ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیزم و خەباتی نەتەوەیی هاوشان و هاوتەریب
ڕزگار موکری

پێشەکی

فێمێنیزم وەک یەک لە ڕوانگە کۆمەلناسی، سیاسی و فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیست توانیویەتی بە وێنەی بەشێک لە کەڵکەڵە هزرییەکانی کورد، لانی کەم لەو ساڵانەی دواییدا دەرکەوێ، بەڵام فێمێنیزم وەک ئیدئۆلۆژی نەبووەتە بنەمایەکی ڕوون بۆ پرسی ژنان و چەشنی چەمکێکی گرینگی پەیوەندیدار بە خەباتی نەتەوەیییەوە بوونی نەبووە. دیارە وێڕای دەستپێکی خەباتی مودێڕن لە سەر بنەمای حیزبایەتی، دامەزراوەکانی ژنان بۆ یەکەم جار ساز بوون و لە سەرەتای شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات، ئافرەتان تیکەڵ بەو شۆڕشە بوون. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە مەیدانی مەدەنی و خەباتی شاردا، ژنان بە شێوەیەکی ڕوونتر و بەرچاوتر وەک سووژەیەکی کارامە شوناسی خۆیان پاراست و لە قەوارەی نەریتخوازانەی بیری کۆمەڵگا هاتنە دەرێ. بەرز بوونەوەی ئاستی خوێندەواریی ئافرەتان و حوزووریان لە دامەزراوە مەدەنییەکان کە بەرهەمی عەقڵی مودێڕن و ڕخنەگرانەی مرۆڤی سەردەمن، پێکهینەری شۆڕشێکی دژ بە ئۆبژەییی مێژووییی مێیینە بوون. لەم ڕووەوە ژنی کورد ئەزموونێکی نوێ لە مافخوازی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەند جۆر ستەمی تاقی کردەوە؛ ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی ڕەگەزایەتی، ئەگەرچی حووزووری شؤڕشگێڕانەی ئافرەتان لە دووباڵی خەباتی شار و شاخدا بەرچاو و مانادار بووە، بەڵام جۆری پەیوەندیی ئەم تێکەڵ بوونە لە چوارچێوەی شۆڕشی فێمێنیستیدا نەبووە و بنەما تێئۆریکەکانی ئەم ئیدئۆلۆژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە نەپارێزراوە و شێوەی گرێ درانەوەی بە خەباتی نەتەوایەتیی کوردەوە کەم هێز بووە. لە وەها دۆخێکدا پرسیاری سەرەکی دەتوانێ ئەوە بێ کە ئایا بزووتنەوەی کورد لە سەر بنەمای ناسیۆنالیسمی کوردی توانیویەتی فێمێنیزم وەک یەک لە دالەکانی گوتاری سیاسیی خۆی مەفسەلبەندی بکات یا بە زمانێکی ساکارتر ئایا ناسیۆنالیسم و فێمێنیزم توانیویانە وێڕای یەکتر خەباتی خۆیان بۆ سڕینەوەی ستەمە نەتەوایەتی و ڕەگەزایەتییەکان و باقیی ستەمەکانی دیکە لە ئێرانی فرە نەتەوە بەرنە پێشێ؟ بۆ وڵام دانەوە بەو پرسیارە پێویستە لێکدانەوەیەک لە سەر ئەو جۆرە لە فێمێنیزم بدەی بە دەستەوە کە تواناییی ئەوەی هەیە چوارچێوەیەکی تەحلیلیی بە هێز بۆ هاوڕێیەتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ژنان، بە مەبەستی سڕینەوەی ستەمەکان پێک بێنی و پەیوەندیی فێمێنیزمی کورد و ئێرانی، وەک ژینگەی سیاسیی ژنی کورد باس بکەین.

سێ ڕوانگەی گشتی بۆ وڵامی پرسیارە سەرەکیەکەی ئەم وتارە لەئارادایە؛
یەکەم؛ ڕوانگەی گشتیی زۆریەک لە چالاکانی سیاسی و سیاسەتمەداران کە پێیان وایە کاتێک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی لە سەر بنەمای ناسیۆنالیسم لە ئارادایە، باس کردن لە فێمێنیزم و هەر جۆرە خەباتێکی لەو چەشنە، دەتوانێ چەواشە کردنی ڕەوتی بزووتنەوەکە بێت، بۆ ئەوەی هەر جۆرە ستەمێک کۆتاییی پێ بێ، کە ستەمی ڕەگەزایەتیش یەک لەوانە، پێویستە گشت کۆمەڵگا پێکەوە و یەکگرتوانە حەول بدەن بۆ سڕێنەوەی ستەمی نەتەوایەتی، کە لە ئاکامی ئەم هەرەوەزەدا سەرکەوتن ڕوودەدات و هاو کات هەموو ستەمەکانی دیکەش وێڕای ئەو ستەمە یا بە دوای ئەودا کۆتایییان پێ دێت و ستەم بە دژی ژنانیش بەرەو کۆتایی دەڕوا. لە ڕاستیدا ئەم ڕوانگەیە لە زۆر وڵات و تەنانەت کوردستانیشدا زاڵ بووە و بزووتنەوەی ژنان، وەک بزووتنەووەی پاشکۆی نەتەوەیی چاوی لێ کراوە و هەموو شتێک بەم بڕوایەوە بەستراوەتەوە بە سەرکەوتوویی یا ناسەرکەوتووییی بزووتنەوەی نەتەوایەتی.
دووهەم؛ دووهەم ڕوانگە ڕیشەی لە شەپۆلی دووهەمی فێمێنیزمدایە، ئەم شێوە ڕوانینە جەخت لە سەر جیاوازییەکان دەکات و بڕوای بە شوناسێکی تایبەت و جیاواز بۆ بزووتنەوە فێمێنیستییە ئیتنیکی و ڕەچەڵەکییەکان هەیە. کەواتە ناکرێ بزووتنەوەی ژنان بخرێتە چوارچێوەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی یا ئیتنیکییەوە و حەول بدرێ لەو قەوارەیەدا شکڵ بگرێ. لە ڕاستیدا خاڵی ڕوونکەرەوەی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ئەگەر پرسی ژنان لە قەوارە و بەستێنێکی نەتەوەییدا باس بکرێ، شوناسێکی تایبەت بە ئافرەتانی ئەم نەتەوە یا ئیتنیکەی دەبێ. لەم ڕوانگەیەوە پرسی ژنان پرسێکی تەواو جیاوازە و خەبات بۆ ئەم پرسە جیاوازە، ڕەوتێکی جیاواز دەپێوێ. وەک دیارە ئەم ڕوانگەیە ڕاست ئەودیوی ڕوانگەی یەکەمە، جیاوازیی بزووتنەوەی ژنان بە پێی بارودۆخ و تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی، بەفەرمی دەناسێ بەڵام حەولی بۆ ساز کردنی پەیوەندییەک لە نێوان خەباتە جۆراوجۆرەکان دژ بە ستەمە چەندفاقەکان نادات.
