ئارامتر بخوێنەوە!
ئاریشەی هەڵاواردن لە زماندا
(سەرنجێک لە دیدی ئانارشیستی و فێمێنستی لەمەڕ زمان)
مەسعوود بابایی
بەرایی
ڕەوتە مافخوازەکان لە ئەنجامی تاوسەندنی چەوساندنەوەدا بەرەو جۆرێک لە پەڕگیری دەڕۆن و سەرنج لە کۆمەڵە خاڵێکی زۆر ورد دەدەن و بە یەکێک لە نیشانەکانی چەوساندنەوە لە قەڵەمی دەدەن. بزاڤی ڕادیکاڵ و پاشان پەڕگیر(شمولی، افراطی)ی فێمێنیزم، ئانارشیزم و کۆمۆنیزم لە لایەنە تیۆرییەکەیاندا سەرنجیان بۆ ڕەخنەی زمانەوانی ڕاکێشاوە و تێماکانی نێرسالارییان لەنێو زماندا زەقوزۆپ کردووەتەوە و ئەم توخمانەی نێو زمانیان بە سەرچاوەی ڕوانگەی ستەمکارانەی پیاوسالاری و دینسالاری لە جیهانی پێش مودێڕنیتە و دوای مودێڕنیتە لەقەڵەم داوە. هەڵبەت لە بواری دەروونشیکاریی زمان و کۆمەڵناسیی زماندا هەندێ بەرەنجامی بەرچاویان وەدەست هێناوە کە شایانی هەڵوەستە و سەرنجە؛ بەڵام گشتگرکردنی بەرەنجامەکان هەندێ ئاریشەی ئافراندوون کە لێرەدا مەبەستمە لە ئاریشەکان بدوێم.
ئانارشیزم (Anarchism)
ئانارشی لە ڕیشەی یونانیی Anarkia(بێ سەروەری) وەرگیراوە، بەریان(گرایش، انتما)ێکی سیاسی – کۆمەڵایەتییە کە خوازیاری ئازادیی تاکەکەس لە هەموو کۆتوبەند و سایەسایی(قیمومت) و سەروەرییەکانە و خوازیاری سڕینەوەی بوونی پەنگراو(بالقوە)و بەرنهێم(بالفعل)ی حکومەتەکانە. لایەنگرانی ئەم تیۆرییە خوازیاری لەنێوچوونی هەر جۆرە دەوڵەتێکن و مرخیان لە ئەنجومەنە ئازادەکان و هاوکاریی خۆبەخشانەی تاکەکەس و گرۆکان خۆش کردووە و دەیانهەوێ ئەم شێوە بەڕێوەبردنە لەجێی دەوڵەت دابنێن. واتە جۆرێک خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە لە لایەن کۆمەڵگەوە.
زۆر کەس ڕیشەی ئانارشیزم دەبەنەوە سەر فەلسەفەی یونان و بەتایبەتی ڕێبازی کەلبییەکان (cynics).
سێن پۆل یەکێک لە ناودارترینی یارانی مەسیح لەمەڕ پێویستیی هەبوونی دەوڵەت و خۆبەدوورگرتن لە دژایەتیی دەوڵەت لە نیوەی یەکەمی سەدەی یەکەمی زایینی وەهای گوت: “ئەمە گوناهەکانی خەڵکن کە خودای ناچار بەوە کرد تا بەسەریاندا فەرمانڕەوایی بکات. دەسەڵات و فەرمانڕەوایی، گوێڕایەڵیی گەرەکە و هەڵگەڕانەوە لێی، هەڵگەڕانەوە لە دەزگای دادی یەزدانییە”. “گوناه” و “گوناهی یەکەمین”، چەمکێکە کە لە تەوەری فێمێنیزمدا دەخرێتە بەرباس.
ڕەنگە لەمە زیاتر باسکردنی پێناسەی ئانارشیزم، درێژدادڕییەکی ناپێویست بێت؛ ئەوەی لێرە بە گرنگی دەزانم ئەوەیە کە دژایەتیی دەوڵەت یان دەسەڵات و دامەزراوەکانی فەرمانڕەوایی لە سۆنگەیەکی ئازادیخوازانەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەڵبەت جێگرەوەکەی تا ئێستە نەیتوانیوە تاقیکردنەوەیەکی باشمان نیشان بدات. گوتەکەی سێن پۆل، خاڵێکی گرنگمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەویش وەک ئەوەیە پێمان بڵێت ئەرکی دەوڵەت پاراستنی دادی یەزدانییە. ئەمە لە فەلسەفەی سیاسیی سەدەکانی ناڤیندا بەزەقی دەبینین و ئەگەر بیروبۆچوونە سیاسییەکانی ئوگۆستینوس و تۆماس ئەکویناس بخوێنینەوە، شوێنپێی بۆچوونەکەی سێن پۆل بە زەقی دەبینین. بەهەرحاڵ لە خۆرهەڵات و لە فەرهەنگی سیاسیی خەلافەتی ئیسلامیدا، ئەرکی دەوڵەت جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خودا بووە و بەختەوەریی تاکەکەس لە چوارچێوەی دەرکەوتی دادی یەزدانی لە دەوڵەتدا ڕاڤە کراوە. واتە ئەمە ڕیشەکانی دینسالارین کە بە زەقی لە شەریعەتدا دەردەکەون و هەم ئانارشیستەکان و هەم فێمێنیستەکان ڕا و بۆچوونی هاوبەشیان هەیە و هەردووک لەتەک ئەم دامەزراوەیەدا لە کێشەدان. تەنانەت پاش سێکۆلاریزەبوونی دەوڵەتان، شوێنپێ و زناک(trace)ی دین بەتەواوەتی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەر دەبینرێ؛ ئەوە ئەو شتەیە کە فێمێنیستەکان لە ڕەگەزی پیاودا – وەک دەسەڵاتداری ڕەهای نێو مێژوو – دەیبینن و لەگەڵیدا ناکۆکن.
ئانارشیستەکان، هەمیشە سەرنجیان لەو هیرارشییە داوە کە بە”زنجیرەپلەیەکی بایەخدانان” لە چوارچێوەی “ئایین – دەوڵەت” بە درێژاییی مێژوو لە ئارادا بووە و سیستەمی بایەخەکانی لە چوارچێوە ڕەوشتییەکاندا پەستاندووە؛ ئەمە کە “دەوڵەت” “لە سروشتی خۆیدا چەوسێنەرە” ڕێژەیەک لە ڕاستیی تێدایە. چونکە “دەسەڵات لە سروشتی خۆیدا چەوسێنەرە”. هەڵبەت “شیرازە/ تەکووزی(نظم)” بە زنجیرەپلەی بایەخەکانەوە، لە خۆیاندا ڕێسا و یاساکان لە پرۆسەیەکی”مانابەخشین”دا دادەڕێژن و پرۆسەیەک لە “ئافراندنی هەقیقەت” وەڕێ دەخەن کە بیروهۆشی ئادەمیزاد وەها لە کەستەک دەدەن کە بێجگە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا “هەقیقەت” خۆی دەرناخات؛ چونکە “دەوڵەت” تەنیا سیستەمێک لە بەڕێوەبردن نییە، بەڵکوو “کارگەیەکی مرۆڤسازی”یە.
ئەمە کە دەوڵەت مرۆڤێکی دەزگایی و دەستەمۆ و ملکەچ دروست دەکات، باوەڕی ئانارشیستەکانە و سەرچاوە هزرییەکانی ئەم باوەڕە لە ڕاڤەی دەقەکانی “ڕۆسۆ” و “نیچە”دا بەدیدەکرێن. بۆیە دەڵێم “ڕاڤەی دەقەکان”؛ چونکە ڕاڤەی نیشانەناسانەی ئەو دەقانە وەها توانستێکیان هەیە ببن بە بنەمای وەها باوەڕانێک. “پەیمانی کۆمەڵایەتی”ی ڕۆسۆ، بەرەنگاری”لیڤیاسان”ی هۆبز دەبێتەوە و بیچمی دەوڵەت دەگۆڕێت. ئەوە لەکاتێکدایە ئەوەی بە دڵی ڕۆسۆیە “ئازادییە لە سروشتدا”؛ بەڵام خۆ ناتوانین پێش بە ڕەوتی گەشەی ژیار بگرین و پاڵنەرە “خۆیەکی(ذاتی)” و بابەتییەکانی مرۆڤ هەمیشە بەرەو ئاقاری گۆڕانکاری دەچن و دروستکردنی “دەسەڵات” و “دەوڵەت” وەک ناچارییەکی مێژوویی وەک بڵێی لە چارەی مرۆڤدا نووسراوە. بۆیە جیهانی”ئیمیل” و “پەیمانی کۆمەڵایەتی” ئێجگار جیاوازن. بەڵام ئاشکرایە ئەوەی سروشتی دەوڵەتان دەگۆڕێت “دەستوور” و “یاساکان”ن و لەم سۆنگەیەوە ئاشکرایە بە لەبەرچاوگرتنی “کەتواری ژیار” و نەگەڕانەوە بۆ خاڵی سفر کە هەمان دۆخی سروشتییە – “شەڕی هەمووان بە دژی هەمووان – هۆبز” – ڕۆسۆ لانیکەم چارەسەرەکە لە “پەیمانی کۆمەڵایەتی”دا دەبینێتەوە. بەڵام ناتوانین بێژین هزری سیاسیی ڕۆسۆ یان ڕۆسۆی یەکەم، ئیلهامی ئانارشیستەکان نەبووە.
