ئارامتر بخوێنەوە!

جیاوازییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نێوان دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتدا

شاهۆ حوسێنی



گریمانەی سەرەکیی ئەم بابەتە ئەوەیە کە، سیاسەتی دەروەی دەوڵەتی جۆ بایدێن وەک نوینەری ئەندێشە و پارادایمی ئیدەئالیسم لە پەیوەندییە نیونەتەوەیییەکاندا، بێگومان جیاواز دەبێت لە کردە و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ، وەک نوینەری پارادایمی ڕێئالیسم لە پەیوەندییە نێونەتەویییەکاندا. 


پوختە

ستراتێژی و پلانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی دوو حیزبی کۆماریخواز و دێمۆکراتدا بێگومان جیاوازیی هەیە، هەرچەند مەبەست و کاکڵی گەوهەری هەر دوو حیزب وەدەست هێنانی لانی زۆری بەرژەوەندی، پەرە و پاراستنی هێژمۆنی ئەمریکایە، بەڵام شێواز و مێتۆدەکانی ئەو دوو حیزبە کە هەر کام نوێنەری پارادایمێکین جیاوازیی هەیە. کۆماریخوازەکان نوینەری پارادایمی ڕێئالیسمن، بەگشتی دوو توخمی سەرەکیی ڕیئالیسم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بریتین لە: دەوڵەت تەوەری و دەسەڵات تەوەرەی. گرینگیی دەسەڵات تا ئەو جێیەیە کە ڕیئالیستەکان، دەسەڵات بە بنەمای سەرەکیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکەن. ئەوە لەکاتێکدایە کە دێموکڕاتەکان نوینەری پارادایمی ئیدەئالیسمن، بنەمای سەرەکیی ئەو پارادایمە ئاشتەوایی و باوەڕ بە دەوری کۆڕ و کۆمەڵە ناحکوومی و مەدەنییەکانە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا. بەو پێیەش دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ دوو ڕەهەندی سەرەکیی ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی دێموکڕاتەکانن، کە بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت کە کۆڕگێڕێکی حقوقیی نیزامی نێونەتەوەیی نییە دەتوانێ جێگای سەرنج بێت.


وشە سەرەکییەکان
: سیاسەتی دەرەوە، گۆشەگیری، نێونەتەوەییخوازی، ڕیئالیسم، ئیدەئالیسم، ویلسۆنیسم.


پێشەکی:

بێگومان سیاسەتی دەرەوە گرینگترین و بنەڕەتیترین ڕەهەندی کردەوەی نێونەتەوەییی هەر وڵاتێکە لە نیزامی نێونەتەوەییدا، بەهۆی ئەوە کە بەستێنی وێکهەڵکردنی پارادایم و کردەیە، بەجۆرێ کە هەر گوتار و ئایدیایەکی کە دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت، لە دەلاقەی فۆرماسیونی مەعریفیی خۆیڕا و بە پێناسەیەک کە لە خۆی و لە ئەویتر هەیەتی، فۆڕمێک و شێوازێک کردە لە خۆی نیشان دەدات. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش لە سیاسەتی دەرەوەدا کردەگەلێک لە چوراچێوەی ڕێکاری نەتەوەییدا بۆ دەستەبەرکردنی لانی زۆری بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان ڕەچاو دەکات، هەر بۆیەش سیاسەتی دەرەوە وەک ستراتێژی یا کۆگشتییەک کردەی لەپێشدا کاربۆکراو و گەڵاڵەکراو، بە مەبەسەتی دەست بە ئامانج ڕاگەیشتن لە ژینگەی نێونەتەوەییدا پێناسە دەکەن.

سیاسەتی دەرەوە بەگشتی کردەوەی وڵاتێک وەسف دەکات کە بەردەنگی ئەو، وڵاتانی تر یان ڕیکخراوە نێو نەتەوەیییەکانن. لە ڕووانگەی تیۆرییەوە سیاسەتی دەرەوە بریتیە لە پرۆسەی وێکهەڵکردن، کە لەودا وڵاتێک هەوڵ دەدات ئامانج و خواستە بنەڕەتییەکانی، لە کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، مسۆگەر بکات و وەدەستیان بهێنێت. (Hartmann, 2001: 9)

 سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک لەژێر کارتێکەریی هۆکارگەلێکی زۆردایە، بەباوەڕی ڕێئالیستەکان، هۆکارەکانی کارتێکەر لەسەر سیاسەتی دەرەوە بریتین لە: پێگەی جوغرافیایی، سەرچاوە سروشتییەکان، ڕێژەی پسپۆران، دۆخی سەربازی، پێگە و هەلومەرجی ئابووری و ڕێژەی زانست و پێگەیشتوییی دانیشتوانی شوێندانەر. هەرچەند لەپاش شۆڕشی پیشەیی و ئاڵوگۆڕ لە فۆڕم، شێواز و کەرەستەی بەرهەمهێنان، وزە دەورێکی کارتێکەر و دیاریکەری لە سیاسەتی دەرەوەدا پەیداکرد. (Wilhelm, 2006: 25)  بەڵام هۆکارەکانی پێشوش هەروا شوێندانەر و گرینگن.

ستراتێژی و پلانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەر سەردەمێکدا، بێگومان لەژێر کارتێکەریی دۆخی ناوخۆیی و سیاسەتەکانی ناوخۆییی ئەم وڵاتەدا بووە، واتە ئەوە دۆخی ناوخۆییی ئەم وڵاتەیە کە وەک زەروورەت ڕێگانیشاندەربووە کە ئەمریکا پێویستە چ ستراتێژییەک، چ مێتۆدێک و چ پارادایمێک لە سیاسەتی دەرەوەیدا ڕەچاو بکات. بۆ وینە کاتێ ئەمریکا لە شەڕی ناوخۆیی لەنێوان ئەیالەتەکانی باشوور و باکووردا تێوەگلابوو، یان کاتێ ئەمریکا لە ناوخۆدا سەقامگرتوو دەبێت و پەرە دەستێنێت، لەگەڵ ئەو کاتەی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی هەڵدەگیرسیت، ستراتێژیی جیاواز لە سیاسەتی دەرەوەدا پەیڕەو دەکات.

ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گشتی دابەش دەکرێتە سەر دوو دەورە: یەکەم سیاسەتی دەرەوەی گۆشەگیرانە و دوورەپەرێزانە کە ئەمیش دابەش دەبێت بە گۆشەگیری لەناو سنوورەکانی ژێئۆپۆلەتیکی ئەمریکا و گۆشەگیری لە قاڕەی ئەمریکادا. دووهەم سیاسەتی دەرەوەی نێونەتەوەیی بە وەلانانی گۆشەگیری کە لە ساڵی ١٩١٧ڕا بە تێوەگلانی ئەمریکا لە شەڕی یەکەمی جیهانی دەست پێ دەکات. لەڕاستیدا شەڕی یەکەمی جیهانی، ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەی نێونەتەوەیی کرد. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا لە نێوان دوو حیزبی کۆماریخواز و دێمۆکراتدا ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت و ئەم دوو حیزبەش دوو پارادایمی تەواو لێک جیاواز ڕەچاو دەکەن، لەم بارەیەوە حەول دەدرێت وڵامی چەند پرسیارێک بدرێتەوە:

پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم وتارە ئەمانەن:  ڕەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی جۆ بایدێندا کامانەن؟ پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکادا چی دەبێت؟ هەروەها کورد لە کام یەک لە ڕەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەتوانێ وەشوێن خواست و بەرژەوەندییەکانی بکەوێت؟



چوارچێوەی تیۆریکی:

پارادایمەکانی شرۆڤەی سیاسەتی دەرەوە بە گشتی دابەش دەبن بەسەر دوو ڕوانگەی گشتگیر و ورددا. ڕوانگەی گشتگیر بەستێنێکە کە لەودا توێژەران، لە دەلاقەی چەمکەکان، پارادایمەکان و گریمانەکانڕا شرۆڤەی کارتێکەریی پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان دەکەن. لە بەرانبەردا ڕوانگەی ورد بەستێنێکە، کە لەودا توێژەران به شرۆڤەی کۆڕگێڕان، دەورگێڕان و لایەنە جیاوازەکانی ناوخۆیی، شرۆڤەی کارتێکەریی سیاسەتی ناوخۆییی وڵاتان لەسەر کردە و سیاسەتی دەرەوەی دەکەن. (دولت آبادی و همکاران، ١٣٩٩: ٦٧-٩٤)  لەم وتاردەدا حەول دەدرێت لە دەلاقەی ڕوانگەی وردڕا، واتە کارتێکەریی کۆڕگێڕان، دەورگێڕان و لایەنە جیاوازەکانی ناوخۆیی و سیاسەتی ناوخۆییی ئەمریکا لەسەر کردە و سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە، تیشک بخرێتە سەر پلان و ستراتێژیی دەوڵەتی جۆ بایدێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. گریمانەی سەرەکیی ئەم بابەتە ئەوەیە کە، سیاسەتی دەروەی دەوڵەتی جۆ بایدێن وەک نوینەری ئەندێشە و پارادایمی ئیدەئالیسم لە پەیوەندییە نیونەتەوەیییەکاندا، بێگومان جیاواز دەبێت لە کردە و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ، وەک نوینەری پارادایمی ڕێئالیسم لە پەیوەندییە نێونەتەویییەکاندا.


گرینگیی بابەت:

بێگومان یەکێک لە گرینگترین ڕەهەندەکانی پارادایمی پەیوەندییە  نێونەتەوەیییەکان، ڕەهەندی شرۆڤەی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکە. بە هۆی ئەوەی بڕیاردەرانی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک بۆ بڕیاردانێکی عەقڵانی و دەستەبەرکردنی زۆرترین بەرژەوەندی، پێویستان بە لێکگرێدانەوەی ڕەهەندی تیۆری و پراکتیکی هەیە، تا بتوانن لە ڕێی فامی وردی پێگەی سیاسەتی دەرەوە لە ناو دەقە نەزەرییەکاندا، باشترین و بەکەڵکترین ئامۆژگارییەکانی سیاسەتداڕێژی و نواندنی هەرچی باشتری ڕۆڵ و کردەکان دەربخەن.  ئەگەر کورد بەتەمایە ڕۆژێک وەک بکەرێک لە نیزامی نێونەتەوەییدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی بۆ سەر کێشە و مەسەلەی کورد دەربکەوێت، پێویستی بە فام و تێگەیشتنێکی تێئۆریک هەیە، بە جۆرێک هەم بتوانێ خواست و شوناسی خۆی لە ناو چوارچێوەی پارادایمێکی گونجاودا دابڕێژێت و دەربخات، هەم بتوانێت بە فام و تێگەیشتنێکی تێئۆریک، پەیوەندی لەگەڵ کۆڕگێڕان و کایەکەرانی هێژمۆنیی نیزامی نێونەتەوەیی بگرێت. تێگەیشتن لە پارادایمەکانی ڕەچاو کراوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەتوانێ دەلاقەیەک بێت کە لەوڕا کردەوە و دژکردەوەکانی ئەمریکا لە نیزامی نێونەتەوەییدا بە شێوەیەکی زانستی، فام و پێشبینی بکرێت. مەودا و جەهەتی کردەوە و دژکردەوەکان بەشێوەیەکی زانستی لەگەڵ ئەو بناسرێت و نەتەنیا  لە زەرەرمەندی خۆ بەدوور بگرین کە بکرێت بەرژەوەندیش دەستەبەر بکرێن.


ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەدەی نۆزدە تا شەڕی یەکەمی جیهانی:

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی نەریتی لەنێوان دوو ستراتێژیی دژ بە یەکی: دوورەپەرێزی و ئەنترناسیونالیسم لە گەڕاندا بووە. هەرچەند لە پاش کۆتاییی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەهۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناوەند و بەرپرسی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، بانکی جیهانی، سەندوقی نێودەوڵەتیی پارەیە و بەشێکی زۆری کۆڕگێڕانی مەدەنیی جیهانی لەناو ژێئۆپۆلەتیکی ئەمریکادا چالاکن، دوورەپەرێزی و گۆشەگیری، وەک ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوە ڕەچاو نەکراوە. لەڕاستیدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەم ئاماژەیەکی مێژوویییە بە ئایدیاکان و هەمیش پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارادایمەکانی ژیئۆپۆلەتیک هەیە. ئەمانە بەهۆی جوغرافیا و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی تۆپۆگرافیی زەوینی کە بە وڵاتان بەخشراوە، تیشک دەخەنە سەر سنووردارێتی و کاناڵیزەکردنی کردە سیاسییەکان و حەول دەدەن ئەو ڕاڤە بکەن. هەرچەند لە دەیەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دوورەپەرێزی لەناو قاڕەی ئەمریکادا ڕاگەیاندرا کە بە دۆکتۆرینی مۆنرۆئە ناسراوە. بەڵام دوایی توێژینەوەکان و پێشنیارەکانی ئاڵفرێد ماهان و ڕووداوەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، ئەم ستراتێژییەیان گۆڕی.