سێهەم؛ ڕوانگەی سێهەم لەسەر بڕوامەند بوون بە شوناسە چەندفاقەکان و تێکهەڵکێشانی گونجاوی کەڵکەڵە و داواکارییەکان دامەزراوە. لە ڕاستیدا ژن دەتوانێ هەم کەڵکەڵەی نەتەوەییی هەبێ، هەم داواکاریی فێمێنیستی و هەم ویستی چینایەتی و … لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێ ئەو بڕوایە کە فێمێنیستەکان دەتوانن لە ڕەوتی نەتەوەسازی و بابەتە نەتەوەیییەکاندا نەخشیان هەبێ بێتە بەر باس. ئەم ڕوانگەیە پێی وایە کە چالاکیە فێمێنیستییەکان دەتوانن هاندەر و ڕێکخەری نەتەوەخوازییش بن. نیرا یووال و فلۆیا ئانتیاس پێیان وایە ئافرەتان لەو ڕێگایانەی خوارەوە بەشداریی چالاکییە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان دەکەن؛
نوێنەرایەتی کردنی کەمایەتییە ئیتنیکییەکان، دیاری کردنی سنووری پێکهاتە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان، ڕاگواستنی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان، ڕوون کردنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان و بەشداریی چالاکانە لە شۆڕشە نەتەوەیییەکاندا، لە هەمووی ئەم چالاکیانەدا ژنان بە شێوەیەکی جیاواز لە پیاوان و بە تایبەتمەندی شوناسی ژنانەوە، لە پڕۆژە نەتەوایەتی و ئیتنیکییەکاندا حوزووریان هەیە.(فریدمن، ١٣٨٢، ١٣٥). کەواتە لەم ڕوانگەیەوە پێویست نییە وەک دوو شتی جیاواز یا دژ بە یەک بڕوانرێتە ڕەگەزایەتی و شوناسی نەتەوایەتی و دەکرێ بزووتنەوە فێمێنیستییەکان هاوتەریب و هاوڕێی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان ببیندرێن.
ئەم ڕوانگەیە کە لە سەر بنەمای تێک هەڵکێشانی شوناسی چەندفاقەکان ساز بووە، پێی وایە جیاوازیی ڕەگەزی و ڕەچەڵەکی، ئیتنیکی و نەتەوەیی، دەتوانێ بەرهەمهێنی ستەم و چەوساندنەوە بێ و مرۆڤێک بە هۆی ئەوەیکە ژنە و ڕەگەز، ڕەچەڵەک، ئایین و ئیتنیکێکی جیاوازی هەیە وێڕای یەک تووشی چەوسانەوە بێت. ئەم بڕوایە لە ڕاستیدا بنەمای هزری فێمینیسمی ڕەش پێک دێنێ، جۆرێک لە فێمینیسم کە دوو شوناسی جیاوزی ژنێتی و ڕەش پێستی، هۆکاری دوو جۆر ستەمی ڕەچەڵەکی و ڕەگەزایەتی بوون. لەم ڕوانگەیەوە شوناسە چەندفاقەکان تایبەتمەندیی ئاسیایی، ڕەش پێست و بە گشتی ژنانی ئیتنیک و نەتەوە ڕەنگین پێستەکانە.(همان)
کەواتە فێمێنیزمی ڕەش دەتوانێ ئەو شێوەیە لە فێمێنیزم بێ کە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە وڵامی پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە، چون ئەم جۆرە لە فێمێنیزم لە بارودۆخێکی هاوشێوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی گەلانی جیاوازی دنیادا کە لە ژێر ستەمە جۆراوجۆرەکاندان، دامەزراوە.

فێمێنیزمی ڕەش

کەسانی وەک باربارا ئیسمیت، ئێدرێلێرد، گلۆریا جۆزێڤ، گلۆریا هاڵ وئالیس واکێر حەولیان داوە بۆ خوڵقاندنی هێندێک تێئۆری کە پێداویستیی ژنانی ڕەشە بۆ خەبات لە پێناو چاک کردنی ژیانی ڕۆژانەیاندا. لە ڕاستیدا تێئۆریی فێمێنیزمی ڕەش خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندی لە گەڵ فێمێنیستە سپییەکان پێشکەش دەکا تا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە نێو کۆمەڵگایەکی ڕەگەزپەرەستدا، دژایەتییەکانی نێوان ڕەگەز، ڕەچەڵەک و چین لێک بداتەوە.(هام و گەمبێل، ١٣٨٢، ١٣٢)
لێکدانەوەی بنەڕەتیی فێمێنیزمی ڕەش ئەوەیە کە ژنانی سپی پێست ناتوانن لە کێشەکانی پەیوەندیدار بە ستەمی ڕەچەڵەک پەرەستانە کە دەستەویەخەی ڕەش پێستەکانە بگەن. بە درێژاییی خەباتی فێمێنیستی، ئەوەی کە پتر لە هەر لایەنێک بۆتە هۆی کپ کردنی دەنگی ئافرەتانی ڕەش، ژنانی فێمێنیستی سپی بوون و بایەخێکیان بۆ ئازاری ژنە ڕەنگین پێستەکان دانەناوە.(مشیرزادە، ١٣٩٠، ٤١٤) هۆکس پێی وایە هێندەی هیچ پێکهاتەیەک لە ئامریکا نکۆڵی لە شوناسی ژنانی ڕەش نەکراوە. بە دەگمەن هەڵدەکەوێ لەم کلتوورەدا وەک تاقمێکی جیاواز لە پیاوانی ڕەش یا ژنانی سپی دان بە ژنی ڕەشدا بهێنرێ. کاتێک باس لە ڕەش پێستەکان دەکرێ، مەبەست پیاوانی ڕەشە و هەر کاتێکیش باسی ئافرەتان دەکرێ ژنانی سپی مەبەستن.(همان، ٤١)
ئەگەرچی کەڵکەڵەی سەرەکیی فێمێنیزمی ڕەش هەر ئەو خاڵانەن کە ڕەوتی سەرەکیی فێمێنیزم لە سەری پێداگرن، بەڵام جیاوازیی ئەم جۆرە لە فێمێنیزم دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕاستییە کە ژنی ڕەش لە هەر سێ لایەنی ڕەچەڵەک، ڕەگەز و چیندا لە ژێر ستەمدایە، بۆیە دەکوترێ پێداویستیی گرینگی دان بە هەموو ستەمەکان، لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی فێمێنیزمی ڕەشە.
