ئارامتر بخوێنەوە!

وتووێژ لەگەڵ نیگار فرمێسک مستەفا

 

فرمێسک مستەفا، لەدایک بووی ١٩٦٦ لە شاری سلێمانییە. قۆناخەکانی خوێندن، تا دوا ئامادەیی لە سلێمانی بووە، دواجار بۆ خوێندنی شانۆ چووەتە بەغدا و لە زانکۆی بەغدا، کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە.
دوای تەواو کردنی خوێندنی شانۆ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و وەک مامۆستای هونەر و شانۆ لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان، پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، ئامادەییی خانزادی کچان، دوا ناوەندیی فریشتەی کچان، ناوەندی نەورۆزی کچان، ئامادەییی سلێمانی کچان، دەستبەکار دەبێ. لە چەندین کاری شانۆیی و درامای تیڤیدا نواندنی کردووە. لە گرووپە شانۆیییەکانی سالار، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان و نواندنی سلێمانی، بەشداریی چالاکییە هونەرییەکانی کردوون.
هەروەها بۆ ماوەیەک سکرتێری تیپی شانۆی ئەحمەد سالار بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ کوردستان بەجێدەهێڵێت و لە ئەڵمانیا خێزان پێک دێنێت و دەبێتە خاوەنی سێ جگەرگۆشە. ماوەی هەشت ساڵ وەک دایک ژیانی تەنیا بۆ خێزان و پەروەردەی کوڕەکانی تەرخان دەکات، بەڵام لە بواری چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوی کلتوریی شاری شتوتگارت کاردەکات. هەروەها وەک نووسەر لە ڕۆژنامەی پەیامی کورد لە شاری بۆن، وتار و کورتە چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠١ دەست دەکاتەوە بە بەشدارییە شانۆیییەکانی لە ئەڵمانیا و کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک مامۆستای ڕاهێنەر بۆ ماوەی شەش مانگ بە خۆبەخش لە زانکۆی سەلاحەدین، لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان، وانەی پراکتیکی نواندن و دەنگ دەڵێتەوە، دوایی بەگرێبەست بۆ دوو ساڵ دەستبەکار دەبێ.
وەک سەرپەرشتیاری بەشی درامای ڕادیۆ و سیناریست لە ڕادیۆی هێلین کاردەکات، هەروەها وەک نووسەر لە ڕۆژنامەکانی هەولێر و وشە گۆشە دەنووسێت. بابەتەکانی دیکەی لە گۆڤاری ڕامان بڵاو دەکاتەوە و دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕاز دەبێ لە سلێمانی.
هەروەها بێجگە لە بەشداریی نواندن لە شانۆ و درامادا، وەک چالاکی مەدەنی بەشداریی چەندین چالاکیی کردووە. دواجار لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان دەبيتە فەرمانبەر. لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئيستە لەسەر سەکۆی شانۆی ئەڵمانیا وەک ئەکتەر ڕۆڵ دەبینێت. هەروەها وەک چالاکوانی بواری جێندەری کاردەکات و لە ئەنجومەنی هەردوو پارێزگای فێلباخ و شتوتگارت، لە بوارەکانی یەکسانی و سیاسەتی ئینتگراسیۆندا کاری خۆبەخش دەکات.
رێکخەر و بەڕێوەبەری دیداری خانمانی شانۆیە.
ئەندامی شانۆی کوردیی ئەڵمانییە لە شاری بۆن بە ناوی Nexsus
هەروەها ئەکتەری میوانە لە هەردوو ماڵی شانۆیی Tri Bühne, Theaterhaus لە شاری شتوتگارت.

تیشک: بە تێپەڕینی مەودایەکی زۆر لە نێوان دەستپێکی هونەری شانۆ لە کوردستان و قۆناغە جیاوازەکانی هونەر بە گشتی، زۆربەی هونەرمەندان و مامۆستایانی بواری هونەری شانۆ و نواندن، بوونی بنەمایەکی تیۆری لە هونەری کوردیدا بە پێویست دەزانن و دەشڵێن ئەو بنەما تیۆرییە پێویستی بە ڕۆشنبیریی گشتی هەیە لە بواری نواندنیشدا بەتایبەتی. پێتانوایە ئێستا کورد خاوەنی بنەمای تیۆرییە لە شانۆگەریدا؟

فرمێسک مستەفا: ڕۆشنبیریی گشتی، بۆ هەموو مرۆڤێک وەک ئەو ئۆکسجینەیە بۆ مێشک دەچێت و بە هۆیەوە چالاکییەکانی بەدەنی و زیهنی گەشەدەکات.  بۆ شانۆکار دووجار ئەمە گرنگە، جارێک بۆ خزمەتی خۆی وەک مرۆڤ، جارێکیش وەک شانۆکار بۆ خزمەتی ئەو ڕۆڵەی پێی هەڵدەستێ وەک نواندن،  بەهەمان شت بۆ دەرهێنەر و نووسەری درامیش.  تێگەیەشتن لە ژیان دەرئەنجامی ڕۆشنبیرییە.
هەموو زانستێ لە تیۆرییەکەوە سەرچاوە دەگرێ، دوایی پراکتیزە دەکرێت. لە زانستی گەشەکردنی قۆناخەکانی شانۆ، دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی فەیلەسووفەکان و لەگەڵ سەدەکاندا هاوتەریبی تیۆرییە فەلسەفییەکان وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینیووە. بۆ نموونە لە سەرهەڵدانی فەلسەفەی بوونگەرایی، فەلسەفەی دادایییەکان، فەلسەفەی سوقرات لە یۆنان، فەلسەفەی مارکیسزم و هتد،  چەندین ڕێچکەی بۆ  نووسەرانی شانۆ خوڵقاند و بوونە خاوەنی قوتابخانەی تایبەت بەخۆیان و هێنانە ناوەوەی میتودی جیاواز لە شانۆدا و بەمەیش بواری پراکتیزەی شانۆ بەرفراوانتر بوو. لە شانۆ لە کڵێساکاندا و بۆنەی ئایینیی لە گریکی کۆن، لەسەر دەستی ئەسخیلۆس و یۆربیدس و سۆفۆکلیسدا، گواستنەوەی بۆ قوتابخانەی مەلحەمی برێخت، قوتابخانەی پێشڕەوی بێکێت و جان جینێ و یونسکۆ و ئادامۆڤ. بێ لە چەندین نووسەری جیهانیی دیکە کە شانۆنامەکانیان لەسەر بنەما فەلسەفییەکانی قۆناخە جیاوازەکان نووسیووە، وەک سارتر، نیتچە، کلاسیک لای شکسپیر و زۆر نموونەی تریش هەن .
لە هەمان کاتدا  ئەمە بۆ دەرهێنەرەکانیش هەمان شت بووە، کە خاوەنی میتۆدی تیۆریی خۆیان بوون و دواجار پراکتیزەیان کردووە، وەک زاناکانی کارەبا و ماتماتیک و فیزیا و کیمیا بوون. نموونەش مایرهۆڵد لە تەکنیکی جەستە، برێخت لە لابردنی دیواری چوارەم و داڕشتنی تێکستی شیعری شانۆیی.  شانۆی هەژاری بۆئال، ئەزمونگەری، ئاهەنگسازی و موزیک، شانۆی وێنە، شانۆی کلاسیک، کۆمیدی دیلارتی، شانۆی سیاسی، تەکنیکی نواندن لای ستانیسلافیسکی و چێخۆف و ئۆگستین و چەندینی تریش کە پێشڕەو بوون لە بەرفراوانکردنی پانتاییی تیۆریی زانستی شانۆ و پراکتیزەی ئەو زانستە بە شێوازێکی ئەکادیمیی پتەو. کە شانۆیەکی ڕەسەن بۆ نەوەکان پێکبێت و قوتابییان و ئەماتۆرەکانی شانۆ لەو سەرچاوە تێۆرییانەوە پەرە بە خۆیان بدەن و خۆیان لە شانۆدا بناسن، بەپێی توانا و بەهرە خۆڕسکە بایۆلۆجییەکەیان، ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە و بیردۆزی خۆیان لە شانۆدا دەستنیشان بکەن و نمایشەکانیان هەڵبژێرن.

تیشک: ئایا کورد توانیویەتی ببێتە خاوەن شانۆیەک بە تایبەتمەندیی کوردییەوە، یان زیاتر هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەزموونی نەتەوەکانی دیکەی داوە ؟

فرمێسک مستەفا: شانۆ دەکرێ شناسێک بێت بۆ گەلەکەی خۆی، وەک ئەوەی لە یۆنان، ئیتالیا، نەرویج، سوید و ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، ژاپۆن، پۆلۆنیا، بەریتانیا و دواجاریش ئەمریکا هەبووە. لەسەر دەستی نووسەرانی شانۆی هەریەکێک لەم وڵاتانەدا و دروست بوونی شانۆ تێیاندا گرێدراوە بە ڕەوڕەوەی ڕووداوە مێژوویییەکان و، پێشکەوتنی سیاسی و فەلسەفیی هەر یەکێک لەم وڵاتانە، دۆخێکی بۆ نووسەران ودەرهێنەران و ئەکتەرەکانیان خوڵقاند کە شانۆکەیان شناسی خۆی هەبێ و بەجیهاندا بڵاو ببێتەوە و لە چوارچێوەی ئەکادیمیدا پەیڕەو بکرێ.
شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی میراتگری ئەو قوتابخانانەی شانۆن لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێ داون. شانۆی کوردییش یەکێکە لەو میراتگرانەی شانۆی دەرەوەی خۆی. تاکی کورد هەمیشە لە گەڕاندابووە بۆ شناسی خۆی، لە شانۆشدا بە هەمان شێوە ئەمە دووبارە بۆتەوە.

تیشک: پێتان وایە شانۆی کوردی توانیویە لەگەڵ نوێبوونەوەی چەمکە هونەرییەکان، بڕەو بە بواری مۆدێڕنیتە و نوێبوونەوەی هونەر بدات یان بە هۆی بەردەوامیی دووبارەبوونەوەی لە چوارچێوەی کلتوور و مێژوویەکی دیاریکراودا، ئەو قۆناغەی پشتگوێ خستووە؟

فرمێسک مستەفا: شانۆی کوردی بە پێی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە، گۆڕانی بەخۆیەوە بینیووە. دواجار شانۆی کوردی لەچوارچێوەی سیستماتیکی جێبەجێ نەکراوە، هەر بەو شێوە  ستراتیجییە تەقلیدییەی لەوەتەی هەیە کار دەکات، کار و پرۆگرامی گرووپە شانۆیییەکان و میکانیزمی بەڕێوەبەرایەتی و دەزگا کلتورییەکانیش بە هەمان شێوەن. ڕاستە لەهەر قۆناخێکدا کۆمەڵێک نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەری بە توانا دەردەکەون و خاوەنی میتۆدی تایبەت بە خۆیانن و لە پێناو گۆڕینی ئەو باوە چەندین ساڵەیەی لە شانۆی کوردیدا هەبووە ماندوو بوون. (بێگومان مەبەستم کوردستانی باشوورە، چونکە ئاگاداری ڕەوشی شانۆی بەشەکانی دیکە نیم) بەڵام واقعی ژیانی کورد هێندە سەخت و پەڕتەوازەیە، نەیتوانیوە هەنگاوێک یان گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیەوە ببینێت. تا میکانیزمی تەکنیکی ئیداری لە شانۆی کوردیدا نەگۆڕێت، ئەستەمە بتوانێ خۆی لە دووبارەبوونەوە دەرباز بکات.
گرنگ نییە شانۆی خۆماڵیی سوننەتیمان هەبێ بڵێین سەربە شانۆی کوردیین. ئەو شانۆیەش سەرچاوەکەی لە تیۆرییەکی جیهانییەوە سەری هەڵداوە، لە شانۆی دیکەی جیهانییشدا هەر وایە. گرێدانی ئێستا و ئێرەیە بەو تێکست و میتۆدانەی لە خودی زانستی فەلسەفەی شانۆدا هەیە، ناوی شانۆی سەردەم یان ئەمڕۆکەیە.
ئەوەی بۆ من وەک شانۆکار گرنگە، کورد بەڕێوەبردنێکی سەردەمیانەی شانۆی هەبێ. ئەوی دیکە لە ژێر چارۆکەی ئەو میکانزم و سستەمەدا، قۆناخێکی نوێی سەردەمیانە دەخوڵقێ.

تیشک: ئێوە یەکەم بەشداریتان لە شانۆ، لە ساڵی 1983 بووە، سەردەمێک کە زەحمەتە بۆ ژن کە بتوانێت لەو کەشوهەوا نامۆ بە ژن و کلتورە سەپێندراوەی کۆمەڵگای کوردیدا بەو شێوەیە لە بوارێکی هونەری وەک نواندن و شانۆدا دەربکەوێت، لەو کاتەوە تا ئێستا چ جیاوازییەک لە نێو گۆڕانکارییەکاندا دەبیین لە کوردستان بۆ پێگەی ژن لە هونەری کوردیدا؟

فرمێسک مستەفا: لەچاو ڕۆڵی ژن لە بوار و کایەکانی تری ئەمڕۆ کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێت، پێگەی ژن لە شانۆی کوردیدا، پێگەیەکی پاسیڤە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونە تەقلیدییەکەی کە لە بەڕێوەبردنی خودی شانۆدا دەبینرێت لە لایەک، لە لایەکی دیکەش خودی ئەو ژنانەی دێنە بوارەکەوە، حەوسەڵەی پەروەردەی خۆیانیان لەو بوارەدا نییە. بەداخەوە  دەتوانی بە پەنجەی دەست بیژمێریت کە چەند ژنی جدییمان هەیە لە شانۆدا و چەندی ئەکادیمیمان هەیە!! دەرهێنەر، نووسەر، ڕەخنەگر، تەکنیککاری شانۆ، دیزاینەر، دراماتۆگ، ئەم پسپۆرانە بۆ پیاوەکانیش کەمن، ئەوە بۆ ژنەکان هەر زۆر دەگمەنە. لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی بەرفراوان ژنان لە شانۆدا لە پیاوان چالاکترن. لەسەدا شەستی ماڵە شانۆیییەکان ژنان بەڕێوەی دەبەن. لە کوردستان کاری بەڕێوەبەرایەتی، بەگشتی نەک هەرلە شانۆدا، لە دامودەزگاکانی تریشدا، بەزۆری  تەنیا بۆ پیاوەکانە. دوو گرووپ هەن بەڕێوەبەریان ژنن. گرووپی شانۆی با و شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە. لەناو ئەو هەموو گرووپانەی هەن یان بەڕێوەبەرایەتییە کلتورییەکان و پەیمانگە و کۆلێژە هونەرییەکانیش هەر بۆ پیاو دانراون و ژن تێیدا فیگۆرێکی پاسیڤی وەلاخراوە.

تیشک: پێتان وایە قۆناغەکانی شانۆ پەیوەستە بە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا یان شانۆ و سیاسەت دوو ئاراستەی جیاوازن لە یەکتر؟

فرمێسک مستەفا:سیاسەتی شانۆ، سیاسەت کردنە.. بەڵام چۆن؟ بە چ شێوازێک لەسەر شانۆ و لە نمایشێکدا بەرجەستەی دەکەیت؟ ڕەخنەگرتن، تەنز، شرۆڤەیە لە چوارچێوەی تێکست یان بێ بوونی تێکستیش، لە ڕێی تەکنیکەکانی تری شانۆوە دەکرێ ئەنجام بدرێ. گرنگ تۆ ئامانجت چییە؟ ئێمە تا ڕادایەک بە هەڵە لە سیاسەت لەشانۆدا گەیشتووین، وا دەزانین گوتنی شیعاراتە. هەندێ کات باسکردن لە خێزانێک لە ئەمڕۆدا سیاسەتە، نورای ئەپسن شانۆیەکی سیاسییە. بەڵام دایکە ئازاکە بە قەولی برێخت خۆی سیاسی نییە. یان نایەوێ بیکاتە ئەو قاڵبەوە کە ئێمە  لامان شانۆنامەیەکی سیاسییە. من وەک ئەکتەر لە دوو شانۆنامەدا لە ئەڵمانیا ڕۆڵ دەبینم، دوو شانۆنامەی سیاسین، یەکێکیان واقعی ناو کارگەیەکی چنینە. ئەوی دیکەیان واقعی ژیانی ژن و کۆمەڵگەیە، ڕووداوەکانیان یەکێکیان لە کارگەیەکە و ئەویتریان لە حەمامێکی ژناندایە. هەروەها  بەشداریم لە سێ بۆ چوار کاری پێرفۆرمانس هەیە، کە هەموویان سەرچاوەیەکی سیاسییان هەیە. شانۆیەک باس لە ئێستە و ئەوڕۆی کوردبکات سیاسییە.

تیشک: ئیوە لە دەرەوەی کوردستان ئەزموونتان لە بواری شانۆدا هەیە و لەوێش لەگەڵ هونەری هونەرمەندانی شانۆکاردا تێکەڵاوییەکتان هەبووە، پێتان وایە ئەو ئەزموونە چییە لە شانۆی وڵاتانی ئەورووپیدا کە پێویستە کورد کەڵکی لێ وەربگرێت؟

فرمێسک مستەفا: جیاوازییەکان زۆر زۆرن. هەر لە سەرەتای پرۆسە شانۆیییەکە، یاخود  شێوازی بەڕێوەبردن و سیستەمی شانۆ، جیاوازی هەیە.  کە باسکردن لێی زۆر بەرفراوانە.. بەراوەردی بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئێمە خاوەنی شانۆ نین. تەنیا خۆمان پێوە سەرقاڵ کردووە. بە داخێکی زۆرەوە ئەمە ئەڵێم دوای تەمەنێکی زۆری سی و شەش ساڵم لەشانۆی کوردیدا و پێنج ساڵی کارکردنم وەک ئەکتەر لە شانۆی ئەڵمانیدا، جیاوازی لەهەموو سوچێکدا دەبینرێ. لەخودی تێگەیشتن لە شانۆوە تا دەگاتە شێوازی فرۆشتنی بلیت کە سادەترین شتە. ئەو ئەزموونەش تەنیا گۆڕینی سستەمی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی شانۆیە.

تیشک: ئەمەوێ بەراوردێکمان هەبێت لە نێوان ئەزموونی ژنی کورد لە بواری شانۆ لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان، ئێوە چۆن پێناسەی ئەم دوو ئەزموونە دەکەن؟

فرمێسک مستەفا: کاتێ شانۆ لە نێوان ئەوروپا و کوردستان جیاوازیی نێوان ئەرز و ئاسمانی هەبێ، دەبێ لە شانۆکارییشدا هەروابێ، من هەڵبەتە مەبەستم لە توانا و بەهرە نییە، ، ژنی شانۆکاری کورد هیچی کەمتر نییە لە  ژنە شانۆکارێکی ئەورووپی. ژنە شانۆکارە ئەوروپییەکە بەهۆی کارکردنی بەردەوامی لەسەر ستەیج،  تواناکانی خۆی دەناسێت و خودێکی ئازادی هەیە. زۆربەی ژنە شانۆکارە کوردەکان، بە هۆی ئەوەی بواریان بۆ نەڕەخساوە، توانای تەواوی خۆیان تا ئێستە نەناسیووە. هەربۆیە سەرەتاش ئاماژەم بەوە دا کە ڕۆڵێکی پاسیڤیان دراوەتێ بۆ نموونە ئایا دەتوانێ سەما بکات؟ چ جۆرە سەمایەک دەزانێت؟  جەستەی وەک ژن و ئەوسا وەک شانۆکار دەناسێت؟ لە چەند خول و ڕاهێناندا پەروەدەی دەنگی خۆی کردووە؟ ڕۆژانەی خۆی لەدەروەی شانۆ بەچییەوە سەرقاڵە؟ لەچ بوارێکی دیکەی داهێناندا کاردەکات؟ چالاکییە مرۆڤایەتییەکانی چین؟ مەعریفەی شانۆ و ژیان و ڕۆشنبیریی تا چ ئاستێکە؟ ئەمە شانۆکاری پیاوی کوردیش دەگرێتەوە. شانۆکاری ژنی ئەوروپی ئەمانە دەزانێت، بە حوکمی ستراتێژیی کارکردن لەشانۆدا، بێ لە پەروەردە ی کۆمەڵایەتی و فێرکردن و پەروردەکردنی لە فێرگە جیاوازەکانی قۆناخی ژیانیدا.  وە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنی شانۆکار، کە هێشتا ژنی شانۆکاری کورد بەمانە نەگەیشتووە.  دەنا توانا و بەهرەیەکی باشی هەیە بەداخەوە لە چوارچێوەیەکی سستدا زیندانی کراوە.

تیشک: لە بیرکردنەوەی فرمێسک مستەفا، ژن چ پێگەیەکی لە دەقی شانۆکاندا بووە. ئایا هەوڵت داوە نوێنەرایەتیی ژنی کورد بکەی و ئازار و مەینەتی و بێ مافیی ژنان بنوێنی؟

فرمێسک مستەفا: ماوەی چەند ساڵێک گۆشەیەکم هەبوو لە ڕۆژنامەی هەولێر بە ناوی ( ئەفرۆدیت) لەو وتارانەدا هەوڵم دابوو کە باس لە کەسایەتییەکی ژن بکەم لە یەکێک لە تێکستە شانۆییەکاندا و شرۆڤەی ڕۆڵی ئەو کەسایەتییە و گرێدانی بە ئێستەوە و بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا چەند ئەو کەسایەتیە نزیکە لە ژنی کوردەوە. بۆ نمونە نورای ئەپسن، گەر نورا بێتە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟ و بڕیاری کۆتایی چۆن دەبێ؟
بۆ یەکەمین جار کە ئەم نمایشە لە نەروێژەوە هاتە ئەوروپا، لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا. نورا ماڵەکەی جێنەهێشت بەڵکوو مایەوە. واتە هەڵبژاردنی ژنەکان بە پێی کۆمەڵگەکە بەرجەستەکردنەکەی دەگۆڕێت. گەرچی لە ئەوروپادا گوترا، دەنگی داخستنی دەرگاکەی نورا گەیشتە ئەوروپا. جا گەر ئەم بابەتە بگوازرێتەوە بۆ کوردستان، نورا لە مێردەکەی خۆش دەبێ و بەهۆی منداڵەکانییەوە بە بوکەڵەییی خۆی ڕازی دەبێ. هەروەها شانۆنامەی زریانی ئەستۆفیسکی لە ڕوسیا. لە کۆتاییی سەدەی هەژدە، ئەم دەقە نوسراوە کە باس لە پەیوەندیی کوڕ و دایک و بوک دەکات. ژن ژن دەچەوسێنێتەوە و دایک سالاری لە چوارچێوەی ماڵێکدا پەیڕەو دەکرێ.
شانۆنامەکانم بە تایبەتی ئەوانەی لە ئەڵمانیا بە ئەنجامم گەیاندن، دەسپێکێک بوو بۆ فرمێسکی ژن، چۆن بگەڕێ بە دووی ئەو ڕۆڵانەدا کە گوزارشت لە پێگەی ژن بکەن. بۆ نموونە چەندین کاری پيرفۆرمانسیم کردووە، لەسەر تاوانی ژن کوشتن، یەکێک لەوانە چیرۆکی مەرگی ئەرخەوانیی مەهاباد قەرەداخی بوو، کە بۆ هەفتەی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان، لە چەندین شارۆچکە لە کوردستان پێشکەشم کرد، پێرفۆرمانسی سەرشەقام لە هەشتی مارسدا لە سلێمانی و ڕانیە و خانەقین و کەلار پێشکەشمان کرد، کە بۆ سنوور کرا و باسمان لە کارەساتی ژن کوشتن و چەوساندنەوەی کرد. دەقی شیعری مەهاباد قەرەداخی بوو، مۆنۆلۆگێکم بۆ دوعا نووسی و دەمودەست دوای بەردباران کردنەکەی بوو، لە شاری شتوتگارت نمایشم کرد. بێ لەو هەموو دەقانەی کە وەک خودی ئەکتەری ژن ڕۆڵم بینیوو.
هەروەها گوزارشت لە ژنی ئەنفال، لە سەرگوزشتەی دەفێک. مۆنۆدرامای تارماییی ژنێک کەخۆم کاری دەرهێنان و نواندنم بۆ کرد. لەم تەمەنە و دوای ئەو ئەزموونەی لە شانۆدا هەمە، ئارەزووی تەنیا ئەوە دەکەم دەنگی ژن بم لەسەر سەکۆ، چ وەک فرمێسکی ژن دەست لە شانۆ هەڵنەگرم و بتوانم بەرگری لە مرۆڤایەتی بکەم لەسەر سەکۆ، چ وەک فرمێسکی شانۆکار، ئەو لێپرسراوێتییە و وەسێتەی باوکم کردییە سەرشانم لەیەکەم هەنگاوم بۆ چوونە ناو دونیای خوێندنی شانۆ، کە پێی گوتم: ئیدی تۆ سەربازی ناو جەنگی، کەی هێرش کرا، دەبێ تۆ ئامادە و پڕچەک بیت. ئەمە بووە فەلسە و موتیڤی کارم لەشانۆدا. ساڵی ٢٠١٣ دیداری خانمانی شانۆم ڕێکخست، سێ ڕۆژی خایاند، کە بە چالاکیی جۆراوجۆر و گۆڕینەوەی ڕا و گفتوگۆ لەسەر ئەوەی ئاریشەکانی بەردەم ژنی شانۆکاری کوردان چین و چۆن چارەسەر بکرێن؟ یادداشتمان نووسی بۆ چەندین لایەنی پەیوەندیدار، ئەوە بوو بەداخەوە جەنگی ڕەشی داعش یەخەی گرتین و نەمانتوانی هەنگاوی تر هەڵبهێنین. بەڵام دڵنیام دیدار زیندوو دەبێتەوە و ژنانی شانۆکار، یادداشتەکان جارێکی دیکە دادەڕێژنەوە و تەمەن بوار بدات، هەردەبێ بۆ ژنانی شانۆکاری کورد، هەموو هەوڵ و توانام بۆ ماف و ڕۆڵی حەقیقیی ئەوان، بخەمە گەڕ.