ئەلف: ستراتێژیی دوورەپەرێزی(دۆکتۆرینی مۆنرۆئە)

دۆکتۆرینی مۆنرۆئە دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانی  ٢ی دێسامبری ساڵی ١٨٢٣ کە لەودا مۆنرۆئە وەک سەرۆککۆمار، ڕەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای دیاری کرد. دۆکتۆرینی مۆنرۆئە دوو بەستێنی سیاسیی لەخۆ دەگرت، بەستێنێک ئەڕووپا کە ئەمریکا پێداگری لە خۆپاراستن لە دەستێوردان لە کاروباری ئەو بەستێنەدا دەکرد، دووهەم بەستێنی ئەمریکا کە ئەمریکا داوای لە زلهێزە ئەوڕووپییەکان کرد تا سەروەریی ئەو بپارێزن و دەست لە کلۆنیالیزم و داگیرکردنی ئەو بەستێنە هەڵبگرن. (Wittkopf, Jones, & Kegley Jr, 2007 29). بەم شێوەیە ستراتێژیی دوورەپەرێزی بوو بە ڕینوێنی سیاسەتی درەوەی ئەمریکا بە خۆپاراستن لە بەشداری لە نیزامی نێونەتەوەیی.


ب: ستراتێژیی نیوونەتەوەییخوازی

 ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی فۆرمێک گوتاری نێونەتەوەیییە کە لەودا لێکەوتەکانی ژێئۆپۆلەتیک وەک یاریدەدەرێکی بەکەڵک و عەمەلیی حکوومەت دەور دەگێڕن. سەرنجەکانی ژێئۆپۆلەتیک لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەهەم بەولاوە خزایە ناو باسەکانی سیاسەتی دەرەوە و سەرەتا ناوەندە نیزامییەکان کەڵکیان لێ وەرگرت. لەو بوارەدا بڵاڤۆکی کارتێکەریی هێزی زەریایی لەسەر مێژوو کە لەلایەن ئاڵفڕێد ماهانەوە لە ساڵی ١٨٩٠ بڵاو کرایەوە، ناسراوە. ماهان بە کەڵک وەرگرتن لە نموونەی بەریتانیا، پێشنیاری بەهێزکردنی هێزی زەریاییی بە کاربەدەستانی ئەمریکا دا. کارەکانی ماهان بە شێوەیەکی بەربڵاو کاری کردە سەر سەرۆک کۆماری دواییی ئەمریکا فرانکلین ڕۆزوێڵت. لە سەدەی بیستەم بەولاوە گوتاری ژێئۆپۆلەتیکی سیویل، بە شێوەیەکی بەربڵاو دەرکەوت. لەکاتی چوونە ناو شەڕی جیهانیی دووهەم و لە وڵامی هێرشی ئاسمانیی ژاپۆن بۆ بەندەری پێڕڵ هاربێر، بیرمەندی سیاسیی ئەمریکا، نیکۆلاس جێی ئێسپایکمەن، خەریکی گەڵاڵەکردنی ستراتێژیی سیاسەتی جیهانیی ئەمریکا بوو، غیابی بوونی کارتێکەریی ئەمریکا لە زەریادا و لە وڵاتانی ئوقیانووسی ئەتڵەس و ئارامدا، خەسارگریی مەڵبەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەرخست. لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی تێئۆدۆر ڕۆزوێلتدا، دۆکتۆرینی مۆنرۆئەی بەشێوەیەکی گشتی گۆڕا، بە جۆرێک کە ئەگەر بەپێی ئەم دۆکتۆرینە ئەمریکا بە پەیڕەوکردنی ستراتێژیی گۆشەگیری تەنیا حەولی پەرەی هێز و هێژمۆنی لە قاڕەی ئەمریکا دەدا، ئیتر ئەمە گۆڕا و ئەمریکا بانگەشەی هێژمۆنی لە نێو بەشی خۆرهەڵاتی گۆی زەوی کرد. ئەوان بەتایبەتی حەولیان دا دزەی ئەوڕووپا لە ئەمریکای لاتیندا لەناو بەرن. کاتێ بەستێن لەبار بوو، ئەوان دەستدرێژییان کردە سەر ئەمریکای باشوور و دەسەڵاتی سەربەخۆ، گوێڕایەڵ و دانراو لەلایەن خۆیانەوەیان دانا. لە درێژەدا کاناڵی پانامایان هەڵکەند و لە ناوچەکانی ئەقیانووسی ئەتڵەس و ئارام حەولی پەرەی هێژمۆنیی خۆیانیان دا ، بەجۆرێ کە هاوایی و فیلیپینیان داگیر کرد و بەم شێوەیە ڕێگەیان بۆ کراوە بەرەو ژاپۆن و چین. بە درێژاییی شەڕی یەکەمی جیهانی، ئەمریکا پەیوەست بە هاوپەیمانێتیی نێوان فەڕانسا و بەڕیتانیا بوو، بەڵام هیچکات یەکگرتوو نەبوو لەگەڵ ئەوان، چونکە ویلسۆن لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مرۆڤ پیویستە کۆتایی بە شەڕ بێنێت. ویلسۆن بە گەڵاڵەی ١٤ بڕگەیییەکەی، بە پێداگری کردن لەسەر مافی چارەی خۆ نووسینی گەلان و بازرگانی ئازادی نێوان کۆمەڵگەکان، حەولی مسۆگەر کردنی نەزم و ئەهوەنی لە ئەوڕووپای دا. لەپاش شەڕی دووهەمی جیهانییش ئەمریکا و هاوپەیمانان بە ڕاگەیاندنی مەنشووری ئاتلانتیکی(هاوشێوەی گەڵاڵەکەی ویلسۆن) ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دامەزراند (Wittkopf, Jones, & Kegley Jr, 2007 33-67). بەم شێوەیە دوور بوونی ژیئۆپۆلەتیکی ئەمریکا لە ئەوڕووپا وەک ناوەندی شەڕی یەکەمی جیهانی و پەرەی پیشەیی و ئابووریی ئەو وڵاتە لەتەنیشت پێشنیارەکانی ماهان، ئەمریکای لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە گلاند. ئەمەش سەرەتای نێونەتەوەییخوازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو.

