ئارامتر بخوێنەوە!
فێمێنیسم و سینەما
چەکۆ ڕۆژهەڵات
“ئامانجی فێمێنیستەکان لە سەرەتاوە ئەوە بوو کە شێوازی دەسەڵات و پەیوەندییە دەروونی/ کۆمەڵایەتییەکان کە ببوونە هۆی دروست بوونی کۆمەڵگایەکی باوکسالار ئاشکرا بکەن و ڕەخنەی لێ بگرن. لە کەنار ئەم هەڵوێستەشدا هەوڵ بدەن بە دابین کردنی ئەندێشەی شیکاریی فیلم و نیگایەکی ڕەخنەگرانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی پێکهاتوون، بگۆڕن و تێکی بدەن. چون بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە پیشەی سینەما، تەواو لە دەست پیاواندایە و ئەندێشەی نێرینە تەواوی بەشەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی بەدەستە. “
بزووتنەوەکانی سەدەی بیستەم لە شۆڕشی یەکیەتیی سۆڤیەتەوە تا بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی خوێندکاری و شەپۆلی دووھەمی جووڵانەوەی ژنان، ھەموویان گرینگییەکی تایبەتیان بە سینەما داوە، لەبەر ئەوەی سینەما دیاردەیەکی گشتگیرو سەرنجراکێشە. ئەم تایبەتمەندییە بووەتە ھۆی پەرەسەندنی بیر و ھزری جیاواز لە ناو نووسەرانی بواری سینەمادا.
دوای بزووتنەوەی خوێندکاری-کرێکاریی مانگی مەی 1968 لە فەڕانسە، ھێورھێور، شاھیدی دوورکەوتنەوەیەکی فکری لە مارکسیسم وەک تەنیا ڕێبازی دیاری ئەو قۆناغە دەبین. ھەرچەند ئەم دوورکەوتنەوەیە بە واتای دابڕان لە سیاسەتەکانی مارکسیسم لە ناو ڕێکخراوە دژبەرەکانی دەسەڵات نەبوو بەڵکوو بەو واتایە بوو کە ویست لەسەر پرسە چینایەتییەکان کەمتر دەبێتەوە و خواست لەسەر کۆمەڵێک پرسی نوێ وەکوو کێشەی بنچینە، ڕەگەز و ھەروەھا پرسگەلی ڕەگەزی دەست پێ دەکات.
بێگومان لە حەفتاکانەوە تا ساڵانی نەوەدی زایینی، ئەتوانین بڵێین دەستپێک و گەرمەی فیکر و ئەندێشەی فێمێنیستەکان بووە. ھەر لە ساڵانی حەفتاکاندا باس لەسەر فیلم و سینەما وەک دیاردەیەکی مۆدێڕنی ھاوچەرخ، ئەچێتە ناو ڕۆژەڤی ئەندێشمەندانی فێمێنیست.
ئامانجی فێمێنیستەکان لە سەرەتاوە ئەوە بوو کە شێوازی دەسەڵات و پەیوەندییە دەروونی/ کۆمەڵایەتییەکان کە ببوونە ھۆی دروست بوونی کۆمەڵگایەکی باوکسالار ئاشکرا بکەن و ڕەخنەی لێ بگرن. لە کەنار ئەم ھەڵوێستەشدا ھەوڵ بدەن بە دابین کردنی ئەندێشەی شیکاریی فیلم و نیگایەکی ڕەخنەگرانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی پێکھاتوون، بگۆڕن و تێکی بدەن. چون بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە پیشەی سینەما، تەواو لە دەست پیاواندایە و ئەندێشەی نێرینە تەواوی بەشەکانی بەرھەمھێنانی فیلمی بەدەستە.
فێمێنیستە ڕەخنەگرەکان ھەوڵیان ئەدا کە گرینگی بە گرفتگەلی وەک دەستدرێژیی سێکسی، سووئیستفادەی ڕەگەزی و مافی لەباربردنی مناڵ، بدەن و بەردەوام بیخەنە ڕۆژەڤی باسەکانیانەوە.
فێمێنیسمی سینەمایی، ھاوشێوەی ڕەوتی گشتیی فێمێنیسم، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک نووسراوەی فیکریی فێمێنیسم وەکوو ” ژوورێک بە دیمەنگەوە” لە نووسینی ویرجینیا ووڵف و ھەروەھا “ڕەگەزی دووھەم” لە نووسینی سیمین دوبوار دەست، پێ دەکات.
شەپۆلی فێمێنیستی بۆ خوێندنەوەی فیلم، یەکەم جار لە فێستیواڵی فیلمی ژنان لە نیۆیۆرک لە سالی 1972 دەست پێ دەکات کە ھاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک کتێبی گشتپەسەندی فێمێنیستی لە سەرەتای حەفتاکاندا کە دیارترینیان بریتییە لە “لە ڕێزلێنانەوە بۆ دەستدرێژی: بۆچوونێک لەسەر ژنان لە فیلمدا” لە نووسینی مالی ھاسکڵ.
