ئارامتر بخوێنەوە!

کاریگەریی نهێنپارە دژ بە کۆلۆنیالیزم لە سەدەی دیجیتاڵدا

هیوا زرێبار

پوختەی وتار:
کۆلۆنیالیزم بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆی لە هەندێک کەرەستە و مێکانیزم کەڵک وەردەگرێت. پارە، سیستەمی ئابووری و بازاڕ، لەو مێکانیزم و کەرەستانەن کە دەوڵەتانی کۆلۆنیالیست لە ڕەهەندی ئابوورییەوە وەکوو چەکێکی بەهێز بە دژی بەکۆلۆنیکراو بەکاری دێنن. لە سەدەی دیجیتاڵدا بە هاتنە ئارای هەندێک تێکنۆلۆژیای نوێ وەکوو بلۆکچەین، ئاسۆیەکی نوێ بەرەو لاوازبوون و سڕینەوەی پاوانکردنی سیستەم و کەرەستەکانی ئابووری لە دەستی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکان و تەنانەت لە بواری فەرهەنگی و سیاسیشەوە، کراوەتەوە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی هەوڵی بەکارهێنانی نهێنپارە(دراوی دیجیتاڵ) لەسەر سیستەمی بلۆکچەین لە لایەن نەتەوە بەکۆلۆنیکراوەکانی جیهان و کەمینەکانی دیکە، پۆتانسیەلەکان و ئاستەنگەکانی ئەزموونی ئەوان بخوێندرێتەوە و نەخشەڕێگایەک بۆ کوردستان پێشنیار بکرێت.

پێشەکی:
ئەگەرچی دنیای دیجیتاڵ و فەزای سایبێری دەتوانێت وەکوو شمشێرێکی دوو لایەنە ڕۆڵ بگێڕێت، واتە هەم جیهان بەرەو یەکدەستبوون و یەکڕەنگبوونی فەرهەنگی ببات و وەکوو بەشێک لە پەکەیجی فەرهەنگی گڵۆباڵیزم ڕۆڵ بگێڕێت و هەم دەتوانێت وەکوو دەرفەتێک بێت بۆ نەتەوە بەکۆلۆنیکراوەکان و کەمینەکانی جیهان. بە دەرکەوتنی سیستەمی بلۆکچەین و دروستبوونی نهێنپارەکان، دەتوانین تەرکیزی زۆرتر لەسەر کاریگەریی فەزای دیجیتاڵ لەمەڕ لاوازکردنی ناوەندگەرایی بکەین و وەکوو دەرفەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلۆنیالیزم بەکاری بهێنین.
چەمکە گشتییەکان:

⦁ بلۆکچەین:
بلۆکچەین یان زنجیرەی بلۆکەکان، سیستەمێک بۆ تۆمارکردنی دەیتاکانە، ئەم چەشنە دەیتاگەلە دەتوانن ترانزەکشنی بانکی، داکیۆمێنتی گرێبەستەکان یان خود لە هەر جۆرە دەیتایەکی دیکە پێک بێن.
سیستەمی بلۆکچەین لە زنجیرەیەک بلۆک یان خانە پێک هاتوون کە هەر بلۆکێک هەڵگری سێ بەشە: دەیتا، هاش(شفرەی نهێنی)، هاشی بلۆکی پێشوو
بەشی دەیتا دەتوانێت هەڵگری هەر جۆرە دەیتایەک بێت، بەشی هاش پێک هاتووە لە ڕەمز یان هێمایەکی نەگۆڕ کە وەکوو پەنجەمۆر تایبەتە، و لە بەشی سێیەمدا هاشی بلۆکی پێشوویش پاشەکەوت دەبێت و زنجیرەکەمان تەواو دەکات و لێکی گرێ دەداتەوە.

