی کارایی کەمترە.

بە دوای قەیرانی ئابووریی جیهانی، بە مەبەستی ئافراندنی هەلی کار لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئورووپادا، سامانێکی ئێجگار زۆر لە ئابووریی سەوزدا وەگەڕ خراوە. بەڵام بەڵگە لەسەر ڕەخساندنی ڕاستەوخۆی هەلی کار لە ئاکامی ئەو سەرمایە وەگەڕخستنانەدا دەگمەنە (کەمە). هەروەها دوودڵییەک هەیە کە ئەگەر کاریش خوڵقابێ، ئەوا لە بوارگەلێکدان کە شارەزایییان لە ئاستێکی بڵنددا پێویست نییە و کاتین. ئەمانە بۆ هەڵدانی ئابووری بایەخی کەمتریان هەیە. لە توێژینەوەیەکدا کە لە ڕەخساندنی هەلی کار و ستراتێژیی پەرەدانی سەوز لە ئیندۆنێزی دەکۆڵێتەوە، مەهمەت (١٩٩٥، Mehmet) سەبارەت بە پێوەندیی نزیک لەنێوان پەرەسەندنی بەردەوام و پەرەسەندنی ڕەخساندنی هەلی کاردا بەڵگە دەهێنێتەوە.

گای و هاوکارانی (٢٠١١، Gai et al. ) لەوە دەکۆڵنەوە کە ئایا پێوەندیی نێوان ئابووریی سەوز و کاری سەوز ئوستوورەیە یان ڕاستی. وتاری ناوبراوان دەپەرژێتە سەر کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیەکانی دامەزراندن لە ئاکامی دوو سیاسەتی سەرەکیی کەمکردنەوەی گازە گوڵخانەیییەکان لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چیندا. وتارەکە دەیسەلمێنێ کە ئاسان نییە بڕیار بدەیت کە ئایا ئەو سیاسەتانە، کاری زۆرتریان لێ دەکەوێتەوە یان نا. ئەوان پێداگری دەکەن کە بۆ دڵنیایی لە پێکەوە هەڵکردنی ئابووریی سەوز و کاری سەوز، سیاسەتدانەران دەبێ زیاتر پەرە بە “تەکنۆلۆژیی بۆ نوێبوونەوە شیاو” بدەن. جگە لەوە، لەگەڵ یەک جۆربوونی سیستەمی فێرکاری و پێکهاتەی دامەزراوان (کارمەندان)یش پێویستە. هەروەها بردنەسەری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان بۆ ئابوورییەکی سەوز و بۆ کاری داهێنەرانە بوارگەلێکی جێی سەرنجن کە خاوەنی ئەگەر و توانایی پەرەسەندنن.

پاپ و هاوکارانی (٢٠١١، Pop et al. ) بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیا لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا، ڕۆڵی سامانی کۆمەڵایەتی و برەوی پیریی چالاک ئانالیز دەکەن. {پیریی چالاک چەمکێکە کە ئامانج لێی، بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی و لە ئەنجامدا درێژکردنەوەی چالاکیی بەرهەمدەریی مرۆڤە، وەرگێڕ}. ئەوە بە ئامرازێکی بەبڕشت بۆ بە گژا چوونەوەی دۆخی ڕاستەقینەی ئابووری لە یەکیەتیی ئورووپا و گوزەرکردن بەرەو ئابووریی نوێ دێتە ئەژمار. وەک ئەنجامێک چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم هەنگاوە، لە زانست، لێهاتوویی و توانایی بە ساڵدا چووان بە شێوەیەکی هاوبەش و یەکانگیر کەڵک وەربگرێت. هەروەها دەتوانێ کاری داهێنەرانەی نوێ بخوڵقێنێ و هاوکاری لەپێناوی بڕەودان بە ئابووریی سەوزدا بەهێز بکات.

ئەو گومان و دوودڵییە لە ئارادایە کە کۆمەڵگەی جیهانی لە (ئەنجامی) هەوڵەکانی بۆ خۆ قوتار کردن لە قەیرانی دارایی، لەوانەیە کارەساتە ژینگەیییەکان خراپتر بکات. شێوەکارە نوێیەکانی ئابووریی سەوز لە چیندا لەسەر فرەقەیرانی ڕاوەستە دەکات. چین، لە دەیەکانی دواییی پەرەسەندنی خێرای ئابووریدا، لەنێو قەیرانگەلێکی وەک قەیرانی ژینگەیی، قەیرانی دراوی، قەیرانی خواردەمەنی، قەیرانی سەرچاوەکانی ئاو و قەیرانی سیستەمی پارێزگاری لە ژینگەی ئێکۆلۆژیکیدا گیری خواردووە. سەختیی کێشەگەلی پەرەسەندن و ژینگە  لە ئاستی جیهاندا وای کردووە کە ئابووریی سەوز سەرنجی زیاتر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ڕێگاچارەکان لە داڕشتنی سیاسەت و سیستەمگەلێک بۆ پاشەکەوتی وزە، کەمکردنەوەی بەرەڵاکردنی گەناڵ (زبڵ) بۆ ناو ژینگە و پەرەدان بە سەرچاوەی نوێی وزەدا خۆ دەبیننەوە. ئەمە لە درێژەی ڕێگای ئابوورییەکی سەوزدا بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئێکۆلۆژیکی، ڕۆڵی چاوساخ دەگێڕێت. باڕی Barry(٢٠٠٦ئا، ٢٠٠٦ب، ٢٠٠٩، ٢٠١٢) هەوڵ دەدات ئاساییشی ئابووری لە جێی هەڵدانی ئابووری دابنێت، کەچی ژیا و هاوکارانی (٢٠١١، Jia et al. ) لەسەر پێویستیی داڕشتنی ستراتێژییەک و پاڵنانی چین بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئێکۆلۆژیکی بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانە فرەڕەهەندییەکان پێداگری دەکەن. یانگ و چێن (٢٠٠٩، Yang and Chen) سەوزاندنی ئابووری بە ڕێگاچارەی سەرەکیی قەیرانی ئابووریی جیهانی دادەنێن. ناوبراوان ڕایدەگەیەنن کە هەرچەند نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک وڵامێک بە قەیرانی هەنووکەییی ئابووری و دارایی و هاندەری وەگەڕخەری سەوز، داوای ڕێککەوتنێکی نوێی سەوزی جیهانیی کرد، بەڵام لەسەر ئەوە کە داخوا ئەو جۆرە هاندەرە سەوزانە، چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە دەخەنە ڕوو یان نا، چ کۆدەنگییەک لە ئارادا نییە.

فرەڕەهەندیی قەیرانەکە لەلایەن ”ئالتواتر”ـەوە (٢٠٠٩، Altwater) بە سێ تەنگژە (trilemma) ناودێر دەکرێ و ئاماژەیە بە سێ تەوەری ئابووریی جیهان، قەیرانی دارایی و سەقامگیریی ئێکۆلۆژیکی. کاپرا و هێندێرسۆن (٢٠٠٩، Capra and Henderson) میتۆدێکی هەڵدانی چۆنایەتی پێشنیار دەکەن کە چوارچێوەیەکی واتاییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریگەلێک بۆ قەیرانە هەنووکەیییەکان. میتۆدی پێشنیارکراو دەبێ لە ڕووی ئابوورییەوە سالم، لە باری ئێکۆلۆژیکییەوە سەقامگیر و لە بواری کۆمەڵایەتییەوە عادڵانە بێت. ئەم پەڕینەوە جیهانییە لە خاپوورکاریی ژینگەیییەوە بۆ سەقامگیری و جێگیری، چی دیکە نە واتایییە و نە گرفتێکی تەکنیکیشە، بەڵکوو کێشەی بەها (نرخ بۆ دانان) و ویست و ئیرادەی سیاسییە.

