ئارامتر بخوێنەوە!
پلۆرالیسمی زمانی و ئاسایشی نەتەوەیی
م. هەورامی
“ئەم وتارە لە هەوڵدایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەقەتی «نەتەوەسازی»Nation buildingی دەوڵەتانی داگێرکەری کوردستان، ئەم ڕاستییە بورووژێنێ کە دووپاتکردنەوەی ئەزموونی دەوڵەتانی داگیرکەر لە بەرێوەبەرایەتیی سیاسی و ئێداریی هەر پارچەیەک لە کوردستان، لە ئەگەری ڕزگاربوونی، هەڵەیەکی ڕۆۆخێنەرە و نابێ نەتەوەیەک کە خۆی قوربانیی سیستەمێکی داخراوی ئێداری ـ سیاسی بووە، هەمان
سیستەم بۆ کوردستان ئەزموون بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەم پرسیارە زەق دەکرێتەوە کە ئایا پلۆرالیسمی زمانی لە کوردستان ئاسایشی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە؟ “
1- پێشەکی
ئێستا کە لە بەرەبەری دەسپێکی دەیەی سێهەمی سەدەی 21ی زایینیداین؛ 195 وڵات ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن کە بە دڵنیایییەوە ڕێژەیەکی زۆر کەمیان لە بواری زمانی، ئێتنیکی و ئایینییەوە یەکدەست دەبینرێن. زۆرێک لە وڵاتان، تێکڵاوێکی نەتەوەیی، ئێتنیکی، زمانی و ئایینییان پێوه دیارە بەڵام ئەم تێکەڵاوبوونه، لە وڵاتانی دێموکڕات و گەشەسەندوو، نەتەنیا وەک مەترسی چاوی لێ نەکراوە بەڵکوو بە ڕەچاوکردنی واقیعە جوگرافییەکان وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی کیانی نەتەوەییی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە. بەڵام بەداخەوە لە وڵاتانی داخراو و داپڵۆسێنەردا، حکوومەت و دەسەڵات، بەبێ ڕەچاوکردنی تێکڵاوییەکان و تەنیا لە بەرژەوەندیی نەتەوە یان ئێتنیکی سەردەست هاتووەتە دامەزراندن. لەم جۆرە وڵاتانە بۆ پتەوکردنی بنەمای دامەزراندنی دەسەڵات و حکوومەتی یەکدەست، سیاسەتی “یەک وڵات-یەک نەتەوە” پەیڕەو دەکرێت و بۆپراکتیزەکردنی ئەم سیاسەتە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامەداڕێژراو و بۆ سڕینەوەی هەرچەشنە پلۆرالیسمێکی زمانی و فەرهەنگی، سیاسەتی “وەک یەککردن”[1] لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا عەمەلی دەکرێ. لە سەدەی بیستی زایینییەوە کە ڕەوتی دامەزرانی حکوومەته تازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ کرد و وڵاتانێک لەسەر شێوازی مۆدێڕنی دەسەڵاتداری، هەوڵی دامەزرانی کیانی “وڵات –حکوومەت”[2]یان دا؛ بە جێگای ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی وڵات لە ژێر چەتری خاڵە هاوبەشەکان کۆ بکەنەوە، بە سیاسەتی یەکدەست کردنی فەرهەنگی وڵات و بە بیانووی ئاسایشی نەتەوەیی و پووچەڵکردنەوەی دەستێوەردانی دەرکی، هەموو هەوڵە مافخوازانەکانی دڵسۆزانی کەمینە نەتەوەیییەکانیان بە زەبەری هێز وڵام داوەتەوە و تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، بەهۆی ئەو سیاسەتە چەوتانەوە، ناوچەکە بەردەوام لە قەیرانی شۆناسخوازییەوە دەتلێتەوە.
کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە نێوان چەند دەوڵەتدا دابەش کراوە. دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتەدا، بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵیان داوە زمانی کوردی و زاراوەکانی لە نێو زمانی نەتەوەی باڵادەست بە شێوازی جۆراوجۆر بتوێتەوە و لەم پێناوەدا لە هەموو کەرەستەکان کەڵکیان وەرگرتووە. ئەوەی لە کوردستان کراوە لە ژێرناوی پاراستنی کیانی سیاسی ونەتەوەیی و دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەیی، سڕینەوەی زمان و فەرهەنگی گەلی کورد، لە بەشێکی بەربڵاوی کوردستان بووە.
دەسەڵاتدارانی ناوەند گەرا، بۆ بەرێوەرایەتیی سیستەمی ئێداری و سیاسیی وڵات، لە مۆدێلی ناوەندگەرای سیاسی-ئێداری کەڵکیان وەرگرتووە. لەم سیستەمەدا، هەموو دەسەڵاتەکان لە بواری ئێداری و سیاسی، لە ناوەندی حکوومەت کە لە ژێر هێژمۆنی نەتەوەی سەردەستدایە، کۆدەبێتەوە. لەم سیستەمەدا بە هۆی داخراوەیی سیاسی و ئێداری، نەتەوە ژێردەستەکان لە هەموو مافێکی زمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەیی بێبەش دەکرێن و لە ڕەوتێکی سیستەماتیکدا، هەوڵ دەدرێت زمان و فەرهەنگی نەتەوەیییان لەبەرانبەری زمان و فەرهەنگی زاڵی ناوەندیدا بێ هێز و ئاسێمیلە بکەن.
ئەم وتارە لە هەوڵدایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەقەتی “نەتەوەسازی”ی[3] دەوڵەتانی داگێرکەری کوردستان، ئەم ڕاستییە بورووژێنێ کە دووپاتکردنەوەی ئەزموونی دەوڵەتانی داگیرکەر لە بەرێوەبەرایەتیی سیاسی و ئێداریی هەر پارچەیەک لە کوردستان، لە ئەگەری ڕزگاربوونی، هەڵەیەکی ڕۆۆخێنەرە و نابێ نەتەوەیەک کە خۆی قوربانیی سیستەمێکی داخراوی ئێداری-سیاسی بووە، هەمان سیستەم بۆ کوردستان ئەزموون بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەم پرسیارە زەق دەکرێتەوە کە ئایا پلۆرالیسمی زمانی لە کوردستان ئاسایشی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، گریمانەمان ئەوەیە کە پلۆرالیسمی زمانی و کەڵک وەرگرتن لە زمانێکی هاوبەش بۆهەموو وڵات لەپاڵ خوێندن بە شێوەزارەکانی تر لە ناوچەکانی خۆیان، نەتەنیا ئاسایشی نەتەوەیی تووشی مەترسی ناکات؛ بەڵکوو ئاستی یەکیەتیی نەتەوەیی بەرزدەکاتەوە.
ئەم وتارە لە بواری مێتۆدۆلۆژیکی لە چوارچێوەی وتاری”تەوسیفی-شیکاری” پێناسە دەکرێ و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە شێوازی کتێبخانەیی کەڵکم وەرگرتووە و بە هۆی ئەوەی نووسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی، ئەزموونی ژیان لەم بەشەی وڵات، بۆشرۆڤە و شیکاری، یارمەتیی زۆری داوم.
2- چەمکە گشتییەکان
1-2- نەتەوە
“ئانتۆنی ئێسمیت” لە کتێبی”شۆناسی نەتەوەیی”دا لەسەر پێناسەکردنی نەتەوە ئەڵی: نەتەوە بە کۆمەڵێکی مرۆیی دەگۆترێ کە لەسەر زەوییەکی مێژوویی لەگەڵ ئوستوورەگەلی هاوبەش، بیرەوەریی مێژووییی هاوبەش، کلتووری هاوبەش، ئابووری و مافگەلی یاسایی و بەرپرسیارێتی بۆتێکڕای ئەندامان، ژیان دەبەنە سەر(Guibernau,2004:126).
“مارتین گلاسنێر” لە پێناسە کردنی نەتەوەدا دەڵی: زانایان و بیرمەندانی جوگرافیای سیاسی، نەتەوە بە گرووپێکی گەورە لە خەڵک دەڵێن کە خاوەنی فەرهەنگێکی هاوبەشن. ئەم هاوبەشییە له زمان، ئایین، ڕێکخراوە سیاسییەکان وبایەخەکان و ئەزموونگەلی مێژووییدا خۆی دەبینێتەوە(Glassner,1993: 38).
