ئارامتر بخوێنەوە!

دێموکڕاسی و بیری سەوز

د.مەنسوور سۆهرابی



سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ.ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.


دوکتور مەنسوور سۆهرابی لە دایک بووی ١٩٧٤ی زایینی لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە سالی ٢٠٠٩ دوکتۆرای ئەگروئێکۆلۆژیی لە تاران وەرگڕتووە. لە سالی ١٩٩٩ تا ٢٠١٣ لە ئێران مامۆستای زانکۆ بووە، لە سالی ٢٠١٠ لە ئێران بووەتە پروفیسوری یاریدەدەر. لە سالی ٢٠١٥ وە لە وڵاتی ئاڵمان دەژی و کاری لێکۆلینەوە دەکا. دوکتور سۆهرابی لە سەر ژینگە، ئاو و کشتوکاڵی ژینگەیی، کاری کردووە دەیان وتاری نووسیوە.

تەنیا یەک هەسارەمان هەیە بۆ ژیان بەسەربردن، ئەو هەسارەیەش لە دۆخێکی نائاساییی ژینگەییدایە. هەسارەی زەوی لە پانتایییەکی بەریندا، بە ڕۆلی نەرێنیی مرۆڤ بەرەوە تێکچوون دەچێ. لە ڕاستیدا پێشرەویی ڕەوتی تێکچوونی ژینگە‌ی ئێستا، دەبێتە هۆی ئەوەی که ‌ژیان له سەر زەوی، له ‌داهاتوودا بۆ دانیشتووانەکەی زۆر ئەستەم بێ. ڕادەی زیاد بوونی ئەو وێرانکارییانە و پیس بوونی ژێنگە، دەرخەری ئەوەیە کە لە مامەڵەی نێوان ژینگە و پرسی پێشکەوتندا، دەوڵەتەکان نەیانتوانیوە کار بۆپاراستنی ژینگە بکەن. به ‌داخەوە لە زۆربەی وڵاتان، دەوڵەتەکان لە جیاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی پار‌ێزەری لە ژینگە وەک پرسێکی نیشتمانی، زیاتر ڕۆڵی تێکدەریان هەبووە.

رادەی بایەخ پێدانی وڵاتان بە مەسەلەی ژینگە، هەم لە نێو دەوڵەت و هەم لە نێو خەڵکدا، نیشاندەری ئاستی دێموکڕاسی و پێشکەوتنی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانەیە. کۆمەڵگای دێموکڕاتیک، زیاتر و باشتر کلتووری پارێزگاری لە ژینگە‌یان تێدا جێ دەکەوێ و باشتر دەتوانن باس لە کێشەکانی ژینگەی خۆیان بکەن و بێکەنە ڕۆژەڤ و زیاتر مەجالی ئەوەیان هەیە کە لە ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا خۆیان ڕێك بخەن کە ئەو کارە ئاکامەکەی دەبێتە گوشاری زیاتر و خەت دان بە ڕێکخراوە سیاسییەکان و وەرگرتنی داخوازییەکانیان.

