ئارامتر بخوێنەوە!

بنەماکانی فەلسەفەی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ
مورتەزا مەردیها (مامۆستای یاریدەری گرووپی فەلسەفە لە زانکۆ تەباتەبایی)
وەرگێڕ : تەوارسنە

پوختەی وتار

بەشێ لە بزاڤی داکۆکی لە مافی ژنان، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بە دواوە، بە خواستێکی ڕادیکاڵانەوە دەستی کردە ڕخنەی بنەڕەتی لەو گۆتارە زاڵە وا بە سەرچاوە و هۆی سەرەکیی بندەستیی ژنانی ناوزەد دەکرد. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم هۆکارە هەمان بنچینەی پیاوسالارانە بوو وا بناغەکەی دەگەیشتەوە سەر پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو لە نێو ماڵدا و لێرەش دەگەیشتەوە بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە دونیای ئابووری و سیاسەتدا.
فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان لەم هەڵوێستەیاندا لە ژێر کارتێکەریی ئەو گوتارە باوە فەلسەفی- سیاسییەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، واتا مارکسیزمی نوێ و فرۆیدیزمی نوێ بوون. ئەم ڕێبازانە بە جەخت کردنە سەر ماکی فەرهەنگ بە جێی ئابووری، بێ لایەنی و ڕاستی نوێنیی زانست و بایەخی دابونەریتی باویان خستە ژێر پرسیارەوە و هەروەها لەبەر ئەوەی فریوکاری(اغفال)یان لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی بنچینەی سەرمایەداری ناوزەد دەکرد، بوونە سەرمەشق بۆ فێمێنیزمی ڕادیکاڵ.
ئەم وتارە بەدوای بووژاندنەوەی ئەم گریمانەیەیە کە: هەر بەو جۆرە وا ڕوانگەی بنەماشکێنانەی کەسانێ وەک بنیامین و مارکۆزە بە تایبەت لە بواری سیاسەتدا، بە هۆی چییەتیی وێرانگەریان کەمترین بەختیان هەبوو لە بەدیهاتندا و بە زووترین کات جێی خۆیان دا بە چاکەخوازیی حەفتاکان، فێمێنیزمی ڕادیکاڵیش بە تایبەت بە هۆی هێنانە ئارای پەیوەندیی نێوان پێناسەی ئەمری سیاسی و دۆخی ژنان، ناتوانێ چارەنووسێکی جیاواز بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
سەروشەکان: فێمێنیزم، فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، سیاسەت، ئایدۆلۆژی، دەسەڵات

پێشەکی

فێمێنیزم زیاتر وەکوو بزاڤێکی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگی ناسراوە. ڕاستییەکەش هەر ئەمە بووە، چونکە لە کۆتاییی سەدەی هەژدەیەمدا کە باس لە یەکسانیی مافی دوو ڕەگەز سەری هەڵدا، تاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کۆمەڵێ گرووپی جۆربەجۆر بە ناوی بزووتنەوەی مافی ژنانەوە چالاک بوون. بیردۆزی و داواکارییەکانیان لە بازنەی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی یان سیستەمێکی فکری – سیاسیی جێگیر تێنەدەپەڕی. تەنانەت هەوڵەکان بۆ دەستەبەر کردنی مافی دەنگدان بۆ ماوەیەک، لە کاتی گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیستدا، بوو بە گرینگترین کەڵکەڵە و داخوازیی بزووتنەوەی ژنان.
ئەمەش پتر لە داواکاریی یەکێک لە مافە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی دێموکڕاسیی لیبراڵ تێنەدەپەڕی. بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بزاڤی داکۆکی لە مافی ژنان کۆمەڵێک داخوازیی ڕادیکاڵی لە خۆی پێشان دا کەوا هەلومەرجەکەی لە جووڵانەوەیەک کە لە ناو دامەزراوەی سیاسی – کۆمەڵایەتیدا هەبوو، کرد بە جووڵەیەکی دژبەری کە لەگەڵ بنەماکانیشی ناکۆک بوو. لێرەدا شوناسی سیاسیی بزاڤی فێمێنیزم بەهێزتر بوو چونکە بە پشت بەستن بە هەندێ بیرۆکە و ئایدۆلۆژیی سیاسی، نکۆڵی لە چوارچێوەی دێموکڕاسیی لیبراڵ دەکرد.
فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، لە ژێر کاریگەریی مارکسیزمی نوێ و فرۆیدیزمی نوێ و هەروەها پاش پێکهاتەخوازیدا بوو، ئەمەش گوتاری زاڵی ئەو سەردەمە بوو. بە هۆی کارتێکراویی ئەم بیرۆکە بنەماخوازانەیە بوو کەوا ئاشتەوایی لە گەڵ سیستەمی سەرمایەداری و دێموکڕاسیی لیبراڵی وەک جۆرێ لە فریودان لەقەڵەم دابوو. بۆیە تیۆری داڕێژەرانی بزاڤی ژنانی بەرەو لایەنێک هان دا کە بە لێکۆڵینەوە لە بنەڕەتی سیستەمی سیاسیی بەردەست و گرێدانی بە پیاوسالارییەوە، ڕێگە چارەی کێشەی ژنانی لە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتدا دەزانی. ئەمەش بە ناچار وای کرد جووڵانەوەکە سیاسیتر لە جاران بێ. گەرچی ڕێگەی بزاڤی فێمێنیزمی ڕادیکال پێچەوانە بوو، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیێنێ سیاسەتی دەسەڵات لە ناو سیستەمی بەردەستی، نە وەک هۆکرد، بەڵکوو وەک هۆکاری دەسەڵات لە ناو پەیوەندیی خێزانی و دوو ڕەگەزەکە لە قەڵەم دەدا. بەڵام خاڵی بەڵگەنەویست ئەوە بوو، سیاسەتی دەسەڵات چ لە ناو بنەماڵە بێت یان لە ناو کارگە و لە گۆڕەپانی جەنگ، ڕەگ و ڕیشەیەکی هاوبەشی بووە و ئەمەش لە بنەماڵە و خێزانەوە دەستی پێ دەکرد و پەرەی دەسەند. دواتر فێمێنیزم ناچار کرا زیاتر خۆی لەگەڵ سیاسەت بگونجێنێت.

کاریگەری وەرگرتن لە فەلسەفەی شۆڕشگێڕانەی دەیەی شەست

سەر لە نوێ خوێندنەوەی مارکسیزم و پێشکەش کردنی شڕۆڤەیەکی کەمتر جەبری – ئابووری و زیاتر کولتووری – مرۆیی لە مارکسیزم، کەوا ڕۆڵی ویست و تێگەیشتنی ئاڵۆزی زەقتر کردەوە، بە دۆزینەوەی کتێبی “دەسنووسە ئابووری و فەلسەفی”یەکانی مارکس لە ساڵی ١٩٣٢دا دەستی پێ کرد و بە سەرلەنوێ خوێندنەوەی فێرگەی ڕەخنەیی لە ئێکۆنۆمیزم و پرۆلتاریانیزمی مارکسیزم و ڕەتدانەوەی جەبرخوازی، درێژەی پێ درا.