“جان ڕێنە شۆرت” لەسەر پێناسەی نەتەوە دەڵی: نەتەوە بە کۆمەڵێک لە خەڵک دەگۆترێ کە خاوەنی شۆناسێکی هاوبەش و بایەخی فەرهەنگیی هاوبەشن کە لەسەر زەوییەکی دیاریکراو گیرساونەتەوە. شوناسێک کە لەگەڵ ئەو شوێنەی لێی هەڵکەوتوون دەخوێنێتەوە(Short,1993:91).
“ژان گاتمەن” گەورە جوگرافیزانی سیاسی، بۆ پێناسە کردنی چەمکی نەتەوە، هۆکارگەلی “مەعنەوی” وەک باوەڕێکی ئایینی، کۆمەڵێک بیروڕای کۆمەڵایەتی و بیرەوەرییە هاوبەشە سیاسییەکان و یان تێکڵاوێک لە مان، بە کاریگەر دەزانێ (مۆجتەهێدزادە، 1381، 63).
میللەت یان نەتەوە، بە کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان دەوترێت کە لە چوارچێوەی سنوور و جوگرافیای سیاسیی یەک وڵات (واتە کیانێکی سیاسی)دا دەژین و ماف وبەرپرسیاریەتیی وەک یەکیان هەیە(حافێزنیا، 1388).
لە باوەڕی جوگرافیزانانی سیاسیدا، کاتێک قەومیەت وئیتنیک بەرگی نەتەوە دەپۆشێ کە بتوانێ خۆی لە چوارچێوەیەکی سیاسی یان”State”دا ڕێک بخات. بۆ وێنە ئەفغانستان، تاجیکستان و ئێران لە زۆر بوارەوە و بەتایبەت زمان، ئایین و کەلتوور، وەک یەکن بەڵام بە هۆی جیاوازیی سنوور و وڵاتەوه، سێ نەتەوەی جیاواز پێکدەهێنن. لە بەرانبەردا نەتەوەی سوئیس هەیە کە لە وڵاتێکی بچووکدا چوارزمانی جیاواز پێکەوە، نەتەوەیەک پێکدەهێنن. بە چاوخشاندنێک بەو پێناسانە کە لە نەتەوە کراون، نەتەوە خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوەیە:
1: وڵات و حکوومەتێکی هاوبەش
2: زمان و فەرهەنگی هاوبەش
3: ئایین و باوەڕی هاوبەش
4: خاک و سەرزەمینی هاوبەش
5: بیرەوەریی سیاسیی هاوبەش
6: مێژوو و چارەنووسی هاوبەش
2-2- پلۆرالیسم
فەرهەنگی وێبستێر لە لێکدانەوەی چەمکی پلۆرالیسمدا لە شوێنێکدا دەڵێ: بە دۆخێک دەگوترێ کە خەڵکانێک لە کۆمەڵگا بە ئێتنیک، فەرهەنگ، ڕەگەز و ئایینی جیاواز، لە چوارچێوەی ژیاری هاوبەشدا، پێکەوە دەژین(Webster,2020).
فەرهەنگی بریتانیکا لە پێناسەی چەمکی پلۆرالیسمدا دەڵێ: لە زانستی سیاسی، پلۆرالیسم لە کۆمەڵگای دێموکڕات لیبرال، لهسەر قەبووڵ کردنی بڵاوەپێکرانی هێز لە نێوان گرووپگەلی ئیدئۆلۆژیک و ئابووریی جیاوازدا دادەنرێ و هیز و دەسەڵات لە دەستی گرووپ یان دەستەیەکی ئێلیتدا کۆ نابێتەوە. لەم کۆمەڵگایەدا، پلۆرالیسم وای بۆ دەچی کە تێکڵاوی، بۆ کۆمەڵگا بەکەڵکە و گرووپگەلی جیاوازی فەرهەنگی، ئایینی، ڕێکخراوگەلی کرێکاری وئیتنیکی، دەبێ لە سەربەخۆییدا بەشداربن(Britannica,2020).
3-2- ئاسایشی نەتەوەیی
ئاسایش[4] لە وشەدا بە دۆخێک دەوترێ کە هیچ جۆرە هەڕەشە یان هێرشێک لەئارادا نەبێ و یان ئامادەبوون بۆ هەرچەشنە ڕووبهڕوو بوونەوەیەک لە بەرانبەر هەڕەشە یان هێرش(ئاشووری، 1379: 38). ئاسایشی نەتەوەیی بە دۆخێک دەوترێ کە نەتەوەیەک لە هەرچەشنە هەڕەشەیەک بە نیسبەت لەدەستدانی هەموو یان بەشێک لە حەشیمەت، مڵک و ماڵی بەدوور بێت(هەمان سەرچاوە، 39).
4-2- گرینگایەتیی زمانی هاوبەش
هیچکەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە بوونی زمان، دیارترین تایبەتمەندیی فەرهەنگیی مرۆڤە کە لە هەموو فەرهەنگەکاندا بەدی دەکرێ(گیدنز، 1384: 64).
زمان وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی نەتەوە، هێما و نیشانەی ناسینەوەی نەتەوەیە، بایەخ دان بەو هێما و نیشانەیە، پیشاندەری ڕادەی ئاستبەرزی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی ئەو نەتەوەیەیە، چونکە زمان خەسڵەت و تایبەتمەندیی نەتەوە هەڵدەگرێت (شوانی، 2009، 25).
زمانی هاوبەش، لەمێژە وەک یەکێک لە بنەماکانی شۆناس و لە هۆکارەکانی خۆئاگاهی و ناسیوونالیسمی ئێتنیکی دێتە ئەژمار (Stansfield,2003:37).
تایبەتمەندیی بنەرەتیی زمانی هاوبەش ئەوەیە کە زمانێکە کە لە ناو زمانەکانی تر، ڕوڵێکی ناوەنجیی هەیە کە هەمووان دەتوانن قسەی پێ بکەن(حسینی، 1383، 61).
هۆکارگەڵێکی جۆراوجۆر وەک چارەنووسی وەک یەک و گرێدراوبوونی ئەم چارەنووسە لە بوارگەلی ئابووری، سیاسی و ئایینی و هەروەها ژیانێکی ئاشتییانە لەسەر خاکێکی هاوبەش، پەیوەندی وهاوسۆزی ونزیکایەتی لەناو بێژەرانی زاراوە و شێوەزمانەکانی یەک نەتەوە پێکدەهێنێ. لەبەر ئەوەی کە زمان لە بارودۆخێکدا کەرەسەی پەیوەندی و لێک تێگەیشتنی مرۆڤەکانە، زمانێکی هاوبەش پێکدێت (هەمان سەرچاوە، 61).
زمانێک دەتوانێ ڕۆڵی زمانێکی ستاندارد یان هاوبەش لە وڵاتێکی چەند زمانیدا بگێڕێت، کە لە ڕەوتی مێژووییی خۆیدا، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئاستی دەوڵەت، بنکەکانی دادوەری، مێدیا وهەروەها لە چوارچێوەی پێکهاتەی فێرکردن و بارهێناندا، لە ئاستی سەراسەری و پانتایەکی بەربڵاو کەڵکی لێ وەرگیرابێ(کریستال، 1385، 18).
کۆمەڵێک هۆکارلە بووژانەوە و پەرەپێدانی زمان لە ئاستی نەتەوەیی، ناوچەیی و نێونەتەوییدا ڕۆڵ وکاریگەرییان هەیە کە بە شێوەی خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:
1: سیاسەت 2: ئابووری 3: بڵاڤۆکەکان 4: پڕۆپاگەندە(تەبلیغات) 5: ڕادیۆ و تەلەفزیوون 6: سینەما 7: مۆسیقای پاپ 8: گەشتیاریی نێونەتەوەیی 9: پەروەردە وفێرکردن 10: مێدیا و پەیوەندییەکان( هەمان سەرچاوه، 23-36).
بە زمانێک دەتوانین بڵێین ستاندارد یان هاوبەش کە ئەم قۆناغانەی تێپەڕاندبێت:
1: هەڵبژاردنی شێوەیەک، واتە هەڵبژاردنی یەکێک لە دیالێکتەکانی زمانەکە وەک بنەڕەت و وەک نۆرم.
2: کۆداندن(واتە بە کۆدکردنی) ئەوشێوەیە تا ئەو ڕادەیەی کە جیاوازییەکان لە پلەی هەرە کەمتریندا بن.
