ئارامتر بخوێنەوە!
داهاتووی دایکایەتیکردن:
تێکنۆلۆژیی منداڵبوون (reproductive) و تیۆریی فێمێنیستی.
ئان دانشن
و: زریان ڕۆژهەڵات
گەڕانێک بە (یەکەم) ڕوانگە جێگرەوەکاندا بۆ داهێنانەکانی ئەم دواییانە لەبواری تێکنۆلۆژیی منداڵبووندا: پشتگیری لە تێکنیکگەلی نوێ لەسۆنگەی جۆرێک لە داهاتووی فێمێنیستییەوە کە ئاراستەی دەکەن؛ دژایەتیی بێسنوور سەرەڕای قازانجە دەرمانییەکان بۆ تاکەکانی ژن؛ یان دژایەتیی سنووردار کە بەستراوەتەوە بە هەڕەشەگەلی تایبەت لەسەر بەرژەوەندیی ژنان و، (دووهەم) پەیوەندییەکانی نێوان ئەم ڕوانینانە و ئەو بایەخانەی کە لە ئاکاری دایکایەتی جیا ناکرێنەوە.
پەرستارەکە وتی دەبوو پیشانی تۆی بدەم، بەڵام تۆ دەمودەست گەیشتیتە مەمکم. خێرا شیرت لێ خوارد. لەبیرمە چۆن بە دەمی بچووکی کۆ بووەوەت مەمکمت گرت و شیرت لێ دەرهێنا، چەند شیرین بوو. کەسێک کە هەرگیز نۆ مانگ منداڵێکی بەو قورسییە لەژێر دڵیدا هەڵنەگرتبێت، کە هەرگیز منداڵێکی لەناو ئازار و خوێندا نەهێنابێتە دنیا، کە هەرگیز شیری بە منداڵێک نەدابێت و… چۆن دەتوانێت بزانێت دایک چ مانایەکی هەیە. ئەوان چی لە دایکبوون دەزانن ؟
کانی ڕامۆس، دایکێکی سەردەمی ئێمە.
ئەوە بەشێک لە شۆڕشی دوورودرێژی ژنان بوو. کاتێک ئێمە خەریک بووین هەموو پلەبەندییە (hierarchy) کۆنەکانمان دەشکاند. لەکۆتاییدا یەک شت هەبوو کە ئێمەیش دەبوو ڕادەستی بکەین، تەنیا دەسەڵاتێک کە لەسەردەمی [داخوازی] ئەوەی کەس دەسەڵاتی زۆرتری نەبێت، بوومان. بەرهەمهێنانی سەرەکی: هێزی منداڵ هێنانەدنیا. چونکە تا کاتێک لەباری بیۆلۆژیکییەوە نەبەسترێینەوە، هیچکات یەکسان نابین و نێرینەکان هیچکات نابن بە مرۆڤيکی خاوەن خۆشەویستی و دڵسۆزی. بۆیە هەموومان بووین بە دایک. هەموو منداڵێک سێ دانەی هەیە. بۆ شکاندنی گرێدراوییە ناوەکییەکە.
لووسییێنت، دایکێک لە داهاتوویەکی ئەگەردا.
وتووێژی نێوان کانی و لووسیێنت لەناو عەردێکی خەیاڵیدا و لە گەڕانی مارژ پیێرسی لە کتێبی ژن لە لێواری زەمەندا(١٩٧٦،١٠٦-١٠٥) ڕوو دەدات. ئەوەی ئەو کۆمەڵگایەکی فەرهەنگیی دووڕەگەزەیە لەسەر بنەمای بایەخە فێمێنیستییەکان، کە لە پەراوێزی پێبەندبوون بە لەناوبردنی هەموو جیاکارییە سیستەماتیکەکانی ڕۆڵگەلە(role) ڕەگەزییەکان و سڕینەوەی منداڵبوونی بیۆلۆژیکی لە لایەن مێیینەکانەوە، ڕێکخراوە. لە جیاتیی ئەوە، ئەو مادە ژێنێتیکییەی کە لە مرۆڤی نێرینە و مێیینەوە وەردەگیرێت، لەناو کڕگەدا (brooder) هەڵدەگیرێت. واتا ئەو شوێنەی کە تێیدا دەئاوسێندرێت (fertilize) و ئاولەمەکە تا کاتی هاتنە دنیاوە تێیدا گەورە دەبێت. بەستراوەییی نێوان ژێنەکان (genes) و فەرهەنگ بە ئەنقەست دەشکێندرێت. زانیاریی سەرچاوەی ژێنێتیک دەسڕدرێتەوە. هێشتا شارۆمەندەکانی جیهانی لووسیێنت لەسەر ئەوەی دەستکاریی ژێنێتیکی بکرێت [یان نە] یەکدەنگ نین. ئەوان ئاگاداری نوقسانە سکوزاییەکان و ئەو ژێنانەی شیانی (susceptibility) ئەوەیان هەیە هەڵگری نەخۆشین بن هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لەسەر تایبەتمەندییە هەڵبژێردراوەکان منداڵیان نابێت. لەناو ئەواندا “بیچمدەرەکان” (shapers) لایەنگری منداڵبوونی هەڵبژێردراون؛ تێکەڵکارەکان (mixers) پێیان وایە کە خەڵک بە چەشنێکی بەرهەست (objectively) نازانن کە خۆیان دەبێت ببن بە چی. ئەوان پێشنیاری بیچمدەرەکان وەک ” شەپۆلی دەسەڵاتخوازی ” دەبینن (پیێرسی ١٩٧٦، ٢٢٦).
شێوازەکانی منداڵبوون لە کۆمەڵگای خەونستانی (utopia) پیێرسیدا لەیەکچوونێکی بەرچاوی لەگەڵ ئەو ڕێکخستنانەی منداڵبووندا هەیە کە لە مۆتەکستانی (dystopia) ئاڵدۆس هاکسڵی [لە] دنیای نوێی بوێر (١٩٣٢)دا بەدامەزراوە کراون، ئەگەرچی لەم داهاتووە خەیاڵییەدا، نەک تەنیا چاککردنی تۆرەمە(eugenics)، بەڵکوو گەندەڵکردنی تۆرەمەیش(dysgenics) بە جۆرێکی سیستەماتیک بەڕێوە دەچێت. ئەوان لە تاقیگەکانیاندا بەپێی پێڤاژۆی بۆکانۆسکی، ئاولەمە باشترەکان لەباری بیۆلۆژیکییەوە و بە ژمارەیەکی زۆرتریشەوە ئاولەمە خراپترەکان هەڵدەگرن ( ٩٦دوانەی هاوتا لە تاکە یەک هێلکە ) و پێش لە لەدایکبوون ژەهریان پێدا دەکرێت. ئەوانە لەکاتێکدا تێدادەبرێن بەئاستەم لە مرۆڤ ئەچن، بەڵام لە بەڕێوەبردنی کاری بەبێشارەزاییدا بەکەڵکن و، بە گونجاندنی باش، دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی ڕێكوپێکی ڕاسپاردەکانی سەرەوەی خۆیان، متمانەیان پێ بکرێت. لەدایکبوونەکان بەتەواوەتی بە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەڕێوە چوون.
لەکاتی دەرکەوتنی بیرۆکەکانی مۆتەکستانی هاکسڵییەوە، شیانی وەها دنیایەک زۆرتر لە ئێمەوە نزیک دەبێتەوە. توێژەران لە هەردوو [بواری] توێژینەوەی ژێنێتیک و تێکنۆلۆژییەکانی لەدایکبووندا هەنگاوی بنەڕەتییان هەڵگرتووە. ئاوسکردنی(insemination) دەستکرد بووە بە ڕووداوێکی ئاسایی. ئەگەرچی ئاوساندنی ناو شووشە (in vitro) و گواستنەوەی هێلکە، کەم سەردەکەوێت بەڵام بە بەربڵاوی بەڕێوە دەچێت. ژنانی لەباری ئابوورییەوە بێبەش، لەپێشدا لەبەردەستن بۆ ئەوەی لەبری پێدانێکی کەم وەک دایکی جێگرەوە بەکار ببرێن. کاتێک پێڤاژۆی منداڵبوون لەدەرەوەی منداڵدان دەبێت بە باو، ئیتر ئەوانیش دابەش دەکرێن. پێشتر گەیاندنی ئۆکسیژێن بۆ توێکڵەی (membrane) دەرەوەی لەش (خۆگونجاندنی مەکینەی دڵ – سییەکان) بە سەرکەوتووییەوە لە منداڵانی سووکتر لە ١ کیلۆگرامیشدا بەکار هێندراوە (بارتلێت ١٩٨٤). بۆ جارێک ئەرکی (function) ئاولەمەی دوانە بەسەرکەوتوویی لاسایی کراوەتەوە، گەیشتن لە هەڵکردن لەناو شووشەدا، بۆ توانای درێژەدان بە ژیان (گەشەی چنەی جەنین لەناو لوولەی تاقیگەدا) ڕەوتی بیۆلۆژیکیی سکپڕبوون لەباری تێکنیکییەوە هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەگەرچی ئەو واقعە ڕووتەی کە شیانی تێکنۆلۆژیکی ڕەنگە ببێت بەهۆی پەرەسەندن لە هەرکام لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکانی پیێرسی یان هاکسڵیدا، [بەڵام] دەسکەوتی دواتر لە کۆنترۆڵی سیاسیی کاریگەریی دانیشتوانی، تەنانەت گەورەتر و پەرشوبڵاوتر لەوەی هاکسڵی لە بیریدا بوو، تەنیا ڕوانین بۆ داهاتووە ناپیرۆزەکە زەقتر دەکاتەوە. ئەگەر منداڵبوون لە دەرەوەی منداڵدان لەبەردەست بێت، ونهێزی(potential) کۆبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی بە جۆرێکی پێوانەنەکراو زۆرتر دەبێت. ئەوانەی کە ئامرازەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکەن، دەتوانن بڕیاری دروستکردنی داهاتوویش بدەن.
ئەگەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ژنان بەستراوەتەوە بە دیاریکردنی ڕێچکەی داهاتووی تێکنۆلۆژیی منداڵبوونەوە، ژنان پێویستیان دەبێت بەکۆمەڵ بەشداری بکەن لە بیچمدان بە سیاسەتی گشتیدا. بەداخەوە، لەناو ژناندا زۆر بە کەمی باس لە بایەخە بناژۆییە لەمەترسی کەوتووەکان دەکرێت، یان ئەو ئامانجە کۆمەڵایەتییانەی کە بە باشی بڕەو بە بەختەوەریی ژنان دەدەن. ئەگەرچی زۆرێک لە نووسەرە فێمێنیستەکان بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو بەخەمبوونی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ زاڵبوونی زۆرتری تێکنۆلۆژییە پزیشکییەکانی منداڵبوونی کۆنترۆڵکراو دەربڕیوە و هێندێک ئاماژەیان بە ئاراستەیەک داوە کە تێیدا بەرژەوەندییە زاڵبووەکان جێگا بە تێکنۆلۆژیی منداڵبوون لەق دەکەن، ئەم باسوخواستە لە پەڕاوێزی نادیاری هەردوو بەستێنی گشتیی تیۆریسازیی فێمێنیستی و بواری تیۆریی کۆمەڵایەتی کە تیۆریی فێمێنیستی گرێچن کراوە لەگەڵیدا، ڕوویداوە. ئێستا پێویستە خەمەکانی فێمێنیستە بناژۆیییەکان لەپەیوەندی لەگەڵ منداڵبوونی کۆنترۆڵکراوی پزیشکیدا لەگەڵ هەوڵەکانی تیۆریسیەنە فێمێنیستەکاندا بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی ڕابردووی بەکۆمەڵی ژنان بخرێنە سەریەک و گرێدراوییەکانی بە داهاتووە فێمێنیستییەکانەوە هەڵێنجرێن. ئێمە پێویستە بەکۆمەڵ بیر لە جۆری سیاسەتی کۆمەڵایەتی بکەینەوە کە بەباشترین جۆر بتوانێت بناژۆییترین بەرژەوەندییەکانی ژنان دابین بکات: ئەگەرچی تواناییی منداڵ هێنانە دنیا، بایەخێکی ئەوەندە گەورەیە کە هیچ ئامانجێکی کۆمەڵایەتی کە لە هەر داهاتوویەکی تێکنۆلۆژیکیشدا بکرێت پێی بگەین، ناتوانێت بنبڕی بکات؛ ئەگەرچی هەموو داهێنانە تێکنۆلۆژییەکان لە ئاکاری منداڵبووندا سەرەڕای قازانجە دەرمانییەکانی بۆ هێندێک تاکی ژن دەبێت بسەپێندرێن؛ یان پێشکەوتنێکی تێکنۆلۆژیکیی تایبەت دەبێت هەنگاو بە هەنگاو پشتگیری بکرێت تا ئەو کاتەی کە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە خراپەکانی بە ڕوونی دەرکەون.
لە لاپەڕەکانی داهاتوودا دەمەوێت چوارچێوەیەک وێنا بکەم کە تێیدا وتووێژێکی فێمێنیستیی وەها ئەتوانێت بچێتە پێش. لەپێشدا، دەبێت بە کورتی باس لە بەکاربردنی تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبوون لەناو بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێستادا بکەم، دواتر ئەو تێگەیشتنە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە بنەماییانە باس بکەم کە پەیوەستن بە دەرکەوتنی تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبوونەوە و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و جێگرەوەکانی سیاسەت لەهەر تێگەیشتنێکدا بەناڕاستەوخۆ تێدەگەن و هەوڵ دەدەن پاشهاتەکانی ئەم پەرەسەندنانە بەلای بەرژەوەندییەکانی ژناندا بشکێننەوە. دواتر، لە لایەکەوە بە سەرنجدان بە باسوخواستەکانی تیۆریسییەنە فێمێنیستەکان کە لە جۆری شرۆڤەی خەونستانی شولمایس فایێرستۆن جیا کراونەتەوە و لەلایەکی ترەوە بەهۆی ئەو شرۆڤەکارە فێمێنیستانە کە هاودەنگن لەگەڵ پێشزانیارییە مۆتەکەستانییەکانی هاکسڵی لەپەیوەندی لەگەڵ داهاتوویەکدا کە تێیدا پەیوەندیی نێوان سکپڕبوون و زاوزێ دابڕاوە، هێندێک پرسیاری چەمکی و تیۆری لەسەر هەر ئەو بیرۆکەیەی داهاتووی فێمێنیستیی خەونەشاری دەورووژێنم: لە کۆتاییدا، تێگەیشتنەکانیان لە بەرانبەر فێمێنیستە خەونەشارییەکاندا دادەنێم، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی باشتر لە بنەمای کاردانەوەی فێمێنیستیی ئێستا بە داهێنانەکانی منداڵبوون ببێت. ئەگەرچی ئەوە لە بنەڕەتەوە لە تێبینی لەسەر سروشتی دەستێوەردانی تێکنۆلۆژی بۆخۆی، یان ترس لە پاشهاتە نزیکەکانی داهاتوویەکی تێکنۆلۆژیکیی وەهاوە سەرچاوە دەگرێت. من بە هێندێک تێبینی لەسەر ئەو پێشگریمانانە، کۆتاییی پێ دێنم کە جیاوازییە تیۆرییەکان لە نێوان فێمێنیستەکاندا دەستنیشان دەکەن و جۆری کاتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخی ئێستادا دەخەنە بەردەست.
بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێستا
ئەگەرچی بریتانیا و ئۆسترالیا، کۆمیسیۆنی نەتەوەیییان بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی تێکنۆلۆژییە نوێکانی منداڵبوون دامەزراندووە و سیاسەتی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیدار دادەڕێژن، لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا پەرەسەندن و بەکارهێنانی داهێنانەکانی منداڵبوون بەجێ هێڵراوە بۆ لێکدانەوەی تاکەکان بۆخۆیان و پزیشکەکان. ئەگەرچی لە ئاستی فێدراڵدا هێندێک تێبینی لەسەر بابەتە ئەخلاقییەکانی ئاوسکردنی ناو شووشە و گواستنەوەی ئاولەمە بووە، [بەڵام] تاقمی ڕاوێژکاری ئەخلاقی کە ئەم کارەی لەئەستۆ گرت، دوای خستنەبەردەستی ڕاپۆرتی سەرەتاییی خۆی لە ساڵی ١٩٧٩ دا هەڵوەشایەوە. ئەگەرچی توێژینەوەکان لەسەر ئەم پێڤاژۆگەلە کە لە ئاستی فێدراڵدا پشتگیری دەکرێن ناتوانن بەبێ دانپێدانانی کۆمیتە هەڵوەشاوەکە بەرەوپێش بڕۆن، هەردوو هەوڵەکانی توێژینەوەی تاکەکەسی و بازاڕدۆزیی (marketing) بازرگانی بۆ تێکنیکە نوێکانی منداڵبوون، کەم و زۆر، بەبێ ئاستەنگی ئەخلاقی بەرەوپێش دەچن، جیا لەوە مەگەر توێژەرێک خۆی ئەو ئاستەنگانە بسەپێنێت بەسەر خۆیدا. ئەو تاکەکەسانەی بە دوای ئەوەدا دەڕۆن کە لە بەرهەمی توێژینەوەکانی منداڵبوون کەڵک وەربگرن، ڕێگەپێدراون بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو پزیشکانەدا کە تەنیا بە ویژدانی تاکەکەسی و سەرچاوە ئابوورییەکانەوە بەستراونەتەوە، وتووێژ بکەن. لە وێنەکانی ئاوسکردنی دەستکرددا ، پیشەسازییەکی کۆتاژی ئاست خوار، [و] ئاستەنگی پزیشکی و ئابووری کەم و زۆر دروست دەبێت و هەڵبژاردنی تاکەکەسی بەتەنیایی دیاریکەر دەبێت. لەگەڵ ئەمەیشدا لەگەڵ زانیارییە بەردەستەکان کە بەجۆرێکی بنەڕەتی پەیوەندیدارن بە کۆنترۆڵکردنی دیاریدەرەوە (donors) (ڕاستترەکەی فرۆشیاری سپێرم، چونکە لە زۆربەی کاتدا بۆ بەرهەمەکەیان پووڵ وەردەگرن) دیسان هەڵبژاردنەکانی وەرگر سنووردارە. بەهۆی بەرپرسیاریەتییە قانوونییەکانەوە زۆربەی کات بێناونیشانبوونەکەیان دەپارێزرێت. ئەگەرچی زۆربەی وەرگرەکان پێیان باشە کە لە ئەو دیاریدەرانە سپێرم وەربگرن کە لەباری ژێنێتیکەوە چاودێری کراون، [بەڵام] بەردەوام داخوازیی دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاریی لەوجۆرە ڕەت دەکرێتەوە. لەو شوێنەدا کە ژنان هەوڵ دەدەن کە سپێرم لە دیاریدەرە ناسراوەکان و لەڕیگای کاناڵە نا-پزیشکییەکاندا وەربگرن، مەترسیی ئەوە هەیە کە ڕەنگە دواتر دیاریدەرەکە بانگەشەی باوکایەتی بکات.
بەم جۆرە هێندێک کۆنترۆڵ پێویستە، هەم لە ڕوانگەی ئەوانەی کە پێیان باشە بەر بە بڵاوبوونەوەی تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبوون بەگشتی بگیرێت و هەم لە بەرژەوەندیی ژنانی شوونەکردوو و نەزۆکیشدا کە هیوادارن لە داهێنانەکانی منداڵبوون بەهرەمەند ببن. کەوابوو، بابەتی سەرەکی، لەدەوری سروشتی ئەم کۆنترۆڵانە و ئەو ئامانجانەی کە ئاراستە دەکرێن، دەسووڕێتەوە. بەرژەوەندیی ژنان بە درێژەدان بە ئەم ڕەوتە هەوسارپچڕاوەی ئێستا باشتر دابین دەبێت کە ئازادیی منداڵبوون زۆرتر دەکات؟ کە تەنیا سنووردار کراوە بە توانای دۆزینەوەی پزیشکێکی یارمەتیدەر و توانای نەخۆشەکە بۆ پێدانی تێچووی خزمەتگوزارییەکەوە. یان دەبێت بژاردە بەردەستەکان سنووردار بکرێن بە هەڵبژاردنی سنووردار، لە هەردوو ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پێڤاژۆی پەرەسەندنی زۆرتری توێژینەوە؟
هەردوو ئەم تێگەیشتنانە لەلایەن لایەنگرانیانەوە وەک بژاردەیەک بۆ بەردەوامبوونی نەریتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەرگرییان لێ دەکرێت. یەکێک پێ لەسەر ئازادیی تاکەکەسی دادەگرێت؛ کەسێکی تر قورسایی دەدات بە مۆدێلە نەریتییەکانی منداڵبوون و باوکایەتی و دایکایەتی کردن. لەگەڵ ئەمەیشدا، پێداگران لەسەر بایەخە تاکەکەسییەکان بەرەولای داهێنانە تێکنۆلۆژییەکان دایدەشکێنێتەوە. سەرنجدان بە ڕۆڵی ناوەندیی بنەماڵەی بیۆلۆژیکی لە ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیدا، بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان دەبەستێتەوە و ئەتوانێت بەر بە پەرەسەندنی هەوسارپچڕاوی تێکنۆلۆژی بگرێت.