چەپی نوێ بە گومان کردن لە ئایدیای سەرەکیی مارکسیزم واتە ئاوڕدانەوە لە کرێکارانی پیشەسازی، وەکوو پاڵنەری سەرەکیی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە هاتە ئاراوە. سەرهەڵدانی جۆرەکانی شۆڕشی نەتەوەیی و گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕانەکان کەوا لە لایەن گرووپە جیا لە پرۆلتاریاکانەوە هاتبوونە ئاراوە، قەناعەتی بە فرە کەس هێنا گرووپەکانی وەکوو خوێندکار، ژنان، ڕەشەکان و هتد، دەتوانن ببنە هۆکاری چالاکییەکانی شۆڕش و گۆڕانکاریگەلی گرینگ ساز بکەن. لووتکەی ئەم بیرۆکەیە لە شۆڕشەکانی مانگی مەی ١٩٦٨ لە پاریس دەبینرێ. بەڵام هۆکاری ڕوون نەبوونی چەپی نوێ تا ڕادەیەک دەگەڕایەوە بۆ ناڕوونیی ئارمانج و داخوازییەکانیان. بەشێک لەم داخوازییانە دەگەڕایەوە بۆ ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو پەیوەندیی جنسی، ڕاکردن لە کۆتوبەندی بنەماڵە و هتد. بەڵام کەیسە سیاسی و گەورەترەکەی بە وردی ڕوون نەبوو چییە؟ گرینگترین تایبەتمەندیی ئەم بزووتنەوەیە، هەندێ لایەنی دژەباو بوو و فێمێنیزمی ڕادیکاڵیش لەم ڕێگەیەوە خۆی خستە پاڵ ئەوان. لەبەر ئەوەی دۆخێکی خوڵقاندبوو کە پشتیوانیی لە دژایەتیکردنی نۆرمگەلێکی وەک بەرپرسیارێتیی بە هاوسەر و مناڵ، دژایەتیکردنی سیستەمی سەپاندنی دەسەڵات لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا دەکرد کە ئەمەش لە لایەن فێمێنیزمە ڕادیکاڵەکانەوە پاڵپشتیی لێ دەکرا.
فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، لە ئایدیای شێلگیر و گرینگتری مارکسیزمی revisionism پێداچوونەوەخواز کاریگەریی وەرگرتبوو. تیۆدۆر ئادۆرنۆ، هاوشێوەی ئەندامەکانی تری قوتابخانەی فڕانکفۆرت، بە گومانەوە سەیری زانستی دەکرد. لەم ڕوانگەیەوە زانستی پۆزێتیڤ کە بانگەشەی ڕاستبێژییەکی بێ لایانانەی دەکرد، ڕوانگەیەکە لەتەک ڕەهەندەکانی تری سیستەمی کولتوریی زاڵ، خۆ دەگونجێنێت. تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان هۆشیار و خاوەن بیرکردنەوەش بن، هەر کۆیلەی ئەو سیستەمەن. ئەوان شێوە سنووردارکراوەکانی بیرکردنەوە و کردەیان هەیە کە لە لایەن دۆخە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەستی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە بە سەریاندا داسەپاوە.
خەریکە دونیا بۆ بەندیخانەیەکی ئاوەڵا دەگۆڕدرێت و خەڵکیش لە باتی ئەوەی کە دژی بوەستنەوە گوێڕایەڵی دەبن. کتێبە بە ناوبانگەکەی ئادۆرنۆ بەناوی «دیالێکیتکی نەرێنی»، لەم بابەتانە دەکۆڵێتەوە کەوا خۆیان لە هەر چەشنە سەلماندنێک بپارێزن و بە تەواوەتی هەڵگری کۆمەڵێک گوزارەی نەرێنی بن، کەواتە پاڵنەری لایەنگریکردنی ئادۆرنۆ لە هونەری دژەباو، تامەزرۆییی ئەوە بۆ بینینی دژایەتیی بەرهەمە ئاوانگاردەکان لە کارتێکراویی یەکسانسازیی بازرگانی و بە شت بوونی(شیءوارگی) هونەرە کەوا سووژەی هونەری بۆ ئۆبژەی تاکەکەسی دادەبەزێنێت. بە بۆچوونی ئەو، ستراتێژیی پێشەنگ، بنەڕەتی خۆڕاگرییە دژ بە تواندنەوە لە ناو ستەمی بازاڕدا.
لە ساڵەکانی دەیەی شەستدا، بەرهەمەکانی هێربێرت مارکۆزە لەناو خوێندکارەکاندا ڕێزی تایبەتی لێ گیرا، بەتایبەتی باسی «دژایەتی لەگەڵ سەرکوت» لایەنگرییەکی فرەی بوو. تیۆرییەکانی ئەو هیچ کات چاوپۆشیی لە بیرکردنەوەی تاک نەدەکرد، بەڵکوو هەوڵی دەدا لە کۆمەڵگەی بە شت کراو(شیئی انگار)دا، کەشێک بخوڵقێنێت، تاکەکەس بتوانێ لەو کەشوهەوایەدا بەسەر نامۆبوونی خۆیدا زاڵ بێت. مارکۆزە ئەم ستراتێژییەی بە «بەرپەرچدانەوەی مەزن» ناودێر دەکرد، ئەم بۆچوونە، بێهیواکان و ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرەکانی چەپی نوێی لە پاڵ یەکتری دادەنا.
بە دەربڕینی ئەو، «بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، لە هەمبەر ئەو مرۆڤانەی کەوا بێ‌هیوایانە، تەواوی ژیانیان بۆ شۆڕش و بەرپەرچدانەوە و نکۆڵی تەرخان کردووە و تەرخانی دەکەن، وەفادارە». دژایەتی لەگەڵ سەرکوت بۆ فێمێنیزم واتایەکی ستراتێژیکی هەبوو. لەلای گەنجە نەیارەکانی سەرکوتەوە، دەرباز بوون لە کۆتوبەندی دواکەوتووییی ناوەوە و سەرکوتی دەرەوە، پێش هەموو ئارمانجەکان دەکەوت. بەشێک لە فێمێنیستەکان کەوا شۆڕشیان وەکوو بابەتێکی پیاوانە لە قەڵەم دابوو و لە بزووتنەوەی دەیەی شەست جیا بوونەوە، ئەم بۆچوونانەیان بۆ پووچەڵ کردنەوەی دامەزراوە نەریتییەکان دەکاردەکرد کەوا پێناسەیەکی تایبەتیان لە سەر خۆشەویستی هەبوو و لایان وابوو ئەوانە دەبنە هۆی دواکەوتووییی ژنان، بۆیە بایەخی زیاتریان بە بۆچوونەکانی مارکۆزە دا. لایەنگریی بنیامین لە سووررێئالیزم بە هۆی تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و ڕۆمانتیک و سەربەستخوازانەکەی بوو. ئەو دەنووسێ: “ئارمانجی سووررێئالیزم لە تەواوی کتێبەکان و هەنگاوەکانی، دەستەبەرکردنی هێز و گوڕوتینی پێویست بۆ شۆڕشە”.