مایک وینکلسپێکت بەرپرسی کۆمپانییای ئەمریکی Cem دەڵێت: بلۆکچەین دەتوانێت، سیستەم، بنکەدراوە، پرۆتۆکۆل یان نەرمەواڵەیەک بێت کە زانیارییەکان پاشەکەوت دەکات و ئیدی ئیمکانی دووبارەنووسینەوە و دەستکاریی زانیارییەکان نییە، ئەم شێوە دیزاینە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆمارکراوەی مێژووییی هەمیشەیی ساز ببێت.
سیستەمی بلۆکچەین بە شۆڕشێکی نوێ هەژمار دەکرێت کە پێشبینی کراوە تا چەند ساڵی داهاتوو تەواوی دنیا بتەنێتەوە. ئەم سیستەمی تۆمارکردنی دەیتایە، خاوەنی چەند تایبەتمەندیی گرنگە کە جیاواز دەرکەوتووە.
تایبەتمەندییەکانی بریتین لە:
یەکەم: ئامانجی سەرەکیی بلۆکچەین، سڕینەوەی ناوەندگەرایی یان سێرڤێرێکی ناوەندی کە لە کۆنتڕۆل و پاوانی کەس، کەسانێک، گرووپ، کۆمپانیا یان دەوڵەتێک بێت، تەواوی تۆڕی بلۆکچەین و پێوەندییەکانی بەشێوەی تاک بە تاکە و هیچ ناوەند و بەرپرسێک بوونی نییە.
دوویەم : هەر دەیتایەک کە لە بلۆکێکدا تۆمار بکرێت ئیدی ئەو بلۆکە دەکەوێتە نێوان زنجیرەکەوە و ئیمکانی دەستکاری، گۆڕان و سڕینەوەی بۆ کەس بوونی نییە. هەر ئەم تایبەتمەندییە بووەتە هۆی ئەوەی تۆمارکردنی ڕێکۆردگەلی بانکی و زانیارییە ماڵییەکان بۆ هەمیشە نەگۆڕ و پارێزراو بێت و هیچ لایەنێکی سێیەم کۆنتڕۆلی بەسەریەوە نەبێت.
سێیەم: بلۆکچەین کتێبخانە یان دەفتەرێکی تۆماری گشتیی بڵاوەبووە، کە هەموو نۆد یان بەکارهێنەرەکان دەتوانن مێژووی دەیتا تۆمارکراوەکان ببینن بەڵام کەس بۆی نییە دەستکارییان بکات، هەر دەیتایەکی نوێ کە لەم سیستەمەدا تۆمار دەکرێت، دەبێت نۆدەکانی دیکە پشتڕاستی بکەنەوە، هەروەها کۆپییەک لە هەموو دەیتاکانی بنکەدراوە لە لای تاک بە تاکی نۆدەکان هەیە. ئەم شێوە لە بڵاوەبوونە دەبێتە هۆی ئەمنییەتی زێدە، شەفافییەت، بەرگریی لە هەککران، ئازادیی زانیاریی و سڕینەوەی ناوەندگەرایی.
چوارەم: ڕێکاری پێوانی ڕەسەنێتی یان متمانەپێکراوبوون، تایبەتمەندییەکی گرنگی بلۆکچەینە؛ بۆ ئەم مەبەستە لە مێکانیزمی ڕەزامەندیی گشتی کەڵک وەردەگرێت، بۆ نموونە لە ترانزەکشێنێکی بانکیدا، سێ لایەن بوونیان هەیە، لایەنی یەکەم کە پارە دەنێرێت، لایەنی دوویەم پارەکە وەردەگرێت و لایەنی سێیەم کە بانکە ئاڵوگۆڕی پارەکە پشتڕاست دەکاتەوە. بەڵام لە بلۆکچەیندا لایەنی سێیەم کە بانک یان ناوەندێکی دیاریکراوە، بوونی نییە و بە یارمەتیی ئەلگوریتمی Proof of work هەر بلۆکێکی نوێ لە لایەن کۆمەڵە نۆدەکانی دیکەوە پشتڕاست دەکرێنەوە.

⦁ نهێنپارە و بیتکۆین:

