ئارامتر بخوێنەوە!

دەوڵەت-نەتەوە و پێکهێنانی زۆرینە و کەمینەکان

بەرزوو ئەلیاسی

و: پێشەوا خالیدی



سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ.ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.


بەرزوو ئەلیاسی پڕۆفیسۆری هاوکاری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخەری پڕۆگرامی ماستەری کاری کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی لێنیێس (
Linnaeus University) لە سوید. ئەو ساڵی 1978 لە گوندێکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو و 13 ساڵ لە ژیانی وەک پەنابەر لە کەمپی پەنابەرانی ڕومادیی عێراق ژیا. بەرزوو ئەلیاسی لە زانکۆکانی لۆند و ئاکسفۆرد وانەبێژ و لێکۆلەر بووە. ئەو بەشێوەیەکی بەرفراوان لە بوارەکانی کەمینەکان، فرەکەلتووری، و توێژینەوەکانی هاووڵاتیبوون، لێکۆڵینەوەی بڵاو کردووەتەوە. دکتور بەرزوو ئەلیاسی ئێستا سەرقاڵی نووسینی کتێبێکە لە سەر بێ دەوڵەتیی کورد و فەلەستینییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو لە لایەن زانکۆی لۆندەوە وەک یەکێک لە دوو ئاکادیمیسییەنی گەنج لە ساڵی 2016 و 2015 ناوی بردرا. پێشنیاری کورسیی پڕ پرەستیژیی توێژینەوەی کەنەدا لە زانکۆی یۆڕک  بە دکتور بەرزوو ئەلیاسی کراوە.

 

دەوڵەت-نەتەوە ڕۆڵی خاڵی گەڕانەوەی سەرەکی دەگێرێ بۆ ڕێگاگەلێک کە خەڵک شوناسی خۆێان و جیهانی پێ دەرک دەکەن (بۆ وێنە Gellner 1983، Hobsbawm 1990؛ Anderson 1991). زیاتر لە ١٩٠ دەوڵەت-نەتەوە لە سەرانسەری جیهاندا هەن. گشتیان داوای خاوەنداریەتی و دەسەڵاتداری لە سەر جوغرافیایەک و خەڵکێکی دیاریکراو دەکەن، ‌هێندێک پێکهاتەی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە، وەکوو شارۆمەند دیاریکراو و ڕێزلێگیراون و ئەوانی تر سەرەڕای ئەوەی کە دانیشتوی هەمان دەوڵەت-نەتەوەن، وەکوو شارۆمەندی پلەنزمتر یا گرووپگەلێکی جیاواز سەیر دەکرێن و هەڵسوکەوتیان دەگەڵ دەکرێ. (چاو بکە لە Pandey 2006، Yeğen 2009). سەرەڕای ڕیتۆریکی شەراکەتی هاوپلە کە ناسیۆنالیزم بەلێنی دەدا (Anderson 1991)، نایەکسانیی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕێی ڕیزبەندی شارۆمەندییە پلەجیاوازەکان (سلسلە مراتبییەکان؟)  لە سەر ئاستی نەتەویی و جیهانیدا بە ڕەسمی دانپێدانراوە. لەو باسەدا، میللەتانی بێ دەوڵەت لە نێو وڵاتانی گلۆبال ساوس (وڵاتانی باشوری) لە نزمترین ئاستی پلەبەندیی (سلسلە مراتبی) نێونەتەوەییی شارۆمەندەکان و شوناسەکاندان.  بۆ وێنە، ئەوە لە ڕووی ئەخلاقی سیاسیەوە هەلخەڵەتاندنە کە بێ مافی و لاوازبوونی لەرادەبەدەری خەلکی ڕۆهێنگیا، هەر لە ئاستی کاتالانەکان لە ئیسپانیا دابندرێ. بە بێ ڕەچاوکردنی دێمۆکراتیک یا دیکتاتۆرییەت بوونی ستراکچێری سیاسیی وڵاتانێک کە ئەو دوو نەتەوەیە تێیدا دەژین، هەردوو نەتەوە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان لێ زەوت کراوە و بەرەوڕووی سەرکوت و ستەم لە ئاستی جیاوازدا بوونەتەوە. لە کەیسی ڕۆهینگا، حکوومەتی میانمار بەگشتی خەڵکی ڕۆهینگا وەکوو بیانیانی موسوڵمان چاو لێ دەکا و هەر بەو هۆیەوە تەواوی مافە سەرتایییەکانیان لێ زەوت کراوە. (Kingston 2015). سەبارەت بە کاتالانەکان، حکوومەتی سپانیا پشتگریی ئیدەی شوناسی یەکگرتووی سپانی دەکا لە گشت ناوچەکان و کاتالانەکان لە باشترین حاڵەتدا وەکوو کەمینەیەک سەیردەکرێن و نەوەک میللەتێکی جیاوازی خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووس.

یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان کە دەوڵەتان داواکاریی کەمینەکان بۆ ناسران وەکوو میللەتێکی جیاواز و دیار ڕەت دەکەنەوە، لە سەر بنەمای ئەو بیرۆکەیەیە کە بانگەشەی میللەت بوون و بەرەسمی ناسران وەک یەک میللەت، ڕەوایەتییەکی زیاتر دەبەخشێ بە داخوازیی بەدەوڵەتبوون و دووربوونەوەی سیاسی لە دەوڵەتی مەوجوود.  دەوڵەتانێکی زۆر لە چواردەورەی جیهان بەگومانن لە پێدانی ستاتوسی ڕەسمیی دەستوریی کەمینە بە گرووپگەلێک کە لە ڕوی ژمارەوە کەمتر و لە ڕووی ئێتنۆکەلتوورییەوە جیاوازن؛ چونکە ئەو دەوڵەتانە دەترسن کە وەها ستاتوسێک بناغەداڕێژەری خواست بۆ دووربوونەوە و جودابوونەوەخوازی و لێکهەڵوەشانەوە (تەجزیە) بێ. یەک ڕێگا بۆ دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزی ئەو میللەتانە کە یا بەدوای مسۆگەرکردنی مافی تەواوی شارۆمەندیی یەکسانن یا ئارەزوو و خواستی وەدەستهێنانی فۆرمێک لە خۆبەرێوەبەری وەکوو ئوتۆنۆمی، فێدێرالیزم یا سەبەرخۆیی دەکەن، ئەوەیە کە لە بنەما ڕا نکۆڵی لە بوونی ئەو میللەتە بکا و بە زۆرەملی بیانهێنێتە ژێرچەتری یەکسانی خۆی لە ڕێگای قەدەغە کردنی هەبوونی (وجودی) کەلتووری و سەمبۆلیکی ئەو نەتەوەیە یا پێدانی پێگەیەکی (پۆزیشنێکی) دەستووریی بچووک و بەکەمینەکراو کە لەو پێگەیە ڕا نەتوانێ داخوازیی سەروەری لە سەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان بکەن و لەبەرانبەردا دەورەدرابێ بە ستراکچێری کەلتووری و سیاسیی نەتەوەی زاڵی خاوەن سەروەری. سەرەکیترین بەکارهێنانی دەستەواژەی بێ دەوڵەت یان نەتەوەی بێدەوڵەت بەو مانایەیە کە ئەوان خاوەنی دەوڵەتێک نین بتوانێ نوێنەرایەتیی شوناس و زمان و ئایینی ئەوان بکا و بتوانێ پارێزگارییەکی کاریگەر لە مافەکان و ئاسایشی ئەوان بکا. ئەو دەستەواژانە هەروەها نیشاندەری نۆرماتیڤیتی سیاسیی ئەو دەوڵەتەن لە جیهاندا (نیشاندەری ئاستی گونجاوبوونی ئەو دەوڵەتەن لەگەڵ نۆرمە سیاسییەکان لە جیهاندا) وەکوو قاڵبێکی ستاندارد بۆ ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ (چاو بکە لە Chouinard 2016).

پێوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان ئەوەی کە چۆن نەتەوە-دەوڵەت زۆرینە و کەمینەکان شکڵ دەدا و چۆن لە پلەبەندیی (سلسلە مراتب) ئێتنۆ-ئایینی یا ئێتنۆ-میللیی ئەو نەتەوەیەدا، ستاتوس و بەهاگەلێک دەبەخشێتە ئەوان. ئەندامی گرووپی ئاست نزمتر لە ڕووی ژمارە یان ئەندامی گرووپی ژێردەسەڵات بوون، زۆربەی جار پێناسەی ستانداردی کەمینەیەک پێک دێنێ (Castellino & Cavanaugh 2013). بە هۆی خراپ بەکارهێنانی هێز لە لایان زۆرینەکانەوە، کەمینەکان زۆربەی کات لە ڕووی کەلتوورییەوە بە بێگانە دادەندرێن و بەرەوڕووی نوقسانی یاسایی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە (White 2012). ئەگەرچی زۆربەی کات گرووپی زۆرینە لە ڕووی ژمارە، ‌حکوومەت کۆنترۆل دەکات و شوناس و کەلتوور و ئایینی خۆی وەکوو شوناسی ڕەسمیی حکوومەت زاڵ دەکات، بەڵام کەیسگەلێکیش هەن کە گرووپی کەمینە وەکوو گرووپی زاڵ خۆی سەپاندوە: عەرەبی سوننی لە عێراق بەر لە ٢٠٠٣، عەلەوییەکان لە سووریە، عەرەبی سوننی لە بەحرەین، و دانیشتوانی سپێ پێست لە ئافریقای باشور. بە پێچەوانەی شوێنەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، عەلەوی لە سوریە و عەرەبی سوننی لە بەحرەین، لە ڕووی ژمارەوە کەمینەن. هاوکات ئۆرگانە سیاسی و ئەمنیەتییە ناوەندی و سەرەکییەکان کۆنترۆل دەکەن. هەروەها ئەوان سیاسەتەکان دادەڕێژن و گرووپی خۆیان، خاوەن بەرژەوەندیی تایبەت دەکەن و بەربەست بۆ گرووپە زۆرینەکان (لە ڕووی ژمارەوە) دادەنێن لە گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی. یەکێک لە ستراتێژییە دیسکۆرسیڤە سەرەکییەکانی ئەو دو گرووپە کەمینە دەسەڵاتدارە، لەو بیرۆکەیەوە سەرچاوەی گرتووە کە گرووپی زۆرینە لە ئەگەری گەیشتن بە دەسەڵات، دەبنە هەڕەشەی لەناوبردنی بوونی حکوومەت و کەمینەکان. زۆرینەی بێبەش کراوەکانی بەحرەین و سووریە، هەروەها تۆمەتبار دەکرێن بە تیرەگەریی پشتبەستوو بە وڵاتانی دەرەکی. هەر لەسەر ئەو بابەتە، باس لەوە دەکات کە زۆرینە یا کەمینەبوون نابێ وەکوو بوونێکی سروشتی یان بە شێوەیەکی سەرەکی، وەکوو ڕادەیەکی ئەژماری (دەستەواژەیەکی ئاماری) سەیر بکرێ. بۆ وێنە، هاوکات کە ئۆرووپایییەکان لە ڕووی ژمارەوە کەمینە بوون لە جیهاندا، وایان دانابوو کە مێژوویەکەیان زۆربەی ئێلێمانەکانی ئەو نۆڕمانەی هەر کۆمەڵگایەکی مرۆڤی ئارەزوو و داخوازی دەکات، لەخۆدەگرێت؛ لە بەرانبەردا، ئەوانی ترهێشتا وەکوو “بچکۆلەتر”گەلێکن کە “گەورە”کانی جیهان دەبێ بەرپرسیارەتییان لە ئەستۆ بگرن. ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە چۆن پەیوەندیی هێز، فاکتەری سەرەکیی ناوەندییە لە بنیاتنانی زۆرینەکان لە ڕێگای نزم پلەکردن و بە پەراوێزخستنی پێکهاتەگەلێکی تایبەت وەکوو کەمینە لە مێژووی نەتەوە نازناودارەکان.Alcoff  و Mohanty (٢٠٠٦) پێداگری دەکەن لە گرینگتربوونی باری هێز لە بەراوەرد لەگەڵ بابەتی ژمارە، بەهۆی ئەوەیە هێز بەیەکسانی دابەش نەبووە لە نێوان گرووپگەلی زاڵ و بەکەمینەکراودا. بەو پێیە ئەوان لە ئاوەز و ڕوانینی مەفهوومی و سیاسی و دامەزراوەیییەوە بۆ واتای کەمینە دەروانن. لە باری مەفهوومی، کەمینە هەڵگری پێگەیەکی ناهەژموونیک و نازاڵە کە “دەبێ پێناسە و شەرح بکرێ تا ئەوەیکە دانی پێدابنرێت (فەرز بکرێ)، یا ئەو شوناسەی کە بۆخۆی بە سروشتی بوونی نییە بەڵکوو دەبێ بوونی هەلسەنگێندرێ و تاقی بکرێتەوە و بسەلمێندرێ. لە ڕووی سیاسیەوە، کەمینە دەرخەری کێشمەکێشێکە؛ پێگەیەک کە لە ژێر ڕکابەری و ململانێدایە یان بە کردەوەیی شەڕی پێ فرۆشراوە، کە بێبەشە لە پێگە و ستاتوس، هێز، یان ڕێزی یەکسانە. لە ڕووی دامەزراوەیییەوە، خوێندنەوە لە سەر کەمینە بە پێی بەپێویستبوونی ئەوشتانەی کە لە جەریانی سەرەکی و ناوەندیی دیسیپلینەکاندا (ڕشتەکاندا) نەبووە، پێکهاتووە” (Alcoff & Mohanty 2006،). بەڵام من پێم وایە باسی ژمارە، لە کانتێکستی پەیوەندییەکانی زۆرینە و کەمینەدا گرینگە. یەکێک لە ترسە سەرەکییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕێژەی زۆری مندالبوونی فەلەستینییەکانە کە دەتوانێ لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیان لە جوولەکەکانی ئیسرائیل زیاتر بکات. هەروەها ترسی هاوشێوە بینراوە لە تورکیە سەبارەت بە ژمارەی کوردان و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە سپی پێستەکان کە ئاستی زۆرتربوونی ژمارەیان لەدەست دەدەن.

سەبارەت بە ئیمپراتۆریی عوسمانی، ئەو کەسانە میللەتێک یا کۆمەڵگایەک بوون کە بۆ پیکهینان و پێشاندانی هێمای جۆراوجۆر و دانپێدانەری- کۆمەڵایەتیی گشتگیر بەکاردەهێندران. مەسیحییەکان و جوولەکەکان وەکوو کۆمەڵگاگەلێکی ناموسڵمان، ئەوانیش هەر وەکوو میللەت دەناسران. ئیمپراتوریی عوسمانی زۆرجار وەکوو دانەری رەسەنی چاوپۆشی (تۆلێرانس/ لێبردوویی) و هەمەجۆری لە ژێر سێبەری جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینییەکان ناسراوە و ڕێزلێگیراوە(Mazower 2004) . هاوکات، ئەوە بەو مانایە نییە کە جوولەکەکان، مەسیحییەکان یا موسڵمانە شیعەکان، بەرابەریی تەواویان لە ئاستی هەیئەتی دەسەڵاتداری جەماعەتی سوننەکان هەبووبێت (Castellino & Cavanaug 2013) . تاس (2014) باسی ئەوە دەکات کە میللەت-سیستەمی عوسمانی، پشتگیریی بەفەرمی ناسینی جوگرافی و غەیری-جوگرافی و هەروەها ئۆتۆنۆمیی گرووپە جیاوازە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دەکرد و بەو شێوەیە دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ دەوڵەت-نەتەوەکانی هاوچەرخ کە لەگەڵ کێشە و بەرەنگارییە سیاسییەکانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان ڕوبەڕو بوونەوە. بە پێچەوانەی سیاسەتە توندوتیژەکانی ناسیۆنالیزمی تورکیی مۆدێڕن لە ئاستی کوردەکان، میللەت-سیستەمی عوسمانی لە سەدەی شازدە بەملاوە جەوێکی سیاسی و کەلتوریی بۆ کوردەکان ڕیکخست تا بتوانن سەربەخۆ بن و خۆیان ئیدارەی ناوچەکانی خۆیان بکەن. ئیمپراتۆریی عوسمانی بۆ پاراستنی سنورەکانی خۆی کەڵکی لە کوردەکان وەردەگرت و کوردەکانیش ئەرکی ماڵیات دان و ناردنی سەربازیان بۆ سوڵتان لەسەرشان بوو. Arkon 2014) و Nimni 2015)

لە هەمان حاڵدا، کاتێک ناسیۆنالیزمی تورکی شێوازی هەمەڕەنگی و جۆراوجۆریی میللەت-سیستەمی لەبەین برد و بە ناسنامەی سەرەکیی تورکیا پلەبەندی کرا و تورکی بوونی لە سەرەتای پۆڵێنکردنەکە دانا، شتەکان بە شێوازێکی زۆر بەرچاو گۆڕانیان بەسەرداهات (Tas 2014) . ئەگەرچی کیملیکا و فۆستڵ (2014) پێداگری لەسەر ڕۆڵی بەرچاو و بنیاتنەری میللەت-سیستەم له دانپێدان بەسەر لێبوردەیی و پێکەوەژیان دەکەن، هاوکات دەشڵێن کە موسڵمانانی سوننە بە خاوەنی دەوڵەتی عوسمانی ناسراون. گونجاندنی موسڵمانانی غەیری سوننە بەپێی پەیڕەوی کردن لە دەوڵەت بوو، چون لێرەدا ئەوە موسڵمانانی سوننە بوون کە پشتیوانی و لێبوردەییی خۆیان لە ئاست کۆمەڵە غەیری موسڵمانەکان پەرەپێدەدا، کە ئەوە خۆی نیشاندەری پەیوەندییە نابەرابەرەکانی دەسەڵات لە نێوان کەسانێک کە لێبوردەیی دەکەن و کەسانێک کە تەحەمووول دەکرێندایە. بە هەمان شێوە، میللەت-سیستەمیش دان بە گونجاندندا دەنێ، بەڵام ساز بوونی وەزعی کۆمەڵی دووەم بۆ کۆمەڵەکانی کە لە ئاستی سەرەکیدا نین، جەخت دەکاتەوە. کاتێک ئیمپراتۆریی عوسمانی لە ساڵی 1922 بە فەرمی کۆتایی پێ هات، و دەسەڵاتە ئیستیعمارییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان گرتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، چەمکی زۆرینە و کەمینە لە ڕوانگه ی نەتەوەییدا لە ئاشکرا کردنی چوونە ناو و سەر بە دەوڵەت-میللەتە تازە ساز کراوەکان لە ناوچەکەدا زۆرتر ڕەنگی گرت.