ئەم دوو بیرمەندە جگە لەوەی کە لایەنگری پووچەڵکردنەوەی ڕەهای ڕێکخستنی کۆمەڵایەتین، خوازیاری شۆڕشێکی ڕادیکاڵیشن و پێداویستییەکانی گرووپە چەوساوەکان لە ڕێگەی بە کارهێنانی توند و تێژی دژ بە ستەمکاران بە فەرمی دەناسن.
بنیامین و مارکوزە و سارتر لە لایەکەوە بە جەخت کردنەسەر ڕووخاندنی سەرمایەداری و فێڵەکانی، لەلایەکی تر بە جەخت کردنەسەر ویستی گۆڕانخوازیی مرۆڤەوە، جۆرێک لە ئانارشیستی توندیان پەرەپێدا. ئەمەش لە باتی هەڵگیرسانی شۆڕش بۆ ئەوەی ڕێکخستنێکی نوێ جێگیر بکەن، نەفسی تێکدانی ڕێکخستنی بەردەستیان بە گرینگ دەزانی. بەم جۆرە بوو وا دەیەی شەست بوو بە دەیەی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕانە کەوا پتر لەوەی باس لە قازانجەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی جێگرەوە بکات، پێویستیی ئازادیخوازی و بەربەرەکانێی توندوتیژانە دژ بەدەسەڵاتی درۆیان بە باش دەزانی. مەبەست لە دەسەڵاتدارێتیی درۆ، دەسەڵاتداریی سیستەمێکە کە بە ڕواڵەت وا نیشان دەدا هەموو شت سروشتی و خاس و ڕێسامەندە، بەڵام جۆرە فریوێک بووە بە پاڵنەری ئەم باوەڕە. ئەم ئایدیایە بوو بە باشترین مۆدێل بۆ فێمێنیزمی ڕادیکاڵ بۆ ئەوەی بنەمای هەمووی ئەم درۆ و ساختەکارییانەی پەیوەندییەکان، بە ڕواڵەت سروشتی و دادپەروەرانە بەڵام لە ناخدا تێکەڵ بە دەسەڵاتی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو یا هەمان نێرسالاری لە قەڵەم بدات.
فێمێنیزمی ڕادیکاڵ بە پشت بەستن بە مارکسیستە نوێیە پێکهاتەخوازەکان بڕوای وا بوو کە بنەڕەتی کۆمەڵگەی هاوچەرخ لە بواری ئابووری و کولتوور و ڕەهەندەکانی‌تریدا، بە شێوەیەکە پێویست بەوە ناکا جیاکردنەوەی ئاگامەندانە و پشت ئەستوور بە بندەستیی ژنان بخاتە ئاراوە. بۆیە هەندێک لە ژنە تیئۆری داڕێژەرەکان هەوڵیان دا شرۆڤەی دادپەروەری وەکوو یەکسانی بسڕنەوە. ئەلیزابت گراس، لای وابوو بە هۆی ئەوەی کە ژنان پێویستە بۆ پێناسە کردنەوەی ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان سەربەست بن، باشتر وایە ئارمانجیان وەک سیاسەتی «سەربەخۆیی لە پیاوان» فام بکەن نەک سیاسەتی «بەرابەری لەتەک پیاودا». لوویی ئاڵتوسێر و ئانتۆنیۆ گرامشی، تیۆری داڕێژەرانی تری نەریتی مارکسیستی، بۆ دابین کردنی هزری فەلسەفی – سیاسیی زاڵ لە دەیەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا کاریگەرییان بووە. ئەم دوو بیرمەندە، جەختیان کردە سەر کاریگەریی ئایدۆلۆژی لەسەر بەرهەمهێنانەوەی هێژموونی یان ئوتورتیەی بە فەرمی ناسراو. ئاڵتوسێر هەوڵی دا لێکی بداتەوە کە پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی بورژوایی چۆناوچۆن بەرهەم دێتەوە. بە ڕای ئەو، ئایدۆلۆژی میکانیزمێکە بورژوازی پشتی پێ دەبەستێ بۆ ئەوەی زاڵ بوونی چینایەتیی خۆی بەرهەم بێنێتەوە. مرۆڤ نەوە بە نەوە لە ڕێگای ئایدۆلۆژییەوە دڕێژەی داوە بە یەکخستنەوەی خۆی لە تەک دۆخی بەردەستدا. لە ڕوانگەی ئەوەوە “ئایدۆلۆژیی تاکەکان وەکوو سووژەکانی سیستەم، یان دەیانسڕێتەوە، یان پێیاندا هەڵدەڵێ، یان ئەوەی کە شوناسی پێویستیان پێ دەبەخشێ بۆ درێژەدان بە کارکردی ئێستاکە”.
روونە مەبەست لە ئایدۆلۆژی لێرەدا سیستەمی کولتوری و بروکراسیی ئێستاکە لە سەرمایەداری ڕۆژئاوایە، لێ فێمێنیستەکان ڕاست کردنەوەی ئەم ئایدۆلۆژییەیان داوەتە پاڵ سیستەمی نێرسالارییەوە. بە بۆچوونی گرامشی، دەوڵەتی سەرمایەداری لە ڕێگەی تێکەڵ کردنی دەسەڵات (کەوا هەمان تێکدانی یەکگرتوویییە) لە تەک ڕەزامەندیی جەماوەریدا (کە لە ڕێگای ئایدۆلوژییەوە بە هاوکاریی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و میتۆدەکانی یەک خستنەوە دەستەبەر دەبێ)، هەوڵ دەدا چینی کرێکار بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لەم جۆرە هێژموونی‌یەدا کارگە لە کۆمەڵگە جیا نابێتەوە. هێز لە کارگە لە تەک سیستەمی چەقبەستوو لە ئایدۆلۆژی و ڕەوشت، ئاوێتە دەبن و مۆدێلێ لە ژیان پێکدێنن. کەواتە ئاوایە وا (نوخبەگەلی زاڵ، بە پێی ئەو شتە وا بە دڵی خۆیانە، فۆڕم بە جهانبینیی حەز و ئارەزووی زۆرینە دەبەخشن. لەم دۆخەدا چینە باڵادەستەکان زیاتر لە سەرۆک و ڕێبەر دەچن تاکوو سەرکوتکار، چونکە قەناعەتیان بە زۆرینە هێناوە کە پاشکۆیان بن. بە بۆچوونی گرامشی زاڵ بوون، لە تایبەتمەندییەکانی کومەڵگەی پاش فیئۆدالی، بە تایبەت بورژواکان و هەروەها هێمای سەرکەوتنی کۆمەڵگەی لەم جۆرەی دوایی بوو).