کاردانەوەی کۆمەڵایەتی بە ئاکارە داهێنەرانەکانی منداڵبوون لەجێدا دابەش دەبێت بۆسەر سێ دەستە: لایەنگرانی دەستێوەرنەدان، کە لەسەر قازانجی هەر ئاکارێک کە پەیوەندیی بە ڕێگا سروشتییەکانی ئەنجامدانی شتەکان یان دامەزراوە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکانەوە هەبێت، پرسیار دەکەن؛ لایەنگرانی دەستێوەردانی ناوەندگیرانە، کە پێشەنگایەتی بە ئازادیی [جۆری] منداڵبوون دەدات لەکاتێکدا کە پێ یوایە دەبێت هەروەها هێندێک قورسایی بە بایەخەکانی تریش بدرێت؛ لایەنگرانی بناژۆخوازی دەستێوەردان، کە بۆ دوو بەشی جیاواز دابەش دەبن: ئەوانەی کە بەهۆکاری تاکەکەسیی خۆیان و بەبێ سەرنجدان بە بەکارهێنانە تێکنۆلۆژیکییە بەردەستەکان، پشتگیری لە پێشڤەچوونەکان لەبواری زانیاری لەسەر پێڤاژۆگەلی منداڵبووندا دەکەن و ئەوانەی کە بە هۆی ئەو داهاتووە تێکنۆلۆژیکییەوە کە توێژینەوە لەسەر منداڵبوون دابینی دەکات، بایەخ بە ئەم توێژینەوەگەلە دەدەن. داکۆکیکارانی بەشی یەکەمی تێگەیشتنی بناژۆخواز لە بنەڕەتەوە لەناو توێژەرەکان و هێندێک فەیلەسووفدا دەدۆزرێنەوە کە باس لەوە دەکەن کە ئێمە دەبێت سنوورەکانی زانیاری پاڵ پێوە بنێین بۆ ئەولاتری ئێستامان و تەنیا کاتێک کە پێویست بێت لەخەمی بەکارهێنانە نەخوازراوەکاندا بین. دیارترینی لایەنگرانی بەشی دووهەم کە مارژ پییێرسی و مۆدێلەکەی، شووڵمایس فایێرستۆن بە نووسراوەکەی ساڵی ١٩٧٠ی: دیالێکتیکی ڕەگەز: بابەتی شۆڕشی فێمێنیستی لەخۆ دەگرێت، سەرەتا سەرنجیان خستە سەر گرینگیی سیاسیی بیۆلۆژیی منداڵبوون. هەروەها خەیاڵەکانی ئورسولا لوگوین: دەستی بەجێماوی تاریکی (١٩٧٦) و نێرینەی مێیینە (١٩٧٥)ی ژوانا ڕاس یش بابەتە ناوەندییەکەیان لە بیرۆکەی فایێرستۆنەوە بەقەرز وەردەگرن. هەموویان بە باشی لە داهێنانەکانی منداڵبوون دەڕوانن بەو هۆیەوە کە ژنان لە ڕۆڵی بیۆلۆژیکیی نەریتییان ئازاد دەکات.
لایەنگرانی دەستێوەرنەدان
پۆل ڕەمزی خواناسی پرۆتێستان لە ڕوونبێژترین و باشبێژترینەکانی لایەنگرانی دەستێوەرنەدانە، کە لە ڕاوێژەکانی تاقمی ڕاوێژی ئەخلاقیی پێشترئاماژەپێکراودا، بەشداریی دەکرد. ئەو لەپاڵ هەڵسوکەوتە پزیشکی و نەشتەرگەرییەکانی نەزۆکیدا بە هەموو بیچمەکانی داهێنان لە منداڵبوونیشدا ناڕازی بوو (ڕەمزی ١٩٧٢). لە پاڵپشتیی ئەم تێگەیشتنەدا ئەو سێ باس پێشنیار دەکات. ١- ئەوەی مرۆڤێک بخەیتە بەردەم هەر جۆرە مەترسییەکی ناپێویستەوە لادانە لە پێوەرە دانپێدانراوەکانی ئەخلاقی پزیشکی. ئەگەر تەنیا یەک مرۆڤ نەتوانێت ڕازی ببێت بەوە، هیچ بیانوویەکی ئەخلاقی نییە بۆ ئەوەی بەختەوەریی داهاتووی بخرێتە مەترسییەوە. ٢- ڕۆڵی شیاوی پزیشکی ڕاستکردنەوەی “هەلومەرجە پزیشکییەکانی” وەک نەزۆکییە. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەگەر دەرمانێک بۆ خودی هەلومەرجە فیزیکییەکە نییە، ئیتر دروست نییە دەستێوەردانی زۆرتر بکرێت. ٣- بۆ مرۆڤەکان، زاوزێ و باوکایەتی/دایکایەتی کردن ڕێوشوێنی کردەوەی شیاون کە ڕوانگەی “لەخواترسانی سروشتی” لە پەیوەندی لەگەڵ بوونگەلی سروشتیی وەک ئەواندا دەگونجێت. ئەوان ناتوانن بەبێ لادان، لەیەک جیابکرێنەوە و دیسان پێکەوە بلکێندرێن. لەجیاتی ئەوە ئێمە دەبێت بەگوێرەی ئەو ئەرکانەی کە لە کۆی پيودانگی(order) سروشتیدا بەکردەوە دەبن و ئێمەیش بەشیکین لەو، کار بکەین. دەسڕۆیشتووییی زیاتر بەسەر سروشتدا دەبێتەهۆی دەسەڵاتی زۆرتر بەسەر مرۆڤدا و تەنانەت مەترسیی دەستدرێژی بۆ سەری.
هەرکام لە باسوخواستەکانی ڕەمزی، کۆمەڵێک گریمانەی دژبەیەک دەخاتە سەریەک: ١- ئەوەی کە پێوەرەکانی ئەخلاقی پزیشکی دەکرێت تەنیا بۆ مرۆڤەکان پەرەی پێ بدرێت و ٢- ئەوەی کە ئەرکی شیاوی پزیشکی هەڵگەڕاندنەوەی دۆخێکی فیزیکییە. زۆرێک لە کەموکوڕییە فیزیکییەکان ناتوانرێت هەڵبگەڕێندرێتەوە، بەڵام لە شوێنێکدا کە ئەرکەکە بایەخی زۆری هەیە، ڕێگەکان بۆ تێپەڕین لە نوقستانییەکان دەدۆزرێنەوە، بۆ وێنە ئەندامی لەشی دەسکرد و جێگرەوە، یان چاویلکە و تادوایی.
زۆرێک لە ژنان نوقوستانیی نەزۆکی ئەزموون دەکەن. ئەوان لە منداڵییەوە فێر بوون کە ژنبوون گرێ بدەنەوە بە سککردنەوە. ئەوان نەزۆکییەکەیان وەک ناتەواوییەک دەبینن. تامەزرۆبوونی بەرچاوی زۆرێک لە ژنان بۆ هەڵگرتنی ئێش و ئازارێکی زۆر لەسەر دەستی بژاردەکانی تێکنۆلۆژی و لە هەوڵێکی بەزۆری بێئاکامدا بۆ سکپڕبوون، جیا لەم بەستێنە کۆمەڵایەتییە گەورەترەدا ناکرێت ڵێی تێبگەین. ژنانی تر بە تەواوەتی خوازیارن منداڵیان ببێت، بەڵام قوربانیی تێکنۆلۆژییەکانی “بەرنامەداڕشتنی بنەماڵە”، یان پیسکەرەکانی ژینگەن کە خەسار لە توانای منداڵبوونیان دەدەن. پێبەندبوونی کۆمەڵایەتی بە ژنگەلی وەها ناتوانرێت بە بیانووی ئەوەی کە خواستی نەخۆشەکە هۆکاری گونجاو نییە بۆ دەستێوەردانی پزیشکی، لەبەرچاو نەگیرێت. ئەو باسوخواستە ناتوانێت لە تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی پەیوەندیدار بە دۆخەکەوە بدوێت.
باسوخواستی کۆتاییی ڕەمزی ئاڵۆزە و گریمانەکان لە پەیوەندی لەگەڵ جێگای مرۆڤ لە سروشتدا و حەزە سروشتییەکانی مرۆڤ تێکەڵ دەکات. لێرەدا ناڕوونیی جددی هەن کە شایانی ئەوە هەن بە وریایی تاقی بکرێنەوە. دیار نییە بۆچی ئەو واقیعە ڕوونە کە هێندێک شت سروشتین، ئەبێت ئەوەندە قورساییی ئەخلاقییان پێ بدرێت. بۆچی هێزی ئەخلاقی بە دیاریکراوی پەیوەندی دەدرێت بە زاوزێی ئاسایییەوە لە کاتێکدا دەستێوەردانی مرۆیی، بۆوێنە، لە بەکارهێنانی مەکینەی هەناسەی دەسکرد بۆ منداڵە پێنەگەییوەکاندا بەدڵنیاییەوە پشتگیری دەکرێت و دەبێتە هۆی بەدواداچوونی زۆرتر. بۆ ڕاوەستان لەسەر وەها دەستەوداوێنبوونێکی سروشت، ڕەنگە پێویست بێت لەسەر بوارێکی ترەوە بۆی بڕوانین، بۆ وێنە ترس لە ئەوە کە دەسڕۆیشتنی مرۆڤ بەتایبەتی بەسەر منداڵبووندا، دەبێت بەهۆی دەستدرێژیی جددی.
سەرەڕای بەشبەشبوونیان، باسوخواسەکانی ڕەمزی ئاماژە دەدەن بە چەند خەمی بە زۆری هاوبەش لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی کە داهێنانەکانی منداڵبوون تێیدا کۆمەڵگا پێشکەوتووە تێکنۆلۆژیکەکان بەرهەم دەهێنن. ئاماژەی ئەو بۆ پەیوەندیی نێوان دەسڕۆیشتن بەسەر سروشتدا و دەسڕۆیشتن بەسەر مرۆڤدا، بەتایبەتی، ئەو بابەتانەی کە بە زۆری لەلایەن ڕەخنە فێمێنیستەکانەوە لەسەر داهێنانە تێکنۆلۆژییەکان هاتوونەتە بەرباس لەخۆ دەگرێت، بابەتێک کە دواتر دەبێ هەڵبگەڕێمەوە بۆی و بە وردەکارییەوە لە ناو بەستێنی ڕەخنەی فێمێنیستیدا تاقیی بکەمەوە.