“نیچە” لە ڕەخنەئاژنکردنی مودێڕنیتە و دامەزراوەکانیدا توندترە؛ چونکە سەردەمەکەی هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی دەوڵەت – نەتەوە ئەورووپاییەکان و نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە دەوڵەتی سێکۆلار وەک خودایەکی سەرزەمینی و دابڕاو لە “سروشی یەزدانی” دەبینرێت. هەڵبەت دیارە کە ئایدیۆلۆژیاکانی ناسیونالیزم، ڕاسیزم و فاشیزم، مارکسیزم و بیروبۆچوونە لیبراڵییەکانیش – لە جیهانی ئەنگلۆساکسۆندا – بەرەبەرە هێڵەکانیان دەستنیشان و جیا دەکردەوە و فەلسەفەی سیاسییش بەرەبەرە ڕەگەکانی لە خاکدا دادەکوتا و بەریانی خۆی وەک لقێکی جیاواز لە ئیپیستمۆلۆژیا جیا دەکردەوە.
ئەمانە لە دیدی ڕەخنەیی نیچەوە کە دامەزراوە مودێڕنەکانی وەک کارگەیەکی “یەکسانسازی” دەبینی – دیارە ناتوانین بڵێین ئاراستەی ڕەخنەکەی نیچە بەستێنێکی دیمۆکراتیکی هەیە – هەوێنی ڕەخنەی ئانارشیستین و لەوێشەوە دەتوانی شۆپاژۆی ڕەخنەی زمانی بکەین.
سێ چەمکی گرنگی “هێژایەتی”(فضیلت)، “هەقیقەت” و “دادپەروەری” لە فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتووندا پێگەیەکی بەهێزیان هەیە و دەرکەوتی تەسەلی ئەم سێ چەمکە لە یۆتۆپیادا، ئامانجی مرۆڤ کە بریتییە لە “بەختەوەری” وەدی دەهێنن. من، بۆیە لە ڕوانگەی نیچەوە، بەرەو ڕوانگەی ئانارشیستەکان ڕێگەی بەڵگەهێنانەوەکە دەگرمە بەر چونکە پێم وایە دامەزراوەکانی دەوڵەتی مودێڕن لە ڕێگەی بەخشینی “ڕەوایی”ی(مشروعیت) ڕەوشتییەوە، نەتەوە یان خەڵک قایل دەکەن هەبوونی ئەم سێ چەمکە لە “دەوڵەت”دا دەردەکەوێ و هەستکردن بە “سەروەری”، “ئازادی” لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و “بەختەوەری”یش هەمان ئازادییە؛ هەڵبەت وەک پێشداوەرییەک ئەمە باس دەکەم، چونکە هەستکردن بە ئازادی لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە، ڕەنگە هیچ پێوەندییەکی بە تێگەیشتن لەو سێ چەمکەوە نەبێ. چێژی “خۆشبژێوی” لای خەڵک زیاتر دەتوانێ هەستی “بەختەوەری” ببزوێنێ و “ئازادی” مانایەکی سرکە کە تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمدا پێناسە دەکرێت و ڕێککەوتن لەسەر ماناکانی ئاستەمە.
نیچە دەپرسێت: “کە وابوو هەقیقەت چیە؟ سوپایەکی بزواو لە میتافۆرەکان، خوازە ڕەهاکان و چەشنەکانی بەراورد بە خودی مرۆیی، بەکورتی: کۆمەڵەیەک لە پێوەندییە مرۆییەکان کە بە شێوەیەکی شاعیرانە و دواندەرانە(ڕیتۆریک، خطابی)چەندین و چەندان جار گۆڕدراون و ڕیزبەندی کراون و هەنووکە لەپاش بەکارهێنانی دوورودرێژ و بەردەوام، لە دیدی مرۆڤەکانەوە هەقیقەت وەک بابەتێکی نەگۆڕ و یاسایی و شایان و پێویستی پەیڕەویلێکردن خۆی دەنوێنێ. ڕاستییەکان کۆمەڵە ساویر(وهم)ێکن کە ئێمە لە بیرمان چووە ئەوانە ساویرەکی(وهمی)ن. میتافۆرانێکن کە بە هۆی زۆر بەکارهاتنەوە سواو و لە وزە کەوتوون، وەکو ئەو دراوە کانزایییانەی نەخش و نیگاریان هەڵبزڕکاوە و ئیدی وەک پاتۆرێکی کانزایی لەقەڵەم دەدرێن نەک دراوێکی فەرمی”.
ئەم پەرەگرافە دەتوانێ ببێتە هەوێنێکی گەورەی ڕەخنە لە دامەزراوەی دەوڵەتی مودێڕن لە ڕوانگەی ئانارشیستەکانەوە، هەر بەو شێوەیەی کە بووەتە ئیلهامی ڕەخنەی پۆست مودێڕنیستەکان لە ڕاڤە و ڕەخنەی هەقیقەتی بەدامەزراوەکراوی مودێڕنیتە. هێزی گەورەی زمان لەوەی کە خوازەیەک بۆ هەقیقەتێک وەربگۆڕێت و دەرخواردی کۆمەڵانی خەڵکی بدات، دەسکەلایەکی باشی ڕەخنەیە و هەڵبەت مایەی تێڕامانە و بە ئاسانی ناتوانین ڕەخنەی نیچەیی لە چەمکە ئەفلاتوونییەکان پشتگوێ بخەین و هێزی وێژمان(گوتار، دیسکۆرس)ی ئانارشیستەکانیش ڕەنگە لەم دەراوەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەرچەند ئاسان نییە نیچە بە ئانارشیست لەقەڵەم بدەین، تەنیا لەبەرئەوەی هێشتا نازانین “کەڵەمرۆڤ”(ئابرمانش/ ابرانسان)ەکەی، لە چ سیستەمێکی سیاسیدا جێی دەبێتەوە.
ئەگەر “هەقیقەت”، میتافۆر و خوازەیەکی ڕەها(مجاز مرسل)بێت، ئیدی تەنیا ڕاگواستنی بەستێن لە ئارادایە نەک سەرچاوەیەکی میتافیزیکی یان هەر شتێکی دیکە. چونکە ئەگەر “هەقیقەت” مرۆڤکرد بێت، کە وابوو زمانکردە و لەو ڕووەوە باسکردن لە “هەقیقەت” وەک پێدراوێک لە دەرەوەی ئاوەزی مرۆڤ یان دیتێرمینیزمێکی لۆژیکی یان بەڵگەنەویست(ئەکسیۆم، بدیهە)، سروشتی سەرچاوەی “ڕەوایی”ش دەگۆڕێت. هەرچەند ئەمە دەبێتە مایەی “سیکۆلاریزەکردنی دەوڵەت”، لەگەڵ ئەوەشدا “هەقیقەت” بۆ بەرهەمی “پەیمان/گرێبەست(عقد،قرداد) وەردەگۆڕێت. هەرچەند ئامانجی نیچە، لەم بەڵگەهێنانەوەیەی مندا جێی نابێتەوە، بەڵام لەو باوەڕەدام “ئانارشیستەکان” دەتوانن ئاخێزگەی یەزدانی یان میتافیزیکیی دەوڵەت ببەنە ژێر پرسیار. دیارە داڕمانی بونیادی هەقیقەتی میتافیزیکی یان هەقیقەتی یەزدانی، خۆبەخۆ سروشتی پێناسەی هەردووک چەمکی”هێژایەتی” و “دادپەروەری” دەگۆڕێت. ئەمە کە “دادی یەزدانی” لە یەزدانناسیی مەسیحیدا تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەشێ بێتە دی و هێژایەتیی مرۆی ئیماندار لە چوارچێوەی “هەقیقەتی یەزدانی” – کە لە دەوڵەتدا دێتە دی – بە ڕووخانی ئاخێزگەی هەقیقەت، بەتێکڕا دەڕمێ. خۆ ئەگەر بتوانین ئەم پرۆسەیە لەمەڕ “دەوڵەتی یەزدانی/ دینی” بەرینە پێش، هەر بەو شێوەیەش دەتوانین ئەم ڕەخنەیە لەمەڕ “دەوڵەتی سیکۆلار” بەرینە پێش و تەنانەت دەشتوانین وەک شمشێری دیمۆکلێس، هەقیقەتی ئانارشیستەکانیشی پێ ببڕینەوە، مەگەر ئەوەی کە ئانارشیستەکان دروشمی هیچ هەقیقەتێک هەڵنەگرن! جا لەو دەمەدا تەنیا شتێک کە دەمێنێتەوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی سروشتییە، واتە هەر ئەو وێستگەیەی کە “هۆبز” ڕەخنەی لێ دەگرت!
