ئارامتر بخوێنەوە!

ئێکۆ فێمێنیزم
د. مەنسوور سۆهرابی

لە سەردەمی ئێستادا پارێزگاری کردن لە ژینگە، لە سەرەکیترین کێشەکانی مرۆڤایەتی بە هەژمار دێ، بە هۆی ئەوەی کە ژیانی مرۆڤ لە داهاتوودا، لە گرێوی زاڵبوون بە سەر کێشەکانی پەیوەندیدار بە ژیانیدایه. ژیانی مرۆڤ و پرسی ژینگە دوانەیەکی لێک دانەبڕاون و دەتوانین بڵێین کە بۆ بەدیکردنی بنەماکانی ژێنگەدۆستی، دەبێ بڕوانینە کلتوور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەک. دروست بوونی شۆڕشە مەدەنییەکان لە دەیەکانی ڕابردوو لە هەموو جیهان، نیشاندەری هەستیاریی شارستانییەتەکان بە نیسبەت پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە گشتی و پرسی ژینگە بە تایبەتییە. ڕۆڵی ژنان وەکوو فاکتەری کاریگەر و شوێندانەر لەو جووڵانەوانە، زۆر بەرچاو بووە.
دەستەواژەی ئێکۆفێمێنیزم، بۆ یەکەم جار لەلایەن نووسەری فێمێنیستی فەڕەنسی، فڕانسوا دوبون، لە کتێبێک بە نێوی “فێمێنیست یان مردن” لە ساڵی 1974 بە کار هێندرا. ئێکۆ فێمێنیزم، لێکدراوێک لە دوو وشەی ئێکۆلۆژی و فێمێنیزمە، وشەی ئێکۆلۆژی بۆ یەکەم جار لە لایەن هێگلەوە لە ساڵی ١٨٦٦ لە پەیوەندی لەگەڵ بنەمایەک بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ لە سەر پرسی ناسینی ژینگە بەکارهێنرا. مەبەستی ئەو لە ئێکۆلۆژی، ناسینی پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان گیانلەبەران و ئەو سروشتەی کە تێیدا دەژین بوو. لە ڕاستیدا ئێکۆفێمێنیزم، تێئۆرییەکە کە بنەماکانی بیرۆکەی فێمێنیستی لە لایەک و پرسەکانی پەیوەندیدار بە ژینگەدۆستی لە لایەکی دیکە، ئاوێتە دەکات.
پاتڕیک مۆرفی باس لەوە دەکات کە: فێمێنیستی ڕاستەقینە دەبێ کەسانێک بن کە سروشتیش بە باشی بناسن، بەهۆی ئەوەی کە ئازار و چەوسانەوەی ژنان و تێکدانی سروشت، دوانەیەکی لێکچوو و لێکدانەبڕاون. تاکی ژینگەناسیش دەبێ فێمێنیستیش بێ، بە هۆی ئەوەی کە بەبێ لێکۆڵینەوە و ناسینی ستەمی جێندەری و ئایدیۆلۆژیای پیاوسالاری کە پاوانخوازیی ڕەگەزی نێر بەسەر ژینگەی لێ کەوتووەتەوە، ناکرێ ئەو ڕوانینانەی کە ژیان لەسەر گۆی زەوییان خستووەتە مەترسییەوە، بە ئاسانی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێ.
ئێکۆفێمێنیزم لە واتای گشتگیری خۆیدا، خوازیاری کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان (هاوتا لە گەل هەر چەوساوەیەکی دیکە)، لەگەڵ تێکدانی ژینگە تێکەڵاوییەکی واتایییان هەیە. ژن و ژینگە بە دەست یەک دوژمنی هاوبەشەوە دەناڵێنن کە ئەویش، عەقڵییەتی داگیرکارییە.
لە ڕاستیدا ئێکۆفێمێنیزم، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا و داگیرکاریی نابەرابەری تێکدانی سروشت کە هۆکارەکانی کۆمەڵگای پیاوسالار و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و سەرمایەدارییە.