 
پارادایمەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەپاش نێونەتەوەییخوازی:

تێوەگلانی ئەمریکا لە شەڕی  یەکەمی جیهانی، سەرەتا و دەستپێکی وەلانانی ستراتێژیی دوورەپەرێزی و پەیڕەوکردنی ستراتێژیی نێونەتەوەییخوازی بوو. بەم شێوەیە ئەمریکا هاتە ناو گەمەی نیزامی نێونەتەوەیی و بوو بە کایەکەر و دەورگێڕێکی سەرەکیی نیزامی نێونەتەوەیی. لەوەها دۆخێکدا ئەمریکا بەگشتی دوو پارادایمی لە پەیوەندییە نێونتەوەیییەکاندا ڕەچاو کردووە کە بریتین لە:


ئەلف: ڕێئالیسم لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا

ڕێئالیسم وەک پارادایمێکی گرینگ و سەرەکی لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان، کاراکتێرەکان و شێوازی دابەشکردنی هێز لە سیستەمی نیونەتەوەییدا شرۆڤە دەکات. لە ڕوانگەی ئەم پارادایمەوە، بنەڕەتیترین ئامانجی هەر دەوڵەتیک مانەوە و بەردەوامییە و باشترین ڕێگە بۆ دڵنیا بوون لە مانەوە و بەردەوامییش، دڵنیا بوون لە هێژمۆنتربوون و بەهێزتربوونە لە هەمبەر دژبەران و دەوڵەتانی بەرانبەردا .(Jacobs, 2010: 39) لە دەیەی ٣٠ زایینی، تاقمێک لە توێژەرانی زانکۆی ییل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک: فرێدریک شروودان، فرێدریک شۆمان، گێئۆرگ شوارتزێن بێرگێر و نیکۆلاس جێی ئێسپایکس، دیاردەی “کۆدەنگی”یان لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا بردە ژێر پرسیار. بە باوەڕی ئەوان، پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان بەر لە هەر دیاردەیەک، پێویستە کار لەسەر فۆرمێکی تایبەتی پەیوەندیی هێز لە کۆمەڵگایەکدا لە غیابی ئۆتۆریتەدا بکا .(Schmidt, 2005: 526) ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان، لەژێر کارتێکەریی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بوو و بە گشتی حەول دەدرا ڕێگەچارەیەک بۆ نەزم و ئاشتەوایی بدۆزرێتەوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی ٣٠ی زایینی، هەم ڕووداوە سیاسیی جیهانییەکان و هەم شرۆڤەکانی ئەم ڕووداوانە، ئامانجخوازییان (ئیدەئالیسم) تووشی قەیران کرد. لە وەها دۆخێکدا، ئێدوارد هالتکار، دیپڵۆماتی پێشووی بریتانی، بەرهەمی کارتێکەری خۆی لە ژێر ناوی “قەیرانی بیست ساڵە” لە دەیەی ٣٠ی زایینیدا بڵاو کردەوە؛ هەر لەو سەروبەندەشدا هانس مۆرگێنتا، یەکێک لە سەرەکیترین و سەرەتاییترین بیردۆزانی ڕێئالیسم، بیروڕای خۆی لەمەڕ سیاسەتی نێونەتەوەیی بڵاو کردەوە کە دوایی وەک ڕێئالیسم پێناسە کرا. مۆرگێنتا و ڕێئالیستەکان زۆرتر لە ژێر کارتێکەریی ئەندێشەکانی تۆسیدیدس، توماس هابز و نیکۆلۆ ماکیاڤێلیدا بوون. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن کە شەڕ و قەیران لە جیهاندا لە پلەی یەکەم بە هۆی غیابی پەیوەندی و فۆرماسیونێکی هێرارشیک لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا سەرهەڵدەدات. ڕێئالیسم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤەکان دەوریان هەیە لە دەرکەوتنی دژایەتیی نێوان نۆرم، واقعییەت و داهێنان و هەروەها ترسی دەستڕاگەیشتنی وێرانکەر بە ئازای. ئەو دژوازییانە و حەولەکان بۆ مسۆگەر کردنی ئەهوەنی، لەڕێی هیژمۆنی و باڵادەست بوونی دەسەڵات، بەرهەمی ئەو ترسەیە. بە باوەڕی ڕێئالیستەکان، دەوڵەتە سەربەخۆکان لە بەربەرەکانێی بەردەوامدان بۆ بەقا و ئەو بەربەرەکانێیەش دیاریکەری ڕەهەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەیە. (Rohde, 2015: 73-95)

بەگشتی ڕێئالیسم وەک پارادایمی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سیاسەتی جیهانی لە سەر بنەمای کێبڕکێی دەوڵەتەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان دامەزراوە. ڕیئالیسم دەسەڵات وەک کاکڵ و تەوەرەی سەرەکیی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان پێناسە دەکات. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نەزمی نێونەتەوەیی، گرێدراوی سیاسەتی دەسەڵاتە و لە ژێرکارتێکەریی توخمەکانی دەسەڵاتدایە. بە باوەڕی ڕێئالیستەکان پێکهاتەی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان ئانارشیکە. ئەهوەنی وەک تەوەرەی سەرەکی و ناوەندیی پەیوەندییە نێونتەوەیییەکان، بە باوەڕی ڕێئالیستەکان لە ڕیی هێز و تواناییی بەرگری و بەرگێڕەوەیی مسۆگەر دەبێت. واتە ڕێئالیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەوڵەتەکان وەک کایەکەری سەرەکیی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان، لە هەموو کەرەسە دیپلۆماتیکەکان، نیزامییەکان و ئابوورییەکان کەڵک وەردەگرن بۆ پاراستنی ئەهوەنی و سەقامگرتووییی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش شەڕ و چەکوچۆڵی نیزامی تەوەرەییترین کەرەستەیە، واتە شەڕ و چەکوچۆڵ بە لای ڕێئالیستەکانەوە دڵی حاکمییەتە. (Heinrich, 1938: 34)

 بەو پێیە حاکمییەت بە مانای تواناییی ڕیکخستنی نیزامی و بانگەشەی سیاسییە. لەڕاستیدا پێشەنگیی سیاسەتی دەرەوە، بە مەبەستی ئامادەییی نیزامی بۆ هێرش و بەرگری لە جیهانی ئانارشیکدا بوو. بە واتایەکی تر شاڵاوی شەڕەکان لە سەدەی ١٦ هەتا ئەمڕۆ، نرخی ڕێکخستنی ناوخۆیی و ئاشتەوایییە، کە هەڵبەتە لە سەدەی بیستەمدا بە دوو شەڕی جیهانی بۆ پاراستنی هاوسەنگی گەیشتە لووتکە. دیارە حەولەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگی، زۆر جار بە هۆی حەولەکان بۆ پەرەی هێژمۆنی زیاتر و لە مەیدان بەدەرکردنی ئەویتر پچڕایەوە. بەگشتی پێش گریمانەکانی ڕێئالیسم بریتین لە:

١_        جگە لە دەوڵەتەکان هیچ کایەکەرێکی بان دەوڵەتەکان کە تواناییی نەزمدان بە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانی هەبێت، بوونی نیە.

٢_        دەوڵەتەکان گرینگترین کایەکەری نیزامی نێونەتەوەیین.

٣_        دەوڵەتەکان بەشوێن بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی خۆیاندان و بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین بەرژەوەندی، بە هەموو شیوەیەک حەول دەدەن.

٤_        دڵەڕاوکێی هەموو دەوڵەتەکان پاراستن و دەوامی بوونیانە، بۆ ئەم مەبەستەش لە هێز و توانایییە نیزامییەکانیان کەڵک وەردەگرن و پەرەیان پێ دەدەن.

