ئارامتر بخوێنەوە!
“فێمێنیزمی سروشت بڕوا و سروشتی ژنانە”
لە ئوستوورەوە بۆ ژیانی مودێڕن
ڕابوون کوردستانی
پوختەی بابەت:
لە توێژینەوەکانی ئێستادا، دەکرێ ئاوڕ لە دەقە کەوناراکان بدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین هێندێک یاسا و ڕێسایان لێ بدۆزینەوە کە بۆ شیکاریی ژیانی ئێستای مرۆڤ لەبار بن. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو دەقانە لە زۆر بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییشدا، بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئێستا و خوێندنەوەیەکی بەراوەردکارانە دەکرێ کەڵکیان لێ وەربگیرێ. لەو دەقەدا حەول دراوە ئاوڕیک لە ئوستوورەی “گیلگەمێش” بدرێتەوە. ئەو لایەنە لەو ئوستوورەیە بخرێتە بەر باس کە پەیوەندیی بە دەسەڵات و ژن و سروشتەوە هەیە. لە ئاکامدا جێگە و پێگەی ژنان لە ئوستوورەکەدا دەستنیشان کراوە و ڕادەی کایگەرێتیی ئەوان لە دەسەڵاتی سیاسی و کولتووریدا خراوەتە بەرباس. لە لایەکی دیکەوە باس لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئێکۆفێمێنیستی یان فێمێنیستی ژینگەبڕوا کراوە. لەو روانگەیەشدا پێوەندیی ژن و سروشت و دەسەڵاتی پیاوانە خراوەتە بەرباس و وەک پێک گرتنیش خاڵە هاوبەشەکانی ئێکۆفێمێنیزم و ئوستوورەی گیلگەمیش لە بابەت روانگە و جێگە و پێگەی ژنەوە خراونەتە بەر باس.
وشە سەرەکییەکان:
ئێکۆفێمێنیزم، فێمینیزمی ژینگەبڕوا، دەسەڵاتی پیاوانە، دەسەڵات بەسەر جەستەدا، چەوساندنەوە، سروشت، چارەنووسی هاوبەش، گیلگەمێش
ئەو نووسینە دەیهەوێ بۆ باسی یەکێک لە کەڵکەڵەکانی دونیای مودێڕن و دوامودێڕن، بە دوای خاڵێکی دەستپێکدا بگەرێ. بەو هۆیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئوستوورەکانی کەونارا. ڕەنگە هیندێک پرسیار بورووژێن. بۆ وێنە مەگەر دەکرێ ئێستا لە سەر بنیاتی ڕابردوو بژێنینەوە؟ ئایا ئەو ڕابردووە هەرە دوورە، ڕادەگوێزرێتە ئیستا یان ئەو سەردەم وەک خوازەیەک دەبینین و ئیستای لەگەڵ بەراوەرد دەکەین و دەچینە بنچ و بناوانییەوە بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی نوێی لە ناخەوە هەڵێنجین.
دۆزینەوەی ڕۆڵی ژن لە جیهانی ئێستادا چ پەیوەندیی بە ڕابردووەوە هەیە؟ مەگەر بەردەوام و بە درێژاییی مێژوو دۆخی ژن لە خراپییەوە بەرەو باشی نەچووە؟
دیارە وڵامی لۆژیکی و چاوەڕوانکراو بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە کە دیارە بە پێی پێشکەوتنی دونیا و مرۆڤ و کۆمەڵگا، دۆخی ژن لە خراپییەوە بەرەو باشتر بوون چووە و ئێستا بۆ هاوشێوەیی و هاوسەنگی لەگەڵ پیاوان لە کەشێکی جودا دەگەڕێ.
پرسیاری دیکە ئەوەیە ئایا ژن لە ئێستادا، توانیویە لە کام بواردا هاوسان و هاوسەنگی پیاو بێ؟ دوابەدوای ئەوەش دەکرێ پرسیار بکرێ ئایا ژنان لە ڕاستیدا دەبێ هاوسەنگی پیاوان بن یان دەبێ سەنگ و کێشانە و پێوانەی خۆیان هەبێ؟ ئەگەر وڵام ئەرێیە، ئەو بوارانەی ژن دەتوانێ لەوێدا بە ڕبەی خۆی بپێوی و ئەسپی خۆی تاودا کامانەن”؟
ئەو باسەش خوێنەر بەرەو نادیارێکی دی دەبا؛ ئایا ژنان سروشتێکی جیاوازیان هەیە؟ بە هەر دوو باری ئەرێ و نادا. ئەی ئەو ڕەگەزە کە لانیکەم لە ئێستادا کێشەکانی لەسەر زۆر مێزی کێشە و وتوێژ و ململانێدا دێنە ئاراوە، چ پەیوەندییەکی لە گەڵ وێڕانکاری و ئاوەدان کردنەوەی سروشت هەیە؟ سروشتی ژن و سروشت لە کوێ سنووریان لێک دەگەڕێتەوە و تا کوێ ئاوێتەی یەکن؟
***
دوا بە دوای ئەو پۆلە پرسیارە کە پێویستە وڵامی هێندێکیان بە دروستی دەست بخەین و بە پێی وڵامی ئەوان بەشێکی دیکەیان ئیتر پێویستیان بە وڵام نامێنێ، لە یەکێک لە کۆنترین دەقەکانی بە جێماو لە مرۆڤ واتە دەقی “گیلگەمێش”ەوە دەست پێ دەکەین.
لە سواڵەتی یەکەمی گیلگەمێشدا ئاوا نووسراوە:
گیلگەمێش ئەویندار بۆ لای گراوییەکەی خۆی ڕێ نادا. ناهێڵێ کچی گەورە پیاو بگاتە دەست پاڵەوان … ئەوان دادی خۆیان دەبەنە بەر دەرگای خودایانی ئاسمان و خودایانی ئورووکی پیرۆز و هاوار و لیللا دەکەن:
“ئێوە کەڵەگای وەحشیتان ئافراند. هەروەها شێری باڵدارتان ئافراند؛ خواوەندگارمان گیلگەمێش لە هەمووان بە تواناترە، لێ هاوسەرینێکی بۆ نادۆزرێتەوە. ئەو جووتی خۆی وەدەست ناخا. دەسەڵاتی بەسەرماندا لە تاقەت و تواناییماندا ناگونجێ. ناهێڵێ هیچ ئەویندارێک گراوییەکەی خۆی لە ئامێز وەربهێنی و ئیزن نادا کچی پیاوی بە هێز و گورد، بگاتە دەستی مێردی خۆی.”(شاملو: ١٣٩٤:٢٢٦)
لە سەرەتای ئەو چیرۆکەدا، دەسەڵاتێک لە کەسایەتیی گیلگەمێش وێنا کراوە کە توانایییەکی لەڕادەبەدەری بۆ کۆنتڕۆڵی هەرچەشنە جووڵە و پەیوەندییەکی جومگەکانی کۆمەڵگا هەیە. تەنانەت خۆی لە پەیوەندییە تاکە کەسییەکان هەڵدەقورتێنێ و کۆمەڵگای شاری ئورووک کە خەریکە بنیات دەنرێ بە دەستییەوە وەزاڵە دێن. بە دەست سیستەمێکی هەمووشت ویست و تۆتالیتێر، بە دژی کەسێکی “شا-خودا-چەوسێنەر” کە تەنانەت ژن و مێردان لێک دەکا و ئارەزووی بۆ دەسەڵاتی زێدەتر پاراو نابێ. ئەو باسەش لەوەڕا دەردەکەوێ کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، بەردەوام دووپات دەبێتەوە کە “لێ هاوسەرینێکی بۆ نادۆزرێتەوە” و چێژی دەسەڵات و دونیای بەو هەموو زەبروزەنگەوە، هەر ئۆخژن ناخاتە دڵ و دەروونی.
لە بەرانبەر ئەو “پیاوە” کە یەک لەسەر سێی لەش و لاری مرۆڤ و دوو لە سەر سێی خودا بوو، (هەمان سەرچاوە: ٢٢٦) لە سیستەمی خودایانەی ئوستوورەییدا، چ ڕێگایەک بۆ داگەڕانی گیلگەمێش بەرەو خەڵکی و هێور بوونەوە خراوەتە ڕوو؟ ئەو سیستەمە ئەوەندی پەیوەندیی بە ئاسمانانەوە هەیە، ئایا هەمووی دەسەڵاتی پیاوانەیە یان ژنیش ڕۆڵیکی تێدا بینیوە؟ لە لایەکی دیکەوە ئەی لەسەر زەمین مرۆڤی ژێر دەست و هاوڕێ و هاوشانی ئەو خوا-مرۆیە، چ ڕۆڵێكی هەبووە؟ ئەگەر هەیبووە، ڕەگەزی مێیینە لە کوێی ئەو شانۆیەی بەر لە مێژوویەدا ڕۆڵی دراوەتێ و کام بەشی چیرۆکەکەی پێ ئەسپێردراوە. ئایا ئەو ڕۆڵانە هەمان ئەو ڕۆڵانەن کە ماوەیەکی دوور و درێژ لە دونیای مودێڕندا، وەک هێندێ ڕۆڵی لاوەکی و پەڕاوێزی و بۆ لەکۆڵ خۆ کردنەوە بە ژنان بەخشران؟ واتە ئایا خستنە پەڕاوێزی ژنان، لە شانۆکانی ژیانی مودێڕندا، لە ڕوانینە ئوستورەیییەکان بە میرات وەرگیراوە و لەسەر هەمان تەورە و بستە مرۆڤی مۆدێڕن ژنی دیوە و لەگەڵی دواوە و ژیاوە؟
لە ئوستوورەی گۆریندا “ئەنوو”؛ خودای ئاسمانەکان، ناڵە و سکاڵای خەڵک دەبیستێ و “ئەرووروو” خاتوو-خودای پەیکەرتاش ڕادەسپیڕێ بەڵکوو پەیکەرێک داتاشێ و ڕۆحی وەبەر بێنێ. ئافەریدەیەکی وا کە ڕۆژی خۆی بتوانێ لەگەڵ گیلگەمێش ڕقەبەری بکا و بەو شێوەیە لە دەسەڵات و هەمووتشتخوازیی گیلگەمێش کەم بێتەوە و تەبایی و هێمنی بۆ ئورووک بگەڕێتەوە.
