ئارامتر بخوێنەوە!
توندوتیژی لە دژی ژنان و دیاردەی تۆکێنیزم
نووسەر: سۆما دەگاشێخانی
توندوتیژی لە دژی ژنان بەتایبەت ژنانی کورد لەم ساڵانەی دواییدا زۆرتر لە جاران لە ڕایەڵە و میدیا گشتییەکاندا ناوی لێ دەبرێت و باسی لەسەر دەکرێت. ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە کە بەتایبەت لەلایەن چالاکوانانی مافی ژنانەوە بۆ کەمترکردن و سڕینەوەی، هەوڵی زۆر دراوە، بەڵام گشتگیر بوون و سیستەماتیک بوونی ئەم دیاردەیه، ڕێگا بە چارەسەرکردنی کێشەکە بە خێرایی و بە ئاسانی نادات. لەو پەیوەندییەدا، ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر چەمکی تۆکێنیزم و پەیوەندیی لەگەڵ توندوتیژی لە دژی ژنان بە تایبەت ژنانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
توندوتیژی لە دژی ژنان یان توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، دیاردە و کێشەیەکی گشتییە کە لە هەموو وڵاتەکاندا دەبینرێت. دیاردەیەک کە هەر لە کوشتنی ژنان لە سەر ئابڕوو و شەرەف، تاکوو بابەتی ناجەستەیییانە و دەروونی لەخۆ دەگرێت و بە پاڵپشتیی پێکهاتە نابەرابەرەکان، یاسای پڕ لە هەڵاواردن و بە مەبەستی زێدەکردنی زاڵیەتییان، لە فۆرم و شێوەی جیاوازدا بەردەوامە. بە پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، توندوتیژی لە دژی ژنان بریتییە لە «هەرچەشنە کردەوەیەکی توندوتیژانەی پەیوەندیدار بە جێندەر کە ببێتە هۆی زیانی جەستەیی، جینسی یان دەروونی یان ئازار؛ لەوانە هەڕەشەکردن بۆ بەکارهێنانی وەها کردەوەیەک، زۆرلێکردن یان بێبەشکردنی ملهوڕانە لە ئازادی، چ لە بواری گشتی و چ لە ژیانی تاکەکەسیدا».
توندوتیژی لە دژی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، تەنیا دیاردەیەکی کولتووری نییە و پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییشەوە هەیە و کاریگەری لە سەر بەشداریکردنی بەرابەری ژنان و ئاسوودەییی ئەوان لە ناوماڵ، لە شوێنی کار و له کۆمەڵگادا بە گشتی، دادەنێت. بارودۆخی تایبەتی کوردستان، کاریگەری لە سەر باری بندەستبوونی ژنان و کەوتنە بەر توندوتیژی هەیە. لە پێکهاتەیەکی یەکتربڕی پەیوەندیدار بە ئەتنیک، جێندەر و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، دەکرێت باس لە سەر دۆخی ژنانی کورد و چۆنیەتیی گۆڕینی ئەو دۆخه بە شێوەی ئەرێنی بکەین. بە گشتی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ ڕێژە و جۆری توندوتیژی لە دژی ژنان لە کوردستان بوونی نییە، بە تایبەت بۆ نموونە، زانیاریی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە ڕۆژهەڵات لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک بابەتی نهێنی دانراوە. بەڵام ئەم دیاردەیە و بەربڵاوبوونی لە کۆمەڵگا و هەروەها چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەوە، بە یارمەتیی میدیا گشتییەکان، بە ئاشکراتر لە جاران کەوتووەتە ژێر لێکۆڵینەوە و باسەوە.