دیوراکینگ، بۆ باس لە دۆخی ژنانی ڕەش، کەڵک لە واتای “مەترسیی چەند لایەنە” وەردەگرێ. ئەو پێی وایە؛ ئەم ئافرەتانە لە سێ لایەنی ڕەچەڵەک، ڕەگەز و چینەوە لە ژێر ستەمدان و جۆری پەیوەندیی ئەم سێ ستەمە دەبێتە هۆی چەند قات بوونی کاریگەریی ئەم ستەمانە لە سەر ئافرەتانی ڕەش پێست.(همان، ٤١٧)
بە پێی ئەو ڕوانگەیە، ژنانی ڕەش نە تەنیا دەیانهەوێ پێش بە مێیینەیەکی ئۆبژە بگرن، بەڵکوو دەیانهەوێ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و نەزمی جیهانیدا وەک سووژەیەکی ڕەش و مرۆڤێکی پلە یەک ژیان بە سەر بەرن و ڕووبەڕووی ئەم قەوارەیە بنەوە کە حەولی بە زنجیر کێشانی ڕەگەز، ڕەچەڵەک و پلەی کۆمەڵایەتیی ئەوانی هەیە. بۆیە باربارا ئیسمیت ماف زان و فێمێنیستی ڕەش دەلێ: “واتای هاوکاتی ستەمەکان ئێستاش یەک لە دژوارترین پرسەکانی فێمێنیزمی ڕەش بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی سیاسیە، کە من پێم وایە یەک لە گرینگترین بنەماکانی تێئۆریی ئیدئۆلۆژیکی ئەندێشەی فێمێنیزمی ڕەشە”
لە لایەکی دیکەوە ژنانی ڕەنگین پێست کە خۆیان لە چوارچێوەی گوتاری فێمێنیزمی ڕەشدا دەبیننەوە، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی ڕەوتی سەرەکیی فێمێنیزم دەکەن کە سەرنج ناداتە چەوساندنەوەی ژنانی ڕەچەڵەک، نەتەوە و قەومێکی جیاواز، بە دەست ژنانی ڕەچەڵەک و نەتەوەیەکی دیکەوە و ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە: “ئایا زانیارییەکمان لەسەر جیاوازییەکانی ژنان هەیە”؟(ڕیتزێر، ١٣٨١، ٤٩٥)
“کیمبێرلی کرێنشاو”، پسپۆڕی مافی ڕەش پێستەکان، داهێنەری واتای “ئینتێرسێکشناڵیتی” یا “تێئۆریی تەلاقی”ە، لەم ڕوانگەیەوە هەڵاواردن وەک ترافیکی چوارڕێیانێک وایە کە مومکینە لە هەر لایەکەوە ڕوو بدات. ئەگەر ڕووداوێک لەسەر چوارڕێیانێک ڕوو بدات، دەتوانێ کاریگەریی لە سەر هاتوچۆی ماشێنەکان لە یەک یا هەموو لایەکانەوە هەبێ. ئەگەریش ژنێکی ڕەش پێست لەم ڕووداوەدا زیانی وێ بکەوێ ئەم خەسارە ڕەنگە بە هۆی هاڵاواردنی ڕەگەزایەتی یا ڕەچەڵەک پەرەستانەوە بێ، بەڵام کێشانەوەی ڕەسمی ڕووداوەکە کارێکی ئاسان نیە؛ زۆر کات هێڵی تورمز و ئاستی خەسارەتەکە باس لە کاریگەریی چەند هۆکار دەکەن، هەر بەم هۆیە حەول بۆ دۆزینەوەی شۆفیری تاوانبار بە ئاکام ناگات. کرێنشاو لەسەر ئەو بنەمایە جەخت دەکاتەوە کە ئافرەتانی ڕەش پێست بە هۆکاری جیاواز، دەکەونە بەر پەلاماری هەڵاوردن و ستەمەوە، بەڵام ناتوانرێ قامک لە سەر جۆرێک لە ستەمەکان داندرێ، بەڵکوو دەبێ بگوترێ کە سەرجەمی ئەم ستەمانە بوونەتە هۆی ئەم دۆخە.(ئیسمیت و…، ١٣٩٣، ٤٠-٣٩) کەواتە تێئۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ کاریگەریی ستەمەکان لە سەر کەسایەتیی ئافرەتی ڕەش پێست و نەزەریەی ستەمە چەندفاقەکان و شوناسە چەندفاقەکان کە باسی سەرەکیی شەپۆلی سێهەمی فێمێنیزمن، دەتوانن ئەم بنەما تێئۆریە بدەن بە دەست هەر توێژەرێک لە نەتەوە، ڕەچەڵەک، ئایین، چین و شوناسێکی جیاواز لەو کۆمەڵگایانەی کە بزووتنەوەی ژنان و ڕەوتە مافخوازە نەتەوەتی، ڕەچەڵەکی و ئیتنیکییەکان لە ئارادان.

فێمێنیزمی ئێرانی و پرسی ژنی کورد لەم فێمێنیزمەدا
کورد لە ڕۆژهەڵات بە پێی ئەوەیکە لە چوارچێوەی سیاسیی ئێراندایە، وێڕای ئەم کۆمەڵگایە دەستەویەخەی گەلێک قەیران و کێشەیە کە هەر کام بنەمای جۆرێک ناتەواوی و لە ئاکامدا ستەمیان پێکهێناوە. کەلێنی ئایینی، ستەمی ئایینی؛ کەلێنی نەتەوەیی، ستەمی نەتەوەیی؛ کەلێنی چینایەتی، ستەمی چینایەتی؛ کەلێنی ڕەگەزایەتی، ستەمی ڕەگەزایەتی و لە کۆتاییدا قەوارەیەکی کۆمەڵایەتیی گەشەنەسەندوو کە دەستەویەخەی چەندایەتیی پێکهاتەیییە(تعدد ساختاری)؛ بە شێوەیەک کە هاوکات کە دامەزراوە مۆدێڕنەکان هەن، پاشماوەکانی پێکهاتە نەریتییەکانیش جێگیرن و بوونەتە هۆی ئەو دۆخەی ئێستا کۆمەڵگای ئێرانی تێدایە و واتایەکی جیاواز لە هەموو کۆمەڵگاکانیان داوە بە کەلێنی سوننەت و مۆدێڕنیتە. کۆمەڵگایەک کە نەیتوانیوە خۆی لە گەڵ ڕەوتە جیهانییە نوێیەکان هاوڕێ بکات و کاریگەریی مۆدێڕنیتە لەسەر دەزگای حقووقی، کلتووری و سیاسییشدا مانادار نیە، بەڵام مۆدێڕنیسم تەنانەت لە ژووری نووستنی تاکەکانی کۆمەڵگادا لە جموجۆڵدایە و ئەم کۆمەڵگایەی تووشی مۆدێڕنیسمی (کژدیسە) کردووە، جۆرێک لە گۆڕان کە نە تەنیا نەبووەتە هۆی لێک گرێ دانەوەی دامەزراوە کۆمەلایەتی، سیاسی، کلتووری و حقووقیی ئەم کۆمەڵگایە لە سەر بنەمای عەقڵیەتێکی سەردەمیانە و گونجاو، بەڵکوو چین و جیاوازییەکانی سەرجەم پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەرداوەتە گیانی یەکتر و دەربازبوون لە هەر کام لەو کێشە و ناتەبایییانە پێویستی بە خەباتێکی جیاواز و لێک گرێدراو هەیە، خەباتێک کە بە شێوەیەکی هاوشێوە، پێویستە هەموو جومگە و جیاوازییەکانی ئەم قەوارە جوغڕافیایییە بگرێتەوە. کۆمەڵگایەک کە لە پتر لە سەد ساڵ لەوەپێشەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری خەبات دەکا و بە نوێ بوونەوەی بنەما هزری و بە پێی گەشەی ئابووری و گۆڕانی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان لە هێندێک قۆناغدا خەباتی چینی ناوینش لە ئارادا بووە، خەباتێک کە دەتوانێ هاندەری ژنان وەک چینی تازە وەئاگاهاتووی ئەم کۆمەڵگایە بێ.