“ئەرووروو”ش دەستەکانی خۆی دەشوا و هێندێک گڵە سوورە هەڵدەگرێ و بە ئاوی دەمی “خودا-دایک”انەی خۆی تەڕی دەکا و “ئینکیدۆ”ی لێ بەدی دێنێ.
لە سەرەتای کێشەکەوە خاتووخوداکان دەبنە داڵدەی لێقەوماوان و تەنانەت مشوورخۆری خودای ئاسمان. ئەوە ئەوانن بە ئاوی پیرۆزی دەمیان پەیکەرێک دادەتاشن و ڕۆحی وەبەر دێنن، بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی ڕەهای گیلگەمێش کەم بکەنەوە.
ئینکیدۆ، کە ئەرووروو ئافراندوویەتی، پاڵەوانێکە لەگەڵ بوونەوەرانی وەحشی دەژی و تێکەڵ بە ژیانی شاری نەبووە. پێویستە کەوی بکرێ. ڕێگاچارەیەک کە دەبیندرێتەوە بۆ کەوی کردنی و بۆ ئەوەی بیهێننە شاری، هەتا دواتر لە توانای کەڵک وەرگیرێ و دەسەڵاتی خودای شاری ئورووکی پێ کەم بکرێتەوە، ڕیگایەکە کە هەموو کەس شارەزای نییە، دەنا پێشتر ڕەچاویان دەکرد. ئەی دەبێ کێ ئەو ڕێگایە بدۆزێتەوە و ئەو گرێیە بە دەست و بیری کێ دەکرێتەوە. لێرەشدا دیسان دەبێ پەنا بەرنە بەر “ئیشتەر” خاتوو-خودای ئەوین. ئەو ژنێکیان دەداتێ کە ڕەگەڵیان کەوێ و ئینکیدۆ پێمل کا، بۆ ئەوەی ڕوو لە شار کا و خەڵکی لە دەسەڵاتی ڕەهای شا-خوا ڕزگار کا.
لە کۆتاییدا ئینکیدۆ ئاوا لەگەل ژنی ڕاسپێردراوی ئیشتەر دەدوێ:
ئەی جووتی خۆم! هەستە و بمبە بۆ ماڵی پیرۆزی ئەنۆ و ئیشتەر. بۆ ئەو شوێنەی گیلگەمێشی پاڵەوان لێی نیشتەجێیە؛ ئەو شوێنەی کە ئەو کەڵەگا وەحشییە بەسەر مرۆڤەکاندا زاڵە… دەمهەوێ بانگی کەم بۆ شەڕ و تێکهەڵچوون. (هەمان ٢٣٢)
لە لایەکی دیکەوە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە؛ ئەی گیلگەمێش ئاگای لەوە نییە خەریکە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ڕەهای ئەو، چ دەقەومێ؟ ئایا ئەو نازانێ بە یارمەتیی خاتوو-خودا و ژنەکانی پەرستگای پیرۆز، خەریکە بەردی بناخەی دەسەڵاتی دەردەهێندرێ و شوورە و وارشی دەسەڵاتی لێ بنکۆڵ دەکرێ؟
داڕێژەری ئوستوورەی گیلگەمێش وریایانە بیری بۆ ئەو بوارەش کردووەتەوە. وا دەکا گیلگەمێش خەونیک ببینێ. خەونەکە ئاڵۆزە و هەواڵێکی ترسێنەری بۆ خوا-شای ئوورووک تێدایە:
“پۆلی ئەستێرانم دیتن، لە ئاسمان بوون و لەپڕدا وەک شەڕکەرانی درەوشاوە بەسەرمدا بارین. دوایە دیتم ئەو سپایە خۆ لە پیاوێک زیاتر نییە و ئەوەندەی توانیم حەولم دا تا لەعەرزی جیاکەمەوە و هەڵی بهێنم، هێند قورس بوو بۆم هەڵنەهات، گشت مەردمی شاری ئوورووک دەیانڕوانی. جەماورەی ئورووک کڕنۆشیان بۆ دەبرد و لاقەکانیان ڕادەمووسی…”
ئەگەر لەولا ڕاوێژکار و هاوکاری خودای ئاسمان “ئەرووروو”بوو، ئەی لێرە ڕاویژکاری گیلگەمێش کێیە و کێ ڕێی ڕاستی پێشان دەدا و گرێپووچکەی دەوڵەتداری و پاشایەتیی بۆ دەکاتەوە. “ری ڕەشت”.
ری ڕەشت، خاتوونی دایک و ژنی بە ڕازی خەون ئاشنا، ئاوای خەونەکە بۆ لێ دەداتەوە:
تەعبیری خەونت ئاوایە: پاڵەوانێک دێ بە شان و باهۆ، کە هێزی هێندەی سپایەکی شەڕکەرە، بانگت دەکا هەتاکوو مل لەبەر ملی یەکتر بنێن. دەستی تۆ لەسەرو دەستی ئەوە. دەی ئەو خۆ داوێتە سەر لاقم و منیش بە منداڵی قەبووڵی دەکەم و ئەو دەبێتە برای ئەتۆ. ئیتر لە شەڕ و کێشەدا ئەو دەبێتە پشتیوانت. (هەمان: ٢٣٤)
ری ڕەشت؛ خوای دایک بناخەی برایەتییەک دادەنێ کە دواتر ئەوی لە ئوستوورەی گیلگەمێشدا دەیخوێنینەوە هەموو ئاکامی ئەو بناخەیەیە کە “خاتوونی دایك” ڕی ڕەشت دایمەزارند. بە جێگای ململانێ و دەوامەی شەڕ و ڕێ خۆش کرن بۆ شەڕ و وێران بوونی ئورووک و شاری بنیات نراوی نوێ، ڕی ڕەشت، گەڵاڵەیەکی دانا کە نەتەنیا هێزەکان لە گژ یەک ڕۆ نەیەن، بەڵکوو یەک بگرن و هەموو گەڵاڵەکانی دواتریان لە بەرژەوەندیی مرۆڤ و شاری ئورووکدا خۆ بگرێ و بچێتە سەر. ئەوان “خوم بەبە” یان “هوم بەبە” نیگابانی دارستانی سێدر، کە پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشاوە و هەر کەسی دەست کەوێ دەیکوژێ و ئافرێنراوێکی ترسێنەرە و دوژمنی خوداکان و خەڵکە، لە خوین دەگەوزێنن(هەمان: ٢٣٨)
سەرەڕای ئەوەی گیلگەمێش و ئینکیدۆ پێکەوە دەبنە هاوڕێ و شان بە شانی یەک تا دوا هەناسە دەژین، بەڵام سەر بە دوو واری جودا بوون. “یەکیان لە شار لە دایک بووە و وێڕای مرۆڤەکان پەروەردە کراوە و ئەوی دیکەیان لە دارستان و لە نێو جڕوجانەوەراندا. گیلگەمێش هێما و نومادی کولتوورە و ئینکیدۆ هێمای سروشت. سەرەتا تێکهەڵدەچن و پاشان پێکەوە دەسازێن و وێک هەڵدەکەن. جەختی چیرۆکەکە لەسەر سەرکەوتنی گیلگەمێش یان کولتوور بەسەر ئینکیدۆ واتە سروشتە. بەڵام لە شەڕی کولتوور و سروشتدا، کولتوور بۆ سەرکەوتن بەشێک لە سروشت تێک دەدا و بە بێ سروشتیش کولتوور مەحکووم بە مردنە…(دەستەی نووسەران: گیلگەمێش: ١٣٩٦)
لەو شیکارییەدا، بەو ئاکامە دەگەین کە گیلگەمێش وەک نوێنەری شار و کولتووری تازە، ئەگەر بە یارمەتیی ئینکیدۆ نوێنەری سروشت و جیهانی دەست بۆ نەبراو نەبا، نەیدەتوانی نە ژیانی شار درێژە پێ بدا و نە لە تەختی شەڕەنگێزی خوایەتی و دەسەڵاتی دەهاتە خوارێ. ئەوە ئافراوی ژن-خوای پەیکەرتاش و عاشقی ژنی پەرستگەی ئیشتار بوو، ڕێگایەکی دیکەی خستنە بەر دەم شا-خوای ئوورووک. شار و سروشت و مرۆڤ و ئاژەڵ لێک نزیک بوونەوە و لێک نەسڵەمێنەوە. بە هەموویان ژیانێکی نوێیان بەدیهێنا کە بەرژەوەندیی گشتیی تێدا بوو. بەڵام چالاکانی ئەو سیستەمە نوێیە کێ بوون. ئایا تەنیا بە هێزی پیاوانەی دوو پاڵەوان یەک لە دەشت و یەکیش لە شار ئەو سیستەمە نوێیە دادەڕێژرا؟ وڵام -نا-یە. چون ئەگەر ئەو ویستە لە گۆڕیدا بووبایە، پێشتر شا-خوا حەولی بۆ دەدا. ئەگەر ئینکیدۆ هزری ئەوەی بووبا خۆی پلانێکی بۆ دادەڕشت. ئەوان هێز و توانایان بووە و ئەوەی کۆی ئەو هێز و توانایانەی بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤ و سروشت دەکار کردووە و ڕێکی خستووە، تەنیا نابەسترێتەوە بە هێزی پیاوانەی پاڵەوانەکان.