فێمێنیزمی ڕادیکاڵ و شۆڕشی کۆمەڵایەتی

فێمێنیزمی ڕادیکاڵ بە کەڵکوەرگرتن لەم چەشنە بیرۆکانە، سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتیی وەکوو ئارمانجی بزووتنەوەی ژنان هێنایە ئاراوە. «ژنان لە خودی خۆیاندا بندەست نەبوونە، بەڵکوو ئەم بندەستییە بەرهەمی پرۆسەی کارای بنچینەی دەسەڵات بووە». بە پێی ئەم بنەمایە چ ڕێگایەک جگە لە تێکەڵ کردنی جۆرە شۆڕشێکی سیاسی لە تەک شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانکاری نامێنێتەوە. لەبەرئەوەی تیۆریداڕێژەرانی چەپی نوێ لە سەرهەڵدانی سیاسی (بۆ نموونە لە١٩٦٨ ) بێ‌هیوا بوون، فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، پشتی بە سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتی بەستووە.
لە دەستپێکی بیری فێمێنیستیدا، بۆچوونی زۆرینەی فێمێنیستەکان، بە پێی بندەستی و دەستەمۆییی ژنانە، لە بەستێنی پەیوەندیگەکی ئابووری، فەرهەنگی و سیاسیدا لە دایک بووە و گەشەی کردووە. ئەمە هەمان جیا کردنەوە بەناوبانگەکەی دوو دەربڕینی لێک‌ نزیکی نێوان، “رەگەز” و “رەگەزێتی”یە؛ بە پێی ئەم بنەمایە زۆربەی باس کردنەکانی ژنانە و پیاوانە، شرۆڤەی ڕەگەزێتییە لە ڕاستییەتی ڕەگەزی کە بووەتە پێناسەکردنی دەوری جۆراوجۆر بۆ ژنان و پیاوان و دانانی سنوور و بێ بەشی.
بە کەڵکوەرگرتن لە دژە پوزیتیڤیسم بوونی ڕێبازی ڕخنەیی، “بێتی فریدان” وتی: کێشە ئەوەیە کە زانستی بەردەست، زانستی پوزیتیڤیستی، پیاوانەیە و گشت ئەم چەمکانە پیاوان دایانهێناون، واتە لە مێشک و ئاگامەندی و هەستی ئەواندا کە بە ناچار پیاوانەیە و تێگەیشتن لە تایبەتمەندییە زەینی و سۆزدارییەکانی ژنان و بەرژەوەندیی ئەوان لە چاوی خۆیاندا وا لەوێ‌ بێبەشە، سەری هەڵداوە. ئەو هەندێ خاڵی دەستنیشان کرد کەوا یارمەتیدەری پێشکەوتنی ئەم تیۆرییە ڕادیکاڵەیە کە دەڵێ ئەو زانستە وا لە کۆمەڵگەی نێرسالاردا گشتگیرە و ڕەواییی پێ دراوە، زانستی پیاوانە. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کێشەی ژنان نەک هەر ون و نامۆیە، بەڵکوو چ بەشێ لە زانستی بڕواپێکراوی سەردەم، پەیوەندیی بە ئەزموونی ژنانەوە نییە. بەم جۆرەیە وا کێشەی بێ ناونیشانی و نادیاریی ژیان و ئەزموون و فام و تێگەیشتنی ژنانە، بووەتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بیری فێمێنیزمی ڕادیکاڵ.
سەرەڕای گشت ئەو کەڵکە وا فێمێنیزمی ڕادیکاڵ لە بیر کردنەوەی فەلسەفی- سیاسیی ڕادیکاڵ وەریگرت، ڕێگای خۆی بە شێوازی بنەڕەتی لێ جیا کردەوە. بەم شێوەیە بانگەشەی ئەوەی کرد شۆڕش دژ بەم باوک سەروەرییە بنەمای تەواوی خەباتەکانە.
“رەکسان دانبار” ڕاشکاوانە جەختی لەوە کردەوە کە” دەبێ فێمێنیزم لە لایەن ژنانەوە وەکوو بنەمایەک بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕانە بێتە ئاراوە”.
خاڵی جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، شۆڕشی فێمێنیستیی نەک وەکوو کەرەستە بۆ گۆڕانکاریی جێی سەرنجی ژنانە، بەڵکوو وەکوو بنەمایەک بۆ گشت گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دێنێتە ئاراوە. واتە بانگەشەی ئەوە دەکا ئەو گۆڕانکارییانەی مارکۆزە و بنیامین و سارتر و ئادۆرنۆ مەبەستیان بوو، دەبێ لە بەشی پەیوەندییەکانی نێوان ژن/پیاودا دەست پێ بکات و دواتر بۆ بەشەکانی ‌تر وەکوو کرێکار/سەرمایەدار یان ڕەش/سپی و هاوشێوەکانی بگوازرێتەوە. داگیرکاریی پیاوانە و گۆڕینی ژنان بۆ کۆیلە، بنەمای سەرەکی و مۆدێلی تەواوی ستەمە کۆمەڵایەتییەکانە بۆیە باشتر وایە گۆڕانکارییەکان لە بنچینەوە بن.
ناونیشانی وتارە بەناوبانگەکەی دانبار لەم بارەیەوە ڕوونە: «سەربەخۆییی بزووتنەوەی مێیینە وەکوو بنەمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی».
ئەو لەم نووسراوەیەدا جەختی لەوە کرد “هەمووی خەڵک لە ژێر گوشاری سیستەمی چینایەتیی نێونەتەوەییدا دەژین کە لە سەرووی هەموویان چینی سیاسیی نێرینەی سپی پێستی ڕۆژئاوایی جێگربووە و لە خوارترین لایەنەکانی ئەو سیستەمەدا، مێینەی غەیرە سپی پێستی غەیرە ڕۆژئاوایی».
بە بۆچوونی “باربارابووریس”، تەنیا بە گەڕاندنەوەی کولتووری فەوتاو و گاڵتە پێ کراوی ژنان و بنەمای مێیینەیییە کەوا کۆمەڵگەی مرۆییی ڕاستەقینە بەرهەم دێت. جۆرێک لە ئەنتەرناسیۆنالیزمی ژنانە بووەتە بنەمای شۆڕشی جیهانی.
بووریس دەڵێ: «ئێمە پشتگیریی گشت ئەو ژنانە دەکەین کە لە هەر نەتەوە و چین و وڵاتێک لە سەرانسەری ئەم جیهانەدا بن».

فمینزمی ڕادیکاڵ و پێناسەکرنەوەی سیاسەت

بە پێی ئەم بنەمایە بوو کەوا ئایدیا یان بیرۆکەی تا ڕادەیەک ناڕوون و پڕشرۆڤە و پڕ ململانێ و بەناوبانگی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، پێکهاتبوو لەوەی کە “بابەتی تاکەکەس، بابەتی سیاسییە”. گەر بنچینەی گشت ستەمەکان بە تایبەت ستەمی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، کەواتە هەمووشت تەنانەت سیاسەت و داگیرکاریی سیاسی، هۆکردی پەیوەندیگەلی تاکەکەسی، بە تایبەت پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوە. لە ژێر کاریگەریی بیرۆکەگەلی پێکهاتەخواز و پاش پێکهاتەخوازی بوو کەوا، فرەیەک لە تیۆریداڕێژەرانی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، بەو باوەڕە گەیشتن پێناسەی باو لە سیاسەت، بۆ خۆیشی بابەتێکی سیاسییە واتە بەرهەمی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە.
