ئارامتر بخوێنەوە!

ئاسایشی نەتەوەییی کورد و مەسەلەی دێموکڕاسی لە ئێراندا

ئیدریس ئەحمەدی



پوختە:

لە ساڵانی دواییدا هێندێک ڕووناکبیر و چالاکی سیاسیی کورد، بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە دێموکڕاسی لە ئێراندا ناتوانێ مەسەلەی نەتەوایەتی چارەسەر بکا. هێندێک تەنانەت بە گومانن سەبارەت بەوەی کە ئێران هەرگیز بتوانێ گوزار بکا بەرەو دێموکڕاسی. تاکوو سەبارەت بە دێموکڕاسی و پەیوەندیی ئەو لەگەڵ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لێکۆڵینەوەی جیدی ئەنجام نەدرێ، پێشنیارکردن بە حیزبە سیاسییەکان یان فشار هێنان بۆیان کە واز لە ئامانجی وەدیهێنانی دێموکڕاسی لە ئێراندا بێنن، کارێکی بەسوود نایەتە بەرچاو – بە تایبەت تاکوو ئەو کاتەی ستراتێژییەکی گونجاوتر وەک بەدیل دانەڕێژرابێت. گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی پێویست دەکا لێکۆڵینەوەی جیددی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان دێموکڕاسی و چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی ئەنجام بدرێ، بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای سەبری ستراتێژیک وا دەخوازێ کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لەو بەشەی کوردستاندا، لەسەر تێکۆشان لە پێناو دێموکڕاسی لە ئێراندا بەردەوام بێ.
وشەی کلیلی: دێموکڕاسی، مەسەلەی نەتەوایەتی، ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاسایشی نەتەوەیی، سپانیا، ئوتۆنۆمی، فێدرالیزم

سەرەتا
لە ساڵانی دواییدا هێندێک ڕووناکبیر و چالاکی سیاسیی کورد، بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە دێموکڕاسی لە ئێراندا ناتوانێ مەسەلەی نەتەوایەتی چارەسەر بکا. هێندێک تەنانەت بە گومانن سەبارەت بەوەی کە ئێران هەرگیز بتوانێ بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا. ئەو بۆچوونانە زۆرتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدی دەکرێن. هەروها ڕوون نییە کە ئەو بۆچوونانە چەندە لە نێو ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسیی کورددا یان لە نێو خەڵکی کوردستاندا بەربڵاو بن.
جێگای ئاماژەیە کە لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو مەسەلەیە نەکراوە. هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی گرنگبوونی سیاسیی ئەو مەسەلەیە، هەروەها بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەدیهێنانی دێموکڕاسییان وەک ئامانجی سیاسیی خۆیان دیاری کردووە، پێویست دەکا سەبارەت بەو مەسەلەیە باسێکی جیددی بکرێ. ئەو مەسەلەیە هەروەها لە ڕوویەکی دیکەشەوە گرنگە: ئەگەر دێموکڕاسی چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی ناکا، هەروەها ئەگەر ئێران مایەی ئەوەی تێدا نەبێ بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا، ئەوجا بزووتنەوەی کورد پێویست دەکا پێداچوونەوە بە ستراتێژیی سیاسی خۆیدا بکا. بەدەر لە هێندێک حیزبی بچووک، حیزبە سەرەکییەکان، حیزبی دێموکڕات و کۆمەڵە، ئامانجیان پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکڕاتیک و فێدراڵە.
بەو پێیە، ئەم وتارە هەوڵ دەدا وڵامی چەند پرسیارێکی پێکەوە گرێدراو بداتەوە: ئایا ئێران مایەی ئەوەی تێدایە بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا؟ ئەگەر ئەو مایەیەی تێدایە، ئایا ئەوە لە ڕێگای ڕێفۆرم یان شۆڕشێکی دیکەوە دەبێ؟ ئایا دێموکڕاسی دەتوانێ چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی بکا؟
لە پێناو وڵامدانەوە بەو پرسیارانە، ئەم وتارە سەرەتا باس لە ئەگەری دێموکڕاسی لە ئێراندا دەکا. دواتر وتارەکە دەپەرژێتە سەر پەیوەندیی نێوان دێموکڕاسی و چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لە ڕوانگەیەکی بەراوردکارییەوە. زۆرتر تەرکیز دەکرێتە سەر بەراوەردکردنی ئێران و سپانیا، دوو وڵات کە سەرەڕای جیاوازییەکانیان، خاڵی وێکچوونیان زۆرە.
گوزارەی سەرەکیی وتارەکە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی پێویست دەکا لێکۆڵینەوەی جیددی سەبارەت بەو پرسیارانەی سەرەوە ئەنجام بدرێ، بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای سەبری ستراتێژیک وا دەخوازێ کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لەو بەشەی کوردستاندا بەردەوام بێ لەسەر تێکۆشان لە پێناو دێموکڕاسی لە ئێراندا.
ئەگەری دێموکڕاسی لە ئێراندا
سەبارەت بە گوزار بەرە دێموکڕاسی، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆچوونی زۆر هەیە. بە مەبەستی سادەکردنەوە، دەکرێ سێ بۆچوونی سەرەکی لێک جیا بکەینەوە. یەکەم، هێندێک لە لێکۆڵەران پێداگری لەسەر کۆمەڵێک پێشمەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکەن بۆ ئەوەی وڵاتێک بتوانێ بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا؛ لەوانە، ڕادەی گەشەی ئابووری، ڕادەی شارنشینی، ئاستی خوێندەواریی هاووڵاتیان، قەوارەی چینی نێوەڕاست و هتد. ئەمانەش بە نۆرەی خۆیان دەکەونە خانەی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنەوە.
دووهەم، هێندێک لێکۆڵەر گرنگی دەدەن بە دەوری ئەکتەرە سیاسییەکان، بە تایبەت نوخبەی سیاسی. دەکرێ هەروەها دەوری ئوپۆزسێۆنیشی لێ زیاد بکەین، بە تایبەت کە ئەگەڕێتەوە سەر وڵاتێکی وەک ئێران. بە واتایەکی دیکە، هەم دیدی ستراتێژیکی باڵەکانی ڕێژیم گرنگە لەو پەیوەندییەدا لەبەرچاو بگیردرێ، هەمیش دیدی ئوپۆزسیۆن لەمەڕ دێموکڕاسی. بە کورتی، بۆچوونی یەکەم پێداگری لەسەر فاکتەری پێکهاتەیی (ساختاری) یان پێشمەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکا لە کاتێکدا بۆچوونی دووهەم پێداگری لەسەر ئەکتەرە سیاسییەکان و دید و ستراتێژییان دەکا.
سێهەم، هێندێک لێکۆڵەری دیکە بایەخ دەدەن بە فاکتەری کولتووری لە پەیوەندی لەگەڵ دێموکڕاتیزاسیۆن و دێموکڕاسیدا. لەو ڕووەوە باس لە “کولتووری سیاسی”ی تایبەت بە دێموکڕاسی دەکرێ کە بەهاگەلێک وەک “کۆدەنگی” و “تەنازولکردن” لە پرۆسەی سیاسیدا لە خۆی دەگرێ.