لای ئانارشیستەکان ڕەخنەی زمانی ڕوو لەو سیستەمە چەمکییە دەکات کە زنجیرەپلەی دەسەڵات لە دەوڵەتدا لە ڕێگەی زمانەوە دەیسەپێنێ. نیشانەدارکردن لە “هیرارشی”دا، هاوپێناوی”بەپیرۆزکردن”ە. بۆیە بانگەشەکردن بۆ “سڕینەوەی پیرۆزی” لە زمان، داماڵینی بەشێک لە نیشانەیە کە بەشێوەیەکی پەنامەکی(ضمنی) یا تێپێچراو(تلویحی) لە مانای وشەدا ئاخنراوە. بۆ نموونە “کاهینی پەرستگە” بەدەر لەوەی کێیە، “ئاخڵەی پیرۆزی” بە دەوریدا کێشراوە، نەک لەبەر خۆی، بەڵکوو لەبەر شوێنەکەی. لەو دەمەدا لێدان لە مانای “پەرستگە” جێ پێی کاهین لەق دەکات. چونکە “هەڵگری هەقیقەت” نیشانەیەکی جووڵاوە و نیشانەگۆڕکێی سیستەمەکە تێک نادات، بەڵام لێدان لە “شوێنی پیرۆز” سەقامگیریی سیستەمەکە تێک دەدات – یان لە ڕوانگەی ئانارشیستەکانەوە تێکی دەدات -. بەڵام دەرهەستێتیی (ذهنیت)مانا لە دەرکەوتی بەرهەستەکیی(تجلی عینی) بەهێزترە. بینینی مانای سیستەماتیزەکراو وەک سەرچاوەی سەرەکیی”هەڵاواردن” و “چەوساندنەوە” و هتد، ڕەنگە ئەو هەڵەیە بێت کە دەکرێ ئانارشیستێک تووشی ببێ. ئەمە کە مانایەک بە درێژاییی مێژوو ڕەگی لە بیروهزری کۆمەڵگەیەکدا داکوتاوە، هێزەکەی تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراوەکاندا وەدەست ناهێنێت، هەرچەند دامەزراوەکان دەتوانن لە ئەنجامی بەکارهێنانی بەردەوامی ئەو مانایەوە وا لە کۆمەڵانی خەڵک بکەن کە خوو بە ماناکەوە بگرن و بەم شێوەیە مانا دەتوانێ تاودەرەوەی “هەقیقەت”ی بەدامەزراوەکراو بێت. بەڵام ئەگەر بڕوامان بە “ماناکێشەکێ”(تداعی معانی) هەبێت، بۆمان دەردەکەوێ پێش ئەوەی هیرارشی بتوانێ ئەو مانایە بنجبەست و دامەزراوەیی بکات، “فەرهەنگ” بەستێنەکەی بۆ ڕەخساندووە و ئەزموونی کردووە و ئەگەر “هەڵاواردن”ێک لە ماناکەدا هەبێت، ئەو هەڵاواردنە “توانست”ێکە کە هیرارشیی دەسەڵات توانیویەتی بیقۆزێتەوە نەک دروستی بکات. ئەمە “هەقیقەت”ەکە نییە کە “هەڵاوارن”ەکەی ڕەخساندووە، بەڵکوو ئەوە “هەڵاواردن”ەکەیە کە بووەتە دەسمایەی “هەقیقەت”. هەر بۆیە پێم وایە دژایەتیی مانای هەقیقەتی دەوڵەت لای ئانارشیستەکان، سۆنگە و ئاراستەیەکی هەڵەی گرتووەتە پێش و ئەمە کە بێژین سیستەمی هەقیقەتی دەوڵەتی، هەڵاواردنی ڕەخساندووە بێمانایە؛ چونکە سیستەمی ماناییی کۆمەڵگە، توانستە ماناییەکانی، لە کێڵگەی ماناییی خۆیدا بەرهەم هێناون و کاری دەوڵەت ئەوەیە کە ماناکان “دەسچن” بکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان، کۆمەڵگە بتوانێ ئەو مانا دەسچنکراوە بە “هەقیقەت” لەقەڵەم بدات. لەم سۆنگەیەوە “ڕەمزپەڕژان” لەسەر بنەمای ئەو پێشخانە فەرهەنگی – کۆمەڵایەتییەی زمان ڕادەپەڕێنرێ کە پاشخانەکەی “هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی”یە و خودی کۆمەڵگە بەرهەمی دەهێنیت و “دەوڵەت” ماناکان دەسچن دەکات؛ چونکە ئەگەر دەوڵەت لە دەرەوەی “مانای ئەزموونکراوی کۆمەڵایەتی” هەقیقەتی خۆی بەرهەم بهێنێت، نە تێگەیشتن و نە گوێڕایەڵی و نە ملکەچی و بەریان بۆ دەوڵەت سەر ناگرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە ماناکانی کێڵگەکە ناناسێتەوە، ئیدی چۆن بتوانێ پەیڕەوی بکات. تەنانەت لەنێو سەپاندنیشدا “ڕەوایی”ی سەپاندنەکە لە مانای “پەنامەکی” و “تێپێچراو”دا خۆی دەردەخات. مەحاڵە مانایەک بسەپێنی کە هەمووان لێی تێنەگەن و پێی قایل بن، چونکە خەڵک بۆ قایلبوون پێویستیی بە هەڵهێنجانە تا بتوانێ “پاساو” بۆ ملکەچییەکەی بهێنێتەوە و “ویژدان”ی ڕازی بکات؛ بۆیە تەنانەت دەوڵەتی ستەمکاریش دەبێ لە مانای پەنامەکی و تێپێچراو تێبگات تا بتوانێ “ویژدانی کۆمەڵگە” کۆنترۆڵ بکات. لەو باوەڕەدام بەدینەکردنی ئەمە بەتایبەتی لە لایەن ئەنارشیستەکان و بەشێوەیەک لە شێوەکان لە لایەن فێمێنیستەکان وای کردووە لەو دیتێرمێنیزمە فەرهەنگییەی بارگاویکردنی ماناکان تێنەگەن و هەمیشە سێرە لە “دەستوور” و “یاساکان” بگرن و “دەوڵەت” بە سەرچاوەی سەرەکیی “ستەمکاری” بزانن، ئەوە لەکاتێکدایە ئەگەر “فەرهەنگ” ئەو ستەمکارییەی بە شێوەیەکی تێپێچراو تێدا نەبێت، یاساش ناتوانێ “ڕەوایی”ی پێ بدات. تەنانەت ئەگەر لە نێوان “دینی کۆمەڵایەتی” و “دینی دەوڵەتی”دا گەرای “هەڵاواردن چەشنی دادپەروەری” نەڕێژرابێت، دیسان مەحاڵە “ڕەوایی” بەشێوەیەک لە شێوەکان فرچک بگرێت. ڕەوتی دیمۆکراتیزەبوونی کۆمەڵگەکان، ڕەوتێک نییە دەوڵەت بەتەنیا بەرهەمی بهێنێت، بەڵکوو جووڵەی نێوەکیی جڤاکە کە لە ئەنجامی “ڕۆشنگەری” لە “دەوڵەت”دا ڕەنگ دەداتەوە و ئەمە پێوەندییەکی دیالکتیکییە. بەڵام خۆشخەیاڵییە ئەگەر بێژین دەتوانین بەتەواوەتی زمان لە ماناکانی “هەڵاواردن” بتارێنین، تەنیا بەو پاساوەی کە هەوێنی”چەوساندنەوە”یە. بەتایبەتی ئەمە ئەو شتەیە کە فێمینیستەکانی تووشی جۆرێک لە کاردانەوەی هیستریک کردووە. ڕەنگە جیاوازییەک کە لە پێوەندی بە ڕەخنەی زمانی لەنێوان “ئانارشیستەکان” و ‘فێمێنیستەکان”دا هەبێت جیاوازییە لە “هەڵاواردنی زمانی لە دەسەڵاتدا” و “هەڵاواردنی زمانی لە مافدا”. ڕەخنە لە پێوەندییە نیشانەناسانەکانی زمان لەنێو ئۆتۆریتی و سەپاندنی جۆرێک لە باڵادەستیی ماناییی پێوەندیدار بە میتافیزیک و دین – کە لە زماندا ڕەنگ دەداتەوە – لای ئانارشیستەکان گرنگترە؛ هەر بۆیە مەبەستی بەندە لە باسوخواسی “هەقیقەت” و “بەرهەمهێنانی هەقیقەت”لە “دەسەڵات”دا بەشێوەی هەرەمی کە زنجیرەپلەیەکی ستوونیی بایەخەکان بونیاد دەنێ، ئەوە بوو کە نیشان بدەین بە بڕوای ئانارشیستەکان سەرچاوەی “هەڵاواردن” لە دەوڵەتدایە و زمان لە بەرهەمهێنانی ئەم “هەڵاواردن”ەدا یارمەتیدەری سەرەکییە. هەرچەند من پێموایە، “هەڵاواردن” لە سروشتی زماندا چەشنی “مەودادانان” دەردەکەوێ و “هەڵاواردن” ناوێکە کە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی – سیاسییەکاندا لەبەرئەوەی دەرکەوتی بەرهەستەکی(عینی)ی هەیە، بەکاری دەهێنین. بۆیە دەتوانین بێژین “مەودادانان” هەوێنی “هەڵاواردن”ە. بەڵام ئەگەر”مەودادانان”بە “هەڵاواردن” بزانین، ڕاستەوخۆ زمانمان وەک سەرچاوەی “بایەخدانان” لەقەڵەم داوە و ئەمەش ڕەنگە دروست نەبێت و تەنیا کەسێکی ڕادیکاڵ دەتوانێ وەها داوەرییەک بکات. بۆ نموونە:
ڕستەی “مەودادانان لەنێوان ….” لەگەڵ “هەڵاواردن لە….” جیاوازییەکی تێدایە کە دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت. ئەگەر بڵێین “شیر هەوێنی سەرەکیی ماستە” ئەمە بەو مانایە نییە کە “شیر هەمان ماستە!” پێویستە ئەمە زیاتر ڕوون بکەمەوە.