مالی ھاسکڵ، لەم کتێبەدا باس لەسەر مێژووی ژنان لە ناو سینەمادا دەکات. ھاسکڵ باوەڕی وایە ئەو وێنە و ئیماژەی کە لە ژنان لە بەشێکی زۆر لە فیلمەکاندا نیشان دەدرێت، زۆر جار ئاستی کەسایەتیی ژنانی ناو فیلمەکان ڕادەگرن. ژنانی ناو فیلمەکان ئەبنە دایکانێک کە بۆ منداڵەکانیان و خێزانەکەیان لەخۆبردوویییەکی فیداکارانە نیشان دەدەن یان ژنانێکن کە عاشقانە بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیی بنەماڵەکانیان ھەوڵ دەدەن یان ژنانێکن کە بەس بۆ ڕوخسار و ئەندامی سێکسییان کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. ھاسڵ باوەڕی وایە کە ئەم دووپات و چەندپات بوونەوەیە بە شێوەیەکی سیستەماتیکە بۆ ئەوەی ژن لەو چوارچێوەیەدا ڕابگرن و وێنەیەکی ڕۆتین و ھەمیشەیییان لێ دروست کەن.
ھاسڵ لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە دوای ساڵانێک، وێنەی ناواقیعیی سینەما لە ژنان، وای کرد کە کۆمەڵێک ژنی سینەماگەر پێبگەن کە لە حەقیقەتدا ئەوان بە دروستکردنی وێنەیەکی واقیعی لە خۆیان، ئەم کەمتەرخەمییە قەرەبوو بکەنەوە و ئەو بەشە نادیارەی کە ساڵانێک بە ھۆی سینەمای وێستێرنەوە بەردەوام بێ ڕێزی و تۆندوتیژی بەرانبەر بە کەسایەتیی ژنان دەکرا، بە بەرھەمھێنانی فیلمەکانی خۆیان نیشانی بینەری بدەن.
لۆرا مالووی یەکێک لە کەسایەتییە گرینگەکانی ڕەخنەگری فێمێنیستیی فیلمە کە لە ساڵی 1973ی زایینی وتارێک بە ناونیشانی “چێژی بینین و سینەمای چیرۆکی” بڵاو دەکاتەوە. مالووی لەم وتارەدا بە ئیلھام وەرگرتن لە بۆچوونەکانی لاکان و فرۆید ھەروەھا بابەتی ھێماناسینی کریستییەن مێتز، دەست دەکات بە ڵێکۆڵینەوە لەسەر سینەمای ھالیوودی ئەمریکا و بە تایبەت دەرھێنەری بەناوبانگ ئاڵفرێد ھیچکاک.
مالووی لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی دروست بوونی چێژی بینین لە سینەمادا دەنوسێت: لەسەر بنەمایەکی ژیرانە و لێزانانە و ڕەزامەندانە چێژی بینین وەدی ھاتووە. پیشەی سینەما بۆ بەدەستھینانی داھاتوو و گەڕانەوەی ئەو پارە زۆرەی کە سەرفی فیلمەکانی دەکات، ھەوڵ ئەدات شێوازێکی ئێرۆتیک و سێکسی لە ڕوانگەی سیستەمێکی پیاوسالارانەوە لە بەرھەمەکاندا دابین بکات.
مالووی بە خستنە ژێر پرسیاری بابەتێکی گرینگ لەسەر سوڵتەی نیگای واقماو (نگاە خیرە/ gaze)ی، پیاوان بۆ پەردەی سینەما دەڵێت: لە جیھانێکدا کە لەسەر بنەمای نایەکسانیی ڕەگەزییە، چێژ لە بینین بە دوو بەشی کارا و چالاک/ پیاو، ناکارا و خەساو/ژن دابەش بووە.
بە شێوەی نەریتی، نمایشی ژن لە دوو ئاستدا ئەتوانێت کاریگەریی هەبێت. یەکەم بە واتای بنەماگەلی ئێرۆتیک بۆ کەسایەتیی ناو چیرۆکەکە و ململانێی ناو چیرۆک و دووھەم بە واتای بنەماگەلی ئێرۆتیک بۆ بینەری ناو ھۆڵی سینەما . ئەم دوو جۆر بینینە چ لە ناو فیلمەکەدا و چ لە دەرەوەی فیلمەکە، بە نیسبەت کەسایەتیی ژنەوە دێتە ئاراوە.
مالووی لە وتارەکەی خۆیدا باس لە سێ ئاستی نیگای واقماو(نگاە خیرە) بە سەر پەردەی سینەمادا دەکات، کە بە ئامرازی کامێرا، کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکە و بینەران لە ناو ھۆڵی سینەمادا، پێکدێت. ئەو نیگایانەی کە شوناسی کەسایەتیی ژنی ناو فیلمەکە دابین ئەکەن و ئەو دەخەنە بەر چاوی بینەر.