کە ئەگەڕێتەوە سەر ئێران، پێویست دەکا لێکۆڵینەوەی جیددی و سیستەماتیک سەبارەت بە پێشمەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دێموکڕاتیزاسیۆن لەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێ. هەوڵێکی وا لە دەرەوەی توانای ئەم وتارەدایە. لە ساڵی ٢٠١٠دا، لێکۆڵەرێکی فارس لە وتارێکدا ئاماژە بەوە دەدا کە لەگەڵ ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئێران خوێندەوارن و لە شاردا دەژین، بەڵام “٨٠ دەرسەدی ئابووریی ئێران لە دەستی دەوڵەتدایە، هەروەها کەرتی تایبەت گرێدراوی [دەوڵەتە] و لەرزۆکە و ئێرانییانی ژێر تەمەنی ٣٠ ساڵ نە خاوەن موڵکن و نە سەر بە چینی نێوەڕاستن.” لە درێژە دەدا و دەنووسێ: “فەرهەنگێکی سیاسیی [کە بریتی بێ لە] کۆدەنگی و تەنازولکردن هێشتا جێ نەکەوتووە” لە ئێراندا. لەگەڵ ئەوەی ئەو وتارە دە ساڵ کۆنە، بەڵام بە پێی داتایەک کە ئەوکات لەبەردەستدا بوو، گومان دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەگەر بێت و ڕێژیم بڕووخێ، ئێران پێشمەرجی ئەوەی هەبێ کە بەرەو دێموکڕاسیی جێگیر گوزار بکا.
ئەو لێکۆڵەرە هەروەها هاوشێوەی زۆر لێکۆڵەری دیکە نەوت وەک “بەڵایەک” لە قەڵەم دەدا و بە سێ هۆ وەک بەربەستێکی جیددی لە سەر پرۆسەی دێموکڕاتیزاسیۆن بەرجەستەی دەکاتەوە: یەکەم، نەوت لە ڕووی سیاسییەوە دەوڵەت لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا سەربەخۆ و بێ منەت دەکا، هاوکات کە بە وەرگرتنی باجی کەم و دابینکردنی خۆشبژیوی(رفاه)، وەفاداریی سیاسی خەڵک بۆ حکومەتی حاکم دەکڕێ؛ دووهەم، لە وڵاتگەلێکدا کە نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان پێکدێنێ، ئیمکانی ئەوە بۆ دەوڵەت پێکدێنێ کە دامەزراوەی داپڵۆسێنەری زەبەلاح بۆ سەرکوتکردنی ئوپۆزسیۆن و خەڵک پێکبێنێ؛ سێهەم، داهاتی بەرچاوی نەوت ڕێگری لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لە شكڵی بەسەنعەتیکردنی ئابووریی وڵات دەکات، ئەمەش بە نۆرەی خۆی ڕێگرە لە سەرهەڵدانی کەرتی تایبەتی بەهێز و هەروەها سەرهەڵدانی چینی ناوەڕاستی سەربەخۆ و بەهێز. ئەگەریش چینی نێوەڕاست لە وڵاتانی خاوەن نەوت سەرهەڵ بدا، دەبنە مووچەخۆری دەوڵەت و بەرژەوەندییان لە پاراستنی نیزامی مەوجوودا دەبێ. ئەم سێ ئاکامە خراپەی نەوت لە ئێراندا بە ڕوونی بەدی دەکرێ.
“میساق پارسا”، لە بەرهەمێکی گرنگدا لە ژێر ناوی “دێموکڕاسی لە ئێراندا بۆ شکستی هێنا و چۆن دەکرێ سەرکەوێ”، ئاماژە بەوە دەدا کە ئاستی خوێندەواریی هاووڵاتییان لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە. بە تایبەت ڕادەی دەرچووانی زانکۆکان بە شێوەی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە و دەوری خوێندکاران لە تێکۆشان لە پێناو دێموکڕاسیدا بەرجەستە دەکاتەوە.
راستییەکەی، پارسا بە ڕوونی وڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کە ئایا لە ئێراندا پێشمەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی وڵات بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا لە ئارادان؟ گرنگیی لێکۆڵینەوەی پارسا لەوەدایە کە لە ڕوانگەیەکی بەراوردکارییەوە دەیەوێ وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا ئێران لە ڕێگای ڕێفۆرمەوە یان لە ڕێگای شۆڕشەوە دەتوانێ بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا؟
تێگەیشتنی من لە پارسا ئەوەیە کە بە بۆچوونی ئەو، لە ئێراندا لە ئاست جەماوەردا، ویست و داخوازیی گوزار بەرەو دێموکڕاسی لە ئارادا هەیە. پارسا ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی وەک بەربەستی سەرەکی لە سەر ڕێگای دێموکڕاتیزەبوونی ئێران بەرجەستە دەکاتەوە. ناوبراو لەو پەیوەندییەدا، پێداگری لەسەر چەند خاڵێک دەکا. یەکەم، ئەو لایەنانەی لە شۆڕشی ١٩٧٩دا بەشدارییان کرد، یەکدەست نەبوون و ئەو هاوپەیمانییەی کە پێکهات دژ بە شا، بەرە بەرە شکڵی گرت. لەگەڵ ئەوەی خومەینی و ئیسلامییەکان توانییان سەرکردایەتیی ئەو شۆڕشە بکەن و لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامی دابمەزرێنن، خومەینی پێش گەڕانەوەی بۆ ئێران، دژ بە دێموکڕاسی نەبوو، بەڵکوو دواتر و بە سەپاندنی سیستەمی “ویلایەتی فەقیهی” ئەجێندای ڕاستەقینەی ناوبراو دەرکەوت. دەنا پارسا ئاماژە بەوە دەدا کە ئەو لایەنانەی لە شۆڕشدا بەشدار بوون، ئازادی، سەربەخۆیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان دەویست.
دووهەم، پارسا ئاماژە بەوە دەدا کە حیزبی دێموکڕات داوای دێموکڕاسی بۆ تەواوی ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانی دەکرد، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی حیزبی دێموکڕات و خەڵکی کوردستانی سەرکوت کرد. پارسا هەروەها ئاماژە بەوە دەدا کە خوێندکاران لە پاش شۆڕشەوە دەوری بەرچاویان هەبوو لە خەبات لە پێناو دێموکڕاسیدا.
سێهەم، بە گوێرەی تێگەیشتنی پارسا، ئەوانەی کە بە “رێفۆرمخواز” ناسراون، ئامانجیان ڕێفۆرمکردنی کۆماری ئیسلامی بووە. بەتایبەت ئاماژە بە “بزووتنەوەی سەوز” دەدا وەک بزووتنەوەیەک کە بە پێی تێگەیشتنی ئەو، ئامانجی دێموکڕاسی بوو. لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بەوە دەدا کە لەگەڵ ئەوەی سەرانی “بزووتنەوەی سەوز” ئامانجیان تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵام لایەنگرانی ئەو بزووتنەوەیە، دواجار دروشمەکانیان دژ بە کۆماری ئیسلامی و خامنەیی بوو.
چوارەم، ئاماژە بەوە دەدا کە داخوازیی ئەوانەی کە پەیتا پەیتا خۆپێشاندان و ڕاپەڕینیان ئەنجام داوە لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ڕادیکاڵیزەتر بووە و خوازیاری ئازادی و دێموکڕاسین.