کەمینەکان پێویستە لە بواری پەیوەندییەکان سەرنجیان بدرێتێ، لەبەر ئەوەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوەیەکدا ساز دەکرێن کە یەکگرتووییی سیاسی، کەلتووری و ئابوری و ئیداریی دەوڵەتێک لە کۆنترۆڵ دەگرن( چاو لە Nimni 2015 بکەن). لە کاتێکدا کە ئەوە کەمینەکانن که لە دیسکۆرسە سیاسی و ئاکادیمییەکاندا دەبن بە هۆی دروست بوونی کێشە و زۆرینە بە کۆمەڵی بێ کێشە دەناسرێت (White 2012)، بۆ هەر پڕۆژەی سیاسیی ئازادیبەخشی و سەرتاسەری، دروست کردنی ناسەقامگیری لە پۆڵین کردن و نەزم دانی سیاسیی گرووپەکانی کە خۆیان بە زۆرینە دەناسێنن، کارێکی حەیاتی و سەرەکییە. هەر وەکوو ناسیۆنالیزمەکانی کۆمەڵە دەسەڵاتدار و کۆمەڵە بێدەسەڵاتەکان، زۆر کات شێوازەکانی زۆرداریی ناسیۆنالیزم بەسەر کەمینه نەتەوەیییەکان کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەرەنگار بوونەوەی دەوڵەت-میللەتەکان شەڕ دەکەن، دەبیندرێت. ناسیۆنالیزمی کۆمەڵە دەسەڵاتدارەکان زۆر کات ئینکار دەکرێت و بە هۆی ئەوەی کە توانیویەتی لە ئاستی سیاسیدا خۆی بە ئاسایی و نەبیندراو دەرخات، لە بواری دروست کردنی مەسەلە و پێڕاگەیشتنی یاسایی خۆیان دەرباز دەکەن.

 (Billig 1995، p179) وایت (2012) لە کتێبی خۆیدا، بە نێوی “دەرکەوتنی کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا” باس لەوە دەکات کە بە مەبەستی ناسین و فامی دەرکەوتنی پۆڵینکردنی زۆرینەکان و کەمینەکان و چەمەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی، کە لەواندا بۆ شێوازی تێفکرینی خەڵک لەبارەی خۆیان یا کەسانی تر لە چاوی زۆرینە و کەمینەدا واتایان بۆ پێکهاتووە، دەبێ بگەڕێینەوە سەر ساز بوونی دەوڵەت-میللەت. دەوڵەت-میللەت چوارچێوەیەک بۆ نەتەوەیی بوونی وڵات و داوای دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری هەرێمی “نەتەوەیی” بەدی دێنێت. لەو کاتەی ڕا کە دەوڵەت-میللەت بە نێو بەردەستەیەکی ئاراستەکراو بناسرێت، ئەو وڵاتە دەست دەکا بە پەرە پێدان بە دەسەڵاتی خۆی لە گشت ناوچەکەی کە مەبەستیەتی و هەوڵ دەدا تا کۆمەڵە جیاوازەکان لە ژێر یەک دەزگای هاوبەش وەکوو سیستەمی فێرکاری، میدیا و ئەڕتەش کۆ بکاتەوە. لە دەرونی ئەو پیکهاتانەدا، کۆمەڵانێکی تایبەت دەبنە کەمینە، لە کاتێکدا کۆمەڵێکی تر بە نێۆ ئەندامی کۆمەڵی کەلتووری دەسەڵاتدار دەناسرێن (White 2012). لە کاتێکدا سیستەمی دەوڵەت-میللەتی نێونەتەوەیی، دەتوانێ وڵاتێک و سنوورە نیشتیمانییەکانی ئەو وڵاتە بە فەرمی بناسێ، دەوڵەت بۆخۆی ئەو خاڵە نادات بەو سیستەمە کە لە ناو وڵاتەکەیدا لە لایەن خەڵکێک کە تابعی ئەو یاسایەن، بە فەرمی بناسرێن. زۆریک لە دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لەو ڕاستییە ڕەنج دەکێشن کە متمانەی سیاسیی دوایینەی کۆمەڵە جیاوازەکان بەستراو بە دەوڵەتەوە نییە. ئەوە بە ڕەزا بوون نییە، بەڵکوو زۆر جار بە زۆری، یاسا لەناکاوەکان و هەبوونی بەردەوامی تووڕەیی دەبێتە مایەی بەکارهێنان بۆ بەهێز کردنی حکوومەت و دەسەڵاتەکەی. کێشەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا باس لەو مەسەلەیە دەکات کە دەوڵەت نەیتوانیوە متمانەی خەڵکی کورد بە دەست بێنێ و کوردەکان له بینینی خەیاڵێک سەبارەت بە وڵاتێکی سەربەخۆ کە بۆخۆیان دەتوانن کارەکانی خۆیان ئیدارە بکەن، مەنع دەکات. ئەگەرچی دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەیانهەوێ خۆیان لە بواری ڕاگرتنی حکوومەت کردنی دەوڵەت و یەکپارچەییی خاکی ئەوان بەهێز نیشان بدەن، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە دوابەدوای سست بوون و کەوتنە ناو قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری، ئەوان هەست بە ئەرک دەکەن کە دەبێ دەگەڵ هەمەجۆرێتی سازگار بن و هەروەها لە بواری حاکمیەت، کەمتر بە توندی هەڵسوکەوت دەکەن. وایت (2012) دەڵێ کە دەوڵەتەکان زۆربەیان دەڵێن: ” شەرعییەتی خۆیان بە گوێرەی هێندێک شڕۆڤە لە ئەسڵی نوێنەرایەتی دەردەبڕن کە بە شێوەی ئیدیعای هاوپشک بوونی شوناسی کەلتووری لەگەڵ کۆمەڵەی بە ژمارە زۆرینە، دەربڕدراوە.(White 2012 , p 2)  لەو کاتە ڕا کە زۆرینە ساز دەبێ و دەسەڵات دەگرێتە دەستی، چەندێک کەمینە ساز دەبن و دەکەونە قەراغی دەوڵەت، جێگەیەک کە زۆرینە خۆی بە سەرۆکی دەوڵەت دەزانێت و کەمینەکان بە پەیڕەوی خۆی دەناسێنێت. بۆچوونێکی یەکسانی سیاسیی گرینگ لە نێوان کەسانی بێ نەتەوە و کەمینەکان هەیە، چونکە ئەوانە هەردووکیان ئاسەواری پێکهاتی وڵاتەکان و میللەتەکان و سیستەمە شارۆمەندییە پۆڵێن کراوەکانن. ئەوە شێوازی دەوڵەت-میللەتەکانە کە وەزعە ئاراستە کراوەکان ساز دەکات کە لە واندا خەڵک دەست بە لەبەرچاو گرتنی خۆی بە نێوی زۆرینە و کەمینە دەکات؛ هاوکات، ئەو پۆڵێنە زیهنیانە دەمێننەوە (White 2012، p 209). بەو بۆنەیە کە دەوڵەت پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو کۆمەڵەی دەیهەوێ پەیڕەوی لە یاسای ئەو بکەن، دروست دەکا، زەروورییە کە دەوڵەت ئەو پەیوەندییە بناسێنێت لەبەر ئەوەی کە ئەو ناسینە، دابینکەری ئەوەیە کە مەبەستی دەوڵەت کام کۆمەڵ یا کۆمەڵەکانە (White 2012).  لەو جۆرە وەزعە دایە کە دەوڵەت ناسنامەی کەلتووری دابین دەکات و لە نێو خەڵکدا دەیگونجێنێ کە قازانجەکان، ئەزموونەکان و چاودیتنەکانی کۆمەڵی دەسەڵاتدار بەرچاو دەکاتەوە. ئەوە لازمەی ئەوەیە کە کۆمەڵی دەسەڵاتدار ناسنامە و گرانییەکانی خۆی لەوبەری سنورەکانی دەوڵەت جیهانی دەکات، لە حاڵێکدا گرووپی بەکەمینە و بچوککراو و بێ دەسەڵات، لە بواری جوغڕافییەوە ئیزۆلە دەکرێن و دەخرێنە ناو جوغڕافیای تایبەت.