بەو واتایەی ئێستا باوە، سیاسەت تەنیا بازرگانیی حکومەت لە ڕیگای حزبەکان، هەڵبژاردن و ڕێکاری حکومەتی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکانی هێز لە ناو ژیانی خەڵکی لە دوو توێی بنەماڵە، قەومیەت، ڕەگەز، رەگەزێتی، چین و هاوشێوەکانیشیەتی. لایەنگرانی ئەم پێناسەیە جەخت دەکەنە سەر بەشداری کردنی ژنان لە سیاسەتی گشتیدا بۆئەوەی لێکی بدەنەوە ژنان چۆناوچۆن کاریگەری لە سەر دابەشکردنی سەرچاوەگەلی دەسەڵات دادەنێن و هەروەها چۆنیش دەچنە ژێر کاریگەرییەوە.
بەشداریی سیاسی، هەوڵێک بۆ گۆڕینی تاکەکان و کردە و ئارمانجەکانی حکوومەت نییە بەڵکوو کارتێکراوی کارلێک(همکنشی، تعامل)ی سیاسی لە کۆمەڵگە، لە لێژنە و لە بنەماڵەش دەگرێتەوە. بێت و لە سەر داگیرکاریی ئاشکرای پیاوانە لە کەرتی تایبەتی و نیمچە تایبەتیدا نەکۆڵڕێتەوە، ئەوا داگیرکاریی شاراوەی باوکسالاری لە بنچینەی دەوڵەت، ئاسایشی تەواوی دەبێ. بۆیە بۆ دوورەپەرێزی لە بەرهەمهێنانەوەی باوکسالاری، باشتر وایە بەشداریی سیاسی وەها پێناسە بکرێتەوە لە باتی وەسفە نەریتییەکانی وەکوو: لایەنگری، بەرژەوەندی تەوەری، نێرینە سالاری، وەسفە نوێیەکانی وەکوو ڕخنەیی، بەهاتەوەری، ئەوپەڕ ڕەگەزێتیشی تێدا ڕەچاو کرابێ.
بە بۆچوونی فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان، هەروا کە باوکسالاری سیستەمێکی گشتی و پەڕگیرە، بەرەنگاربوونەوەش دەبێ گشتگیر بێ و سەرتر بێ لە تێکدانی پەیوەندییەکانی داگیرکاری لە گشت ڕیکخراوەکان، لەناوچوون یان گۆڕینی شێواز و ناواخنی هەموو دامودەزگاکانیش بگرێتەوە کەوا ئەم سیستەمەیان بەرهەم هێناوەتەوە و بە لەناوبردنی ئەم سیستەمەیە وا مرۆڤایەتیی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات و یۆتوپیای فێمێنیستیش پێکدێت.
لە ڕوانگەی هەندێ لە توێژەرانەوە، ڕزگار بوون لە دۆخی باوکسەروەری کاتێک جێبەجێ دەبێ کە ململانەگەڵێ کە لە ناخی ژیانی تایبەتی ژناندا تێدەپەڕێ، وەک بابەتی سیاسی ڕەچاو بکرێت، چونکە ئەمە هەل بۆ ژنان دەڕەخسێنێ سەرهەڵدان، شۆڕش و چاکسازی و هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێ لە سیاسەتدا بە ڕەوا بزانن؛ هەروەها لە بەشەکانی پەیوەندییە تایبەتی و بنەماڵەیییەکانیشدا کەوا ژنان بوونەتە قوربانیی نەزم و تەکووزیی داسەپێنراو، ڕیگەپێدراو بێت. دوئالیزمی ناوبراو، ڕێگەخۆشکەری مانەوەی پەیوەندییە نادادپەروەرانە ڕەگەزێتییەکان بووە لە پانتای بنەماڵەدا. ڕەت دانەوە ئەم دوئالیزمە، داوەری و بە یاسایی کردنی دوو ڕەگەز لە نێو ماڵدایە وا وەکوو بابەتێکی تاکەکەسی لە پانتای چاودێری، داوەری، ململانێ و دادخوازی لە دەرەوە بووە.
جەختی نەریتیی کۆمەڵناسی لە سەر ئەوەی کە سەرچاوە سەرەکییەکانی ستەم لە لایەن دەوڵەت و ئابووری و دامەزراوە جەماوەرییەکانی‌ترەوە دەستنیشان دەکات، کێشەی دەسەڵات و داگیرکاری لە ناو دامەزراوە “تایبەتییەکانی” وەکوو بنەماڵە، هەروەها پەیوەندییە تاکەکەسییەکان لە هەردوو بەشی گشتی و تایبەتی پشتگوێ دەخات. تێکڕا کاروبارە تاکەکەسییەکان سیاسین، واتا بنەماڵە، پەیوەندییە تاکەکەسییەکان و ژیانی سۆزدارانەی وەکوو خاوەندارێتیی سیاسەت، بە پێی بنەمای پەیوەندیی سیستماتیکی هێز و نایەکسانی پێکدێت. سیاسەت لە بەشی گشتیدا سنووردار ناکرێتەوە بەڵکوو لە وردترین بەشەکانی ژیانی مرۆیش بە هۆی بوونی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە ئامادەیە. لەم شرۆڤەیەدا بابەتی تاکەکەسی، خاوەنی دژە بەهای بابەتی سیاسییە. لە ڕێگەی ئەم دروشمەوە، پێداگری لەم خاڵە دەکرێ کە ئاریشەی ئەو ژنانە وا ناتوانن خۆیان دەگەڵ چاوەڕوانییە ڕەگەزێتییەکان لە ژنان بگونجێنن و نایانەوێ پلەدووهەمی وەکوو تایبەتمەندییەک بۆ خۆیان پەسەند بکەن، بابەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو ئەمە بەشێکە لە پەیوەندیی ململانێ لە گەڵ پیاوان یا لەگەڵ سیستەمی پیاوسەنتەردا. کەواتە ناڕەزایەتیی ژنان دەتوانێ ناڕەزایەتییەکی سیاسییش بێ. ڕزگار بوون لەم دۆخەدا، خۆڕاگرییە لە هەمبەر ناوەکی کردنەوەی بەها ڕەگەزێتییەکان، واتا ئەو ڕۆڵ یان دەورانە وا بە شێوەی باو لە ژنان چاوەڕوان دەکرێ؛ ئەوەش بە زیاد کردنی ئاگامەندی دەستەبەر دەبێ. لە ڕێگای ئەم هوشیار بوونەوەیەوە، ژنان تێدەگەن کێشەکانیان سەرچاوە گرتوو لە “سیستەمێکی سیاسیی پشتئەستوور بە ڕەگەزێتی” یە. لەم شرۆڤەیەدا بابەتی تاکەکەسی و بابەتی سیاسی، هیچیان بەهاکانیان زیاتر لەوی تر نیە. نەک تەنیا بابەتێکی تاکەکەسی سەربەخۆ نییە، سروشتی و ئاساییش نییە، بەڵکوو پشت بە بابەتی سیاسی دەبەستێت، کەوا باشترکردنی لە ڕێگای گۆڕانکارییەوە مسۆگەر دەبێ.