٥_        بەهۆی ئەوەی کە هێزی هەر کایەکەرێک، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەوانی تر، تەنیا ڕێگا چارە، بەرگرتن بە هێژمۆنی و پەرەی دەسەڵاتی ئەوانی ترە. (قاسمی، ١٣٩١: ٥٥-٤٨)

بەو پێیە لە ڕوانگەی ڕێئالیستەکانەوە: سیاسەتی هێز، ڕکابەرایەتی و دژایەتی، شەڕ و تیکهەڵچوون، ڕوونترین چەمکن بۆ تێگەیشتن و فامی سیاسەتی نێونەتەوەیی.


ب: ئیدەئالیسم لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا:

ئامانجخوازی لقێکی سەرەکی لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکانە. ئەم پارادایمە بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی دەرکەوت. بە باوەڕی “نۆرمەن ئانگێل”، لە دوای شەڕ، گەڵاڵەی ١٤ بڕگەییی “ودرۆ ویلسۆن” لە ساڵی ١٩١٨، دامەزراندنی ڕیکخراوەی نێونەتەوەییی کار لە ١٩١٩ و دامەزراندنی کۆمەڵی نەتەوەکان لە ١٩٢٠ دەوریان هەبوو لە هێژمۆنتر بوون و پەرەی ئیدەئالیسم. ئەم پارادایمە تا بەر لە شکەستی یەکێتیی نەتەوەکان، پارادایمێکی هێژمۆن بوو، بەڵام دوایی ڕیئالیسم بوو بە جێگرەوەی. ئیدەئالیسم لەسەر ئەو گریمانەیە بنیادنراوە کە کێشە و قەیرانە نێونتەوەیییەکان دەشێ لە ڕێی دانوستان و بە کەڵکوەرگرتن لە دیپڵۆماسی، وتووێژ و ڕێککەوتن، لەڕێی ڕیکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە چارەسەر بکرێن. ئامانجخوازی هێز و ورە لە باوەڕ بە پێشکەوتن وەردەگرێت و پشت دەبەستێت بە عەقڵخوازی، ئیرادەخوازی، باوەڕ بە سروشتی باشی مرۆڤ (بەپێچەوانەی ڕێئالیسم کە مرۆڤ بە گورگی مرۆڤ دەزانیت)، پشت بەستن بە دیاردە ئەخلاقییەکان و تواناییی عەقڵی مرۆڤ. ئەو پارادایمە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤەکان لە بەرانبەر بەڵگاندنی عەقڵیدا ڕاوەستاون.  بەهۆی ئەوەی کە گەوهەری عەقڵ بەرهەمهێن و وێناکەری جیهانێکی باشترە بۆ مرۆڤ و مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕیی لۆژیکی عەقڵانی کە ڕیشەی لە هەناوی تێگەیشتوویەکی بیرمەندانەدایە، کێشە و دژایەتییەکانیان بە شێوەی ئاشتیخوازانە و لە ڕێی وتووێژەوە چارەسەر بکەن. ئاشتەوایی، بەختەوەرەیی هەموو نەتەوەکان، دێموکڕاسیی جیهانی، پاراستنی مافی مرۆڤ، پاراستنی سروشت و ژینگە لە باوەڕ و ئەندێشە بنەڕەتییەکانی ئیدەئالیسمن. (Menzel, 2001: 51-59)

چوار تەوەرەی سەرەکیی ئامانجخوازی بریتین لە:

١_        ئاشتیی دێمۆکراتیک: کانت داهێنەری چەمکی ئاشتیی دێمۆکراتیکە، بەو مانایەی کە دەسەڵاتە دێموکڕاتیکەکان خۆ دەبوێرن لە تێوەگلان لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری، واتە دەسەڵاتە دێموکڕاتیکەکان، لەپەیوەندیی نێونەتەوەییدا خوازایاری ئاشتی و ئارامین. ئاشتیی دێمۆکراتیک پێداگری لەسەر گرینگیی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی سیاسیی کۆمەڵگەکاندا دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

٢_        بان نەتەوەخوازی: ئیدەئالیسم لە بەرانبەر ڕێئالیسمدا کە نەتەوەخوازە، پارادایمێکی باننەتەوەخوازە بە پێداگری لەسەر دەرکەوتنی بکەرە نێونەتەوەیییە نوێیەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا.

٣_        بەرژەوەندیخوازیی باننەتەوەیی: ئیدەئالیسم بە پێچەوانەی ڕێئالیسم کە کردەوەکانی لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدایە، پێداگری لەسەر پەرەی بازرگانی و ئابووریی جیهانی و باننەتەوەیی دەکات بۆ پێشگرتن لە شەڕ و پەرەپێدانی ئاشتی.

٤_        دامەزراوەخوازی: ئیدەئالیسم باوەڕی بە دامەزراوەکانی بانحکوومیە بە پێداگری لەسەر دامەزراوە نێونەتەوەیییەکان، واتە کۆڕگێڕانی نێونەتەوەییی ناحکوومی بە مەبەستی پێشگرتن بە هێژمۆنی بەربڵاوی حکوومەتەکان کە سەرچاوەی شەڕە و هەڕەشە بۆ سەر ئەهوەنییە. (مشیرزادە، ١٣٨٩: ٢٨)


پارادایمەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوای شەڕی سارد:

ئەلف: سەردەمی بیل کلینتۆن

کاتێک بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٣ بوو بە سەرۆک کۆمار، یەکەم سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو کە لە جەغزی سنووربەندییەکانی ڕۆژئاوا-رۆژهەڵات و شەڕی سارد ڕزگار بوو، لە وەها دۆخێکدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، یەکەم زلهێزی جیهانی بوو. ئەمەش وای کردبوو کە ئیتر ئەم وڵاتە ناچار نەبێت لە سیاسەتی دەرەوەدا بە پلانێکی داڕێژراوی نیزامی بۆ کۆنترۆڵکردنی جیهان هەنگاو بنێت. ئەمەش پاش چوار دەیە، هەلێک بوو تا بە شێوەیەکی بنەمایی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فامێکی نوێ لە جیهان پەیدا بکا. (Charles william, 1993: 1994, 3-5)  سیاسەتی دەرەوەی کلینتۆن لە چوارچێوەی حەول بۆ پەرەی دێموکڕاسی، گوشار بۆ سەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی و برسێتی لە ڕێی ناوەند و ڕیکخراوە جیهانییەکانەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە ئەو میراتگری ئەندێشەکانی ویلسۆن بوو، کلینتۆن لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەمریکا وەک بەهێزترین دێمۆکراسیی جیهان، بە ناچار ڕێبەر و نەزمدەری یەکگرتووییی دێمۆکراسیی جیهانیە. بە باوەڕی ئەو، ئەمریکا پێویستە لە ڕێی پەرەی دێموکڕاسی لە جیهاندا ئەهوەنیی نەتەوەییی خۆی بپارێزێت. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی کلینتۆندا، هاوکات بڕێ دیاردەی ڕێئالیسمی لەگەڵدا بوو، بەڵام ڕەگەکانی ئیدەئالیسم لە ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی بیل کلینتۆندا بەهێزتر بوو.