لە ڕابردوودا چوارچێوەی ڕەخنەی فێمێنیستی لەسەر شرۆڤەی فیلمەکاندا تەرکیزی دەکرد بەڵام ئێستاکە ڕەخنە و شیکاریی فێمێنیستی بە کەڵک وەرگرتن لە بیرمەندانی وەکو مالووی، مێری ئان دوان، باربارا کرید و کارۆل کڵاور، باڵی بەسەر تەواوی جومگەکانی مۆلتی مێدیا و سۆشیال مێدیا پڕبینەرەکاندا گرتووە. بەشێکی نوێ لە خوێندنەوەی فێمێنیستیی فیلم، تەرکیزی لەسەر مێژووی فیلمسازە ژنەکانە و لە کەناریدا دەست ئەکەن بە ناسینی ژنانێک کە لە پشتی کامێران و لە بەشە جیاجیاکانی پیشەی سینەمادا، وەکوو بەشی دەرھێنان، نووسین و بەرھەمھێنان و … کار دەکەن. ھەروەھا ژنانێک کە لە ستۆدیۆ فیلمسازییە شەخسییەکانی خۆیاندا چالاکن.
فێمێنیستەکان لە سەر سینەما و فیلمسازی ھەڵوێست و چالاکییان بە دوو شێوە بەردەوام بوو. یەکەم: پەرەیان بە ڕەخنەی فێمێنیستی لەسەر فیلم دا و وەک شێوازێکی بەرچاو لە ناو ڕەخنە سینەمایییەکاندا جێگیریان کرد.
دووھەم: یارمەتیی کۆمەڵێک فیلمسازیان دا، بەتایبەت ژنانێکی فیلمساز وەکوو شانتاڵ ئاکرمەن، ئەنیس واردا، جین کەمپیون، میرا نایێر و … و چەندین فێستیوالی فیلمی تایبەت بە ژنان، دەستیان بە چالاکی کرد.
پسپۆڕانی ڕەخنەی فێمێنیستیی فیلم، باوەڕیان وایە کە نابێت ڕەخنەی فێمێنیستی لە فیلمەکان، تەنیا لەسەر پرسی ڕەگەز بێت، بەڵکوو ئەبێت لەسەر بابەتی ئینتەرسکشنالیتییەکانی دیکە وەک چینەکان، بنچینە، مەزھەبە شاراوەکان، ڕەشپێستەکان بێت و ھەروەھا لەسەر دژایەتیی ئێمپریالیسم تەرکیز بکات.
ئەم ڕەخنەگرانە پێداگری لەسەر یەکسانیی ڕەگەزی و ھەروەھا جیاوەزییە ڕەگەزییەکان و سەرنجدان بە بایەخەکانی فێمێنیستی بەتایبەت لابردنی ھەر شێوە ژێردەستە بوونی ژنان لە سینەمادا دەکەن. ئەوان باوەڕیان وایە ئیتر نابێت چیدیکە کاراکتەری ژنان لە فیلمەکاندا، تەنیا ببێت بە کەسایەتیی فێلباز و شەھوەتی وعیشوەگەر (Femme Fatal )
دواتر کەسایەتییەکی دیکەی فێمێنیست بە ناوی ئانا فیوۆرلۆھم، لە لێکۆڵینەوەکانیدا لەسەر شیکاریی فێمێنیستیی فیلم، باس لەسەر ئەوە دەکات کە لە فیلمی فێمێنیستیدا دەبێت تەواوی چوارچێوە و بنەماکانی کە پێشووتر لە سینەما و فیلمسازیدا ئەزموون کراون، وەلا بنرێن و بچنە ژێر پرسیار و ململانێی بابەتی. بە باوەڕی فیوۆرڵۆھم، فیلمە فێمێنیستییەکان ئەبێت لەسەر بنچینە پەڕاوێزخراوەکان و چینەھەژارەکان، ھاوڕەگەزخوازان و خواستە ڕەگەزییە جیاوازەکان بن.
ھەروەھا فیلمە فێمێنیسییەکان دەبێت پێداگری بکەن و ڕەخنە لە جومگەکانی دەسەڵات و قەوارە سیاسییە ناڕوونەکان بگرن و ئەو کەسانەی کە ئەیانهەوێت فیلمی فێمێنیستی دروست بکەن، نابێت بۆخۆیان ئەندام یان بەشداری دەسەڵات بن و لە ھەموو کاتدا ئەبێت خۆیان دوور ڕاگرن.
فیلمێکی فێمینستی، پێویست ناکات حەتمەن ژنان بەرھەمی بێنن؛ گرینگ ئەوەیە بابەت و ناوەرۆکی چیرۆکی فیلمەکە، باس لە پرسە فێمێنیستییەکان بکات.
کۆمەڵێک فیلمی گرینگی مێژووی سینەمای فێمێنیستی:
1- خوێی زەوی – لە دەرھێنانی ھێربێرت بیبێرمەن 1954
2- من تۆ ئەو ئەو – شانتاڵ ئاکرمەن 1974
3- جولیا – فرێد زینەمان 1974
4- ماڵ بە کۆڵدا – ئانیس واردا 1985
5-تلما و لوییز- ڕیدلی ئیسکات 1990
6- پیانۆ – جین کەمپیۆن 1993
7- وێنەی یەک خاتوون – جین کەمپیۆن 1996
8- گوم بوو لە ناو وەرگێراندا – سوفیا کاپۆلا 2003