هەروەها لیۆن کاس، پزیشک و نووسەری بەناوبانگ لەسەر بابەتە پزیشکییە ئەخلاقییەکان، لە بۆچوونێکی نەریتییەوە باس لە دژایەتیی بنەڕەتیی خۆی لەگەڵ داهێنانەکانی منداڵبووندا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی ڕەمزی کە مەترسیی سەرەکی لە لادان لە “سروشت”دا دەبینێت، کاس پێ لەسەر ئەو بایەخانە دادەگرێت کە بوون بە بەشێک لە ڕێزی(کەرامەتی) مرۆڤ. هەرجۆرێک بێت، تێگەیشتنی ئەو لە “ڕێز” لەخۆیدا ئاماژەیەک لە بنەمایەکی زۆر بەستراوە بە چەمکی “سروشت” ی ڕەمزییەوە هەڵدەگرێت. ئەگەرچی ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوەی لە مەترسیدایە بیرۆکەی مرۆڤانەبوونی ژیانی مرۆڤ و مانای دەرکەوتنی(embodiement) مرۆڤە، ئەم چەمکگەلە، وا دەردەکەوێت کە ماناکانیان لە بەستراوەیییان بە ئەو ئاکارە کۆمەڵایەتییانەوە بە قەرز وەرگرتبێت کە وادەزانرێت زیاتر لەوەی دەرهاویشتەی کۆمەڵایەتی بن، بە سروشتی هاتوون.
لەسەر بنەمای ئەم گریمانەگەلە، کاس لایەنگری لە دەستێوەردانی قانوونی بۆ ڕێکخستنەوەی مەترسییەکانی ئاوساندنی ناو شووشە و گواستنەوەی ئاولەمە دەکات، کە ئەو پێی وایە “باوەڕ، بایەخ، دامەزراوە و ئاکارە بناژۆییەکان دەفەوتێنێت”(کاس ١٩٧٩). ئەو پێشنیار دەکات کە بەکارهێنانی گواستنەوەی ئاولەمە تەنیا ببەسترێتەوە بە ئەو ژنومێردانەوە کە ئاولەمە لە ئەوانەوە و بەمەبەستی هێشتنەوەی پەیوەندییە نەریتییەکانی نێوان ڕەگەزەکان، خۆشەویستی و زاوزێ هەڵدەگیرێت.
کاس وەک ڕەمزی، پێشنیار دەکات توێژینەوەی زۆرتر ببەسترێتەوە بە چارەسەرکردنی نەزۆکی یان ئەو پێوانانەی ترەوە کە پشتگیریی خواستی خاوەنداریەتیی منداڵ لە خۆ دەکەن ( بەوگریمانەیەی لە نێوان خواستە ڕەواکان و خواستە نەشیاوەکاندا جیاوازی هەیە). ئەو هاوڕا نییە لەگەڵ بەکاربردنی ئاولەمە لە توێژینەوە لێکۆڵەرەکاندا، دیاریدان [ی سپێرم] بە جووتەکانی تر، یان مامەڵە بازەرگانییەکان (وەک ڕێوشوێنەکانی دایکی جێگرەوە) و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو ئاکارانە لادانە لە هەستی نەریتیی مرۆڤ بۆ سروشتی ڕەگەزیمان و ئەزموونی بەستراوەییمان بە پێشینیان و پاشینیانمانەوە. ئەو، هەروەها، دەترسێت لە کۆبوونەوەی ئەو دەسەڵاتەی کە وەها پەرەسەندنێکی تێکنۆلۆژیکی دەیخاتە کۆنترۆڵی توێژەرەکان و هێندێک بەرژەوەندیی تایبەتەوە، بەڵام ترسەکەی، بە پێچەوانەی ترسەکەی ڕەمزییەوە، لەجیاتی سروشت، دەستبەداوێنی ئاکارە فەرهەنگییەکان دەبێت. بەڵام بەگشتی، چونکە ڕێکخستنە فەرهەنگییەکانی ئەو وا دیارە دەسەڵاتەکەیان قەرزداری ئەو شتەن کە پێی دەڵین “سروشتی”، جیاوازییەکانی نێوانیان ئەوەندە گەورە نین، وەک ئەوەی لەسەرەتاوە دەردەکەوێت. ئەگەرچی کاس بێگومان لە تێڕوانینی بۆ ئەو ئاکارە داهێنەرانە دیاریکراوانەدا کە بڵاو دەبوونەوە، ڕاستە، [بەڵام] دەتوانن هەڕەشە بن لەسەر تێگەیشتنەکانی ئێستا لە گرێدراویی مێژویی، دیار نییە کە ئەو داهێنانگەلە بە بەربڵاوی بەکار دەبرێن، یان نۆرمە زاڵبووەکان لە هەموو ئەوانەی ڕەنگە جێگای پڕبکەنەوە خوازراوترە. هەروەها، نەریتی بەباشی دامەزراوی تریش بوونیان هەیە کە کە بایەخی سەرەکی دەدەن بە بڕیاردانی سەربەخۆیانەی تاکەکەسی لەسەر بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییە بەکۆمەڵەکان و ئەو نەریتانەی بە زۆری خوازراو بووە لەلای بەرگریکارانی ئاکارەکانی منداڵبوونی داهێنەرانە.
لایەنگرانی دەستێوەردانی ناوەندگیرانە
مافی زاوزێکردن بە تەواوی لە نەریتی لیبراڵی ڕۆژئاوادا چەسپاوە. بە هەر جۆرێک بێت، خواستی خاوەنداریەتیی منداڵێک لەخۆ، تەنیا خواستی ژن و مێردەکان نییە، بەڵکوو کاس پێی وایە ڕەنگە یەک بە یەک بۆ تاکەکانیش پەرە بسێنێت. نوێل کین (١٩٨١)، بەرگریکارێک کە لە [پرسی] ڕێگەخۆشکردن بۆ ڕێکخستنەکانی دایکایەتیی جێگرەوەدا تێکەڵ بووبوو، چیرۆکی مافناسێکی تەمەن ٥٩ ساڵ دەگێڕێتەوە کە هات بۆ دەفتەرەکەی. خۆی و ژنە تەمەن ٦١ ساڵەکەی منداڵیان نەبوو. ژنەکە لە دەستپێکی شووکردنیەوە نەزۆک بووە. مێردەکە لەبیری ئەوەدا بووە کە ماڵ و مڵکەکەی بدات بە منداڵانی خوشک و برای خۆی، بەڵام دواتر تووشی ڕاڕایی بووە کە ڕەنگە ئەگەری ئەوە هەر ببێت کە ئەو ببێت بە خاوەنی منداڵی خۆی. ئەو داوای کرد لە کین تاوەکوو ژن و مێردێکی بۆ بدۆزێتەوە بۆئەوەی یارمەتیی بدەن. بۆ ئەوەی ژنەکە بتوانێت بە دەستکرد بە تووی ئەو ئاوس ببێت و منداڵی ئەو لە سکیدا هەڵبگرێت. ئەو ئەتوانێت ئاسانکارییە ماڵییەکان بۆ منداڵەکە و بۆ پەروەردەکردنی دابین بکات. کین بەدوای داخوازەکەی ئەودا چوو و ئاسانکاریی پێویستی کرد. ئەو هەروەها ئاژانسێکی دایکایەتیی جێگرەوەی دامەزراندبوو و خەریکی لابی کردن بۆ چاکسازیی قانوونی بوو بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت بۆ جێبەجێکردنی قانوونیی گرێبەستەکانی [دایکایەتی]جێگرەوە. بڕیارەکان چ بۆ پشتگیریی ئاکارگەلی تاکەکەسییانەی وەها بەجۆری قانوونی یان دڵساردکردنەوەی ئەم جۆرە بژاردەگەلە، کاریگەرییەکی گرینگیان لەسەر دیاریکردنی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو دەبێت، سنووری نێوان ڕێوشوێنە ڕێگەپێدراوەکانی خواستی کەسی و بیاڤی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیی گشتی دیاری دەکات. ئەگەرچی خواستی بەخشینی دیاریی ژێنێتیکی وادیارە بەزۆری حەزی پیاوان بێت، ڕەنگە بکرێت بەرژەوەندیی ژنانیش لە منداڵبوون و ڕاهێنانی منداڵدا لەدەرەوەی دامەزراوەی ژنومێردایەتیدا بەهۆی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتییەوە کە دەرفەت بە هەرێمی ئازادی تاکەکەسەکان بدات کە ڕێکخستنەکانی جێگرەوەی پەروەردەی منداڵ دروست بکەن، دابین ببێت. هەرجۆرێک بێت، ئەو خاڵە باشە قانوونییانەی کە لە ئێستادا لەبەردەستی ژنومێردەکانە، بەو جۆرەی کین دەیناسێنێت، بەو ئاسانییە ناکرێت پەرەی پێ بدرێت بۆ ئەو ڕەبەنانەی کە دەیانەوێت بە خواستە هاوچەشنەکانیان بگەن.
دوایین بڕیارە دادوەرییەکان لانیکەم لە ژنومێردیدا بەردەوام “ماف” ی تاکەکانیان سەلماندووە، بۆ ئەوەی چالاکییەکانی منداڵبوونی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن. ئەم ئازادییە لە مافی ژیانی تایبەتەوە وەرگیراوە، بۆ بیاڤێک کە بەڵکوو تاکەکان تێیدا بتوانن بە لانیکەمی دەستێوەردانی کۆمەڵایەتییەوە، بە دوای بەرنامەکانی ژیانی خۆیاندا بڕۆن. لایەنگرانی تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبوونی داهێنەرانە بەشێوەیەکی پەنامەکی بەرگری دەکەن لە بەکارهێنانی ئەم نۆرمە تاکەکەسییانە لە بابەتگەلی بەربڵاوتردا. ئاستی بەربڵاویی ئازادیی منداڵبوون بۆ چێژوەرگرتن لە حەزی باوکایەتی/دایکایەتی (چ بیۆلۆژیکی بێت یان کۆمەڵایەتی) لەڕێگای دەستێوەردانی تێکنۆلۆژیکییەوە زۆر ئاڵۆزە. ئەو ڕێوشوێنە قانوونییانە کە پشتگیری لە ئازادیی منداڵبوون دەکەن، لەبنەڕەتەوە پشتیان بە مافی دەستێوەرنەدان و ئازادبوون لەوەی نەتەوێت زاوزێ بکەیت، بەستووە. بەهەرجۆرێک بێت، ئەوەی لێرەدا جێگەی باسە، پشتگیریی قانوونییە لەو خزمەتگوزارییانەی لایەنەکانی تر داوای دەکەن. لە وەها وێنەگەلێکدا، بەکاربردنی تێکنۆلۆژییە داهێنەرانەکان ڕەنگە مافی دەستێوەرنەدانی (سەربەخۆییی) کەسانی تر و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانی تر پێشێل بکات، هێندێک شت پێشمەرجن بۆ سەربەخۆییی تاکەکەسی و هێندێکی تر قورساییەکی بەرچاویان لە پێودانگی کۆمەڵایەتیدا هەیە.