ئینگلبریشت (٢٠٠٩، Engelbricht) کاتێک لە قەیرانی ھەنووکەیی دەکۆڵێتەوە، لەسەر تێڕوانینێکی ئابووریی بناخەدانراو لەسەر زانست فۆکووس دەکات. ئەم تێڕوانینە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت کە گەوھەری مرۆڤ بە ھێند وەربگرێت. تێڕوانینەکە فاکتەرە دەروونزانییەکان، وەک “ڕۆحی ئاژەڵ”ی کەینز لە خۆ دەگرێت. پەرەسەندنی سیستەمی پۆلێنکاری کە دان بە فرەلایەنیی وەها ئابوورییەکدا دەنێت، دەبێ نرخاندنی دووبارەی ئابووریی باشبژیویی باو و پەرەسەندنی سیستەمێکی نوێی لەتەکدا بێت کە تێگەیشتنگەلی هەوێنگرتوو لە لێکۆڵینەوە لەسەر  خۆشگوزەرانی و هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە بەرچاو بگرێت. کاتێک داس (٢٠٠٢، Das) لە پێوەندیی نێوان شۆڕشی سەوز و کەمکردنەوەی هەژاری دەکۆڵێتەوە، گرێدراویی نێوان تەکنۆلۆژی و کۆمەڵگە هەڵدەسەنگێنێ و بەشێوەی ڕەخنەگرانە قازانجە ئەرێنی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئابووریی سەوز لەسەر هەژارانی وڵاتی هیند شەنوکەو دەکا. ناوبراو پێشنیار دەکات کە پێوەندیی نێوان ئاستی هەژاری و شۆڕشی سەوز دەبێ بە وریاییەوە پەسند بکرێت.



١٠. کورتەی ڕێبازەکانی پەرەسەندنی سەوز

ئابووریی بازاڕ، بەشێوەیەکی ورد و مووئەنگێویانە، لەو تەکنۆلۆژییانەی کە “شمەکی بۆ بازاڕ شیاو” بەرهەم دەهێنن و بەرهەمدەری و قازانج بەهێز دەکەن، ورد دەبێتەوە. ئەم داوی (تەڵەی) بەرهەمدەری و قازانجە بۆ ژینگە و بەردەوامی (سەقامگیری) بەکەڵک نییە. ئایدیۆلۆژیی سەوز بریتییە لە ئاڵقەی پێوەندیی نێوان داد، سروشت و ئابووریی سیاسی. ئەم بابەتە هێشتا بە باشی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە، چونکە هەڵسەنگاندن و تەتەڵەی کۆمەڵگەی پیشەسازیی هاوچەرخ دیاردەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە. تیۆرییە ئێکۆلۆژیکی و ئابوورییەکان کە هێشتا لە پەرەسەندندان، ئەوە دەخەنە ڕوو کە سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەییی سەوز دەبێ حیسابی چی بکات بۆ ئەوەی قازانجە نابازاڕییەکانی سروشتی لە بیر بێت. هەوڵەکانی کومیسیۆنی ئورووپا لەپێناوی دامەزراندنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئاسانکاری بەمەبەستی بەشداریکردنی چالاکانەیان لە بڕیاردانی سەوزدا کە بۆ نوێکردنەوەی ئێکۆلۆژیکی و ئاسایشی ئابووری ئاسانکاری دەکەن، وا دێتە بەرچاو کە هەنگاوێکی لە ئاراستەی دروستدا بێت.

گوشارگەلی سەوز دەربڕ و نیشاندەری نیگەرانیی ڕوو لە هەڵکشان لەسەر ژینگەن. وزە و تینیان وەبەر هەوڵەکانی ئابووریی سەوزدا کردووە کە لە ئانالیزێکی هەڵبژاردنی سەرکەوتووانەی چەندین پارتی سەوز لە ئورووپادا دەردەکەوێت. ستراتێژیی پەرەسەندنی ئابووریی سەوز خەریکە بیچم بەو ئاراستەیە دەدات کە ئابووریی سەوز بە شێوەی هەرەباش و دڵخواز دەبێ وەدوای بکەوێ. ستراتێژیی جێی باس بەتایبەتی لەسەر سیستەمی پیشەسازی و پێوەندیی ئەو سیستەمە لەگەڵ سیاسەتی ژینگەیی چەق دەبەستێت. ئاوات و مەیلی تێگەیشتن لە پێوەندیی نێوان ئابووری و ئیکۆلۆژی بەرەو پەرەسەندنی سەقامگیر و بەکارهێنانی میتۆدێکی یەکانگیری ئابووری-ئێکۆلۆژیکی و ئانالیزکردنی، حەز و ئاواتێکی ڕوو لە هەڵکشان بووە. سەرهەڵدانی سیاسەتی شاری سەقامگیر پێوەرێکە کە لەسەر دەستتێوەردان و سیاسەتی یەکپارچە بە مەبەستی گەیشتن بە پەرەسەندنی شاری هاوسەنگ و سەقامگیر، پێداگری دەکات. ئەمە وردە وردە سەر دەکێشێتە لای ئابوورییەکی سەقامگیر کە هەم زیانی بۆ ژینگە کەمترە و هەمیش بەکارهێنانی ئاسانترە.

کێشەگەلی سەرچاوە-ژینگە لە پیشەسازییە پرۆسەیییەکاندا، قورسایییەکی تایبەتی دەخەنە سەر دابینکردنی وزەی بنەڕەتی، کارایی بەکارهێنانی وزە، دۆخی کەڵکوەرگرتن لە وزە، بەکاربردنی کەرەستە و بەرەڵاکردنی پۆخڵی. هەروەها بۆ بنبڕکردنی لەمپەرەکانی سەوز لە جێبەجێکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی بازنەیی و تەکنیکگەلی بەرهەمهێنانی خاوێندا، هەوڵگەلێک وەگەڕ خراون. ئابووریی بازنەیی وەک سیاسەتێکی نەتەوەیی بۆ پێشکەوتنی سەقامگیر پەرەی سەندووە کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی کارتێکەرییە ژینگەیییەکانی موعجیزەی ئابووریی وڵاتی چینە. ئەمە لەباتیی ستراتێژییەکی پەتیی ژینگەیی، خەریکە زیاتر وەک ستراتێژییەکی ئابووری سەر هەڵدەدات. سەرەڕای هۆگریی زۆر پێی و باڵادەستییەکەی، ئابووریی بازنەیی و ئابووریی نەریتی پێکەوە دەیانکرێ و لە پەنای یەکدا دەژین. بەراورد و ئانالیزی ئەو دوو سیستەمە لە نرخاندنی سروشتی پێکەوەژیانیان و خێرایی جێگۆڕکێیاندا یارمەتیدەر دەبێت. جێبەجێکردنی هاوتەریبیی ئابووریی بازنەیی لە ئاستی کۆمپانیا، پیشەسازی و نەتەوەییدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کاولکاریی ژینگە و کەمیی سەرچاوە ئابوورییەکان، وەک هەنگاوێکی هیوابەخش سەیر دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەنگاوی جیاواز بۆ پێشخستنی ئابووریی بازنەیی و پەرەدان و بەهێزکردنی هێزە پاڵنەرەکانی، بۆ گەیشتن بە ڕێڕەوی پەرەسەندنێکی سەقامگیر پێویستن.