ئایدیا دێموکڕاتیکەکان

دێموکڕاسییش وەک زۆربەی سیستەمەکان خوێندنەوەی تایبەت و ئاڵۆزی لێ دەکرێ، هەر بۆیە خوێندنەوەی هەر کەس بۆ دێموکڕاسی، جۆری بیرکردنەوەی ئەو کەسە ئاشکرا دەکات. سەرەتای ساز بوونی دێموکڕاسی لە یۆنانی کۆن بە شێوەی بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵکی لە پرسە گشییەکاندا بوو؛ بەڵام لە ئێستادا بە بەرینتر بوونەوەی شارستانییەتەکان، بەشداریی ناراستەوخۆی خەڵکی هاتووەتە بەر باس و بەو شێوەیە دێموکڕاسیی ڕاستەوخۆی یۆنانی، شوێنی خۆی داوە بە دێموکڕاسیی نوێنەرایەتی. لەو شێوە دێموکڕاسییانەدا خەڵک بە هەڵبژاردنی نوێنەرەکان، بۆ بەجێگەیاندنی بڕیارە گشتییەکان و بەکردەوە کردنیان، دەسەڵاتی خۆیان بە سەر خۆیاندا ڕێک دەخەن. دیاریکردنی ئەوەی کە خەڵکی ئاسایی چ شێوازێک لە دەست پێ ڕاگەیشتن به ‌دامەزراوە بڕیاردەرەکانیان هەبێ یان ڕادەی ئەو دەست پێ راگەیشتنانە چەندە بێ،  کارێکی ئاسان نییە. هەر لە سەر ئەو بنەما تێۆرییه،‌ زۆربەی بیرمەندان لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەست پێ ڕاگەیشتنی زیاتر و باشتر بە پڕۆسەی ڕامیاری و یاسادانانی نێودەوڵەتی لە لایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان(NGO)ەوە، هەم دەبێتە هۆی دێموکڕاتیزە کردنی ئەوان و جێگیر کردنی بنەماکانی دێموکڕاسییەکی بەردەوام و هەمیش وڵامێک بێ بۆ پڕ کردنەوەی کەلێن و کەمیی دێموکڕاسی لە ئاستی نێونەتەوەییدا. دێموکڕاسی دەتوانێ لە ڕێگای بەهێز کردنی دەسەڵاتی خەڵکی ئاسایی، ببێتە هۆی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێگری بکات لە قوڕغ کردنی دەسەڵات لە لایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە. دێموکڕاسی لە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، شێوازی جیاوازی هەیە. بەشێک لە سیستەمە دێموکڕاتیکەکان بە نیازی دابینکردنی ئیرادە و بەرژەوەندیی گشتین(دێموکڕاسیی ڕۆسۆیی)، بەشێک بە نیازی دابین کردنی ماف و ئازادییە تاکییەکانن(دێموکڕاسیی لیبڕاڵ) و بەشێکیش ڕوانگەی ئەمری واقیع و مەنتیقگەرایییان بۆ دێموکڕاسی هەیە (دێموکڕاسیی نوخبە سیاسییەکان و ئێلیتەکان).

بنەماکانی حکومەتێکی دێموکڕاتیک لە مەکتەبە جیاوازەکاندا بە شێوەی خوارەوەیە:

١-هەڵبژاردن بە ڕێکی و لە کاتی دیاریکراودا

٢-نەبوونی مەنسووباتی(دانان بە بێ هەڵبژاردن) سیاسی و هەڵنەبژێردراو لە ئاست بەرپرسانی باڵا

٣-ئازادیی حیزبەکان و گرووپە سیاسییەکان

٤-ئازادیی ڕادەربرین و چاپکراوەکان و تۆرە میدیایییەکان

٥- هەبوونی شانسی بەشداریی سیاسیی بەرابەر بۆ هەمووان.

لە پەیوەندیی نێوان دێموکڕاسی و ژینگە، راستەوخۆترین ڕێکار، کەڵک وەرگرتن لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسییە.

پاینە (١٩٩٥) چوار هۆکار بۆ گاریگەریی باشتری پرسی ژینگە لە دەوڵەتە دێموکڕاتیکەکان باس دەکات کە بریتین لە :

١-بەرپرسیارێتی: دەوڵەتانی دێموکڕاتیک زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، هەر بۆیە لە هەمبەر پارێزگاری کردن لە ژینگەی وڵاتەکەیان وڵامدەریی زیاتریان هەیە.

٢-زانیاری: دێموکڕاسی ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئاسانترکردنەوەی دەستڕاگەیشتن به ‌داتا و زانیارییەکان. بڵاوکراوەی ئازاد و باقی شێوازەکانی ڕاگەیاندنی ئازاد، ئاستی زانیاری و هۆشیاریی خەڵکی لە هەمبەر ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان دەباتە سەرێ.

٣-کۆمەڵگای مەدەنی: چالاکانی ژینگەیی،‌ لە ئەگەری هەبوونی ئازادیی ڕادەربرین و بەشداریی گشتی، خەڵکی ئاسایی بۆ فشار هێنان بۆ دەوڵەتەکان لە سەر پرسی ژینگە سازمان دەدەن.

٤- هاوکاریی نێونەتەوەیی: وڵاتانی دێموکڕاتیک هاوکاریی زیاتر لە نێوانیاندا هەیە، هەر بەو هۆیەش زیاتر پابەندن بە ڕێکەوتننامە نێونەتەوەیییەکان لە سەر پرسی پارێزگاری کردن لە ژینگە.