جۆرج ئاناس، لە دانپێدانانەکانیدا لە ماڵی نوێنەرانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا بۆ کۆمیتەی زانست و تێکنۆلۆژی (د.ی ١٩٨٥)، بەم دواییانە ئاماژەی دا بەوە کە بۆ ئەو منداڵانەی کە بەرهەمی تێکنیکگەلی وەک گواستنەوەی ئاولەمەی جێگرەوە ( بۆ ژنێک کە جیایە لە دیاریدەری هێلکەکە) و بەکارهێنانی ئاولەمەی سەهۆڵبەستوون (فریزکراو)، پێویستی هەیە بە وردی بپارێزرێن، [بۆیە] حکوومەت ناچار دەبێت دەست بخاتە بواری منداڵبوونی مرۆڤ. ئەو باس لەوە دەکات، کە سەرنەکەوتن لە ڕێکخستنی ڕێککەوتنە گرێبەستییە تایبەتەکاندا، یەکگرتووییی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی منداڵان دەکات. ئەو پێی وایە بانگەشەی هێندێک لە ژنومێردە نەزۆکەکان، بە بەرژەوەندییەکانی منداڵە دەرنەکەوتووەکان(potential) گرینگتر دەبێت. بە هۆی پاراستنی ئەم بەرەژەوەندییانەوە، ئەو پشتگیری لە هەوڵە قانوونییەکان دەکات: ١- لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا باوکایەتی و دایکایەتی پێناسە بکرێن، گریمانە قانوونییەکانی ئێستا بپارێزرێن کە دایکی دووگیان بە دایکی قانوونی دەزانێت و بۆیە تایبەت دەبێت و بە ڕێککەوتنە گرێبەستییە تایبەتەکان بەتاڵ نابێتەوە و ٢- بە کورتکردنەوەی ئازادیی بەکارهێنانی ئاولەمەی سەهۆڵبەستوو تەنیا بۆ ئاستی ئامانجی دیاریکراوی، دیاریدەرەکە و ئاولەمەی مرۆڤ لە بەکارهێنانی بازرگانی بپارێزرێت )ئاناس ١٩٨٤). ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی وارناک (warnock) تێبینیگەلی بەرچاو دەخاتەسەر یەک.
بە هەرجۆرێک بێت، هێندێک کەس دژی خاکەڕابوونی ئەو ڕاسپاردە چاودێرییانەن، بەتایبەتی ئەو لایەنگرانەی دەستێوەرنەدان کە باسوخواستەکانی ڕەمزی و کاس لەلایان پەسەندە و بەرگری لە ئاولەمە سەرەتاییەکان و تێگەیشتنی نەریتی بۆ بنەماڵە دەکەن. هێندێک لە فێمێنیستەکانیش ئەگەرچی هۆکارەکانیان جیاوازە بەڵام هەر بەو ئاکامە دەگەن. ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبوون ڕێگایان پێ بدرێت بەئازادی بڵاو ببنەوە، زۆرتر دەسەڵاتی بڕیاردانی ژنان بفەوتێت.
لایەنگرە بناژۆخوازەکانی دەستێوەردان
کەڵکوەرگرتن لە هزر – ئەزموونی مارژ پییێرسی لە پەیوەندی لەگەڵ تێگەیشتنی لە بژاردە سیاسییەکان بۆ داهاتوویەکی دەمودەستتر، دەبێت پاڵمان پێوە بنێت بۆ ئەوەی بە پارێزەوە بیر لە بواری ڕاڕابوونمان بۆ پشتگیری کردنی داهێنانەکانی منداڵبوون بکەینەوە، ئەوەی جێگای باسە، سروشتی چالاکی بۆخۆی، یان ترس لەو پاشهاتانەیە کە ڕەنگە بەدوایدا بێت. دنیا فێمێنیستییە خەونستانییەکەی لووسیێنت، کە پێش پییێرسی لە ماتاپۆیسێتەوە هاتبوو، لەپێشدا ئاگاداریی دەدا کە دامەزراندنی ڕێکخستنگەلی نوێی منداڵبوونی ئەوان، پێویستی بەوە هەیە کە ژنان چاوپۆشی لە هێزی منداڵ هێنانە دنیا بکەن. بە هەرجۆرێک بێت، ئەوان وای هەڵدەسەنگێنن کە ئەو دەسکەوتە دەهێنێت قوربانیی بۆ بدرێت، چونکە هەموو پەیوەندییەکانی دەسەڵات بەباشی هەڵوەشاونەتەوە. لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتیی وەهادا، بژاردەکە عاقڵانە دێنە پێش چاو.
چ وەها چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی جێی متمانە بێت و یان تەنانەت عاقڵانە بێت، هۆکار بۆ سەرسوڕمان هەیە؟ جیا لە زۆر ئاستەمبوونی تێگەیشتن لە کۆمەڵێک هەلومەرجی کۆمەڵایەتی کە تێیدا ئەوانەی لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خێریان لێ دیوە ڕێکدەکەون کە چاو لە دەسەڵات بپۆشن، بەتەواوەتی ڕوونە کە تەنانەت دەتوانین مانای ڕۆڵگەلی بەتەواوەتی نوێ کە بۆ وەها کۆمەڵگایەک پێشبینی کراون تێبگەین. هەموو خوێنەرەکانی کانی ڕامۆس، کە [خۆی] بەکەسایەتیی مارژ پیێرسی سەرسامە، سەریان لەوە سوڕدەمێنێت کە وشەی ” دایک “، جیا لە واقیعەکانی دایکایەتیی بیۆلۆژیک و کۆمەڵێک لەو چاوەڕوانییانەی کە تێکەڵ بە ئاکارە دایکایەتییە نەریتییەکان بوون، دەتوانێت چ مانایەکی تری ببێت. لەناو نەریتێکی کۆمەڵایەتیدا کە جیا لە ڕۆڵی دایکایەتییەکە بەدڵخوازی خۆی پێگە و چێژی کەم دەبەخشێت بە ژنان، بنەمایەکی پتەو نییە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی بە تەواوەتی نوێ جێگای خۆی بکاتەوە. کانی بە ناساندنی ئەو کۆمەڵە واقیعە لەپەیوەندی لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جێگرەوەکاندا، خەریکە نەزانێت ئەوانە چۆن هەڵبسەنگێنێت. کێشەکەی ئەو کاردانەوەی زۆرێک لە فێمێنیستەکان بە پرسی شۆڕشی فێمێنیستیی: دیالێکتیکی ڕەگەزی شۆلامیس فایێرستۆن پیشان دەدات. پێشنیاری فایێرستۆن بۆ “سڕینەوەی هەموو دەستەبەندییە فەرهەنگییەکان” (١٩٧٠:١١) و ئاڵوگۆڕی زاوزێ، بەو مانایە کە جیاوازییە زاوزێیەکانی نێوان ڕەگەزەکان ئیتر مانایەکی فەرهەنگی لەخۆ ناگرن، ئەو تێگەیشتنە دەخولقێنێت؛ کە ئێمە بەبێ ناوەنجیگەریی کۆمەڵێک لە ڕۆڵگەل و چاوەڕوانییە فەرهەنگییەکان نازانین ئەزموونەکانمان چۆن هەڵبسەنگێنین.
ئەگەرچی فایێرستۆن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی فێمێنیستەکان، بەرگری لە منداڵبوونی تێکنۆلۆژیکی دەکات، بەڵام لەسەر ئەو بنەما تێگەیشتنییانە ڕادەوەستێت کە شتی هاوبەشیان زۆرە لەگەڵ گریمانەی توێژەرەکان و ئەو سیاسەتداڕیژەرانەدا کە ڕەنگ بێت بەدوای ئامانجی جیاواز لە ئامانجی ئەودا بڕۆن و ڕەنگە بەهۆی ئەو پاوانی دەسەڵاتەوە کە ئەو دروستی دەکات، پشتگیری لە دەستێوەردانی تێکنۆلۆژیکی بکەن. هەردوو جۆرە بەرژەوەندییەکە تێکنۆلۆژی وەک “سەرکەوتن بەسەر سروشتدا” دەبینن. ئەوان نەک هەر تێکنۆلۆژیی منداڵبوون بەڵکوو ئاڵوگۆڕی تێکنۆلۆژیکیی بەرهەم و سڕینەوەی هێزی کاریشیان پێ باشە. هەردووکیان بیۆلۆژیی مرۆڤ وەک سنوورێک دەبینن کە دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت – لە ڕوانگەی فایێرستۆنەوە، چونکە پەیوەندییەکانی منداڵبوون بە بنەمای کۆمەڵگا و سەرچاوەی ستەم لە ژنان دەزانێت؛ لە ڕوانگەی ئەوانەیشەوە کە پشتگیری دەکەن لە “دنیایەکی نوێی بوێر”، چونکە دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان ژنان و بنەماڵەکاندا بە هەڕەشەیە بۆسەر دەستڕۆیشتووییی (hegemony) دەسەڵاتەکەی خۆیان دەبینن.
کاردانەوەی فێمێنیستی
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم گرینگترین پرسەکانی ئەو بیرمەندە فێمێنیستانە جیا بکەمەوە، کە پێشکەوتن لە تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبووندا وەک دەستدرێژیی زۆرتر بۆ سەر پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان دەبینن. هێندێک لە ئەم پرسگەلە پەیوەندییان هەیە بە ژێرخانە تیۆریکییەکانی تیۆریی فایێرستۆن و بە پەنامەکییش پەیوەندییان هەیە بە لێکدانەوە هاوچەشنەکان بۆ هۆکارەکانی بەستراوەییی فەرهەنگیی ژنان و لابردنی ئەو بەستراوەییانە. ئەوانی تر بەجێگای ئەوە سەرنج دەخەنە سەر پاشهاتە نزیکترەکانی ئاڵوگۆڕە تێکنۆلۆژیکییەکان لەناو بەستێنێکی کۆمڵایەتیی وەهادا کە هێشتا پێکهاتەکانی دەسەڵاتی پیاو بەسەریاندا زاڵە. لە زۆربەی شرۆڤە فێمێنیستییەکاندا هەردوو ئەم پرسگەلە تێکچنراون. بەهەرجۆرێک بێت، لێرەدا من هەوڵ دەدەم لە یەکتریان جیا بکەمەوە، بەجۆرێک کە هەرکام لە بانگەشە جیاوازەکان بتوانرێت بەتەنیایی و بەگوێرەی قورساییی خۆی لێکبدرێتەوە.