سەرەڕای ئەوەی کە هێنانەبەرباسی یەک تیپۆلۆژیی یەکگرتوو لە سەر ئێکۆفێمێنیزم بابەتێکی ئاڵۆزە، بەڵام پلم وود(1992) دوو باڵی سەرەکیی ئێکۆفێمێنیزم بە ناونیشانی ئێکۆفێمێنیزمی کلتووری و کۆمەڵایەتی دێنێتە بەرباس کە جیاوازیی نێوانیان تەنیا لە شێوەی ڕوانیین لە دوو دەستەواژەی ژن و ژینگەدایە. ئێکۆ فێمێنیزمی کلتووری حەز دەکا ژن و سروشت لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بێنێتە بەر باس لەبەر ئەوەی پێی وایە ژنان بە سەرنجدان بەو تایبەتمەندییە جێندەرییانەی هەیانە، سەبارەت بە پرسی ژینگە، تێگەیشتنێکی گشتگیرتر و تایبەتتریان لەچاو پیاوان هەیە. ئێکۆفێمێنیزمی کلتووری سروشتیش بە بابەتێکی فێمێنیستی دەزانێ. لە ڕوانگەی ئێکۆفێمێستەکانەوە، هەرچی ژنان زیاتر هۆگری سروشت بن و لە سروشت نزیکتر بن، باشتر لە واتای ئێکۆفێمێنیزم تێدەگەن.
لە کاتێکدا کە ئێکۆفێنیزمی کلتووری، هەرچی زیاتر جەخت لە سەر دوو چەمکی ژن و ژینگە و تێکەڵاویی واتایی و مەیدانییان دەکاتەوە، ئێکۆ فێمێنیزمی کۆمەڵایەتی باس لە پەیوەندیی مێژووییی ژنان و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین دەکاتەوە و ڕیشەی تێکەڵاویی ژنان و ژینگە لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا دەبینێتەوە، ئەو شوێنەی کە تاکەکان بە لەبەرچاوگرتنی ڕەنگی پێست و ڕەگەز و نەژادیان، پۆلێنبەندی دەکران و لێک جودا دەکرانەوە و ئەو پۆلێنبەندییانە، واتایەکی ئایدیۆلۆژییان بە خۆیانەوە گرتبوو و لە پێکهاتەی سیستەمی تۆڕی کۆمەڵایەتییان و پەیوەندیی نێوان تاکەکاندا جێکەوتبوو.
ئێکۆفێمێنیزمی کۆمەڵایەتی، بە وەها بنەمایەکی فکری توانیوێتی لێکدانەوەیەکی باشی لە سەر پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و باڵادەستی و ژێر دەستیی نێوانیان لە نێو کۆمەڵگادا هەبێ. هەروەها ئەو تیئۆرییە توانیوێتی لە بەکەمگرتنی ئێکۆفێمێنیزمی کلتووری، لە پەیوەندی لەگەڵ یەک واتا بوونی ژنان و ژینگە کە بووەتە هۆی بەرتەسک کردنەوەی ئەو شێوە ڕوانینە، خۆی دەرباز بکات.
ژنان دەتوانن لە چوارچێوەی بڕیاردەری و بڕیارسازیدا بن و شیوازی خوڵقییاتە پرکێشەکانی بەنیسبەت ژینگە بگۆڕن. ڕۆڵ و کاریگەریی ئەوان ئەوەندە بەرچاو بووە کە ئەمڕۆکانێ، بوونی بەرینتر و کاریگەرتری ژنان، لە تایبەتمەندییەکانی پێشکەوتن بە هەژمار دێ.
زۆربەی تێئۆریسیەنەکانی مەکتەبی ئێکۆفێمێنیستی، جەخت لەسەر سێ پرسی سەرەکی دەکەنەوە :
– پەیوەندیی ژنان لەگەڵ ژینگە
– پەیوەندیی نێوان چەوسانەوەی ژنان و ژینگە
– رۆڵی ژنان لە چوارچێوەی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە ئێکۆلۆژیکەکان.
لەڕاستیدا فێمێنیزمی لایەنگری ئێکۆفێمێنیزم، پڕۆژەیەکی سیاسییە کە ئامانجی پێداچوونەوە بەسەر پەیوەندیی نێوان پیاوان و سروشت، یان پیاوان لە بەرانبەر ژنانە. خاڵی گرینگی ئەو فکرییەتە، پێداگریکردن لەسەر وێچوونی نێوان چەوساندنەوە و غەدری پیاوان بەسەر ژینگە و ژنان و هەروەها پەیوەندیی نێوان ژنان و ژینگەیە.

چەند نموونەیەک لە چالاکییە ئێکۆفێمێنیستییەکان :
– نووسەری پەڕتووکی بەهاری کووژاوە لە ساڵی 1962 کە بوو بە ئیلهامدەری شۆڕشی ئێکۆلۆژیستی، ژنێک بوو بە نێوی ڕێچەل گارسۆن.