دێموکڕاسیی ژینگەیی

دێموکڕاسیی ژینگەیی بە واتای وڵامدەریی ڕوونی دەوڵەتەکان و بڕیاردەریی خەڵک لە سەر کواڵێتیی ژیان و ژینگەی دەورووبەری خۆیانە. ئەو شێوازە لە دێموکڕاسی، ئاماژە بە بۆچوونێک دەکات کە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو بیرۆکەیە ئەوەیە کە بۆ کارگێڕی و پرسی گرێدراو بە مەسەلەی ژینگه،‌ دەبێ لە لایەن تەواوی ئەو کەسانەی کە لە ژێر کاریگەریی بڕیارێکی ژینگەییدان، پرس و ڕا و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکرێ، و تەنیا حکومەت و خاوەن کارگەکان بڕیاردەر نەبن. لە ڕاستیدا لە بنەما سەرەکییەکانی دێموکڕاسیی ژینگەیی ئەوەیە کە بەشداریی گشتی لە بڕیاردان لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەریی سەرچاوە سروشتییەکان و وڵامی شیاو بەداخوازییەکان و بەرژەوەندیی گشتی لە هەمبەر دەسەڵات و ژینگەدا لەبەرچاو بگیرێ و ئەولەوییەتی یەکەم بێ.

رەوتی سەردەمیانەی پارێزگاری لە ژینگە کە لە کۆتایی دەیەی ١٩٨٠ دەستی پێ کردوە، بە پێداگری لە سەر مافی سیاسی و شارۆمەندی، دەوڵەت ناچار بە وردبوونەوەی زیاتر بۆ بەجێگەیاندنی داخوازییە ژینگەیییەکانی خەڵکی دەکات. بە پێچەوانەی ڕژێمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان، ئەگەری کەمترە کە حکومەتە خەڵکییەکان(دێموکڕاتیکەکان)، لە مافی پارێزگاری کردن لە ژینگە، کەڵکی نەرێنی بۆ مەرامی سیاسی وەربگرن  یان ڕەخنەکان لە پرسی ژینگە لەبەرچاو نەگرن و پشتگوێیان بخەن، کە ئاکامی دەبێتە هۆی ئەوەی کە زانیارییەکان بە شێوەی ڕوون دەخەنە بەر دەستی بەردەنگەکانیان و ئازادانە یارمەتیی زیاتری پرسە سیاسییەکان دەکەن.

 پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان پارێزگاری کردن لە ژینگە و مافی شارۆمەندی و سیاسیدا هەیە. وەک بنەمایەکی گشتی، ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، ئامرازێکی بەهێزی پارێزگاری کردن لە ژینگەن و ئەو دوو بابەتە ‌لانی کەم لە توانایاندایە کە ئەو ڕێژیمانەی کە ئەو ئازادییانەیان نییە، لەگەل ئەو دەوڵەتانەی کە هەیانە، بەراورد و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ.

لی و ڕۆنی (٢٠٠٦) لە توێژینەوەیەک بە ناونیشانی: دێموکڕاسی و وێران کردنی ژینگه، باسی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی دێموکڕاسی و ژینگە دەکەن و لەو وتارەدا لێکۆڵەران، بە وردی باس لە پەیوەندیی نێوان شێوازی ڕێژیمی سیاسی و کاریگەرییە ڕوخێنەرەکانی مرۆڤ لە سەر ژینگە دەکەن. ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی لێکۆلینەوەی کۆنکرێتی و ئانالیزی کاتی، لە کاریگەریی دێموکڕاسی لە سەر پێنج بواری ڕوخێنەری ژینگەیی بە هۆکاری مرۆڤییان کۆڵیوەتەوە، کە بریتین له:‌

١- بڵاو کردنەوەی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن

٢- بڵاو کردنەوەی گازی دی ئۆکسیدی نیترۆژێن

٣- لە نێوبردنی دارستانەکان

 ٤- شێواندنی لێڕەوارەکان

٥- پیس کردنی بایۆلۆژیکیی ئاوەکان

لە کۆتاییی ئەو توێژینەوەیەدا داتاکان ئەو ڕاستییەیان دەرخست کە دێموکڕاسی، تەواوی ئەو هەوڵە تێکدەرانانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە و هاوکات کاریگەریی دێموکڕاسی لە سەر بنەماکانی پارێزگاری لە ژینگە، پەیوەندیی بە جۆری ڕوانینی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی سالم و ئایەندەدارەوە هەیە.