لەسەرەتادا سەرنج دەخەمە سەر بابەتێک کە بە بایەخەوە دەڕواتە ناو باسکردنی ئەم پرسگەلە: بێلایەنبوونی گریمانەییی تێکنۆلۆژی بۆ ئاکارە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە جێندێر(gender). دواتر بە کورتی ئاماژە دەدەم بە بابەتی گرینگی دووهەم: ئەگەری ئەوەی چەندە بتوانرێت جیاوازییەکی مانادار دابنرێت لە نێوان ئەوەی بیۆلۆژی دەیبەخشێت و ئەوەی بە فەرهەنگ وەرگیراوە. لەکۆتاییشدا ڕاڤەیەکی تاقیکارانە لەسەر گرینگیی ڕاوڕاوێژەکانی(debate) دایکایەتی بۆ تیۆریی فێمێنیستی پێشکەش دەکەم، کە بە لێدوان لەسەر هەلومەرجەکانی بەشداریکردنی تیۆریسیەنە فێمێنیستەکان لە بیچمدان بە سیاسەتەکانی منداڵبووندا کۆتایی دێت.
کاریگەریی فایێرستۆن لەسەر فێمێنیستەکانی دواتر، بەتایبەتی بە سەرنجدان بە بانگەشە بنەڕەتییەکانی جێگای مشتومڕە: ئەوەی کە دایکایەتی زیاتر لەوەی ئامراز بێت، ئاستەنگە لەسەر ڕێی گەشەی ژنان و ئەوەی کە دایکایەتیی بیۆلۆژیک، لەناو دڵی ستەم لە ژناندا شاردراوەتەوە. هێستر ئایزێنشتاین، لەدوایین نووسراوەیدا، “هزری فێمێنیستیی سەردەم”(١٩٨٣)، بایەخ بە فایێرستۆن دەدات بەوەی کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تیۆریسییەنە دواترەکانی فێمێنیسم بووە، بەتایبەتی لە سەرەتاکانی ١٩٧٠ کاندا کە فێمێنیزم و دایکایەتی بە تەواوەتی لە بەرانبەر یەکتردا ڕاگیرابوون. ئەو لەگەڵ دەربڕینی هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ ڕوانگەکانی فایێرستۆن دا، دژایەتیی خۆی لەگەڵ بەرگریکردنی ئالیس ڕاسی (١٩٧٧) لە ڕۆڵی بەخێوکردن بۆ ژنان (ڕوانگەیەک کە تێیدا هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، هاوتا لەگەڵ بیۆلۆژی، بیچم بە تواناکانی بەخێوکردن دەدەن) دەردەبڕێت. بەهەرجۆرێک بێت، ئالیسۆن جاگار لە [کتێبی] “سیاسەتە فێمێنیستییەکان و سروشتی مرۆڤ” (١٩٨٣) دا ئاماژە دەدات بەوەی کە لەنێوان فێمێنیستە ڕیشەدارەکاندا (grass-root) حەزێک بۆ فایێرستۆن نییە. ئەو پێی وایە، ئەوە ڕەنگە بەهۆی گومانێکی قووڵ لە تێکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان، یان تێبینیکردنی ئەوە بێت کە تێکنۆلۆژی بە زۆری بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی پیاوان بەکار هێنراوە. بەمجۆرە ئەم فێمێنیستانە ئەوە لەبەرچاو ناگرن کە چۆن ژنان بتوانن تێکنۆلۆژی کۆنترۆڵ بکەن و بۆ ئامانجی خۆیان بەکاری بێنن. ئەم ڕوانگەیەی دوایی بە زۆری لەلایەن عەزیزە ئەلحبری یەوە بەرگریی لێ دەکرێت کە باس لەوە دەکات:
منداڵبوونی تێکنۆلۆژیکی پێکهاتەی دەسەڵاتی منداڵبوونی سروشتی یەکسان ناکاتەوە بەڵکوو هەڵیدەگەڕێنێتەوە. ئەمە دەسەڵاتی منداڵبوون لە ژنان وەردەگرێت و دەیخاتە ناو دەستی پیاوانێک کە ئێستا ئیتر هەم سپێرم و هەم تێکنۆلۆژیی منداڵبوونیان لەدەستدا هەیە و ئەتوانن بیکەن بە شتێکی بەبێ چارەسەر…ئەمە بەئامانجی بڵاوکردنەوە، ئەوان لە بەستراوەییە پڕسووکایەتییەکەیان بە ژنان ئازاد دەکات. (٢٦٦، ١٩٨٤)
هەروەها ئەو باسی ئەوە دەکات کە بە پێشکەوتنی تێکنیکەکانی دروستکردنی هاوچەشنەکانیش (cloning techniques)، پیاوان لەکۆتاییدا دەتوانن ئازاد ببن لەوەی پێویستیان ببێت کە ژێنەکانیان لەگەڵ ژناندا پارڤە بکەن.
باسوخواستەکانی ئەو، ئاریشە دەخاتە سەر هەردوو بانگەشەی ئەوەی کە ئەوە ئەرکی بیۆلۆژیکیی ژنانە کە لە ڕێشەی ستەمەکەی ئەواندا شاردراوەتەوە و لەو تێگەیشتنە هەڵێنجراوە کە [گوایە] چاکسازیی تێکنۆلۆژیک ئەتوانێت ئاکارە کۆمەڵایەتییە ستەمکارانەکان بسڕێتەوە. ئەو لەسەر لێکدانەوەیەکی تەواو جیاواز لە بنەمای دەسڕۆیشتووییی پیاوان ڕادەوەستێت. ئەو گریمانەیەی کە ئێرەیی بردن بە توانایییەکانی منداڵبوونی ژنان و ترس لە دەسەڵاتەکانیان، ئەو پێویستییە لە پیاواندا دروست دەکات کە ژنان کۆنترۆڵ بکەن و سنوور بۆ بەکارهێنانی تەواوی ئەو دەسەڵاتانە دابنێن. هێندێک تایبەتمەندیی هەلومەرجی ئێستا، لێکدانەوەیەکی جێگرەوەی وەها دەسەلمێنن. ئەگەر ڕۆڵی بیۆلۆژیکیی ژنان ڕیشەی ستەمەکەیانە، کەوابوو خۆڕاگریی زۆری پیاوان لەبەردەم بەتێکنۆلۆژیکیکردنی زاوزێدا چاوەڕوانکراوە؛ هەر هەنگاویک بەرەو پێشکەوتنی زیاتری، دەتوانێت زۆرتر هەڕەشە بێت بۆ دەسەڵاتی پیاوان. بەهەرجۆرێک بێت، پێچەوانەکەی ئەمەیە: دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی ژێردەسەڵاتی پیاوان بنەمای سەرەکیی پاڵپشتی لە ئاڵوگۆڕە تێکنۆلۆژیکییەکانی ئاکارەکانی منداڵبوون ئاراستە دەکەن. هەروەها، لێکدانەوەکەی ئەلحبری لەگەڵ ئاکامەکانی ژمارەیەکی زۆر لە تیۆریسییەنە فێمێنیستەکاندا یەکدەگرێتەوە. ئەگەرچی هێندێکیان، وەک ماری ئۆبریان (١٩٨١)، لە خاڵێکی دەسپێکی هاوشێوەوە دەدوێن، هێندێکی تر وەک نانسی چوودۆرۆ (١٩٨٧) و دۆرۆسی دینێرشتاین (١٩٧٦)، بە ڕێگای زۆر جیاوازدا و بەیارمەتی وەرگرتن لە بوارە جیاوازەکانی وەک لێکدانەوەی دەروونی و مرۆڤناسی، بە هەمان ئاکام دەگەن.
دوایین ڕەخنەکان لە تێگەیشتنی فایێرستۆن بەتەنیا سەرنجیان نەخستوەتە سەر لێکدانەوەکەی ئەو بۆ سەرچاوەکانی بەستراوەبوونی کۆمەڵایەتیی ژنان، بەڵکوو هەروەها دەپەرژێتە سەر چارەسەرەکانیش. بەدڵنییاییەوە، پیشاندانی لاوازییەکان لە باسوخواستدا بەهۆی بنەمای بیۆلۆژیکیی توێژکارییە (stratification) کۆمەڵایەتییەکانەوە، خۆی دەتوانێت پاڵپشتی لە ڕێگەچارەکەی فایێرستۆن لاواز بکات. بەڵام چارەسەرەکەیش لەبوارەکانی تردا جێگای گومانە. بۆ وێنە، کارۆل مەک میلان (١٩٨٢)، وتوویەتی کە تیۆریی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی فایێرستۆن لەسەر ئەو گریمانەیە دەڕواتە پێش کە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و کۆمەڵگا ئەرکی تایبەتیان هەیە. فایێرستۆن هەموو ئاستەنگەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان بە گرفتی تێکنیکی دەبینێت، پێی وایە ئامانجەکان بەڕوونی دەکرێت بناسرێن و تەنیا پێویستمان بەوە هەیە کە کاریگەرترین ڕێگا تێکنیکییەکان بۆ گەێشتن بەوە دەستنیشان بکەین. مەک میلان، پێیوایە لەوشوێنەدا کە ئامرازەکانی گەیشتن بە ئامانجێکی خوازراو جیاواز لە بایەخە ئامرازییەکەیان مانایەکیان لە خۆیاندا هەڵنەگرتووە، ئەم پێشگریمانەیە لە ئەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە منداڵبوون هاوشێوەی بەرهەمهێنان و دروستکردنی شتومەکە( مەک میلان ١٩٨٢، ٧٧). لە کاتێکدا کە شارەزایی بۆ جێبەجێکردنی باشتری ئامانج لەبەردەستدایە، دەکرێت بەبێ ونکردنی بایەخ، شێوازە سەرەتاییترەکانی پێشوو لاببەین.
خوێندنەوەی وردی فایێرستۆن ئەم ڕاڤەیە دەسەلمێنێت. ئەو پەرەسەندنی منداڵبوونی دەستکرد لەگەڵ داهاتووی سایبێرنێتیکدا هەڵدەسەنگێنێت و پێی وایە کە هەر ئەو دابینکارییە بنەمایییە شاراوانە، لە پەیوەندی لەگەڵ باشییەکانی منداڵبوونی دەسکرددا دەچنە ناو تێهزرینی ئێمە بۆ جیهانێکی کاری کە تێیدا بیرکردنەوەی مەکینە و چارەسەری پرسەکان، جێگای هەوڵی مرۆیی دەگرێتەوە. ئەو هۆکاری ئەم شاراوەبوونە (بێدەنگییە) دەگەڕێنێتەوە بۆ دابەشکرانی زاڵی دەسەڵات لە ئەم سەردەمەدا؛ کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەرکام لە ئەگەرەکان، “لە ناو دەستی دەسەڵاتەکانی ئەم سەردەمەدا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی مۆتەکەیە” (فایێرستۆن ١٩٧٠، ٩٠). بەڵام لە سیستەمەکانی پاش شۆڕشدا، تێکنۆلۆژیی منداڵبوون و سایبێرنێتیک، هەردوو ئازاد دەبن بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەتەواوەتی جیاواز لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بنوێنن. بەمجۆرە، لەناو چوارچێوەی تێگەیشتنی فایێرستۆن دا تێکنۆلۆژی ڕۆڵێکی ئامرازیی دووهێندە دەنوێنێت، یەکەم لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی ئامرازەکانی دەستپێگەیشتن بە ئامانجە خوازراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەبێ ئەوەی خۆی کاریگەریی لەسەر تایبەتمەندیی ئامانجەکە ببێت و دووهەم، بە دابین کردنی بێلایەنانەی بەرژەوەندییەکانی هەر لایەنێک کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و منداڵبوون کەوتە دەستی.
مەک میلان هاودەنگە لەگەڵ زاڵبوونی بەربڵاوی هەردوو ژنانی فێمێنیست و نافێمێنیستدا کە لەئێستادا لێکدانەوەیەکی بەڕادەیەکی بەرچاو جیاوازیان لە ئەو چالاکییانەی مرۆڤ هەیە کە تێکەڵ بە ئاکارەکانی منداڵبوون و ڕاهێنان بووە. بە پێچەوانەی فایێرستۆن و فێمێنیستە خەونستانییەکان کە پێیانوایە ئەو بایەخانەی کە لکاون بە دایکایەتییەوە دەکرێت جیابکرێنەوە، هەڵبگیرێن و سەرلەنوێ بۆ کۆمەڵێک لە ئاکارە کۆمەڵایەتییە بەتەواوەتی جیاوازەکان دیاری بکرێنەوە، ئەوان منداڵبوون و گەشەپێدانەکەی بە تەواوکەری ئەو بایەخانە دەبینن کە دایکایەتییان پێ دەناسرێتەوە. بۆ وێنە، ڕابین ڕۆلەند دەڵێت:
لەناو بزووتنەوەکەدا هەستانەوەی ژنان دەستی کردووە بە سەرلەنوێ نرخاندنی نرخی دایکایەتیی بیۆلۆژیک. لە کاردانەوە بە دژی ئەو هەستەدا کە بزووتنەوەی ژنان ناچاریان دەکات دەست لە خاوەنداریەتیی منداڵ هەڵگرن ، زۆرێک لە فێمێنیستەکان خەریکن تێدەکۆشن کە ئەزموونی دایکایەتی و بنەماڵە، بەڕێگایەکی بەکارنەهێنەرانەدا دروست بکەن. (ڕۆلەند ١٩٨٤، ٣٥٨)
ئەو ئاماژە دەدات بە ڕاوڕاوێژی ئادریان ڕیش کە پێی وایە گرفت دایکایەتی بۆخۆی نییە بەڵکوو بەدامەزراوەکردنی باوکسالارانەی دایکایەتییە ( ڕیش ١٩٧٦، ٣٦٩) و باس لەوە دەکات کە سەرچاوەی ستەمی ژنان لە سروشتی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی حەشار داوە کە لەناو ئەواندا زۆرتر لەوەی لە خودی دایکایەتیدا ئەزموون کراوە، دایکایەتی ئەزموون دەکرێت کە لەناویدا تۆڕێک لە بایەخە دانپێدانراوەکان بیچم دەگرن کە ژنان نابێت پشتگوێیان بخەن. ئەو و زۆرێک لە نووسەرە ژنەکان کە ئەو ناویان دەبات، هەموویان کۆنترۆڵی تێکنۆلۆژیکی ئەم ئاکارانە وەک داگیرکردن و لێسەندنەوەی کۆمەڵێک لە بایەخەکان دەبینن کە ناوەندێکن بۆ بەرژەوەندییە بناژۆیییەکانی ژنان. ئەو باسوخواستەکانی لێئۆن کاس (١٩٧٩) لە بەرژەوەندیی ئامانجەکانی خۆیدا بەکار دەبات، ئاگاداری دەدات کە ” هێندێک لە پیاوان ڕەنگ بێت بۆ ئەوە دانرابێتن کە ڕۆڵی خوایی بنووێنن، بۆ ئەوەی پیاوانی تر لە جۆری خۆیان بخولقێننەوە، “بۆ زاڵبوون بەسەر ترسەکەی خۆیدا کە تێکنۆلۆژییە نوێکانی منداڵبوون لە کۆتاییدا بۆ بەرژەوەندیی پیاوان و بە زیانی ژنان بەکار ببرێن ( ڕۆلەند ١٩٨٤، ٣٥٦).
جانیس ڕەیمۆند، لە نووسینی هەمان بەرگدا (١٩٨٤) نەک هەر خراپەی ئەو داهاتووە تێکنۆلۆژیکییە دەڵێت کە شێوازە نوێیەکانی منداڵبوون دەیسەپێنن بەسەر ژناندا، بەڵکوو ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتییەی ئێستایش بەباش نازانێت کە ” تێیدا ژنان بەبێ بیرکردنەوە، ڕێوشوێنە لاوازەکان هەڵدەبژێرن، “وەک ئەوەی لە ئاوساندنی ناو شووشە و گواستنەوەی ئاولەمە هەیە”. ئەو پێی وایە، تێکنۆلۆژیگەلی وەها، تەنیا پاڵپشتیی زانستی و دەرمانی دەدەن بە ژنان بۆ خۆسازاندنیان لەگەڵ ئیدیۆلۆژییەکی پیاوسالارانەدا کە پێی وایە منداڵبوون بەرهەمی سەرەکیی ژنانە و لەڕێگایەوە ستەمی ژنان قووڵتر دەکات. ئەو، هەروەها، ئەو ترسانەی کە یەکەم جار لەلایەن لایەنگرانی دەستێوەرنەدانەوە وترانەوە دووپات دەکاتەوە، وەک پۆل ڕەمزی و لێئۆن کاس، کە [پێیان وایە] خۆبەدەستەوەدان بۆ تەنانەت شێوازە بەتازەیی دامەزراوەکانی دەستێوەردانی تێکنۆلۆژیکی، ژنان لە مرۆڤایەتی بەتاڵ دەکاتەوە، ئەو بژاردەگەلەیان بەسەردا دەسەپێنێت کە خۆیان دروستیان نەکردووە و ناچاریان دەکات کە بۆ تێکنۆلۆژییەک خۆ بەدەستەوە بدەن کە پەرەپێدەرەکانی لەکۆتاییدا بەدوای ئەوەدا دەڕۆن کە ڕۆڵی دایکایەتیی بەسەرچووی خۆیان جێگیر بکەن. باسوخواستەکانی ڕۆلەند و ڕەیمۆند هەردوو بابەتەکە بەیەکەوە دەکێشنەوە: کە توانایییە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکانی ژنان کە تێکەڵ کراون لەگەڵ ئاکارەکانی منداڵداری و ڕاهێنانی منداڵدا، خاوەن بایەخی سەربەخۆن کە بە تەواوی جیاوازە لە بەستێنە باوکسالارانەکانیان و ئەوەی کە دەستێوەردانی تێکنۆلۆژیکی لە منداڵبووندا تەنیا دەرفەتی ژنان بۆ پەرەپێدانی ئەم توانایییانە لەژێر دەمامکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا لەناو دەبات. بەم تێگەیشتنەوە، ژنان پێویستیان بەوە هەیە کە هاوئاراستە لەگەڵ بایەخە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکاندا کە وادەکات هەست بکەن ژیانیان باشە، بەرژەوەندییەکانی خۆیشیان باس بکەن. بە پێچەوانەی لایەنگرانی دەستێوەرنەدان، ڕوانینی کۆنسێرڤاتیستیی ڕەمزی یان ڕەخنە فێمێنیستییەکان وەک کارۆل مەک میلان، هەوڵ دەدەن خۆبپارێزن لە بەدواداچوونی ئەرکی سروشتیی ژنان. بە شاراوەیی دژایەتییان لەگەڵ گریمانەی بەناسروشتیزانینی بیچمە جێگرەوەکانی منداڵبووندا نەکردووە، بەڵکوو سەرنجیان خستووەتە سەر هەستێکی قووڵی هەستنەکردن بە ڕەحەتی، کە لە ترس لە چەسپاندنی زۆرتری پێکهاتەکانی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیەوێت بۆ ژنان بدوێت لەکاتێکدا کە هاوکات کۆنترۆڵی ژنان بەسەر چالاکییەکانی منداڵبوونی خۆیاندا دەسڕێتەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا، سەرەڕای هەوڵە ئەنقەستەکانیان بۆ ئەوەی بابەتەکان لەسەر بنەمای بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بۆ لێدوانی ژنان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابمەزرێنن، باسوخواستەکانیان وادیارە کە بەستراونەتەوە بە جیاوازیدانانێکی تیۆریک کە زۆر لەوە دەچێت کە ئادریەن ڕیش لە لێکدانەوەی دایکایەتییەکەیدا بەکاری بردووە. ئەو نووسی:
من هەوڵم دا جیاوازی دابنێم لەنێوان دوو مانای دایکایەتیدا، یەکێکیان سوار بەسەر ئەوی تردا: پەیوەندیی دەرنەکەوتووی (potential ) هەر ژنێک لەگەڵ هێزی منداڵبوونیدا و لەگەڵ منداڵان؛ و دامەزراوەیەک کە ئامانجی ئەوەیە دڵنیا بێت لەئەوەی کە ئەو ونهێزە (potential) – و هەموو ژنان – دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی پیاواندا بمێننەوە. (ڕیش ١٩٧٦، ١٣)
ئەگەر بتوانرێت دامەزراوەی دایکایەتی – ئەو دروستکراوە هێمایییەی کە لە کۆنترۆڵی پیاوەوە سەرچاوە دەگرێت- هەڵبگیرێت، ڕەنگ بێت ئەزموونی دایکایەتی بتوانێت لە سروشتی ڕاستی خۆیدا دەرکەوێت، کە ڕیش پێی وایە ڕیشەی لە بیۆلۆژیی ژناندا هەیە.