خاڵی جێی سەرنج لەم بوارەدا ئەوەیە کە مۆدێلەکانی هەڵسوکەوت لە بنەماڵەدا بەو ڕادەیە لە مۆدێلی هەڵسوکەوتی سیاسییەوە کاریگەری وەردەگرن و بەپێچەوانەوەش. هەڵسوکەوتی سیاسی، ئابووری، کەلتووری، دەرکەوتە جیاوازەکانی ئەو هەڵسوکەوتانەن وا لە مرۆڤەکان لە گوتارێکی پیاوسەرەوەری لە پیاواندا، دەوەشێتەوە، هەڵسوکەوت لە بنەماڵەشدا شتێکی جیا لەمانە نیە.
“من”، هەمبەر “ئەوی تر”ی دەرەوەی ماڵ نیە، بەڵکوو ئەم منە، لەهەمبەر ئەوی تری ناو ماڵدایە. دەربڕینی پیاوسەرەوەری و ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕێ وەکوو هۆی بنەڕەتیی گرفتی ژنان بانگەشەی ئەوە دەکا لە دەسپێکدا بنچینەی سیاسی، مۆدێلی خۆی لە پیاوسالاریی بنەماڵەوە وەردەگرێ، دواتریش دەوڵەت لە ڕێگای وردەسیستەمەکانی وەکوو پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا، یاسا و دادگاوە، مۆدێلی داگیرکاریی پیاوانەیی بەرهەم دێنێتەوە. بەڵام تەنانەت زۆربەی فەیلەسووف و کۆمەڵناسە پێکهاتەخوازەکان لە گەڵ ئەم لێکدانەوە فێمێنیستییە لە کێشەی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی هاوچەرخ کۆک نین. “پیێر بۆردیۆ” لە کتێبەکەیدا بە ناوی” داگیرکاریی نێرینەیی” ڕوونی دەکاتەوە کە: “بنچینەی هەمیشەیی بوونی پەیوەندی، هێزی فیزیکی و هێزی هێمایینی نێوان دوو ڕەگەز لە ناو یەکێک لە بەرچاوترین شوێنەکانی واتا بنەماڵە نییە، کەوا هەندێ لە گوتارە فێمێنیستییەکان هەموو ڕخنەکانیان بەرەوڕوو کردووەتەوە، بەڵکوو ئەمە لە ناو ناوەندگەلێ وەکوو فێرگە و دەوڵەتدایە، واتا شوێنی بەرهەمهێنان و داسەپاندنی بنەمای داگیرکارییەکە کەوا تەنانەت لە ناو نهێنیترین بەشەکانی جیهانی ئێمەدا داسەپاوە. ئەم گۆڕەپانە گرینگە کردەیەکە بۆ خەباتە فێمێنیستییەکان”.
هەرچەندە فێمێنیزمی ڕادیکاڵ دابەزاندن یان کەم کردنەوەی داگیرکاریی پیاوانەی بۆ داگیرکاریی دەوڵەت پەسەند نەکرد و هەروەها پێداگریی لەسەر داگیرکاریی پیاوسەروەری کرد کە لە زنجیرەی سیاسی و ئابووری و بنەماڵەییدا وەکوو هۆکاری سەرەکیی بندەستیی ژنان دەرکەوتبوو، بەڵام ڕوانگەی ئاشت نەبوونەوەیان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لە تەک دەوڵەت پەسەند کرد و لە باتی هەوڵدان بۆ دەکارکردنی پانتای سیاسی بۆ پێش خستنی ئارمانجەکانیان، ڕوویان کردە ڕخنەی بنەڕەتی لە دەوڵەت وەکوو دەرکەوتەی سەرەکیی پیاوسالاری.
دیارە تێگەیشتنی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ لە دێموکڕاسیی ڕاستەقینە، هاوشێوەی فەلسەفەی سیاسیی زاڵی دەیەی شەست، واتا هەمان ئانارشیزمە کەوا هەرچەشنە داسەپاوی و زنجیرە پلەی بە پووچەڵ کردنەوە یان ڕەدکردنەوەی سەربەستی لە قەڵەم داوە.
لایەنگرانی ئەم شێوازە لایان وا بوو “بەها سەربەخۆکان” لە باتی “بەرژەوەندییە کەرەستەیییەکان” دابنێن. گرینگایەتیی بەها مەعنەوییەکان، بە تایبەت بە فەرمی ناساندنی ڕاستەقینەی یەکسانیی مرۆڤەکان و پاراستنی شکۆ و کەرامەتیان بە بێ ڕەچاوگرتنی بەرژەوەندییە مادییەکەی، لە ژینگەی سیاسیدا لە لایەن تیۆری داڕێژەرە ڕخنەگرەکان لەم دەیەگەلەی دواییدا بە لێشاو پێداگریی لە سەر کراوە.

رخنە و ئەنجام

هەوڵەکانی فێمێنیزمی ئاشتیخواز، بە هەر ویست و چالاکییەکەوە بێ، ڕاست بێ یان هەڵە، تەنانەت دەرەنجامی ئەرێینیشی لە ناو نەیارەکانیدا بووە. تەنانەت کولتورگەلێ وا لەتەک زۆربەی هەڵوێستە فێمێنیستییەکان، بە شێوەی بنەڕەتی دژ بوونە، بە هۆی شەپۆلی بیرکردنەوەی فێمێنیزمەوە توانیویانە، لانکەیەک بۆ کەمکردنەوەی بندەستیی ژنان لە کولتوری خۆیاندا ڕەچاو بکەن و گێڕانەوەیەکی ناوچەیی/خۆماڵیی لێ بەدەست بێنن و بەهێزی بکەنەوە. بەم جۆرە، زۆربەی ئەو شتانەی بە ستەمی ڕەگەزێتی ناوزەد دەکرێ، کەم بوونەتەوە. بەڵام ئایا فێمێنیزمی ڕادیکاڵ بەو گەڵاڵەگەلی بنەماشکێنانە توانیویەتی ئەم جووڵەیە خێراتر بکاتەوە؟ وەڵامەکە نەرێنییە.