هێزێکی دیکە لە کۆی ئەو چیرۆکە ئوستورەییەدا هەیە کە کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە. هێزیکی شاراوە و کارا. هێزێکی کاریگەر لە سەر مرۆڤ و سروشت و تەنانەت خوداکانیش. ئەویش هێزی ژنە.
ژن لەو چیرۆکەدا، لە دوو بواردا دەردەکەوێ. یەکەم ئەوانەی خۆیان خودای مێوینەن. وەک ژن-خوا ناویان دێ. دووەم ئەوانەی نوێنەری خوداکانی ئاسمانن لە سەر زەوی و نیگابانی بەشێک لە کاروباری ئەو جیهانە، بەوان سپێردراوە. وەک “سی دووری سابیت” کە نیگابانی داری ژیانە. سێهەم ئەوانەی ژنی ئاسایی و زانان، وەک ڕی ڕەشت، دایکی گیلگەمێش، دیارە زۆر کەسایەتیی ژنی دیش هەن لە چیرۆکەکەدا کە لە چوارچێوەی شیکاریی ئێمەدا ناگونجێن.
ئەو سێ تاقمەی ژنان لە ئوستوورەکەدا، زەمینە بۆ کۆی ڕووداوەکان دەچنن، بەڕێوەیان دەبەن و لە ئاکامەکانی، هەموو خەڵک ئاگادار و بەهرەمەند دەبن.
ئەگەر پێچەوانەی ئەوە ڕوویدابا و ئەو هێزانە تەنیا لە پاوانی پیاواندا بان، لە حاڵەتی یەکەمدا گیلگەمێش درێژەی بە هەمووشتخوازیی خۆی دەدا و هەموو خەڵکی ئورووکی لە ناو دەبرد و ماڵوێرانی دەکردن. پاش ئافرانی ئینکیدۆ، ئەگەر ژنی ڕاسپێردراوی ئیشتار نەچووبا لای و فێری ئەوینی نەکردبا و ڕێگای ژیانی نیشان نەدابا، ڕووی لە شار نەدەکرد و دۆخی ژیان هەر وەک حاڵەتی یەکەم دەمایەوە.
پاش ئەوەی ئینکیدۆ ڕوو دەکاتە شار و ڕووبەڕووی خوا-شا دەبێتەوە، ئەگەر ڕی ڕەشت خاتوونی دایک نەبووبایە، یەکیەتییەک بۆ ژیان و ژیانەوەی ئورووک و مرۆڤ پێک نەدەهات و زۆر بابەتی دیکەش کە بە پێی پێویست لە درێژەی باسەکەدا ئاوڕێ وێدەدەین.
ئێستا بزانین پارسەنگی هێز لەو ئوستوورەیەدا، لەبەرژوەندیی کێیە. ئەگەر هێزەكان بەسەر دوو واردا دابەش بكرێن، ژماری ئەو هێز و لایەنانەی خاوەن توانایی یان تایبەتمەندیی ژنانەن، لەگەڵ هێزی بەرانبەریان كە خاوەن ویست و توانایی و تایبەتمەندیی پیاوانەن، لەهاوسەنگیدان. دیارە دەستنیشان كردنی ئەوەی كە كام لایەن زیاتر ڕۆڵی هەبووە و پشكی زیاتری وەبەر دەكەوێ، دژوارە و بڕیاری كۆتایی دان لەسەر ئەو بابەته، نە دەگونجێ و نە كۆدەنگیی لەسەر ساز دەبێ. چون هەر كەسەو لە گۆشە نیگایەكەوە ڕووداوەكان و ئەو واتایانەی ڕووداوەكان دەیخوڵقێنن دەخوێنێتەوە. جا بوێه هەر نووسەرێک دەتوانێ بە پێی هەڵبژاردنی ئاراستەیەكی جودا، قورساییی هێز بە لایەكدا بشكێنێتەوه. ئەوەی لێرەدا جەختی لەسەر دەكرێ، بوونی هێزی ژنانەی كاریگەر لەگەڵ هێزی پیاوانەیە و بەهیچ چەشنێك بە دوای یەكلاكردنەوە و دابەشكردنی هێز بۆ یەكجاری نین.
چ ژماری ژنانی ئامادە لە پانتای ئوستوورەكەدا و چ ئەو ئەركانەی ڕایدەپەڕێنن و چ كاریگەریی كردەیان لەسەر داهاتووی چیرۆكەكه، نیشاندەری زۆر ئاماژەی گرینگن، كە تەنانەت لە دونیای ئێستاشدا كۆمەڵگاكان دەستیان وێی ڕانەگەیشتووە.
لە لایەكەوە ئەگەر هێزەكان بەسەر سێ هەرێمی ئاسمان و زەوی و ژێرزەویدا دابەش كراوە، لە هەر سێ هەرێمی دەسەڵاتەكه، هێزی هەر دوو ڕەگەز ئامادەیی و چالاكییان هەیه. لە خودای خوداكانەوە كە لە ئاسمانه، تا ئەو خودایانەی كە هەر كام بەشێك لە كاروباری هەستییان پێ سپێردراوه، و دەسەڵاتی هاوبەشی خوداكان. بە دەیان خاتوو-خودا بە دەسەڵاتی كەم وێنەوە بوونیان هەیە و ڕاست لەو ئوستوورەیەدا یەكێك لە كۆڵەكەكان، ژن-خوای پەیكەرتاشییە كە دواتر باسی دەكەین.
هەرێمی زەمینیش مرۆڤ-خودای لێیە و لایەكی باسی ئەو نووسینە، كێشە و تەبایی و ناتەباییی ئەو دەسەڵاتانەیە كە ئەو خودایانە هەیانە.
ههرێمی ژێر زهوی كه چهند دهسهڵاتی لێیه و سهرۆكی ههمووان “ئیریش کیگال”ە. ئەو، خاتووخودای دونیای ژێرەوە و فەرمانڕەوای هەرێمی مردووان و وڵاتە نەناسراوەکانە.(لاهیجی: ١٢٨:١٣٨١)
ئەو پوختەیەی خرایە ڕوو باسێکی تەسەل هەڵدەگرێ و پرسیار دێنێتە گۆڕێ. ئایا بەرانبەری لەو دابەشكرانی هێزانەدا لە نێوان هێزی ژنانە و پیاوانەدا، بە تەواوی ڕەچاو كراوە. ئایا لە باری بایەخییەوە هێندێك لە هێزەكان نەرێنی نین و بە ژنان بەخشراون. هەر دووكی ئەو پرسیارانە ئەگەر بە مەنتیقی ئەوڕۆ وڵام بدرێنەوە، دەكرێ بڵێین بە ئاكامی باش ناگا. شیكردنەوەی بواری دەسەڵاتی خودایانی كەونارا، خۆی توێژینەوەی تێروتەسەلی دەوێ. ئەوەی ئێمە بە دوایەوەین ئەوەیە کە لە جیهانی ئێستادا، ژنان لە زۆر ماف هەر بێبەرین و ساكارترینیان مافی دەسەڵات بەسەر جەستەی خۆیان و منداڵ بوون یان نەبوون و پۆشاك و … كەچی لەوسەردەمدا ژنان شەریكی دەسەڵاتدارێتیی هەستی، لەهەموو هەرێمەكانیدا بوون.
