ئارامتر بخوێنەوە!
کەلەبەری نێوان دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی (بەشی سێیەم)
سەلاح مەجید پوور
ئەو وتارە بریتییه لە خوێندنەوەی زنجیرێکی شەش ئاڵقەیی (ستراتێژی، پێکهاتە، فەرهەنگ، مرۆڤ، کەرەسه، دەسکەوتەکان) کە مۆدێلێکە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری.
بەهێزی یان لاوازیی ناوئاخنی هەر یەک لەو ئالقانە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سەرجەم بەرهەم و دەسکەوتەکان.
بەشی یەکەمی ئەو وتارە لەپەنا ناساندنی ئەو مۆدێلە، هەوڵی دەستنیشانکردنی ئاڵوگۆڕە زانیاری و تێکنۆلۆژیکییەکانی سەردەمی داوە و هەروەها کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆحییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، تێیدا باس کرا. ئەوە کە کورد لە کوێی ئەو وەرچەرخانە مەزنە جێگەی گرتووە؟ یان دەبێ کامە نەخشەی ڕێگا بەرەو بەشداری و کەڵکوەرگرتن لەو ڕەوتە بەکار بێنێ؟، ئەو پرسیارە نوێیانەن کە پێویستیان بە جوابی نوێ هەیە.
لە بەشی یەکەمدا هەروەها خاڵی یەکەم، یانی ستراتێژیی ڕەچاوکراو لەلایەن ڕێکخستنە کوردییەکان، یانی سیاسەتی “قۆزتنەوەی هەل” خرایە بەر باس. لێرەدا ئەو ڕاستییە دەستنیشان کرا، کە لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو ستراتێژییە لە لایەن هەموو هێزە کوردییەکانەوە بێ جیاوازی ڕەچاوکراوە. هەوڵ دراوە، وڵامێک بۆ سەرکەوتوونەبوونی ئەو ستراتێژییە بدرێتەوە.
لە بەشی دووهەمدا ڕێکخستن و پێکهاتە وتایبەتمەندییەکانی رێکخستنە کوردییەکان و کەم و کورتییەکانی پێکهاتەکەیان دەستنیشان کران و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندییەکانی مۆدێلە رێکخستنییەکانی سەردەم باس کران.
لە باسی ئەم بەشەدا دوو ئاڵقەی تر یانی فەرهەنگی ڕیکخستنی و مرۆڤ (سەرمایەی ئێنسانی) وەک بزوێنەر و توانای ڕێکخستنەکان دەخرێنە بەرباس.
فەرهەنگ
فەرهەنگی سیاسی، کۆیەکە لە بایەخ، هەست و زانستە بنەڕەتییەکان کە فۆڕم بە پرۆسە سیاسییەکان دەدات. بەشێک لە زانایانی زانستی سیاسی باس لە سێ توێی جیاواز لە کەلتووری سیاسیدا دەکەن :
⦁ فەرهەنگی سیاسیی بەرتەسک کە هاووڵاتییان زۆر ئاگایان لە دەسەڵاتی ناوەندی نییە و لە سیاسەتدا هاووڵاتییەکی هەڵسوڕ نیین.
⦁ فەرهەنگی سیاسیی دەستەمۆکەر کە لەودا هاووڵاتی لە جیاتی ئەوەی خۆی وەک بەشدارێکی پرۆسەی سیاسی ببینێ، خۆی هەست بە ڕعیەت بوون لە پرۆسە سیاسیدا دەکات.
⦁ فەرهەنگی سیاسیی بەشداریکردن، کە لەودا هاووڵاتی باوەڕی بەوە هەیە کە جێگای لە پرۆسەی سیاسیدا دیارە و دەتوانێ کاریگەریی هەبێ. سیستەمە دێموکڕاتیکەکان، تێکەڵاوێکن لە هەر سێ توێ.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێبەرییە لە سیستەمکی سیاسیی خاوەن هاوسەنگی و کەلتووری بەشداریی گشتی. فەرهەنگی زاڵ بەسەر نیزامە سیاسییەکانی ئەو ناوچەیەدا، کەلتووری دەوڵەتە ئۆتۆریتارەکانە (اقتدارگرا). بۆ ئەو دەوڵەتانە، کەلتووری سیاسی و دینامیکی گۆڕانی کەلتووری، دیاردەیەکی ناسراو نییە، ئەوان زۆرتر خەریکی ڕاگرتنی فەرهەنگی هەنووکەی زاڵ بە سەر پرۆسە سیاسییەکاندان و تێدەکۆشن کە کۆمەڵانی خەڵک لە بەشداری لە دەوڵەت و پڕۆسە سیاسییەکاندا دوور بخەنەوە.