3: فراوانکردنی بوارەکانی بەکارهێنانی زمانەکە، واتە لە بوارەکانی زانستی وئەدەبی و ڕۆژنامەگەری و تەکنیکیدا بخرێتە گەڕ.
4: قەبووڵکردن لە لایەن کۆمەڵەوە، واتە کۆمەڵێکی بەکارهێن قەبووڵی بکەن و بەکاری ببەن(شاکەلی، 2011، 103).
3- دەسکەوتی لێکۆڵینەوە
1-3- کوردستان و زمانی هاوبەش
لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە تێکڵاوێکی کەلتووری و فەرهەنگییان هەیە و لە بواری زمانی، جۆراجۆری لە ئاستی نەتەوەییدا بەدی دەکرێ، بۆ پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەیی و سەرزەوینی، یەکێک لە شێوەزمانەکان وەک زمانی هاوبەش هەڵدەبژێردرێت. ئەگەر زمانێکی هاوبەش لە وڵاتێکی چەند زمانی و یان چەند زاراوەیی (وەک کوردستان)نەبێ لە درێژخایەندا، ئاستی هەستی نەتەوایەتی بە شێوەیەکی زەق دادەبەزێ و هەستی عەشیرەیی و ناوچەگەرایی جێی دەگرێتەوە.
لە سێبەری سیستەمی عەشیرەگەریدا ئەگەری پێک هێنانی وڵات(یەکەیەکی سیاسی) بەدەگمەن دەرەخسێت. لەبەر ئەوەی کە هۆز و عەشیرە بەستراوەتەوە بە پێداویستییە چکۆلەکانییەوە و ئەم پرسە بەردەوام جۆرێک لە هەڵچوون و پێکدادان لە نێوان هۆزەکاندا پێکدەهێنێ.
ئێبنوخەلدوون، ئەم دۆخە ئاوەها شرۆڤە دەکات. “ناوچەگەلێک کە لەگەڵ چەند هۆزی و فرەکومەڵگاییدا ڕووبەڕوو دەبنەوە، ئەگەری پێکهێنانی دوڵەتێکی بەهێزیان نابێ”(بیشکچی، 2002 ، 264-265).
زمانی هاوبەش لە وڵاتانی چەند زمانی، بە مەرجێک نەبێتە هۆی پەڕاوێزخستنی زمانە ناوچەیییەکان، یەکخستن و تێگەیشتنی نەتەوەیی لە ئاستی سەرانسەری وڵاتدا بە گونجاوترین شێوە چارەسەردەکات.
تووی زمانی هاوبەش لە وڵاتێک دەڕوێت کە کۆمەڵێک زاراوە و زمانی هاوڕیشە، لە پرۆسەیەکی مێژووییدا پێکەوە ژیابن و چارەنووسی هاوبەش و ڕەنگدانەوەی ئەوان لە بوارگەڵی ئابووری، سیاسی، ئایینی و فەرەنگی، پێویستیی زمانێکی هاوبەش زەق دەکاتەوە. بۆ وێنە گەلی کورد بە درێژاییی هەزاران ساڵە خەڵکەکەی بە زمان و زاراوەی جیاواز و ئایین وئایینزای جیاوازەوە پێکەوە ژیاون و چارەنووسی ژیانیان لە هەموو بوارێکەوە وا بەیەکەوە گرێ دراوە کە هەر چەشنە هەوڵدانێک لەپێناو درزتێخستن و جیاکردنەوەیان، ” ئاسنی سارد کوتانە”. هەبوونی زمانێکی هاوبەش لەنێو نەتەوەیەکی هاوڕیشه، زنجیرەی پەیوەندییەکان پتەوتردەکات و یەکیەتی و ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی بەرزدەکاتەوە. هەڵبژاردنی شێوە زمانێک لە شێوەزمانەکانی نەتەوەیەک کە ڕۆڵی زمانی هاوبەش بگێڕێت، بەمانای ئەوە نییە کە ئەوشێوەزمانە سەروەری و فەخری بەسەر شێوەزمانەکانی ترەوە هەیە. بەڵکوو زمانی هاوبەش، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆڵی پەیوەندی لەناو پێکهاتەی دانیشتووانی یەک وڵات دەگێڕێ، تێکڵاوێکە لە خەزێنەی وشەگەلی هەموو زاراوە و شێوەزمانەکان و گوزارشت لە دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی نەتەوە دەکات نەک ناوچەیەکی تایبەت ودیاریکراو.
بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، ڕۆڵی زمان، لە هەر فاکتەرێکی تری نەتەوەیی گرینگترە، چونکە دەوڵەتانی خاون دەسەڵات لە کوردستان، لە ڕەوتی سازدانی نەتەوەی میللیی خۆیان(nation-state)، زۆرترین هەوڵیان داوه زمانە ناوچەییەکان لە بەرانبەر زمانی نەتەوەی باڵادەست بتوێننەوە ودەرەتانی گەشەی فەرهەنگی لەلایەن نەتەوە ژێردەستەکانەوە، زەوت بکرێ و لەم پێناوەدا، ڕێگەی جۆراوجۆریان گرتووەتە بەر.
پاش ڕووخانی ئێمپراتۆرییەتی مێدیا لە ساڵی 550ی پێش زایین، بۆ کورد هەل نەڕەخسا هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی ڕامیاری پێکەوە بنێ هەتا زمانەکەی لە پەرت وبڵاوی و دابەش بوون بپارێزێ. بەڵکوو لەو ڕۆژگارەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی بیانی کە هەرگیز گوێیان بە چارەنووسی ئەم زمانە نەداوە. ئەم بارودۆخە، ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە لەسەر زمانی یەکگرتووی کوردی، چونکە هۆزە کوردییەکان لەپاش لەدەست چوونی دەسەڵاتی باوکایەتی کە هەموویانی دەپاراست، لە سایەی باری نوێدا، گۆشەگیربوون و لە یەک جیا بوونەوە و ڕێگا خۆش بوو بۆ ئەوەی هەر سەرۆک هۆزێک بەرپرسیاریەتیی پاراستنی هۆزەکەی لە ئەستۆ بگرێت و کارتێکردنی دەسەڵاتی بیانی بپارێزێ. ئەمەش هۆکارێک بوو کە هۆزێک زمان و نەریت و سەربەخۆیی، لە سنووری ناوچەی خۆیدا دەپاراست(فوئاد خۆرشید، 2008، 77).
لە ڕوانیینێکی گشتی و بە چاوخشاندنێکی مێژوویی، ئەو هۆکارانەی کە لە پێکهاتن و دروست بوونی زمانێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە ناوگەلی کورددا لەمپەڕبوون ئەمانەی خوارەوەن:
1-1-3- هۆکاری سیاسی
دابەش بوونی کوردستان لەناو چەند دەوڵەت-نەتەوەدا، یەکێک لە گرینگترینی ئەوهۆکارانەیە کە بە درێژاییی چەند دەیەی ڕابردوو، بەربەستێکی پۆڵایین بووە لە بەرانبەر بووژانەوە و ئینکشافی فەرهەنگی وزمانی لەناو گەلی کورددا. دەوڵەتانی خاوەن دەسەڵات لە کوردستان، بنەمای نەتەوەییی خۆیان لە چوارچێوی بیرۆکەی “nation-state” یان “حکوومەتی نەتەوەپێگە” داڕشتووه، بە داخەوە بە هۆی خراپ تێگەیشتنیان لە دامەزراندنی حکوومەتی نەتەوەیی، ڕەوتی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیییان بە قوربانی کردن وتواندنەوەی زمانە ناوچەیییەکان لە پێناو گەشە و پەرەپێدانی زمانی نەتەوەی سەردەست دانا. بە داخەوە ئەم سیاسەتە لە هەمبەرگەلی کورد به شێوەیەکی سیستەماتیک و بە ڕەنگوبۆیەکی جیاواز، لە چوارپارچەی کوردستان پەیڕەو کراوە. ئەم سیاسەتە کە لە لایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدارلە کوردستانەوە پەیڕەو کراوە، نەتەنیا دەرەتانی خوێندن بە زمانی کوردیی بە گەلی کورد نەداوە، بەڵکوو بووەتە هۆکارێکی بنەڕەتی لە سڕینەوەی شوناسی زمانی لە بەشێکی گەورە لە پانتاییی جوگرافیای کوردستاندا.