لە لایەكی دیكەوە ئوستوورەی گیلگەمێش شتی دیكەشمان پێ دەڵێ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئوستوورە، گێڕانەوەی سەرەتای ئافرانە، لەوێدا كام سەرەتا دەبینین. یەكەم سەرەتای ئافرانی شارە. پێكهاتنی ئورووك و ناسرانی لەبەرانبەر شێوە ژیانێكی دیكە. سەرەتای ئافرانی هێزی سروشت بە نوێنەرایەتیی ئینكیدۆ. سەرەتای شەڕی سروشت و شار و …
لە شیكاریی ئەو ئوستوورەیەدا ئاماژە بەوە كراوە كە شا-خوای ئورووك، نوێنەری شار و بیناتنەری شێوەژیانێكی بەكۆمەڵە. شێوە ژیانی بەكۆمەڵ، داب و ڕەسمی خۆی لێ دەكەوێتەوە. خورد و خۆراك، شێوەی قسە و شەڕ و خۆشی و ناخۆشی؛ كە هەموویان یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیان بۆ دادەڕێژرێ. كۆی ئەوانەش كولتوور بەدی دێنن. واتە گیلگەمێش نوێنەری شارە. شار مەكۆی ژیانی بەكۆمەڵە. ژیانی بەكۆمەڵ پێویستی بە یاسا و ڕێسا و شێوەی ژین و هەڵسوكەوت و … هەیە، ئەوانەش كولتوور بەدی دێنن.
لە چیرۆكەكەدا باس لەوە كرا كە گیلگەمێش هەموو جووڵە و كردەیەك لە شاردا كۆنتڕۆل دەكا و دەسەڵاتێكی تۆتالیتێری هەیە. واتە سەرەتای تۆتالیتاریسمیشە. وەزاڵە هاتنی خەڵك و پلان دانان بۆ دژایەتیکردنی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایە، ئایا سەرەتایەك بۆ لەدایك بوونی جووڵەی مەدەنی دژ بە دەسەڵات نییە. هەركام لەو بابەتانە دەكرێ تەسەلتر لەسەری لەنگەر بگیرێ؛ بەڵام ئەوەی لێرەدا جەختی لەسەر دەكەمەوە ئەوەیە كە لەئاكامدا نوێنەری شار و كولتوور و دەسەڵاتی ڕەها، هێزی دژبەری بۆ ساز دەبێ. هێزێک کە هەم بەشێکی زۆری دەسەڵاتی لێ دەستێنێتەوە و هەم ڕووی لە ئاسمانەوە بەرەو زەوی و سروشت و خەڵک وەردەگێڕێ.
ئەو لایەنانەی ئەو هێزە پێكدێنن ئەوانەن؛ خەڵكی ناڕازیی شار لە دەسەڵاتی ڕەها، نوێنەر و ڕاوێژكاری خودای ئاسمانەكان؛ كە ژن خودای پەیكەرتاشییە، ژن خودای ئەوین ئیشتار، نوێنەری ئیشتار؛ ژنێكی خزمەتكاری پەرستگەی ئەوین ، “ری ڕەشت” خاتوونی دایكی ئورووك و له ئاکامدا لەبەر یەك وەستانی گیلگەمێش، نوێنەری كولتوور و ئینكیدۆ نوێنەری سروشت و هەموو ئەو هێزە ناڕازییانە و سەرەنجام ئاشت بوونەوەی سروشت و كولتوور و ژیانێكی نوێ.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەو هێزە ژنانەیە، ڕەوتی بزووتنەوەی ئیعتڕازیی بەدەستەوە نەگرتبا، پشتیوانیی نەكردبا، پلانی بۆ دانەنابا، هێزی بێ سنوور و بەستێنی گیلگەمێش، چیی بەسەر خەڵی ئورووك دێنا. دووەم ئەوەی كە ئەگەر ڕی ڕەشت حەولی ئاشتەواییی سروشت و نوێنەرەكەی (ئینكیدۆ) و گیلگەمێش و كولتووری نەدابا، لە كێشەی ئەوانەدا چ كارەساتگەلێك دەقەوما. هەر بۆیە دەکرێ بگوترێ بە پێی گێڕانەوەی ئوستوورەییی ئەو چیرۆکە، ڕۆڵی كاریگەری ژنان بوو كە ژیانێكی نوێێ نووسییەوە.
***
لە دونیای ئەوڕۆدا، بە دوو هۆکار گەڕانەوە بۆ سەر ئەو باسە پێویستە کە لە ڕابردووی دووردا چۆنیان لە ژن ڕوانیوە و جودا لەوە پێگە و جێگەی ژن لە کۆمەڵگادا چۆن بووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوەش گرینگە کە بەراوەردی ئەو ڕابردووە دوورە لە گەڵ ئیستا بکەین و بزانین ئێستا سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییە سەپاوەکان، چۆن بۆ ژن دەڕوانن و چالاکانی ئەو بوارە ئاسۆیەکی کە دیارییان کردووە کامەیە.
پێویست نییە لەو نووسینەدا بە شێوەی باو، ئاوڕ لە ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئەو بزووتنەوەیە بدەمەوە کە دواتر بە فێمێنیزم ناودیر کرا و ڕچە و ڕێبازە جوداکانی بخەمە بەر باس. ئەو بابەتە پێشتر زۆر نووسەری بە توانا کردوویانە و سەرچاوەی زۆر بۆ تاوتوێ کردنی تەرخان کراوە. ئەوەی لێرەدا باسی لێ دەکرێ ئەوەیە؛ کە جودا لە باسە تیۆریکەکان لەسەر کێشەی ژنان لە جیهانی ئەوڕۆدا، بە کردەوە لە دەقە پێشووەکاندا، چ میراتێک دەست دەکەوێ کە ڕۆڵی ژنمان بە ڕوونی بۆ دیار بکا. پاش ئەو تاوتوێ کردنە، ئێستا دەگەینە دەقی بەردەست و لێی ورد دەبینەوە کە لە بەراوەرد لەگەڵ ئەو ڕابردووەدا، ژن ئێستا لە کوێی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا وەستاوە؟ یان بە وتەیەکی دروستتر جێگایەکی هەیە پێی لەسەر دابنێ و لێی ڕاوەستێ؟
دیارە بەردی بناخەی باسی ئێمە دوو واری جودایە. یەکەمیان ئاوڕدانەوە لە دەقێكی کەونارایە کە بە یەکێک لە یەکەم دەقە نوسراوەکانی مرۆڤ ناسراوە. واتە دەقی گیلگەمێش. بۆ ئەوەی لە پێشدا بزانین بناخەی ڕوانین بۆ ژن لە جیهانی فیکر و ئوستوورەدا چۆن بووە و ئەو باسە لەوێدا چۆن دەڵەمە بووە و خۆی گرتووە. لە لایەکی دیکەوە دووەم وار کە ئاوڕی وێدەدەین، ئەو ڕچەیە لە بیری سەردەمی نوێیە کە بە فێمینیزمی ژینگە یا ئێکۆفێمێنیزم ناسراوە.
رەنگە پرسیار بێتە گوڕێ کە چۆنە دەقێک کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، دەستەبژێر دەکرێ و بیرۆکەیەک کە نزیکەی زیاتر لە نیوسەدەیەک تەمەنییەتی و ئێستاش بەشێکی زۆر لە دامەزرێنەر و ورووژێنەرانی زیندوون، هەڵدەهاوێردرێ و پێک دەگیرێن و لە ئاکامی ئەو پێکگرتنەدا، نووسەر بە دوای وڵامی کام پرسیارەوەیە.
بۆ ئەوەی بە وردی باسەکە بەرەو ئەنجام بەرین، لێرەدا پیویستە ئەوجار ئاوڕیک لە ئێکۆفێمێنیزم بدەینەوە بۆ ئەوەی دواتر بتوانین لە بەراوردەکەماندا کەڵکی لێ وەربگرین.