بە کورتی، پارسا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە ئێراندا، خەڵک دێموکڕاسییان دەوێ. لەگەڵ ئەوەی ڕێژیم بەردەوام دەستی بردووە بۆ سەرکوتکردنی ئوپۆزسیۆن و خوێندکاران و خەڵک لە ئێراندا، بەڵام ناڕەزایەتی ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەربەرەکانێی “پاسیڤ” (واتە، ڕاوەستان لە بەرانبەر سیاسەتە سەپێندراوەکانی ڕێژیم لە بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە) بووە بە دیاردەیەکی بەربڵاو. لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لە ئاستی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا خۆی بسەپێنێ، خەڵک لەو بارەیەوە بە شێوەیەکی “پاسیڤ” بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمدا دەکەن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک هەم دژ بە ڕێژیمن، هەمیش گۆڕانیان دەوێ. هەروەها پارسا دەنووسێ کە ئەگەر بێت و ڕێژیمی ئیسلامی ڕێگا بدا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد، ئەوجا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەسەڵات دەدۆڕێنن. کۆی ئەمانە دەکا بە بنەما بۆ ئەوەی بەو دەرئەنجامە بگا کە خەڵک لە ئێراندا دێموکڕاسییان دەوێ.
بەربەستی سەرەکی لە سەر ڕێگای دێموکڕاتیزەبوونی ئێران لە ڕوانگەی پارساوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، هەر وەک چۆن ڕێژیمی شا بەربەست بوو لە سەر ڕێگای دێموکڕاسیدا لە ئێران. بۆیە، پارسا زۆرتر دەپەرژێتە سەر چۆنیەتیی گوزار بەرەو دێموکڕاسی. لەو پەیوەندییەدا دەنووسێ ئەگەر وڵاتێک ڕێژیمێکی دیکتاتۆر تێیدا حاکم بێ، لە دوو ڕێگا زیاتری نییە بۆ گوزار بەرەو دێموکڕاسی: یان ڕێفۆرم، یان شۆڕش. ئەمەش بە نۆرەی خۆی لە ئەساسدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیی ڕێژیمی حاکم.
بە بەراوەردکردنی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە یان لە ڕێگای ڕێفۆرمەوە (لەوانە کۆریای باشوور و تایوان) یان لە ڕێگای شۆڕشەوە (لەوانە فیلیپین، ئەندۆنێزی، میسر، تونێس و هتد) گوزاریان بەرەو دێموکڕاسی کردووە، پارسا بەو دەرئەنجامە دەگا کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە ئەگەری زۆر ئیمکانی ئەوەی نییە لە ڕێگای ڕێفۆرمەوە بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا. هۆی ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند فاکتەرێک:
1. دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا لە دەستی کەمینەیەک، واتە مەلاکاندا کۆ کراوەتەوە. مەلاکان کۆمەڵێک ئیمتیازی تایبەتیان پێ دراوە، لە کاتێکدا زۆرینەی دانیشتووانی وڵات بێبەش کراون لە دەسەڵاتی سیاسی. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەست بەرێ بۆ زەبروزەنگ و سەرکوتکردنی بەردەوامی ئوپۆزسیۆن و خەڵک. بە بێ سەرکوتکردنی بەردەوام، ڕێژیم ناتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
2. ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەساسی سیستەمی “ویلایەتی فەقیهی”، واتە حکومەتی خودا، ڕاوەستاوە و بەو بۆنەیەوە، دژی دێموکڕاسییە.
3. کۆماری ئیسلامی، لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئیسلامیدا بەردەوام دەستێوەردان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا دەکا. بەو بۆنەیەوە، ڕێژیم هەر جۆرە گۆڕانێک بە خەتەر دەزانێ و دژی ڕادەوەستێ. بە تایبەت فەرهەنگ و بەها کۆمەڵایەتییەکانی غەرب بە خەتەر لە سەر خۆی دەزانێ. هەر بەو بۆنەیەوە، لیبراڵ دێموکڕاسی بە خەتەری ستراتێژیک لە سەر خۆی دەزانێ.
4. سیاسەتی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانی بەردەوام و بەربڵاو لە ئابووریی وڵاتدا بووەتە هۆی بەهێزکردنی نوخبەی سیاسی و بە تایبەتی سپای پاسداران لە ئێراندا، لە کاتێکدا گەشەی ئابووریی وڵات پەکی کەوتووە. گەندەڵیی بەربڵاو یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی سیاسەتی ئابووریی ڕێژیمە. ئەمەش بە نۆرەی خۆی بۆشاییی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتی بەرینتر کردووەتەوە و بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتیی خەڵک.
پارسا لەو پەیوەندییەدا زۆرتر ئێران لەگەڵ کۆریای باشوور بەراورد دەکا. لەگەڵ ئەوەی ئەڕتەش لە کۆریای باشووردا دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو و نیزامێکی دیکتاتۆریی دامەزراندبوو، بەڵام ئەڕتەش لەو وڵاتەدا بەرنامەی ستراتێژیکی بریتی بوو لە بەسەنعەتیکردنی وڵات و هەوڵدان لە پێناو گەشەی ئابووریدا. هەروەها نە دەستێوەردانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا دەکرد، نە دەستێوەردانی لە سیستەمی ئابووریدا دەکرد. لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەویش بە نەرمی دەجووڵایەوە، بە تایبەت پێش قۆناغی دێموکڕاتیزاسیۆن. کاتێک ئەڕتەش سەرکەوت لەوەی گەشە بە ئابووریی وڵات بدا، ڕێگای بە ڕێفۆرم دا و دواجار ئەڕتەش دەستی لە دەسەڵات هەڵگرت، هەرچەند لە ئەوەڵین هەڵبژاردنی ئازاددا، دەسەڵاتدارانی پێشوو براوە بوون. خاڵێکی دیکەی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە ئەڕتەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی لە دەست دا، توانییان بگەڕێنەوە سەر پیشەی خۆیان. بەرژەوەندیی ئابووریی ئەڕتەش و پێگەی کۆمەڵایەتییان بەند نەبوو بە مانەوە لە دەسەڵاتدا. بە پێچەوانەوە، شا لە ئێران، مارکۆس لە فیلیپین و سوهارتۆ لە ئەندونێزی لە ڕێگای قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسییەوە، سامانێکی بەرچاوی شەخسییان وەدەست هێنابوو؛ بۆیە نەیاندەویست دەست لە دەسەڵات هەڵگرن. دواجار هەرسێکیان لە ڕێگای شۆڕشەوە وەلانران. پارسا هەمان چارەنووس بۆ مەلاکان لە ئێران پێشبینی دەکا.
بە کورتی، ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی سیاسیی ویلایەتی فەقیهی بارودۆخێکی وای پێکهێناوە کە ئەو سیستەمە بە ڕێفۆرم ناگۆڕدرێ. پارسا لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە هەوڵی “رێفۆرمخوازەکانی” ناو ڕێژیم دەدا و دەنووسێ کە ڕێژیم ڕێگا بە ڕێفۆرم نادا. ڕێژیم ناڕەزایەتی لە دەروونی خویدا و لە نێو کۆمەڵگادا بە سەرکوتی بەردەوام وڵام دەداتەوە. ئەمەش وای کردووە هیچ مەجالێک بۆ تەنازولکردن نەمێنێ. بە بێ سەرکوتی بەردەوام، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. بۆیە، پارسا بەو دەرئەنجامە دەگا کە ئەگەری زۆرە ئێران لە ڕێگای شۆرشەوە بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا.