بێگومان هەندێک لە وردبینییەکانی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، هاوشێوەی هەندێ لە وردەکارییەکانی ڕێبازەکان و تیۆریگەلی سەرچاوەی لە دەیەی شەست و حەفتادا، لە ڕوانگەی گەڕان بە دوای هۆکارە دوورەکانییانەوە، جێی تێڕامانە. بۆ نموونە ئەوەی کە هەندێ لە گرێ پوچکەکان لە کێشەکانی پەیوەندیدار بە مافی یەکسانی و ئەگەری گەشەی ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەگەلی بنچینەیی کەوا بە ئاسانی بە گۆڕینی چەند یاسایەک چارە سەر ناکرێ. یان ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئۆتوریتە و دەستبەسەرداگرتن، ئاغا/نۆکەر یان حکومت/خەڵک لانیکەم بەشێکی، لە ناو بنەماڵە و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوەوە پێکدێ و ڕاهێنانیشی پێ دەکرێ و دواتر لە ناو جەماوەردا تەشەنە دەکا. لەوە ناچێ فێمێنیزمی ڕادیکال بە گێڕانەوەکانی “میلت و فایرستۆن، هێنیش”، چارەنووسێکی جیاوازی لەو فەلسەفەگەلە هەبێ وا کاتی خۆی چوونە ژێر کاریگەرییانەوە، وەکوو مارکسیزمی نوێ، فرۆیدیسمی نوێ و پاش پێکهاتەخوازی. ئەم ڕێبازانە سەرەڕای هێنانە ئارای هەندێ خاڵی فرەچەشن، مێشکیان بەرەو بنەمای ئاڵۆز و نادیاری هەندێ کێشە ڕێنوێنی کرد. بەڵام کێشەکە لێرەدایە، گەر ئەو دیاریکردنانە لە هەندێ خاڵدا بە دوور لە ڕاستەقینەکانیش نەبن، ئەگەری چارەسەرکردن بەو شێوازەی ئەوان گەرەکیانە لە ئارادا نییە.
دیارە ئەزموون وامان پێمدەگەیێنێ لەم جیهانەدا کێشەکان بە چەشنی بنەڕەتی چارەسەر ناکرێن، تەنانەت گریمان لێکدانەوە بنەڕەتییەکان دروستیش بن. هەر چارەسەرییەک کە لە بنەما فیزیۆلۆژیکەکانی تاک و پێکهاتەی ناچاریی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیی نێوان تاکەکان، کە لە پێداویستییەکانی زنجیرەپلەی هێز و دەسەڵات و سیاسەتدایە، پشتگوێ بخات یان ئەوەی کە شرۆڤەیەکی لێ پێشکەش بکات کەوا بۆ چاکسازی و باشتر بوونی، پێویست بە گۆڕانکاری لەم بنەمایانە ببێ، لەوانەیە ئەو کێشانەی چارەسەریان دەکا زیاتر لەو کێشانە نەبێ وا دروستیان دەکات.
فێمێنیزمی ڕادیکاڵ گەرەکی بوو بە پشتبەستن بە فەیلەسووفە بنەماشکێنەکان، بەتایبەتی لە ڕێگەی شرۆڤەی نوێی بابەتی سیاسییەوە، کێشەی ژنان لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە ناو جۆرەکانی پەیوەندیی مرۆیی، وەکوو بنەماڵە و پەیوەندیی زنجیرەپلەیی و ڕێکخستنی سیاسی بێنێتە دی، بە چەشنێ کە دەوڵەت لە سەنتەردا بێ. چونکە لای وابوو هەر چالاکییەک وا لە چوارچێوەی سیستەمی زانستی و گوتاری بەردەستی ئێستادا بێ، دەگاتەوە بە بەرهەمهێناوەی هەمان پەیوەندیی پێشووی دەستبەسەرداگرتن. ئەم بانگەشەیەی میلت کە لە هەموو هەلومەرجێکدا کاتێک گرووپێک بە سەر گرووپێکی‌ تردا زاڵ دەبێ و ڕێبەرایەتی لە ئەستۆ دەگرێ، پەیوەندیی نێوانیان سیاسی دەبێتەوە و کاتێک پەیوەندی لەم چەشنە لە باری زەمەنییەوە درێژەی پێ بدرێ، ئەوا ئایدۆلۆژییەک دادەڕژێتەوە، قسەیەکی ڕاستە. هەروەها ئەوەی کە سەرەڕای فرەچەشنیی ئایدۆلۆژیاگەلی جۆربەجۆر، تەواوی کەلتور و شارستانیەتەکان، بە درێژاییی مێژوو باوک سەروەر بوونە و ئایدۆلۆژیای بنەڕەتیی گشتیان نێرینەزاڵی بووە، ئەمەش دەتوانێ ڕاست بێ. لێ، گرینگ ئەوەیە لەمە چ ئەنجامێک دەبێتەوە؟ یەکەم ئەوەی کە ئەم ئایدۆلۆژیایە تەنانەت بۆ چینی بن دەست، لێرەدا ژنان، بە تەواوەتی زەرەری نەبووە، لەوانەیە بەشی ژنان لە شارستانیەتی مێژووییی سیستەمی پیاوسالاریدا دادپەروەرانە نەبووبێ، بەڵام واتای زاڵبوونی ئەم سیستەمە، زیانێکی ڕەها بۆ ژنان نەبووە. هەروەها کە سیستەمی مێژوویی پشتئەستوور بە سەرتر بوونی چینی بەگزادە [ئاریستۆکرات]، پێشەسازی یان فێئۆدال، دادپەروەرانە نەبووە، بەڵام جەماوەر، بەگشتی لە ناو چینی کرێکار و وەرزێریش لێی بێبەری نەبوون. دووەم ئەوە کە پێشکەش کردنی هەر چەشنە پێشنیارێک بۆ ژێروژوور کردنی ئایدۆلۆژییەک کەوا ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوودایە، ئەگەری زۆرە هیوایەکی بەدینەهاتوو بێ.