– خانمە چالاکوان لووییس گیبز لە شارۆچکەی لاوکاناڵ لە ویلایەتی نیۆیۆڕک، پێشڕەویی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە وزەخانەی ناوکی و زبڵدانە ژەهراوییەکانی گرتە ئەستۆ.
– ژنێک بە نێوی دلانا مێدۆنز، یەکێک لە نووسەرانی ڕاپۆڕتی بەناوبانگی چاپکراو لە ساڵی 1972 ناسراو بە سنوورەکانی گەشەی ئابووری بوو کە ڕووانینێکی ژینگەدۆستانەی هەبوو.
– پێتڕا کێلی، یەکێک لە ڕووخسارە ناسراوەکانی جەریاناتی سەوزی ئەڵمانی بو.
– لە ساڵی 1972 لە شاری ستۆکهۆڵم، خانمێک بە نێوی باڕبارا، هاتە نێو ناوەڕۆکی پەرەپێدانی جێگیر بوو و لە ڕاگەیاندراوی ناسراو بە کۆکیاک بە کاری هێنا و لەوێدا سەرنجی خستە سەر گرینگیی ڕۆڵی ژنان لە پەیوەندیی نێوان پەرەپێدان و سروشت و هەروەها ناچار کردنی دەوڵەتەکان و ڕێکخراوەکان بە ڕاکێشان و پشتگیری کردنی بەشداریی ژنان. خەباتی ئەو و لەهەمان کاتدا خەباتی گرووپە ئاشتیخواز و بەرابەری خوازەکان لە ساڵی ١٩٩٢ لە کۆنفڕانسی زەوی – ڕیۆدۆژانیرۆی بڕازیل، لە نەخشەرێگایەکی تۆکمەی ناسراو بە دەستووری ٢١دا توانی جێگیر بێ.
– لە ئینگلتەرا گرووپێک لە نیزیک بنکەی ئاسمانی (کەمپی ئاشتی) کە پێکهاتبوون لەو ژنانەی کە لایەنگری ژیانی ئاشتیانە لەسەر زەوی بوون، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژ بە جێگیر کردنی سیستەمی مووشەکی کڕووز کە سەر بە ناتۆ بوو، پێکهێنا.
– چالاکوانانی ژنی ئەفریقی کە کانگایەکی کانزایی ژیانی ئەوانی تووشی کێشە کردبوو، جوڵانەوەی (woMin) یان پێکهێنا کە تۆڕێکی دژ بە دەرهێنانی کانزاکانە و مانیفێستێکی ئێکۆفێمێنیستییان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕزگاریی زەوی و گۆڕانکارییە کەشوهەوایییەکان هەیە.
– دایکانی ئاپاڵشی لە ئەمریکا ڕاستەوخۆ دژ بە کانگای کاوی (کانگای بەردە خەڵووز) گردبوونەوەیەکی نارەزایەتییان پێکهێنا.
– لە هیندووستان جووڵانەوەی Navdanya بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگە و دروست کردنی بانکی هەڵگرتنی تۆوی ڕووەکە سروشتی و دەرمانییەکان پێک هات.
– لە باکووری هیند کاتێک کە کۆمپانیایەک پلانی بۆ بەکارهێنانی دارستانێک هەبوو، ژنانی گوندی نیزیک لەو شوێنە بە لە باوەش کردنی دارەکان، ڕێگرییان لە بڕینی دارەکان کرد.
– واندانا شیوا (Vandana Shiva) لە دژبەرانی پێداگری بەجیهانییبوون و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی گۆڕانکاریی ژێنێتیکییان بۆ کراوە و بە مەبەستی بەرهەمی زیاترە (Genetically madified Grops) گۆڕدراون، بە وتەی خۆی ئەو دەیهەوێ دەنگی کەسانێک بێ کە دەیانهەوێ جووتیاران لە ژەهراوی بوون بە هۆی ئەو بەرهەمانەی کە دەستکاریی ژێنێتیکی کراون بپارێزن.
ـ لە شاری سیچوانی وڵاتی چین، ژنانی وەرزێر بە بووژانەوەی زانستی خۆماڵی بۆ پارێزگاریکردن لە خۆڵ، توانیویانە کە بەرهەم یان هەڵگری ئەو خۆڵە زیاد بکەن.