لە گەڵ ئەوەی زەمینەی شۆڕش لە ئێراندا لەبارە، بەڵام توانای دژبەرانی ڕێژیم سنووردارە. پارسا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بەم ڕاستییەدا دەنێ. بۆیە، کاتێک دەتوانین لە ئێراندا چاوەڕوانی گۆڕانی بنەڕەتی بین کە ڕێژیم لاواز ببێ. لێکۆڵەرێکی دیکە بە شێوەیەکی سیستەماتیک نیشانی داوە کە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە. هاوکات، سەرکوتی خەڵک و توانای دامەزراوەی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردن، زیادی کردووە .
دەتوانین ئەوەی لێ زیاد بکەین کە نەبوونی هەواڵبەندی لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکانی ئێران، هەروەها نەبوونی ئوپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو کە پابەند بێ بە دێموکڕاسی، کۆی ئەمانە وای کردووە ڕێژێم بتوانێ لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. پارسا پێشبینی دەکا کە دواجار ئەگەری زۆرە ئێران لە ڕێگای شۆڕشێکی خوێناوییەوە گوزار بکا بەرەو دێموکڕاسی.
بە کورتی، لەگەڵ ئەوەی هەلومەرجی شۆڕش لە ئێراندا لەبارە، بەڵام بە نەبوونی هەواڵبەندی و ئوپۆزسێۆنێکی یەکگرتوو، مەرج نییە شۆڕش ڕوو بدا. ئەمەش ڕاستییەکە کە پارسا دانی پێدا دەنێ. بەڵام دەکرێ ئەوەی لێ زیاد بکەین کە مەرج نییە بارودۆخ هەروا بمێنێتەوە. دەکرێ ئەو هەواڵبەندییە لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکانی ئێراندا پێک بێ، دەکرێ ئوپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و دێموکڕاسیخواز سەرهەڵبدا. قووڵبوونەوەی قەیران لە ئێراندا دەتوانێ یارمەتیدەری پرۆسەیەکی وا بێ. لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی ئەمریکا دەتوانێ ڕێژیم بەهێز بکا یان لانیکەم گوشارەکانی لەسەر کەم بکاتەوە (وەک لە کەیسی سیاسەتی هەڵکردنی ئیدارەی ئوباما لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بەستنی ڕێککەوتنی ناوکی و هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لە سەر ئێران)، یان ئەوەی لاوازی بکا (وەک لە کەیسی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشارهێنان” بۆ ڕێژیم لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە و سەپاندنی کۆمەڵێک گەمارۆ بەسەر ئێراندا).
فاکتەرێکی دیکە کە دەتوانێ یان بە زەرەر یان بە قازانجی کۆماری ئیسلامی بشکێتەوە، دەوری بەناو ڕێفۆرمخوازەکانە لە ئێراندا. خاڵی لاوازی لێکدانەوەی پارسا بریتییە لە تێگەیشتنی ناوبراو لە سەر ئەوان. ڕێفۆرمخوازەکانی ڕێژیم تاکوو ئێستا مانیفێستێکیان لە پێناو ڕێفۆرمدا پێشکەش نەکردووە. لەگەڵ ئەوەش، لە نێوەڕاستی نەوەدەکانەوە توانییان سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. ڕاستییەکەی، ڕێفۆرمخوازەکان سوودی سیاسییان بۆ ڕژیم هەبووە، بەو مانایەی کە هەم توانیویانە بە باسکردن لە ڕێفۆرم (هەڵبەت بە بێ مانیفێست) پشتیوانیی بەشێک لە خەڵکی ئێران بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، هەمیش وڵاتانی ڕۆژاوا بێننە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ سەبریان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەبێ، یان ئەوەی لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاواییدا دووبەرەکی بنێنەوە. ڕیفۆرمخوازەکان نەک تەنیا ڕێژیمپارێزن، بەڵکوو هەروها بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، کە لە ڕووی دامەزراوەیییەوە بە مەبەستی وەدەستهێنانی ڕەوایی بۆ ڕێژیم ڕێکدەخرێن، تا ڕادەیەک کۆماری ئیسلامییان لە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهییەوە گۆڕیوە بۆ دیکتاتۆرییەتێکی هەڵبژێردراو. بەڵام لە ساڵانی دواییدا ڕێفۆرمخوازەکان دەورەی جارانیان نەماوە، مەگەر ئەوەی خامنەیی لە پێناو مودیرییەتکردنی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا دیسان مەیدانیان پێ بداتەوە.
فاکتەرێکی دیکە بێگومان تەمەنی خامنەیییە. ڕوون نییە کە پاش مەرگی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوا، هەرچەند بەرژەوەندیی مەلاکان وا دەخوازێ کە جێگرێکی بۆ دیاری بکەن. هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ڕێژیم، ڕەنگبێ یەکلاکردنەوەی مەسەلەیەکی وا وەک پاش مەرگی خومەینی سانا نەبێ.
لە هەموو ئەمانەش گرنگتر بێگومان توانای بەرچاوی سەرکوتکردنی سپا و بەسیجە. هێندێک ڕێژیم لە دونیادا هەن – لەوانە کۆریای باکوور و کووبا و لە ساڵانی دواییدا ڤێنێزوێلا – کە باروودۆخی ئابوورییان لە کۆماری ئیسلامی خراپترە، بەڵام بە بێ ئەوەی ڕێژیمی حاکم لەو وڵاتانەدا بڕووخێ. هەرچەند هەلوومەرجی جیاوازی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتانە دەبێ لەبەرچاو بگیردرێ، بەڵام وێدەچێ تواناییی سەرکوتکردن و ئیرادەی سەرکوت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی ئەو ڕێژیمانە بێ. بۆیە، تەنانەت سەرهەڵدانی ئوپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو لە خۆیدا مەرجی بەس (کافی) نییە بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا.
بەدەر لە توانای سەرکوتکردن لە لایەن سپا و بەسیجەوە، کۆی ئەو فاکتەرانەی دیکە کە باس کران قابیلی گۆڕانن. ڕەنگبێ توانای سەرکوتکردنی سپا و بەسیجیش بتوانێ گۆڕانی بەسەردا بێ، هەرچەند ئەگەری کەمە. ئەگەر پێشبینییەکەی پارسا ڕاست بێ کە دواجار ئێران لە ڕێگای شۆڕشەوە گوزار دەکا بەرەو دێموکڕاسی، ئەوجا وێدەچێ ئێران تووشی شەڕی نێوخۆیی ببێ. مەرج نییە لە سێناریۆیەکی وادا، نەتیجەی شەڕی نێوخۆیی دێموکڕاسی بێ. خاڵێکی دیکە، وەک لە سووریا شاهیدی بووین، سیاسەتی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانە لە ئەگەری شەڕی نێوخۆیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بە بێ پشتیوانیی ئێران و ڕووسییە، ئەگەری کەوتنی ڕێژیمی ئەسەد زۆر بوو. ڕوون نییە لە داهاتوودا ئیسرائیل، سعودییە و ئەمریکا لە لایەک و ڕووسییە و چین لە لایەکی دیکە لە ئەگەری شەڕی نێوخۆیی لە ئێراندا چ سیاسەتێک بگرنە بەر. ناڕوونبوونی ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چ جۆرە ئوپۆزسیۆنێک بتوانێ لە ئێراندا سەرهەڵبدا و چ جۆرە بەرنامەیەکی سیاسیی بەرێتە پێش. لێرەدا فاکتەرێکی دیکەی ناڕوون دەوری ئەڕتەشە، کە ئایا لە ئەگەری شۆڕش و شەڕی نێوخۆییدا پشتیوانی لە سپا و بەسیج دەکا یان دژ بەوان ڕادەوەستێ.