2-1-3- هۆکاری جوگرافیایی
فراوانیی پانتاییی جوگرافیای کوردستان(نزیک بە 500هەزارکیلوومیتری دووجا پێوەر)، سروشتی شاخاوی، ڕووباری پڕئاو و سەرماوسۆڵەی درێژخایەن، تا بەر لە سەدەی نوێ، لەو هۆکارە سەرەکییانە بوون کە پەیوەندی و هەڵسوکەوتی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی گەلی کوردییان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان تووشی کێشە کردبوو و بە ڕادەیەک ئەم هۆکارگەلە کاریگەرییان هەبوو کە کوردان لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە بارودۆخ وچارەنووسی یەکترئاگادار نەدەبوون و ئاسایییە کە ئەم هۆکارە زۆرترلە هەرشتێک لە سەر زمان و کلتوور، شوێندانەر دەبێ.
3-1-3- ناوچەگەرایی و بەرژەوەندیی خێڵەکی
یەکێکی تر لەو خاڵانەی کە لەسەر لاواز بوونی هەستی نەتەوەیی و داڕشتنی پلانێک بۆسازدانی زمانێکی هاوبەش لەناو گەلی کورددا شوێنەواری داناوە، زاڵ بوونی هەستی ناوچەیی و زاراوەیی بەسەرهەستی نەتەوەییدا بووە کە بەداخەوە ئەم شێوە تێفکرینە لە ئاکامدا، هەستی نەتەوەییی لە ئاستی سەراسەریی وڵات، لە بەرانبەر بەرژەوەندیی هۆزەکی و ناوچەیی لاوازدەکات و پرۆسەی تەعمیقی ناسیونالیسم بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا، تووشی کزبوون و دابەزین دەکات.
4-1-3- بەرژەوەندیی حیزبی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوو لە ئاست زمانی هاوبەشدا
ئەگەرئاوڕێک لە بارودوخی خوێندن بە زمانی کوردی لە خوێندنگە و قوتابخانەکانی کوردستان له سەدەی ڕابردوو بدەینەوه، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە بە شێوەیەکی ڕەسمی، تەنیا لە باشووری کوردستان لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، دەرەتانی خوێندن بە منداڵانی کورد لە خۆێندنگاکان دراوە و لە بەشەکانی تری کوردستان، بێجگە لە ماوەی تەمەنی کورتی کوماری کوردستان لە مهاباد، هەلێک بۆ خۆێندن بە زمانی زگماکی لە بەشەکانی تری کوردستان نەڕەخساوە.
چوار ساڵی ئاشتیی 1970-1974 دەرفەتێکی زێرین بوو بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی زمانی ستانداردی کوردی، بە تایبەت کە لە ئەنجامی دووربینی وهۆشیاریی سەرکردایەتیی سیاسیی ئەوکاتەی کوردستاندا، بوو بە زمانی خوێندن و پەروەردە لە سەرانسەری کوردستانی عێراقدا(شاکەلی، 2011، 105).
پاش هەرەسهێنانی شوڕش لە کوردستان و لەت بوونی پارتی دێموکراتی کوردستان، گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان کەوتە ئەزموونی ململانێی چەندحیزبی، کە بەداخەوه لە زۆربەی ئەم ماوەیەدا، لە جیاتی گوتارێکی نەتەوەیی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و بە تایبەت چارەسەری کێشەی زمانی هاوبەش، بەرژەوەندیی حیزبی و یارگیریی سیاسی لە ڕێگەی بووژانەوەی هەستی ناوچەگەری وبایەخ دانی ڕواڵەتی بە چەند زاراوەیی لە مێدیای کوردیی لێ کەوتەوه کە نەتەنیا خزمەتی بە دۆزی نەتەوەیی نەکردووە بەڵکوو لە بەشەکانی تری کوردستان بۆ وێنە لە ناوچەیەکی وەک “هەورامان”، ئەم هەست و پرسیارە لە نێو خەڵک و بە تایبەت ڕۆشنبیرانی ئەم بەشه لە نیشتمان زەق بوووەتەوە کە ئەگەر بڕیاره لە دهۆک و بادینان “کرمانجی” و لە هەولێر وسلێمانی و کەرکووک “سۆرانی” بخوێندرێت، بۆ ئه و مافە ئێنسانییە، واتە خۆێندن بە زمانی زگماکی، لە منداڵانی هەورامی و کەلهوڕ و فەیلی زەوت بکرێت؟ کە لە ڕاستیدا دڵەخۆرپەیەکی ڕەوا و پرسیارێکی زۆر بەجێیە. ئەحزابی کوردی لە هەموو بەشەکان وحکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک تاکە کیانی سیاسیی کوردی، دەبێ بە ڕاشکاوی بڕیاری پەسەندکردنی زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو دانیشتووانی کوردستان لە ڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوەوە بدەن و حکوومەتی هەرێم بەبێ هیچ جیاوازییەک، لە هەر ناوچەیەکیشدا کە زۆربەی دانیشتووان بە یەکێک لە شێوەزارەکانی کوردی، جگە زمانی هاوبەش قسە دەکەن، دەبێ دەرەتانی خۆێندن بە زمانی زگماکی لە پاڵ زمانی هاوبەش، بۆ منداڵانی ئەو بەشە لە کوردستان برەخسێنێ.
ئەگەر لێرە هەرێمی کوردستان وەک نموونە دێنینەوە لهبەر ئەوەیه کە ئێستا تەنیا شوێنێک لە کوردستان کە تا ڕادەیەک دەرتانی خۆێندن و پەروەردەی بە زمانی کوردی هەیە، هەرێمی باشووری کوردستانە. ئەم بەشە لە کوردستان، هەموو پێکهاتە فەرهەنگی و شێوەزارەکانی کوردی لێی کۆبووەتەوە و دەکرێ بە عەقڵییەتێکی نیشتمانی و ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی ناوچەکانی وەک هەورامان و ناوچە کەلهوڕ زمانەکان، بڕیاری زمانی هاوبەشی کوردی لەو بەشە لە وڵات بدرێ. بە هۆی ئەزموونی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، پێوەری جوگرافیایی و حەشیمەتەوە؛ شیوەزاری “سۆرانی”، شانسی زۆرتری بۆ ناساندنی وەک زمانی هاوبەش هەیە؛ بەڵام هەبوونی “سۆرانی” وەک زمانی هاوبەش، بە هیچ شێوازێک نابێ ببێتە هۆی پەڕاوێزخستنی شێوهزارەکانی تر و دەبێ بە شێوەیەکی فەرمی، دەرتانی خوێندن و پەروەردە بەو شێوەزارانە لە ناوچەکانی خۆیان بڕەخسێت.
ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر وەک باشووری کوردستان، هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردیی پێوە دیارە و نابێ ئەزموونی هەڵەی باشووری کوردستان بۆ دواخستنی بڕیاری زمانی هاوبەش، لێی دوپات بکرێتەوە؛ دەبێ بە زووترین کات لە نێو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان وباڵاترین شوێنگەی بڕیار، یانی کۆنگرەی حیزبەکان، لێژنەی داهاتووی زمانی هاوبەشی کوردی پێکبێت و “سۆرانی” وەک زمانی هاوبەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕەسمی بناسرێ و بە بڕیارێکی رەسمییش خۆێندن و بە فەرمی ناسینی شێوەزارەکانی تر لە ناوچە کرمانج نشینەکانی پارێزگای ورمێ و ناوچە کەلهوڕ و لەک زمانەکانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام وهەروەها ناوچەی هەورامی زمانی پارێزگاکانی سنە وکرماشان بدرێ.
نابێ بە هیچ شێوازێک فرە چەشنیی زمانی و زاراوەیی لە کوردستان بە مەترسی بزانرێ. فرەچەشنیی زمانی و زاراوەیی، بە دڵنیاییەوە زمانی هاوبەشی کوردی لە بواری وشە و چەمکەوە زۆر دوڵەمەند دەکات و خەزێنەی زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە لە فەوتان دەپارێزێ و بنەماڵەی زمانی کوردی ڕەنگینتر دەکات.
ئەگەر بە چاوێکی واقیعگەرایانە دۆخی جوگرافیای زمانی و فەرهەنگیی کوردستان ببینین، چوارپارچەی کوردستان لەم سۆنگەیەوە بە دوو بەش دابەش دەکرێ:
باشوور و ڕۆژهەڵات بە هۆی پەیوەندیی میژوویی و فەرهەنگی وکۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی، دەکرێ وەک دوو شوێنی تەواوکەر چاو لێ بکرێن؛ لەبەر ئەم فاکتانە دەکرێ شێوە زاری “سۆرانی” بۆ ئەم دوو بەشەی کوردستان وەک زمانی هاوبەش ڕەچاو بکرێت و بۆ دوو بەشی ڕۆژئاوا وباکووریش “کرمانجی”.