لە زانستی دەروونناسیدا، بە زۆری باس لە سەر توندوتیژی و هۆکارە دەروونییەکانی دەکرێت. هەر بەم ڕوانگەیەوە، هەندێکجار هەوڵ دەدرێت توندوتیژی لە دژی ژنانیش، بۆ ئاستی تاکەکەسیانە دابەزێنرێت و وەکوو هۆکارێکی تایبەتی تاکەکەسی سەیر بکرێت. لە تیۆرییە نوێیەکانی کۆمەڵناسییدا گرنگایەتی بە تاک وەکوو ئەیجێنت و ڕاڤە و کردەوەی دەدرێت و دەرەنجامی هەندێک لە توێژینەوەکانیش دەریدەخەن کە بیرۆکە و سابجێکتیڤیتیی ژنانی کورد لە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا زۆر گۆڕدراوە. بەڵام ئەگەرچی توندوتیژی لە دژی ژنان لە شێوەی تاکەکەسیدا و لەلایەن پیاوانەوە و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ئەوە لەلایەن هەندێک ژنی سەربەخۆوە، لە کۆمەڵگای ئێستەی کوردەواریدا بە ئاشکرا دەبینرێت، لەڕاستیدا بهتاک بینین و شرۆڤەکردنی تاکەکەسیی ئەم دیاردەیە کە لە ناخی خۆیدا کۆمەڵایەتییە و سەرنجنەدانی توندوتیژیی سیستەماتیک، پێکهاتەیی و ئینتێرسێکشناڵ، هاوکات لەگەڵ هەبوونی پاڵپشتیی یاسایی کە بە کردەوەی تاکێکی تەنیا لەنێو ناچێت، هەڵەیەکی گەورەیە و دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوان لە ڕووی دەسەڵات و درێژەخایاندنی توندوتیژی لە دژی ژنان بە تایبەت لە کۆمەڵگای کوردستاندا. بە سەرنجدانی ئەم خاڵە گرنگەیە کە لێرەدا باس لەسەر دیاردەی تۆکێنیزم و کاریگەرییەکانی لە سەر بەردەوامبوونی توندوتیژیی دەکەین.
تۆکێنیزم چەمکی سەرەکیی ئەم کورتە وتارەیە. مارتین لوتێرکینگ لە وتەبێژییەکی خۆیدا باس لەم چەمکە وەکوو کێشەیەکی نوێ و دژوار لە بەرانبەر بزووتنەوەی یەکگرتندا دەکات. ئەو، وەرگرتنی هەندێک لە ڕەش پێستەکان لە قوتابخانەی پەیوەندیدار بە سپی پێستەکان وەکوو تاکتیکێکی نوێ بۆ دژایەتی کردنی ئەم بزووتنەوەیە دادەنێت. دواتر ئەم چەمکه لەلایەن لێکۆڵەرەکانی بواری مافی ژنان و کەمینەکانەوە، بۆ نموونە لە شوێنی کار، کۆمپانیاکان یان لە زانکۆکان، وەکوو کردەوەیەکی هێمادار بە مەبەستی پێشاندانی تاکتیکی گرووپی خاوەن دەسەڵات بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و ئیمتیازەکان لەگەڵ ئەوانەی کە ئەو دەسەڵاتەیان نییە و سڕینەوەی تاوانی هەڵاواردن لە ڕووی خۆی، بەکار هێنرا. لەڕاستیدا ئامانجی تۆکێنیزم لە ناوبردنی نابەرابەری و بەدیهێنانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی نییە. تۆکێن ئەندامی گرووپێکی خاوەن دەسەڵاتی کەمترە کە لە دەڤەری گرووپی خاوەن دەسەڵات و بە پێی ڕێسا و یاساکانی ئەو دەجووڵێتەوە. ئەگەرچی تۆکێنیزم تەنیا کەڵکی بۆ گرووپی زاڵ نییە و بۆ ئەو کەسەیش کە وەک هێمایەکی دیاریکراو هەڵبژێڕدراوە سوودی دەبێت، بەڵام بە وتەی “لانگ لاوز”، دەستەبەرکردنی ئەم سوودە، گرێدراوی ڕەچاوکردنی سنووردارێتی و یاساکانی گرووپی زاڵە. واتە ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئەم سنوورەوە دێنە ناو، لە سەر بنەمای مێکانیزمێکی ڕێکخەر، دەبێت ڕێژەیان سنووردار بێت و مافی گۆڕینی هیچ یاسایەکیشیان نابێت.