سووڕی سیاسەتی کشتوکاڵ پێوەندیی نێوان یاسا و ڕێسا، ئابووریی بازاڕ و یارمەتیدانی جووتیاران بۆ پاراستنی ژینگە دەکاتە ئامانج. ململانێی سەرەکی لێرەدا بریتی دەبێت لە بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویست بۆ تێرکردنی حەشیمەتی ڕوو لە هەڵکشانی جیهان. ئابووریی سەوز، وەک میتۆدێکی کارا و بەردەوام، لە باشترکردنی پەرەسەندنی ئابووری، ڕکێفکردنی کاولکاریی ژینگە و  بردنەسەری دەسکەوت بەبێ خراپترکردنی نابەرابەریی ناوچەیی، زیانهەڵگری و هەلومەرجی قاتوقڕیدا یارمەتیدەر دەبێت. مودێلێکی دانراو لەسەر چۆنایەتی بۆ پەرەدان بە بەرهەمی سەوز کە لە ڕێگای داڕشتنی بەرهەم و داهێنانەوە دەپەرژێتە سەر پرسە ژینگەیییەکان، خەریکە سەرنجی کڕیاران، پیشەسازییەکان و دەوڵەتەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ڕەوتی پەژراندنی تەکنۆلۆژیی سەوز دەبێ لە هەڵدانی بەرهەمدەریی جێگیردا ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت. بازرگانیی سەوز ڕوانگەیەکی نوێیە بۆ بەڕێوەبەری و ئاکار و ڕەوشتی و بازرگانی. سەوزاندنی ڕوو لە گەشەی تۆڕە پیشەسازییەکان، نموونەیەکی دیکەی جووڵانەوەی کۆمەڵایەتیی ژینگەییی هاوچەرخە. ئابووریی سیاسیی بازاڕێکی نێونەتەوەیی خاوەن هێڵاننامەی سەوزیش، هەنگاوێکی گرینگ بەرەو ئابووریی ئیکۆ-سیاسی لە ئابووریی سەوزدایە.

تێکچوونی دەورهەڵگرتووی ژینگەیی بووەتە هۆی چوونەسەری ئاستی هۆشیاریی گشتی سەبارەت بە کێشە ژینگەیییەکان و وەک هێزێکی پاڵنەر بۆ پەرەدان بە ڕێگاگەلێک لە چەشنی ئابووریی بازنەیی ڕۆڵ دەگێڕێت. پێکهاتە، ئامانج و کردەوەکانی هیندێک ئەکتەری کۆمەڵایەتی و شارۆمەندیی سەوز لە جووڵانەوەی ئابووریی سەوزدا بۆ پەرەدان بە قەوارە و توانایییەکانی سەوز و جێبەجێکردنیان بایەخدارن. شەپۆلگەلی سەوز و بەجیهانی‌بوون بەرەو یەکسانی و دادی ژینگەیی بەڕێوەن. خوێندنەوەی تێگەیشتنەکانی جووڵانەوەی سەوز و مەبەستە ڕەفتارییەکانی ئەو جووڵانەوەیە گرینگن. کیمیای سەوز وەک جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، هەلومەرجێک پێک دەهێنێت کە لە سێبەریدا بەشەکانی کۆمەڵگە دەرفەتیان دەبێت لە جووڵانەوەگەلی کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکەن. جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان بە پێدرانی نفووز و دەسەڵات بەسەر سیاسەتەکانی حکوومەتدا، دەتوانن لەسەر مۆدێلی سیاسەتی هەرە دڵخواز بۆ پێشخستنی ئابووریی سەوز پەرە بستێنن. بە لەبەرچاو گرتنی پرسی یەکسانی، لێکۆڵینەوە لە پێوەندیی نێوان تەکنۆلۆژی و کۆمەڵگە دەتوانێ تیشک بخاتە سەر قازانجە ئەرێنی و (زیانە) نەرێنییەکانی ئابووریی سەوز لەسەر هەژاران و پەراوێزخراوان.

ئابووریی سەوزی هیدرۆژێن وەک ڕێگایەک بۆ وڵاتان کە لە وزەدا سەربەخۆ بن و بە دوای داهاتوویەکی “بۆ نوێبوونەوەشیاو”دا دەگەڕێن، تا دێ پێداگریی لەسەر دەکرێت. سیستەمەکانی “وزەی بۆ گواستنەوە شیاو”ی کاراتر، لە نێو ئەو چارەسەر و هەنگاوانەدان کە پێشنیار دەکرێن. هەروەها دابەزینی بەرچاوی چڕیی وزە، باشترکردنی کارایی تەکنیکی و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە چالاکیی ئابووری لەنێوان کەرتەکانی ئابووریدا وەدەست هاتووە. پاشەکەوتی وزە لە پیشەسازییە پرۆسەییەکانی چیندا و پەرەسەندنی بازاڕی وزەی سەوز یان بۆ نوێبوونەوە شیاو لە ئاڵماندا جەخت لەسەر سیاسەتی گشتیی کارا و سەرهەڵدانی خواستی کڕیارانی سەوز دەکەن. ئابووریی سیاسیی سیستەمی باج‌وەرگرتنی سەوز ڕۆڵی سیاسەت لە دانانی سیاسەتی ژینگەییدا دەستنیشان دەکات. سەرەڕای ئەوەش، تیۆرییەکانی یاسابەندی هێشتا هێندە بەگوێرەی پێویست پەرەیان نەسەندووە کە ئاراستەدۆزییەکی ژینگەییی بەهێزیان هەبێت. باج خستنەسەر وزە بۆ ئەوەیە کە بەکارهێنانی وزە کۆنترۆڵ بکا و لە وەدەستهێنانی ئامانجەکانی کۆنترۆڵکردنی گۆڕان لە کەشوهەوادا یارمەتیدەر بێت. چاوەڕوان دەکرێت باجی سەوز “قازانجی دووقاتی پشک” لە بیچمی کارایی و “قازانجی پشکی سەوز”دا دەستەبەر بکەن.

ئابووریی کەم کاربۆن وەک نموونەیەکی بنەڕەتیی پەرەسەندنی ئابووری، بژارەیەکی “خۆ لێ لانەدەر” بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گەرمداھاتنی گەردوونی و وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەسەندنی سەقامگیر، سەرهەڵدەدات. پەڕینەوەیەکی هاوتەکاموڵییانەco-evolutionary(شوێن لەسەر یەک دانەرانە) بۆ ئابوورییەکی کەم کاربۆنی سەقامگیر لەنێو دوورەدیمەنی فرەئاستی (ئابووریی) بچووک-گەورەدا خوازراو و پێویستە. لە بونیاتنانی ئابوورییەکی سەوزدا، زانایانی بواری کەشوهەوا پێشنیار دەکەن کە دەبێ لەهەمبەر دووەم ئوکسیدی کاربۆن و دانەدەرەوەی گازە گوڵخانەییەکانی دیکەدا کارێک بکرێت و ئەو کارەش ئەوەیە کە بەکارهێنانی سووتەمەنیی فوسیلی لە ئابووریدا ڕابگیردرێت. بەڵام سەرەڕای قازانجەکانی هەنگاوی لەو چەشنە، ئەو ترسە لە ئارادایە کە دابەزاندنی خێرا و توندی ڕادەی دانەدەرەوەی گازە گوڵخانەییەکان زیان بە ئابووری بگەیەنێت. لێکەوتەکانی ئاسایشی خواردەمەنی و بازاڕ بەهۆی پەرەگرتنی خێرای خواست بۆ سووتەمەنیی زیندەیی ڕاو {سووتەمەنیی نافوسیلیی وەک بایۆدیزل، ئێتانۆل، . . . وەرگێڕ} چاوگی نیگەرانیی دیکەن.