– لە شاری لەندەن، ژنان خۆبەخشانە ئەو جۆگانەیان چاک کردەوە کە ئاوەڕۆکەیان دەچێتەوە سەر چۆمی تایمز و ساڵەهایە کەڵکی نەرێنییان لێ وەردەگیرێ.
– گرتا تۆنبێرگ، چالاکوانی ژینگەییی سۆئێدی، بە هۆی چالاکییەکانی لە چوارچێوەی وشیارکردنەوەی جیهان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کە گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر مرۆڤایەتی هەیەتی و هەروەها بە پرسیارکردن لە سیاسەتوانان لە هەمبەر بێ خەیاڵ بوونیان لە سەر پرسەکانی ئاو و هەوا، نێوبانگی دەرکردووە.

ئێکۆفێمێنیزمی شاراوە لە کوردستان
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاستەنگێکی زۆری کۆمەڵایەتی و یاسایی لە سەر ژنان هەیە، ئاسان نییە کە بەبێ کێشە باس لەسەر جووڵانەوە گشتگیرەکان بە سەرپەرشتیی ژنان بکرێ. بەڵام چالاکییە ژینگەپارێزییەکان لە کەشێکی کراوەتر و بە داهێنانێکی زیاتر ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ڕۆڵ گێڕانی ژنان لەو پرسانەدا. بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین کە ژنان بەو بەشداری و چالاکییانەیان لەو دوایانەدا، لە سەر پرسی ژینگەدۆستی لە کوردستان، واتایەکی بەرگرییانەیان بە جووڵانەوەکان بەخشیوە.
ژنانێک کە لە خەباتی ژینگەدۆستییان لەتەنیشت هاوشارییەکانیان چێژیان وەردەگرت و هەستی شارۆمەندی پلەدووهەم بوونیان لەبیر چووبۆوە. لە کوردستاندا ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا هەیە. ژنانێکی زۆر لە کوردستاندا هەن کە سەرپەرەشتیی کاناڵی تلێگڕامی تایبەت بە پرسی ژینگەدۆستی دەکەن. لە سۆشیال میدیا بۆ پەروەردەی هەمەلایەنەی ژینگەدۆستی زۆر چالاکن. ژنانی کورد، تەنانەت هاوشانی پیاوان لە گرووپە شاخەوانییەکاندا بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ڕەگەزی، بەشدارییان هەیە و چالاکیی ژینگەدۆستی بەڕێوە دەبەن. ژنانی کورد هاوشانی پیاوان لە پڕۆژە ژینگەدۆستییەکاندا بەشدارن و نموونەی هەرە بەرچاویان لەو دوایانەدا بوو کە لە بەرنامەی زاگڕۆسانەدا کە ساڵانە بەڕێوە دەچێ، بە چاندنی دەنکی بەڕوو و چەقاندنی ڕیشەی ئەو دارە، بەشداریی بەرینیان هەبوو.

References
ساناز خداداد١٣٩٢، زن و محیط زیست، عناصر بیگانه شهر، کنفرانس زن، معماری و شهر
بیژن ڕحمانی و بتول مجیدی، ١٣٨٦ عوامل مؤثر بر مشارکت زنان در حفظ محیط زيست شھري با تاکید برنگرش اکوفمینیستی. فصلنامه جغرافیایی آمایش، شماره ٦،
حلیمه عنایت و حیدر فتحزاده، ١٣٨٨، ڕویکردي نظري به مفهوم اکوفمینیسم، مطالعات جامعه شناسی، سال دوم، شماره پنجم.
Bijay Kumar Sarkar، Eco-feminism: Women and Nature، 2019، RESEARCH REVIEW International Journal of Multidisciplinary، Volume-04، Issue-04
Cary L. Klemmer1 and Kathleen A. McNamara، 2019، Deep Ecology and Ecofeminism:Social Work to Address Global Environmental Crisis. Affilia: Journal of Women and Social Work، 1-13
، Janet Biehl، 1991، Eco-feminist politics، South End Press، Cambridge (Massachusetts) Rethinking
Laila Fariha Zein and Adib Rifqi Setiawan، 2017، GENERAL OVERVIEW OF ECOFEMINISM، 10. 31219/osf. io/fmjgk
Yawer Ahmad Mir، 2019، Ecofeminism: A Brief Overview، Notions، Vol. X، No. 1، pp. 43-51، Online available at : https://anubooks. com/?page_id=5274