لە باسکردن لەوەدا کە بەهیچ جۆرێک تا ئێستا سەرچاوەی بیۆلۆژیکیی خۆمان، [و] پەرجۆ و پێکدژیی لەشی ژن و مانا ڕۆحی و سیاسییەکانیمان نەدۆزیوەتەوە یان لێی تێنەگەیشتووین، من بەڕاستی بەشوێن ئەوەدا دەگەڕێم کە ژنان ناتوانن لانیکەم دەست پێ بکەن بە هزرین لە ڕێگای لەشیانەوە، بۆ بەسترانەوە بە ئەو شتەوە کە بە دڵڕەقییەوە لە یەک دابڕاوە: توانایییە بیرمەندییە گەورەکانمان، بەئاستەم بەکارهاتوو؛ هەستی زۆر پەرەسەندووی لێکەوتنمان ( tactile)؛ توانامان بۆ تێبینیکردن لە نزیکەوە؛ لەشی ئاڵۆزی فرەچێژی ئێشهەڵگرمان. (ڕیش ١٩٧٦،٢٤)
ڕیش، وەک ئەوەی فایێرستۆن، لە باسوخواستەکانیدا پێی وایە کە ئەتوانین بە تێگەیشتنەوە تێهزرین لە ئەو ئەزموونانەی دایکایەتی کە لە بەستێنە کۆمەڵایەتییەکەیان جیا کراونەتەوە و ئەتوانن بەبێ پێکهاتە دامەزراوەییەکان هەڵبگیرێن و بۆ چاولێکردن بکرێنەوە. ئەو هەروەها وای دادەنێت، کە ئێمە ئەتوانین بەرودوا ئەوان لەناو بەستێنێکی بەتەواوی جیاوازدا بێنینە بەرچاومان، کە لەناویاندا بایەخە دانپێدانراوەکانی لکاو بە دایکایەتییەوە دەتوانن لەو بەستراوەیییە نەرێنییانە کە بەشێکن لە ڕێکخستنەکانی دایکایەتیی سەردەم، ئازاد ببن.
دامەزراندنی ئەم گریمانەگەلە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆرتر هەیە. سەرەڕای ڕەخنە سەرنجڕاکێشەکەی [واتا] “دوالیزمی دروستکراوی پیاو”، وادەردەکەوێت کارەکەی ئەو لەسەرەتاوە دوالیزمگەلی هاوچەشن بناسێنێتەوە، کە هەروەک وا بووە، ئێستایش بەستراوەتەوە بە توانای جیابوونەوەی سەرچاوەکانی ئەزموونی ژنانەوە، بە ئەو گریمانەیەی کە دەتوانین لە بیۆلۆژیی ژناندا بۆ سەرچاوەی هێندێک ئەزموونی تایبەت بگەڕێین و ئەوەی کە ئەوانی تر سەرچاوەکەیان قەرزداری دامەزراوە باوکسالارانەکانن. ئەگەرچی بە وردبوونەوەیەکی وەها لە مەنتقی کارەکەی ئەو، ڕەنگە وا دەربکەوێت کە ئامانجە ڕوونەکەی لەبەرچاو ناگرێت: بۆ ئەوەی کە هەلومەرجێک دروست بکات کە تێیدا دایکایەتی وەک سەرچاوەیەکی خوازراوترین ئەزموونی ژنان پیرۆز بکات، من دڵنیا نیم کە ئەم ئامانجە پاڵپشتییەکی دڵنیا لەسەر ئەم بنەمایە وەربگرێت. وادەزانم کە بەنێکی هاوبەش تێگەیشتنی ڕۆلەند، ڕەیمۆند و ڕیش بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئێستا ئەگەر ئەو بەنە هەمووی ئەوان بەیەکەوە ببەستێتەوە، بە دوالیزمی سروشت/فەرهەنگەوە یان نا، ئەوان گریمانەی دەروونناسانەی تایبەتی هاوبەشیان هەیە کە هەموویان لەپاڵ یەکتردا دادەنێت و لە فایێرستۆن و هاوبیرانی جیایان دەکاتەوە.
ئەوان وەک زۆرێکی تر لە فێمێنیستە هاوچەرخەکان، پەیوەندیی نێوان دایک و منداڵ لە بنەڕەتەوە بە شتێکی ئەرێنی دەبینن و چاو لە ئەم پەیوەندییە دەکەن بۆ ئەوەی وێنەیەک لە ئەوە بدۆزنەوە کە کام پەیوەندیی نێوان ژن و ژن، یەکجاری دەتوانێت ژنان ئازاد بکات بۆ ئەوەی لە بایەخەکانی خۆیان بدوێن و بیچم بدەن بە ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێگە دەدەن بە بێبەربەست دوانی ئەوان. ڕوانینی ئەوان بە ڕوونی دژ بە تێگەیشتنی فایێرستۆن و فێمێنیستە هاونەسڵەکانیانە کە بۆ ئەو مۆدێلانەی کە لەسەریان هەستی یەکیەتی و یەکگرتووییی ژنان دروست دەکرێت، بۆ سەرچاوەکانی دەرەوەی پەیوەندییەکانی دایک-منداڵ دەیانڕوانی.
لە بابەتێکی ڕەخنەیی لە تێگەیشتنی ڕیش بەم دواییانە، جەنێت سایێرز (١٩٨٤) باسی لەوە کردووە کە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ژنان لە وێنەی پەیوەندییەکانی دایک-منداڵدا، لەسەر خەیاڵێک دەوەستێت، کە لە ڕاستیدا ئەم پەیوەندییە، بەهەردوو بنەما ئەرێنی و نەرێنییەکەیەوە بە پێکدژییەوە دیار دەبێت. ئەو ئەنووسێت:
تا ئەو کاتەی فێمێنیزم مەبەست بێت، بایەخی کارەکەی مێلانی کلەین لە ئەو خاڵەدایە کە بایەخ دەدات بە ئەو ڕێگایەی کە ئێمە لە ڕێگای مێکانیزمەکانی بەرگریی لە لەتبوونەوە، بەزۆری پێکدژی لە پەیوەندییە تاکەکەسییەکاندای پێ ڕەد دەکەینەوە و بایەخ دەدات بە ڕق و خۆشەویستی کە لە پەیوەندییە سەرەتاییەکانی منداڵ-دایکدا دروست دەبێت. ڕاڕاییبوونێک کە نە تەنیا لە نووسینە فێمێنیستیەکاندا کە ئەم پەیوەندییە وەک بنەمای یەکگرتووییی ڕەگەزیی ژنان پیرۆز دەکەن، بەڵکوو هەروەها لەو نووسراوانەیشدا پشتگوێ دەخرێت کە بەپێچەوانەوە لە ئەم پەیوەندییەدا هەمان سەرچاوەی ستەم و لەخۆدابڕانی (alienation ) ژنان دەبینن.
ئەو ئەگەرچی دەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ زۆرێک لە فێمێنیستەکانی تر، لەوانە فایێرستۆن، بە هێنانەوەی وێنە دەڵێت کە لووس ئیریگارای ڕوونکەرەوەی ئەم ڕوانینەی دوایییە. ئەگەرچی بەستراوەیی بە ڕوانگەی کلەین ەوە ڕەنگە جێگای پرسیار بێت، بەڵام ئاگادارکردنەوەکانی نابێت پشتگوێ بخرێت. هەردوو ڕوانینەکە بۆ پەیوەندیی دایک-منداڵ، بەزۆری لە نووسراوە فێمێنیستییەکاندا ناسێندراوە. هیچکام لەوانە ناتوانن بانگەشە بکەن کە پێناسەی ڕاستی فێمێنیزمیان هەڵگرتووە. سەرسوڕمانەکەی کلەین هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەردوو تێگەیشتنەکە لەناو چواچێوەیەکی گشتگیردا کۆبکاتەوە. پەرەسەندنی وەها چوارچێوەیەک، زۆرێک کاری تیۆریک بەجێ دەهێڵیت کە دەبێت جێبەجێ بکرێن بەڵام پێویستیی کردەوەی فێمێنیستی ناتوانرێت دوابخرێت تا ئەو کاتەی ئێمە تیۆرییەکی تەواوبووی پەیوەندییەکانی نێوان نەسڵەکان دەخەینە بەردەست.
بۆ ئێستا،[بۆ] جێگای بەتاڵی هەر تیۆرییەکی فێمێنیستی کە بتوانێت ئاراستەیەکی ڕوون بخاتە بەردەست بۆ ڕێنوێنیکردنی پەرەسەندنی تێکنۆلۆژییەکانی منداڵبوون، ئەم بژاردەگەلە لەبەردەستماندا هەن: ١- ئێمە ڕەنگە بەبێ پرسیار خۆمان ببەستینەوە بە تێگەیشتنەکانی لایەنگرانی ڕیش، هاوڕا بین لەگەڵ لێکدانەوەی ڕەیمۆند و ڕۆلەند لەسەر پاشهاتەکانی داهێنان لە منداڵبووندا و سەرەڕای باشییە کورتماوەکانی بۆ هێندێک تاکی ژنان، دژایەتیی هەموو بەکارهێنانێکی تێکنۆلۆژیی منداڵبوون بکەین؛ ٢- دەتوانین هێزمان لەگەڵ میراتگرانی شولامیس فایێرستۆن بخەینە سەر یەک، ئەگەرچی بە سەرنجدان بەوەی کە بەرژەوەندییە بەهێزە دامەزراوەیی و بازرگانییەکان، ئەم تێکنۆلۆژیگەلە کۆنترۆڵ دەکەن، بە هیچ جۆرێک دیار نییە کە ئەمە دەتوانێت چ پاشهاتێکی بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتیی ئێستا ببێت، یان ٣- دەتوانین کار بکەین بۆئەوەی فرەییی تێگەیشتنە فێمێنیستییەکان لەناو سیاسەتێکی کاتیدا یەک بخەین، خۆمان ببەستینەوە بە وتووێژی چڕوپڕ و هەوڵ بدەین کاریگەریمان لەسەر ئاراستەی ئێستای داهێنانەکانی منداڵبوون ببێت کە کەموکورت بە هەمان شێوازە پراگماتیستییەکانەوە، فێمێنیستەکانی ئێستا بەشداری لە بیچمدان بە سیاسەتە ئابوورییەکاندا دەکەن. کەوابوو بەدواداچوونی بژاردەی سێهەم ڕەنگە یەکگرتووییی کۆمەڵی فێمێنیستی بخاتە بەردەم ئاستەمترین تاقیکارییەوە. هەڵبژاردنی هەرکام لە بژاردە بەجێماوەکان دەتوانێت کەلێنێک دروست بکات کە پڕ نەکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە یان شەپۆلی ئێستای بزووتنەوەی فێمێنیستی، هێزی خۆی لەدەست دەدات و بڵاوە دەکات یان فێمێنیزم تێکەڵ بە هێزێکی زۆر بەهێزتر و یەکگرتووتر دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتی کە پێشتر لە مێژوویدا نەبووە.