شارۆمەندی، ئامرازی سەرەکیی دەوڵەتەکانە بۆ بەستنەوەی حەشیمەتێک بە سیاسەتەکانی خۆیانەوە. لە حاڵیکدا کە شارۆمەندی گەلێک جار مژدەی هاتنە نێوی نیگایەکی نوێ لە سنورەکانی وڵاتێک دەدات، بەڵام زۆر جار لە لایەن ناسنامەی کەلتووریی کۆمەڵی دەسەڵاتدارەوە دابین دەکرێت و پیس دەبێ. ئەو شارۆمەندییە پلەبەندییە، ئالیکاری  دابەش بوونێک لە نێوان زۆرینە و بەکەمینەکراوەکان لە بواری دەسەڵات، مافەکان و سەروەریی کەلتووری و سیاسی دەکات. کەمینەکان بە ئاستەم سەبارەت بە چۆنیەتیی وێراستکردنی شارۆمەندیی دەوڵەت بە مەبەستی سازکردنی گلۆبالیزمی گشتانە کە لەوێدا مافەکان و قازانجەکانی پێکهاتە جیاوازەکان گاڕانتی و بە دامەزراوەیی دەکرێت، بەشدار دەبن یا پرساریان لێ دەکردرێت. لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵە دەسەڵاتدارەکان دەسەڵاتی لێپرسینەوە و ئامرازەکانی بەکارهێنانی زۆر و توندوتیژی کۆنترۆڵ دەدەکەن، بە “پێدانی” مافەکان بە کەمینەکان، دەوڵەت و زۆرینە وەکوو سابجێکتی ژیریی سیاسی دەبینرێن. هەڵبەت ئەوە زۆر دوور لە ڕاستییە، لەبەر ئەوەی کە کەمینەکان چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە مافەکانیان بە دڵفراوانی پێ ببەخشرێت، بەڵکوو ئەوان توانیویانە بە خەباتکردنی بەردەوامی سیاسی و چەکداری، دەوڵەتان ناچار بکەن تا وڵامی سکاڵا و گلەیییە سیاسی، کەلتووری و ئابورییەکانیان بدەنەوە و ڕاستیی ڕەگەزی سیاسیی ئەوان بە فەرمی بناسن. ئەو شتەی لە باسەکانی وایت (2007) ڕۆڵی بنەڕەتیی هەیە ئەوەیە کە بە لێکۆڵینەوەی شێوەی سازبوونی کەمینەکان دەتوانین سەبارەت بە دروستبوونی دەسەڵات و ناسنامەی زۆرینە هەندێک شت فێر بین. هەر وەکوو پێشتر باسمان کرد، یەکێک لە ستراتێژییەکانی دەوڵەت وەکوو نوێنەری ناسنامەی زۆرینە، لەبەرچاوگرتنی داوا و ویستەکانی کەمینە بۆ هاوبەشیی یەکسان، بەرچاوکردن و بەفەرمی ناسینی بەرابەری کەلتووری و سیاسی، وەکوو دابەشکەر و پێشاندانی وەکوو ئامرازی جودابوونەوە یان پیلانی دەرەکی بۆ شکاندنی دەوڵەتە. وایت (2007) نیشان دەدا کە چۆن کەمینەکان بۆ سازکردنی ناسبۆنالیزمی زۆرینە دەبنە ئەوانی تری پێویست:

لە ڕاستیدا، وڵامە نەتەوەپەرەستییەکان بە جوداییخوازی، داوێنی جوداییخوازان ناگرێتەوە. ئەوان لە ڕاستیدا مەبەستیان ئەوەیە کە بە فەڕزکردنی هەبوونی زۆرینە و مافی سەپاندی دەسەڵاتی خۆیان، هەستی نەتەوەپەرستیی نشتیمانی لە نێوان ڕەوتە سەرەکییەکاندا بڵاو بکەنەوە. دەرکەوتنی ئەو زانیارییەی “زۆرینە”، پێدەچێ بە ئاسانی زانیاریی “کەمینە”، لە کۆمەڵگاکانی دەرەوەی وێگا سەرەکییەکە هەڵبەزێنێتەوە، کە کە لە دۆزێکی چەمبەرین، کاریگەریی تایبەتی خۆی لەسەر ڕەوشی زۆرینە دادەنێت  (White 2007, p76-77).

گەرچی وایت سەبارەت بەو ستراتێژییە دەوڵەتییە بۆ ساز کردنی نەتەوەپەرستی ڕاست دەکا، بەڵام من دڵنیا نیم کە وڵامی دەوڵەتەکان بۆ کەمینەکان, داوێنگری کەمینەکان نەبێتەوە، چون ئەوان کەسانێکن کە کاتێک دەوڵەت ئەوان دەگرێتە بەر ئامانجی خۆی، گەلێک جار بەهاکەی بە ژیان و ماڵی خۆیان دەدەن، ئەوان لە دەرەوەی یاسا دادەندرێن و لە لایەن دەوڵەتەوە بە نێو دوژمنی نیۆخۆیی دەناسرێن و سووکایەتییان پێ دەکرێت. هەر لەبەر ئەوە، کەمینەکان بۆ دەوڵەت-میللەت کێشەساز نین، هەرچەند کاتێک مێژووی دەوڵەت-میللەت باس دەکرێت، دەخرێتە بەرچاو و ساز دەکرێت، بە ڕای زۆرینە، کێشەساز دەبێ. وڵام دانەوە بە نیگای زۆرینە، نیگایەکی کەمینە نییە کە بتوانێ بۆخۆی کێشەسازی بکات. لە بەرانبەردا، کێشەی گرینگتر ئەوەیە کە کەمینەکان، ئایدیا و پۆزیشێنی سیاسی یا پۆزیشێنێک که هەموو کات ئەوانی بە کەمینە ناسیوە و کۆمەڵی دەسەڵاتداری بە زۆرینە، قەبوڵ نەکەن. مێژووی کەمینەکان و زۆرینەکان لە بواری مێژوویی و سیاسی تێکەڵاو و پێکهێنەری یەکترە(White 2007).

 

زۆرینەی تاڵانکەر و ململانێ بۆ (سەرلەنوێ)پێناسەکردنی ماڵی سیاسی

توێژەری هیندی، پاندەی (2006) سەرەڕای باس لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی پۆڵینکردنی زورینە و کەمینەکان و هەروەها ئەو هەلومەرجانەی کە دەبنە هۆی پێکهینانیان، دەڵێ کە توندوتیژیی ئاسایی “لە پێکهینان و بەردەوامیی نەزم دانی سیاسیی هاوچەرخ و، لە دروستکردن و نوێ کردنی زۆرینە و کەمینەکان” نووسراوە. توندوتیژیی ئاسایی تەنیا جەبری بەرچاو نییە کە دەوڵەتەکان لە دژی کەمینەکان بۆ ئەرزاقی دەسەڵاتی خۆیان و خۆزایی بوونی ناسنامەی زۆرینە بەکاری دێنن، بەڵکوو خۆ نیشاندانەکانی ڕۆژانەی ئێمە لە ئاستی غەریبەکان، شێوەی پێکهێنان، فکرین و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانە و هەروەها ئەو شتانەی لەسەر ئەوان دەیانخوێنینەوە و ئەو کاتەی کە بۆ زۆرینە بەرچاو نین، دەیانبینین. ئەوە بە هەمان مەزنایی سەبارەت بە چۆنیەتیی قسە کردنمان لەبارەی ئەواندایە و هەروەها بێدەنگییەکانی کە تووشیان دەبین، کاتێک کە ئەوان دەبنە ئامانجی وشەکان و هێزە فیزیکییەکان( (Ibid، p8.

لە ژێر ڕێزبەندیی سیاسی و مەرجەکانی ئایدیا و توندوتیژیی نەتەوەپەرستانەیە کە کەمینەکان پێکدێن و وەکو “بڕەند” دەبینرێن، لە حاڵێکدا کە کۆمەڵی زۆرینە “بێ بڕەند” و ئاسایی دەکرێن. ئۆریێنتێیشێنی ناسیونالیزم، گەلێک جار بەرەو خوڵقاندنی پۆڵێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی پەیوەندییەکانی خاڵ و زوڵم، سەروەری و هاوکۆماری لە دەروون ودەرەوەی هەرێمەکانی دەوڵەت-میللەت دەچێت Ibid، p13لە چەمکێکی هاوشێوە، ئێپادوڕای (2006) ڕەوایەتێکی هوشیارکەر سەبارەت بە ئایدیای مەترسیداری دەوڵەت-میللەت و بنیاتنانی کەمینەکانی ئەو لە ژێر سێبەری گلۆبالیزم، ڕێکدەخات. ئەگەر لە درێژاییی مێژوو شەڕەکان بۆ بنیاتنانی وڵاتەکان بەکار دەهێندران، دەوڵەت-میللەت بۆ خوڵقانی کۆمەڵگای نەتەوەیی و پێوەگرێدانی زۆرەملێ لە نێوان کۆمەڵی حاکم و دەوڵەت، توندوتیژیی بەکار هێناوە. ئێپادۆڕای ئەو خاڵە لەبەر چاو دەگرێ کە زۆرینە بۆ هەبوونی خۆیان زۆرتر پێویستیان بە کەمینە هەیە، لەبەر ئەوەی کە بە دابین کردنی سنورەکان و خوڵقاندنی ڕەگەزەکانی تر کە دەگەڵ قازانجە گشتییەکان ڕێک نەبن، لە دۆزی “ئێمە پێکدێنین” بە ناوەندپارێزی دەگۆڕدرێن. لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەت-میللەتە کە چەمەکەکانی زۆرینە و کەمینە واتا دەگرنەوە، هەر لەبەر ئەوەش زۆرینە دەتوانێ لە هەبوونێکی ناتەواو و قەڵشتێکی کە ماوەتەوە (کەمینە بە نێوی بەند) بۆ گەیشتن بە گشتی نەتەوەییی ساف ئێش بکێشێت. ئەو هەستی مەراق و ناتەواویەتییە، زۆرینە دەکێشێنێتە لای توندوتیژی دژ بە کەمینەکان (ibid) کە داوای هاوسەنگی، نوێنەرایەتی، سەربەخۆیی و مافەکانیان بە نێوی کۆمەڵی جیاوازی کەلتووری و ڕەگەزی دەکەن. کەمینەکان بە خۆبەخۆ دەبنە ڕەقیبی سیاسی و بەندێک لە ئاست چاولێکردن و ئامانجە کڕ و پڕەکانی نەتەوەسازی کە کۆمەڵی زۆرینەکان دەخوازن. ئێپادۆڕای (2006) لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هەستی نەبوونی ئاسایش لە لایەن کۆمەڵی حاکم دەتوانێ مەیدان بۆ چالاکییەکانی ژێنوساید لە ئاست کەمینەکان ڕێک بخات. لە جیهانێکی پێشکەوتوودا کە بە جیاوازی و سنۆر و ناسنامە تاریکەکان دیاری کراوە، زۆرینە زیاتر سەرقاڵ دەبێ تا هەستی نەبوونی متمانە و ناتەواویی خۆی کە لە دەرخستنی کەمینە ئیختار دەکرێ، کۆنترۆڵ بکات. کەمینەکانیش خەریکن دەبنە پرسە گرینگەکانی بێزاری لە دەوڵەتەکان و ئەو زۆرینەگەلەی کە نیگەرانییەکانی خۆیان “لەمەڕ کەمینەکانی پەڕاوێزی خۆیان (جا ڕاستەقینە بێ یا وێناکراو) لە جیهانی چەند دەوڵەتیدا، لە ڕەوتە ئابوورییە بێ ڕێساکان و ئەو حاکمییەتانەی کەوتوونەتە بەر مەترسی”، دەگوازنەوە. (ibid P43).