هەروەها بەرژەوەندییە گشتییەکان لە سیستەمە دێموکڕاتیکەکاندا زیاتر لەبەر چاوە و پارێزگاری لە ژینگە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرژەوەندیی گشتی بەرەو هەڵکشان و پێشکەوتن دەبات. لە ڕاستیدا شۆڕشی سەردەمیانەی ژینگەیی، کاتێک دەستی پێ کردووە کە زانیارییە زانستی و گشتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ گاریگەرییە نەرێنییەکانی پێشوەچوونی ئابووری لە سەر ژینگەی هەسارەی زەوی، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

بە شێوەیەکی گشتی سێ بنەمای سەرەکیی دێموکڕاسیی ژینگەیی کە هەڵگری سێ شێوازی مافە، لە پەیوەندی لەگەڵ تەکمیل کردنی یەکتریدان بریتین لە :

١- مافی بەشداریی تەواو لە بڕیارداندا

٢- مافی دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە زانیارییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ پرسە ژینگەیییەکاندا

٣- مافی دەرکردن و بەڕێوەبردنی یاسا ژینگەیییەکان و قەرەبووی زیانەکان.

لە درێژەدا هەر کام لەو مافانە باسیان لە سەر دەکرێ.

بەشداریی گشتی لە بڕیارەکاندا:

بەشداریی گشتی، بە واتای پرۆسەیەک دێ کە لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونیدا ڕوانین و تێبینییەکانی خەڵکی، جێگیر و دیاری دەکرێن و لە بڕیاردانی دامەزراوە گشتییەکاندا جێگیر دەکرێن. ئەو بەشدارییە پرۆسەیەکە کە تێیدا ئەوانی بەرژەوەندییان هەیە لەسەر ئەرک، بڕیار و سەرچاوەکان، هەوڵ بۆ کۆنترۆڵ کردنیشی دەدەن.

واتایەکی دیکە لە بەشداریی گشتی ئەوە دەگەیەنێ کە کەسایەتییەکان و گرووپ و ڕێکخراوەکان، هەلی ئەوەیان بۆ دابین بکرێ کە ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندیدارن بە پرسی ژینگەی خۆیانەوە، دەرببڕن؛ وەکوو نووسینەوە و بە کردەوەیی کردنی بڕیار و یاساکانی ژینگە. بەشداربوونێکی راستەقینە کە حەقی دەست پێ ڕاگەیشتن زامن بکرێ وەکوو مافی دەستڕاگەیشتنی گشتی بە زانیارییەکان وەکوو بەشداریی گشتی لە بڕیارەکان و بەرابەری لە سەر عەرزی واقعدا هەبێ.

 ئەو سێ بنەما سەرەکییە کلیلی گشتگیر و ئاشکرای وڵامدانەوە بەداخوازییە گشتییەکانی خەڵک لە سەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە ژینگەوەن. رێک ئەو واتایەی کە ئێمە لە سەر دێموکڕاسیی ژینگەیی مەبەستمانە، ئەو پێناسانەن کە ئاماژەمان پێ کردن.

بەشداریی گشتی لە بڕیاردان، دەبێتە هۆی چوونەسەری توانای دەوڵەت لەسەر وڵامدەری بە گلەیی وداخوازییەکانی خەڵکی بە مەبەستی بونیاد نانی لیکتێگەیشتنێکی دوولایەنە بۆ باشتر بەرێوەچوونی بڕیار و پەسەند کراو و پرسە ژینگەیییەکان.