داهێنانەکان لە ئابووریی سەوزدا لە فۆرمی تێکەڵاوییەک لە داهێنانی سەوز، پیشەسازی و ناوچەیە. ئارەزووی هێنانەدیی پۆتانسیالی داھێنانی بناخەدانراو لەسەر تەکنۆلۆژی، زانیاری و پێوەندی، نەک هەر وەک هەنگاوێک بۆ ھاتنەوەسەرخۆی ئابووری، بەڵکوو بۆ ئابووریی سەوزیش لە ئارادایە. ئەوە گرینگە کە بەهێزترکردنێکی دوولایەنە و پێوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیی نوێ، داهێنان و کارایی باشتربووی ژینگەییدا هەیە. گەشەی ئابووریی سەوز لە ئاستی جیھاندا پێویستی بە تەکنۆلۆژیی داھێنان و ستراتێژی بۆ سەقامگیریی جیھانی ھەیە. گونجاو لەگەڵ ستراتێژیگەلی سەقامگیریی جیھانی، سیاسەتی تەکنۆلۆژیی سەوزی نەتەوەیی و کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنە ئابووری، ژینگە و کۆمەڵایەتییەکانی پێویستییان بە ئاولێدانەوە ھەیە. سیاسەتی شاری سەقامگیر و سەوزاندنی بەرنامەکانی خوێندنی زانکۆ لەنێو ئەو ھەنگاوانەدان کە لەگەڵ ھاوپێوەندیی ئابووری-ژینگە-تەکنۆلۆژی-فێرکاریدا بۆ چەسپاندنی پەرەسەندنی سەقامگیریی ھاوسەنگدا ھاوتەریبن.

داراییی سەوز ڕەوتێکی گرینگی دامەزراوە دارایییە مۆدێرنەکانە کە لێکەوتەگەلێکی بەرچاوی لە پەرەسەندنی بەردەوامی ئابووری و کاریگەریییەکانی لەسەر ھەڵسوکەوتی کۆمپانیاکان و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا ھەیە. لەم پێوەندییەدا، دراوە ناوچەیییەکان، ئەگەر باش بەکار بھێنرێن، دەتوانن یارمەتی بە پەرەسەندنی خۆجێییی سەقامگیر بدەن. داراییی سەوز ھەروەھا بە بازرگانیی سەوز، گواستنەوە و ژێرخانی ئابوورییەوە گرێ دراوە و لە ڕێگای جووڵانەوەی سەوز، لۆبی و سیاسەتەوە، شوێنی لەسەر دادەنرێت. سیاسەتی بازرگانیی سەوز ھەروەھا ئەو وڵاتانەی دەرەوە کە لە جێبەجێکردنی یاسای لەباری ژینگەییدا سەرکەوتوو نابن، ھان دەدا تا لە چوارچێوەی (سیاسەتی) سەوزدا بجووڵێنەوە. بەهۆی هەڵکشانی کێشە و نیگەرانییەکان لەمەڕ ژینگە، سەوزاندنی گواستنەوە، بەتایبەت سیاسەتی گواستنەوەی شاری و گۆڕانکارییەکانی خەریکن بێنە دی. ئەم بابەتە تەنانەت شوێنی لەسەر پرسی شارگەلی خاوەن قەوارەگونجاو و دۆزینەوەی ژێرخانی ئابووریی سەوز بۆ پەرەسەندنی بەردەوام داناوە.

لێکۆڵینەوەی نوێ دەریدەخات کە بەشێکی زۆر لە بەکاربەران، حەزێکی بەهێزیان بۆ کڕینی بەروبوومی خواردەمەنیی سروشتیی “بەرهەمهاتوو لە زەوی” هەیە. بەکاربەران هەروەها ویست و مەیلێکی فرەیان بۆ دانی دراوی زیاتر بە بەروبوومی سەوز، دەستپێشخەری و هەنگاوگەلی خزمەتگوزاریی وەک پیشەسازیی هوتێل نیشان داوە. پەرەدان بە مۆدێلگەلی لەسەر چۆنایەتی بناخەدانراو، بۆ بەروبوومی سەوز و بازاڕ، لەوانەیە سەرکەوتوو بێت. ئەم مۆدێلانە، لەباتی میتۆدی نەریتیی”کۆنترۆڵی کۆتاییی لوولە”، پرسە ژینگەیییەکان لە ڕێگای دیزاین و داهێنانی بەرهەمەوە دەستنیشان دەکەن. لەنێو هەنگاوەکانی تردا، پارەدانی سەوز بۆ کۆنترۆڵکردنی پیسیی بێ خاڵ “non-pointsource pollution”{پیسبوونێک بەھۆی زیاتر لە سەرچاوەیەکی پیسکردنەوە بێت، وەرگێڕ}، بەمەبەستی کەمکردنەوەی پیسبوونی فرەچاوگی کشتوکاڵی هەن.

بەرهەمی نەتەوەییی سەوز، بە واتای یەکخستنی بەرهەمی نەتەوەیی لەگەڵ بەهای زیانە ژینگەیییەکان دێت. ژمێریاریی سەوز دەکرێ بۆ نرخاندنی سەقامگیری و بەردەوامیی چالاکی و هەڵدانی ئابووری بەکار بهێنرێت. ئەمە دەریدەخات کە بە بردنەسەری کێشی بەروبوومی کەمتر ژینگەپیسکەر و بە تەکنیکیی بۆ ژینگە بەسوود، دەکرێ کاریگەریی نەرێنیی بڕی هەڵدانی ئابووری لەسەر ژینگە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمە لەگەڵ چەمکی هەڵدانی چۆنایەتی دێتەوە کە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەریگەلێکە بۆ قەیرانە هەنووکەیییەکان، کە لە ڕووی ئابوورییەوە سالم، لە باری ئێکۆلۆژیکییەوە سەقامگیر و لە بواری کۆمەڵایەتییەوە عادڵانە بن. مرۆڤ دەبێ لە داوی بەرهەمدەری کە لە ئاکامی پەیگیریی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بەرهەمدەریی باڵاتری هێزی کاردا دێتە ئاراوە، خۆ ببوێرێت. بۆ چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕ بە ئاقاری بەرهەمدەریی سەوز و پێوانەکردنی سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی سەوزی ئابوورییە نەتەوەییەکان، پەرەدان بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئابووریی سەوز پێویستە ئەنجام بدرێت.

ژمارەیەکی ڕوو لە زیاد بووی حیزبە سەوزەکان، دەسەڵات و نفووزیان بەسەر سیاسەتە حکوومەتی و باشبژیوییەکاندا پێدراوە. ئەدەبیات لەسەر شۆڕشی سەوز و هەژاری بەڵگە لەمەڕ پێوەندیی نێوان تەکنۆلۆژی و کۆمەڵگە و قازانجەکانی بۆ هەژاران نیشان دەدات. لە ساڵانی دواییدا، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان بۆ ئابوورییەکی سەوز و بۆ پیشەی داهێنەرانە بەرز بووەتەوە. ئەمە وەک ئامرازێکی کارا لە بەگژاچوونەوەی داڕمانی ئابووری (recession) و لە پەڕینەوە بۆ ئابووریی نوێ بەهۆی بەشە (پێکهاتە) بەهێزەکانی سەوزەوە دەژمێردرێت. ستراتێژیی ڕەخساندنی هەلی کار و پەرەسەندنی سەوز، پێوەندیی نزیک لەنێوان پەرەسەندنی بەردەوام لە ئاستگەلی جیاوازی کەڵەکەبووندا پیشان دەدات.