ئێکۆفێمێنیزم وەک ڕوانگەیەکی تیۆری، هەوڵ دەدا شەبەنگێکی بەربڵاو لە ڕوانگەکان، بۆ تەتەڵەکردنی پەیوەندیی ژن و سروشت و پەیوەندییەکانی پیاوسالارانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای هاوچەرخدا، لەخۆ بگرێ. “گریت گارد” لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی “ئێکۆفێمێنیزم و ژنان، بوونەوەران و سروشت”دا، پەروەردەی بیرۆکەی ئێکۆ فێمێنیستی بە حەولێک بۆ سازکردنی پەیوەندییەک لە مابەینی نووسراوە جۆراوجۆرەکان لە بواری لایەنگری لە ژینگە، مافی ئاژەڵان و فێمێنیسم دەزانێ. هەروەها بایەخی ئەو بیرۆکەیە لەوەڕا دەزانێ کە حەول دەدا دەنگدانەوەی هەموو ئەو بزاڤانەی تێدا ببیسرێ کە بۆ ژن و ژینگە و فێمێنیسم تێدەکۆشن. (عنایت: 1388) “لۆرێنتزێن” بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و لقێکی زانکۆییی دەزانێ کە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی لەمەڕ ڕووتاندنەوەی سروشت و چەوساندنەوەی ژنان لە لایەن کۆمەڵگای پیاو سالارەوە هەیە. (هەمان:١٣٨٨ ) “کارێن وارن”یش (١٩٩١) لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئێکۆفێمێنیزم، وەک چەترێکی لێ هاتووە کە کۆمەڵیک بنەما و ڕێسای بەربڵاو و جاری وایە دژ بەیەکیشی لە ژێر خۆیدا کۆ کردووەتەوە. هێندێک لە دەقەکان دەستەواژاەی ئێکۆفێمێنیزم لەگەڵ فەڕشێکی پڕ لە نەخش و ڕەنگ یان کرێکی چەند توێژی پێچەڵپێچ هەڵدەسەنگێنن کە لە بیرو بڕوای جۆراوجۆر و هەمەچەشن پێکهاتووە کە هەمووان لە ژێر چەتری هاوبەشی هاوکاریی ژنانە لە گەڵ سروشتدا کۆبوونەتەوە. (هەمان:١٣٨٨)
ئەوەی لەو باسانەدا هاوبەشە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ، پەیوەندیی ژن، بوونەوەران و سروشت لە لایەک و نوێبوونی ئەو ڕەوتە و هەروەها هەمەگیر بوونی بیرێکە کە نایهەوێ کەس بخاتە پەڕاوێزەوە. بەڵکوو دەیهەوێ مودێلێکی نوێ وێنا بکا بۆ چەشنی پەیوەندیی مرۆڤ و سروشت. بەڵام ئەوە هەموو ناواخنی ئەو بیرۆکەیە نییە. بەڵکوو ئاوڕ لەوە دەدرێتەوە کە بۆچی دەبێ ئەو گۆشەنیگایە بۆ ژیان لە جیهانی ئێستادا هەڵبژێردرێ. ڕوونکردنەوەی زیاتر جەخت لەسەر چارەنووسی هاوبەش و هاوشێوەی ژن و سروشتە. ئەو باسە لە دەقی بیرمەندانی غەیرە فێمێنیستەوە تا نووسەرانی سەر بەو ڕێبازە ئاوڕی لێ دراوەتەوە. ئەوەی کە ژن و سروشت، هەردووکیان زاوزێ دەکەن و وەچەی نوێ پەروەردە دەکەن، بەڵام بۆ ئەو ئەرکەش، لە لایەن دەسەڵاتێکەوە دەست درێژییان دەکرێتە سەر، ئەویش دەسەڵاتی نێرسالار و پیاوانەیە. لە خۆڕا نییە “فرانسیس بیکێن” دەنووسێ:
“رەگ و ڕیشەی دەسەڵاتی پیاو، ڕەنگە بگەڕێتەوە کاتێک کە مرۆڤ بەسەر سروشتدا زاڵ بوو و بە واتایەکی دیکە لەو کاتەوە کە مرۆڤ سروشتی بە واتا فەلسەفییەکەی “کون” کرد. واتایەک کە فرانسیس بیکێن، فەیلەسووفی ناسراوی سەدەی نۆزدە، لە باسی کروساندنەوە و شیرەکێشانی بێ سنوور لە سروشت دەکاری کرد” (خدادا: ٢٠١٦) نەک باسێک بۆ سووکایەتی کردن بە سروشت، بەڵکوو باسێکە لەسەر چەشنێک پەیوەندیی نابەدڵی نێوان مرۆڤ و سروشت. سروشت بە شێوەی ئاساییی خۆی بەخشەندەیە و لە بەروبووی خۆی بەشی هەمووان دەدا. لە بوونەوەرانەوە تا مرۆڤ بە درێژاییی مێژوو لە بەری ئەو دایکەیان چنیوەتەوە و سوودیان لێ وەرگرتووە. ئەدی ئەو کردەی “کون کردن”ە کە لە باسەکەی بیکێندا بارێکی نەرێنیی هەیە، لە کوێ ڕا سەری هەڵداوە. کون کردن کردەیەکە کە نەقس و کەمایەسییەک ساز دەکا. بوونێکی تەواو دەڕووشێنێ و برینداری دەکا. کاتێک بیکێن باس لەو کردەیە دەکا، ڕاست چاوی لە کێڵان و ڕۆچوون بە ناخی زەوینێکدایە کە دەسەڵاتی پیاوانە بۆ چەوساندنەوەی زەوی دەیکاتە پیشە، نەک سوود وەرگرتن لە بەر و بارێک کە زەوی بە دلۆڤانیی خۆی پێشکەش مرۆڤ و بوونەوەرانی دیکەی دەکا. هەر ئەو دەستەواژەیە بۆ سووکایەتی کردن و تەنانەت گۆڕینی بەشێک لە شوناسی پێشووی مێینە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. کچێک کە بە زۆری دەستدرێژیی دەکرێتە سەر و کچێنیی لێ دەستێندرێتەوە، هەر خودی دەسەڵاتی پیاوسالار ئەو دەستەواژەیەی بە باری نەرێنی بۆ دەکار دەکا. ئەوە لە کاتیکدایە هەر ئەو کچە ئەگەر بە دڵخواز و بۆ ژیانێکی تەبا و ئینسانی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەری ژیان پێک بێنێ، ئەو وەسفەی بۆ دەکار ناکرێ. کەواتە لێرەدا ڕاست باس لەسەر دەسەڵاتێکی دەستدرێژیکەرە، کە بە زۆرە ملی سروشتی زەوین و سروشتی ژن کون و سووک و بریندار دەکا. ئەوە سەرەتای دەستپێکی ستەمێکە کە دەکرێ قسەی لەسەر بکرێ و وردەوردە، باقیی ئەو بابەتانەی دیکە کە پەیوەندیی پێوە پەیدا دەکەن، دەبێ بخەینە سەر ئەو سەرەتایە، تا کۆی پێکهاتەی ستەم و دەستدرێژییەکە بناسرێ و بنووسرێ.
دەستەواژەیەک لە دونیای ئەمڕۆ و بەتایبەت لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە بە هەر دووباری ئەرێنی و نەرێنیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەویش هێرشی کولتووری و داگیرکاریی کولتوورییە. ئەو باسە هەر کام لە وڵاتانی ڕۆژئاوای نوێنەری دێموکڕاسی و وڵاتی کۆلۆنی کراو و تەنانەت دیکتاتۆرەکان، کە خاوەن سیستەمێکی داخراون، کەڵکی لێ وەردەگرن. بەڵام ئەو دەستەواژەیە لەو نووسینەدا بە دوو هۆ جێی خۆی بە باشی دەکاتەوە. چون هەم پەیوەندیی بە باسی سەرەتای ئەو نووسینەوە هەیە، کە لەمەڕ دژوەستانی دوو هێزی دژ بەیەک – واتە گیلگەمێش و ئینکیدۆ- بوو؛ هەم پەیوەندیی بە باسی ئێکۆفێمێنیزمەوە هەیە کە لایەکیان سروشت و لایەکیان کولتووری پیاوسالارە. ئەگەر لە چیرۆکی سەرەتادا، کوتمان گیلگەمێش نوێنەری کولتوور و بینا کردنی دەسەڵاتی پیاوانە و شار بوو، لەبەرانبەردا ئینکیدۆ نوێنەری سروشت و ئافرێنەر و پشتگیرەکانی هەموو ژن بوون. ئەو دژ وەستانە بە هاوکاری و ساز بوونی هاوسەنگیی هێز کۆتاییی پێ هات و سروشت و کولتوور، وێکیان هەڵکرد و پێکەوە درێژەیان بە ژیان دا. ئەوەی نووسەرێکی وەک “ئاگاروال” باسی دەکا لەگەڵ جەوهەری باسی ئێمە یەک شتە:
بە پێی بڕوای تاقمێک لە ئێکۆفێمێنیستەکان، پەیوەندیی پیاوان لەگەڵ کولتوور و پەیوەندیی ژنان لەگەڵ سروشت لێک نزیکترە. بەو پێش گریمانەیەوە کە هەمیشە کولتوور بە سەرتر لە سروشتی وەحشی ناسراوە، ژنان و سروشت، هەردووک ملکەچ و تەسلیم بوون و ژنان دەتوانن لە تێکدانی ئەو دەسەڵاتە بەسەر هەر دووکیاندا ڕۆڵی کاریگەریان بێ. (هەمان: ٢٠١٦)
ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی ئاگاروال باسی دەکا دەکرێ شرۆڤەی جودا جودای بۆ بکرێ. بەڵام نزیکترین و بەکەڵکترین زەمینەیەک کە دەکرێ باسی ڕەخسانی بکرێ، نەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بی ئاکام، بەڵکوو حەول بۆ تێکدانی ناهاوسەنگی و بەدیهێنانی هاوسەنگییەک لە وەرگرتنی ڕۆڵە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانە. لە بواری ژینگەش هەر ئەو باسە وەڕاست دەگەڕێ. ئەو باسەی فێمێنیستە دایک بڕواکان جەختی لەسەر دەکەن. ئەوان هەستی دایکانەی ژن و سروشت پێک دەگرن. لەسەر ئەو بنەمایە بۆ پاراستنی ژینگە سەرەتی دەدەن بە ژنان. ئەو باسە لەگەڵ باسی سروشت بڕاوکانی ژن هەر یەک شتن. دایک ئەگەر دڵی بۆ منداڵ و وەچەی خۆی دەسووتێ و دەیپارێزێ و لە فەوتان ڕزگاری دەکا، هەمان ڕەفتار لەگەڵ سروشتیش دووپات دەکاتەوە. هەر ئەو بابەتە، ئێکۆفێمێنیستەکانیش بە شێوەیەکی دیکە دەیخەنە ڕوو. ئەگەر سروشت لە لایەن هێزی پیاوانەوە کون دەکرێ و وزەکانی هەڵدەهێنجرێ و بێڕێزییشی پێ دەکرێ، هەمان ڕەفتار لەگەڵ ژنان لەلایەن پیاوانەوە دەکرێ. واتە چارەنووسی هاوبەش لە چەشتنی ستەمی پیاوانە. کەواتە سروشت و پاراستنی، دەبێ و واباشترە لە لایەن هێزێکی ژنانەوە بەڕێوە ببردرێ کە هەم ئاگای لێی بێ و هەم بە شێوەیەکی دروست لە تواناکانی کەڵک وەربگیرێ و ژیانێکی هاوبەشی دۆستانە ڕەچاو بکرێ. بەڵام وەنەبێ پیاوان دەستەوەستان ڕاوەستابن و پلانی ئەو تاقمە نەخوێننەوە و ئەو بیرۆکەیە نەناسن. پیاوان هەم ئەو هێزەی ژنان دەناسن و هەم لە دژی ڕادەوەستن. “ئێرتێنز” لەو بارەیەوە ئاماژە بە خاڵیکی گرینگ دەکا:
ئێستا ئەگەر بمانهەوێ ئەو بابەتە(ژێردەستەیی) لەمەڕ ژنانەوە بخەینە بەرباس، هۆکاری ژێردەستەییی ئەوان دەتوانین بەو شێوەیە دەستنیشان بکەین کە ژنان ئەو ژیاندارانەن، لەگەڵ سروشت هاوپەیوەندن و لە بەرانبەردا پیاوانیش لەگەڵ کولتوور هاوپەیوەندن و چون کولتوور حەول دەدا سروشت بکاتە تابیع و پێملی خۆی، ئەگەر ژنان بە بەشێک لە سروشت بزانین، کەواتە سەرکوتی ژنان و تابیع کردنیان، وەک بابەتێکی سروشتی دێتە بەرچاو. (خدادا:2016)
ئەگەر لە ڕوانگەی دەسەڵاتی پیاوسالارەوە سەرکوت و تابیع کردنی ژنان بە بابەتیکی سروشتی دێتە بەرچاو، ژنان و ئەو بیرەی لە بەرژەوەندیی ناساندن و وەگەڕ خستنی هێزی ژنانەدایە، ئەو دۆخە نە بە سروشتی دەزانێ و نە پێملی دەبێ. ئەو تاقمە لە ژنان دەزانن حەول بۆ ژێردەستەیی و چەوساندنەوەی ئەوان لە لایەن پیاوانەوە، بەو واتایە نییە کە پیاوان لە بنەڕەتدا بڕوایان بە نەبوونی هێزی ژنانە بێ. بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەوە، ئەوە فۆبیایەکە کە ئەوان لە دەسەڵاتی ژنانیان هەیە و بە سەرکوت کردن و تەنانەت سووکایەتی پێ کردنی، دەیانهەوێ هێزێکی ڕەقیب بۆ ئەوان سەهەڵنەدا. لە حاڵیکدا ئەگەر وەک هێزێکی هاوسان و هاودڵ و هاوکار بۆ ژیان و ژیاندنەوەی سروشت و کۆمـەڵگا لێیان بڕوانیبان، ئەو کێشەیە بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕۆیشت.
“کارێن هۆرنای” سووکایەتی کردن و بە نەفام زانینی ژنان بە یەکێک لە نیشانەکانی ترسی حاشاهەڵنەگری پیاوان لە ژنان دەزانێ. ئەو باسی توانای بە زاوزێ بوون و شیردان و دووگیان بوونی ژنان دەکا؛ ئەو کردە ژنانەگەلەی دەرخەر و نیشاندەری توانای ژنانن. ئەو پێی وایە پیاو هەم لەو هێزە دەترسێ و هەم پێویستیشی پێیەتی. هەر بۆیە سووکایەتیی پێ دەکا، متمانە بەخۆییی لێ دەستێنێتەوە تا بە بێ هیچ ترسێک، بتوانی لێی نزیک بێتەوە. هۆرنای بە پاڵپشتیی بڕوای نێرێتی، شی دەکاتەوە کە لە ڕاستیدا نەفرەت و بێزاریی ژن لە پیاو، ئاکامی ترس و بێزاریی پیاوە لە دەسەڵاتی ژن. (زرلکی٢: ١٣٩٦:٨٦)
هەر بۆیە ئێکۆفێمێنیستەکان وەک هێندێک لە لقەکانی دیکەی فیمێنیزم، باسی هۆکاری پاژبینانە و ڕووچوونە ناو وردەکاریی بیرۆکەکانی دیکەی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوە تیورییەکان ناکەن. ئەوان ئەو باسە نە بە ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتەوە دەبەستنەوە و نە بە کات-شوێنێکی تایبەت. ئەو بابەتەی ئەوان جەختی لەسەر دەکەن، ئەوەندەی لە وڵاتانی سەرمایەداری ئەگەری ڕوودان و بوونی هەیە، بە هەمان ڕادەش لە وڵاتانی سوسیالیستی و هەروەتر وڵاتەکانی دیکە بە دەسەڵات و بیری جودای سیاسیی دیکەوە. کەواتە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو بیرە ژنانەیە، هیچ کام لەو بابەتانە نییە کە هەر کام لەوانە خۆیان پاژێک لە پاژەکانی پەیکەرەی ژیانی کۆمەڵگای جیهانین. بەڵکوو “ئەو بیرە (ئێکۆ فێمێنیزم) بە جێگای خستنە ڕووی هۆکاری پاژبینانە و بەرتەسکی، وەک سیستەمی سەرمایەداری، تاک گەرایی و مرۆڤ تەوەری و … وەک بەردی بناخەی سازبوونی قەیرانەکانی ژینگە، پارادایمی دەسەڵاتی ئامادە لە جیهان و بوونی ماکەی ژنانە بوون و پیاوانە بوون لە دەستنیشان کردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە جیهاندا، بە ڕیشە و هۆکاری سەرەکیی گرفتە ژینگەیییەکان و هەروەها چەوساندنەوەی ژنان و سروشت دەزانێ و پیاوسالاری و هێزی کۆمەڵایەتیی ناپێکهاتەمەندی بەدیهاتوو لەو سیستەمە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارانەیە، بە ماکەی بناخەیی بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆگۆڕەکانی جیهان دەزانێ. ئەو نووسەرە هەروەها ڕێگای دەربازبوون لەو گرفتانە و لە کێشە ژینگەیییەکان و هەروەها مافەکانی ژنان، بە سڕینەوەی ڕەگەز لە دەسەڵات و چوون بەرەو کۆمەڵگایەک کە پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەک، نەک لەسەر بنەمای دەستڕاگەیشتوویی بە سەرچاوەکانی دەسەڵات، بەڵکوو لەسەر بنەمایەکی دیکە دامەزرابێ، ]دەزانن].(عنایت:1388)
ئەگەر ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان بەروە ئەو ئاراستەیە نەبێ، ئەوە هەمان چارەنووسی ژنی قوربانی لە سەدەکانی پێشوودا دووپات دەبێتەوە. چارەنووسێک کە تەنانەت لە دونیای مودیڕندا، بەشێکی بە دەستی ژنانی ترساو لە دەست پیاوان خوڵقاوە و گێڕدراوەتەوە. “زیگێڕد وایگێل” لە باسی گێڕانەوە لە دەقە گێڕانەوەیییەکانی ژناندا، حەول دەدا دوو تاقم لە ژنانی نووسەر بناسێنی و بە باس لەسەر بەرهەمەکانیان دەری بخا کولتووری کۆمەڵگای پیاوسالار چۆن کار دەکاتە سەر زەینییەتی نووسەرانی داهێنەری ژنەوە. تەنانەت وایان لێ دەکا ئەو کەسایەتییە ژنانەیە بخوڵقێنن کە ئەو کولتوورە دەیخوازێ. کەسایەتییەکی ملکەچ و قوربانی. بۆیە ئاوایان وەسف دەکا: ژنی بەخشەندە؛ ئەو پاڵەوانە خۆبەخشەی وەک قوربانی دەژی. (نجم عراقی و دیگران: ١٣٨٢:١٥٠) ئەوەی وا لە ژنان دەکا گێڕانەوەشیان ڕەنگ و بۆی کولتووری پیاوانەی بەسەرەوە بێ، پەلوپۆ هاویشتنی دەسەڵاتی پیاوانەیە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا.