لە سەروبەری قەیرانی ئابووریی 2008ی ئامریکادا و بەستێنی ئەو قەیرانە بۆ دەستپێکی شۆڕشی واڵێستریت، کەسێکی نەناسراو بە ناوی “ساتووشی ناکامۆ” پەیامێکی بڵاوکردەوە و دروستکردنی یەکەم نهێنپارەی ئەلەکترۆنیی لەسەر سیستەمی بلۆکچەین ڕاگەیاند.
” ئێمە سیستەمێکمان وەگەڕ خست کە ئیدی بتوانن ترانزەکشێنە ئەلەکترۆنییەکان بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە کەسێک متمانە بکەن، ئەنجام بدەن”
لە ئاکامدا لە ساڵی 2009دا بیتکۆین وەکوو یەکەمین نهێنپارە، بە یارمەتی و لەسەر سیستەمی بلۆکچەین هاتە نێو بازنەی دنیای ئابوورییەوە تاکوو ئیمکانی ئاڵوگۆڕی ماڵی لەم سەر تا ئەو سەری دنیادا بە شێوەیەکی ڕوون، خێرا، هەرزان، ئەمن و بەبێ کۆنتڕۆڵی دامودەزگای سەرمایەداری و دەوڵەت ئەنجام بدرێت. ئەمڕۆکە هەزاران نهێنپارەی دیجیتاڵیی نوێ دروست کراون و لە کەرتەکانی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵ و پزشکیدا ڕۆڵ دەگێڕن.
مێژووی پارە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە و ڕووداوە ئابوورییەکانی پاش ئەو شەڕە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەندێشەگەلی نوێی پارە و ئابووری. مرۆڤ بۆ چەندین سەدە بوو کە پارەی بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی شمەک و خزمەتگوزارییەکان بەکار دەهێنا. پارە لە تیۆری کلاسیکدا تەنیا ئامرازی ئاڵوگۆڕ بوو؛ بەڵام لە سەدەی بیستەمدا وێڕای ڕۆڵی ئاڵوگۆڕ بووە پێوانەیەک بۆ پێواندنی ئەرزش.

⦁ دراوی فیات:

لە ساڵی ١٩٤٤دا کۆنفرانسی برێتۆن بۆ بڕیاردان لەسەر سیستەمی پارە و بانکی جیهانی بەڕێوە چوو. لەم کۆنفرانسەدا بڕیار درا پشتیوانەی دراو لە سیستەمی پشتیوانەی زێڕەوە بگۆڕدرێت بۆ سیستەمی پشتیوانەی دۆلار-زێڕ؛ ئەم سیستەمە نوێیە لە ساڵی ١٩٧٣ەوە فەشەلی هێنا. لە دوای فەشەلهێنانی کۆنفرانسی برێتۆن، و ئەندێشەکانی کینز لە سالی ١٩٧١دا، ڕیچارد نیکسۆن بە شێوەیەکی تاک لایەنە بڕیاری هەڵوەشانەوەی توانستی ڕاستەوخۆی گۆڕینەوەی زێڕ بە دۆلاری ڕاگەیاند، لەو سەردەمە بە دواوە سیستەمی دراوی بێ پاڵپشت و پشتیوانە جێگیر بووە و تا هەنووکەش درێژەی هەیە. دراوی بێ پشتیوانە یان فیات لە هەر چەشنە ئەرزشێکی زاتی بێبەرییە. ئەگەر پێناسەیەکی وردتری بۆ بکەین دراوی بێ پشتیوانە، دراوێکە کە لە لایەن دەوڵەتەوە بەیاسایی کرابێت، لە لایەن دەوڵەتەوە بەرهەم بهێندرێت، نە خاوەنی ئەرزشێکی دیاریکراوە و نە توانستی گۆڕینەوە بە هیچ شمەکێکی دیاریکراوی هەیە (وەکوو زێڕ). خاوەنی هیچ ئەرزشێک لە زاتی خۆیدا نییە و تەنیا هۆکاری بە فەرمی بوونی دەوڵەتە.