سەرەڕای ئەوەش، هەوڵەکانی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانی ئابووری لەوانەیە (دۆخی) ژینگە خراپتر بکات. چ کۆدەنگییەک لە ئارادا نییە کە ئابووریی سەوز وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە کار بکات، بەڵام بێگومان لەسەر ژینگە و سەقامگیری شوێن دادەنێت. ئامانجی دوایی دەبێ دۆزینەوەی ڕێگاچارەگەلێک بۆ قەیرانی ئابووریی جیهان و سەقامگیریی ئێکۆلۆژیکی بێت کە لە ڕووی ئابوورییەوە سالم، لە باری ئێکۆلۆژیکییەوە سەقامگیر و لە بواری کۆمەڵایەتییەوە عادڵانە بن، هەم لە نێوخۆی هەر هەرێم و وڵاتێک و هەمیش لەنێو ئەو وڵات و هەرێمانەدا. بەشداریی چالاکانەی خاوەن پشکە جیاجیاکان لە بڕیاردان و هەروەها ڕێکخراوگەلی چاودێریی بەهێز و کارای نەتەوەیی و نێونەتەوەیی، چۆنایەتیی ئەم ئەنجامە گرینگ و ژیانگۆڕە دیاری دەکەن.


ژێدەرەکان

Aaheim, A. and Nybory, K. (1995) ‘On the interpretation and applicability of a “Green National Product”’, Review of Income and Wealth, Vol. 41, No. 1, pp. 57–71.

Adams, W. M. (2001) Green Development: Environment and Sustainability in the Third World, Routledge, New York.

Almås, R. (1994) ‘The rise and fall of agricultural policy cycles: from planned economy to green liberalism’, Journal of Rural Studies, Vol. 10, No. 1, pp. 15–25.

Altvater, E. (2009) ‘World economy, the financial crisis, and ecological sustainability – a trilemma’, Capitalism Nature Socialism, Vol. 10, No. 4, pp. 37–68.

Archibugi, F. and Nijkamp, P. (Eds) (1989) Economy and Ecology: Towards Sustainable Development, Kluwer, Dordrecht.

Asheim, G. B. (1997) ‘Adjusting green NNP to measure sustainability’, Scandinavian Journal of Economics, Vol. 99, No. 3, pp. 355–370.

Baksi, S. and Green, C. (2007) ‘Calculating economy-wide energy intensity decline rate: the role of sectoral output and energy shares’, Energy Policy, Vol. 35, pp. 6457–6466.  

Barry, J. (1999) Rethinking Green Politics: Nature, Virtue and Progress, SAGE Publications Ltd. , London.

Barry, J. (2001) ‘Justice, nature and political economy’, Economy and Society, Vol. 30, No. 3, pp. 381–394.

Barry, J. (2006a) ‘Towards a concrete Utopian model of green political economy’, Post-Autistic Economics Review, Vol. 36, pp. 5–25.

Barry, J. (2006b) ‘Resistance is fertile: from environmental to sustainability citizenship’, in Dobson, A. and Bell, D. (Eds): Environmental Citizenship, The MIT Press, Cambridge, MA, pp. 21–48.

Barry, J. (2007) ‘A model of green political economy: from ecological modernisation to economic security’, International Journal of Green Economics, Vol. 1, Nos. 3/4, pp. 446–464.

Barry, J. (2009) ‘“Choose Life” not economic growth: critical social theory for people, planet and flourishing in a “Age of Nature”’, Current Perspectives in Social Theory, Vol. 26, pp. 93–113.  

Barry, J. (2012) The Politics of Actually Existing Unsustainability: Human Flourishing in a Climate-Changed, Carbon Constrained World, Oxford University Press, Oxford.

Bartelmus, P. (2013) ‘The future we want: green growth or sustainable development?’ Environmental Development, Vol. 7, pp. 165–170.

Bartelmus, P. (1999) ‘Green accounting for a sustainable economy: policy use and analysis of environmental accounts in the Philippines’, Ecological Economics, Vol. 29, pp. 155–170.

Bell, D. (2005) ‘Liberal environmental citizenship’, Environmental Politics, Vol. 14, No. 2, pp. 179–194.

Boyd, J. (2007) ‘Nonmarket benefits of nature: what should be counted in green GDP?’ Ecological Economics, Vol. 61, pp. 716–723.

Cai, W. , Wang, C. , Chen, J. and Wang, S. (2011) ‘Green economy and green jobs: myth or reality? The case of China’s power generation sector’, Energy, Vol. 36, pp. 5994–6003.

Cairns, R. D. (2002) ‘Green national income and expenditure’, The Canadian Journal of Economics, Vol. 35, No. 1, pp. 1–15.

Camagni, R. , Capello, R. and Nijkamp, P. (1998) ‘Towards sustainable city policy: an economyenvironment technology nexus’, Ecological Economics, Vol. 24, pp. 103–118.

Capra, F. and Henderson, H. (2009) Qualitative Growth, The Institute of Chartered Accountants in England and Wales.

Carfi, D. and Schiliro, D. (2012) ‘A cooperative model for the green economy’, Economic Modelling, Vol. 29, pp. 1215–1219.

Carraro, C. , Favero, A. and Massetti, E. (2012) ‘Investments and public finance in a green, low carbon, economy’, Energy Economics, Vol. 34, pp. 515–528.

Chakravarti, A. K. (1973) ‘Green revolution in India’, Annals of the Association of American Geographers, Vol. 63, No. 3, pp. 319–330.

Chapple, K. , Kroll, C. , Lester, T. W. and Montero, S. (2010) Innovation in the Green Economy, Industry Study Association.

Chen, C. (2001) ‘Design for the environment: a quality-based model for green product development’, Management Science, Vol. 47, No. 2, pp. 250–263.  

Chen, H. (2008) ‘On the optimal policy model of promoting green economy’, Economic Geography, Vol. 28, No. 4, pp. 598–602.  

Christoff, P. (1996) ‘Ecological modernisation, ecological modernities’, Environmental Politics, Vol. 5, No. 3, pp. 476–500.  

Chua, S. C. and Oh, T. H. (2011) ‘Green progress and prospect in Malaysia’, Renewable and Sustainable Energy Reviews, Vol. 15, pp. 2850–2861.

Chuanjiang, L. and Ya, F. (2011) ‘Low-carbon economy: theoretical study and development path choice in China’, Energy Procedia, Vol. 5, pp. 487–493.

Ciocirlan, C. E. and Yandle, B. (2003) ‘The political economy of green taxation in the OECD countries’, European Journal of Law and Economics, Vol. 15, pp. 203–218.

Clark, W. C. and Rifkin, J. (2006) ‘A green hydrogen economy’, Energy Policy, Vol. 34,  pp. 2630–639.

Conconi, P. (2003) ‘Green lobbies and transboundary pollution in large open economies’, Journal of International Economics, Vol. 59, pp. 399–422.

Das, R. J. (2002) ‘The green revolution and poverty – theoretical and empirical examinations of relation between technology and society’, Geoforum, Vol. 33, pp. 55–72.

Dawe, D. (1998) ‘Reenergizing the green revolution in rice’, American Journal of Agricultural Economics, Vol. 80, No. 5, pp. 948–953.

Despommier, D. (2013) ‘Farming up the city: the rise of urban vertical farms’, Trends in Biotechnology, Vol. 31, No. 7, pp. 388–389.

Dobson, A. (2006) ‘Ecological citizenship: a defence’, Environmental Politics, Vol. 15, No. 3, pp. 447–451.

Dow, S. (2011) ‘Fuel cells and LEDs combine to light the way towards the green economy’,  Fuel Cell Bulletin, August, pp. 12–14.  

Dryzek, J. S. (2005) The Politics of the Earth: Environmental Discourses, 2nd ed. , Oxford University Press, London.