سەرەڕای ئەم ناتەواوی و کێشانەی کۆمەڵگای ئێران، ئاستەنگەکانی بەردەم فێمێنیزمی ئێرانی و جۆری پێکهاتنەکەی دەتوانن ئەم سێ خاڵە بن:
یەکەم؛ ئیستبدادی سیاسی کە بووەتە هۆی ساز کردنی بەربەست لە بەردەم چالاکیی فێمێنیزمی ئێرانی و ئیزن نەدان بۆ کار کردن بە شێوەیەکی ئازاد و بەربڵاو.
دووهەم؛ جەهلی گشتی و پێکهاتەی باوک سالاری کۆمەڵگا کە ئیزن بە ساز بوونی بەستێنێکی گونجاو بۆ چالاکیی فێمێنیستی نادات.
سێهەم؛ کۆچی گشتیی بەشێکی زۆر لە ئافرەتانی چالاک بۆ دەرەوەی وڵات و ساز بوونی دوو ژینگەی جیاوازی چالاکیی ژنان کە ئاکامەکەی لێک تێنەگەیشتنی ئەو دوو بەشە و ساز نەبوونی یەکانگیری بە هۆی دووری و جیوازیی بەستێنی چالاکییەوە.(درویش پوور، ١٣٩١، ئینتێرنێت)
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خەسارانە فێمێنیزمی ئێرانی لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێراندا ژیاوە و توانیویەتی لە هێندێک قۆناغدا دەستکەوتی گشتی لە پێناو وشیار کردنەوەی ژنی ئێرانیدا بە دەست بێنێ، بەڵام هەر وەک لە درێژەدا دەبینین هیچ یەک لە قۆناغەکانی ئەم فێمێنیزمە نەیتوانیوە پەیوەندیی لە گەڵ ژنی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێراندا هەبێ یا کەڵکەڵەی ئەم بەشە لە ئافرەتان ببێتە بابەتی ئەم فێمێنیزمە. وەک گرینگترین خەساری فێمێنیزمی ئێرانی، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە فێمێنیزم لە ئێراندا قەت نەیتوانیوە قەوارەیەکی نەزەری و تێئۆریک بۆخۆی دەستەبەر بکات و حەولی فێمێنیستی تەنیا لە چوارچێوەی بزووتنەوەکاندا، بێ تێئۆری ماوەتەوە. دیارە هێندێک نووسراوە و وتار لە پەیوەندی لە گەڵ فێمێنیزمی ئیسلامی و جۆرەکانی فێمێنیزم بڵاو بوونەتەوە بەڵام ئەم حەولانە نەیانتوانیوە چوارچێوەیەکی نەزەریی باوەڕ پێکراو و بەهێز بن بۆ فێمێنیزمی ئێرانی.
پێنج بەرە لە پێنج قۆناغی جیاوازدا بۆ فێمێنیزمی ئێرانی باس دەکرێ کە هاوکات لە گەڵ باس کردنی ئەم پێنج دەورەیە پەیوەندییەکانی لە گەڵ بابەتی فێمێنیزمی کورد دەخەینە بەر باس.
بەرەی یەکەم؛ یەکەم بەرەی فێمێنیستەکان ئافرەتانی بەشدار لە بزووتنەوەی مەشرووتە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا بوون کە بێجگە لە ویستی سەربەخۆیی، داواکارییە سەرەکییەکانیان بریتی بوو لە؛ داواکاریی مافی دەنگ دان و گرفتەکانی ژنان لە نێو بنەماڵە و بە فەرمی ناسینی مافی خوێندنی ئافرەتان لە نێو نیزامی پەروەدەدا. ئەم بەرەیە لە سەرەتاکانی وروووژاندنی باسی مەشرووتەخوازییەوە سەریان هەڵدا و تا بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزا شا بۆ ماوەی سێ دەیە حەولیان دا. لەم قۆناغەدا چالاکیی ئافرەتان، بۆ گەیشتن بە هێندێک ویست و داواکاریی دیار و تایبەت بوو، بۆیە دەکرێ بڵێین بزووتنەوەی ئەم نەوەیە بزووتنەوەیەکی “داواکاری تەوەر” بووە.(ئەحمەدی خوراسانی، ١٣٨٦، ٥١) لەم قۆناغەدا وەک لە خوێندنەوە و سەرنجدان بە جۆری تێکۆشانەکانیاندا دەردەکەوێ لە بنەمادا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەم بەرەیەی فێمێنیزمی ئێرانی و ژنی کورد و باقیی پێکهاتەکان لە ئارادا نیە، دیارە لەو سەردەمەدا کورد لە دوو سەنگەردا خۆی دەدیتەوە، تاقمێک کە سەر بە سەرۆک عەشیرەتەکانی باکوور و نێوەڕاستی کوردستان بوون بە هۆی ئەوەیکە مەشرووتە دەتوانێ ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی ئەوان تێک بدات و بە زیانیان دەبێ دژایەتیی مەشرووتەیان دەکرد، بەڵام لە لایەکی دیکەوە چینی شاری و مامناوەندی کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی ڕۆژهەلات هاوڕێ و هاوپەیمانی مەشرووتە بوون، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هاوڕێیەتیە، چاوەڕوان دەکرێ پردێک لە نێوان ئەم بەرەیەی فێمێنیستەکانی ئێرانی و کوردەکان بکرێتەوە یا بابەتی ژنی کورد وەک بەشێک لە ژنانی ئەسیری نەریتی پیاو سالارانەی ئەم بەشەی ئێران لە بەرنامەکانیاندا بگونجێ، کە ئەو شتە لەو قۆناغەدا نابیندرێ.