بە ئاوڕدانەوەیەک لەو باسانەی کە کران، هەبوون و ڕاگەیاندنی زمانێکی هاوبەش بۆ کوردستان پێویستییەکی هەنووکەیییه.
پێویستیی زمانێکی هاوبەش بۆ کوردستان لەو خاڵانەی خوارەوە زۆرتر زەق ئەبێتەوە:
- ورووژاندنی هەستی بەهێزی نەتەوەیی و گرێدانی هەموو بەشەکانی وڵات لە ڕێگای زمانێکی هاوبەشەوه؛.
- کاروباری ئێداری و بەڕێوەبەرایەتیی وڵات لە بواری سیاسی، ئابوری وفەرهەنگییەوە.
- ئیستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی دیفاکتۆیە و لە ئەگەری سەربەخۆییی کوردستان و قەبووڵکردنی لە لایەن کۆمەڵگای نێودوڵەتییەوە، ئەم حکوومەتە دەبێتە دۆژوور، لەو کاتەدا هەبوونی زمانێکی هاوبەش بۆ تێپەراندنی کاروباری دیپلۆماسی زۆرپێویستە.
- زانکۆ و کاروباری پەیوەست بە خۆێندنی باڵا.
- فێرکردن و بارهێنان لە ئاستی سەرانسەری وڵاتدا.
- هێزی بەرگریی نەتەوەیی و ئاسایش و پاراستنی سنوور.
- کاروباری فەرهەنگی لە ئاستی سەرانسەریدا بە تایبەت لە بواری تێئاتر و سینەما.
- وەرگێڕانی بابەتگەلی زانستی بۆ سەر زمانی کوردی وهەروەها زمانی ئینتێرنێت.
- بووژانەوەی بازاڕی کتێب بە هۆی زمانێکی هاوبەشەوە.
2-3- کوردستان وپلۆرالیسمی زمانی
جوگرافیای کوردستان جوگرافیایەکی ڕەنگین و هەمە چەشنە. تێکەڵاویی تۆپۆگرافیکی(بەرزی ونزمی) وکەشوهەوا وهەروەها دۆخی مۆرفۆلۆژیکی(دیمەنناسی) ئەم وڵاتە، کۆمەڵگایەکی ئێنسانیی فرەچەشنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتووەتەوە.
فرەچەشنیی سروشتی ومرۆیی، بۆ وڵاتێک وەک کوردستان نەتەنیا وەک مەترسی و هەڕەشە نیە؛ بەڵکوو وەک دەرفەتێکە کە ئەگەر بە شێوازێکی زانستی بناسرێ، دەبێتە هۆی یەکڕیزی و بەرزکردنەوەی ئاستی نەتەوەییی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
بنەماڵەی زمانی کوردی لە چەند شێوەزار پێکدێت بەڵام بە هۆی هۆکارگەلی جوگرافیایی و سیاسی لە ڕابردوو، بە جۆرێک ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارانە لە یەک دوور کەوتبوونەوە کە بۆن و بەرامەی چەند زمانی لە نێو بنەماڵەی نەتەوەی کوردی بۆ لێکدرابووەوە. ڕا و بۆچوونی بڕێک لە ڕۆژهەڵاتناسان لەسەر زمانی کوردی و زاراوەکانی، بە داخەوە بووەتە هۆی ئەوەی ئێستا کەسانێک لە نێو ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارانە، بانگەشەی کیانێکی سەربەخۆ بۆ زارەکەیان بکەن. بە باوەڕی نووسەری ئەم وتارە، کەمتەرخەمیی ئەحزابی سیاسی وهەروەها دامودەزگای حکوومەتی لە هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر گرینگیدان بە شێوەزارەکانی هەورامی و کەلهوڕی، دەرتانی خۆش کردووە تا ئەو کەسانە ئاهەنگی دوور کەوتنەوە(واگەرایی) لە کولییەتی زمانی کوردی لێبدەن.
مێژووی ئەدەبی کوردی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە بنەماڵەی ئەدەبی-زمانیی کوردی لە ڕێڕەوی مێژووییی خۆیدا لە لایەن هەموو شێوەزارەکانەوە خزمەتی پێ کراوە. بنەماڵەی زمانی کوردی وەک سیستەمێکی زیندوو بووە کە هەر جارێک لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی سەرەکیی ئەم سیستەمەوە وزەی پێویستی وەرگرتووە و کوللییەتی سیستەم لە میرایی(ئانترۆپی) ڕزگار کراوە. تا بەر لە سەرهەڵدانی ناسیونالیسم بە شێوازی مۆدێڕن، کۆمەڵێکی زۆر شاعیر و هەڵبەستڤان لە هەموو زارەکانی زمانی کوردی خزمەتی ڕاستەقینەیان بە کورد و کوردستان کردووە. لێرەدا وەک نموونەیەک لە پلۆرالیسمی زمانی و ئەدەبی ئاماژەیان پێ دەکەین کە بێگۆمان ئەم جۆرە لە خزمەت، هەڵگری پەیامێکی بەهێز بووە لە تۆلێرانس و پێکەوەبوون لە کوردستان.
1-2-3-کوردستان و ئەدەبی کرمانجی
دوابەدوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514 زایینی و سەرکەوتنی ئێمپراتۆریەتی عوسمانی لەو شەڕەدا، خەلافەتی عوسمانی دەستی دایە بەهێزکردنی ئیمارەتە کوردییەکانی نێوان سنوورەکانی خۆی و حکوومەتی سەفەوی.
مەبەستی پاشایەتیی عوسمانی پێکهینانی دیوارێک بوو لە گۆشت وخوێن لە نێوان خۆی ودوژمنەکەیدا، بۆ پاراستنی سنوورەکانی(شاکەلی، 1384، 216).
بە هۆی ئەم سیاسەتەوە، بەشێک لە ئیمارەتە کوردییەکان دەرەتانی ئەوەیان پێ درا کە وەک ناوەندێکی فەرهەنگی کوردی خۆ بنوێنن و لە ئیمارەتی بۆتان یەکەم قۆتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی لە زاری کرمانجیی باکووردا دابمەزرێ(هەمان سەرچاوە، 216).
مەلای جزیری(1640-1570)، وەک یەکەمین شاعیری نیشتمانی، وێڕای شیعر دانان لە بوارگەلی ئایینی و سۆفیگەرییەوە، بە فەراوانی و شانازییەوە، خۆشەویستیی نیشتمان و کوردستان لە بەرهەمەکانیدا دەردەکەوێ. وەک لەم دێڕە شیعرەدا کە بە جوانترین شێوە خۆشەویستی بۆ زێد و وڵاتەکەی دەردەبڕێ:
گوڵی باغی ئیرەمێن بۆتانم شەب چراغی شەبی کوردستانم
دوابەدوای مەلای جزیری، ئەحمەدی باتایی، دانەری یەکەم مەولوودنامەی کوردی و فەقێ تەیران، ڕووناکیبەخشی ئەدەبی کوردی لە بەشی کرمانجی بوون. سەرهەڵدانی شێخ ئەحمەدی خانی لە ناوەڕاستی سەدەی شانزدەهەمی زایینی، بەڕاستی شۆڕشێکی ئەدەبیی گەورە لە قۆتابخانەی کرمانجی بوو.