سڕینەوەی ناسیۆنالیزم لە دراو و فۆن هایک

هایک بڕوای وا بوو پاوانی چاپ و بڵاوکردنەوەی پارە، دەبێت لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت نەمێنێت و بدرێتە دەستی بازاڕی ئازاد، لەسەر پەرەپێدان بە ئەندێشەکانی ئادام ئێسمیت؛ بڕوای بەوە بوو کە بایەخی کەسیی هەموو بەشەکانی بازاڕ دەبنە هۆی زێدەبوونی کارامەیی، پێشنیاری دا کە دەکرێت پارەیەک بەبێ ناوەند و سەنتەر دروست بکرێت، لەگەڵ دروستبوونی کێبەرکێدایە کە پارەکان تواناییی پاراستنی هێزی زێدەتری کڕینیان هەیە.
ناوەڕۆکی سەرەکیی بیرۆکەکەی هایک ئەوە بوو کە: پاوانی جێگیربووی دەوڵەت، لە سازکردنی کرێدیت و دروستکردن و چاپکردنی پارە بۆ دەوڵەمەندکردنەوەی گرووپێکی تایبەت، پڕکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە و دابینکردنی ماڵیی پڕۆژەکانی دەوڵەت بەکار دەهێنرێت و قەیرانگەلی ئابووریی ئێستا، مافی ئەم پاوانکردنە سروشتییە بۆ دەوڵەت دەباتە ژێر پرسیار. دروستبوونی بیتکۆین لە سەروبەری قەیرانی ماڵی ٢٠٠٨دا و ناڕەزاییی خەڵک لە بانکەکان دەتوانێت وەكووو تاقیگەیەک بۆ ئەم بیرۆکەیە بێتە ئەژمار و بیرۆکەکەی هایک وەکوو دینامیزمێک بۆ درووستبوونی نهێنپارەکان دابنرێت.
⦁ کۆلۆنیالیزمی پارەیی :
ڕۆڵی کۆنترۆڵی پارە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە بووەتە هۆی پەرەپێدانی هەژاری، دابەشکردنی نادادپەروەرانەی بودجە و پارە لە ناوەند و کوردستاندا، لە ئاکامدا دەتوانێت ئیمکانی ڕوودانی قەیرانگەلێک وەکوو قاتوقڕی، برسییەتی و بێکاری پێک بێنێت.
“کۆلۆنیالیزمی پارە(استعمار پولی)، پاوانی خاوەندارێتیی لەسەر کۆنتڕۆڵ و چاپی پارە و ئیعتیبار لە دەستی گرووپ، ئێتنیک یان نەتەوەیەکی تایبەتدایە. پاوانی چاپ و بڵاوکردنەوەی پارە، ئەو ئیمکانە بۆ نەتەوەی کۆلۆنیالیست دەڕەخسێنێت؛ چونکوو کۆنترۆڵی ناوەندە ماڵییەکانی لە دەستدایە، بە قازانجی خۆی ئیعتبارگەلی ماڵی و بانکی، قەرز (وام) دابەش بکات”.
ڕێژەی دابەشکردنی بودجە و ئیعتبارگەلی ماڵی، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ گەشەی ئابووریی ناوچەگەلی وڵاتێکدا هەیە.
“بازرگانی و ئالوگۆڕی ئابووری لە نێوان ناوەند و پەڕاوێز بەرەو قۆڕغکردن لە لایەن ناوەندەوە دەڕوات، قەرزی بانکی دەستی بەسەردا گیراوە، بانکدارەکان، بەڕێوەبەران و خاوەن کارەکان لە نێوان خەڵکی ناوەندا هەڵدەبژێردرێن”.
هەروەها جاراندنی زێدەکەری پارە و کەمکردنەوەی سوودی قەرزەکان بەردوام ڕێژەی هەڵاوسان دەباتە سەرەوە کە لە درێژماوەدا هەژارییەکی لاسەنگ بەسەر ناوچە کۆلۆنیکراوەکاندا دەسەپێنێت، و سەرمایەی خەڵک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە تاڵان دەبات.
لە دەوڵەتگەلی کۆلۆنیالیستیی کوردستاندا بانکەکان گرنگترین ڕۆڵ لە چاپ، بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی پارەدا دەگێڕن، دوو هۆکاری دابەشکردنی لاسەنگی پارە و جاراندنی زێدەکەری پارە دوو کەرەستەی بەهێزن لە دەستی کۆلۆنیالیستدا.
ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرینگە تیشک خستنەسەر ڕەهەندی ئابووری و سەروەریی ئابووریی کۆلۆنیالیزمە. لێرەدا چەند نموونە لەو هەوڵانە دەخەینە بەر خوێندنەوە هەتاکوو پۆتانسیەل و بەربەستەکانی ئەم ڕەوتە لە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم دەستەبەر بکرێت و نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتووی کوردستان بێتە پێش چاومان.