Edwards, P. E. T. , Sutton-Grier, A. E. and Coyle, G. E. (2013) ‘Investing in nature: restoring coastal habitat blue infrastructure and green job creation’, Marine Policy, Vol. 38, pp. 65–71.

Elander, I. (2007) ‘Towards a green welfare economy – the green party in Sweden since the 1998 parliamentary election’, Environmental Politics, Vol. 9, No. 3, pp. 137–144.

Engelbricht, H. J. (2009) ‘Pathological knowledge-based economies: towards a knowledge-based economy perspective on the current crisis’, Prometheus, Vol. 27, No. 4, pp. 403–414.  

Eyraud, L. , Clements, B. and Wane, A. (2013) ‘Green investment: trends and determinants’, Energy Policy, Vol. 60, pp. 852–865.  

Färe, R. , Grosskopf, S. and Pasurka, C. A. (2001) ‘Accounting for air pollution emissions in measures of state manufacturing productivity growth’, Journal of Regional Science, Vol. 41, No. 3, pp. 381–409.  

Faxla-Raymond, N. , Svendsen, E. and Campbell, L. K. (2013) ‘From job training to green jobs: a case study of a young adult employment program centered on environmental restoration in New York City, USA’, Urban Forestry and Urban Greening, Vol. 12, No. 3, pp. 287–295.

Fonseca, S. A. and Jabbour, C. J. C. (2012) ‘Assessment of business incubator’ green performance: a framework and its application to Brazilian cases’, Technovation, Vol. 32, pp. 122–132.

Foster, A. D. and Rosenzweig, M. R. (1996) ‘Technical change and human capital returns  and investments: evidence from the green revolution’, American Economic Review, Vol. 86, No. 4, pp. 931–953.

Foxon, T. J. (2011) ‘A coevolutionary framework for analyzing a transition to a sustainable low carbon economy’, Ecological Economics, Vol. 70, No. 12, pp. 2258–2267.

Gabrielson, T. (2008) ‘Green citizenship: a review and critique’, Citizenship Studies, Vol. 12,  No. 4, pp. 429–446.

Gai, C. , Wang, C. , Chen, J. and Wang, S. (2011) ‘The relationship between green economy and green jobs: myth or reality? The case of China’s power generation sector’, Energy, Vol. 36, No. 10, pp. 5994–6003.

Geng, Y. , Fu, J. , Sarkis, J. and Xue, B. (2012) ‘Towards a national circular economy indicator system in China: an evaluation and critical analysis’, Journal of Cleaner Production, Vol. 23, No. 1, pp. 216–224.

Geng, Y. , Zhu, Q. , Doberstein, B. and Fujita, T. (2009) ‘Implementing China’s circular economy concept at the regional level: a review of progress in Dalian, China’, Water Management,  Vol. 29, pp. 996–1002.  

Geng, Y. and Doberstein, B. (2008) ‘Developing the circular economy in China: challenges and opportunities for achieving “leapfrog development”’, International Journal of Sustainable Development & World Ecology, Vol. 15, pp. 231–239.

Glomm, G. , Kawaguchi, D. and Sepulveda, F. (2008) ‘Green taxes and double dividends in a dynamic economy’, Journal of Policy Modeling, Vol. 30, pp. 19–32.  

Gollin, D. , Morris, M. and Byerlee, D. (2005) ‘Technology adoption in intensive post-green revolution systems’, American Journal of Agricultural Economics, Vol. 87, No. 5,  pp. 1310–1316.

Green, J. (2009) ‘The elusive green economy’, Ideas: Energy & Environment, July/August, Atlantic.

Greenwood, D. (2007) ‘The halfway house: democracy, complexity, and the limits to markets in green political economy’, Environmental Politics, Vol. 16, No. 1, pp. 73–91.

Grover, R. B. (2013) ‘Green growth and role of nuclear power: a perspective from India’, Energy Strategy Reviews, Vol. 1, pp. 255–260.  

Haigh, M. (2005) ‘Greening the university curriculum: appraising an international movement’, Journal of Geography in Higher Education, Vol. 29, No. 1, pp. 31–48.

Hartman, H. (1996) ‘Myths and realities of the “new” green economy’, Environmental Quality Management, Vol. 6, No. 2, pp. 47–55.

Hayward, T. (2007) ‘Ecological citizenship: justice, rights and the virtue of resourcefulness’, Environmental Politics, Vol. 15, No. 3, pp. 435–446.

He, J. K. , Jiang, T. and Wang, W. (2003) ‘“Green finance” and the sustainable development of economy’, Green Economy, pp. 78–81.

Heberling, M. T. , Templeton, J. J. and Wu, S. (2012) ‘Green net regional product for the San Luis Basin, Colorado: an economic measure of regional sustainability’, Journal of Environmental Management, Vol. 111, pp. 287–297.

Heinkel, R. , Kraus, A. and Zechner, J. (2001) ‘The effect of green investment on corporate finance’, Journal of Financial and Quantitative Analysis, Vol. 36, pp. 431–449.

Henderson, H. (2007) ‘Growing the green economy globally’, International Journal of Green Economics, Vol. 1, Nos. 3/4, pp. 276–298.

Heshmati, A. (2014) ‘Demand, customer base-line and demand response in the electricity market:  a survey’, Journal of Economic Surveys, Vol. 28, No. 5, pp. 862–888.

Heshmati, A. , Abolhosseini, S. and Altmann, J. (2015) The Development of Renewable Energy Sources and its Significance for the Environment, Springer.

Ho, S. M. and Metsalfe, C. F. (2009) ‘Life-cycle thinking: What can IT do to be green?’ iConference’09, 8–11 February, Chapel Hill, NC, USA.

Horan, T. D. , Shortle, J. S. and Abler, D. G. (1999) ‘Green payments for nonpoint pollution control’, American Journal of Agricultural Economics, Vol. 81, No. 5, pp. 1210–1215.  

Horlings, L. J. and Marsden, T. K. (2011) ‘Towards the real green revolution? Exploring the conceptual dimensions of a new ecological modernisation of agriculture that could “feed the world”’, Global Environmental Change, Vol. 21, pp. 441–452.  

Huang, L. H. , Lin, W. X. , Guo, Y. C. and Chen, F. Y. (2002) ‘Green economy and sustainable development’, Chinese Journal of Eco-Agriculture, Vol. 10, No. 2, pp. 139–140.

Hunold, C. (2007) ‘Green political theory and the European Union: the case for a non-integrated civil society’, Environmental Politics, Vol. 14, No. 3, pp. 324–343.

Hysing, E. (2009) ‘Greening transport – explaining urban transport policy change’, Journal of Environmental Policy and Planning, Vol. 11, No. 3, pp. 243–261.  

Jackson, T. and Victor, P. (2011) ‘Productivity and work in the ‘green economy’ – some theoretical reflections and empirical tests’, Environmental Innovation and Societal Transitions, Vol. 1, No. 1, pp. 101–108.

Jacobs, M. (1991) The green economy: environment, sustainable development and the politics of the future, Pluto Press, Concord, MA 1991/Westview Press, Boulder CO.  

Jamison, A. (2001) ‘Environmentalism in an entrepreneurial age: reflections on the greening of industry network’, Journal of Environmental Policy and Planning, Vol. 3, No. 1, pp. 1–13.

Jia, X. , Sun, Q. and Gao, Y. (2011) ‘New approaches to the green economy of China in the multiple crisis’, Energy Procedia, Vol. 5, pp. 1365–1370.

Jiang, Y. and Zhou, L. J. (2012) ‘Study on green supply chain management based on circular economy’, Physics Procedia, Vol. 25, pp. 1682–1688.