ئەم دیاردەیە دەکرێت دوو جۆرە دەرەنجامی توندوتیژانەی بە شوێنەوە بێت، یەکەمیان ئەو کاتەیە کە ژنێک بە کەڵک وەرگرتن لە توانست و لێهاتووییی خۆی دەتوانێت قۆناغە دیاریکراوەکان تێپەڕێنێت و بە ئاستێک بگات یان بڕواتە نێو چوارچێوەیەکەوە کە لە دیسکۆرس/وێژمان و پێکهاتەی پیاوسەروەرانەی کۆمەڵگا وەکوو چوارچێوە و جێگایەکی پیاوانە پێناسەی بۆ کراوە و بۆی دەڕوانرێت. دووهەم هەڵبژاردنی ژنێک لە جێگە و پێگەیەکی پیاوانەدا بەڵام بۆ دووپاتکردنەوەی هەمان بیر و کردەوەی پێشووی زاڵ بە سەر ئەو جێگا و پێگەیە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پێناسە کراوە و پاشان کەڵک وەرگرتن لە دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنه وەک هێمایەک بۆ شەرعییەتدانی زیاتری دەسەڵات و بۆ خستنە پەڕاوێزی ئەو بیر و کەسانەی کە ڕەخنە لەوە دەگرن. هەرکام لەم دوو بژاردەیە دەکرێت بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی توندوتیژانەی لە سەر ژنان بە گشتی و بارودۆخی ئەوان هەبێت. لە درێژەی باسەکەدا بۆ نموونە، تیشک دەخەینە سەر خوێندنی باڵای ژنان لە ئێران و بازاڕی کار و هەروەها بارودۆخی پەیوەندیدار بە ژنانی پەرلەمانتار لە ئێران -کە دەکرێت بۆ جێگاکانی تریش بەکاربهێنرێت- و ڕۆڵی ئەوان لەسەر ژنان بە گشتی.
بابەتی ڕادەی چوونە زانکۆی کچان و لەوانە کچانی کورد، کە لە ئێراندا و لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەیان بەرەو زیادبوون چووە، پرۆپاگەندەی زۆری لەسەر هەیە. دەکرێت دوو جۆرە ڕوانینمان بۆ ئەم بابەتە هەبێت؛ ئەگەرچی هەردوو لە کۆتاییدا پێکەوە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژنان هەیە. یەکەم: بەکۆمەڵگایی بوون و دەروونی کردنی باوەڕ، بیروبۆچوون و ڕێسای پەسەندکراوی دەسەڵات (دەسەڵاتی هەمەلایەنە)، یان ئەو چەمکەی بۆردیۆ، پێێ دەڵێت توندوتیژیی سیمبۆلیک. بە وتەی بۆردیۆ هەر چەشنە کردەوەیەکی بارهێنان لە دەرەنجامدا توندوتیژییەکی سیمبۆلیکە بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە دەسەڵات ویستی کولتووریی خۆی بسەپێنێت. یەکێک لە میکانیزمەکانی ئەم بەکۆمەڵگایی کردنە، کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی فێرکاری و بەتایبەت فێرگەیە. فێرگە ئامرازی شاراوەی زاڵیەتییە و کەواتە قەت ناتوانێت دامەزراوەیەکی بێلایەن بێت. فێرگە نابەرابەری و جیاوازی لە دەسەڵاتدا، وەکوو دیاردەیەکی سروشتی پێشان