ئاماری بەکارهێنەرانی نهێنپارەکان لە جیهاندا:
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی زانکۆی کەمبریج، ئاماری بەکارهێنەرانی نهێنپارەکان لە سی و پەنج میلیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا سێ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتۆتە سەد و یەک ملیۆن کەس و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا زێدەتر پەرە بستێنێت.
نەتەوەی لاکۆتا و مازاکۆین:
لاکۆتا یەکێک لە نەتەوە سوورپێستە ڕەسەنەکانی ئامریکایە، کە خاوەن زمان و فەرهەنگی جیاوازی خۆیەتی، ئەم نەتەوەیە لە هەژارییەکی سەرسامهێنەردا دەژین. لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئەم نەتەوەیە نهێنپارەی فەرمیی خۆیان دامەزراند، کوڕی گەورەی سەرۆکی هۆزی ئۆگڵالا لاکۆتا و دامەزرێنەری مازاکۆین بە ناوی “هێریس” بەڵێنی دا درێژە بە شەڕی مێژووییی ئەژدادی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بدات، بەڵام نە شەڕی چەکداری بەڵکوو شەڕ بە کۆدەکانی کۆمپیوتەر.
هەروەها ڕایگەیاند کە ئێستا بە فەرمی مازاکۆین وەکوو پارەی فەرمیی نەتەوەی لاکۆتا قەبووڵکراوە، هەروەها ئاماژەی دا ئێف بی ئای ئاگاداری کردۆتەوە کە نهێنپارە لە ئامریکادا نایاسایییە.
هێریس ڕایگەیاند گوێ بە هەڕەشەکانی ئێف بی ئای نادات و کەس بۆی نییە لەسەر خاکی مێژووییی خۆیاندا بڕیاریان بۆ بدات.
لە ئاستەنگەکانی سەر ڕێگەی پەرەستاندنی مازاکۆین، فێرکاری و ئاشناکردنی کۆمەڵگەی هەژاری لاکۆتا لەگەڵ فەزای سایبێری، نهێنپارە و ئیمکانی نەخت کردنەوە و ئاڵوگۆڕیەتی.
لە ئێستادا مازاکۆین خاوەنی٦٨،١٢٧ دۆلار قەبارەی مارکێت و قەبارەی ترەیدینگی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ١٢ دۆلار بووە، کە نیشان لە شکستی پڕۆژەکەیە.
نهێنپارە لە زیمباوە: بەهۆی هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەر لە زیمباوە و بێ بەهابوونی دراوی ئەو وڵاتە خەڵکی زیمباوە ڕوویان کردووەتە بەکارهێنانی نهێنپارەکان، دوو نهێنپارەی بیتکۆین و ئێکۆکەش بە زۆری بەکار دەبرێن، هەر تاکێکی ئەو وڵاتە کە دەستی بە مۆبایل و هێڵێکی ئەنتەرنێت ڕابگات بە سانایی دەتوانێت لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی بانکی بێنیاز بێت. لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە کە سەڕافی گۆلیکس ڕێگەی بە خەڵکی زیمباوە داوە دەست بە گۆڕینەوەی بیتکۆین بکەن، لە ماوەی سێ ساڵدا بە ڕێژەی بیست ملیۆن دۆلار گۆڕینەوە بە بیتکۆین کراوە.
کۆماری ئابخازیا: لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە کۆماری ئابخازیا بە شێوەی دیفاکتۆ سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی ئابخازییا لە ترسی گەمارۆی دەرەکی، پلانی دەرکردنی نهێنپارەی تایبەت بەخۆی بەدەر لە بانکی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە داڕشتووە هەتاکوو بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی و ئاڵوگۆڕی ماڵی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی دەستی ئاوەڵا بێت.
لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا قەبارەی مارکێتی نهێنپارەی ARK کۆماری ئابخازییا ٨٨،٣٩٢ دۆلار و قەبارەی ترەیدینگی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ٨٨،٣٢٩ دۆلار بووە.
ڕۆهینگیا: شیمانە دەکرێت، سێ ملیۆن و نیو لە خەڵکی موسوڵمانی ڕۆهینگیا لە وڵاتانی دیکەدا ئاوارە بن. موحەمەد نوور ڕیبەری کۆمەڵگەی ڕۆهینگیا کە لە تاراوگە دەژین و ئاوارەبوونە ڕایگەیاند بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکی موسوڵمانی ڕۆهینگیا و بێبەری بوونی ئەو ئاوارانە لە ناسنامە و ئیقامە، لە هەوڵی دروستکردنی پێناسەیەکی دیجیتاڵین بە یارمەتی سیستەمی بلۆکچەین کە بەبێ ناوەند و چاودێری بێت.
ڤێنێزۆئێلا: لە وڵاتگەلێک وەکوو ڤێنێزۆئێلا کە دراوی نەتەوەیی بە هۆکاری هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەر، بێ ئەرزش بوونە، نهێنپارەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی خەڵکدا دەگێڕن؛ تەنانەت لە فرۆشگە گەورەکان و سووپێرمارکێتەکانیش وەردەگیرێن. ئەگەرچی نهێنپارەکان وەکوو بیتکۆین لە ئاستێکی باڵادا نین و نرخەکەیان جێگیر نییە بەڵام لە درێژماوەدا دەتوانن جێگەی دراوی فیاتی دەوڵەتەکان پڕ بکەنەوە، ئەگەر چی نهێنپارەکانیش بەبێ بوونی دەوڵەتەکان هیچ واتایەکیان نابێت، بەڵام نەمانی دەوڵەتەکانیش ڕەنگە بەم زووانە ڕوونەدات. دەوڵەتی ڤێنێزوئێلا بە هۆی دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا و داڕووخانی بایەخی دراوی نەتەوەیی ئەو وڵاتە نهێنپارەیەکی بەنێوی پێترۆ دەرکردووە. کە قەبارەی مارکێتی ٤٠٤،٥٦٥ دۆلارە.
ئاشنابوون و بەکارهێنانی ئەنتەرنێت و دەستڕاگەیشتن بە مۆبایلێکی زیرەک لەلایەن خەڵکی تەواوی جیهانەوە؛ دەرفەتی بەکارهێنان و ئاڵوگۆڕکردنی نهێنپارەکان، بۆ تاک بە تاکی مرۆڤەکان دەڕەخسێنێت، کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا بتوانن پەیوەست بە تۆڕی بلۆکچەینەوە ببن و مۆدێلێکی نوێ لە پارە و مارکێت ئەزموون بکەن، ئەزموونێک کە ڕەنگە خەونی کۆتاییی کۆلۆنیالیزم و ئەمپێریالیزم بەدی بێنێت.