ناسیونالیزم و دین دوو ڕەگەی کەلتووری سیاسین کە سیاسەتوانە ئۆتۆریترەکان لە پاراستنی دەسەڵات و رێکخستنی دانیشتووانی وڵاتدا کەڵکیان لێ وەردەگرەن.
ژینگەی سەرهەڵدان و حاوانەوەی هەموو ڕێکخستنە کوردییەکانیش، شوێنی ژیانی دەسەڵاتە ئۆتۆریتۆرەکانە. سەرجەمی ڕێکخستنە کوردییەکان خۆێان لە دژایەتی دەگەڵ ئەو سیستەمە سەڕەڕۆیانەدا پێناسە دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە ئەوان خۆیان وەک قوتبی دژ بە دەوڵاتانی ناوچە پێناسە دەکەن، بەڵام ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەواعیدی زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا، کاریگەریی زۆری لە سەر فۆڕم دانی فەرهەنگی ناوخۆییی ڕیکخستنەکان هەیە؛ کە لەودا نەک نەیانتوانیوە فەرهەنگێکی سیاسیی نوێ جێگیر بکەن، بەڵکوو بوون بە بەشێک لە پارێزەرانی فەرهەنگی سیاسیی سەردەست.
هەربۆ ئەو مەبەستە ڕووی ئەو وتارە لە کەلتووری زاڵ بە سەر رێکخستنەکانە کە زۆرتر یاریدەدەرە لە زیندوو ڕاگرتنی باسەکە.
ڕێکخستنە کوردییەکانی سەردەم، خاوەنی پێکهاتەی لێکئاڵاو و پڕپێچوپەنان کە لەودا، کۆمەڵێک چەمک و دیاردەی دژ بە یەکتریان لە خۆیاندا حەشارداوە. نزیک بە تەواوی پێکهاتەکان، خاوەنی لقێکی چەکدارین کە کەلتووری تایبەت بە خۆی هەیە و مۆرکێکی بێ بەدیلی لە فەرهەنگی ڕێکخستنی داوە.
هەر بەو پێیە هەموو ئەندامانی ناسراو و ڕێبەرانی ئەو سازمانانە بە پێشمەرگە یان گەریلا پێناسە کراون، ئەو ناسناوە هەنگاوی یەکەمە بۆ پەرەپێدانی کەلتوری گەورە و بچووکی سەربازی، هەڵگرانی ئەو فەرهەنگەش لە هەمان کاتدا کادری بڵاوکردنەوە و تەبلیغی ئەهدافی سیاسیی رێکخستنەکەیانن.
بەرەوپێش بردنی سەرکەوتووانەی پڕۆسە سیاسیەکان بە میکانیزم و فەرهەنگی سەربازی، کارێکی چەتوون و تاقەتپڕووکێنە. مێژوی هەڵسووڕانی ڕێکخستنە کوردییەکان نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە که ڕەواجی ئەو فەرهەنگە لە وەدی نەهاتنی ئامانجەکانیاندا کاریگەر نەبووە.
فەرهەنگی بەڕێوەبردەنی جەزیرەیی
بە موتاڵا کردنی شیوازی سازماندان و دابەشکردنی دەسەڵات لە ڕێکخستنە کوردییەکاندا، زۆر بەرچاوە کە ناوەندگەرایییەکی زۆر بەهێز بەسەریاندا زاڵە. ناوەندی دەسەڵاتیش پێکهاتووە لە ئاڵقەی بچووکی بەهێز کە زۆر جار گرێدراوی ڕێبەری خاوەن دەستەڵاتن. ئەو ئاڵقانە لە درێژخایەندا لە بۆشاییی نەمانی ڕێبەرانی بەهێزدا، دەبنە خاوەنی دەسەڵات و لە ئاکامدا ڕێکخستنەکان بە سەر تاقمی جیاوازدا دابەش دەبن.
ناوچەگەرایی، چنۆکیی سیاسی، نەبوونی هەستی پێکەوەکارکردنی، بەرژەوندیخوازیی تاکەکەسی یان دەستەیەک، خۆخوازی (ئگۆیزم)، ڕوانین لە دەلاقەی بەرتەسکی دەستە و تاقمییەوە، بەشێک لە بەردی بناخەی دابەشکردنی ڕێکخستنەکانە بە یەکەی جیاوازی دوور لە یەگدیی. لە ئاکامدا ناوەندی هێزی جیاواز، بە شێوەی جەزیرەیی دەڕوێن و لە دەرفەتی پێویستدا جەزیرە فیکرییەکان دەبنە ناوەندێکی دەسەڵاتی سەربەخۆ.
فەرهەنگی جەزیرەیی لە ئاکامدا هۆی سەرەکیی تێکدانی یەکپارچەییی ڕێکخستنییە. مێژووی سازمانە کوردییەکان تەژییە لە لەت بوون و دابڕان کە بەرهەمی کاریگەریی فەرهەنگی جەزیرەیییە. ئەو فەرهەنگە هەنووکەش لە ژینگەی رێکخستنی کوردیدا زۆر بەتوانا درێژە بە ژیانی خۆی دەدەات.
مرۆڤ (سەرمایەی ئینسانی)
ئەو سەرمایەیە بریتییە لە خەزێنەیەک کە تەژی لە زانست، ئەزموون و لێهاتووییی شەخسی و کۆمەڵایەتییه؛ هاوڕی دەگەڵ توانایەکی مەزن بۆ خوڵقاندن. مەیدانی کاری هەر ڕێکخستنێک، کۆمەڵگایە و کاریگەری دانانە لە سەر ئەندامانی کۆمەڵگا کە مرۆڤەکانن. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە تێکنۆلۆژی، فاکتەری بەهێزە لە پرۆسەی دانوستانی کۆمەڵایەتیدا، لە هەمان کات دا ڕۆڵی بێ بەدیلی ئینسان نابێ لەبیر بکرێت.
هەر بۆیە توانای مرۆڤ وەک سەرمایەیەک تەماشا دەکرێت. لە وڵاتانی کار و سەرمایە میحوردا، دەزگای جیاواز هەن کە بێ پسانەوە خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر تواناکانی مرۆڤن. لە بچووکترین یەکەی کاریشدا هەبوونی بەشی مودیرییەتی سەرچاوە ئینسانییەکان زۆر ئاسایییە.
بۆ ڕێکخستنی سیاسییش، سەرمایەی ئینسانی خاوەنی شوێنێکی گەلێک بەهێزە لە گەیاندنی پەیامی ڕێکخراوەکان بە کۆمەڵگا. هاوکاریی نێوان ڕیکخستنەکان و ئەندامان لەسەر بناخەیەکی خۆبەخشی و بە دڵخواز دامەزاروە. سەرمایەی ئینسانی لە ڕێکخستنی کوردیدا لەگەڵ گرینگ بوونی، بەڵام جێگایەکی ئەوتۆی لە بەرنامەی ڕێکخستنیدا نییە، میکانیزمەکانی تەنزیمی پەیوندییە نێوخۆیییەکان لە خزمەت بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەنددایە.
لە بەرنامە و ئەساسنامەی ڕێکخستنیدا ئەرک و وەزیفەکانی ئەندامان دیاری کراون، بەڵام مافەکانی ئەندامان تەقریبەن سیفرە. هەڵبەت ئەوەی کە لە بەرنامەی ڕێکخستنەکاندا باس کراوە ماف نین، بەڵکوو زۆرتر وەک ئیجازەی کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵک ئێمکانن. ئەو مافەنەی کە لە بەرنامەی سازمانەکاندا باس کراون، پڕن لە ئەگەر و ئەمما. لە هەمان کاتدا بە زاڵ بوونی جەوی سەربازی، بەشێکی زۆر لە خەتی تەبلیغیی ڕێکخستنەکان بۆ هێنانی هێزی ئینسانی بۆ بەتواناکردنی دەزگا سەربازییەکانە.
ئەم چەشنە سازماندانە لە درێژخایەندا لایەنی سەربازی و ئەمنی بەهێز دەکات و لە ئاکامدا سەرجەم ڕێکخستنەکە لە خۆیدا دەتوێنێتەوە. مرۆڤ لە پرۆسەکەدا کەرەسەیەکی کاتییە کە لەش و ڕەوانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەکەوێتە بەر ئیمتحانی زۆر سەخت کە زۆر جاران لە دەستدانی گیان، خاڵی کۆتایی لە ژیانی ڕێکخستنیدا دەبێت. پرۆسەی تەسفیە و لادانی مرۆڤەکان زۆر هاسانە. کەسێکی کە تا چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەشێک لە ڕێکخستنەکە بوو، زۆر بە هاسانی دەردەکرێت و هەتا بێبەری دەکرێ، بە شێوەیەک کە هاوڕێیانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری پشتی تێ دەکەن. ئەو چەند نموونەیە پێشاندەری نەبوونی سیاسەتی تایبەت بە سەرمایەی ئینسانییە، هەر بۆیە مودیرییەتی هیزی ئینسانی، نیگایەکی سەبازیی کورتخایەنی بە سەردا زاڵە کە ڕووی لە سەرمایەسازیی درێژخایەن نییە.
لە هاوکێشەی رێکخستنی ڕوو لە داهاتوودا، “گۆڕانکاری” لایەنی سابیتە. سەرمایەی ئینسانی و فەرهەنگیی ڕێکخستن، ئەو ئاڵقە گرینگانن کە پیویستە ڕادەی هەستیارییان لە سەرەوە بێت بۆ ئەوەی کە بتوانن لە گەڕی گۆڕانکارییەکان بەجێ نەمێنن.
هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرمایەی ئینسانی، وەک تاشینی بەردی ئەڵماس وایە، ئەگەر بە زانست و وەستایی ئەو کارە نەکرێ، بەردەکە نەزمی ناوخۆی تێکدەچێ و له بایەخ دەکەوێ.
فەرهەنگ و سەرمایەی ئینسانیی ڕوو لە داهاتوو
جگە لەوەی پێویسته ڕیبەریی ڕێکخستنەکان، سەرمایەی ئینسانی و فەرهەنگیی ناوخۆ وەک حیسابێکی کەسری بینین کە خاوەنی سووڕەت و مەخرەجە، هەردو بەشی کەسرەکە بوونیان گرینگە بۆ بەهێزبوون وبەرەوپێشچوون.
کامرۆن و کویین دوو بوعدی زۆر گرینگی بۆ سازماندانی ڕێکخستنکی کاریگەر دۆزیوەتەوە.
بەو پێیە فەرهەنگی ڕێکخستن، بە سەر چوار شێوازدا دەبەش دەکرێت کە بریتین لە:
⦁ ئینسانگەرا
⦁ نوێخوازیخواز
⦁ نەتیجەگەرا
⦁ پارێزەری وەزعی ئارایی
لە هەلومەرجی ئەوڕۆدا، ڕێکخستنەکان له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، لە هەڵبژاردنی شێوازی کاردا قەتیس مانەوە لە ڕابردوویان زۆر پێوە دیارە و بەپێچەوانەی میسیونی و مەوزووعی کاریان کە دانانی کاریگەری لە سەر جیهانی دەرەوەی ڕێکخستنە، ئەوان زۆرتر دەگەڵ ناوخۆی خۆیان خەریکن. هەر بۆیە کە لە بەشی خوارەوەی جەغزەکەدا ماونەتەوە.
لە جیهانی داهاتوودا هەر ڕێکخستنێکی بەشدارلە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا، بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بهێنێت یان بەر بە توانەوەی خۆی بگرێ، پێویستە لایەنی نوێخوازیخوازی لە خۆیاندا بە هێز بکەن. شەرتی سەرەکی بۆ سەرکەوتن لەو سیستەمە فەرهەنگییەدا، شرۆڤەی دەقیق و ڕۆژانەی جیهانی دەورانپشتی رێکخستنە. لایەنێکی تری گرینگ، ڕەچاوکردنی فەرهەنگی ئینسانگەرایییە کە پێویستە بەسەر ڕوانگە و سیاسەتەکانی سەبارەت بە سەرمایەی ئینسانیدا زاڵ بێت.
مانەوه لە سیستەمی مودیرییەتی پاراستنی ڕابردوودا، ویرووسێکی کوشندەیە بۆ گۆڕان و گەشەپێدانی ڕێکخستن. مانەوە لە ڕابردوودا، لە خۆباییبوونی بێجێ و درۆیین بەهێز دەکات، لە ئاکامدا ڕۆحی ڕێکخستن نەخۆش و جەستەکە بێ خاسییەتی دەکات. هیوادارین کە ئەو بەشە لە باسەکە دەلاقەیەکی کردبێتەوە بۆ باس کردن لە فەرهەنگی نوێخوازی، نەتیجەگەرایی و باوەڕ بە سەرمایەی ئینسانی.