بەرەی دووهەم: ئەم بەرەیە لە سەردەمی سەقامگیر بوونی دەسەڵاتی ڕەزاشادا سەریان هەڵدا. لەو کاتەدا “نوێخوازی” ببوە ئیدئۆلۆژیی حکوومەتی دەسەڵاتی ڕەزاشا و بەشێک لە ویستەکانی ژنان لەم چوارچێوەیەدا جێی دەبۆوە. لە ڕاستیدا “مۆدێڕنیزم” و “نوێخوازی” پێش بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزا شا وەک شێوە و ستایلێک لە ژیان لە لایەن ژنانەوە چاوی لێ دەکرا، بەڵام کە ئەم واتایانە بوونە ئیدئۆلۆژیی حکوومەتیی ئەم نیزامە نوێیە، لە نێوان فێمێنیستەکاندا کە لە قۆناغی پێشتردا یەکگرتوویی بوونی هەبوو، لێک ترازان ڕوویدا، بەشێکیان پەسیو بوون و لە مەیدان چوونە دەرێ، بەشێکیان لە چوارچێوەی گوتاری دەسەڵاتدا درێژەیان بە چالاکی دا و بەشێکی دیکە وەک ڕەخنەگرانی ئەم جۆرە لە مۆدێڕنیزمی داسەپێندراو، تیکەڵ بە جەریانە سیاسییەکانی ئەو سەردەم بە تایبەت لە ساڵەکانی ١٣٢٠تا ١٣٣٢ بوون.(همان، ٥٢) لەم سەردەمەدا مۆدێڕنیسم و گوتاری ناسیۆنالیستی ڕەزا شا نە تەنیا نەیدەتوانی هیچ بەهرەیەک بە کورد بگەیەنێ بەڵکوو حەول بۆ هاوشێوەسازیی ئێران و ئاسیمیلە کردنی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە لە سەر بنەمای ناسیۆنالیسمی قەومی کەوناراخوازی ڕەزاشا، ستەمێکی سازماندراو و نوێی بەسەر کورد و ژنی کورددا سەپاند. کە ئەوە دەیتوانی بۆخۆی بەردی بناغەی پەیوەندیی فێمێنیزمی فارس، بە تایببەت ڕەخنەگرانی باڵە حکوومەتییەکە لەگەڵ ژنی کورد ساز بکات، کەچی هیچ نیشانەیەک بۆ هاوکاری یا کەڵکەڵەی فێمێنیزمی فارس یا جەریانە سیاسییەکان بە نیسبەت ژنانی کوردەوە نابیندرێ. ئەگەرچی هەر لەم سەردەمەدایە کە کۆماری کوردستان و یەکەمین ڕێکخراوەی ژنانی کورد دادەمەزرێ و پاشانیش لە نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی توودەدا پەیوەندیەکی باشی هاوکاری شکڵ دەگرێ بەڵام هەرگیز ئەوەش نابێتە دەلاقەیەک بۆ هاتنە ژوورێی پرسی ژنی کورد بۆ نێو بەرنامەی توودە، وەک نیوەی کوردستانی ژێر دەستە، کە ئێستا بە بۆنەی ڕوانگەی نوێخوازانەی دەسەڵاتی پەهلەویەوە تووشی ستەمێکی دیکەش بووە. ئەم سەردەمە کە سەرەتای ژیانی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی گوتارێکی مۆدێڕن و لە سەر بنەمای حیزبایەتیدا بوو، توانیی هەنگاوی یەکەم بۆ باس کردن لە پرسی ئافرەتان هەڵبهێندرێتەوە بەڵام ئەوە بە مانای شکڵ گرتنی گوتاری فێمێنیزمی کورد بۆ سڕینەوەی ستەمی ڕەگەزایەتی نەبوو، بەڵکوو ئەو حەولە لە قەوارەی بزووتنەوی نەتەوایەتی و دژ بەو ستەمەدا بوو.
بەرەی سێهەم؛ بە هۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی سەردەمی محەمەدڕەزا شا، لە دەیەی ٤٠ی هەتاوییەوە بزووتنەوەی ژنان بە ناچاری بە دوو ڕەوتی گشتیدا دابەش بوو. بەشێکیان پێداگرییان لە سەر گۆڕینی هێندێک یاسای دژی ژن لە ڕێی پێکهاتە حکوومەتییەکان و لە ئاستی نێونەتەوەییەوە کرد. بەشەکەی دیکە بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێکی عادڵانەتر بۆ خۆیان (خۆیەک کە زۆر جەخت لە سەر شوناسە ژنانەکەی نەکرابوو بەڵام دیارە هێندێک نیگەرانی لە ئارادابوو) تێکەڵ بە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو سەردەم بوون بۆ ڕووخاندنی سەرجەم ئەو دەسەڵاتە سیاسییە. شێوەی چالاکیی بزووتنەوەی ئەم بەرەیە “ئیدئۆلۆژی تەوەر” بوو. لە بری ویست و داواکارییە جیاوازەکانی خۆیان، ئیدۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان، بوونە ناوەندی چالاکیی ئەم ژنانە. هەر بەم هۆکارە بەربەرەکانێ و تەنانەت دژایەتییش کەوتە نێو ژنانی چالاکەوە و بزووتنەوەی ئافرەتان لەم سەردەمەدا تووشی دابڕان لە ویستە سەرەکییەکانی خۆی بە بۆنەی تێکەڵ بون بە ئیدئۆلۆژییە سیاسییەکانەوە بوو.(همان) دیارە وەک دەبینین ئەم قۆناغە سەردەمی شکڵ گرتنی بزووتنەوە سیاسییەکانی ئێرانە بە دژی حکوومەتی پەهلەوی و بە پێی جیاوازیی حیزب و لایەنەکان، جیاوازی لە نێوان گوتاری فێمێنیستیی ئافرەتانی ئێران پیکدێ و لە لایەکی دیکەشەوە فێمێنیزمی حکوومەتییش درێژە بە ژیانی خۆی دەدا. لەو سەردەمەدا کوردستانیش توووشی گۆڕانکارییەکی پتر بە نیسبەت دەورەی ڕەزا شا دەبێ و جیلێکی نوێ لە خوێندکارانی ژنی کورد دێنە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتییەوە و دەبنە ئەو هیزەی کە دواتر تێکەڵ بە شۆڕشی ساڵی ٥٧ دەبن. لەو سەردەمەشدا هیچ نیشانەیەک لە کەڵکەڵەی فێمێنیزمی ئێرانی بە هەر دوو باڵی حکوومەتی و دژی حکوومەتییەوە نابیندرێ، بەڵام بەرنامەی نوێی پەروەردەی دەسەڵات توانیویەتی گۆڕانکارییەک لە قەوارەی کۆمەڵایەتیی کوردستان و ژنانی کورددا پێک بێنێ کە ئەوە هەم لە باری فیکرییەوە ڕوویدا و هەم لە باری ڕواڵەت و ستایلی ژیانی ژنی کوردەوە، بە تایبەت چینی مامناوەندی شار. بەڵام ئەوە نەیتوانی ببێتە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنانی کورد پێک بێ یا ببێتە هۆی پەیوەندیەکی ئۆرگانیک لە گەڵ ڕەوتی ئافرەتانی ناوەند. دیارە ڕەنگە تاک و تەرا هەبووبێ ژنی کورد خۆی لەو بازنەیەدا وەک تاکێک دیبێتەوە بەڵام کێشەی ستەمی چەند قاتی ژنانە لە ژنی کوردی ژێر هێژموونیی دەسەڵاتی پیاوسالارانە و حکوومەتی پاشایەتی لە لایەک و مەودای زۆری چینایەتیی نێوان ژنی مامناوەندی شاری و لادێیی نەبووە هەوێنی بزووتنەوەیەکی تایبەت بە ئافرەتان و تەنانەت بزووتنەوەی نەتەوەییش نەیتوانی پرسی ژن وەک یەک لە دالە گرینگەکانی گوتاری سیاسیی خۆی بخاتە بەرنامەوە.