بە کورتی، بۆچوونی پارسا سەبارەت بەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێگای ڕێفۆرمی لە ئێراندا بەستووە، دروست دێتە بەرچاو. هەڵبەت پارسا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ناپەرژێتە سەر ئەوەی کە ئایا لە ئێراندا پێشمەرجی دێموکڕاتیزاسیۆن لە ئارادا هەن یان نە. زۆرتر گرنگی دەدا بە ویست و داخوازیی خەڵک بۆ گۆڕان بەرەو ئازادی و دێموکڕاسی. بەڵام لە پاش بەهاری عەرەبیدا، شاهید بووین کە ئەوە لە خۆیدا بەس نییە. بە واتایەکی دیکە، مەرج نییە شۆڕش دێموکڕاسیی لێ بکەوێتەوە.
لە گەڵ ئەوەی وڵامدانەوە بە دوو پرسیاری یەکەمی ئەم وتارە – واتە، ئایا ئێران مایەی ئەوەی تێدایە بەرەو دێموکڕاسی گوزار بکا؟ ئەگەر ئەو مایەیەی تێدایە، ئایا ئەوە لە ڕێگای ڕێفۆرم یان شۆڕشێکی دیکەوە دەبێ؟ – کارێکی سانا نییە، بەڵام ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولای ئیمکانی دێموکڕاسی لە ئێراندا، کارێکی گونجاو نایەتە بەرچاو. بۆیە، دەرئەنجامێکی ئەم وتارە ئەوەیە کە بنەمایەکی قایم لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی پێشنیار بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بکرێ کە واز لە ئامانجی دێموکڕاتیزەکردنی ئێران بێنێ.
هەرچەند لەو بارەیەوە پێویستە لێکۆڵینەوەی جیددی ئەنجام بدرێ، لە بەر چوار هۆ ناکرێ بزووتنەوەی کورد دەست لە ئامانجێکی وا هەڵگرێ. یەکەم، ئەو ڕووناکبیر و چالاکوانانەی کە بۆچوونیان وایە دێموکڕاسی لە ئێراندا ئیمکانی نییە، تاکوو ئێستا ئەوەیان نەسەلماندووە. هەڵبەت لە بەرانبەردا، ناکرێ بێ ئەملاو و ئەولا پێچەوانەکەشی بسەلمێندرێ. لە لایەکی دیکەوە، نکۆڵی کردن لە مافی نەتەوایەتیی کورد و ڕەتکردنەوەی فێدرالیزم لەلایەن ئەو بەشە لە ئوپۆزسیۆنی فارس کە خۆیان بە دێموکڕاسیخواز لەقەڵەم دەدەن، بووەتە هۆی هێنانە ژێر پرسیاری ئامانجی لەمێژینەوەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات سەبارەت بە دێموکڕاسی لە ئێراندا. ئەمەش قابیلی دەرکە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا هەڵوێستی ئوپۆزسێۆنی دەرەوەی وڵات، کە پرش وبڵاو و لاوازن، دەکرێ بکرێ بە بنەما بۆ وەلانانی ئامانجێکی وا؟ مرۆڤ دەتوانێ گومانی سەبارەت بەوە هەبێ کە لە ئێراندا پێشمەرجی دێموکڕاتیزاسیۆن لە ئارادا بێ، بەڵام لە ڕوانگەیەکی مێژوویییەوە دەبێ ئەو مەسەلەیە وەک پرۆسە چاوی لێ بکرێ تاکوو ئەوەی بە دیدێکی ئەوڕۆیی حوکمی لە سەر بدرێ.
دووهەم، تەنیا کاتێک بزووتنەوەی کورد ستراتێژیی خۆی لە تێکۆشان بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکڕاتیک و فێدراڵەوە بۆ سەربەخۆیی بگۆڕێ، دەکرێ ئەو ئامانجە وەلا بنرێ. بەڵام تاکوو ئێستا، نە ئەو حیزبانەی خوازیاری سەربەخۆیین، نە ئەو ڕووناکبیر و چالاکوانانەی کە سەربەخۆییخوازن، ستراتێژییەکیان لەو بارەیەوە داڕشتووە. لێرەدا دوو مەسەلە تێکەڵ دەکرێ: ئەوەی کە گەلی کورد مافی ڕەوای سەربەخۆییی هەیە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوەی کورد توانای ئەوەی هەبێ سەربەخۆیی بەدەست بێنێ. بە واتایەکی دیکە، هەق و توانا دوو شتی جیاوازن. داڕشتنی ستراتێژی ناکرێ سنووردار بکرێ بە دیاریکردنی ئامانج؛ داڕێژەرانی ستراتێژیی سەربەخۆیی هەروەها دەبێ بە ڕوونی دیاریی بکەن کە بە کەڵک وەرگرتن لە چ ئامرازگەلێک دەکرێ ئامانجی سەربەخۆیی وەدەست بهێندرێ. گومانی تێدا نییە، دامەزراندنی دەوڵەت باشترین زامنە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی کورد. لە ئێستادا هەلومەرجی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەبار نییە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی، بەڵام هەلومەرجی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەردەوام لە گۆڕاندایە، هەرچەند بە ئەسپاییش بێ و هەرچەند هەموو جۆرە گۆڕانێک لەو ڕووەوە (بە تایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا) هەمیشە ناکرێ بە سوودی کورد بێ. گرنگ ئەوەیە بزووتنەوەی کورد بە پێی هەلومەرج، ستراتێژی و سیاسەتی خۆی دابڕێژێ و بگوڕێ.