زۆرینە خوازیاری گۆڕینەوەی جێگەی خۆی لەگەڵ کەمینە نییە لەبەر ئەوەی کە ئەوان خۆیان بە ئەندامێک لە کۆمەڵی حاکم دەزانن لە حاڵێکدا کەمینەکان زۆرتر جێگەیەکی تر و حاشیەییان هەیە. ئەو هەستی نەبوونی ئەناهییە، زۆربەی جارەکان دەبێتە هۆی پێکهینانی زۆرینەی دڕندە (Appadurai2006) کە کەمینەکان وەکوو مەترسییەک بۆ ئاسایش، خۆشبژیوی و دەسەڵاتی ئەوان لە نێوخۆی وڵات دەزانن. ئاشكرایە کە ئەو دیسکۆرسە سیاسییانەیە کە زۆرینەکان، بە مەبەستی دەورپێچ کردن لە لێواری هەڵوەشاندنەودا بەسیج دەکات. بە بەسیجی سیاسی، زۆرینە تەشویق دەکرێن کە بە شێوەیەکی ژیرانە سیاسەتیک بەکاربێنن کە سەروەری و لەپێشتر بوونی ئەوان لەخۆ بگرێت. ئیجازە بدەن تا دوو نموونە لە شێوەی نیشاندان و هەستی ئەو ڕقە لە ئاست کەمینەکان لە عێراق و ئەمریکا باس بکەم. سەرەڕای خۆشبینیی سیاسی کە کوردەکانی عێراق دەتوانن مافە بنەڕەتییەکان و سەربەخۆییی خۆیان لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بە دەست بهێنن، نوینەرانی نەتەوەپەرەستی عەڕەبی-عێراقی، هەرێمی کوردستان وەکوو مەترسییەک بۆ نەتەوەی عەڕەب دەزانن. سەیر بکەن کە چۆن سەمیر عوبەید، لێکۆڵەری عێراقی-عەڕەب ڕای خۆی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت:

ئایا تاکوو ئێستا نێوی هەرێمیکتان بیستووە کە وڵاتی سەرەکی قوت بدا، ناسنامەکەی لە ژێر پێ دانێت و بیکات بە دەڤەر؟ وڵام نایە، ئێمە نەمانبیستوە و نەمانخوێندۆتەوە کە هەرێمێک و وڵاتێکی بچووک دەتوانێ ئەوەندە حوکم بکا کە مێژووی تاقانەی وڵات و نەتەوەیەک لە بەین ببات، تەنیا لە عێراق. عێراقی عەڕەبی، کە بەشەرییەت لە وێ پێشینەی حەوت هەزار ساڵەی هەیە، بۆتە ناوچەی هەرێمی کوردستان، لە حاڵێکدا نەتەوەی عەڕەب تەنیا بۆتە نۆکەری نەتەوەی کورد    (Bengion2010, p4)

ڕاپۆڕتی سەرێ نیشان دەدا کە کوردەکان لیاقەتی پۆزیسیۆنی هاوسەنگیان لە کۆماری عێراقدا نییە کە دەبێ پێش هەموو شتێک کۆمارێکی عەڕەبی بێ، لەبەر ئەوەی کە “هەموو کات” وابووە، بەڵام بە ناسنامەی بەرزبووەوەی کوردی و دەسەڵاتی سیاسی دە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەوە ڕاگیرا. دوای ڕیفراندۆمی کوردەکان بۆ سەربەخۆبوون لە سێپتامبری 2017 کە زیاتر لە سەدا نەوەدی دەنگەکانیان بە دەست هێنابوو، ناسیۆنالیزمی عەڕەب لە عێراق سەبارەت بە بەڕێوبردن بێگومانتر بوو و دەوڵەتی عێراق لە بەغدا هەر دێت و بەشی بودجەی کوردەکانی عێراق کەمتر دەکاتەوە و بۆ چەکداری لە دژی کوردەکان بە کاری دێنیت. هەڵبەت ئەوە بۆ تەسدیقی گەندەڵیی بەربڵاو لە بەشی نەوت لە هەرێمی کوردستان نییە کە بە دەستی دو حیزبە بەڕێوبەرەکانی کورد، پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، مۆنۆپۆلیزە کراوە. گەندەڵیی ئابووری و سیاسی لە ناوچە غەیری کوردییەکانی عێراق کە عەڕەبە شیعە یا سوننەکان بەڕێوەی دەبەن، کەمتر نییە بەڵکوو زۆرترە. عێراق وەکوو وڵاتێک، یەکیک لە گەندەڵترین دەوڵەتەکانی جیهانە. لە ساڵی 2012، نوری مالکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، گلەییی لە زۆر بوونی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکرد و بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنیی کوردی گوت کە هەرێمی کوردستان جۆرێک هەڵسوکەوت دەکا وەکوو ئەوەی کە عێراق بەشێگ لە کوردستانە (Eliassi 2013). لەڕاستیدا، پێناچێ زۆر گرینگ بێ کە چ کەسێک سەرۆکوەزیرانی عێراق بێ، لەبەر ئەوەی کە ئایدیای مافی کوردی بۆ سەربەخۆیی و خۆئیدارە کردن لە لایەن عەڕەبەکانی شیعەی حاکم لە عێراق پارێزراو نییە، تەنانەت ئەگەر لە یاسای بنەڕەتیی ئێستای عێراقیش تەسدیق کرابێ. نموونەی سەرێ زۆرتر لە پەیوەندی لەگەڵ سەربەخۆییی وڵاتە کوردییەکان بوو کە لە ناوچەی خۆیاندا زۆرینە بە وانە بەڵام بە هەژماری لە چاو عەڕەبەکان لە هەمووی عێراق کەمترن.

ئێستا ئیجازە بدەن کە بۆ لای نموونەیەکی تر بچین کە نیشان دەدا چۆن زۆرینەی سپی پێست لە لوئیزیانا، بە هۆی هەبوونی گرووپەگەلی ناسپی پێست کە پشکی خۆیان لە خۆشگوزرەزانی و خولیای ئەمیرکایی بوون، داوا دەکەن، خۆیان بە کەمینەیەکی دەورپێچ  کراو دەزانن (Hochschild 2016). بە وتەی هاچشیڵد، ئەندامانی کۆمەڵی سپی پێست، ئەو کۆمەڵە غەیری سپی پێستانە “پێشتر لە خەت” دەزانن و گەیشتن بە خەونی ئەمریکایی بۆ زۆرینەی سپی پێستەکان وەدوا دەخەن. دروستیی داوای چەندکەلتووری بوونی سیاسی لە نەتەوەیەکگرتوەکان، کە میدیا لیبڕالەکان بە خەتاکاری دەزانن، مەرجێکی ساز کردووە کە زۆرینەی سپی پێستەکان ناتوانن هەستی “راستەقینە”ی خۆیان بەرانبەر بە ئازارەکان، ڕەش پێستەکان، ئافرەتەکان، کۆچبەرەکان، و هاوڕەگەزخوازەکان دەربڕن. جێگەی سەرنجە کە ئەوە کومەڵە بێبەشەکان لە بواری مێژوویی و هاوچەرخن کە دەچنە ژێر ڕق و نەفرەت و وەکوو “دزینی” جێگەی خۆیان لە سەفدان کە ببێتە هۆی خوڵقاندنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان. ئەندامانی ئەو کۆمەڵە سپی پێستە بە هۆی ڕامانە موخافزەکارانەکانی خۆیان سەبارەت بە زەواج، سیلاح، ڕۆڵە جنسییەکان، ڕەگەز و ئاڵای کۆنفیدراسیۆن، لە بواری کەلتووری، خۆیان بە ڕوڕەش کراوی دەستی میدیا لیبڕالەکان دەزانن. هاچشیلد جیهان بینی و سەرپێهاتەکانی ئەوان ئاوا دەکێشێنێتە ڕوو:

بێگانەکان لەڕیزدا دێنە پێشتر لە ئێوە و ئێوە تووشی مەراق، ڕق داگرتن و ترس دەکەن. سەرۆک کۆمارێک لەگەڵ لایەنی دابڕان یەکگرتوو دەبێت و دەبیتە هۆی ئەوەی کە ئێوە هەست بە بەدگومانی و خیانەت بکەن. کەسێک لە ڕیزی پێشتر لە ئێوە وەکوو کرێکارێکی نەزان و جاهیل سووکایەتی بە ئیوە دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەست بە بچووک بوون بکەن و زۆر قەڵس بن. لە بواری ئابوری، کەلتووری، چاندی، دێموگڕافی، جوغڕافی، و سیاسی ئێوە لە وڵاتی خۆتان لەناکاو وەکوو بێگانەیەکتان لێدێت  (Hochschild 2016, p 222)

زۆرینەی سپی پێست بێدەنگ و بە هەستی دەورپێچ بوون، چووک بوون، و بەڕووڕەش کراوی، دەکەونە پەڕاوێزەوە و چاوی ئومێدیان لە دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکایە کە دەتوانێ دوبارە ئەمریکا گەورە پێشان بدات. بە هەڵبژاردنی ترامپ، زۆرینەی سپی پێستەکان دەتوانن بەڕێوبەریی بارودۆخی وڵاتی خۆیان بکەن و لەمەو بەدوا هەست بە غەریبایەتی لە وڵاتی خۆیان نەکەن، بانگەشەیەک کە کە پلوراڵیزمی نەتەوەیی-کەلتووری پێکی هێناوە (ibid; see also Hage 1998). ئەو کێشەیە لەسەر شێوەی دەربڕینی ترس و نیگەرانیی زۆرینە وەک بەڕێوەبەرانی بارودۆخی وڵات دەر حەق بە عێراق یا ئەمریکا، شتێکی ئاوارتە نییە. بە پێچەوانەوە، ئەوە ئۆلگوویەکی سیاسییە کە لە گفتوگۆی هێزەکانی دژ بە کۆچبەری لە ئەوروپاشدا کاریگەریی هەیە و هۆشاری بە ئەورووپییە سپی پێستەکان دەدا کە کۆچبەرە موسوڵمانەکان بەم زووانە لە بواری چەندی و کەلتوورییەوە ئەوروپا دەورپێچ دەکەن و ئەوروپایییەکان لە وڵاتی خۆیان دەبن بە کەمینە (see Eliassi 2013).

پێداگری لەسەر ئەوەی کە دەوڵەتەکان ڕێنجێکی بەربڵاو لە سیاسەتە جۆرواجۆرەکانیان بۆ پێشوازیکردن، گونجاندن یا پەڕاوێزخستنی کەمینەکان بەکار دێنن، گرینگایەتییەکی یەکجار زۆری هەیە. قورساییی چەندیی کەمینەکان لەگەڵ ناسنامەی ڕەگەزی و ئایینیی ئەوان کاریگەری لەسەر وڵام دانەوەی دەوڵەتەکان بە گلەییەکانی ئەوان هەیە. بۆ نموونە، مەسیحییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناویند لە بواری چەندی، لە موسوڵمانەکان کەمترن و زۆر جار لە نێوان وەعدەی دەسەڵاتدارەکان بۆ پشتگیری لە دەوڵەت و مەترسییەکانی مارژینالیزە کردن لە لایەن کۆمەڵی زۆرینە کە دەوڵەتەکە وەکوو وڵاتێکی موسوڵمان دەناسێنن، دەمێننەوە. بەڕاستی، زۆریک لە دەوڵەتەکان لەڕۆژهەڵاتی ناویندا وەکوو کوردەکان، پشتگیری یا داوای ڕاستەقینەی خۆیان لە مەسیحییەکان و کەمینەکانی تر، وەکوو شاهیدێک بۆ بە فەرمی ناسینی ڕۆژئاوا و پشتگیری لە شێوازەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆیان دەزانن. بە باوەری (Zabad(2017 سێ فاکتەری سەرەکیی سیاسی و کۆمەڵی هەیە کە دەتوانێ کێشە و هەڵسوکەوتی کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا باس بکات: یەکەم، یەک قەیرانی نەتەوەییی بەردەوام هەیە کە لە کاتی پەیمانی سایکس-پیکۆ لە ساڵی 1916 لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا، لە ناوچەکە لە هاتوچۆدایە. ئەو دەوڵەتانەی لە لایەن ئەم دوو هێزە کۆلۆنیالیستەوە دروست کراون، پێشاندەری خولیاکان، وەفادارییەکان یا هەستی خەڵکانی نشتەجێی ئەم دەوڵەتە تازە دامەزراوانە نین. میراتی ئەو خەتە لێک جیا بووەوانە لە نێوان کۆمەڵە جۆراوجۆرە ڕەگەزی و ئایینییەکان ئێستاش هەر زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت. جیا لەوە، وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەیانتوانیوە دەزگایەکی سیاسیی گشتی پێک بهێنن که ڕێز لە جۆراوجۆری و جیاوازی بگرێت و پێشوازیی لێ بکات. ئەو کارە، کەمینەکانی لە پۆزیسیۆنێکی هەمیشەییی بریندارکەردا دانابوو. دووەم، هێزە لیبڕاڵەکان یا غایب و لاوازەکانن، ناسیۆنالیزمی سێکۆلار ڕەنجی سیاسی و فەقری ئابووریی پێوە بووە. ئیسلامییەت، چ لە شێوە ناوینییەکانی و چ لە شێوە ئیفراتییەکانی، هەموویاساکانی زۆرینەی زاڵم بوونی بەدواوە بووە کە کەمینەکان بێجگە لە پێبەند بوون، زوڵم و توندوتیژی، هیچ چاوەڕوانیی تریان نەبووە. هەڵبەت، ئەو هێزانە بۆی هەیە ئیستلاحاتێکی زۆر ڕوون وەکو “برایەتی” (بە دەگمەن خوشکایەتی) “پێکەوەژیانی” و “هاوسەنگی” بە کار بێنن، بەڵام بەشێکی کەم لەوانە بە سیاسەتی ڕاستەقینە وەرگێڕدراون. دینامیک بوونی زۆرینە و کەمینە و پێشینە سازمانییەکانی کە لە نێو واندا حەشار دراوە، دەبێتە هۆی ساز بوونی بەدگومانیی بەرانبەر و دوری سیاسی. زۆرینە، زۆر جار، کەمینەکان بە تاوانبار دەزانێت کە بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی وڵات بۆ هەڵوەشاندنی وڵات، دەبنە هۆی پێشگیری لە هاوگرتنی کۆمەڵایەتی. لە حاڵێکدا کە کەمینەکان زۆرتر پشتیوانی لە فرەکەلتوورپارێزی دەکەن. زۆرینە داخوازی ئەوەن کە فرەکەلتوورپارێزی وەکوو لاوازکەری هێزی زۆرینە و یەکگرتووییی نەتەوە بزانن(Zabad 2017 , p 2-3). مافی کەمینەکان لەگەڵ جییابوونەوە وەکوو یەک دەناسرێن و جۆراوجۆری وەکوو ناکۆکیی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتویی شرۆڤە دەکرێت.