زانای پایەبەرز شێخ ئەحمەدی خانی لە ساڵی 1650ی زایینی لە شاری بایەزیدی کوردستانی باکوور، لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ لە دایک بووە و لە ساڵی 1707ی زایینی لە تەمەنی 58 ساڵیدا کوچی دواییی کردووە. خانی بێگۆمان یەکێک لە بەناوبانگترین شاعیرانی گەلی کورد لە سەدەی حەڤدەهەمی زایینی بووە کە بە زاری کرمانجی، خۆشەویستی بۆ گەلی کوردی نواندووە. ناسراوترین بەرهەمی خانی شاکاری “مەم و زین” بووە. هەرچەندە چیرۆکی مەم و زین، چیرۆکێکی دڵدارییە، بەڵام شێخ ئەحمەدی خانی، خۆشەویستیی گەلی کورد و کوردستانی بە جوانترین شێواز لەم دێڕە شیعرانەدا نیشان داوە:
بێگانە نەڵێن کە کورد نەزانن بێ نووسەر وهۆنەر و زمانن
پێمان نەڵێ وێژەوانی بیر ورد دڵداری نەبوو لە نێو گەلی کورد
هەروەها ئازار و ژێردەستەییی نەتەوەی کورد، ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لە شیعرەکانی خانیدا بووە و ئەم زانا پایەبەرزە، نەهامەتیی گەلەکەی بە جوانترین شێوە و لە ڕوانگەیەکی خەسارناسییەوه لە چوارچێوەی شیعرەکانیدا هێناوەتە گۆڕێ:
چۆن بۆعەجەمان دەبووینە ژێردەست ژێردەستی شتی وەها نەوی و پەست
هەر ڕۆژی بەرێ خودای توانا ڕۆم وعەجەمی لەسەر مە دانا
بێ شەرمییە ژێردەسیی ئەمانە ئەم شەرمە لە پیاوە گەورەکانە
سا خوایە له تۆ سەیر دەمێنم لەو گێژە چلۆن سەرم دەرێنم
کورد چۆن دەبێ دیل و چارەڕەش بن کەی ڕاستە لە خۆشی دوورە بەش بن
بۆ بەخشش و دڵ بەناو و دەنگن شێرن لە هەرا، پڵنگی جەنگن( وەرگێڕاوی هەژار)
2-2-3- کوردستان و ئەدەبی هەورامی
ئەدەبی هەورامی بۆ ماویەکی دوورودرێژ، لە زۆربەی بەشەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، وەک ئەدەبی سەردەست چاوی لێ کراوە و زۆرێک لە زانایانی کوردستان، لە ڕێگەی شێوەزمانی هەورامییەوە، خزمەتی گەلی کوردیان کردووە. ڕەنگە ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی ئەوەی کە شێوەزمانی هەورامی بەتایبەت لە بواری شیعر و وێژەوانییەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن وەک زاری ئەدەبی خۆی بنوێنێ ئەمانەی خوارەوە بن:
- شێوەزمانی هەورامی پێشینەیەکی مێژووییی دێرینی هەیە و لە ڕووی دینییەوە جۆرە پیرۆزییەکی بووە.
- زۆربەی سروود و پەخشانە دینییەکانی ئایینی یارسان، بە هەورامی هۆنراوەتەوە، ڕێبەر و عاریف و شاعیرە یارسانەکان لە هەر شوێنێکدا ژیابن، لە چوارچێوەی سروودە ئایینییەکانیاندا، فێری زمانی هەورامی دەبوون.
- پاش گەیشتنی ڕێوڕەچەی نەقشبەندی بە هەورامان، ژمارەیەکی زۆر لە شاعیر و عاریفە گەورەکانی کورد، خەلیفە و موریدی شێخەکانی نەقشبەندیی هەورامان بوون و لەبەر ئەوەی ئەو شێخانەش بە هەورامی دواون، ئەوانیش بە زمانی پیرەکانیان شیعریان هۆنیوەتەوە و سۆزی خۆیان و پەیوەندیی ڕۆحییان لە دووتوێی شیعرکانیاندا خستووەتەڕوو. وەک مەولەوی، ئەحمەد پریسی، مەحوی، بێخود وشێخ محەممەدی خاڵ و ئەوانی تر . . . .
- شیعری هەورامی بۆهۆنینەوەی شیعری کوردی بەتایبەت ئەو شیعرانەی کە لەسەر کێشی خۆماڵین شیرین و پاراوە(ئەیوب رۆستەم، 2011، 429-430).
بە هۆی ئەوەی کە زمانی ئەدەبیی ئەمارەتی ئەردەڵان هەورامی بووە، گەلێک شاعیری گەورە بەو زاراوەیە شیعریان هۆنیوەتەوه و خزمەتی ئەدەبی کوردییان کردووە(شاکەلی، 1384، 217).
لە بەرچاوترین شاعیرانی قۆتابخانەی ئەدەبی هەورامی دەتوانرێت بە بێسارانی، مەولەوی، خانای قۆبادی، سەیدی هەورامی و ئەحمەدبەگی کۆماسی ئاماژە بکەرێت. لێرەدا وەک پێشەنگی ئەدەبی هەورامی، ئاماژەیەکی کورت بە ژیانی بێسارانی دەکەین:
مەلا مستەفا کوڕی مەلاقوتبەدین و کوڕی مەلاشەمسەدینە. لە ساڵی 1641ی زایینی لە گوندی بێسارانی هەورامانی ژاوەرۆ لە دایک بووە. لە “نۆدشە” و “پایگەڵان” و “سنە” خۆێندوویەتی و لە ساڵی 1702ی زایینی لە تەمەنی 61 ساڵیداکوچی دواییی کردووە.
بێسارانی شاعیری جوانی وخۆشەویستییە. لە تەمەنی لاویەتیدا، ئەوینداری کیژێکی پایگەڵانی بە نێوی (ئامینە) دەبی، ئەوینی ئامینە و سروشتی دڵرفێنی هەورامان، هاندەرێک بوون کە هەستی پڕلە سۆزی بێسارانی، لە چوارچێوەی شیعردا چەکەره بکات و ئەم شاعیرە گەورەیە وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا بدرەوشێتەوە.
چڵێ نه پەنا چڵێ نە پەنا چڵێ چون ڕەقیب مدران نە پەنا
هۆرئامان مدران نە ڕووی تەمەنا مەربادی قودرەت بدەرۆش فەنا
وەباد قودرەت لەتار لەتار بۆ نمازۆ باڵای قیبلەم دیار بۆ
بسۆچۆ بە ئایر بازەدەی سەحەر ڕیشەش جە زەمین بەربارۆ وەبەر
تا باڵای قیبلەم چون شەمعی خانان بوینوو وە چەم جە بەرزە بانان (دیوانی بێسارانی، 224- 225).
3-2-3- کوردستان و ئەدەبی سۆرانی
دوابەدوای دامەزرانی شاری سلێمانی لە ساڵی 1784ی زایینی لە لایەن ئێبراهیم پاشای بابانەوە، لە ماوەیەکی کەمدا ئاستێکی بەرزی شارستانیی بە خۆیەوە بینی. هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری قۆتابخانە، مزگەوت، مامۆستا، مەلا و زانیار لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەو شارەی کرد بە یەکێ لە گرنگترین ناوەندە فەرهەنگییەکان(شاکەلی، 1384، 217).
گەشە و پەرسەندنی ئەدەبی سۆرانی لەو کاتەدا، هەر وەک دوو زاراوەکەی تری زمانی کوردی، بە حەول و تێکوشانی زانایانی ئایینیی ئەو دەڤەرە بووە.
نالی(1870یا1855-1797)، سالم(1866-1800) و کوردی(1861-1800)، گەورە شاعیران و ڕێبەرانی ئەم قوتابخانەیەن(سەرچاوەی پێشوو، 217) کە لێرەدا وەک دەسپێشخەر و بناغەدانەری ئەم ڕەوتە لە ئەدەبی کوردی، ئاماژەیەکی کورت بە ژیانی شاعیری پایەبەرزی نەتەوەکەمان، نالی دەکەین:
نالی، ناوی مەلا خدرە و کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئالی بەگی میکاییلییە. لە ساڵی 1797ی زایینی لە گوندی خاکوخۆڵ لە دەشتی شارەزوور لە دایک بووە و لە ساڵی 1855 یان 1870ی زایینی، کۆچی دواییی کردووە.
مامۆستا نالی، سەرەڕای شارەزاییی تەواو لە زمانەکانی عەڕەبی، فارسی و تورکی، بەڵام بە هەستێکی نیشتمانییەوە زۆربەی هۆنراوەکانی بە کوردی دادەنێ و بە شانازییەوە دەڵێ:
تەبعی شەککەرباری من کوردی ئەگەر ئینشا دەکا
ئێمتێحانی خۆیە مەقسوودی لە “عمدا” وادەکا
کەس بە ئە لفازم نەڵێ خۆ کوردیە، خۆکردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا(دیوانی نالی، 60).