سێهەم، تەنانەت ئەگەر لە داهاتوودا کورد بتوانێ سەربەخۆیی وەدەست بێنێ، مەسەلەی دێموکڕاسی لە ئێراندا پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەییی کوردەوە دەبێ. لەگەڵ ئەوەی هێندێک کەیسی ڕیزپەڕ هەیە ( پەیوەندیی پڕکێشەی هیند و پاکستان بۆ نموونە، بە مەرجێ پاکستان بە دێموکڕاسی بێتە ئەژمار)، بەڵام وڵاتانی دێموکڕاتیک پەیوەندیی ئاشتییانەیان هەیە پێکەوە، هەروەها توانایییان هەیە لە ڕێگای دانوستاندنەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. پێش سەربەخۆییش، دێموکڕاسی لە ئێراندا پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەییی کوردەوە هەیە. بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی کورد بریتییە لە پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لە خەتەری ئاسیمیلاسیۆن، پاراستنی خەڵکی کوردستان لە خەتەری ژێنوساید، هەروەها پاراستنی ژینگەی کوردستان لە خەتەری ژینگەیی و هتد. لەگەڵ ئەوەی کەیسی ڕیزپەڕ لەو بارەیەشەوە هەیە ( دەتوانین ئاماژە بە نموونەی میانمار یان بورما بدەین، کاتێک پاش دێموکڕاتیزەبوونی ئەو وڵاتە ئەڕتەش دەستی برد بۆ پاکتاوکردنی ڕۆهینگاکان، هەروەها دەتوانین ئاماژە بە هەوڵی گۆڕینی دێموگڕافیی باکووری کوردستان لەلایەن تورکییەوە بدەین لە ساڵەکانی نەود کاتێک کە ئەو وڵاتە “دێموکڕاتیک” بوو، یان ئاماژە بدەین بە زیندانیکردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی مەدەنیی کورد لە ساڵانی دواییدا لە تورکیە)، بەڵام گومانی تێدا نییە کە دێموکڕاسی – تەنانەت ئەگەر نەبێتە هۆی دانپێدانان بە مانی نەتەوایەتیی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان – باشترە لە دیکتاتۆرییەت. هەر نەبێ، لە ئێرانێکی دێموکڕاتیکدا، گەلی کورد مافی ئازادیی بەیان، مافی کۆبوونەوە و تەنانەت پێکهێنانی ڕێکخراوی سیاسیی دەبێ، هەروەها ئەستەم دەبێ بۆ ڕێژیمی حاکم لە تاران، کوردستان میلیتاریزە بکا و هەوڵی تواندنەوە و گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان بدا.
چوارەم، بۆ ڕۆژاوا، کە سیاسەتیان بریتییە لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، گرنگە بزووتنەوەی کورد پابەند بێ بە دێموکڕاتیزەکردنی ئەو وڵاتانە. کەوابوو، مەسەلەی دێموکڕاسی لەو وڵاتانەدا بۆ بزووتنەوەی کورد ڕەهەندێکی نێودەوڵەتییشی هەیە.
بەراوردێک لە نێوان سپانیا و ئێراندا
وڵامدانەوە بە سێهم پرسیاری ئەم وتارە تا ڕادەیەک ساناترە. بە ئاماژەدان بە سپانیا، کانادا، بێلژیک، بریتانیا، سویس و هێندێک وڵاتی دیکە لە ڕۆژاوا، دەتوانین بڵێین دێموکڕاسی دەتوانێ چارەسەر بێ بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا – جا لە شکڵی ئۆتۆنۆمیدا بێ یان فێدرالیزم.
لێرەدا دەکرێ لە کەیسی سپانیا وردبینەوە، چونکە سپانیا وێکچوونی زۆرە لەگەڵ ئێران. هاوشێوەی ئێران فرەنەتەوەیە. هەروەها هاوشێوەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ چوار دەیە حکومەتێکی دیکتاتۆر لەو وڵاتەدا لەسەر دەسەڵات بوو. لە ڕووی مێژووییشەوە خاڵی هاوشێوەیان هەیە: هەردووکیان لە ڕابردوودا ئیمپراتۆری بوونە. هەڵبەت سپانیا لە ئەورووپا هەڵکەوتووە (ناوچەیەک کە کۆمەڵێک وڵاتی دێموکڕاتیکی تێدا هەڵکەوتووە و “یەکیەتیی ئەورووپای” تێدا بەدی هاتووە)، لە کاتێکدا ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵکەوتووە (ناوچەیەک کە پڕە لە ڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ و دامەزراوەیەک لە بابەتی “یەکیەتیی ئەورووپای” تێدا نییە). بە پێچەوانەی ئێران، سپانیا خاوەن سەرچاوەی سرووشتیی وەک نەوت نییە. وەک باس کرا، نەوت بەڵایەکی گەورەیە و بەربەستێکی جیدییە لە سەر ڕێگای پرۆسەی دێموکڕاتیزاسیۆن لە وڵاتانێکدا کە نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان پێک دێنێ.
گوزاری سپانیا بەرەو دێموکڕاسی لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠دا، پاش مەرگی فرانکۆ و کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەتی ناوبراو، جێگای سەرنجە. لەگەڵ ئەوەی ئیسپانیا لە ساڵی ١٨٧٣دا بۆ ماوەیەکی کورت سیستەمێکی فێدراڵی هەبوو کە پێکهاتبوو لە ١٥ هەرێم، مەسەلەی نەتەوایەتی لەو وڵاتەدا تا ڕادەیەک پێش دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ چارەسەر کرا بوو. کاتالۆنیا، هەرێمی باسک و گالیسیا، سێ هەرێمی گرنگی ئیسپانیا، لە نێوان شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانیدا، کاتێک سپانیا نیزامێکی دێموکڕاتیکی بوو، ئۆتۆنۆم بوون. هەڵبەت فرانکۆ بە بیانووی ئەوەی کە دیکتاتۆرییەت باشترین شێوەیە بۆ پاراستنی “یەکپارچەیی”ی سپانیا و بە ئاماژەدان بە ئۆتۆنۆمیی ئەو سێ هەرێمە وەک خەتەر لە سەر یەکپارچەییی سپانیا، ڕەوایەتی بە دەسەڵاتداریی خۆی دا. پاش کۆتاییهاتنی شەڕی نێوخۆیی و سەرکەوتنی فرانکۆ لەو شەڕدا، کە یەکێک لە خوێناویترین شەڕە نێوخۆیییەکانی ئەورووپا بوو لەو کاتەدا، تاکوو مەرگی ناوبراو لە ساڵی ١٩٧٥دا، نەتەوەکانی دیکە لە سپانیا لە ژێر زوڵمدا دەژیان و زمان و کولتووریان قەدەغە کرابوو.
کاتێک فرانکۆ کۆچی دواییی کرد، سپانیا لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدا بوو. نەمانی فرانکۆ وێڕای قەیرانی ئابووری بووە هۆی ئەوەی نوخبەی سیاسیی ئەو وڵاتە، واتە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی فرانکۆ و ئۆپۆزیسیۆن، ڕێک بکەون لەسەر ئەوەی ڕێگای دێموکڕاسی بگرنە بەر. بۆیە، دێموکڕاسی لە سپانیا بە “دێموکڕاسیی پەیمانی” لەقەڵەم دراوە و لە نەتیجەی ڕێککەوتنێك لە نێوان دەسەڵاتدارانی پێشوو و ئوپۆزسێۆندا، بە شێوەی نهێنێ، هاتە کایەوە. هەڵبەت لەو کۆبوونەوە نهێنییانەدا بڕیار درا کە ڕابردوو بسپێڕن بە ڕابردوو؛ واتە، ئەوانەی کە لە سەردەمی فرانکۆدا دەستیان لە سەرکوت و چەوساندنەوەی خەڵکدا هەبوو، دادگایی نەکران. لە لایەکی دیکەوە، پەیکەری فرانکۆ و هێماکانی ڕێژیمی پێشوو وەک خۆیان مانەوە. هەروەها بە پێچەوانەی زۆر وڵاتی دیکە، بیرۆکراسیی سپانیا لە کاربەدەستانی سەردەمی دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ پاکسازی نەکران.