Johnston, P. (2009) Economic recovery to a greener economy: mobilizing ICT-based innovations, Policy Brief, European Policy Centre.

Johnson, D. B. (2008) ‘Green businesses: perspectives from management and business ethics’, Society and Natural Resources, Vol. 11, pp. 259–266.

Kane, G. (2010) The Three Secrets of Green Business: Unlocking Competitive Advantage in a Low Carbon Economy, Earthscan Publications, London.

Kang, K. H. , Stein, L. , Heo, C. Y. and Lee, S. (2011) ‘Customers’ willingness to pay for green initiatives for the hotel industry’, International Journal of Hospitality Management, Vol. 31, No. 2, pp. 564–572.

Klooster, D. (2003) ‘Book Review, Green Development: Environment and Sustainability in the Third World’, W. M. Adams, 2nd Rev. Ed. , Routledge, New York, Professional Geographer, Vol. 55, No. 1, pp. 112–114.

Kosoy, N. , Brown, P. G. , Bosselman, K. , Duraiappah, A. , Mackey, B. , Martinez-Alier, J. , Rogers, D. and Thomson, R. (2012) ‘Pillars for a flourishing earth: planetary boundaries, economic growth delusion and green economy’, Current Opinion in Environmental Sustainability,  Vol. 4, pp. 74–79.

Kotchen, M. J. (2003) Green markets and private provision of public goods, Williams College, Unpublished.  

Krugman, P. (2010) ‘Building a green economy’, New York Times, 5 April.

Latouche, S. (2009) Farewell to Growth, Wiley.

Lee, D. H. , Park, S. Y. , Hong, J. C. , Choi, S. J. and Kim, J. W. (2013) ‘Analysis of the energy and environmental effects of green car deployment by an integrating energy system model with a forecasting model’, Applied Energy, Vol. 103, pp. 306–316.

Lehtinen, A. A. (2007) ‘Green waves’ and globalization: a Nordic view on environmental justice’, Norwegian Journal of Geography, Vol. 60, No. 1, pp. 46–56.

Li, H. , Bao, W. , Hu, C. , Zhang, Y. and Xu, H. (2010) ‘Energy conservation and circular economy in China’s process industry’, Energy, Vol. 35, pp. 4273–4281.

Li, J. , Hartman, S. J. and Zee, S. M. L. (2009) ‘A study of green movement perceptions  and bebavioural intentions’, International Journal of Sustainable Economy, Vol. 1, No. 2, pp. 133–143.

Li, R. H. and Su, C. H. (2012) ‘Evaluation of the circular economy development level of Chinese chemical enterprises’, Procedia Environmental Sciences, Vol. 13, pp. 1595–1601.

Li, S. (2012) ‘The research on quantitative evaluation of circular economy based on waste inputoutput analysis’, Procedia Environmental Science, Vol. 12, pp. 65–71.

Li, X. and Li, Y. (2011) ‘Driving forces on China’s circular economy: from government’s perspectives’, Energy Procedia, Vol. 5, pp. 297–301.

Lin, E. Y. Y. , Chen, P. Y. and Chen, C. C. (2013) ‘Measuring green productivity of country:  a generalized metafrontier Malmquist productivity index approach’, Energy, Vol. 55,  pp. 340–353.

Linares, P. and Labandeira, X. (2010) ‘Energy efficiency: economics and policy’, Journal of Economic Surveys, Vol. 24, No. 3, pp. 573–592.  

MacGregor, S. (2006) Beyond Mothering Earth: Ecological Citizenship and the Politics of Care, UBC Press, Vancouver.

Maestad, O. (1998) ‘On the efficiency of green trade policy’, Environmental and Resource Economics, Vol. 11,pp. 1–18.

Margulis, L. and Fester, R. (Eds) (1991) Symbiosis as a Source of Evolutionary Innovation: Speciation and Morphogenesis, The MIT Press.  

Matthews, J. H. and Boltz, F. (2012) ‘The shifting boundaries of sustainability science: are we doomed yet?’ PLoS Biology, Vol. 10, No. 6, e1001344.  

McCulloch, A. (2008) ‘Green pressure’, Contemporary Record, Vol. 4, No. 3, pp. 10–12.

Mehmet, O. (1995) ‘Employment creation and green development strategy’, Ecological Economics, Vol. 15, pp. 11–19.

Mendonca, M. , Jacobs, D. and Sovacool, B. (2010) Powering the Green Economy – The Feed-in Tariff Handbook, Earthscan Publications, London.

Mellor, M. (2006) ‘Ecofeminist political economy’, International Journal of Green Economics, Vol. 1, Nos. 1/2, pp. 139–150.

Midilli, A. , Dincer, I. and Ay, M. (2006) ‘Green energy strategies for sustainable development’, Energy Policy, Vol. 34, pp. 3623–3633.

Mohanty, R. P. and Deshmukh, S. G. (1998) ‘Managing green productivity: some strategic directions’, Production Planning and Control, Vol. 9, No. 7, pp. 624–633.

Musu, I. (2010) Green Economy: great expectation or big illusion? Working Paper No. 1, University of Venice.

Muuller-Rommet, F. (2007) ‘Explaining the electoral success of green parties: a cross-national analysis’, Environmental Politics, Vol. 7, No. 4, pp. 145–154.

Nelson, G. C. and Robertson, R. D. (2008) ‘Green gold or green wash: environmental consequences of biofuels in the developing world’, Review of Agricultural Economics, Vol. 30,pp. 517–529.

Oates, W. E. (1995) ‘Green taxes: Can we protect the environment and improve the tax system at the same time?’ Southern Economic Journal, Vol. 61, No. 4, pp. 915–922.

Oh, D. H. and Heshmati, A. (2010) ‘A sequential Malmquist-Luenberger productivity index: environmentally sensitive productivity growth considering the progressive nature of technology’, Energy Economics, Vol. 32, No. 6, pp. 1345–1355.

Opschoor, H. (1991) ‘Book Review, The green economics: Environment, sustainable development and the policies of the future’, M. Jacobs, Pluto Press, Concord, MA, 1991/Westview Press, Boulder CO, Ecological Economics, Vol. 22, No. 3, p. 256.

Paterson, M. (2007) ‘Political economies of sustainability’, Environmental Politics, Vol. 16, No. 1, pp. 147–153.

Pearce, D. (2006) ‘The political economy of an energy tax: The United Kingdom’s climate change levy’, Energy Economics, Vol. 28, pp. 149–158.

Pearce, D. , Markandya, A. and Barbier, B. (1989) Man at the Centre of Row? Blueprint for a Green Economy, Earthscan Publications, London.

Phillimore, J. (2001) ‘Schumpeter, Schumacher and the greening of technology’, Technology Analysis and Strategic Management, Vol. 13, No. 1, pp. 23–37.

Pop, O. , Dina, G. C. and Martin, C. (2011) ‘Promoting the corporate social responsibility for a green economy and innovative jobs’, Procedia Social and Behavioral Sciences, Vol. 15, pp. 1020–1023.  

Prieels, A. M. (1990) ‘Value and the environment’, Futures, May, pp. 436–439.

Reilly, J. M. (2012) ‘Green growth and the efficient use of natural resources’, Energy Economics, Vol. 34, pp. 585–593.

Roarty, M. (1997) ‘Greening business in a market economy’, European Business Review, Vol. 97, No. 5, pp. 244–254.

Sayer, A. (2000) ‘Moral economy and political economy’, Studies in Political Economy, Vol. 61, pp. 71–103.

Scerri, A. (2013) ‘Green citizenship and the political critique of injustice’, Citizenship Studies,  Vol. 17, Nos. 3/4, pp. 293–307.