بەرەی چوارەم؛ ئەو فێمێنیستانە لە خۆ دەگرێ کە دوای شۆڕش و بە تایبەت دوای شەڕ، بە هێنانە گۆڕێی پرسی ژنان و بابەتە تێئۆریکەکانی پەیوەندیدار بە فێمێنیزمەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگادا دەستیان کردەوە بە چالاکی. “شوناسخوازی” بنەمای چالاکیی ئەم قۆناغە بوو. فێمینیسم وەک شێوە ڕوانینێکی سەربەخۆ لەم دەورەیەدا پێک هات، “شوناسخوازی” لە ژێر ناوی “فێمێنیزمی سوسیالیستی”، “فێمێنیزمی لیبراڵ”، “فێمێنیزمی ئیسلامی” و سنوورەکانی نێوان ئەوانە بە مەبەستی پێکهاتنی “شوناسە سەربەخۆکان” هاتە مەیدانی چالاکییەوە. بە هۆی ئەوەیکە لەو دەورەیەدا فێمێنیستەکان هەڵگری قورساییی گرفتەکانی پاش دوو قەیرانی شۆڕش و شەڕ بوون، بە دووی دۆزینەوەی شوناسێکی سەربەخۆوە بوون تا سەربەخۆییی خۆیان لە ڕەوتەکانی دیکە ڕابگەیەنن. هەڵبەت بەشێک لە بەشدارانی ئەم سەردەمەی بزووتنەوەی فێمێنیستی، کەسانێک بوون کە پێیان وابوو دوای شۆڕش کڵاویان چووەتە سەر و نە تەنیا دەستکەوتێکیان نەبووە بەڵکوو پاشەکشەیەکیش ڕووی داوە، بۆیە بە دووی دیتنەوەی شوناشیکی تایبەتەوە بوون.(همان، ٥٣) لە ڕستیدا ئەم قۆناغە گرینگترین سەردەمی بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کورد لە خۆی دەگرێ کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەم گەلەدا، ژن وەک سووژەیەک بە دوای ئاڕمان و ویستە نیشتمانییەکانیدا دەچێ و خەبات بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی، بەشێک لە سووژەییی ئەو وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ پێکدێنێ، دیارە لەو سەردەمەشدا نە حیزب و ڕێکخراوە نەتەوەیییەکان نە جەریانە مارکسیستەکان کە شەپۆلی دووهەمی فێمێنیزمی جیهانی پێی لە تێئۆرییەکانی ئەواندایە، نەیانتوانی بابەتی ژن وەک چەمکێکی سەربەخۆ بخەنە گوتاری سیاسیی ڕێکخراوە و خەباتی خۆیانەوە و ژن وەک بەشێک لە پێکهاتەی ئەوان چ ڕەوتی چەپ و چ نەتەوەیی حوزووری هەبوو، بەڵام ئافرەتی کورد وەک نیوەی کۆمەڵگای ژێر ستەمی کوردی بەرەنگاری ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی ببۆوە و لەو ڕێگایەوە حەولی سڕینەوەی ستەمی ڕەگەزایەتیی دەدا، بەڵام ئێستاش لە ڕوانگەیەکی پیاوانە و لە قەوارەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا. لە وەها دۆخێکدا کە ژنی کورد بە خۆئاگایییەکی مێژوویی لە قەیرانەکانی دەورووبەری گەیشتبوو، فێمێنیزمی ئێرانی نە تەنیا حەولی نەدا بۆ وەسڵ کردنەوەی شوناسی ئافرەتی کورد بەو شوناسە لێ ون بووەی کە دوای شۆڕش و شەڕ بە دوایدا دەچوو، بەڵکوو دیسان پرسی ژنی کورد وەک بەشێک لە کۆمەڵگای ئێرانی دواکەوتوو، کە تووشی سێ و بگرە زیاتری ستەمی کۆمەلایەتییە، کەوتە پەڕاوێزەوە. ئەو فێمێنیزمە نە تەنیا پێی لە واقعیی کۆمەڵگای ئێراندا نەبوو کە کوردستانیش بەشێکی ئەو واقعییەتە بوو، بەڵکوو بە دابەزاندنی پرسی ژنی ئێرانی تەنیا بە پرسی چینی مامناوەندی فارسی ئێران، لە ڕەوتی سەرەکیی فێمێنیزم لە وڵاتانی چەند پێکهاتەیی دوورکەوتەوە، دوورکەوتنەوەیەک کە خەسارەکەی دەبێ بە ئاستی دوورکەوتنەوەی کورد و باقیی نەتەوەکانی دیکە لە ناوەند مەزەندە بکرێ. ئەم قۆناغە بۆ ژنی کورد گرینگترین سەردەمە، چون یەکەم ئەزموونی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا ڕوو دەدا و ئەوەش لە سەر خۆئاگایییەکی نوێیە کە ئەم ئافرەتانە پێی گەیشتوون، دیارە بابەتی ژن لە حیزبە شۆڕشگیڕەکانیشدا هاتۆتە بەر باس و وەک پرسێک لێی ڕوانراوە بەڵام هەر وەک باس کرا هەرگیز ژن لە ڕوانگەی ژنانەوە بۆ چارەسەری پرسەکانی خۆی و پرسی نەتەوەیی نەچوو، بەڵکوو ئەوە لە ڕوانگەی پیاوێکی شۆڕشگێڕی کوردی نەتەوەیییەوە ڕوویدا و ڕوانگەی ژنی شۆڕشگێڕی کوردی ناو ئەو حیزبانە و دەرەوەی ئەو بازنەیەش هەر پیاوانە بوو.