نوخبەی سیاسی لەگەڵ ئەوەی دەیانزانی کە پرسی گرنگ و مێژوویی لە سپانیادا پرسی نەتەوایەتییە و دەیانویست لە پرۆسەی گوزار بەرەو دێموکڕاسیدا ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکەن، لە پێشدا بڕیاریان دا دەستوورێک بنووسن کە یەکبوونی دەوڵەت بپارێزێ و بەو بۆنەیەوە، موخالیفی فێدرالیزم بوون. دواتر لە ڕێگای وتووێژەوە و پاش پەسەندکردنی دەستووری نوێ، ئامادە بوون ئوتۆنۆمی یان خودموختاری بە سێ هەرێمی “مێژوویی” – واتە کاتالۆنیا، هەرێمی باسک و گالیسیا – بدەن. هەر لەو پرۆسەیەدا، ڕێککەوتن لە سەر دانی ئۆتۆنۆمی بە ١٣ هەرێمی دیکە.
مادەی ٢ لە دەستووری سپانیا، ڕێگا دەدا بە پێکهێنانی هەرێمی ئۆتۆنۆم. مادەی٣ زمانی کاستیلی (یان سپانیایی) وەک زمانی فەرمی سپانیا دادەنێ؛ هەروەها دان بە هەبوونی زمانی دیکەشدا دەنێ، هەڵبەت بە بێ ئەوەی زمانەکانی دیکە لە دەستووردا بە زمانی فەرمی بناسێ. لە هەر هەرێمێکدا دەبێ زمانی کاستیلی هاوشانی “زمانی هەرێمی”، زمانی فەرمی بێ. “زمانی هەرێمی” تەنیا لە هەرێمەکاندا زمانی فەرمین. بەدەر لەمانە، مافی ئۆتۆنۆمیی هەرێمەکان دیاری نەکراوە. هەرێمەکان بە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم سەبارەت بە پێکهێنانی هەرێم و دواتر لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، ناوەڕۆکی ئۆتۆنۆمیی خۆیان دیاریی کردووە. لەو ڕووەوە، ناهاوسەنگییەک هەیە. بۆ نموونە، لە هەرێمی باسکدا، حکومەتی هەرێم مافی وەرگرتنی باجی هەیە، لە کاتێکدا هەرێمەکانی دیکە ئەو مافەیان نییە.
لە سپانیادا لامەرکەزییەت تا ڕادەیەک بەدامەزراوەیی کراوە، بەڵام دەوڵەت فێدراڵ نییە. لێکۆڵەرێک ئەمە وەک یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی مۆدێلی لامەرکەزییەت لە سپانیا لە قەڵەم دەدا و داهاتووی بە ناڕوون دەزانێ. مەبەستی ئەوەیە لە دەستووردا دەسەڵات لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمەکاندا دابەش نەکراوە. هەروەها بە هۆی ئەوەوە سپانیا سیستەمێکی فێدراڵی نییە، خانەیەکی دووهەم یان سەنایێکی بەهێز هاوشێوەی وڵاتانی فێدراڵ لە پاڵ پەرلەمانی سپانیا بوونی نییە. وەک ئاماژەی پێ درا، نێوەڕۆکی لامەرکەزییەت لە ئەساسدا بە وتووێژ دیاری دەکرێ.
لە لایەکی دیکەوە، لە هەرێمی باسک ڕێکخراوی “ئێتا” و باڵی سیاسیی ئەو ڕێکخراوەیە خوازیاری سەربەخۆیین. “ئێتا” تۆمەتبارە بە بەکاربردنی تێرۆر لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجەی. هەڵبەت لە کاتالۆنیا و گالیسیا، دوو هەرێمەکەی دیکە کە بە “هەرێمی مێژوویی” دەناسرێن، خەباتی چەکداری نەکراوە. لە ساڵی ٢٠١٧دا لە کاتالۆنیا ڕێفراندۆمێک ئەنجام درا کە دادگای باڵای سپانیا بە نایاساییی لەقەڵەم دا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پۆلیسی سپانیا زەبروزەنگ دژ بە لایەنگرانی ڕێفراندۆم بەکار بەرن.
وێدەچێ سەرکەوتنی گوزاری سپانیا لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دێموکڕاسی ئەوە بێ کە نوخبەی سیاسی لەو وڵاتەدا بە کۆدەنگی بڕیاریان دا لە ڕێگای هاوکاریی نێوان حیزبەکان سەبارەت بە سیاسەتی نێوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە، هەروەها هاوکاریکردن سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمەکان، ئەو پرۆسەیە بە نەتیجە بگەیەنن. پاش ئەوەڵین هەڵبژاردنەکان، هیچ حیزبێک زۆرینەی دەنگی خەڵکی وەدەست نەهێنا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە حیزبەکانی سپانیا ناچار بن داوای هاوکاریی لە حیزبی نەتەوەکانی دیکە لە هەرێمە جیاوازەکاندا بکەن. کۆی ئەمانە وای کردووە دێموکڕاسی و لامەرکەزییەت لە سپانیادا بە سەرکەوتوو لە قەڵەم بدرێ.
هەڵبەت ئەوە بە مانای ئەوە نییە مۆدێلی لامەرکەزییەت لە سپانیادا بێ کێشە بووە. شەڕی “ئێتا” لەگەڵ دەوڵەتی سپانیا نموونەیەکە لەو بارەیەوە. ویستی کاتالۆنییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕێفرامدۆم و دژایەتیکردنی ڕێفراندۆم لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە، نموونەیەکی دیکەیە. جێگای ئاماژەیە کە لە ئاکامی شەڕی نێوان “ئێتا” و دەوڵەتی سپانیا، کە لە سەردەمی گوزار بەرەو دێموکڕاسیشدا درێژەی هەبوو، لە ساڵی 1981 یاسایەک پەسەند کرا کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر “یەکپارچەییی سپانیا” و تەنانەت هەر هەوڵێک لە پێناو “جودابوونەوە لە سپانیا”دا، تەنانەت بە شێوەی ئاشتیخوازانە، بە “تیرۆریزم” لە قەڵەم دەدا.
بەو پێیە، دەبێ جەخت بکرێتەوە کە دێموکڕاسی، تەنانەت کاتێک کە لە کەیسی سپانیادا و لە ڕێگای مۆدێلی لامەرکەزییەتەوە، دەبێتە هۆی چارەسەکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی، بە واتای کۆتاییهاتنی کێشە لە نێوان نەتەوەی بێ دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەستدا نییە. (کێشەی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و حکومەتی فێدراڵی عێراق نموونەیەکی دیکەیە لەو بارەیەوە) لە هەمان کاتدا ناکرێ جیاوازیی نێوان دیکتاتۆرییەت و دێموکڕاسی لەبەرچاو نەگیردرێ. گومانی تێدا نییە کە ژیانی نەتەوەی باسک و کاتالان زۆر جیاوازە لە پاش دێموکڕاتیزەبوونی سپانیا بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ. لە لایەکی دیکەوە، دێموکڕاسی لە خۆیدا لە هەموو شوێنێک نابێتە هۆی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی، یان ئەوەی دەستبەجێ مەسەلەی نەتەوایەتی پاش گوزار بەرەو دێموکڕاسی چارسەر بێ. بریتانیا یەکێک لە دێرینترین دێموکڕاسییەکانی دونیایە، کەچی لە کۆتاییی نەوەدەکاندا ئۆتۆنۆمییان دا بە باکووری ئیرلەند، ویڵز و سکاتلەند.