مافی دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بەو زانیارییانەی کە پەیوەندیدارن بە پرسە ژینگەیییەکانەوە:

دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، بەشێکی لێکدانەبراو لە واتای دێموکڕاسیی ژینگەیییە و پێویستیی سەرەکی لە بەشدار بوونی گشتیی واتادار، لە پەیوەندی لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە ژینگەییەکانە (ئەو زانیارییانە بریتین لە  ئەو مادە کیمیایی و هەوڵە ڕوخێنەرانەی نێو سروشت و ژینگەی کۆمەڵگاکان) و لەلایەکی دیکەش زامن کردنی ئەو ڕێکارانەی کە بە کەڵک وەرگرتن لەوان بەرپرسانی گشتی زانیارییە کان بۆ ڕای گشتی بخەنە بەردەست.

دەست پێراگەیشتنی خەڵکی بە زانیاریی بەرۆژ، ڕاست و گشتگیر،  دەبێتە هۆی ئەو قازانجە گشتییانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین :

بەردەست خستنی بەردەوامی زانیارییەکان، خەڵک وا لێ دەکات کە تێگەیشتووییی خۆیان لە سەر پرسی ژینگە و ئەو شتانەی کە بۆ ژینگە هەڕەشە بە حیساب دێن، زیاد بکەن. بەرپرسانی ئیداری و حکوومی وا لێدەکات کە لە بەرانبەر ئەو بڕیارانەی دەریانکردووە وڵامدەریی زیاتریان هەبێ. بە ناچار کردنی دامەزراوە دەوڵەتی و تایبەتەکان بە بەردەست خستنی زانیارییە ژینگەیییەکان، کۆی تێچووی ئەو خەرجییانەی کە بۆ چاوەدێری کردنی سەرپێچیکارییەکانی سەر ژینگە داندراون، بە شێوەیەکی بەرچاو، کەم دەبێتەوە. دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان دەبێتە هۆی زیاد بوونی هێزی ئەو گرووپانەی کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە وداخوازییەکان و ڕوانیینەکان و هەڵسووکەوتی خەڵکی لە سەر پرسە ژینگەیییەکان باشتر دەبێ.

 

مافی خواست بۆ جێبەجێ کردنی یاسا ژینگەیییەکان و قەرەبوو کردنەوە:

دەستڕاگەیشتنی باشتر بە ڕێکارە حکوومی و دادوەرییەکان، ڕێگەیەکی دیکەیە‌ بۆ گەیشتن بە دێموکڕاسیی ژینگەیی.

لە کۆنوانسیۆنەکان و جاڕنامە نێونەتەوەیییەکانی وەکوو ئەسڵی دەیەم لە بەیاننامەی ڕیۆ ١٩٩٢ (لە پەڕاوێزی بەڕێوەچوونی کۆنوانسیۆنی ڕیۆ، بەیانییەیەک کە ناسراوە بە بەیانییەی ڕیۆ کە سەنەدێکی نامولزەم بوو کە بریتی بوو لە ٢٥ ئەسڵ، لە لایەن بەشداربووانەوە واژۆی لە سەر کرا. ئەسڵی دەیەمی ئەم بەیانییەیە، بریتی بوو لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان و ئامارەکان، بەشداریی گشتی و دەستڕاگەیشتن بە مەحکەمە ئیداری ودادوەرییەکان و ڕەشنووسی ٢١ خاڵیی پەیوەندیداری دیکەش کەوتە بەر باس). پارێزگاری و بەرەنگاربوونەوەی خەسارە ژینگەیییەکان، گرێدراوی حەقی بەڕەسمی ناسینی مافی خەڵک لە بەکردەوەیی کردنی یاسا نێوخۆیییە ژینگەیییەکانە.

لە گرینگترین هۆکارەکانی بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەمبەر هەڵوێست گرتن لە بەرانبەر تاوانەکان، بێ باوەڕیی خەڵک بە دامەزراوە دادوەرییەکانی بەشی تاوان و سزا لە ئاشکرا کردن و بەدواداچوون ودادگایی کردنی تاوانبارانە، لەو کاتانەی کە ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکان دەدرێنە دەستی‌ پۆلیس.

دەرکردنی یاسای پشتیوانی لە بەشداربووانی پرسە ژینگەیییەکان و نەبوونی جیاوازی لە چەندوچۆنی تاوانەکان و گۆڕانکاری لە سیستەمی باڵای دادوەری وەکوو پێویستیگەلێک بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی ڕاستەقینە، یارمەتیدەری گەیشتن بە باشترین شێوەی بەشداریی خەڵک لە پرسەکانی ژیان و ژینگەی ڕۆژانەی خۆیان دەبێ.