کوردی نووسینی نالی، شۆرشێک بووە لە کاتی خۆیدا و جورئەتێکی گەورەی ویستووه، تەنانەت ئەم زمانی نووسینەی ئێمە بە کاری دەهێنین سەرچاوەکەی لەم بەرەنگاربوونەوەی “نالی”یەوە دەست پێ دەکات(قەیس، کاکل تۆفێق، 2007، 125).
نالی نیشتمانپەروەرێکی ڕووناکبیربوو و زۆر بەهیوا بوو کە حاکمی بابان بتوانێ سەربەخۆییی کوردستان بەرانبەر بە داگیرکەریی تورکانی عوسمانی و ئێرانییەکان ڕاگرێ. هەرچەند لە دواییدا، بابان تێکشکا و چووە ژێر ڕکێفی تورکانەوە و نالی بە ناچار تەرکی وڵاتی کرد و پاشماوەی ژیانی نالی لە دیمەشق، ئەستەمبووڵ و مەککە چووە سەر(شاکەلی، 1384، 218).
هەروەها لە قوتابخانەی ئەدەبی سۆرانی، زانایانێکی تری ئایینی وەک حاجی قادری کۆیی، شێخ ڕەزا تاڵەبانی، وەفایی، مەحوی، قانع، هەژار و هێمن و زۆرێکی تر لە زانایان، خزمەتی زمان و کەلتوری نەتەوەیییان کردووە.
3-3- ئاسایشی نەتەوەیی لە کوردستان
ئەوەی کە ڕوون و بەرچاوە کوردستان هەم لە بواری سروشتی و هەم لە بورای ئێنسانییەوە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و ڕەنگینە.
لەم وڵاتە لە بواری نەتەوەیی، جگە لە کورد، تورکمان، ئەرمەنی، ئاشووری، عەرەب و تورکیش هەیە و لە بواری ئایینی، موسڵمان، مەسیحی، ئیزەدی، یارسان و جوولەکەیش هەیه. ئەم جیاوازییە لە بواری نەتەوەیی و ئایینی، کوردستانی وەک نموونەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش لە پیکەوەژیان و تۆلێرانس دەرهێناوە. بەدەگمەن بینراوە کە لە کوردستان، تاک یان کۆمەڵێک بە هۆی جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینییەوە تووشی مەترسی و ئازار بووبێتەوە. ڕووداوەکانی ئەم سەدەیە کە سەدەی سەرهەڵدانی ناسیونالیسم و پڕۆسەی هەڵقوڵاوی وڵاتان بووە، ئەو راستییەمان بۆ نیشان دەدا کە نەتەوەکانی عەڕەب، تورک وفارس، لە پڕۆسەی دامەزرانی دەوڵەتی بەناو مۆدێڕنی خۆیان و لە ڕەوتی “نەتەوەسازی”[5]یان، چۆن گەلانی تریان بە هۆی جیاوازیی زمانی و ئایینی ئازارداوە و تووشی کۆشتوبڕ کردووەتەوە و لاپەڕەیەکی ڕەشیان بۆ نەتەوەکەیان تۆمار کردووە.
بە داخەوە ئەوەی کە ئەو نەتەوانە لە ژێر ناوی ناسیۆنالیسم و نەتەوایەتی بانگەشەیان بۆ کردووە؛ تەنیا جۆرێک لە فاشیسم بووە، چونکە بوونی خۆیان لە نەبوونی ئەوەی دیکەدا پێناسە کردووە. ئەوەی ناسیۆنالیسمی کوردی لە ناسیۆنالیسمی ئەوانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیه کە کورد هیچکات بۆ شوناس و مانەوەی خۆی پەلاماری ئەوانی تری نەداوه؛ هەر بۆیە کاتێک نەتەوەکانی تر لێیان قەوماوە بە بێ دڵەڕاوکێ ڕوویان لە کوردستان کردووە و کوردستانیان وەک شوێنگەی ئارامی خۆیان زانیوە. هەموومان ڕووداوەکانی دوای هاتنی داعشمان بینیوە کە چۆن بە لێشاو هەموو نەتەوەکان بە زمان و ئایینی جیاوازەوه، ڕوویان لە کوردستان کرد و ئەم وڵاتە باوەشی گەرمی بۆ ئەوان کردەوە. ئێستا ئەم پرسیارە زەق دەبێتەوە کە کورد ئاوەها لەگەڵ نەتەوەکانی تر هەڵسوکەوتی کردووە، دەبێ لەگەڵ ڕەنگینیی زمانی و ئایینیی نەتەوەکەی خۆی چۆن هەڵسوکەوت بکات؟
هەروەک پیشتر ئاماژە کرا، کوردستان لە بواری زاراوەیی و ئایینییەوە، لە نێوان چەندین ئایین، ئایینزا و زاراوەدا دابەش کراوە و هەر ناوچەیەک، بەهۆی زمان و ئایینەوە تایبەتمەندیی خۆی پێ بەخشراوە. هەرچەندە کوردستان لە بواری زمانی و ئایینی تا ڕادەیەک جیاوازیی پێوە دیارە بەڵام هەموو گەلی کورد لە ڕەوتی نەتەوایەتی و بزاڤی ڕزگاریخوازانەدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی نرخی شوناسخوازیی خۆی داوە. هەبوونی ئایین و زاراوەی جیاواز لە کوردستان، پێویستیی پلۆرالیسمی زمانی و فەرهەنگی لەم وڵاتە زەق دەکاتەوە. دووپات کردنەوەی ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ لە سازدانی سیاسەتی فەرهەنگی ونەتەوەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ کوردستان، هەڵەیەکی ڕووخێنەرە. خەڵکی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانەوە خۆیان لە چوارچێوەی یەک نەتەوەدا پێناسه دەکەن، بۆیە هەریەک لە زمان و ئایینەکان، کوردبوون وەک ماف ومەشرووعییەتێک بۆ مانەوەی فەرهەنگی خۆی دەزانێ. پلۆرالیسمی فەرهەنگی لە کوردستان، ڕێخۆشکەرە بۆ بووژانەوەی فەرهەنگی، زمانی وئایینی، بە بێ تێکچوونی کوللییەتی فەرهەنگی و نەتەوەیی. هەروەک لە باسی زمانی هاوبەشدا باس کرا، هەبوونی زمانێکی هاوبەش بۆ کوردستان لە پاڵ خۆڵقاندنی دەرەتانی خۆێندن و پەروەردە بۆ زاراوەکانی تر، ئاستی تێگەیشتنی نەتەوەیی و حورمەتی شارۆمەندی بەرزتر دەکاتەوە. پلۆرالسیمی فەرهەنگی لە کوردستان، زامنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێ، چونکە یەکێک لەو خاڵانەی کە ناحەزانی کورد و کوردستان هەمیشە هەوڵیان بۆ داوە، بە هۆیەوە درز و تەگەرە بۆ یەکییەتیی کوردان ساز بکەن، باسی چەند زاراوەیی و چەند ئایینی لە کوردستان بووە. ئەگەر حیزبە سیاسییەکان و یان کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان، دان بە واقیعە جوگرافیایییەکانی کوردستان و یەک لەوان، تێكەڵاویی فەرهەنگیدا بنێن و بەرەبەرە باسی پلۆرالیسمی زمانی و فەرهەنگی لە کوردستان تێئۆریزە بکرێ؛ بە دڵنیایییەوە پیلانی ناحەزان کە ماوەیەکە لە ژێر ناوی جیاوازیی زمانی و ئایینی خەریکی دووبەرەکی گێڕان لەناو گەلی کورددان پووچەڵ دەکرێتەوە. ئاسایشی نەتەوەیی، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە مەشرووعییەتی دەسەڵاتەوە هەیە. ئەگەر دەسەڵاتێک لەنێو خەڵکی خۆیدا دانپێدانراو نەبێ و شارۆمەندانی ئەو وڵاتە هەست بە مافی شارۆمەندی نەکەن، لە درێژخایەندا ئاسایشی نەتەوەیی لە ناوخۆدا تووشی هەڕەشە و مەترسی دەبێ. ئاسایشی نەتەوەیی لە کوردستان، بەندە بە پتەوکردنی ڕیزەکانی ناوخۆ. کوردستان بە هۆی هەڵکەوەتەی جوگرافیاییی خۆی، لەگەڵ مەترسیی دوژمنانی دەوروبەری بەرەوڕوویە و لە ئەگەری سەربەخۆیی و یان دەسەڵاتی ناوچەیی لە پارچەیەکیدا؛ لە دوژمنی و گەمارۆی ناحەزان بێبەری نابێ، بەڵام گرینگترین خاڵ بۆ دەربازبوون و خۆڕاگری، پووچەڵکردنەوەی خاڵە لاوازە ناخۆیییەکانە کە بە دڵنیایییەوە چەند زاراوەیی و چەند ئایینی، یەکێک لە گرینگترینی ئەو خاڵانەییە کە دەبێ بە پراکتیزەکردنی سیاسەتی پلۆرالیسمی فەرهەنگی، ئاسایشی نەتەوەیی لە کوردستان بە شێوەیەکی بنەڕەتی مسۆگەر بکرێت.