لەگەڵ ئەوەی، وەک پارسا بە دروستی ئاماژەی پێ دەدا، بە ئیحتمالی زۆر گوزاری ئێران بەرەو دێموکڕاسی لە ڕێگای ڕێفۆرم و دوور لە زەبروزەنگ ئیمکانی نەبێ، وێکچوونی ئێران لەگەڵ سپانیا و بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی نەتەوەی فارس لە ئێراندا زۆرینەی بەرچاوی دانیشتوانی ئێران پێکناهێنن، پارسەنگی هێز لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا حیزبە فارسەکان ناچار بکا بە تەنازول کردن. بۆیە، هەڵوێستی ئێستایان لە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی، مەرج نییە دوای گوزار بەرەو دێموکڕاسی وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەمە بە مەرجێک کە ئێران تووشی شەڕێکی نێوخۆیی نەبێ و لایەنی دەرەکی وەک ڕووسییە و چین دەستێوەردانی تێدا نەکەن و پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی نەکەن، هەروەها بە مەرجێک کە ڕێکخراوە فارسەکان دەروەست بن بە دێموکڕاسی. لە لایەکی دیکەوە، بەڵای نەوت لە ئێران بەربەستێکی جیدییە کە ڕەنگبێ لە ڕێگای سیستەمێکی فێدراڵەوە و بە دابەشکردنی داهاتی نەوت لە نێوان هەرێمە جیاوازەکانی وڵات، بکرێ ئاکامی خراپی کەم بکرێتەوە، تاکوو ئەو کاتەی ئێران لە ڕووی ئابوورییە بە شێوەی سەنعەتی گەشە بکا یان ئابوورییەکەی فرەلایەن بکا.
بە کورتی، لەگەڵ ئەوەی لە هێندێک وڵات مەسەلەی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی دێموکڕاسیدا چارەسەر کراوە، مەرج نییە ئەمە لە ئێراندا ڕوو بدا. بەڵام ناشکرێ ئیمکانی ئەوە ڕەد بکرێتەوە. فێدراڵیزم و دابەشکردنی دەسەڵات بە چەشنێک کە یارمەتیدەری هاوسەنگیی نێوان هەرێمەکانی ئێران بێ، دەشێ لەو ڕووەوە یارمەتیدەری دێموکڕاتیزەبوونی ئێران و چەسپاندنی دێموکڕاسی بێ لە ئێراندا. دووپات نەکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە عێراقدا کراون، دەتوانێ لەو ڕووەوە یارمەتیدەر بێ.
دوا وتە
ئەم وتارەی بەردەست لافی ئەوە لێ نادا کە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وڵامی ئەو پرسیارانەی دابێتەوە کە سەرەتا مەترەح کران. لەگەڵ ئەوەش، دەرئەنجامی ئەم وتارە ئەوەیە تاکوو سەبارەت بە دێموکڕاسی و پەیوەندیی ئەو لەگەڵ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتیدا لێکۆڵینەوەی جیددی ئەنجام نەدرێ، پێشنیارکردن بە حیزبە سیاسییەکان یان فشار هێنان بۆیان کە واز لە ئامانجی وەدێهێنانی دێموکڕاسی لە ئێراندا بێنن، کارێکی بەسوود نایەتە بەرچاو – بە تایبەت تاکوو ئەو کاتەی ستراتێژییەکی گونجاوتر وەک بەدیل دانەڕێژرابێت.
بۆ ئەوەی باسێکی بەسوودی سیاسی لەو بارەیەوە دەست پێ بکا، پێویست دەکا لێکۆڵینەوەی جیددی سەبارەت بە ئیمکانی دێموکڕاسی لە ئێراندا و پەیوەندیی دێموکڕاسی و چارەسەکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی لە ڕوانگەیەکی بەراوردکارانەوە ئەنجام بدرێ. بەراوردکردنی ئێران لەگەڵ سپانیا تەنیا هەنگاوێکە لەو ڕاستایەدا. دەکرێ ئێران لەگەڵ زۆر وڵاتی دیکەشدا بەراورد بکرێ. هەروەها ئەگەر ئوپۆزسیۆنی فارس بەڕاستی دەروەست بن بە دێموکڕاسی، دەبێ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی بە یارمەتیدەری دێموکڕاتیزەکردنی ئێران ببینن. ئەوەش پێویستی بە دیالۆگی جیددی و بەردەوام هەیە.
تاکوو ئەوکات، ئاسایشی نەتەوەییی کورد و سەبری ستراتێژیک وا دەخوازێ بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێ لەسەر گرنگیدان بە مەسەلەی دێموکڕاسی لە ئێراندا. لە هەمان کاتدا، بەهێزکردنی بزووتنەوەی کورد دەبێ هەوڵێكی بەردەوام بێ. هەرچەند بەستێنی دامەزراوەییی هەر وڵاتێک لە پەیوەندی لەگەڵ پێگە و مافی نەتەوە بێ دەوڵەتەکاندا گرنگیی هەیە، دواجار لە سیاسەتدا هێز یەکلاکەرەوەیە – هەڵبەت بە شکڵی جیاواز لە بەستێنی دامەزراوەییی جیاوازدا.


ژێدەرەکان


1. Jan Teorell, Determinants of Democratization:
Explaining Regime Change in the World, 1972-2006
(Cambridge: Cambridge University Press, 2010),
chap. 1.
2. Dariush Zahedi, ”Prospects for Democratization
in Iran: Policy Implications,” Insight Turkey, Vol. 12,
No. 2 (Spring 2010), p. 225.
3. Ibid., pp. 224-25.
4. Ibid., ”Prospects for Democratization in Iran,” pp.
230-31.
5. Misagh Parsa, Democracy in Iran: Why It Failed
and How It Might Succeed (Cambridge, Mass: Harvard
University Press, 2016).
6. Parsa, Democracy in Iran, chaps. 1-2.
7. Parsa, Democracy in Iran, pp. 38 ff.
8. Parsa, Democracy in Iran, p. 57.
9. Saeid Golkar, ”Protests and Regime Suppression
in Post-Revolutionary Iran,” The Washington Institute
for Near East Policy, October 2020, PN85.
10. Thomas O. Hueglin and Alan Fenna, Comparative
Federalism: A Systematic Inquiry (Peterborough:
Broadview Press, 2006).
11. Omar G. Encarnación, Spanish Politics: Democracy
after Dictatorship (Cambridge: Polity Press,
2008), chap. 6.
12. Encarnación, Spanish Politics, chaps. 1, 6.
13. Josep M. Colomer, ”The Spanish ’State of Autonomies’:
Non-Institutional Federalism,” West European
Politics, Vol. 24, No. 4 (1998).
14. Encarnación, Spanish Politics, pp. 2-3.
15. Encarnación, Spanish Politics, p. 98.
16. ”Devolution of powers to Scotland, Wales and
Northern Ireland”, https://www.gov.uk/guidance/devolution-
of-powers-to-scotland-wales-and-northernireland,
Accessed December 3, 2020.