Schilling, J. and Logan, J. (2008) ‘Greening the rust belt: a green infrastructure model for right sizing America’s shrinking cities’, Journal of the American Planning Association, Vol. 74, No. 4, pp. 451–466.  

Schmalensee, R. (2012) ‘From “green growth” to sound policies: an overview’, Energy Economics, Vol. 34, pp. 52–56.

Scott-Cato, M. (2009) Green Economics: An Introduction to Theory, Policy and Practice, Earthscan Publications, London.

Seyfang, G. (2001) ‘Community currencies: small change for a green economy’, Environment and Planning A, Vol. 33, pp. 975–996.

Seyfang, G. and Longhurst, N. (2013) ‘Growing green money? Mapping community currencies for sustainable development’, Ecological Economics, Vol. 86, pp. 65–77.

Shear, B. (2010) ‘The green economy: Grounds for a new revolutionary imaginary?’ Rethinking Marxism, Vol. 22, No. 1, pp. 203–209.  

Shiva, V. (1992) The Violence of Green Revolution: Third World Agriculture, Ecology and Politics, Zed Books Ltd. , London.

Smith, G. (2005) ‘Green citizenship and the social economy’, Environmental Politics, Vol. 14,  No. 2, pp. 273–289.

Söderholm, P. (2008) ‘The political economy of international green certificate markets’, Energy Policy, Vol. 36, pp. 2051–2062.

Stanford, D. (2011) ‘Book Review: The three secrets of green business: Unlocking competitive advantage in a low carbon economy’, Gareth Kane, Earthscan Publications, London, Tourism Management, Vol. 32, pp. 1484–1490.

Stavrakakis, Y. (1997) ‘Green ideology: a discursive reading’, Journal of Political Ideologies,  Vol. 2, No. 3, pp. 259–279.

Stern, D. (2014) The Environmental Kuznets Curve: A Primer, Center for Climate Economic and Policy Working Paper, 1404, Australian National University, Canberra.

Su B. , Heshmati, A. , Geng, Y. and Yu, X. (2013) ‘A review of the circular economy in China: moving from rhetoric to implementation’, Journal of Cleaner Production, Vol. 42,  pp. 215–227.

Svendsen, G. T. , Daugbjerg, C. , Hjollund, L. and Pedersen, A. B. (2001) ‘Consumers, industrialists and the political economy of green taxation: CO2 taxation in OECD’, Energy Policy, Vol. 29, pp. 489–497.

Thornton, D. B. (2013) ‘Green accounting and green eyeshades twenty years later’, Critical Perspectives on Accounting, Vol. 24, pp. 438–442.  

Tickell, C. (1997) ‘Greenery and governance’, International Journal of Environmental Studies, Vol. 53, pp. 235–246.

Turner, R. K. (1992) ‘Book review: Economy and ecology: Towards sustainable development’,F. Archibugi and P. Nijkamp (Editors), Kluwer, Dordrecht, 1989. Economy and Ecology, Vol. 1, pp. 177–180.  

Turner, S. C. and Kriesel, W. (1995) ‘The relative importance of the green industry in the U. S. agricultural economy’, Journal of Agribusiness, Vol. 13, No. 1, pp. 51–62.

Twidell, J. (2010) ‘Book Review: Powering the Green Economy – the feed-in tariff handbook’, M. Mendonca, D. Jacobs and B. Sovacool, Earthscan Publications, London, Energy, Vol. 35, pp. 4618–4619.

UNEP (2011) Towards a green economy: Pathways to sustainable development and poverty reduction – a synthesis for policy makers. Available online at: www. unep. org/greeneconomy 

Ustaoglu, M. and Yildiz, B. (2012) ‘Innovative green technology in Turkey: electric vehicles’ future and forecasting market share’, Procedia Social and Behavioral Sciences, Vol. 41, pp. 139–146.

van der Ploeg, R. and Withagen, C. (2013) ‘Green growth, green paradox and the global economic crisis’, Environmental Innovation and Social Transitions, Vol. 6, pp. 116–119.  

Vellinga, N. and Withagen, C. (1996) ‘On the concept of green national income’, Oxford Economic Papers, Vol. 48, pp. 499–514.

Von Weizsacker, E. U. (1994) ‘Sustainable economy’, The Science of Total Environment, Vol. 143, pp. 149–156.

Wall, D. (2001) ‘Review article, Green anti-capitalism’, Environmental Politics, Vol. 10, No. 3, pp. 151–154.

Wang, Y. and Liu, L. (2007) ‘Green barriers from the standpoint of sustainable development’, Journal of Economic Policy Reform, Vol. 10, No. 3, pp. 233–240.

Wang, Y. , Huang, X. and Wang, L. (2011) ‘The development research of green economic in capital cities in Shandong’, Energy Procedia, Vol. 5, pp. 130–134.

Wei, Z. , Hulin, L. and Xuebing, A. (2011) ‘Ecological civilization construction is the fundamental way to develop low-carbon economy’, Energy Procedia, Vol. 5, pp. 839–843.

Weitzman, M. (1976) ‘On the welfare significance of national product in a dynamic economy’, Quarterly Journal of Economics, Vol. 90, pp. 156–162.

Woodhouse, E. J. and Breyman, S. (2005) ‘Green chemistry as social movement?’ Science, Technology, & Human Values, Vol. 30, No. 2, pp. 199–222.

Worthington, A. C. and Hoffman, M. (2008) ‘An empirical survey of residential water demand modelling’, Journal of Economic Surveys, Vol. 22, No. 5, pp. 842–871.

WRI (2011) A compilation of green economy policies, programs, and initiatives from around the world, World Resources Institute, The green economy in practice: interactive workshop,  11 February.

Wustenhagen, R. and Bilharz, M. (2006) ‘Green energy market development in Germany: effective public policy and emerging customer demand’, Energy Policy, Vol. 34, pp. 1681–1696.

Xin, X. S. (2006) ‘New idea of checking the green economy’, Ecological Economy, pp. 87–88.  

Xing, X. , Wang, Y. and Wang, J. (2011) ‘The problems and strategies of the low carbon economy development’, Energy Procedia, Vol. 5, pp. 1831–1836.  

Yang, Y. (2001) ‘Thoughts of green economy development strategy’, China Academic Journal Electronic Publishing House, Vol. 6, pp. 49–52.

Yang, Y. and Chen, I. (2009) ‘Greening economy as a key solution to the economic crisis’, ACE, pp. 215–222.  

Yapa, L. S. (1979) ‘Ecopolitical economy of the green revolution’, Professional Geographer,  Vol. 31, No. 4, pp. 371–376.

Yi, H. (2013) ‘Clean energy policies and green jobs: an evaluation of green jobs in U. S. metropolitan areas’, Energy Policy, Vol. 56, pp. 644–652.

Young, M. and Esau, C. (2013) Investing in Water for a Green Economy – Services, Infrastructure, Policies and Management, Routledge, New York.

Yuan, Z. , Bi, J. and Moriguichi, Y. (2006) ‘The circular economy: a new development strategy in China’, Industrial Ecology in Asia, Vol. 10, Nos. 1/2, pp. 4–8.

Zhang, A. W. and Chen, J. F. (2004) ‘Comparison and analysis between circular economy and traditional economic theory’, China Academic Journal Electronic Publishing House, Vol. 10.  

Zhang, C. X. and Su, S. P. (2005) ‘Development of green economy under stood from the viewpoint of system theory’, Chinese Journal of Eco-Agriculture, Vol. 13, No. 1, pp. 7–9.

Zsolnai, L. (2002) ‘Green businesses or community economy?’ International Journal of Social Economics, Vol. 29, No. 8, pp. 652–662.