ب: سەردەمی جۆرج بووشی کوڕ

لەپاش هێرشە تێرۆریستییەکەی ١١ی سێپتامبر بۆ سەر ئەمریکا و لە سەردەمی جۆرج بووشی کوڕدا، ستراتێژیی ئەهوەنیی نەتەوەییی ئەمریکا لە سێپتامبری ٢٠٠٢ ڕاگەیەندرا، ئەم پلانە لەخۆگری کورتەیەک لە پلانی گەورەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو کە هەلی دەستتێوەردانی بەرگێڕەوانەی تاک لایەنە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای کردە یەکێک لە هەنگاوەکانی بنەڕەتیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. بێگومان ئەم پلانە بەرهەمی هێرشەکانی یازدەی سێپتامبەر بۆ سەر ئەمریکا، هێرشی ئەمریکا بە هاوکاریی بەریتانیا بۆسەر تالیبان بوو کە لە دواییشدا ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەددامی لێ کەوتەوە. (Schwabe, 2011: 25-82) دەشێ بگوترێ کە ڕێئالیسم وەک پارادایم و جەکسۆنیسم وەک شوناس، لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هێژمۆن بوون.


پ: سەردەمی باڕاک ئۆباما

لە ژانڤیەی ساڵی ٢٠٠٩ باراک ئۆباما وەک سەرۆک کۆمارێکی دێموکڕات و لیبرال سوێندی یاساییی خوارد. کۆگشتییەک لە حەولەکانی ئۆباما لە بەستێنی سیاسەتی دەرەوەدا بریتی بوون لە: کۆتایی هێنان بە شەڕی عێراق و ئەفغانستان، داخستنی گوانتانامۆ، سازکردنی پیوەندیی بەهیز لەگەڵ جیهانی ئیسلام، پڕ کردنەوەی قەڵشی نێوان ئەمریکا و ئەوڕووپا، حەول بۆ سازکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ ڕووسیا، دەستپێکردنی دەورەیەکی نوێی سڕینەوەی چەک و کەم کردنەوەی چەکی ناوکی، حەولی ئارام کردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، ئەهوەن کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و حەول بۆ دابەزاندنی گازە گوڵخانەیییەکان. (Von Marschall, 2014)

دیارە لادانی ئاشکرای ئۆباما لە سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی جۆرج بووشی کوڕ لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٩، خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی بۆ ئۆباما لێ کەوتەوە. دەرکەوتنی باراک ئۆباما وەک سەرۆک کۆمارێکی دێموکڕات، لەپاش جۆرج بووشی کوڕ کە کۆماریخواز بوو، بوو بە هۆی گۆڕانی سەرنج و چڕبوونەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو ژێئۆپۆلەتیکی ئاسیا-ئوقیانووسییە. واتە ئەگەر لە پلان و ستراتێژی بووشی کوڕدا ڕۆژهەڵاتی ناوین ژیئۆپۆلەتیکی جێگای سەرنج بۆ چڕبوونەوەی ئەمریکا بوو، ئەوا ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە هۆی پەرەی بەردەوامی ئابووری و هەر بەو پێیە پەرەی هێژمۆنی سیاسیی چین، بوو بە ناوەندی سەرنجی پلان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا. ئەمەش بۆ پەرەی هێز و هێژمۆنی ئارامی وڵاتی چین دەگەڕێتەوە لەو ناوچەیە، ناوچەیەک کە لەودا ئابووریی لە حاڵی دەرکەوتنەکان و یەک لەوان چین، خەریکی فۆرمدان بە نەزمێکی نوێی جیهانی بوون. (Heydarian, 2016)

 بە گشتی دەشی بگوترێ کە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما لەژێر کارتێکەریی هزر و بیری ڕوناکبیرانە و فەلسەفییانە بە پێچەوانەی کردە و ڕەوتی جۆرج بووشی کوڕ کە باوەڕێکی بەهێزی بە شەرانگێزی و کەڵک وەرگرتن لە چەک و هێزی نیزامی هەبوو، زۆرتر ئاشتیخوازانە و نەرم بوو، هەر بۆیەش ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی باراک ئۆباما دەخەنە چوارچێوەی قوتابخانەی ویلسۆنی. تایبەتمەندییەکانی قوتابخانەی ویلسۆنی وەک بنەمای ئیدەئالیسم لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بریتین لە: کەڵک وەرگرتن لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ چارەسەری کیشەکان لە جیاتی حەولی تاکلایەنە، مومکین بوونی کۆتایی هێنان بە شەڕ، قەیران و بێنەزمی و بەرهەمهێنانی ئاشتیی بەردەوام. (جکسون، سورنسون، ١٣٨٢: ٥٧-٥٩).


ت: سەردەمی دۆناڵد تڕامپ

دەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ وەک سەرۆک کۆمارێکی چاوەڕواننەکراوی پشتیوانی کراو لە لایەن بەشێک لە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، بە مانای کۆتاییی ڕەهەندەکانی ویلسۆنیسمی ڕەچاوکراو لە لایەن بارک ئۆباماوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو. دۆناڵد ترامپ  سەرۆک کۆمارێک بوو کە لەسەردەمی ئەودا ئەمریکا لە بەشێکی هەرە زۆری ڕێککەوتنە نێونەتەوەیییەکان هاتە دەر. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو بڕیارنامە گرینگانە بکرێت: ڕیککەوتنی قەدەغەی مووشەکە نێونجی مەوداکان لەگەڵ ڕووسیا، ڕێکخراوی پاکپارێزیی جیهانی، ڕیککەوتنی بازرگانیی ئۆقیانووسی ئارام، ڕیککەوتنی ئیقلیمیی پاریس، ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی ئەمریکای باشوور، ڕیککەوتنی کۆچبەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها حەول بۆ دەرچوون لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی. بە باوەڕی بەشێکی زۆر لە توێژەران، تڕامپ  بە کشانەوە لە بەشیکی زۆری ڕێککەوتنەکان، قووڵتر کردنەوەی کێشە لەگەڵ ئەورووپا، ڕووسیا و چین، بە ئاشکرا ستراتێژیی دوورەپەرێزیی ڕەچاو کرد، بەڵام بە پێچەوانەی دوورەپەرێزیی کلاسیکی سەدەی نۆزدەهەم، دەشی بگوترێ کە نێئۆدوورەپەرێزیی ڕەچاو کرد. نێئۆدوورەپەرێزی لەڕاستیدا خوازیاری کەمکردنەوەی بەڵێنە نێونەتەوەیییەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادایە، واتە فۆرمێک لە نێونەتەوەییخوازیی هەڵبژێردراو و تایبەت. (سلیمانزادە و همکاران، ١٣٧٩: ٢٧٢و٢٧٣) ڕەچاوکردنی ئەم ستراتێژییەش بۆ چاوەڕوانیی ناوخۆییی دەنگدەرانی ئەمریکی دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک کە ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠١ نزیکەی ٢٩ لەسەدی ئەمریکییەکان خوازیاری پەرەی دێموکڕاسی بوون وەک ئامانجێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٣ ئەم ڕێژەیە دادەبەزێتە ١٨ لە سەد. (Brands, 2017)