لە چەمەکێکی هاوشێوەدا سەبارەت بە شکستی (تێکچوونی) دەوڵەت-میللەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە خوڵقاندنی یەک چوارچێوەی سیاسیی گشتی بۆ جۆراوجۆری و جیاوازییە ڕەگەزی و ئایینییەکان، کیملیکا و فۆستڵ  (2014,p9-16) وەک یەک ئیشارە بە سێ فاکتەری گرینگ دەکا: یەکەم؛ میراتی میللەت-سیستەمی عوسمانی، پێشینەگەلێکی بۆ لاوازیی یاسایی، ماژینالیزە کردنی سیاسی و پابەندبوونی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵەکانی کە وەکوو سوننە-موسڵمان نەدەبیندران، خوڵقاندووە. دووەم؛ میراتی کۆلۆنیالیزم ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەربڵاوە، شوێنیک کە کەمینەکان، بە شیاوی متمانە نازانن و وەکوو بەکرێگیراوی دەسەڵاتە بێگانە و ڕۆژئاوایییەکان کە ئامانجیان ڕێوبەری و دابەش کردنی جیهانی ئیسلامە، لێیان دەڕوانن. هەڵبەت، پێویست نییە ئەوە تەنیا دەست تێوەردانی ڕۆژئاوا بێت. بۆ نموونە، لە حاڵێکدا کە ئێران لە بواری سیاسی و لەشکەریدا هێز دەبەخشێتە کەمینە یا زۆرینە شیعەکان لە جیهانی عەڕەب، سعودیاش بە سەختی هەوڵ دەدات تاکوو دەسەڵاتی پارسی و شیعە لە ناوچەکەدا کۆنترۆڵ بکات، هەرچەند سەرکەوتنێکی زۆری نییە. نموونەکانی سوریە، عێڕاق، لوبنان، بەحڕەین و یەمەن نیشاندەری پێوانی ئەو هێزانەیە. سێیەم؛ وڵاتە عەڕەبییەکان و، من لێی زیاد دەکەم ئێران و تورکیا، لە لایەن ڕێبەرانی سەرەڕۆ و ڕێساکانی پێکهاتە-نەتەوەوە بەڕێوە دەبردرێن. کە ئەوانیش بە نۆبەی خۆیان نامۆیی و ڕەنجیان بۆ زۆ زۆرینە و بەڵام لەوانیش زیاتر بۆ ئەو کەمینانە ساز دەکەن کە بە شێوەی گومانلێکراو و وەک سیخوڕ چاویان لێ دەکرێ. دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا سەرقاڵی شێوازەکانی هێرشبەرانەی سیاسەتی هۆمۆژێنیزاسیۆن و لە ناو بردنی زمان، ناسنامە و کەلتووری کەمینەکان لە شوێنە گشتییەکان بوون. جێگەی سەرنجە کە، کیملیکا و فۆستل  (2016, p 15) ڕێفرەنس دەدەنە خەددار (2012) کە لە نێوان ناسیۆنالیزمی کۆلۆنیالییی دەسەڵاتدار لەسەر جیهانی عەڕەب، کە کۆمەڵه جیاواز و جۆراوجۆرە ڕەگەزی و ئایینییەکان لە پەنا یەکتر، دژ بە دەسەڵاتی کۆلۆنالیزم شەڕ دەکەن و ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی، کە دیسکۆرسەکانی سەرەڕۆیی و هۆمۆژێنیزاسیۆنیان گرتووەتەبەر و داوا و خواستەکانی کەمینەکان و جۆراوجۆری وەکوو کێشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی دەبینن، جیاوازی دادەنێت  (Kymlicka &Pföstl2016).



ڕوانینی مافەکانی کەمینەکان لە ڕوانگەی ئەمنیەتیکردن

بەئەمنیەتیکردنی کەمینەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر بەربڵاوە. بۆ نموونە، زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی کە دەسەڵاتیان بە سەر کوردەکاندا هەیە، میلیتاریزە کراون، کە زۆر جار بووەتە هۆی ئاوارە بوون و توندوتیژیی بەردەوام بە بۆنەی شەڕی دژی “تیروریسم”. ئەوە تەنیا کوردەکان وەکوو خەڵک نین کە بە ئەمنیەتی کراون، بەڵکوو ئەو ئەمنییەتی بوونە جوغڕافیایەکیش کە ئەوان تێیدا دەژین دەگرێتەوە. ئەو دەوڵەتانەی کە دەیانهەوێ کوردەکان بەرنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، جوغڕافیای کوردەکان وەکوو وڵاتانێکی ناڕاست و “خراپ” دەبینن. هەر ئەو مەسەلەیە سەبارەت بە فەلەستینییەکانیش ڕاستە کە زیاتر لە هەموو شتێک وەکوو مەترسییەکی ئاسایشی بۆ هەبوونی ئیسڕاییل دەبیندرێن. هەموو وێستگەکانی پشکنین و حەسارە ئەمهییەکان و ئەو چاوەدێرییانەی کە ئەڕتەشی ئیسرائیل دەیخاتە سەر فەلەستینییەکان، پێشاندەری ئاستی تەناهیی ئەو بەشەیە کە جووڵە و مافەکانی فەلەستینییەکان دەکاتە ئامانج و بێ هێزی دەکا. بە گوتەیەکی تر، ئیدیعای فەلەستینیی و کوردەکان لەبارەی مافەکانیان، بەرابەری و وڵاتیان لە دەلاقەی ئەمنییەوە سەیری دەکرێت. نیمنی (2015) پێێ وایە کە بەتەناهی کرد لە کۆنترۆڵی پێکهاتە-نەتەوەدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە. بە بەرابەر بوونەوەی نەتەوەکان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە خەڵکی و دەوڵەتە نیشتیمانییەکان، کاتێک کەمینەکان بە سیاسەت و توندوتیژی وڵامی سیاسەتەکانی دەوڵەت دەدەنەوە، دەبنە بێگانەی کەلتووری. مێژووی دابین کردنی ئاسایشی کۆمەڵە ڕەگەزییە بێ دەسەڵاتەکان، دەگەڕێتەوە دوسەد ساڵ لەمەوبەر و دەتوانین ئەوە لە نێو دیسکۆرسی کۆماریخوازەکانی فەڕەنسا و لیبڕالیسمی ئینگلیزیدا ببینینەوە کە جۆرواجۆری و ناکۆکییان وەکوو خەتەرێک بۆ یەکگرتووییی نەتەوەیی و دیمۆکراسی دەزانی (Nimni 2015). کاتێک کە وڵاتێک یەک کۆمەڵی کەمینە وەکوو مەترسییەک بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی دەباتە ژێر باری ئەمنیەتیکردنەوە، دەوڵەت دەتوانێ یاساکان ڕاگرێت و چالاکییەکانی دۆخی لە ناکاو بەڕێوە ببات، بۆ ئەوەی هەر کارێک کە بۆ ئەمنیەتیکردنی کەمینەکان بەکاری دێنێت پەسندی بکات (Dajani 2015). بە وتەی کیملیکا، ئەمنیەت لە بەرانبەر کەمینەکان کاتێک ڕوو دەدات کە دەوڵەتەکان داوای کەمینەکان لەڕوانگەی “ئینساف و دادپەروەری”یەوە نەبینن بەڵکوو لەڕوانگەی “ئەمنیەت و وەفاداری”یەوە ببینن  (Kymlika 2004, p 134).

ئەوە بەو واتایەیە کە ئەمنیەتیکردن بۆ کەمینەکان لە پێش دادپەروەری بۆ ئەوانە، بەو باوەڕە کە تەنیا کاتێک کەمینەکان لە بواری سیاسی لاواز بن، وڵاتێکی بەهێز دادەمەزرێت؛ تا کەمینەکان نەتوانن تەواویەتی نیشتیمانی وڵاتەکە بخەنە مەترسیەوە. کرافت (2012 , p 219) چەمکی نەبوونی پارێزراوی بە مەبەستی وەسف کردنی پڕۆسەیەک بەکار دێنێ: “لەم ڕێگایەوە هێزی حاکم دەتوانێ بڕیار بدا کە چ کەسێک دەبێ پارێزگاریی لێ بکرێ و چ کەسێک دەبێ بخرێتە ڕێزی ئەو کەسانەوە کە دەبێ بکەونە ژێر کۆنترۆڵ، چاوەدێری و ترس.” کیملیکا (2004) دەڵێ ڕۆژئاوا خۆی دوور دەخاتەوە لە ناسیۆنالیزمی ئەمنیەتیکردنی کەمینەکان و ئیجازەی سیاسەتی جیا بوونەوەی لە نێو سیاسەتی ئاساییدا داوە کە لەوێدا ئەکتەرە جیاوازەکان هەبوونی دەوڵەت بپارێزن، بەرەوڕووی کێشەی بکەنەوە یا قەبوڵی نەکەن. ئەو شێوازە تەواو دێموکڕاتیکە وەکوو دەرمانێکی پێش دەرد لە هەمبەر شێوازە غەیری لیبڕاڵەکان و توندوتیژیی سیاسەتی ناسنامەیی دەبیندرێت کە وڵاتە غەیری دێموکڕاتیکەکان لەبەرچاوی دەگرن و پەروەردەی دەکەن. لە دێموکڕاسیدا گرینگە کە جیا بوونەوە بەو شێوەیە نەبیندرێت:

جەنایەتێکی دژ بە مرۆڤایەتی، و ئەوەی کە ئامانجی یەک سیستەمی سیاسیی دیمۆکڕاتیک نابێ ئەو مەسەلەیە وەک ناباوەڕانە چاو لێ بکات. دەوڵەتەکان و سنوورە دەوڵەتییەکان پیرۆز نین. یەکەم ئامانجی هەر وڵاتێک دەبێ بەرز کردنەوەی ئاستی دێموکڕاسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەری و خۆشبژێویی شارۆمەندان بێ نەک ئەوەی کە بە جۆرێک نەک ئەوەی ڕژد بن لەسەر ئەوەی هەر شارۆمەندێک تاهەتایە خۆی مەجبوور بە ملکەچ بوون لە بەرامبەر دەوڵەتی ئاراییدا بزانێ. ئامانجێک کە تەنیا لە ڕێگای ئامرازە نادێموکڕاتیک و نادادپەروەرانەکان، لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا دەستەبەر دەبێ. یەک وڵات تەنیا کاتێک کە مەیلی بە ژیان لەگەڵ مەترسیی جیا بوونەوە هەبێ، دەتوانێ لە بەرژەوەندییەکانی دێموکڕاسی و فێدێرالیزم بە تەواوی بەهرەمەند بێ  (Kymlicka 200,4 p 166).