ئاکام:
چاپ، بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی پارە چەکی هەرە بەهێزی ئابوورییە کە لە دەستی کۆلۆنیالیستە بە دژی بەکۆلۆنیکراودا. هەتاکوو پاوانی پارە لە دەستی دەوڵەتە ناوەندییەکاندا بێت، هەڵاوسانی ئابووریش بوونی دەبێت، و هەژاریی لاسەنگ لەسەر ناوچەکانی بەکۆلۆنیکراودا دەبێت. دەستڕەنجی خەلک لە ڕێگەی هەڵاوسان، پاوان و کۆنتڕۆلی پارەوە، بەتاڵان دەبردرێت. کۆتاییی ناخۆشی کۆنتڕۆڵی پارە؛ دەتوانێت کۆلۆنیالیزمی ئابووری چەک بکات. نهێنپارە و سیستەمی بلۆکچەین بە هاتنە نێو گۆڕەپانی ئابوورییەوە ئاسۆیەکی نوێیان بۆ ئەم مژارە کردووەتەوە. هەندێک لە نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان و کەمینە ڕەسەنەکانی جیهان بە دامەزراندنی نهێنپارەی دیجیتاڵیی خۆیان، هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم دەست پێ کردووە، ئەم مژارە لە هەر دوو ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمی تایبەت بە کوردستان بەگشتی و هەم لە ڕوانگەی پۆست-کۆلۆنیالیزمەوە بۆ وڵاتان و نەتەوەکانی ناوچەگەلی دیکەی جیهان دەکرێت پەرەی پێ بدرێت؛ و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان، ئەم ڕێکارە لە کوردستانیشدا جێبەجێ بکرێت و کوردستانیش ببێتە خاوەن نهێنپارەی خۆی.

ژێدەرەکان

1. BlockChain
2. Cryptocurrency
3. Hash
4. Distributed Ledger
5. Node
6. Authentication methods
7. Consensus mechanism
8. Fiat currency
9. The Economist, «Bitcoin is fiat money, too- not
so novel»
10. Colonial monetary
11 . استعمار پولی و ریشه کولبری پژواک کوکبیان، خاک کوردستان
سارۆ ئەردەڵان، کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیییە، گۆڤاری
، تیشک، ژمارەی 51
12. Money multiplier
13. Global Cryptoasset benchmarking study, Cambridge
center for alternative finance, september
2020
14. The Battle of Little Bitcoin: Native American
Tribe Launches Its Own Cryptocurrency, jasper
Hamill, Forbes
15. Market Cap
16. https://cryptonews.com/exclusives/how-muchbitcoin-is-really-being-traded-in-zimbabwe-4375.htm
17. unpo.org/article/20500
18.https://thediplomat.com/2019/07/a-digital-nation-for-the-stateless-rohingya
19. c4ss.org/content/52453
Center for a stateless society