ئەم وتەیەی فایرستۆن کە سیستەمی زنجیرەپلەییی دەسەڵات هەر ئەو شتەیە وا دەبێ لە ناو بچێت و سیستەمی دێموکڕاتیک و نازنجیرەپلەیی جێگای بگرێتەوە، پشت بە بۆچوونێکی ئانارشیستی لە دەوڵەت و دێموکڕاسی دەبەستێ کە هەر چەشنە دەستبەسەرداگرتن و زنجیرەپلەیەک دژ بە ئازادی دەزانێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەزمی سیاسی، تەنانەت لە کەشی دێموکڕاتیکدا، جۆرێک لە ناوەندگەراییی پێوە دیارە. ڕێکخستن، دابەشکردنی کار، دابەشکردنی بەرپرسیاری، پلانداڕێژی، ژماردن و… ئەو بابەتانەن وا بەردەوام بۆ جێبەجێ کردنی کارە گرینگەکان بە ناچاری لەبەرچاویان گرتووە و جێبەجێکردنی نموونەکانی سەرەوە، تەنانەت بە ڕەچاوکردنی لایەنی تەواو دیمۆکراتیکییەکەی، بە تەواوەتی گرێدراوە بە ناوەندێتی، زنجیرپلە، سەرۆکایەتی/گوێڕایەڵی و سیستەمی پاداش و سزاوە. چونکە لە ڕوانگەی زۆربەی خاوەنبیرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئۆتۆریتە و ستەمکاری لێک جیاوازن. ئەوەی سیستەمێکی سیاسی لە ڕەوایی بە تاڵ دەکاتەوە، تایبەتمەندییە نادیمۆکڕاتیک و داسەپێنەرانەکەیەتی، بەڵام سڕینەوەی هەرچەشنە هێزی بەکارهێنانی دەستێوەردان(اعمال نفوذ)یش لەکارکەوتنی لێ دەکەوێتەوە. لە سەر ئەم بنەمایە، ئۆتۆریتەی دێموکڕاتیک وەکوو سەنتزێک لەقەڵەم دراوە کەوا بەکارهاتوویی و ڕەوایی، بە باشی ئاوێتەی یەکتری دەکات. بەڵام بەشێک لە بزووتنەوەی ژنان، بە پشت بەستن بە زۆربەی بزووتنەوە نوێیە کۆمەڵایەتییەکان، پێکهاتەی ئۆتۆریتەی دێموکڕاتیکیان وەک چەمکێکی نایەکگرتوو لە قەڵەمداوە و گرینگتر لە هەموو ئەمانە، لە بنەڕەتەوە ناوەندێتی، زنجیرەپلە، سەرۆکایەتی/گوێڕایەڵی و سیستەمی سزا و پاداشیان وەکوو دەرکەوتەگەلێکی نەرێنی بە ئەژمار هێناوە؛ واتا بۆ دووربوونەوە لە مەترسییەکانی سیستەمی باوەکسەروەری، پێویستە دوورەپەرێزی لێ بکرێت و بنچینەی هەڵسوکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمایەک دابنرێت کەوا ئۆتۆریتە و ڕێکخستنی زنجیرەپلەی لێ داماڵڕێت. ئەوە زیاتر لە هیوایەکی ڕۆمانتیک دەچێ کە لەتەک پێوەرگەلی ڕاستبینانە و بەکارهاتوو لە ڕێکخراوەگەلی سیاسی و تەنانەت چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا نەساز و نەگونجاوە و تەنانەت لە تاکە ئەزموونێکیشدا سەرکەوتنی دەستەبەر نەکردووە.
سەبارەت بە واتای بابەتی سیاسی، ئەم خاڵە کە زاڵبوونی سیاسی دەتوانێ، تا ڕادەیەک و لە ڕوانگەیەکەوە، بنچینەی خۆی لە پەیوەندیی زاڵبوونی ناو ماڵ یان هەمان زاڵبونی پیاو بە سەر ژندا بدۆزێتەوە، سەرنجڕاکێشە. لێ ڕەتدانەوەی بنەماڵە بە مەبەستی ڕەتدانەوەی دەوڵەت، جگە لەوەی کە بنەما شکێنانەیە، تەنانەت وێنای تێچووەکەشی تۆقێنەرە، لەگەڵ ئەوەشدا نەلواوە. جیهان بە بێ دەوڵەت بەرەو دۆخی سروشتی دەگەڕێتەوە. ئانارشیزم پێکهاتووە لە جۆرە گەشبینییەکی زێدەڕۆیانە لەسەر جەوهەری مرۆڤ و ئەمەش بە تەواوەتی گومانی لە سەرە. مرۆڤەکان لە نەبوونی دەوڵەت و لە نەبوونی هەرچەشنە دەسەڵاتداریی زنجیرەپلەیی، بەختی زیاتریان بۆ جێبەجێ کردن و سازدانی پەیوەندی هەیە کەوا ستەم، بە تایبەتی ستەمی نێرینە/مێینە بەشی دانەبڕاوێتی. هەروەها ئانارشیزم پشتی بەستووە بە ڕوانگەیەکی تەواو ڕەشبینانەوە لەهەمبەر دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی، کەوا زیاتر لە کەشێکی تەواو هەڵاوساوی وەکوو نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەیەم لە ئەورووپادا بەهێند وەرگیرا. لە لایەکی ترەوە ڕەنگە شرۆڤەی دەروونشیکارانەی – فەلسەفی بۆ ئەو چارەسازتر بێ لە شیکاریی سیاسی-کۆمەڵناسانە.
دەوڵەت دامەزراویەکی گەلێک بەهێز و دەوڵەمەندە و بە تەواوەتی بەهرەی ئەوەی هەیە لە لایەن خەڵکانێکەوە ئیرەیییان پێ ببرێت چونکە لایان وایە ناتەواوییەکانی خۆیان بە هۆی کەڵەکەبوونی لەم چەشنەیە و پێیان وایە بە داگیرکردنییەوە کێشەکانیان چارەسەر دەبێت. فرەیەک لە ڕووناکبیرە دژە دەوڵەتەکان، بە تایبەتی زۆربەی فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان، پشتیان بەستووە بە تایبەتمەندیی حەزی داگیرکردنی زۆرینەی خەڵک و بیردۆزییە ڕادیکاڵەکانیان سەبارەت بە دەوڵەت، جار وایە گۆڕیوە بۆ بزووتنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، بە ڕاشکاوییەوە دیارە لە هەر هەلومەرجێکدا بوونی دەوڵەت پێویستە و باشییەکانی لە خراپییەکانی زیاترە. بنەماڵە و دەوڵەت، هەردووکیان دوو سوژەگەلی چاکسازیی پەیتاپەیتای پەیوەندین نەک تێکدان. ئەگەر پەیوەندیی نایەکسان و پشتبەستوو بە زاڵبوون، سەرچاوەی پەیوەندییەکانی داگیرکاریی سیاسییە، ئەمەش زیاتر پاڵنەری چاکسازیی سیاسییە تا ئەوەی کە شۆڕش بێت و زیاتریش سەلمێنەری پێویستیی چاکسازیی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە تا ئەوەی کە پێویستی تێکدان و ڕەتدانەوەی بەتەواوەتیی دەوڵەت بێت. چونکە لە ڕێگەی چاکسازی لە ناو بنەماڵەدا کە تا ڕادەیەک لە ڕێگەی فێرکاری و پەروەردەوە دەستەبەر دەبێ و بە ئەزموون کردنەوە ئەمەی ڕوون کردووەتەوە کە دەوڵەت و داگیرکاریی سیاسیش، بە هۆی وێکچوونیان لە تەک پەیوەندیی بنەماڵەوە، بە ناچار تۆزێ بەختیان هەیە بۆ چاکسازی.
فەیلەسووف و کۆمەڵناسگەلێ وەک هێربێرت مارکۆزە و میشێل فۆکۆ، گەرچی خاوەن وردبینیگەلی پەسندکراو بوون، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە پێویستییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکانیان، پێکهێنانی مرۆڤ و جیهانی نوێ بوو، جگە لەوەی کە کاری گەورەی لەم شێوەیە دەرەنجامی نەبوو، بە هۆی ئەم بەرزەفڕییە نەلواوانە بوو وا گەیشتن بە خۆپارێزی و بێکردەیی ڕەها. چارەنووسی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ لە دەیەی شەست و حەفتاکانیش وا پشتیان بەم مودێلە بەستبوو، جگە لەمە نەبوو. وتەکانی مێلت و فایەستۆن لە بارەی زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لە گیرۆدەییی ژنان، هەڵگری کