ئارامتر بخوێنەوە!
وتووێژ لەگەڵ نیگار حەسیب قەرەداغی
“نیگار حەسیب قەرەداغی لە دایکبووی سلێمانی 1966
1988 دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری بەغداد
1988-1991 مامۆستای شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی
لە سالی 1984 تاکوو ئەمڕۆ بێ داپچڕاندن کاری شانۆ دەکات
لە کۆتایی 1991ەوە لە ڤییەنا نیشتەجێیە
سالی 2000 بڕوانامەی ماستەر و لە سالی 2006 بڕوانامەی دکتۆرای لە کۆلێژی زانستی شانۆ و کۆلێژی سۆسیۆکولتوورئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی ڤییەنا بەدەست هێناوە
دامەزراندنی لابۆری شانۆی لالەش لەتەک شەماڵ ئەمین لە ساڵی 1998 و کردنەوە و بەڕێوەبردنی هۆڵی تایبەت بە کاری خۆیان لە سالی 2000 لە شاری ڤییەنا.
بەشداریکردن لە چەندەها فێستیڤاڵ و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و ژاپۆن و بێگومان لە هەرێمی کوردستانیش، بە پێرفۆرمانس و وۆرکشۆپ و لابۆر بەڕێوەبردن. یەکێک لەو فێستیڤاڵە گەورانە، فێستیڤاڵی ساڵی گرۆتۆڤسکی بوو لە پۆلۆنیا کە لابۆری شانۆی لالەش لەتەک پیتەر بروک و ئیجینۆ بەربا و ڕیچارد شێخنە و تاداشی سوزوکی و پینا باوش، پڕۆژەی خۆیان بە سەرکەوتوویی نومایشت کرد.
وتنەوەی وانە لە بوارەکانی شانۆ لە چەندەها زانکۆی جیهانیدا.
لە سالی 2012وە نیگار و شەماڵ لێکتۆری میوانن لە زانکۆی ئینسبروک لە نەمسا لە کۆلێژی
Peace and conflict studies
و لە سالی 2018 لێکتۆری میوانن لە ئەکادیمیای Forum Civil Peace لە شاری بۆن/ئەلمانیا
ئالوگۆڕی میتۆدی و پراکتیکی لەتەک چەندەها گرووپ و هونەرمەندانی جیهانی، لەوانە ئویجینۆ بەربا، بە بەشداریکردن لە دیداری شانۆی ئەنترۆپۆلۆژی و هەروەها سەنتەری گرۆتۆڤسکی و تۆماس ڕیچارد. هەروەها ئالوگۆڕ لەتەک شانۆی نوێی ژاپۆنی لە تۆکیۆ و بوتۆ دانسی کازوۆ ئونۆ لە یۆکۆهاما.
چەندەها خەڵاتی پێ بەخشراوە لەسەر ئاستی جیهانی.”
تیشک: حەز دەکەم بۆ سەرەتای چالاکیی ئێوە بگەڕێمەوە، هەست دەکەم لە سەرەتاوە بیرۆکەی دامەزراندنی “تاقیگەی شانۆی لالەش” بۆ یەرژی گرۆتۆفسکی بگەڕێتەوە. ئایا داماڵینی شتە زێدەکان لە شانۆ و تەنیا هێشتنی شانۆکار لە بەرانبەر بینەراندا لە بەرهەمەکانی ئێوەدا ڕەنگی داوەتەوە؟
نیگار: بە دڵنایییەوە دیدی گرۆتۆڤسکی کاریگەرییەکی بەرفراوانی بۆ سەر دیدی گرووپە ئەزموونکارەکان و ئەڵتەرناتیڤەکانی جیهان هەبووە، بێگومان ئێمەش بەشێکین لەو چالاکییە جیهانییانە. بەڵام بیرۆکەی دامەزراندنی تاقیگەی شانۆی لالەش بۆ گرۆتۆڤسکی ناگەڕێتەوە.
کارکردنی ئێمە لەتەک میتۆدی پێرفۆرمانسیدا جەخت دەخاتە سەر “پیرفۆرمێر” وەکوو مرۆڤ، نەک تەنها وەکوو نومایشتکارێک، هەروەها گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین کە پێرفۆرمێر، لە پڕۆژەکانی ئێمەدا بەرجەستە و نوێنەرایەتیی هیچ ڕۆڵ و فیگورێک ناکات. واتە پڕۆسەی ترانسفۆرمەیشن لە مانا ناسراوەکەیدا لە کاری ئێمەدا بوونی نییە.
پێرفۆرمێر لای ئێمە وەکوو خودێکی تەواو، وەکوو کائینێکی یەکگرتوو لە خۆبەئەنجامگەیاندندا، بە پڕۆسەی ترانسفۆرمەیشن دەگات و لە چەقی پێرفۆمانسەکانماندایە. ئەم ئامادەگییەش وا دەکات کە کەسی پێرفۆرمێر بە تەنیا ببێتە خوڵقێنەری پانتایی و ئەتمۆسفێر و کۆمەنیکەیشن.
تیشک: ڕەنگە بەردەنگەکانی ئێمە “پیتر برۆک” زیاتر بە فیلمەکانیەوە بناسنەوە. بەڵام دەزانین برۆک دەستێکی باڵای لە شانۆی مۆدێرنی بریتانیدا هەیە و زیاتریش بەوە ناسراوە کە هەوڵ دەدا بۆ هەندێک ئێلێمان (توخم) بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (بۆ نموونە لە شانۆی ئۆرگاست لە پێرسپۆلیس) حەز دەکەین لەم دەروازەیەوە زیاتر ئاگاداری بیرۆکەکانی ئێوە بین.
نیگار: کاری لابۆراتۆری ئێمە پشت بە پڕۆسەی بەکاربردنی دەنگ و ئەکسیۆنی گۆرانیئامێز دەبەستێت.
(دەنگ وەکوو سەرچاوە): خوازیاریەتی دەنگ بکاتە بینراو، هەروەها گەڕان بە دوای فیزیکالی و تەقسییەتی دەنگدا، واتە لەم پڕۆسەیەدا ئێمە لە هەوڵی ئەوەدا نین مانای وشەکان و ناوەڕۆکی تێکستەکان بەرجەستە بکەین. هەر لێرەشدا بە پێویستی دەزانم سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم کە سەرجەمی ئەکسیۆنە دەنگی و گۆرانیئامێزەکان، میلۆدیی خۆمانن. سەرەڕای ئەمەش هەندێک جار ڕوویداوە کە گۆرانییەک یاخود تەکنیکێکی دەنگیمان لە کولتوورێکی دیکەوە هێناوە، کە ڕەهەندی زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێشی لەخۆگرتووە، بەڵام ئێمە هەوڵمان نەداوە وەکوو خۆی بەکاری بهێنینەوە، بەڵکو کاری زۆرمان لەسەر کردوون تا بتوانین ئەکسیۆنێکی دەنگی و جەستەیی بیانخەینەکار.
ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژین کە کولتوورەکان زیاد لە هەموو سەردەمێکی تر تێکەڵ بە یەکن و نزیکن لەیەکەوە و ئاڵوگۆڕ و بەرکەوتەی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا هەیە، ئێمەی کوردیش خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژ و قووڵین و بەرکەوتەمان هەیە لەگەڵ چەندەها کولتووری دراوسێ و ناوچەکەماندا، و ئەمانە هەمووی بوونەتە سەرچاوەی بیر و هەست و خەیاڵی کەسایەتیمان، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە چۆن ئەم کولتوور و بەیەکگەیشتن و ئاڵوگۆڕە بە شێوەیەکی داهێنەرانە بەرهەم دەهێنینەوە.
من خۆم بە تایبەتی زیاد لە بیست ساڵە بە شێوەیەکی چڕوپڕ کار لەسەر تەکنیکی دەنگی (لارینکس/ لەرینەوی قوڕگ) دەکەم، لەم بوارەشدا زۆر سوودم لە تەکنیکی گۆرانیی سیاچەمانە و هۆرەی کوردی وەرگرتووە. ئەم تەکنیکە دەنگی و گۆرانیئامێزەش کۆنترین شێوازی گۆرانییە لە زۆرتین کولتوورەکانی جیهاندا و هەر کولتوورێکیش بە شێوازی تایبەتی خۆی ئەم تەکنیکە دەنگییەی راڤە دەکات. بەڵام کاتێک من ئەم تەکنیکە دەنگی و گۆرانییانە لە کاری پێرفۆرمانسیدا بەکاردەهێنم، ئەوا هەموو ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لەم بوارەدا هەیە پێم دەڵێن: “ڕاستە تۆ سەرچاوەت هەیە، بەڵام ئەمە خۆتیت، ئەمە ڕاڤەی تایبەتی داهێنانی نیگار حەسیبە”. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت هەر سەرچاوەیەک کە من سوودی لێ وەردەگرم و هەر تەکنیکێکی دەنگی و گۆرانیئامێز کە خۆم بەرهەمی دەهێنم، ئەوا لە کۆنتێکستێکی نوێ و ئینۆڤاتیڤدا دەیخەمەکار.
ئاوڕدانەوەی ئێمە لە کولتووری ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و کولتووری کوردیی خۆمان بە تایبەتی، پڕۆسەیەکی هونەرییە و لەسەر ئاستێکی باڵا دەخرێتە کار.
تیشک: تاقیگەی شانۆی لالەش بە دەستپێشخەری و هاوکارییەکی درێژخایەنی دوو هونەرمەند “نیگار حەسیب” و “شەماڵ ئەمین” دامەزراوە و ناسراوە. دەکرێ زیاتر لەسەر ئەم هاوکارییە بۆمان بنووسن؟
نیگار: شەماڵ ئەمین و من هەردووکمان دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی شاری بەغدادین لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر ئەو ساتەش شەماڵ لەتەک چەند شانۆکارێکی تر تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردیان لە شاری سلێمانی دامەزراند و منیش هەر لەسەرەتای دامەزراندی ئەم گرووپەوە بەردەوام کارم کردووە و چەندەها نومایشتی سەرکەتوومان لە كوردستان پێشکەش کردووە و تا ئەمڕۆکەش ئەو ئەزموونانە باس دەکرێن.
لە کۆتاییی ساڵی نەوەدا گەیشتینە وڵاتی نەمسا و پاش سێ مانگ یەکەم نومایشتمان لە شاری ڤییەنا پێشکەش کرد و بەردەوام بووین لە کاری شانۆییی خۆمان و دەستمان کرد بە خوێندن لە کۆلێژی زانستی شانۆ و کۆلێژی سۆسیۆ کولتوور ئەنتەرۆپۆلۆژی لە زانکۆی ڤییەنا و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرامان بەدەست هێناوە.
دامەزراندنی لابۆری شانۆی لالەش لە ساڵی ١٩٩٨، پێداویستییەکی گرنگی پڕۆسەی کارکردنمان بوو لە بواری دەنگ و جەستەی ئامادە و مەبەستمان لە کاری لابۆری، قووڵبوونەوە و توێژینەوەی بەردەوام و پڕاوپڕی ئەم پڕۆسەیەیە. لە ساڵی دووهەزاریشەوە هۆڵی شانۆییی تایبەت بە خۆمانمان کردووەتەوە لە شاری ڤییەنا، بە پشتگیریی دەزگای هونەر و کولتووری شاری ڤییەنا و وەزارەتی هونەر و کولتووری وڵاتی نەمسا.
تیشک: ڤییەنا وەک یەکێک لە پێتەختە گرنگەکانی هونەر لە دنیادا ناسراوە. دەرکەوتن و پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری لەم شارە لەگەڵ ئەوەدا دەرفەتی بۆ دەڕەخسێ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاستی بەرزی کارە هاوشێوەکان ڕەنگە بەربەستێک بن کە دوو هونەرمەندی کورد بتوانن درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن. ئێوە چۆن توانیوتانە شانۆ و پێرفۆرمانسەکانتان نیشان بدەن کە ببێتە جێی سەرنجی بینەران؟
نیگار: هەر لەسەرەتاوە شێوەی تایبەتی و جیاوازی کارکردنی لابۆری شانۆی لالەش لە بواری پیرفۆرمانسدا، جێی سەرنج و گرنگی پێدانی شانۆکاران و ڕەخنەگران و بیرکارانی شانۆ و ئەنترۆپۆلۆژی و دامودەزگا هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی وڵاتی نەمسا بوو، گەر تۆ خاوەنی کۆنسێپتێکی نوێی کارکردن بیت، ئەوا بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکانت لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت، مەحاڵ نییە. بێگومان ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نەبووە، شەونخوونیمان بەدیار ئەم پڕۆژەیەوە کێشاوە و ماندوو و شەکەت بووین، بەڵام بەختەوەرین کە گەیشتووینەتە ئەم ئامانجەی کە خۆتان دەرکی پێ دەکەن. ئێمە نەک تەنها لە نەمسا، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهاندا پڕۆژەکانمان بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاندووە.
تیشک: هەندێک بابەتی بەرهەمەکانی ئێوە بوونەتە جۆرێک لە پێناسەی تایبەت بۆ شانۆگەریی لالەش. بۆ نموونە بەکارهێنانی چەندین زمانی ڕەنگە دوور لە یەک (ئینگلیزی، کوردی، ئاڵمانی و عەرەبی). خۆتان دەزانن کە بەکارهێنانی زمان یەکێک لە ئامرازەکانی پەیوەندیی شانۆکارە لەگەڵ بینەرەکان. ئێوە چۆن توانیوتانە لەمپەری چەندین زمانی جیا بکەنە کەرەسەی سەرکەوتن؟
نیگار: وەکوو باسم لێوەکرد، بناغەی کاری ئێمە دەنگە.
دەنگ سەرچاوەی کردارە فیزیکاڵییەکانە و ئەتمۆسفێر و پانتایی و چیرۆکەکان دەخوڵقێنێت.
زمانیش یەکەیەکی دەنگییە و هەموو زمانێک ڕیتم و ڕەنینی تایبەتی خۆی هەیە و بێگومان گرنگە کە کاریگەریی جوگرافی و کولتووریی سەرهەڵدانی زمانەکان پەیڕەوی بکرێت.
لە پێرفۆرمانسەکانماندا زۆر جار زمانی جیاجیای وەکوو زمانە ناسراوەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیسپانی و کوردی و عەرەبی و فارسی بەکاردەهێنین. ئەوا بە مەبەستەوە ئاوڕیش لە زمانە کۆنەکان دەدەینەوە، کە ئەمڕۆکە بەکارناهێرێن و یاخود کۆمەڵێک کەسانی کەم لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاریان دەهێنن، وەکوو زمانی کوردیی کۆنی سەردەمی زەردەشت، زمانی قوپطی لە وڵاتی میسر، زمانی کێلتەکان لە ئیرلەندا و زمانی سۆمەری-ئەکەدی. ئەمەش لە بواری هەڵبژاردنێکی دانسقەی تێکستە ڕیتمییەکان ڕوودەدات کە خۆم میلۆدییان بۆ دادەنێم و هەندێکیان ئیندیڤیدوێلیی و هەندیکی تریشیان لەتەک گرووپە نێونەتەوەییەکەماندا کاری لەسەر دەکەم. هەروەها شەماڵیش زۆربەی تێکستەکان بە شێوەیەکی ڕیتمی و میلۆدیی جیاواز بەکاردەخات.
هەردووکمان هەوڵی ئەوە دەدەین کە سەرچاوە ئەرخایی و کۆنەکان لە پانتایییەکی ئێستایدا بخەینە کار، کە چیدی ئێکسۆتیک نین، بەڵکوو ئێمەین لە ئێستا و لێرەدا..
بەدەر لەم زمانانەش ئەوا گرنگترین زمان کە ئێمە لە پێرفۆرمانسەکانماندا بەکاری دەهێنین هەڵبەتە ئەو زمانە هونەرییەیە کە خۆمان دەیخوڵقێنین. ئەم زمانەش بەدەرە لە زمانێکی لینگویستیکی ناسراو.
ئەم زمانە هونەرییە بریتی نییە لە یاریکردنی سەربەست بە فۆکاڵەکان، بەڵکوو وەکوو هەموو زمانێکی تر کۆنتێکستی زمانی خۆی هەیە.
تا ئەم ساتەش هەموو بینەران لەهەر شوێنیکی ئەم جیهانەدا کە ئێمە پڕۆژەکانمان بە ئەنجام گەیاندووە، لەو باوەڕەدا نەبوون کە ئەمە زمانێکی نا-لینگویستی تایبەت بە داهێنەرانەی خۆمان بێت، بۆیە هەمیشە پرسیاری ئەوەمان لێ کراوە کە ئەمە چ زمانێکە ئێمە بەکاری دەهێنین.
لێرەدا بە گرنگی دەزانم ئاماژەی ئەوەش بکەم کە سەرجەمی پڕۆسەی کارکردنمان لەسەر ئەکسیۆنە دەنگی و گۆرانیئامێزەکان، بە زمانی هونەریی خۆمان لە پیرفۆرمانسێکەوە بۆ پێرفۆرمانسێکی تر لە گۆڕان و توێژینەوەی ئەزموونکاریی بەردەوامدایە.
من لێرەدا حەزدەکەم پرسیارێک بووروژێنم: ئایا ئەم زمانە هونەرییە نا-لینگویستیکییە و بەکارهێنانی زمانە کۆنەکان، توانای خوڵقاندنی پڕۆسەی کۆمەنیکەیشنیان هەیە لە پێرفۆرمانسدا؟
لە وەڵامدا دەڵێم: گرنگ نیە من چی دەڵێم، بەڵکو گرنگ ئەوەیە چۆن دەیڵێم.
تیشک: گواستنەوەی تایبەتمەندییەکانی چەندین کولتوور لە لایەکەوە و تێکەڵکردنی لەگەڵ ریتواڵە ئایینییەکان و تەنانەت دەنس و مۆسیقای جاز، چۆن دەتوانێ وەک مارکەی شانۆگەریی لالەش سەیر بکرێ؟
نیگار: ڕاستە ئێمە بۆ پێناسەی میتۆدی کارکردنمان، چەمکی ڕیتواڵ زۆر بەکاردەهێنین، بەڵام هەرگیز ڕیتواڵی نەتەوەیەکمان نەهێناوە تاوەکوو لە پێرفۆرمانسێکدا بەکاری بهێنین، چونکە ئەوە کارێکی مەحاڵە.
هەموو ڕیتواڵێک شوێن و زەمەن و بەشداربووان و ئامانجی قووڵی خۆی هەیە و تەنها بۆ نەتەوەیەک یاخود بۆ گرووپێک لە خەڵک کاریگەری و مانا و بەهای خۆی هەیە. کە لەو شوێن و زەمەن و بەشداربووانە داپچڕینرا، ئەوا کاریگەری و بەهای خۆی ون دەکات و دەبێتە هەر شۆیەکی ئاساییی تر، بۆیە دەبینین ساتێک هەندێک ڕیتواڵ کە بە مەبەستی موتعە بۆ گەشتیاران بەڕێوە دەبرێت، هیج کاریگەرییەکی قووڵیان نییە و تەنها بۆ چێژی چاو وەکوو ڕووکەش قابیل بە سەیرکردنن.
ئێمە کە باس لە ڕیتواڵ دەکەین، دەگەڕێینەوە سەر ڕەگەزە ڕیتواڵییەکان کە بۆ کاری ئێمە زۆر سوودبەخشن، بە تایبەتی ئەو سێ هەنگاوە گرنگەی کە لە هەموو ڕیتواڵێکدا پیایدا تێدەپەڕین، هەنگاوی ئامادەکردنی پانتایی و ئەتمۆسفێر و بەشداربووەکان، هەنگاوی بەڕێوەبردنی ڕیتواڵەکە و پاشانیش هەنگاوی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
هەروەها چەند ڕەگەزێکی گرنگی تری ڕیتواڵ، وەکوو پێکەوەیی، ئەتفۆسفێر، ئاڵوگۆڕی ئەنێرجی، نانخواردن و خواردنەوەی پێکەوەیی و هەموو ڕەگەزەکانی تری وەکوو گۆرانی و سەما و ڕیتم، بەهەمان شێوە لە پێرفۆرمانسەکانماندا گرنگیی خۆیان هەیە.
میوزیکی جاز پڕۆژەیەکی جیایە لە پیرفۆرمانسەکانمان، ئێمە ساڵانێکە لەتەک “گروپی ڕیفۆرم ئارت ئۆرکێسترا” کار دەکەین، ئەم گرووپە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر دەستی کۆمەڵێک میوزیشەنی جاز لە ڤییەنا دامەزراوە و سەرقاڵی ڕیگەیەکی نوێی جازن، بە تایبەتی لە ئەمەریکا ناوبانگیان دەرکردووە، ئەمان کار لەسەر ئیمپرۆڤیزەیشن دەکەن، من و شەماڵیش بە دەنگ ئیمپرۆڤیزەیشن دەکەین لەگەڵیاندا و چەندەها سیدیمان پێکەوە دەرکردووە و چەندەها کۆنسێرتمان لە شانۆکەی خۆمان و لە سەنتەری موزیکی جاز لە ڤییەنا پێشکەش کردووە، کە بەیەکگەیشتنی دەنگ و ڕیتمی ڕۆژهەڵاتی و کوردیی ئێمەیە لەگەڵ میوزکی جازی ڕۆژئاوایی.
لە دوای هەموو کۆنسێرتێک زۆربەی بینەرانی نێونەتەوەیی، سەریان لەوە دەسوڕمێت کە کەس لەم گرووپە نۆتە بەکارناهێنێت و پرۆڤەی پێکەوەیی ناکەین و هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختەش نییە لە نێوانماندا. ئەمەیە پڕۆژەکەمان لەتەک ڕیفۆرم ئاڕت ئۆرکێسترا کە بە پۆست ئیمپرۆ جاز ناسراوە.
تیشک: ئێوە هاوکات لەگەڵ شانۆ و پێرفۆرمانسەکانتاندا چالاکییەکی بەرچاوتان لە بواری فێرکاری لە ناوەند و زانکۆکان هەبووە. دەکرێ بڵێین شانۆگەریی لالەش بووەتە باڵوێزی کوردستان لە نەمسا؟ یا ڕەنگە بگوتری تەنانەت لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا توانیوتانە کولتووری فرە ڕەهەندی پێشکەش بکەن؟
نیگار: لابۆری شانۆی لالەش وا زیاد لە بیست ساڵە لەسەر ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتیدا خۆی سەلماندووە و جێ دەستی دیارە و لە چەندەها فێستیڤاڵ و کۆنفڕاسی نیودەوڵەتی و نێونەتەوەیی پێرفۆرمانسەکانمان پێشکەش کردووە و لە چەندەها کۆلێژی جیاجیا لە زانکۆی وڵاتانی جیاواز، وۆرکشۆپ و سیمینار و لابۆری کراوەمان بەڕێوەبردووە و لە هەموو ئەو وڵاتانەش وەکوو دوو خودی کوردی ناسراوین، هەرچەندە ئێمە بە ناوی نەمساوە لەو فێستیڤاڵ و کۆنفرانسانەدا بەشدار دەبین، چونکە وڵاتی نەمسا پشتگیریی هۆڵە شانۆییەکە و پڕۆژەکانمان دەکات و هەروەها ئێمە بەشێکین لە ژیانی کولتووریی نەمسا. لە چەندەها فێستیڤاڵی نێونەتەوییشدا خەڵاتی باشترین پێرفۆرمانس و خەڵاتی فەخریمان پێ دراوە.
من هەردەم دەڵیم: ئێمە دوو شانۆکاری جیهانین، بە ڕەچەڵەک کورد و بە پاسپۆرت نەمساوین
هەروەها شەماڵ دەڵێت: شانۆکەمان ڕووبارێکە، بە هەموو جیهاندا ڕەو دەکات
نیگار حەسیب قەرەداغی ٢٠٢٠
بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
www.lalishtheater.org