لێرە دایە کە سەرەداوێکی دیکە دەبینینەوە. ئەویش بوونی دەسەڵات بە ماکەی ژنانە و پیاوانەوەیە. دەسەڵاتێک کە ماکەی پیاوانەیە، دیارە حەول بۆ سڕینەوەی دەسەڵاتی لە مەڕ ماکەی ژنانە دەدا. وەکی پێشتریش باسمان کرد، هەم بە هۆکاری ترس لەو هێزە هەمیشەیی و بە تواناییەی کە ژنان هەیانە و هەمیش بە هۆی ترس لە ڕووشانی هەیمەنەی دەسەڵاتی پیاوان. دەسەڵاتی پیاوانە لە لایەن ئێکۆ فێمێنیستەکانەوە بە بەردی بناخەی گرفتە ژینگەییەکانیش مەزەندە کراوە. ئەو دەسەڵاتە، شیرەی ژینگە دەکێشێ، سووکی دەکا و تووڕی هەڵدەدا. بە هەزاران نموونە لە گرفتە ژینگەیییەکان لە دونیای ئەمڕۆدا هەن، کە شەڕ و زێدەخوازیییە پیاوانەکان هۆکار و خوڵقێنەریان بوون. ڕێگای دەرباز بوون لەم دۆخە چییە. گەڕانەوە بۆ دۆخی ئوستوورەکان و حەول بۆ هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا. ئەگەر نموونەیەک باس بکەین، دیسان ئاماژە بە باسی سەرەتای ئەو نووسینە لەسەر گیلگەمێش دەکەین. ئەگەر وانەبێ ژنان ناتوانن بەشداری دەسەڵات بن.
لە دونیای ئەوڕۆدا، هەڵبەت بە هۆی چالاکیی بزووتنەوە بەرابەریخوازەکان، حەولی جیددی لە هەموو شوێنەکانی جیهان دراوە، تا دەنگی بریندرای ژنان ببیسترێ. هەڵبەت ئەو دەنگە ئێستا دەنگێکی دلێریشە. بەڵام ئێستاش لە زۆر یەک لە وڵاتانی جیهان، هەمان ڕێوشوینی پێشوو ڕەچاو دەکرێ. ئەگەریش مافێک وەک مافی سیاسی بە ژنان دراوە، زۆر بەرتەسک و بەپەرژینە. تا کاتێکیش ژنان دەستیان وەدەسەڵات ڕانەگا و لەهەموو ناوەندە بڕیاڕەکان ئامادەییی چالاک و کاریگەریان نەبێ، ئەو بوونە نومادین و هێمایییە، تەنیا دەتوانێ ژنانی دیکە دڵسارد کاتەوە و کۆمەڵگاش بەو ئاراستەیەدا بەرێ کە دەسەڵاتی ژنانە لەوە زیاتر کارامەییی نییە. بەڵام ئەوەی جەختی لەسەر دەکرێ ئەوەیە کە بەشدایری سیاسیی ژنانە، دەبێ تەواو لە جێی خۆیدا و بەواتای تەواوی بەشداری و بەڕێوەبەرێتی بێ. ئەو کاتە کە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی بە ژنان دەدرێ و ئەوانیش هەم لە ڕادەی ژان و ئازارەکانی خۆیان کەم دەکەنەوە، هەم چەوساوەکانی لە گوێن خۆیان و یەک لەوان ژینگە، بە باشی دەپارێزن. لەو بوارەدا “کار” وەک نووسەر و چالاکی مافی ژنان لە مەڕ بەشداریی سیاسیی ژنانەوە دەڵێ:
واتای ڕاست و ڕەوانی بەشداریی سیاسی ئەوەیە؛ مافی هاتنە ناو بواری سیاسەت، لە هەموو ئاستەکانی بۆ ژنان بە فەرمی بناسرێ و ئەوان بتوانن خۆخوازنە و بێ ترس لە بەربەستی سەلیقەیی و ئایدۆلۆژیک، شان بە شانی پیاوان، لەهەموو بوارەکاندا ئامادەبن و دەرکەون. لەو ڕوانگەیەوە بەشداریی سیاسیی ژنان لەگەڵ بە فەرمی زانینی سەڵاحییەتی ئەوان بۆ دەسەڵاتدارێتی، دەبێ بە یەک شت بزانین(کار: ١٣79:147)
بەڵام گرفتێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لە ئارادابووە، ئامادە نەبوونی ژنانە لە بوارەکانی بەڕێوەبەرایەتیدا. واتە ئەو ڕێسا گشتییەی کە لە هەموو شوێنێکی دونیادا کەم و زۆر وەک یەک وایە. “ئەوشوێنەی دەسەڵاتی لێیە ژنانی لێ نییە”. (کار:١٣٧٩:١٥٠) ئەوە پیاوانن بڕیاردەر و یاسا دانەرن. تەنانەت یاسا بۆ جەستەی ژنان دادەنێن. باسێک کە ئێکۆفێمێنیستەکان پێیان وایە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژینگەشەوە هەیە. ئەوان لەسەر ئەو ڕایەن؛ ژنان ناتوانن لە زۆربەی کولتوور و وڵاتاندا، بە ئارەزووی خۆیان دووگیان بن. ئەگەر بە شێوەیەکی نەخوازراو دووگیان بوون، دەسەڵاتی لەبار بردنی منداڵێکیان نییە کە هێشتا نەگووراوە. لە زۆر شوێن و کولتوور کەرەسەی پێشگیری لە دووگیان بوون، یان نییە یان بەربەستی دەخرێتە سەر ڕێ بۆ ئەوەی بە دەست ژنان نەگا. لە ئاکامدا، ژن دەسەڵاتی بەسەر جەستەی خۆیدا کەم دەبێتەوە و بە شێوەیەکی نەخوازراو و بەربڵاو زاوزێ زیاد دەکا. ئاکامی ئەو بێ دەسەڵاتییە بەسەر لەشەدا، دەبێتە هۆی زۆر بوونی لە ڕادەبەدەری حەشیمەت و حەشیمەتی لە ڕادەبەدەریش تەنیا بەوەندە ڕازی نابن کە سروشت بە شێوەی خۆڕسک پێیان دەبەخشێ. بەڵکوو بۆ ژیاندنی خۆیان و پیکهێنانی ئاسایش و بواری لەبارتری ژیان، دەست دەکەن بە دەستدرێژی بۆ سەر جەستەی سروشت. واتە دەستدرێژی کردنە سەر جەستەی ژن و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەو هەرێمەی کە دەبوو سەر بە خۆی بێ، وا دەکا بێ ویستی ئەو، بەرهەمی نادڵخوازی لێ بەدی بێ و بە هەمان شێوە ئەو چەوساندنەوەیە و ئاکامەکەی، زەمینە بۆ چەوساندنەوەی زیاتری سروشت و زەوی خۆش دەکا. لە ئاکامدا دوو برینداری چەوساوە وێڕای یەک، بەرەو لاوازتر بوون دەچن. هەر بەو هۆیەیە “دۆبۆن” لە پێشەنگانی بیری ئێکۆفێمێنیستی دەڵێ:
ژنان دەتوانن و دەشبی داوای ئازادی لە دووگیان بوون و ئازاد بوون لە لەباربردنی منداڵ و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە کەرەسەی پێشگرتن لە دووگیان بوون بکەن. بەو شێوەیە، هەم ژنان ئازاد دەبوون و هەم جیهان لە دەست حەشیمەتی بێ سنوور و ئەژمار نەجاتی دەبوو. ئەوەش یەکەم پەیوەندیی نێوان ژینگەی ئێکۆلۆژی و ئازادیی ژنان بوو…(بیل، جنت:2011) لیرەوەیە کە وردە وردە نووسەرانی ئەو بوارە، باسەکانی فێمێنیسم و ژینگە لێک گرێ دەدەن. ئەوان پەیوەندییەکانی ژن-دایک، لەگەڵ منداڵ و پیاو-باوک لەگەڵ سروشت، پێک دەگرن و لە ڕوانینێکی بەراوردکارانەدا، خوێندنەوەیەکی ئاوای دەتوانین لێ بەدەستەوە بدەین: پەیوەندیی ژن-دایک لەگەڵ منداڵەکەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی، گەشەی منداڵ، دڵخۆشیی دایک و بەخشندەییی ئەو پێک دێ. لەو پەیوەندییەدا و بەتایبەت لە سەرەتای گوورانی منداڵەکەوە لە منداڵدانی دایکدا، تا لەدایکبوون و گەشە و نەشەی سەرەتایی و تا پاش سەردەمی مێرمنداڵی، لەو پەیوەندییەدا هیچ شتێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دانەمەزراوە. بەڵکوو ئەوەی هەیە پەیوەندییەکی ئینسانییە. لەسەر سۆز و هەستی دایکانەوە خۆی گرتووە. بۆیە دایک حەول دەدا، منداڵ گەشە بکا بەبێ ئەوەی چاوەڕوانییەکی لێی هەبێ. کاتێک ئەو بابەتە باشتر دەردەکەوێ کە ئەو دایکانە ببینین کە هەمان هەست بە بەرپرسیارێتییەیان بە نیسبەت منداڵانێکەوە هەیە کە تەنانەت لەباری هۆش و جەستەوە ناتەواون. واتە دایک نەک بە هیوای وەدەست هێنانی بەرژەوەندییەک و تەنیا لەبەر هۆی