بەرەی پێنجەم؛ ئەم بەرەیە کە بە لایەنگرانی “کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ” پێناسە دەکرێن، بە ڕاگەیاندنی ویستەکانیان لە چوارچێوەی ئەم کەمپەینە و کاری هاوشێوە لە گۆڕەپانی گشتیی کۆمەڵگادا دەرکەوتوون. چەشنی دایەگەورەکانیان لە سەردەمی مەشرووتەدا بەرەیەکی “داواکاری تەوەر”ن، ئەگەر بەرەی سێهەم بەرەیەکی “ئیدئۆلۆژی تەوەر” و بەرەی چوارەم جیلێکی “شوناس تەوەر” بوون، لە بەرەی پێنجەمدا دیسان لە گەڵ نەوەیەکی “داواکاری تەوەر” ڕوووبەڕوووین. ئەگەرچی داواکاریی بەرەی یەکەم بە پەیڕەوی لە باروودۆخی جیهانی و بە شێوەیەکی نائاگایانە ڕوویدا، بەڵام لەم سەردەمەدا بە هۆی دۆخی نوێی ژیانی ژنان و تێئۆرییە فێمێنیستییەکان، ئەم داواکارییانە لە ئارادان. ئاراستەی پتری هزری بەرەی پێنجەم ئیدۆلۆژیک نیە و سیاسەتی ژیانی خۆی لە بارودۆخی عەینیی ژیانی ڕۆژانەدا دەبینێتەوە و دوور لە دەسەڵات و پێکهاتەکانی، خەریکی ئەکتی سیاسی و کۆمەڵایەتیە. ئەم بەرەیە لە لایەکەوە ئەزموونی هەشت ساڵی دەورانی ڕێفۆرمی هەیە و لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵەی سەردەمی ئینتێرنێت و ماهوارەیە و ناتوانێ لەو قەوارە ئیدئۆلۆژیکییەی پێشوودا بمێنێتەوە.(همان، ٥٥-٥٣).
ئەگەرچی ئەم بەرەیە لە فێمێنیزمی ئێرانی سەربەخۆتر لە جیلەکانی دیکە سەری هەڵداوە و پتر لە هەموویان دەرکەوتەی کۆمەڵایەتیی هەیە و لێکەوتەکانی دیار و بەرچاون، بەڵام جگە لە مافێک کە بۆ ئیرادەی شارستانییەکان (لە چوارچێوەی تێئۆریی مرکز-پیرامون) لە بەرانبەر ناوەنددا ڕەچاو کراوە ئەویش لە بەشێک لە کتێبی “بزووتنەوەی یەک میلیۆن واژۆ ڕەوایەتێک لە نێوەوە”، وەک بنەمای تێۆریکی ئەم كەمپەینە و بە گشتی ئەم بەرەیە، هیچ شتێک بە قازانجی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بەدی ناکرێ. دیارە ئەم بەرەیە بە دروشمی واقعبینی هاتۆتە مەیدانەوە بەڵام ئەم ڕوانینە ئێستاش نەیتوانیوە کورد و ژنی کورد وەک بەشێک لەم واقعییەتەی ژنانی ئێران قەبوووڵ بکات. ئەم بەرەیە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە کەوتۆتە دەورانێکەوە کە ئیدی ژنی کورد نە تەنیا ئەزموونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شاخی هەیە، بەڵکوو لە مەیدانی مەدەنی و وەک بەشێک لە ژنی کۆمەڵگای جیهانی حوزووری بووە و دەریخستووە کە دەتوانێ سووژەییی خۆی بە دونیا و کۆمەڵگای ئێران بسەلمێنێ و پێناسەیەکی نوێ لە ژنی کورد، وەک ژنێک کە شوناسێكی چەندفاقی هەیە و لە ژێر کاریگەریی ئەو چەندفاقیەتییەدا و ستەمە چەند لایەنەیەدا کە بە سەریدا ڕەوا دەدرێ، بوونی هەبێ. تەنانەت لە وەها دۆخێکدا فێمێنیزمی ئێرانی نەیویستووە یا نەیتوانیوە ئەم سووژە تازە وە خۆئاگا هاتووە ببینێ و کەڵکەلەکانی خۆی لە سەر بەشێک لەم واقعییەتەی کۆمەڵگای ئێران کە کورد بەشێکی گرینگێتی دامەزرێنێ.

فێمێنیزمی ڕەش و چوارچێوەیەک بۆ فێمێنیزمی کورد
کورد یەک لەو پێکهاتانەی کۆمەڵگای ئێرانە کە چەند جیاوازیی لە گەڵ ناوەند هەیە کە بوونەتە هۆی ئەوەیکە وەک نەتەوەیەک بە شوناسی چەندفاقەوە لێی بڕوانرێ، دیارە ئەگەر کورد خاوەن کیان و دەوڵەتێکی سەربەخۆ و تایبەت بوایە، ئەم جیاوازییانە نەیدەتوانی ببێتە هۆکارێک هاوشێوەی ئەوەی ئێستا بۆ کورد لە چوارچێوەی وڵاتە فرە پێکهاتەکاندا لە ئارادایە. بە پێی ئەم ڕاستییە کورد وەک ڕەش پێستەکان لە نێو وڵاتە سپی پێستەکاندا کە چەند شوناسی جیاوازیان هەیە، چەند شوناسی جیاوازی لە نێو کۆمەڵگای ئێراندا هەیە. دیارە جۆری فێمێنیزمی ڕەش، بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ڕەوتی سەرەکیی فێمێنیزم سەری هەڵدا، جۆرێک لە بزووتنەوەی ژنان کە هەڵقوڵاوی دۆخی تایبەتی خۆیان بوو، فێمێنیزمی ڕەش بە پێی ئەوەی کە لەسەر بنەمای چەندفاقە بوونی شوناس و ستەمی چەند لایەنە دامەزراوە، دەتوانێ بنەمایەکی باش بێ بۆ فێمێنیزمی کورد. ئەوە لە حاڵێکدا دەکوترێ کە بە لێکدانەوەی پتر لە سەد ساڵ تەمەنی فێمێنیزمی ئێرانی، هیچ خاڵێك بەدی ناکرێ کە ئافرەتانی کورد، خۆی تێدا ببیننەوە و لە بنەمادا ئەم فێمێنیزمە، کەڵکەڵەی ئەم پێکهاتەیەی ئێران بەو شوناسە تایبەتەوەی نییە. فێمێنیزمی ئێرانی وەک فێمێنیزمی نەتەوەی سەردەست نە تەنیا حەولی ئەوەی نەبووە بۆ پرسی ژنی کورد کە لە ژێر باری ستەمی ڕەگەزایەتی، نەتەوایەتی و چینایەتیدایە بەرنامەیەکی هەبێ، بەڵکوو بە دابەزاندنی پرسی ژنی ئێرانی تەنیا بە ژنی فارسی چینی مام ناوەندی شار، بۆتە هۆی پەڕاوێز کەوتنی پرسی ژنی کورد و بۆخۆی وەک داپڵۆسێنەری ئەوان ڕۆڵی گێڕاوە. کەواتە ئافرەتی کورد لە چوارڕێیانی ستەمە جۆراوجۆرەکاندا گیرۆدەی ئینتێرسێکشناڵیتیەکی تایبەتە کە لە هەر چوار لاوە تووشی چەوساندنەوەیە و ئاستی کاریگەریی ئەم ستەمانە لەسەر ڕەوانی ژنی کورد چەند قاتە و ئەم تڕافیکە کە بەرهەمی ستەمی هەمەلایەنەیە، لە ئەگەری تێکەڵ بوون بە ڕەوتی سەرەکیی فێمێنیزمی ئێرانیشدا چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو بۆ دەرباز بوون لەم بارودۆخە و سەرکەوتن بەسەر ئەو ستەمە چەند فاقەیەدا، پێویستە جۆرێک لە فێمێنیزم سەرهەڵبدا کە ئەم تایبەتمەندیانەی هەبێ:
یەکەم؛ گوتاری ئەم فێمێنیزمە دەبێ لە پلەی یەکەمدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگای باوک سالاری خۆی بێت و حەول بدا بۆ شکاندنی ئەو داب و نەریتانەی کە ژن لەوێدا ئۆبژەیەکی دەست و باڵ بەستراوە و بەردەوام لە ژێر قەزاوەتی ئەم نەریتانەدایە.