لەڕاستیدا، ئەو ڕێوڕەسمە دێموکڕاتیکە کە کیملیکا نیشانی دەدات، نە تەنیا لە چەمکێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی کە ڕێژیمە دەسەڵاتخوازەکان، کەمینەکان لە ژێر ڕەوشتە جەبرییەکان، توندوتیژی و بێبەش کردن دادەنێن، بەڵکوو لە دێموکڕاسییە لیبڕاڵە ئەوروپییەکان وەکوو سپانیاش، ئاتۆپیکە. بۆ نموونە، کاتێک هەرێمی کوردستان و کاتالۆنیا لە ساڵی 2017 دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، هەردووکیان بە بۆنەی ناسەقامگیر کردنی وڵاتەکانی کە دانیشتووی ئەوانن، سەرکوت و مەحکووم کران. عێڕاق و سپانیا ئەنجامی ئەو ڕێفڕاندۆمانەیان ڕاگرت و چالاکییەکیان کرد کە بنەمای دێموکڕاسی و مافی چارەنووسی لاواز کرد. ئەورووپا نەیدەتوانی بە کوردەکان بڵێ ئێوە مافی سەربەخۆییتان هەیە، بەڵام کاتالانەکان دەبێ لە ژێر دەسەڵاتی سپانیادا بمێننەوە. بۆ نیشاندانی کۆدەنگیی دیسکۆرسیک، لە ساڵی 2017، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، فڕانک واڵتێر ئێشتاین مایر، سەربەخۆییی کوردستانی وەکوو هۆکاری ناسەقامگیری لەڕۆژهەڵاتی ناوین مەحکووم کرد. وتەگەلێکی دیسکۆرسی کە لەگەڵ ڕێژیمەکانی دەسەڵاتدار و بەڕێوبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە مافی کەمینەکان لەگەڵ بێ سوباتیی سیاسی بەیەک دەزانن، هیچ جیاوازییەکی نییە. بە کورتی، کەمینەکان، وەزعی مافی، زمان، شێوازی ژیان، خۆشبژیوی یا هەژارییەکەیان و زیاتر لە هەموو شتێک سیاسەتەکەیان، فاکتەرێکن کە سەقەت بوونی دەوڵەت-میللەت وەکوو شوێنێکی تایبەت بە خۆیان و پاکیی ڕەگەزییەکەیان وەبیر زۆرینە دێنیتەوە (Appadurai ,2006). بە هەمان شێوە، کەمینەکان وەکوو شاهیدی سەرەکیی جنایەتەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان کار دەکەن و بیرەوەریگەلێکیان هەیە کە دەوڵەتەکان دەیانهەوێ لە مێژووی خۆیان و کردەوەکانی خۆشەرعیەتدانیان، دەری بخەن (See Butler 2004). لەو وتارەدا، من ئیدیعای پێکهاتنی کۆمەڵایەتیی کەمینەکانم کرد نەک ئەوەی نە ئەوەی کە کەمینەکان غەیری خەڵک لە قەڵەم بدەم، بەڵکوو ویستوومە نیشان بدەم کە چۆن کەمینەسازی لە لایەن دەوڵەت-میللەتەکانەوە (جێگایەک کە زۆرینە دەبنە باشترین و کەمینەکان زوڵمیان لێ دەکرێ) پێک دێت. لێرەیە کە سیاسەت و بزووتنەوەی کەمینەکان دەستبەکار دەبن و هەوڵ دەدەن تاکوو مەرجە سیاسییەکان، فورموڵ یا فەرمانەکانی ناهاوسەنگیی حازر کە بۆ بەدیهێنانی قازانجەکانی ڕەگەزی زۆرینە پێکهاتوون و دروستیان دەکەن، بگۆڕن. کاتێک دەوڵەت لە دەستی ڕەگەزێکی تایبەتدا بێ، مەیلی بە داگیرکردنی هەموو دەزگا کۆمەڵایەتییەکان هەیە و خۆی وەکوو ناسنامەی نەتەوەیی بۆ هەمووان هێژمۆنی دەکات. هەر جۆرە بەرخۆدانێکی ڕادیکاڵ یا شۆڕشگێڕی، دژ بە ئەو نەزمە دەسەڵاتخوازە، بە نێۆی چالاکیی “تیرۆر” و “هەڵوەشاندنخوازی” دەکەوێتە بەر ئینکار. هەڵبەت، ئەوە دیسکۆرسێکە کە دەوڵەتەکان بە کاری دێنن بۆ پاساوی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی کەمینەکان کە بەدوای مافی خۆیان وەکوو پێکهاتە یاسایی و بە ڕەسمی ناسراوەکانی کۆمەڵگادان، نەک وەکوو شارۆمەندانێکی دیاریکراو کە کولتوور، ناسنامە، و زمانی ئەوان، کاتێک ڕووبەڕوووی دامەزراوە زاڵەکان و ئەندامانی ئێتنیسیتە زاڵەکان دەبنەوە، دەچێتە ژێر پرسیار.



سەرچاوەکان

Alcoff، L. M. & Mohanty، S. P. (2006). Reconsidering Identity Politics: An Introduction. In Linda، M. A.، Michael، H-G.، Satya، P. M. & Paula، M. L. M. (eds.) Identity Politics Reconsidered (pp. 1-9). New York، NY: Palgrave Macmillan

Anderson، B. (1991). Imagined Communities. London: Verso.

Appadurai، A. (2006). Fear of Small Numbers. An Essay on the Geography of Anger. London:  Duke University Press.

Arakon، M. (2014). Kurds at the transition from the Ottoman Empire to the Turkish Republic. Turkish Policy Quarterly، 13(1): 139-148.

Bengio، O. (2012). The Kurds of Iraq: Building a State within a State. Boulder: Lynne Rienner.

Billig، M. (1995). Banal Nationalism. London: Sage.

Bosniak، L. (2006). The Citizen and the Other: Dilemmas of Contemporary Membership. Princeton، NJ: Princeton University Press.

Castellino، J. & Cavanaugh، K. A. (2013). Minority Rights in the Middle East. Oxford: Oxford University Press.

Castles، S. (2005). Nation and Empire: Hierarchies of Citizenship in the New Global Order. International Politics، 42: 203-224.

Chakrabarty، D. (2000). Provincializing Europe: Postcolonial Thought and Historical Difference. Princeton: Princeton University Press.

Croft، S. (2012). Constructing ontological insecurity: The insecuritization of Britain’s Muslims. Contemporary Security Policy، 33(2): 219-235.

Dajani، O. M. (2015). The Middle East’s majority problems: minoritarian regimes and the threat of democracy. Ethnic and Racial Studies، 38(14): 2516-2533.

Eliassi، B. (2013). Contesting Kurdish Identities in Sweden: Quest for Belonging among Middle Eastern Youth. New York، NY: Palgrave Macmillan.

Gellner، E. (1983). Nations and Nationalism. New York: Cornell University Press.

Guibernau، M. (2004). Catalan Nationalism: Froncoism، transition and democracy. London: Routledge.

Hage، G. (2000). White nation: fantasies of white supremacy in multicultural society. New York، NY: Routledge.

Hobsbawm، E. J. (1990). Nations and Nationalism since 1780: program، myth، reality. Cambridge: Cambridge University Press.

Hochschild، A. R. (2016). Strangers in their own land: Anger and Mourning on the American Right. New York، NY: The New Press.

Kingston، L. N. (2015). Protecting the world’s most persecuted: the responsibility to protect and Burma’s Rohingya minority. The International Journal of Human Rights، 19(8): 1163-1175.

Kymlicka، W. (2004). Justice and security in the accommodation of minority nationalism. In Stephen، M. Tariq، M. & Judith، S. (eds.)، Ethnicity، Nationalism، and Minority Rights (pp. 144-175). Cambride: Cambridge University Press.

Kymlicka، W. & Pföstl، E. (2014). Introduction. In Will. K. & Eva. P. (eds.)، Multiculturalism and Minority Rights in the Arab World (pp. 1-24). Oxford: Oxford University Press.

Nimni، E. (2015).  Minorities and the Limits of Liberal Democracy: Demoicracy and Non-Territorial Autonomy. In Tove، H. M. & Francesco، P. (eds.)، Minority Accommodation through Territorial and Non-Territorial Autonomy(pp.57-82). Oxford: Oxford University Press.

Pandey، G. (2006). Routine Violence. Nations، Fragments، Histories. Stanford، CA: Standford University Press.

Shachar، A. (2009). The Birthright lottery: Citizenship and Global Inequality. London: Harvard University Press.

Tas، L. (2014). The Myth of the Ottoman Millet System: Its Treatment of Kurds and a Discussion of Territorial and Non-Territorial Autonomy. International Journal of Minority and Group Rights، 21(4): 497-526.

White، B. T. (2007). The Nation-State Form and the Emergence of ‘Minorities’ in Syria. Studies in Ethnicity and Nationalism، 7(1): 64-85.

White، B. T. (2012). The Emergence of Minorities in the Middle East. The Politics of Community in French Mandate Syria. Edinburgh: Edinburgh University Press.

Yeğen، M. (2009). “Prospective-Turks” or “Pseudo-citizens”: Kurds in Turkey. Middle East Journal، 63(4): 597-615.

Zabad، I. (2017). Middle Eastern Minorities: The Impact of the Arab Spring. London: Routledge.