جێگۆڕکێی مانایی، لەگەڵ خۆیدا بارێکی مانایی دەهێنێت کە جیاوازە لەو مانایانەی کە ئێمە دەتوانین لێوەی هەڵکڕێنین. بارکردنی مانا پرۆسەیەکی ئەنقەستە کە هەندێ جار مەبەستی گشتگیرکردنە و “گشتگیرکردن” سەپاندنی جۆرێک لە “داوەری”یە و داوەرییی مانایی، دەبێتە مایەی نرخاندنی ڕەوشتی نەک تەنیا لەبەرئەوەی خودی مانای وشە هەڵگریەتی، بەڵکوو بە مانایەک بارکراوە کە پێش زمینەی داوەرییەکە کە بەئەنقەست، بە تەمای ماناگۆڕکێیەکە لە پێناو دانانی مانایەکی ڕاڤەیی لە جێی مانایەکی بنجی. دیارە “مانای بنجی” خۆی مانایەکی ڕاڤەیییە و ماناگۆڕکێی ئەم مانایە دەتوانین بە “ڕاڤەی ڕاڤەکان” لەقەڵەم بدەین کە دەکرێ مەبەستمان بەراوەژووکردنەوە یان گۆڕینی”ڕێککەوتنێکی مانایی” بێت. واتە “ئانارشیست” یان “فێمێنیست” دەتوانێ مانا هیرارشییەکانی دەوڵەت وەها بخاتەڕوو کە گوایە سیخناخن بە “ستەم”. لەگەڵ ئەوەی “پێشداوەری” و “داوەری” دەکرێ “ستەم” لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دەستەبەری ئەوە بکەین کە لە دەرەوە و نێوەوەی “هیرارشی”، “ستەم” بسڕینەوە، چونکە ناتوانین “داوەری” نەکەین، هەڵبەت “سڕینەوەی ستەم” – بەگوێرەی هێرمێنۆتیکی گادامێر – مەحاڵە و ئەگەر مەبەستمان ئەوە بێت جێگرەوەکانی دیکەی دەوڵەت دەتوانن “دادپەروەری” وەدی بهێنن، دەبێ پێش هەموو شتێک ئەو “هیرارشیی مانایی”یە کە گوایە هەوێنی ستەم و ستەمکارییە بسڕنەوە؛ پرسیارێک کە دێتە پێش ئەمەیە: چ دەسەڵاتێک دەتوانێ بە بێ هیرارشی لە ئارادا بێت؟
دەگەڕێینەوە بۆ شیکردنەوەی ماناکانی “مەودادانان” و ” هەڵاواردن”.
خاڵی هاوبەشی نێوان “مەودادانان” و “هەڵاواردن” بریتییە لە “جیاکردنەوە”. مەودا هەمیشە هەیە، بەشێوەیەکی سروشتی وەک دیاردە بەرچاو دەکەوێت. بە بێ مەودا هیچ شتێک ناناسرێتەوە و ئامانجمان لە “مەودادانان” جیاکردنەوەیە لەپێناو ناسیندا. جیاوازییەکان لە بیچم، قەبارە، بارستایی، گەوشین(خصوصیت)…هتد لە مەوداداناندا دەبینرێن و دەرفەتی یەکسان هەیە کە هەموویان ببینین، بەو شێوەیەی کە هەن؛ بە بێ ئەوەی بیاننرخێنین.
خاڵی هاوبەشی “مەودادانان” و “هەڵاواردن” جیاکردنەوەیە. بەڵام مانایەک کە لە هەڵاواردن (هەڵبواردن)دا هەیە لە مانای جیاکردنەوە واوەترە. ئامانجی “هەڵاواردن” ناسین نییە، ئەو کەس یان شتەی هەڵمان بواردووە، لەبارەیەوە “داوەری”مان کردووە و نرخاندوومانە. لە “هەڵاواردن”دا “هەڵبژاردن”هەیە و لە مەوداداناندا “داوەری” و “هەڵبژاردن” نییە. لە “مەودادانان”دا ئەگەر “جیاکردنەوە” نەبێت، “ناسین” و “ناسینەوە” ناڕەخسێن. ئەگەر ئێمە “جیاکردنەوە” بکەین بە خاڵی هاوبەش بۆ سەپاندنی لۆژیکی “هاوواتایی”، ئەمە “بارکردنی مانایی”یە و ترازاندنی بەستێنە. جا ئەگەر ئێمە بمانەوێ تەنیا لەبەرئەوەی “هەقیقەت”، “هێژایەتی”، “دادپەروەری” لە چوارچێوەی”هیرارشی”دا نەهێڵین و بڵێین ئەم مانایانە دەکرێ لە دەرەوەی “هیرارشی”دا مانایان هەبێت، وەک ئەوەیە مانای “هێز” و “دەسەڵات”مان چەواشە کردبێ. چونکە ئەم مانا میتافیزیکییانە، تەنیا لە “هیرارشی”دا سیستەمێکی نرخاندنی ڕەوشتی بەرهەم دەهێنن. پرسیارەکە ئەمەیە: ئاخۆ ئانارشیست بە داڕماندنی ئەم هیرارشییە چ سیستەمێکی نرخاندنی ڕەوشتی بەرهەم دەهێنێت کە؛
یەکەم: شیرازەیەک هەبێت کە هیرارشیی نەبێت و سیستەمێکی نرخاندنی ڕەوشتییشی تێدا بگونجێنین و بتوانین ناوی سیستەمی لێ بنێین.
دووەم: چۆن دەتوانین ڕەوایی بە سیستەمێک بدەین کە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، تێکڕای ئەو مانایانەی بارگاوی بە “هەڵاواردن” و “ستەم”ن و بەشێکیان “ڕەگەز”ین، بەراوەژوو بکاتەوە و شیرازەیەکی زمانی پێکەوە بنێت کە بەدەر لەو هیرارشییە بێت کە تێیدا هەزاران ساڵە پێوەندییەکانی هێز لەنێو زماندا بنجی بەستووە.
ئەمانە نموونەی ئەو کێشانەن کە جیهانبینیی ئانارشیستی لە جیگۆڕکێی ماناکاندا – کە هەڵگری نرخاندنی ڕەوشتین و زەینی مێژووییی مرۆڤ خووی پێوەگرتوون و هیرارشیی دەوڵەت لە دەستوور و یاساکانیدا پێناسەی کردوون – دەبێ سەرلەنوێ دایانبڕێژێتەوە. من پێموایە ئەمە کە ئانارشیستەکان نەیانتوانی لە بەرانبەر “هیرارشیی دەوڵەت”دا ماناسازییەکی هاوتەریب بکەن کە بتوانێ فەرهەنگ و ژیاری مرۆیی و گەلانی چەوساوەی دەستی دەوڵەت ڕزگار بکات! دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیستەمی هێژمۆنیکی ماناسازیی زمان، ناتوانێ بە بێ میکانیزمی “هەڵاواردن” و “هیرارشی” جیهانێکی دیکە وێنا بکات و ڕەمزپەڕژان و نیشانەناسیی بۆ بکات.