بۆیە توێژەران، ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد تڕامپ بە شوناسی جەکسۆنیسم پیناسە دەکەن. جەکسۆن حەوتەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو. ئەو کەسیکی پۆپۆلیست بوو کە لە نێو عەوامی کۆمەڵگادا هێز و خۆشەویستییەکی بەرچاوی هەبوو، لە ڕاستیدا شوناسی جەکسۆنی لە سیاسەتی دەرەوەدا پێناسەکەری سیاسەتێکی پۆپۆلیستانەیە. (Schweigler, 2003: 59) لەڕاستیدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی دۆناڵد تڕامپدا، تێپەڕین لە سیاسەتی بەشداریی ئەکتیڤ و هاوکاریی فرەلایەن بەرەو پەیوەندییە تاکلایەنەکان بوو، واتە دژایەتی لەگەڵ فۆرماسیۆنی نەزمی نێونەتەوەییی لیبراڵ و سەرنجی زیاتر بۆ ناو سنوورەکانی ئەمریکا بە مەبەستی چڕ بوونەوە لەسەر ناوخۆ و دۆخی ناوخۆییی ئەمریکا.


سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی جۆ بایدێندا:

دەرکەوتنی جۆ بایدێن لە ئاسۆی سیاسی ئەمریکا وەک سەرۆک کۆمار، دەشێ بگوترێ بە مانای ماڵئاوایی لەگەڵ ستراتێژیی نیئۆدوورەپەرێزی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە. بە واتایەکی تر بە مانای گەڕانەوەی بەهێزی شوناسی ویلسۆنی، ڕوانگەی لیبراڵ، پەرەی دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ و پێکهاتەخوازییە بۆ ناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ویلسۆنخوازی لەخۆگری دوو ڕەهەندە، یەکەم ڕەهەندی ئەخلاقی بە مانای بەرپرسیارێتی بە مەبەستی پەرەی بەها دێمۆکراتیکەکان لە جیهاندایە بە مەبەستی پێکهێنانی کۆمەڵگای نێونەتەوەییی ئاشتیخواز کە ڕەچاوی یاسا نێونەتەوەیییەکان دەکات و دووهەم ڕەهەندی بەرژەوەندیی نەتەوەیی. ویلسۆنخوازەکان باوەڕمەند بە بنەماکانی دێمۆکراتیک، دێمۆکراتیکسازی بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و نیزامی، بازەرگانیی جیهانی لیبراڵ، ئەهوەنیی گشتی، فرەڕەهەندخواز و مافی دیاری کردنی چارەنووسن بۆ دەرچوون لە دۆخی ئانارشیک و گەیشتن بە ئاشتی و ئەهوەنین. (Gärtner, 2009: 72) ئەم دیاردانە کە وەک بنەماکانی شوناسی ویلسۆنی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا پەرەیان پێ دەرێت، ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤ و دێموکڕاسین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک ئەساس و بنەمای ئاشتەوایی جیهانی، ئازادی، ئەهوەنی و بەرژەوەمی گشتی. لە ڕاستیدا ویلسۆنخوازەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە غیابی بەها دێموکڕاتیکەکان و مافی مرۆڤ، هیچ ئاشتی و ئەهوەنییەک لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەرهەم نایەت.

بە چاو خشاندنێک بەو ڕەخنە و گازندانەی لە هەڕەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا جۆ بایدێن وەک پاڵێوڕاوی دێموکڕاتەکان ڕووبەڕووی دۆناڵد ترامپی دەکردەوە، تا ڕادیەکی زۆر دەکرێ پلان و ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوون بکرێتەوە. شیمانەی بەهێز دەکرێت کە ئەمریکا بگەڕێتەوەوە هەموو ئەو ڕیککەوتنانەی کە دۆناڵدتڕامپ وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا لێیان هاتووەتەدەرەوە. لەگوێن نەریتی دێموکڕاتەکان مافی مرۆڤ و دێموکڕاسی سەرلەنوێ دەبێتەوە خاڵی گرینگی گوشار بۆ سەر دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە پاوانخوازەکان. زۆر لەوە دەچێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین مانگی هەنگوینی ئەمریکا لەگەڵ عەڕەبستان کۆتاییی پێ بێت، ئەمریکا بگەڕێتەوە ڕیککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و لەگەڵ پاراستنی باڵوێزی وڵاتەکە لە ئوورشەلیم، پێشبگرێت بە پەرەی شارۆچکەسازی لەلایەن ئیسرائیلەوە و هەروەها یارمەتییەکانی بگەرێنێتەوە بۆ فەلەستینییەکان.

 
ڕەهەندە گرینگەکانی سیاسەتی دەرەوەی دێموکڕاتەکان و کورد:

ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی دێموکراتەکان لەناو پیکهاتەی بنیادنانی ئاشتەوایی و ئەهوەنی لەسەر ئەساسی پەرەی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤدا بەرهەم هاتووە، هەرچەند کورد هێشتا وەک کەسایەتییەکی حقوقیی خاوەن کەرەستەکانی کارتێکەری، بە فەرمی لەناو نیزامی نێونەتەوەیی نیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کورد هەموو دەرگاکانی نیزامی نێونەتەوەییی بە ڕوودا داخراوە، بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی دێمۆکراتەکاندا کە دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ وەک گوشار بە دژی دیکتاتۆرەکان بەکار دێنن، کورد دەتوانێ بە گەڵاڵەکردنی گوتارێکی نەتەوەیی کە هەموو هێز و لایەنە جیاوزەکان و هەموو ئایدیاکان، خۆیانی تێدا ببیننەوە و وەک سەرچاوە لەوڕا خۆیان پیناسە بکەن، سەرەتا لەناو کۆمەڵگادا بەرهەمهێنی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بن، هەر لەسەر ئەساسی ئەو گوتارەش، پلانێک بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکانی کورد دابڕێژن. کورد هەتا ئێستاش نەیتوانیوە گوتاری نەتەوەخوازیی خۆی لە دەوری دالە جیهانییە پەسەندکراوەکانی وەک دێموکڕاسی و مافی مرۆڤدا مەفسەلبەندی بکات. ئەگەر کورد بتوانێت خواستی نەتەوەیی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی لە ئێران لە چوارچێوەی حەول بۆ دێموکڕاتیزە کردنی کۆمەڵگا و مافی مرۆڤدا کاناڵیزە بکات، واتە پێشێل کردنی مافی نەتەوەییی کورد لە چوارچێوەی پێشێلکردنی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ و وەک ڕەهەندێکی دێموکڕاتیک و مافی مرۆیی پێناسە بکات، ئەوا دەتوانێت بکەوێتە بەر سەرنجی ناوەندە مەدەنی و نێونەتەوەیییە جیهانییەکان.