خەڵکی دەبێ توانای ئەوەیان هەبێ کە لە بەرانبەر هەر جۆرە تاوانێک لەو یاسایانەی کە پەیوەندیدارن بە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ئامارە پەیوەندیدارەکان، سکاڵا تۆمار بکەن و بتوانن لە بەرانبەر پێشێلکارییەکان، بەشداریی بڕیارە گشتییەکان بکەن و تانە لەو بڕیارانە بدەن کە دژی پارێزگاری کردن لە ژینگەیە.

لە کۆتاییدا پێگەی پتەوی دێموکڕاسی لە کۆمەڵگایەکدا، دەرخەری بەستێنی باڵای کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەهێزی ئەو کۆمەڵگایەیە. لەو ڕوانگەیەوە کە تەنیا یەک دەنگ بۆخۆی ڕایەکەی بەهادارە، خەڵکی ئاساییش خاوەنی هێزی سیاسین، کە ئەو بابەتە دەتوانێ هۆکاری سەرەکیی کەم کردنەوەی دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار و نوخبە سیاسییەکان بێ. لە ڕاستیدا ئەو پرسە لە توانایدایە سەرنجی زیاتری سیاسەتوانان و دەوڵەتەکان لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی هەموو گرووپەکانی کۆمەڵگا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. لەو دۆخە تایبەتەدایە کە سیاسەتەکان و یاسا ژینگەیییەکان، هەموو کۆمەڵانی خەڵکی دەگرنەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی کەمی گەندەڵی، کۆمپانیاکان و نوخبەکان ناچار بە قەبووڵ و جێبەجێ کردنی یاسا ژینگەیییەکان دەکەن کە ئاکامەکەی باشتر کردنی بارودۆخی ژینگەییی لێ دەکەوێتەوە. هەر لە سەر ئەو بنەمایەیە کە لە ڕوانگەی تێۆرییەوە پێشخستنی ئاستی دێموکڕاسی دەتوانێ کاریگەریی زیاتری هەبێ لە سەر باشتر کردنی پرسی ژینگە. نابێ لە بیرمان بچێ کە ئەو گرووپانەی کە خاوەنی جەماوەر و پێگەی زیاتر و گەورەترن و ڕۆڵی گرینگیان لە دەوڵەتەکاندا هەیە، ئەگەر لە پلانیاندا نەخشەڕێگای ژینگەیی نەبێ یان پەروەردە و ئەخلاقی ژینگەیییان نەبێ، لەو حاڵەتەدا دێموکڕاسی کاریگەریی نەرێنی و لاوازتری دەبێ بە نیسبەت پرسەکانی پەیوەندیدار بە پارێزگاری کردنی ژینگەی ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکان

بشیریه، حسین. ( 1380 ). درسهایی از دموکراسی براي همه.

 کوهن، کارل. ( 1371 ). دموکراسی. ترجمه عباس مخبر. تهران: نشرنی.

Arvin، B. M..& Byron، L. (2009). Does Democracy Affect Environmental Quality in Developing Countries?. Applied Economics، 41، 45-67.

Callejas، D. G. (2010). Democracy and Environmental Quality in Latin America: A Panel System of Equations Approach، 1995-2008. Borradores Departamento de Economía، 36، 1-29.

Farzin، Y.H، & C.A. Bond. (2006). Democracy and Environmental Quality. Journal of Development Economics 81(1): 213-235.

Laffertu، WN.، C.JMeadow. (1996). Democracy and the Environment: Problems and Prospects. Edward Elgar، Cheltenham، UK.

Li، Q & R، Reuveny. (2006). Democracy and Environmental Degradation. International Studies Quarterly 50: 935-956.

Payne، R. A. (1995). Freedom and Environment. Journal of Democracy 6(3): 41-55.

You، W. H.، Zhu، H. M.، Yu، K and Peng، C. (2015). Democracy، Financial Openness، and Global Carbon Dioxide Emissions: Heterogeneity Across Existing Emission Levels. World Development. 66، 189–207.

Winslow، M. (2005). Is Democracy Good for the Environment?. Journal of Environmental Planning and Management، Vol. 48، No. 5، 771 – 783