سازکردنی ژیانێکی باش و دلۆڤانانە و دروست، منداڵ پەروەردە دەکا. بەڵام پەیوەندیی پیاو-سروشت تەواو پێچەوانەیە. باشترین جێگاکان بۆ دەست خستنی زیاترین بەرژەوەندی؛ کۆی ڕازی پەیوەندیی پیاوان و سروشتە. ئەوە هەمان پەیوەندییە کە فێمێنیستەکان لە مێژووی ژیانی ژناندا، لەگەڵ ژنانی دەبینن. پەیوەندییەک کە لەسەر بناخەی چەوساندنەوە و بەرژەوەندیی پیاوانە دامەزراوە. ژن چ وەک کابان، چ وەک کەسێک کە پیاو، ویستە جینسییەکانی خۆی پێ پاراو دەکا و چ وەک پەرەستاری پیاوان، دەبێ بەخشندە بێ و سوود بە پیاوان بگەیەنێ. کەچی یان هەر بەگشتی بوونی ئەو پشتگوێ خراوە، یان لانی کەمی مافی بۆ لەبەرچاو گیراوە و کەمترین ڕادەش لە بەڕێوەبەرایەتیی تەنانەت بنەماڵەشی پێ سپێردراوە. واتە سروشت و ژن، چەوساوەکانی مێژوویەک لە کولتووری پیاو سالار بوون و ئێستا خەریکە لانی کەم بە دژی ئەو بیرە چەوسێنەرە لێک نزیک دەبنەوە و بەرەی هاوبەش پیک دێنن. دۆبۆن هەر بەو هۆیەیە پێ لەسەر واتای “ئاوێتەییی چارەنووس” دادەگرێ:
ئێکۆفێمێنیزم ئاوێتەیەکە لە ژینگە و فێمینیزم کە زاڵ بوونی مرۆڤ بەسەر سروشت و سەرکوتی ژنان پێکەوە لێک گرێ دەدا (خدادا:٢٠١٦) تەتەڵەکردنی سەرەکیی ئێکۆفێمێنیستەکان لەسەر ئەو خاڵە راوەستاوە کە سەرکوتی پیاوسالارانە لە ژێر ناوی بەرژەوەندی و پێشکەوتن، سروشت لەناو دەبا. (عنایت:1388)
لە ڕوانینێکی گشتیدا، وەکی پێشتر باس کرا، لە دەستنیشان کردنی چەقی دژبەرانی ژناندا، گوترا: ئێکۆفێمێنیزم بۆ ئەو باباتە پاژبین نییە و بە گشتی دەسەڵات و دابەش بوونی لەسەر بنەمای ڕەگەزی نێر/مێ دەکاتە بەردی بناخە. بەڵام بۆ چارەسەرەکان، پاژەکان دەبینێ و ئەو پاژانەش لە کۆی ئەو وردە بەشە پەڕاوێزخراوانە پێکدێنێ، کە ژیانی ئێستای مرۆڤ دەتوانن بەروە ئاڵوگۆڕ بەرن. “گارد” لەوبوارەدا باس لەوە دەکا کە بەشێک لە ئایدۆلۆژیاکان ئەگەر بە ڕواڵەت لێکیش دوور بنوێنن، بەڵام لە ڕەگەزێکن. بۆ وێنە ئایدۆلۆژیای سەرکوتی جینسی و تۆرەمەیی و چینایەتی، لەگەڵ ئایدۆلۆژیای تێکدانی سروشت بە نموونە دێنێتەوە. ئێکۆفێمێنیزم لەسەر بنەمای تێگەیشتنە ژینگە ناسی و فێمێنیستی و کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە و لەسەر ئەو بڕاویەیە؛ کە ئایدۆلۆژیای سەرکوتی جنسی، نژادی، چینایەتی لەگەڵ ئایدلۆژیای سەرکوت و خراپ کردنی سروشت لە ڕەگەزێکن. ئێکۆفێمێنیزم لە واتای گشتیی خۆیدا خوازیاری کۆتایی هێنان بە سەرکوت لەهەموو بوارەکانە و پێی وایە حەول بۆ ڕزگاریی ژنان یان هەر گرووپێکی دیکەی ژێرچەپۆکە، لەگەڵ حەول بۆ پاراستن و ئازاد کردنی سروشت لێک گرێ دراون.(خدادا:٢٠١٦)
ئەنجام:
یەکەم دەقەکانی نووسراوەی دەست مرۆڤ، ئەو باسانەن کە بۆ ئوستوورەکان و چیرۆکەکانی بەدیهاتنی سەرەتاییی دیاردەکانی جیهان تەرخان کراون. لەو نووسینەدا بە نموونە ئوستوورەی “گیلگەمێش” هێنرایە بەرباس. لەو چیرۆکەدا تەنیا لایەنێک کە باسی لێ کرا و شی کراوە، ڕۆڵی ژن-سروشت لە ئوستوورە کەدا بوو. دەسەڵاتی پیاو-خوداییی گیلگەمێش دۆخی ژیانی شێواندبوو. کۆمەڵێک لە دەسەڵاتەکانی ژنانە لەو چیرۆکەدا دەبیندرێن کە بە یارمەتیی یەکتر حەولی کۆنتڕۆڵ کردن و کەم کردنەوە و لە ئاکامدا تەبا کردنی دەسەڵاتی پیاوانەی کولتوور دەدەن. گیلگەمێش بە پێی ئەوەی لە باسەکاندا خرایە ڕوو، نوێنەری شار و کولتوور بوو. خاتوو-خودای پەیکەرتاشی “ئەرووروو”، خاتوو-خودای ئەوینداری “ئیشتەر”، نوێنەری ئیشتەر، “ری ڕەشت”ی خاتوونی دایک و “ئینکیدۆ”ی هێمای سروشت، پێکەوە، لەبەرانبەر هێزی پیاوانەدا وەستان و بەرەیەکی بە هێزیان بۆ ئاشت بوونەوەی سروشت و کولتوور پێکهێنا. هەر بەو پێیە، باسی بزووتنەوەی ئێکۆفێمێنیستی کرا کە چۆن لە دونیای ئەوڕۆدا، حەولی ئەوەی داوە پەیوەندیی ژن و سروشت دابڕێژێتەوە. چارەنووسی هاوبەشی ژن و سروشت ببەستێتەوە بە دابەش بوونی دەسەڵات لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئەویش داگیر و زەوت کرانی لەلایەن ڕەگەزی پیاوەوە. چارەنووسی هاوبەشی ئەو دووانەش واتە ژن-سروشت، بریتییە لە چەوسانەوە، بریندار کران، دەستدرێژی کرانە سەر و لاواز کران لە لایەن پیاوانەوە.
رێگایەک کە ئەو بیرە پێشنیاری دەکا، ساز کردنی هاوسەنگییە لە دەسەڵاتدا. هەروەها لایەنێکی دیکەی گرینگ بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە نالەبارە، سازکردنی پەیوەندیی سروشت و ژنانە. دیارە بۆ ئەو باسەش پێویستە ژنان دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی بەدەستەوە بگرن. نابێ بەو بەشە هێمایینەی لە هێندێک وڵات و ناوچە پێیان “دەبەخشرێ” ڕازی بن. سەرکەوتنی ژنان لە بەدەستەوەگرتنی بەشی خۆیان لە دەسەڵات، واتە سازبوونی هاوسەنگی. نزیک بوونەوەی لە هێز، واتە توانای خستنە گەڕی ئیرادە. بێ گومان ئەو ئیرادەیەش بەشێکی زۆری لە بەرژەوەندیی ژنان و سروشتدا دەشکێتەوە.
سەرچاوە:
١-بولن، جین شینودا (1397) نمادهای اسطورهای و روانشناسی زنان، ترجمه آذر یوسفی، تهران: انتشارات روشنگران و مطالعات زنان
٢-بیل، جنت (2011) آیا میان فمینیسم و محیط زیست گرایی (اکولوژی) پیوندی «طبیعی» هست؟ ترجمه: ویدا امیر مکری، لوموند دیپلماتیک (https://ir.mondediplo.com)
٣-خداداد، ساناز (2016) زن و محیط زیست، عناصر بیگانه شهر، (Institute for Strategic Studies in Iranian Architecture (isia.ir))
٤-زرلکی، شهلا (1395) زنان، دشتان و جنون ماهانه، تهران: نشر چرخ
٥-زرلکی، شهلا 2 (1396) در خدمت و خیانت زنان، تهران: نشر چشمه
6-شاملو، احمد (1394)گیل گمیش، چاپ نهم، تهران: نشر چشمه
7-عنایت، حلیمه و دیگران (1388) رویکردي نظري به مفهوم اکوفمینیسم، مجله عملی تخصصی “مطالعات جامعهشناسی” سال دوم، شماره پنجم، زمستان 1388 ص ص 63 – 4
8-کار، مهرانگیز (1379) مشارکت سیاسی زنان، موانع و امکانات، تهران: انتشارات روشنگران و مطالعات زنان
9- گروه نویسندگان (1396) تحلیلی بر حماسه گیل گمیش نخستین مسافر اسطورەای، فصلنامه میراث و گردشگری(www.gilgameshmag.com)
10-لاهیجی، شەهلا و دیتران (1382) ئەفسانەی داری هۆلۆپۆ، وەرگێڕانی لەیلا ساڵحی، گۆڤاری سروە، ژمارە ٢٠٢
11-نجم عراقی و دیگران (1382) زن و ادبیات، گزینش و ترجمه منیزه نجم عراقی و دیگران: تهران: نشر چشمه