فێمێنیزم (Feminism)
فێمێنیزم، بزووتنەوەیەکە کە خوازیاری یەکسانیی ژن و پیاو لە بوارە هەمەچەشنە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان بووە و خوازیاری لەنێوچوونی هەر جۆرە “هەڵاواردن”، سووکساری و سووکایەتی بە ژنان لە کۆمەڵگەدایە.
بزووتنەوەی نوێ و ڕوو لە گەشەی لایەنگری لە مافەکانی ژنان لە ڕەوتە فێمێنیستییەکانی دەیەی 1960ی ئامریکای کەرتی باکوور ڕەگی داکوتاوە. هەڵبەت پێش ئەوەش، دەتوانی لە بەرهەمەکانی هەندێ لە نووسەران و تیۆریپەڕژێناندا، بەریانە فێمێنیستییەکان بەدی بکەی. کەسانێکی وەک “ئەلکساندرا کۆلڤنتای” (1872 – 1952) بەلشەڤیکی ڕووسی، کە تیۆریی “فێمێنیزمی پرۆلێتاری”ی لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 لە ڕووسیا هێنایە کایەوە و داوای ڕزگاریی ژنانی لە کۆتوبەندی سەپێنراوی پیاوان کرد. ئەو بە نووسینی کتێبی “ئەڤینی سوور” داوای هەڵوەشانەوەی هاوسەرێتی و خێزانی کرد. کۆلڤنتای ڕزگاریی ژنانی لە گرەوی شۆڕشی پرۆلێتاریدا دەزانی و لەو باوەڕەدا بوو کە پاش شۆڕش دەبێ “شۆڕشێکی ڕەگەزی” بێتە ئاراوە. ئەم بیروباوەڕە ڕەگەمای بیروبۆچوونی پەڕگیری فێمێنیستیی پێوە دیارە کە لە بوارەکانی دیکەی وەک “ڕەخنەی فێمێنیستیی زمان” کە بابەتی وتارەکەمانە ڕەنگی داوەتەوە.
دیاردەی ڕەگەزێتی هەم لە لایەن زمانناسانی فێمێنیست و هەم زمانناسانی دەرەوەی ئەم ڕەوتە هەمیشە یەکێک لە باسوخواسە گەرمەکانە. توێژینەوە لەبارەی بندەستیی ژنان لە قوژبنەکانی زمان، شرۆڤە و بەرەوڕووبوونەوەی کەڵکەڵەی ئەم زمانناسانەیە. ئەمە کە بۆچی “هەڵاواردنی ڕەگەزی” هەیە و بۆ بەو تۆخییە لە زماندا ڕەنگ دەداتەوە، پرسیارێکە تا ئێستاش بە تەواوەتی هەموو لایەنەکانی وڵام نەدراونەتەوە. وەک بڵێی “هەڵاواردن” لە ڕۆحی زماندایە و پێوەندییە هێژمۆنیکەکانی “سەردەست” و “بندەست” لە ڕایەڵ و تەونە بینراو و نەبینراوەکانی داڕشتەی “بکەری – بەرکاری”دا وەشێراوە.
پێگەی زانستیی بابەتی زمان و ڕەگەزێتی لە لقی زانستیی زمانناسیی کۆمەڵایەتیدایە. ئەم توێژینەوانە لە سەدەی حەڤدەیەمەوە دەستیان پێ کردووە و هەندێ گێڕانەوە لەم بارەیەوە هەن.
لە هەندێ زمانی گەلانی خۆوڵاتیدا هەندێ شێوەی بەکارهێنانی وشەیی و دەستەواژەیی هەن کە تایبەت بە بەکارهێنانی یەکێک لە ڕەگەزەکانن. “پیاوان” هەندێ وشە و دەستەواژە بەکار دەهێنن کە هەرچەند “ژنان” لە ماناکانیان تێدەگەن، لەگەڵ ئەوەشدا هیچکات دەریاننابڕن. هەروەها هەندێ پەیڤی ژنانەش لە زماندا ئاخنراون کە پیاوان ڕێگە بە خۆیان نادەن ئەو وشانە بەکار بهێنن. ئەم “هەڵاواردن”ە خۆڕسکە، ڕەنگە لە لایەن زۆرینەی خەڵکەوە بە “خۆڕسک” لێک بدرێتەوە، بەڵام فێمێنیستەکان ئەمە بە “خۆڕسک” نازانن و بە پێچەوانەوە پێوەندییە ڕەگەزییە سەرکوتکەرەکان، بە سەرچاوەی ئەم هەڵاواردنە دەزانن.
ناساندنی سێ تیۆری:
تیۆریی کەمایەسی:
نوێنەری سەرەکیی ئەم تیۆرییە “ڕۆبن لکۆف”ە. ئەو لە کتێبی “زمان و پێگەی ژنان” جیاوازیی زمانیی نێوان ژن و پیاو بە گەواهێک بۆ پێگەی نزمتری ژنان دەزانێ. ئەو جیاوازییە زمانییەکان لە دوو ڕەهەندی بەکارهێنانی ژنان لە زمان و سروشتی ڕەگەزێتیی زمان، تاوتوێ دەکات. ئەو لە ڕەهەندی یەکەمدا بەرەنجامگیری دەکات قسەوباسی ژنان لەمەڕ بابەتگەلی ڕواڵەتی و سواوە و قسەوباسیان لەمەڕ هۆگریی خۆیانە و دەربڕینی کاردانەوەیەکی سۆزەکی و کەسییە لەمەڕ بابەتێکی دیاریکراو. هەڵبەت ئەمە سروشتی ژنان نییە و پەروەردەی نێرسالارانەی کۆمەڵگەیە.
لە ڕەهەندی دووەمدا پاش هێنانەوەی هەندێ بەڵگە وەها بەرەنجامگیری دەکات کە پیاوان بە کارێک کە لە کۆمەڵگەدا دەیکەن دەناسرێنەوە و ژنانیش بەگوێرەی پێوەندییان لەگەڵ پیاوان.
لە دیدی لکۆفەوە جیاوازییە زمانییەکان نیشانەی نەخۆشین نەک هۆیەکەیان. بە بڕوای ئەو و هاوبیرەکانی تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە تووشی ڕەگەزێتیگراوی(جنسیت زدگی)یە چاکسازیی زمانی بێمانایە. نموونەیەک لە بەرهەمهێنانەوەی ماناگەلی ڕەگەزێتییانە زاراوەگەلی وەک Chairperson [سەرۆک، ڕاژوور]ە. وشانێکی لەم جۆرە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕەگەزێتیگراوی لە بەرانبەر وشانێکی وەک chairman داڕێژران. جێی سەرنجە کە هەرکات مەبەست نێرینە بووبێت ڕاگەیاندنەکان پەیڤی chairman و ئەگەر مەبەست مێینەش بووبێت پەیڤیChairperson یان بەکارهێناوە.
تیۆریی زاڵبوون:
“دیل سپێندێر” فێمێنیستی ڕادیکاڵ لە کتێبی “زمانی دەسکردی پیاو” لە ساڵی 1980 هەندێ ڕەخنەی لە لکۆف گرت. ئەو بە خستنەڕووی خشتەیەک نیشانی دا دژی جیاوازییە زمانییەکانی ژنان و پیاوانە. چونکە لەم توێژینەوانەدا پێشگریمانە ڕەگەزییەکان بوونەتە چاوبەستی لکۆف. پیاوان زمانێکیان داهێناوە کە لە سۆنگەی دیدی ئەوانەوە مانادار بووە، بەو مانایەی جیهان بەگوێرەی گۆشەنیگای پیاوانەوە مانادار کراوە و ژنان ناچار کراون پەیڕەوی لە ڕێککەوتنێکی مانایی بکەن کە بەسەریاندا سەپێنراوە. تەنانەت ناچارن سەرەڕای جیاوازیی هەستەکانیان، هەڵچوونە سۆزەکییەکانیان بە زمانێک دەرببڕن کە ناتوانێ مێینەبوونی ئەوان دەرببڕێ. یەکێک لەو نموونانە وشەی”دایک”ە؛ ئەمە ئەزموونێکی ژنانەیە کە پیاو ناوی لێناوە. مانایەکی سەرەتایی کە لەم وشەیەوە بەرگوێ دەکەوێت ڕەزامەندی و شادمانیی ژنانەیە، بەڵام زۆرێک لە ژنان وەها ئەزموونێکیان لە دایکایەتی نییە و لەبەرئەوەی ئەزموونی ئەوان لەگەڵ مانای پیاوانەی دایکایەتیدا ناگونجێ، تووشی هەستکردن بە ناشایستەیی و وڕی و کاسی دەبن.
“سپێندێر” جەخت لەسەر گۆڕینی ماناگەلی دەسکردی پیاو دەکات و پێشنیار دەکات ژنان لە هەندێ دەستە و گرۆی بردنەسەری ئاستی وشیاریدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ناوی نوێی پۆزەتیڤ بۆ ئەزموونەکانی خۆیان دابهێنن. نموونەیەک لە وشانی ژنتەوەر کە بە وەها وشیارییەکەوە داڕێژراون بریتین لە androcentric ، sexual harassment ،patriarchal ، chauvinism .
بەڵام بە بۆچوونی من، ماناسازی ڕێککەوتنێکی گرۆ و دەستەیەکی دیاریکراو نییە، دەکرێ گرۆیەکی کۆمەڵایەتی زمانی خۆی دابهێنێت، بەڵام بەبێ جێکەوتی ئاماژەییی مانا لە بەستێنی هەمەکیی فەرهەنگدا، ئەو مانایانە ناتوانن لۆژیکی گشتیی “بارکردنی مانایی” بگۆڕن، مەگەر ئەوەی کۆمەڵگە ئەو سیستەمە ئاماژەییە پەسند بکات کە گرۆیەکی ڕەگەزی یان ئیتنیکی و … هتد دەیخەنە نێو شێوازی ڕەمزپەڕژان(کۆدینگ)ی زمانەوە.
3 – تیۆریی جیاوازی
“دیۆرال تنێن” لە کتێبی “تۆ تەنیا تێناگەی!” بە پەسند کردنی جیاوازییەکانی ئاخاوتن لەنێو ژنان و پیاواندا ئەمە نەک بە بندەستیی ژنان بەڵکوو بە بەرەنجامی زاڵبوونی هەمەلایەنەی پیاوان لە کۆمەڵگەدا دەزانێ کە هەڵبەت نیازی پێشوەختەی لە پشتەوە نییە. ژنان و پیاوان، دوو شێوازی تەواو جیاوازی ئاخاوتنیان هەیە کە هەردووک شێواز هورمێکی یەکسانیان هەیە. لە دیدی ئەوەوە کوڕان و کچان لە دوو دنیای جیاوازی گەشەی وشەکاندا گەشە دەکەن و جیاوازیی شێوەی ژیانی ژنان و پیاوان ئەو جیاوازییانەن کە لە هەموو فەرهەنگێکدا دەبینرێن. هەرچەند دەکرێ ئەمە بەدحاڵیبوون دروست بکات. بە بۆچوونی “تێنن” فێربوونی شێوازە زمانییەکانی هەردووک ڕەگەز دەتوانێ بەشێکی زۆر لە ئاریشەکانی پێوەندیی نێوان دوو ڕەگەز بڕەوێنێتەوە. بەرهەمانێکی وەک “پیاوانی مەریخی و ژنانی ڤینۆسی” لە نووسینی “جۆن گرەی” کاریگەریی لەسەر گرتنەبەری وەها ڕوانگەیەک هەبووە.
زمانناسان لە توێژینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی زمانی لای ژنان – لانیکەم لە ئاخاوتن لەنێو کۆمەڵگەدا – تایبەتمەندییەکانی جیاوازن. ژنان زیاتر پێکهاتە کۆنتر و باوەکان لە بونیادی ڕستەدا بەکار دەهێنن و پەتیتر و ڕێزدارانەتر دەدوێن و لە گۆکردنی وشەکاندا، زیاتر لە پیاوان ڤاچ (فۆنیم)ە پێوەرمەند(ستاندارد)ەکان بەکار دەهێنن.
لە ڕێزمانی هەندێ زماندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان “مێینەیی” و “نێرینەیی” دەستنیشان کراون؛ ئەم دەستنیشانکردنە بمانەوێ یان نا دەتوانین بە جۆرێک لە “هەڵاواردن” لەقەڵەمی بدەین. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئاخۆ “فێمێنیست” چۆن لەمە دەڕوانێت؟ گەلۆ دەکرێ ئەم “هەڵاواردن”ە بسڕینەوە یان دەبێ بەشێوەیەکی دیکە ڕاڤەی بکەین. لە هەندێ زماندا جێناوەکان هەڵگری “باری ڕەگەزی”ن و هەندێ زمانیش ئەم “باری ڕەگەزی”یەیان نییە. بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا بە گوێرەی دیالکتەکانی، نیشانەی مێینەیی و نێرینەیی بە ڕێژەی زۆروکەمی هەیە، وەک “هەورامی” و کرمانجیی ژووروو” و لە کرمانجیی نێوەراستیشدا تەنیا لە “بانگکردن”دا دەردەکەوێ وەک ” هۆ کچێ” – (ێ) مێینە – و “هۆ کوڕە” (ە) نێرینە -. زمانی عەرەبی” پڕە لەم جیاوازییە ڕەگەزییانە و ئەوە لەکاتێکدایە کە “زمانی فارسی” دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین ئەم جیاوازییە ڕەگەزییەی لە جێناوی ڕێزمانیدا نییە. زمانە ئەورووپایییەکانیش وەک “ئینگلیزی” و “فەرەنسی” و “ئاڵمانی”یش هەمان دیاردەیان بە ڕێژەی جیاواز تێدایە؛ زمانانی دیکەش هەن کە بەدەر لەم ڕێسایانە نین. ئەگەر ئەم “هەڵاواردن”ە ڕێزمانییانە ببنە مایەی “هەڵاواردن لە مافدا” و کێشە لە “یاساکانی باری کەسیەتی” دروست بکەن، ڕەنگە سڕینەوەی ئەم جیاوازییانە بتوانێ ببێتە مایەی ڕەنگدانەوەی یەکسانی لە بەرانبەر یاسادا! دیارە ئەمە جۆرێک لە ماخۆلانی سەیروسەمەرەیە کە وەک شەڕفرۆشتن بە زمان دێتەبەرچاو. بەڵگەهێنانەوەی دیکە دەکرێ ئەمە بێت کەسانێک بڵێن زمان هەڵگری نیشانە فەرهەنگییەکانە و ئاوەزمەندیی زمان هەمان ئاوەزمەندیی نێو فەرهەنگە. واتە “هەڵاواردنی ڕێزمانی” ڕەنگدانەوەی “هەڵاواردن لە هزردا”یە. ئەم بۆچوونە لە ڕوانینی یەکەمدا لۆژیکی و مایەی هەڵوەستەکردنە؛ ئەگەر ئەمە پێوەر بێت دەتوانین بڵێین بەگوێرەی تیۆریی ماناکێشەکێ و دیالکتیکی زەین و زمان لە بەستێنی فەرهەنگدا دەشێ بەشێوەیەکی ڕێژەیی و سنووردار ئەمە ڕاست بێت، بەڵام بەشێوەیەکی ڕەها وا نییە. هەرچەند ڕەوا نییە پرسیار بە پرسیار وڵام بدەینەوە، بۆ کورتکردنەوەی ڕێگاکە و دوورکەوتنەوە لە درێژدادڕی دەپرسین ئەو زمانانەی کە نیشانە یان جێناوی ڕەگەزنیشانیان تێدا نییە، دەکرێ هەڵاواردنی ڕەگەزییان تێدا نەبێت؟!
بەدڵنیاییەوە بەرەنجامێکی ئەوتۆ لە وڵامی گریمانکراوی ئەم پرسیارە دەست ناکەوێ. بەڵام ئەگەر بڵێین “لۆژیکی جوانیناسانە” لەم ڕەگەزێتیی زمانەدا هەیە کە پەل بۆ لۆژیکی دیاردەناسانەش دەهاوێ، بواری پێشداوەرییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەگەر من بڵێم لۆژیکی دیاردەیی و سەرسامی بەرانبەر بە جوانی دەکرێ دەسمایەی تێگەیشتنەکە بێت؛ بۆ نموونە: بۆچی دەبێ “ێ” بلکێت بە “کچ” (کچێ) یان “گوڵ”(گوڵێ) وە و زایەڵەدار بێت و فۆنیمی “ە” لە “کوڕە”دا هەندە بەربەستکەر بێت! ئەم “هەڵاواردن”ە دوو ئامانجی هەن: یەکەم جیاکردنەوە و ناساندنی ڕەگەز، دووەم لایەنی جوانیناسانە. وێنای “زبری” و “ناسکی” و پرۆسەی وەپاڵدان لە “مێینەیی” و “نێرینەیی” دیوێکی جوانیناسانەیان هەیە. بۆ نموونە لە کوردیدا ڕووبەری سروشت فراوانە و لە ناولێنانی “کوڕان” و “کچان”دا “چیا” دەتوانین وەک سەرچەشنێک لەبەرچاو بگرین بەوەی کە لە بنار و نسار بۆ سەرەوە ناوەکان “نێرینە”ن؛ وەک: چیا، ئاران، کۆسار، ڕەوەز… و لە بنار و نسار بۆ داوێنەکان ناوەکان دەبنە “مێینە” چنار و گوڵ و چنوور و چرۆ… هتد. خۆ ئەگەر کەسێک بڵێت چ لە وشەی “کوێستان” وەک ناوێکی مێینە دەکەن، ڕێژەییبوونی داوەرییەکە دەردەکەوێ. بۆیە من لەو باوەڕەدام وێنای جوانیناسانە و گیرسانەوەی ناو لەسەر “مێینەیی” و “نێرینەیی” بە شێوەیەکی متبوو لە دیدی جوانیناسانەدا جێی خۆش کردووە و ئەم ڕەخنە پەڕگیرانەیە بۆ مێژووی “پیاوسالاری” لە زماندا ڕەنگە سەرنجڕاکێش و هەڵخڕێن بێت بەڵام داوەرییەکی زانستی نییە کە بتوانین هیوای ڕاڤەیەکی دروستی لەسەر هەڵبچنین. تەنانەت ئەگەر ئەم ڕاڤەیە ڕاست نەبێت، لایەنی بەرانبەرمان ناتوانێ ڕاستیی بۆچوونەکەی لەم بارەوە بسەلمێنێ. واتە ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکەی من بە مانای سەلمێنرانی بۆچوونی بەرانبەر نییە. چونکە ئاخێزگەکانی دەستنیشانکردنی “مێینەیی” و “نێرینە”یی بە بڕوای من هەموو جارێک چاوی لە لۆژیکی “بندەستی” و “سەردەستی” نییە، لانیکەم لە ڕووبەری زمانی سروشتیدا دید و هەستی جوانیناسانە و تا ڕادەیەکیش ئیرۆتیک دەور دەگێڕێ، بەڵام دەبێ ئاگادار بین دیدی ئوستوورەناسانە بۆ سروشت و دوابەدوای ئەوە دینی سروشتی و دینی سرووشکرد(وحیانی) پڕن لە داوەریی ڕەوشتی کە ئەمە ئەو شتەیە کە بەگوێرەی کارکردی مانایی، وشە لە بەستێن دەترازێنێ و بارێکی بەسەردا دەسەپێنێ کە لەم بارەوە ڕەخنەی فێمێنیستی بڕشتی زیاتری هەیە.
ڕەگەزی یەکەم و ڕەگەزی دووەم:
لەم جۆرە دەستەواژانەدا جۆرێکی زەق لە “هەڵاواردن” دەبینرێ کە ماناکەی فەرهەنگی(قاموسی) نییە و مانایەکی بارکراو هەڵدەگرێت کە مەبەستی نرخاندنی جۆرێک لە “پێشبارێتیی بوونەکی”(اولویت وجودی)یە. ئەم مانا بارکراوە پێوەندیی بە پێش زەمینەیەکی زەینییەوە هەیە کە لە “ئوستوورەی ئافراندن”دا وەشێراوە. نەریتی یەهوودی – مەسیحی و پاشان ئیسلام، وەک سێ دینی ئاسمانیی سرووشکرد لە گێڕانەوەی چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا نزیکایەتییان زۆرە. ئەم نزیکایەتییانە لە کەسایەتییەک بە ناوی “ئادەم” ی نێرینە و “حەوا”ی مێینەدا کە وەک یەکەم مرۆڤەکان لە بەهەشت هەڵداشتراون و لە زەویدا گیرساونەتەوە دەردەکەون. “ئادەم” بۆ مرۆڤی یەکەمە. بۆ سەرەتا “نێرینە” دەخوڵقێنرێ و هەستی تەنیایی وەک ئامیبا لەتێکی مێینەی بۆ دروست دەکات و بە گێڕانەوەی یەهوودی لە پەراسووی ڕاستی ئادەمەوە دەئافرێت. “حەوا” بە شەیتان هەڵدەخڕێنرێ و “ئادەم”یش بە “حەوا”! بەکارهێنانی دەستەواژەی” ڕەگەزی دووەم” بۆ ژن، وەک سەرچاوەی زایەندەیی و وەچەخستنەوە و هەڵگری ئاولەمەی مرۆڤ(جنین انسان)، لێکەوتەی زەینی و هزریی گەورەی لێ کەوتووەتەوە و ئەم چەمکە پڕە لە هەڵاواردنی ناڕەوا و نالۆژیکی! هەڵبەت لە جیهانی بەدەرکاتیی ئایین و ئوستوورەدا کە “کەتوار”ی جیهانی ماددی ناکرێتە پێوەر، ئەمە دەشێ ڕوو بدات؛ هەر بەو شێوەی کە “زەرڤان” خواوەندی کات(زەمان) بە “ئەهوورا و ئەهریمەن”دوو گیان دەبێت، بەو شێوەیەش دەکرێ لە زەینی میتافیزیکی و ئوستوورەییدا “نێرایەتی” هەنتەشی “مێینەیی” بسڕێتەوە و ئەم دەستەواژەیەی “ڕەگەزی دووەم” لە دایک ببێ کە بە شێوەیەکی “ناخودئاگا”ش لە زەینی سیکۆلاریزەی مودێڕنیتەشدا وەک چەمكێک بەکار بێت و هەمان ڕەنگدانەوەی ئوستوورەییی چیرۆکی ئافراندن تا سەردەمی ئێستاش درێژ ببێتەوە. ئەم میتافیزیکی ئاراییە هەڵگرتنەوەی شوێنپێی ئەو زناک(علامت/Trace)انەیە کە لە قووڵاییی ناخودئاگای مێژووییماندا چەقیون و بەو شێوەیە لە خۆرئاوای سیکۆلاریزەشدا ڕەنگ دەدەنەوە. لەو باوەڕەدام شوێنپێی چەمکەکان و شوێنپێی وشەکان دوو شوێنپێی جیاوازن. وشە وەک یەکەیەکی مانایی، دیاردە دەستنیشان دەکات، بەڵام کاتێک مانای چەمکی لە خۆیدا هەڵبگرێ، پێشداوەری و داوەرییەکی ڕەوشتی-ئاوەزمەندانەش بە زەینەکانی داهاتوو دەبەخشێ کە گەلێ جار خۆنەویستانە و بە شێوەیەکی ئاسایی لە زماندا پاتەوپات دەبنەوە کە پڕن لە “هەڵاواردن”؛ هەر بەو جۆرەی دەستەواژەی “ڕەگەزی دووەم” دەتوانێ هەڵگری ئەو چەمکە ئوستوورەیییە بێت و لە دەمی مرۆڤێکی سیکۆلار بێتە دەرەوە. بۆ نموونە “ئادەمیزاد” و “مرۆڤ” هاومانان بەڵام یەک ئاخێزگەیان نییە. ئەگەر “مرۆڤ” هەمان “مرهۆڤ” بێت (بەدەر لە هۆڤ) ئێمە تێیدا هەست بە ئاماژە پەنامەکییەکەی ڕەگەزێتی ناکەین، چونکە تێیدا ڕەگەزێتی تۆمار نەکراوە بەڵام چەشنێتی تێیدا بەدیدەکرێت.
“ئادەمیزاد” زادەی ئادەم، مرۆڤێک کە لە دەقی دینیدا وەک “ڕەگەزی یەکەم”، هەموو مرۆڤەکانی دیکە زادەی ئەون بە “ڕەگەزی دووەم”یشەوە. وەک ئەوەی بڵێین سیفەتی”زایەندەیی” بە ئەو بڕاوە و خۆیشی لە هیچ شتێکەوە نەزاوە و یەکسەر ستەمکاریی ئوستوورەی ئافراندن بەقووڵی لە زماندا – لەشێوەی “چەمک لە وشەدا” – چەقیوە و زەینی ئێمەش پێی ڕاهاتووە.
ئەوەی کە سەرسوڕهێنە ئەمەیە کە “گوناهی یەکەم” لە “ڕەگەزی دووەم” دەوەشێتەوە کە ئەویش هەڵخڕاندنی ئادەمە لە لایەن حەواوە بۆ خواردنی “سێوی گوناه”. ئەم قەدەخەشکێنییەی فەرمانی یەزدانی دەخرێتە ئەستۆی ڕەگەزی دووەم(حەوا) و ڕەگەزی یەکەم (ئادەم) وەک سەرچاوەی گوناهی یەکەم ناناسرێت. ئەگەر ئێمە بە بیستنی” گوناهی یەکەم”، حەوا، لە زەینماندا زەق ببێتەوە، ئەمە ئەو هەڵاواردنەیە کە ماناکێشەکێی ئوستوورەیەکی دینی لە زەینی ئێمەدا چاندوویەتی و کاریگەری لەسەر داوەریکردنمان دادەنێ و…هتد. ئەوەندەی کە باوەڕی ئوستوورەیی دەتوانێ بەخێرایی لە زماندا جێ خۆش بکات، باوەڕی زانستی بەو خێرایییە لەنێو زماندا ناچەسپێ؛ لەبەر ئەوەی زمان زووتر بە باوەڕە ئوستوورییەکان ڕاهاتووە و زانست بۆ سڕینەوەی ئەو باوەڕانە و نەهێشتنیان لە زەین و زماندا کاتێکی زیاتری گەرەکە.
هەڵبەت بۆ ژیارێکی دیکە کە ئەم چیرۆکە ئوستوورەیییەی نییە، دەتوانین چیرۆکێکی هاوتەریب(موازی)ی دیکە بدۆزینەوە کە هەر ئەم هەڵاواردنە تێیدا بەدی دەکرێت. بۆیە من لەو بڕوایەدام وشە تا ئەوکاتەی دەرخەری چەمکی هەڵاواردنی ڕەوشتی یان دینی لە ڕەگەزێتیدا نەبێت مافی ئەوەمان نییە دادگاییی بکەین. کەسانێک هەن دەڵێن بۆچی دیاردەکانیش بەسەر مێینەیی و نێرینەییدا دابەش کراون، بۆ “خۆر” وەک نێرینە و “مانگ” وەک مێینە لە فەرهەنگی ئێمەدا وێنا کراون. ئەم خوازەیە بە نیشانەی هەڵاواردن لەقەڵەم دەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەی ئوستوورەیی – دینیی میتراییزم وێنای مێینەیی بۆ “خۆر” دادەنێ نەک نێرینە. بەڵام کاتێک لە لێکچواندندا “یار” بە “مانگ” دەچوێنرێ، زەین بۆ ئەوە دەچێ کە گوایە “خۆر” نێرینە”یە. ئەوە لەکاتێکدایە لە زمانی عەرەبیدا “شمس” مێینەیە و “قمر” “نێرینە”یە. خۆ ئەگەر وا وێنا بکەین “خۆر” نێرینە”یە، ئەگەر ڕێککەوتنێکی جێگیر و نەگۆڕی ناولێنان هەبێت، بۆ دەبێ “هەتاو” ناوی کچانە بێت! وردکردنەوەی ئەم بابەتە تا ئەم ئاستە زۆرتر شەڕفرۆشتنە و بەو شێوەیە دەبینە هۆی ئەوە کە ئێمە ماناکانی “مەودا دانان” و “هەڵاواردن” تێکەڵ بکەین.
لەو باوەڕەدام هەموو جارێک وێنای جوانیناسانە و دیاردەیی لەنێو فەرهەنگەکاندا یەک جۆر نییە و زایەڵەی وشە و هەڵهێنجانی ئێمە لە دیاردەکان لە پرۆسەی ناولێناندا بەدەر لەو نرخاندن و داوەرییە ڕەوشتی و دینییەیە و هاوبەشیی دیاردە لە نێرینەیی و مێینەییی خوازەیی لەنێو زەینی ئێمەدا هەم ڕێژەیییە و هەم فرەڕەهەند. دەکرێ دیاردەیەک بە دەرکەوت و لێکەوتەکانییەوە، جارێکیان بە مێینەیی و جارێکیان بە نێرینەیی دەربکەوێت، دەنگەواز(لحن) و زایەڵەی دەنگ لە زەیندا لێکدانەوەی وێناییی جیاواز دروست دەکەن کە ناتوانین وەک “هەڵاواردنێکی ڕەوشتی لە دەستنیشانکردنی ڕەگەزدا لێی بڕوانین.
دوایین تەوەر کە دەمەوێ وەک نیشانەی هەڵاواردن لێی بدوێم وێنای (بکەری – بەرکاری)یە لەنێوان پیوەندیی ڕەگەزیدا. یەکێک لە هەڵە زەینییەکان ئەمەیە کە لە کردەی سێکسدا “نێر” بکەرە و “مێ” بەرکار”. ئەمە دەتوانین لە تیۆریی زاڵبووندا جێ بکەینەوە. زاڵبوون بەسەر مێینە لە کردەی سێکسدا لە ڕوانگەی “پیاو”ەوە، وەک نیشانەی “هێز” ڕاڤە کراوە. ئەم “ڕاڤە”یە کۆمەڵێک مانای بەسەر کۆئەندامی سێکسیی مێینە و نێرینەدا بارکردوون کە بەدەر لە کارکردی زیندەناسانەی ئەو ئەندامانەن. بەڵام کاتێک “بکەر” لە کردەی سێکسدا وەپاڵ “نێر” بدرێت، ئاشکرایە وێنای “بەرکار” وەپاڵ “مێ” دەدرێت. لەم سۆنگەیەوە “هێزی کاریگەریدانان” وەک “زاڵبوون” لێک دەدرێتەوە کە نرخاندنێکی پیاوسالارانە لەم کردەیە زەق دەکاتەوە. هەموو ئەو جنێوە سێکسییانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا دەکەونە سەر زار، توندوتیژییەکی سێکسین لە دەربڕیندا کە دیسان “ڕەگەزی دووەم” لە زەیندا زیندوو دەکەنەوە. ئەم توندوتیژییە زمانییە تەنیا لەبەر وێنایەکی هەڵەیە کە دیدی میکانیکیی سێکس لە زەینی پیاودا ڕەخساندوویەتی کە تەنیا ساویر(توهم)ە. بەڵام ئەو ساویرە توانیویەتی ببێت بە ستەمێک بەرانبەر بە ئافرەتان. بەندە لەبەر سروشتی وەپارێزیی ڕەوشتی(محافظەکاری اخلاقی)م ناتوانم نموونەیەک لەو توندتیژییە زمانییە سێکسییە بهێنمەوە؛ هەڵبەت خوێنەر خۆی دەتوانێ ئەو نموونە بهێنێتەوە و لە کرۆکی بابەتەکە تێبگات.
بەکورتی وەک دوا گوتە ڕەخنەی زمانیی فێمێنیستی بارگاوییە بەو پەڕاوێزکەوتنەی ژن لە مێژوودا کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماناکاندا کەمترین بەشداریی هەبووە. وێنای نێرسالارانەی زمان سەرلەبەری زمان ناگرێتەوە، هەڵبەت فێمێنیزمی ڕادیکاڵ هەموو زمانی مرۆیی بە ڕەنگدانەوەی ڕەگەزی نێر دەزانێ و “مەودادانان” و “هەڵاواردن” بە یەک مانا لێک دەداتەوە. هەر وەک گوتم من پێم وایە ئەو بەشەی زمان کە پێوەندیی بە “نرخاندنی ڕەوشتی” و دیدی ئوستوورەیی و چیرۆکی ئافراندن هەیە و “مێژووی پیاو” بە زەقی تێیدا دەبینرێ، وەک چەمک لە وشەدا، ئەوانە نیشانەی “هەڵاواردن”ن؛ چونکە ئەمانە پێشداوەرییەکن کە وەک “هەقیقەت” خۆیان دەنوێنن و لە مەسەلەی مافەکان و ئەرکەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا وەک قان و دەسەری پیاو باڵادەستن. بەڵام لە “مەودادانان”دا جیاکردنەوە بۆ ناساندنە و لۆژیکی جوانیناسانەی ناولێنان، فەرمانی مێینەیی و نێرینەییی خوازەیی(مجازی) بەسەر دیاردەکاندا دەسەپێنێت کە نەگۆڕیش نییە و بە ڕاڤەی جوانیناسانەی دیاردەوە بەندە و لە فەرهەنگێکەوە بۆ فەرهەنگێکی دیکە دەگۆڕدرێت.
پەراوێز:
لە نووسینی ئەم وتارەدا وەک ئیلهامی ڕاڤەی نیشانەناسانە سوودم لەم کتێبەی خوارەوە وەرگرتووە:
سیزا قاسم. نصر حامد ابوزید، مدخل الی السیمیوطیقا، أنظمە العلامات فی اللغه و الادب و الثقافه، دارالتنویر للطباعە و النشر، طبعە التنویر الاولی: 2014 ، مصر، القاهرە.