ئاکام:

لە وڵامی پرسیار لە پارادایمەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشێ بگوترێ هەرچەند پەیوەندیی بە دۆخ و ڕەوتی ڕووداوە نێونەتەوەیییەکان لە ئێستا و داهاتوودا دەبێت، بەڵام بە گشتی ڕەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی جۆ بایدێن، وەک سەرۆک کۆماریکی دێموکڕات بریتی دەبێت لە: فرەلایەنیخوازیی نێونەتەوەیی، گرینگایەتیی مافی مرۆڤ، پەرەی دێموکڕاسی، گرینگیی دەور و نەخشی ڕیکخراوە نێونەتەویی، ناحکوومی و مەدەنییە جیهانییەکان و حەول بۆ پەرەی ئاشتەوایی. هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی پەرەی بەردەوامی هێژمۆنی چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بە تایبەت لەپاش دەرکەوتنی ڕێککەوتنی چین لەگەڵ وڵاتانی پەرەئەستاندووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوقیانووسییە، بێگومان ئەم ژێئۆپۆلەتیکە ژێئۆئیستراتێژیکە، پێگەیەکی قورس و مسۆگەرتری دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکادا و ڕۆژهەڵاتی ناوینیش لەوە دەچیت بە حەولەکان بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕیککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئیران، گرینگایەتیی ئەم بەشە لە ژێئۆپۆلەتیکی جیهان بۆ ئەمریکا لە پاش ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا جێ بگرێت. لەهەمان کاتیشا کە پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ڕەنگە دابەزێت، بەڵام بوونی دەسەڵاتە دیکتاتۆڕ و پاوانخوازەکان لەم ناوچەیە، بێگومان وەک سەرچاوەی کێشە و قەیران دەتوانێ کاناڵێک بێت بۆ کوردی شوناسخواز و دێموکڕات، تا بتوانێ وەک مەرجەعێکی جێگای متمانە بکەوێتە بەر سەرنجی ئەمریکا.


سەرچاوەکان:

فارسی

باقری دولت آبادی، علی و حسین سیاپوشی (١٣٩٩)، تعامل و تقابل گفتمانهای سیاسی و ڕاهبردهای ملی در سیاست خارجی ایران، فصلنامه ڕاهبرد سیاسی، شمارە ١٢.

جكســون، ڕابــرت و سورنســون، گئــورك ( ١٣٨٢)، درآمــدی بــر ڕوابــط بــين الملــل، ترجمه مهدی ذاكريان و همكاران، تهران: نشر ميزان.

سلیمانزادە، سعید، علی امیدی، سحر براتی (١٣٩٧)، ڕاهبرد سیاست خارجی ترامپ، هیبرید نوانزواگرایی و واقعگرایی، فصلنامە مطالعات ڕاهبردی سیاست گذاری عمومی، دورە ٨، شمارە 28.

قاسمی، فرهاد (١٣٩١)، اصول ڕوابط بینالملل، تهران، نشر میزان.

مشيرزاده، حمیرا (١٣٨٩)، تحول در نظریەهای ڕوابط بینالملل، تهران: سمت.

لاتین:

Maynes، Charles William (1993-94), A Workable Clinton Doctrin, in: Foreign Policy, Jg. 93.

Hal, Brands (2017), “Can U.S. Internationalism Survive Trump? American internationalism is not dead yet, but that it faces serious longterm maladies “. https://foreignpolicy.com/25.05.2017/can-u-s-internationalism-survive-trump/ (Accessed on: 22.12.2018).

Hartmann, Jürgen (2001): Internationale Beziehungen (= UTB für Wissenschaft 2222 Politikwissenschaft). Leske + Budrich, Opladen.

Haydarian, Richard J. (2016), “The Obama Doctrine: Middle Eastout, Asia in,” Aljazeera, March 22, available at،http://www.aljazeera.com Hiatt.

Heinz Gärtner(2009): Obama – Weltmacht auf neuen Wegen, Wien Berlin Münster.

Schieder & Spindler (2010): Realismus. In: Siegfried Schieder, Manuela Spindler (Hrsg.): Theorien der internationalen Beziehungen. 3. Auflage, Verlag Barbara Budrich, Opladen.

Menzel, Ulrich (2001): Zwischen Idealismus und Realismus. Die Lehre von den internationalen Beziehungen. Suhrkamp, Frankfurt am Main.

Wittkopf, Jones, & Kegley Jr, 2007)، American Foreign Policy – Pattern and Process. 7. Auflage. Thomson Wadsworth, Belmont.

Rohde, Christoph (2015): Der Staat als Mythos und Religion: Hans Morgenthaus Kritik am nationalistischen Universalismus und Imperialismus. In: Jodok Troy, Christoph Rohde (Hg.): Macht, Recht, Demokratie – zum Staatsverständnis Hans J. Morgenthaus. Baden-Baden, Nomos (Reihe Staatsverständnisse).

Schmidt, Brian (2005): Competing Realist Conceptions of Power. In: Millennium: Journal of International Studies. Vol. 33, No. 3.

Schwabe, Klaus (2011): Weltmacht und Weltordnung. Amerikanische Außenpolitik von 1898 bis zur Gegenwart. Eine Jahrhundertgeschichte. 3., durchg. und aktual. Auflage. Schöningh.

Schweigler, Gebhord (2003), Domestic Sources of US Foreign Policy, in: Bernhard may/ Michaela Hanicke Moore (ess.): The Uncertain Superpower. Domestic Dimensions of U.S.

Triepel, Heinrich (1938), Die Hegemonie. Ein Buch von führenden Staaten.

von Marschall, Christoph(2014): Obamas Außenpolitik, https://internationalepolitik.de/de/obamas-aussenpolitik.

Wilhelm, Andreas (2006): Außenpolitik. Grundlagen, Strukturen und Prozesse. Oldenbourg, München u. a.