دەدات و بە کەڵک وەرگرتن لە “ئایدیۆلۆژیای بەهرە و توانست”، هەبوونی دەسەڵات و نابەرابەری بۆ وێنە لە نێوان جێندەر، ئەتنیک و ئایینە جیاوازەکان، بە نابەرابەرییەکی ڕەوا و پەسەندکراو دەنوێنێت. هەر لەم ڕێگایەوە و بە پێشاندانی سروشتیبوونی پەیوەندیی پێناسەکراوی نێوان ژنان و پیاوان، “زاڵیەتیی پیاوانه” دەسەپێنێت و دەرفەتی بەردەوام بوونی بۆ دەڕەخسێنێت، بە جۆرێ کە کەسی بندەست، (لێرەدا ژنان)، خۆی لە ئاراستای زاڵیەتیدا هەوڵ دەدات و بیر و بۆچوونی دەسەڵات بە بیر و بۆچوونی خۆی دەزانێت. بۆ نموونه تەنانەت لە پاش خوێندن، لەوانە خوێندنی باڵا، ژنان بە بۆنەی دیسکۆرسی پیاوسەرەوەرانەی زاڵ لەسەر کۆمەڵگا و زانکۆکان، خۆیان دیسان هەر وەک ئەو ژنە پێناسە دەکەن کە ئەم دیسکۆرسه، چوارچێوە و واتاکانی بۆ دیاری کردووە. بۆ نموونە دیسان ئەرکی ژنانەی ناوماڵ و مانەوه لە ناو خێزان بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان دادەنێن و ئەگەر تووشی کێشەیەک بن بەوەی دەزانن کە لە سروشتی خۆیان لایانداوە. هەروەها گوشاری دووقات یان توندوتیژی لە سەر ئەو ژنانەی کە ئەرکی دەرەکیشیان هەیە، بە مافی خۆیان و بە دروستی دەزانن. ئەگەرچی ئەمە بە واتای نەبوونی ژنانی ڕەخنەگر و پێکهاتەشکێن نییە، بەڵام جووڵانەوه بە پێچەوانەی دەسەڵاتی زاڵ، دیسان ئەم ژنانەش ڕووبەڕووی توندوتیژی دەکاتەوە. ڕێژەی زۆری ژنان لە زانکۆ، بە تایبەت بە ڕوانین بۆ بازاڕی کار، وێدەچێت زیاتر بۆ خزمەت بە ئامارەکان و شەرعیەتدان بە دەسەڵات و وەک هێما و تۆکێنێک بۆ سەر لاپەڕەکان و مانەوەی ئەو بەڵگانە بەکار بێت. کەواتە زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە زانکۆکان بەتەنیا خۆی و بە بێ ڕەچاوکردنی فاکتۆرەکانی دیکە، لەوانە بەبێ سەرنجدان بە دۆخی ژنان لە پاش زانکۆ و چۆنیەتیی کەڵک وەرگرتن لە خاوەنداریەتیی بەڵگەنامەی زانکۆ، بەتەنیا ناتوانێت پێشاندەری باشتربوونی بارودۆخی ژنان لە کۆمەڵگا بێت.
دووهەم: دەرەنجامی چوونە زانکۆ و وەرگرتنی بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بۆ ژنان و دامەزرانیان لە سەر ئیشە. ژنان دەڕۆنە نێو زانکۆکانەوە بەڵام لە دواییدا بازاڕی کار هی ئەوان نییە لەبەر ئەوەی کە پێشگریمانەی کولتووریی کۆمەڵگا، بەرپرسبوونی پیاوان لەباری دارایی و شیاویەتییان بۆ لەئەستۆگرتنی ئیشی خاوەن داهاتە و هەروەها ڕێسایش پاڵپشت و ڕێخۆشکەری پەرەسەندن و ڕەگ داکوتانی ئەم بیروبۆچوونەیە. واتە ژنان نە لە زانکۆدا بۆ کار پەروەردە دەکرێن و نە لە دواییشدا بازاڕی کار جێگای بۆ ئەوان هەیە. یان ڕێژەیان بۆ هێندێک لە بوارەکانی خوێندن کە بە پیاوانە ڕەچاوکراون یان ژنان دەرفەتیان لە دواییدا بۆ دامەزران لە سەر ئیش زیاترە، سنووردار دەکرێتەوە. دەرەنجامی ئەم بارودۆخە، نەبوونی سەربەخۆییی ئابووری، دواکەوتن و پشت بەستنی ژنان بە دەسەڵات لە زۆربەی بوارەکانی ژیان و دیسان قەبووڵکردنی توندوتیژی دەبێت. بۆ نموونە دەتوانین بڕوانینە ڕێژەی ئەو ژنانە کە لە ئێران لە سەر کار دامەزراون. بە پێی دوایین دەیتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران لە هاوینی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە سەتا ٨٨ی ژنانی ئێرانی بێکارن. واتە ڕێژەی ژنانی خاوەن ئیش کە داهات وەردەگرن ١٢ لە سەدی جەماوەری ژنانە کە لە تەمەنی چالاکیدان. ٦٢ لە سەدی ئەو ژنانە کە خەریکی ئیشن، لە بەشی نافەرمی کە خاوەن ئینشورانسی بێکاری نیە کار دەکەن. لە نێو جەماوەری ژنان کە خەریکی ئیشن، تەنیا ٤٣ لە سەدیان ئەو ژنانەن کە بەڵگەنامەی خوێندنی باڵایان هەیە. دیسان ٦٢ لە سەدی ئەو کەسانەی کە لە هاوینی ئەمساڵدا کاریان لە دەستداوە، ژنانن. پارێزگای سنە لە بواری دامەزران لەسەر ئیشی ژنانی تەمەن سەرەوەی ١٠ ساڵ، لە شارەکاندا لە پلەی ٢٨ی لە نێوان ٣١ پارێزگادایه. پێکهاتەیەکی یەکتربڕی سیاسی، ئابووری و جێندەری، کاریگەریی لە سەر کەم بوونی ڕێژەی ژنانی ئەم پارێزگایە کە لە سەر ئیش دامەزراون، هەیە.
دیاردەی تۆکێنیزم، پەیوەندیی لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان و هەڵاواردن لە بازاڕی کاردا هەیە. تۆکینیزم وەکوو ئەو ئەزموونە نەرێنیانە پێناسە دەکرێت کە بەڕێوەبەرانی ژن بەتایبەتی ژنانی ڕەنگین پێست یان سەر بە کەمینەکان، لە کۆمپانیاکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە. بە تایبەت لەو ڕێکخراوانە کە ڕێژەی ژنان تیایاندا لە ١٥% کەمترە. کانتێڕ پێشانی دەدات کە لە ڕێکخراوە پیشەسازییەکاندا کە ئەم ڕێژە کەمە لە ژنان خەریکی ئیشن، پیاوان کولتوورێکی نەیارانە لە دژی ژنان پێک دەهێنن و هەر ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی سێ جۆرە ئەزموونی نەرێنی: یەکەم، ئەگەرچی ژنان ڕێژەیان زۆر کەمترە بەڵام بە ڕوونی دیار و لەبەرچاون و ئەو ستانداردانەی کە بۆ هەڵسەنگاندنی ئیشیان کەڵکی لێ وەردەگیردرێت، جیاوازە لەگەڵ هەمان شت کە بۆ هاوکارە پیاوەکانیان بەکاردەهێندرێت. دووهەم، ژنان هەست بە کەوتنە پەڕاوێز و جیاکردنەوە دەکەن لەبەر سەختیی پەیوەندی گرتن لەگەڵ پیاوانی هاوکاریان و سێهەم، کار و ئیشەکان لەسەر بنەمای ستریۆتایپی جێندەری پەسەندکراو -ژنانه/ پیاوانە- دابەش دەکرێن. بۆ ئەم ژنانە، خۆڕاهێنانیان لەگەڵ ئەم چاوەڕوانییە جێندەرییانە ئاسانتر لەوەیە که بەرەنگاریان ببنەوه. لە درێژەی ئەوەدا باس لە سەر توندوتیژییە بچووکەکان دەکرێت. ئەم چەشنە لە توندوتیژی، بریتییە لە تووڕەیی و تێهەڵچوونی زارەکی، کردەوەیی یان ژینگەیی کە ڕۆژانە و بە ئەنقەست یان بە بێ ئەنقەست، لە بەرانبەر ئەو کەسانەی کە لە ستانداردی پەیوەندیدار بە نۆرمدا پۆلێنبەندی نەکراون، جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە هۆی پەیوەندیی توندوتیژانە، نەیارانه، نەرێنی و سووکایەتی. ئەگەرچی زۆربەی ئەوانەی کە لە شوێنی کاردا تووشی ئەم جۆرە ئاکارانە دەبن، نازانن کە لەکاتی پەیوەندی گرتن لەگەڵ کەسانی جیاواز، توندوتیژییان بووە. پێدەچێت لە هێندێک لە وڵاتەکان وەک ئێران کە یاسایش پشتگیری لە وەها ئاکارێک دەکات یان بێدەنگیی هەڵبژاردووە، ڕێژەی ئەم توندوتیژییانە سەبارەت بە ژنان و لەوانە ژنانی کورد، لە شوێنی کار لە ئاستێکی بەرزتردا بێت. واته ژنانی کورد لە لایەکەوە دەبێت قۆناخە جیاوازەکان بۆ سەلماندنی شارەزایی و لێهاتوویی لە پێکهاتەیەکی پیاوسەرەوەردانەی زاڵدا تێپەڕێنن، لەلایەکی ترەوە، گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت هەموو تاکێکی کورد لە ژن و پیاو، بۆ ڕۆیشتنە سەر کار و گەشەی تاکەکەسی، خۆ لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای دەسەڵات بگونجێنن. بۆیە ژنانی کورد بە بۆنەی بوونی هەڵاواردنی جێندەری، هەوڵێکی دووئەوەندە، بگرە چەن ئەوەندەیان بۆ سەلماندنی کارامەییی خۆیان یان خۆپاراستنیان لە بەئامرازبوونی دەسەڵات، لە وەها بارودۆخێکی بندەستدا هەیە. لە ڕوانگەی ئینتێرسێکشناڵیەوە، ئۆگریی جینسی، داهات، تەمەن، تەندروستی، ئێتنیک و ڕەگەز، هەموو کاریگەرییان لەسەر ئەگەری بە ڕێبەربوونی ژنان هەیە. کۆبوونەوەی هەرکام لەم فاکتۆرانە لەگەڵ جیندەر دەتوانێت ببێتە هۆی جیاوازی لە ئەزموونەکانی گرووپە جیاوازەکانی ژنان. ژنانی کورد لە ڕەوتی گەشەسەندنی پیشەییی خۆیاندا، ڕووبەڕووی هێندێک کێشە و توندوتیژی و خستنە پەڕاوێز دەبنەوە کە ژنانی فارس ناچار بە ئەزموون کردن و بەرەنگار بوونەوەیان نین و نابن.
نموونەیەکی تری بەرچاوی تۆکێنیزم، بوونی ژنان لە دەسەڵاتی سیاسی و بۆ نموونە لە پەرلەمانی ئێراندایە. ئەو ژنانە بە ڕواڵەت نوێنەرایەتیی چینی ژنانی کۆمەڵگا لە پەرلەمان دەکەن لەکاتێکدا کە خۆیان ڕۆڵێک دەگێڕن کە بە پیاوانە پێناسە کراوە و بڕیارە وەک پیاوان و بەرابەر لەگەڵ ئەوان لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا و بۆ سڕینەوەی کێشەکانی، یاسا دەربکەن؛ بەڵام مێژووی کاری ئەم ژنانە (بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا) پێشان دەدات کە هاوکات لەگەڵ دەسەڵات و هاوڕێ لەگەڵ دیسکۆرسی پیاوسەرەوەرانە، دەبنە هۆی سەرکوتکردنی ژنان. لەڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین بەربەستەکان لە دژی بەرەوپێشچوونی ژنان، ئەو یاسایانەیە کە ئەوڕۆکە بوونەتە سەرچاوەی مامەڵەکردنی توندوتیژانەی یاسایی لەدژی ئەوان. جگە لە پرۆپاگەندەیەکی بەهێزی سیاسی بە مەبەستی شەرعییەتدان بە چۆنیەتیی ڕوانین بۆ ژنان، دەرەنجامێکی تری ئەم بارودۆخە، پاساودانی توندوتیژیی سیمبۆلیک لە دژی ژنان، بە پەرەدان بە ڕوانگەی “ژنان لە دژی ژنان”دایە کە بە پێی ئەوە، خودی ژنان بە دەرکردنی یاسا لە دژی ژنان، ڕێگە لە باشترکردنی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگادا دەگرن و یان ئەگەر ژنان دەسەڵاتیان ببێت، جیاوازییەکیان لەگەڵ پیاوان نابێت و هتد. لەڕاستیدا دەسەڵاتی پیاوسەروەر بە ڕێگەدان بە دەسەڵاتی هەندێک ژنی هاوڕێ لەگەڵ خۆی، لەم دەرکەوتنە، تەنیا بۆ سەپاندن و پەرەپێدانی وتە و ئامانجی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
دەرەنجامی تری نابەرابەریی یاسایی بە تایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە ژنانی سیاسی، بەرهەمهێنانەوەی دیسکۆرسی زاڵی دوانەی ژنانە-پیاوانەیە کە پاڵپشتیی یاسای لەگەڵدایە. لەلایەکەوه، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی فێرکاری و بڵاوکردنەوە و بە دەروونی کردنی بەها و نۆرم و بیر و ڕێسا سەرەکییەکان، لە ڕێگای پەرتووکە فێرکارییەکان لە فێرگەکان و زانکۆکان، میدیا و ڕایەڵە گشتییەکان، ئامرازە یاسایییەکان و بە بەربەست دانان لەسەر ڕێگای چالاکانی مافی ژنان و نەهێشتنی دەنگە جیاوازەکان، ڕوانگەی زاڵ لەسەر ژنان، ڕۆڵی ئەوان و چۆنیەتیی مامەڵە کردن لەگەڵیان لە کۆمەڵگادا ڕەگ دادەکوتێت و پتەوتر دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، یاسایش هاوڕا لەگەڵ ئەم کولتوورە نابەرابەرە، بە یەکجاری دەبێتە گەورەترین بەربەست بۆ ئەو ژنانەی کە بیانهەوێت بە جۆرێکی تر بیر بکەنەوە و بجووڵێنەوە. لە وەها بارودۆخێکدایە کە باس لە توندوتیژیی سیستەماتیک دەکرێت؛ توندوتیژییەک کە لە پێکهاتە و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. کەواتە بوونی ژنان لە پارلەمان یان لەسەر شاشەی میدیاکان، نە تەنیا پێشاندەری بەرەوپێشچوونی ژنان نابێت، بەڵکوو دەبێتە بارێکی زێدە لەسەر شانی چالاکوانانی مافی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا.
لە کۆمەڵگایەکدا کە هەڵاواردنی تێدایە و پێکهاتە نابەرابەرەکانی دەسەڵات بە هۆی ئێتنیک، ئایین، جێندەر و یان باری ئابووریی لاواز ڕێگە بە دەرکەوتن و پێشکەوتنی تاکەکان نادەن یان بە ئەنقەست دەیانسڕنەوە، ئەگەرچی زۆربەی دەرکەوتن و پێشکەوتنی تاکەکان لەسەر بنەمای نزیکبوون و گونجاوییان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی زاڵدایه؛ بەڵام بە پێچەوانەوە وەها پێشان دەدرێت کە ئەمە تەنیا بە هۆی تایبەتمەندیی توانست و بەهرەی تاکەکەسییه، نەک هەڵاواردنی سیستەماتیک. بۆ نموونه بە پێی دیسکۆرسی پیاوسەروەرانە، ژنان بە گشتی ناتوانن لە ئاستی سەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیدا بن، بەڵام ئەگەریش بە دەگمەن ژنانی فارس و یان ژنانی خاوەن فاکتۆرە بەرزکەرەوەکانی تر (وەک ئایین یان چینی سەرەوەی ئابووری) و هاوڕێ لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات، لەم پێگەیەدا هەبن، دەسەڵات وەک هێمایەک بۆ پێشاندانی هەبوونی کراوەیی و بەرابەری دەینوێنێت. ئاسایییە ئەو ژنانەی کە خاوەن بەهرەن، بە تایبەت ژنانی کورد، بەڵام لە کێبەرکێیەکی نابەرابەردا سەرناکەون، هەست بە لاوازی و شیاونەبوونیان بکەن. لە کاتێکدا ئەم سەرنەکەوتنە سیستەماتیکە، لەڕاستیدا دەرەنجامی کاریگەریی پێکهاتەییی ئینتێرسێکشناڵ، بە ئامانجی سڕینەوەی جیاوازییەکان و بەکارهێنانی توندوتیژییەکی سیمبۆلیک لەسەر ژنانی سەر بە نەتەوەکانی ترە. بە دڵنیایییەوە کاڵکردنەوەی کاریگەریی نەرێنیی دیاردەی تۆکێنیزم و توندوتیژیی سیستەماتیک لە دژی ژنان، بە گۆڕینی سیستەماتیکی یاسا و ئەو پێکهاتانە دەکرێت کە گوشار دەخەنە سەر ژنان و دەبنە هۆی پەڕاوێز خستن و شاردنەوەیان. ئەو یاسایانە، کە بۆ بچووکترین و تایبەتیترین بابەتەکانی ژنان بڕیار دەدەن و سەرنەکەوتنی ئەوان بە دیاردەیەکی تاکەکەسی پێناسە دەکەن. لەڕاستیدا هەموو شتێکی تاکەکسی، هاوکات سیاسی و کۆمەڵایەتییە و بە پاڵپشتیی یاسا و پێکهاتە زاڵەکان جێبەجێ دەکرێت.
پەراوێزەکان
1. UN general assembly. In Declaration on the
Elimination of Violence against Women; UN: New
York, NY, USA, 1993.
2. Agent
3. Martin Luther King Jr., “The Case Against ‘tokenism’,”
New York Times, August 5, 1962.
4. L. Zimmer, Tokenism and women in the workplace:
The limits of gender- neutral theory. Social
Problems, 1988.
5. Judith Long Laws, “The Psychology of Tokenism:
An Analysis,” Sex Roles 1, no. 1, 1975.
6. پاتریس بون ویتز، در سهایی از جامع هشناسی پیر بوردیو، ترجمە
. جهانگیر جهانگیری و حسن پورسفیر، تهران: آگه، 1390 ، ص: 135
7. Pierre Bourdieu, Language and Symbolic Power,
ed. John B. Thompson, trans. Gino Raymond
and Matthew Adamson, Cambridge: Polity Press,
2001.
8.https://www.amar.org.ir/Portals/0/News/1399/
nirooye%20kar%2099-3.pdf
9. http://women.gov.ir/home/atlas/260
10. Ursula Thomas, Navigating Micro-Aggressions
toward Women in Higher Education, IGI
Global; 1st edition, 2018.
11. Microaggressions
12. D. W. Sue, Bucceri, J., Lin, A. I., Nadal, K.
L., & Torino, G. C. (2009, January 1). Racial microaggressions
and the Asian American experience.
Asian American Journal of Psychology, 1(1),
88–101. doi:10.1037/1948-1985.S.1.88
13. https://www.aauw.org/app/uploads/2020/03/
Barriers-and-Bias-nsa.pdf
بۆ زانیاری زیاتر بڕواننه:
اصرار-نمایندگان-زن-بر- /https://www.dw.com/fa-ir .14
18112644-a/ تصویب-قوانین-ضدزن