دووهەم؛ ئەم فێمێنیزمە دەبێ گوتاری خۆی لە چوارچێوەی شکاندنی یاسا پاشکەوتوەکانی دەساڵاتی زاڵی ناوەند مەفسەلبەندی بکات و حەول بدات بۆ دەرباز بوون لەو یاسایانەی کە فێمێنیزمی ناوەندیش ڕووبەڕووی وەستاوە، لێرەدا لە گەڵ فێمێنیزمی ناوەند لە یەک سەنگەردا دەتوانن یەک بکەون.
سێهەم؛ فێمێنیزمی کوردی لە قەوارەی چینی مامناوەند و باڵادەستی کۆمەڵگا بێتە دەرێ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت چینی ژێر دەستی ئەم کۆمەڵگایەش بخاتە ژیر چەتری خۆیەوە، چون بەشێکی ئەم خەباتە بۆ ڕزگار بوون لە ستەمی چینایەتییە.
چوارەم؛ فێمێنیزمی کوردی پێویستە هێژمۆنی فێمێنیزمی ناوەند بشکێنێ و وەک کۆمەڵگایەکی چەند شوناسی بە شوناسی تایبەتی خۆیەوە بەرگری لە ماف و ویستەکانی خۆی بکات و وەک ژنی کورد بە ڕوانگەیەکی ژنانە و کوردانەوە پێناسەی فێمێنیزمی سەردەم بکات.
پێنجەم؛ فێمێنیزمی کورد ئەگەرچی وەک بەشێکی بزووتنەوەی نەتەوەییی ماف خوازانەی کورد، دەبێ لە مەیداندا بێ، بەڵام بەو مانایە نییە خەبات بۆ مافی خۆی وەک ئافرەتێکی ژێر چەپۆک، پاشکۆی ئەم بزووتنەوەیە بێ، بەڵکوو هاوکات و هاوڕێ لە سەر ویستە حقوقی، کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانی خۆی ڕاوەستێ و بزووتنەوە فێمێنیستییەکەی گرێدراو و هاوکات لە گەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی دژ بە ستەمی نەتەوەیی بێ.
شەشەم؛ لە ڕاستیدا ڕوانین بۆ قەیرانەکان، لێکدانەوەی قەیرانەکان، دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ چارەسەری قەیرانەکان، دەبێ لە چاوێکی ژنانەوە بێ و ئەو فێمێنیزمە لە سەر عەقڵییەتی ژنانە بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە دابمەزرێ بۆ سڕینەوەی ئەم چەند جۆرە ستەمەی کە لەسەریەتی.
ئەوە ڕوانگەی فێمێنیزمی ڕەش یا لە ڕاستیدا فێمێنیزمی پێکهاتەکان بە شوناسی چەندفاقەوەیە کە دەتوانێ بۆ فێمێنیزمی کورد وەک پێکهاتەیەکی فرە شوناس بەکەڵک بێ.

ئاکام
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخەی کە ئێستا بزووتنەوەی کورد لە سەر دەستی جەریانە نەتەوەیییەکان تێیدایە و ئەو ڕەوتەی ژنی کورد وەک تاکێک لە کۆمەڵگای ژێر ستەمی ئێراندا لەگەڵی ڕووبەڕڕوویە، شتێک بە نێوی بزووتنەوی ئافرەتانی کورد لە چوارچێوەی فێمێنیزم و تێئۆرییە فێمێنیستییەکان لە ئارادا نییە. دیارە ئافرەتی کورد ڕێگایەکی دوور و درێژی پێواوە تا وەک سووژەیەک دژ بە ئۆبژەییی مێژووییی خۆی سەرهەڵبدا و لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و مەدەنیدا سەربەخۆییی خۆی بسەلمێنێ. بەڵام لەم ڕێیەدا نە کۆمەڵگای کوردی و نە بزووتنەوە نەتەوەیییەکەی بەو ڕادەیە لە گەشەسەندوویی نەگەیشتبوو کە ژن لەوێدا بەشێک لەو ڕەوتە نەبێ، بەڵکوو شوناسێکی جیاوازی هەبێ و بە ڕوانگەیەکی ژنانە و تەحلیلی ژنانە و وەڵامی ژنانەوە بۆ پرسەکانی کۆمەڵگاکەی بچێ. ئەگەر ژن دەبێ بوونی کاریگەری لەو بزووتنەوەیەدا هەبێ، پێویستە وەک کاراکتەرێکی سەربەخۆی ژنانە و لە ڕوانگەی ژنانەوە دژ بە ستەمە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت ستەمی نەتەوایەتی ڕابوەستێ. هەڵبەت جیا کردنەوەی ئەم دوو شتە لە یەک و قایل بوونی ئەم ڕۆڵە سەربەخۆیە لە سەر دەروونناسیی ژنانە بۆ ئافرەتان کارێکی دژوارە، وەک باربارا ئیسمیت دەڵێ: “واتای هاوکاتی ستەمەکان ئێستاش یەک لە دژوارترین پرسەکانی فێمێنیزمی ڕەش بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی سیاسییە، کە من پێم وایە یەک لە گرینگترین بنەماکانی تێئۆریی ئیدئۆلۆژیکی ئەندێشەی فێمێنیزمی ڕەشە”.

سەرچاوەکان

-احمدی خراسانی، نوشین. جنبش یک میلیون امضا روایتی از درون. 1386، تهران.
-اسمیت، شارون و امین حصوری و نیما کوشیار. فمنیسم سیاه. 1393، بی جا، انتشارات پروسه
-درویش پور، مهرداد. فمینیسم در ایران و چالش های پیش رو. 1391، اینترنت;((radiofarda.com
-ریتزر، جرج. نظریه های جامه شناسی در دوران معاصر. ترجمه ی محسن ثلاثی. 1381، تهران، انتشارات علمی.
-فریدمن، جرج. فمینیسم. ترجمه ی نوشین احمدی خراسانی و دیگران. 1383، تهران، توسعه.
-مگی، هام و سارا گمبل. فرهنگ نظریه های فمنیستی. ترجمه ی فیروزه ی مهاجر، نوشسین احمدی خراسانی و فرخ قره داغی، 1382، تهران، نشر چشمه.
-مشیرزاده، حمیرا. از جنبش تا نظریه ی اجتماعی: تاریخ دو قرن فمنیسم. 1390، تهران نشر و پژوهش شیرازه.