4- ئاکام
بە ئاوڕدانەوەیەک لەو باسانە کە ورووژان و لە وڵامدانەوە بە پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارەدا، بۆمان دەردەکەوێ کە پراکتیزە کردنی سیاسیەتی پلۆرالیسمی فەرهەنگی و زمانی لە کوردستان، پێویستییەکی هەنووکەیییە و کەمتەرخەمی لەم بوارەدا لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، لە درێژخایەندا بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە.
هەروا کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، لە پێناو پراکتیزەکردنی سیاسیەتی پلۆرالیسمی فەرهەنگی، هەبوونی زمانێکی هاوبەش لە کوردستان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. هەبوونی زمانی هاوبەش لە کوردستان بە مانای سەروەری و فەخری شێوە زمانێک بەسەر زمانەکانی تردا نییه؛ بەڵکوو مێژووی ئەدەبی کوردی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە بەپێی بارودۆخی سەردەم، هەرجارە یەکێک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی وەک زمانی هاوبەش، لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستانەوە کەڵکی لێ وەرگیراوه و لە ڕەوتی میژووییی خۆیدا خزمەتی پێ کراوە. بۆ وێنە ئەدەبی هەورامی بۆماویەکی دوورودرێژ، لە زۆربەی بەشەکانی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، وەک ئەدەبی سەردەست چاوی لێ کراوە و زۆرێک لە زانایانی کوردستان، لە ڕێگەی زمانی هەورامییەوە، خزمەتی گەلی کوردیان کردووه.
هەبوونی زمانی هاوبەش لە ئاستی سەرانسەریی کورستاندا، ئەگەر بە مانای پەڕاوێز خستن و لەناوبردنی شیوەزمانەکانی تری کوردی بێت، ئەوە دووپاتکردنەوەی پڕۆژی سەقەتی “nation-state” لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەبێ کە لە یەک سەدەی ڕابردوودا لە وڵاتانی ناوچە بە شێوەیەکی ناشییانە پەیڕەوکراوە. هەبوونی دەرەتانی خوێندن بە زمانی زگماکی لەپاڵ زمانی هاوبەش لەو ناوچانەی کە زمانێکی جگە لەزمانی هاوبەشیان هەیه، نەتەنیا دەستە واژەی قێزەونی “تەمامییەتی ئەرزی” ناخاتە مەترسییەوه، بەڵکوو هەستی نەتەوایەتی لەئاستی سەرانسەری وڵاتدا زۆر بەهێزتر دەکات. کاتێک شارۆمەندی وڵاتێک هەست بە بەرپرسیارێتی لە ئاست خاک و نیشتماندا دەکات کە هەموو مافە ئێنسانییەکانی پارێزراو بن.
ئاسایشی نەتەوەیی لەهەر وڵاتێک کاتێک سەقامگیر دەبێ کە هەموو شارۆمەندانی ئەو وڵاتە مافەکانیان پارێزراو بێت. ئەمڕۆکە ئەزموونی وڵاتانی نادێموکڕات ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە ئاسایشی نەتەوەیی، لە ڕێگای هێزی سەختەوە دابین ناکرێ و سیاسەتی پەڕاوێزخستن و سەرکوت، نەتەنیا داوا ڕەواکان دانامرکێنێتەوە، بەڵکوو داخوازە مەدنییەکان بەرەو ئاقارێکی ڕادیکاڵ و چاوڕواننەکراو دەبات.
گەلی کورد، سەرەڕای جیاوازی لە بڕێک لە تایبەتمەندییەکان وەک شێوازی ئاخافتن، بەڵام لە بواری جوگرافیایی و سەرزەمینی، مێژوویی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، ئایین و بیر و باوەڕ و بیرەوەریی سیاسی و هەستی نیشتمانی، بە یەک نەتەوە دەژمێردرێن و لەم ڕووەوە، هەرجۆرە هەوڵدانێک بۆ جیاوازیخستن لەناو نەتەوەی کورد، هەنگاوی پێچەوانەیە و دژی هەموو ڕاستییە مێژوویییەکانە. کورد نابێ بە هیچ شێوازێک لە بەرانبەر جیاوازییەکان، لە ئەزموونی پڕ لە کێشەی وڵاتانی دەوروبەری خۆی، لە شێوازی حۆکمڕانی کەڵک وەربگرێت. کوردستان بە هەموو ڕەنگەکانیەوە ڕەنگین و ڕازاوەیە، بۆیە پراکتیزەکردنی سیاسەتی پلۆرالیستی بۆ بەڕێوەبردنی حۆکمڕانیی وڵات لە هەموو بەشەکان بە تایبەت بەشی زمان وفەرهەنگ، نەتەنیا ئاسایشی نەتەوەییی کوردستان تووشی مەترسی نابێت، بەڵکوو هەموو خەڵکی وڵات بە هەست و ئاوازێکی قووڵەوە پارێزی سەروەری و بەرژەوەندیی نیشتمانی دەبن.
5-سەرچاوەکان
- آشوری، داریوش، (1379)، دانشنامه سیاسی، تهران، انتشارات مروارید.
– ئەیوب ڕۆستەم، هەورامان لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی کلتوورییە، بەرگی یەکەم ودووەم، 2011، سلێمانی، مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان.
– بیشکچی، ئیسماعیل، کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی، وەرگێر:حەمەڕەشید، 2002، سلێمانی.
– ترادگیل، پیتر، زبان شناسی اجتماعی، درآمدی بر زبان وجامعه، ترجمه: محمد طباطبایی، 1376، تهران.
– حافظ نیا، محمدرضا، مفهوم وتعریف ملت، 1388، جزوه كلاسی، دانشگاه تربیت مدرس تهران.
– حسینی، باباشیخ، هامشی بردانش زبانشناسی، 1380، سنندج، نشرژیار.
– حەمە خورشید، فوئاد، زمانی کوردی ودیالێکتەکانی، 2008، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.
– شاکەلی، فەرهاد، شیعری کلاسیک و نوێی کوردی، وەرگێڕ: جەلیل کەریمی، 1384، وەرزنامەی فەرهەنگی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتیی زرێبار، ساڵی نۆهەم، (59، 58).
– شاکەلی، فەرهاد، زمانی کوردی لە ئاستانەی سەردەمێکی تازەدا، 2011، هەولێر، دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس.
– شوانی، ڕەفێق، زمانەوانی، کۆمەڵیک وتار، 2009، هەولێر، دەزگای موکریانی.
– شوانی، ڕەفێق، زمانی کوردی و شوێنی لەناو زمانە کانی جیهاندا، هەولێر، 2008، دەزگای موکریانی.
– کاگڵ تۆفێق، قەیس، ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان، 2007، دەزگای ئاراس
– گیدنز، آنتونی، (1384). جامعه شناسی، ترجمه: منوچهر صبوری، تهران، نشر نی.
– کریستال، دیوید، انقلاب زبانی، ترجمە: شهرام نقش تبریزی، 1385، تهران، ققنوس
-هیوود، اندرو، (1396)، سیاست، ترجمه: عبدالرحمان عالم، تهران، انتشارا ت نی.
– مجتهدزاده ، پیروز، جغرافیای سیاسی وسیاست جغرافیایی، 1381، تهران، سمت.
– Guibernau,Montserrat,(2004). Antony D,Smith on Nations and National Identity: a Critical assessment. Nation and Nationalism 10(1/2). 2004. 125-141.
-Glassner,martin,Faberer,chuak,(2004). political geography ,third edition.
- Glassner,martin. (1993). Political
- Short Rennie ,John(1993). An introduction to political geography, second edition,
- Lima Anderson and CarethStansfield, The future of Iraq,Dictatorship, Democracy,or Division?, 2004,Newyork,Palgrae macmilln.
[1] Simulation
[2] State
[3] Nation building
[4] Security
[5] Nation Building


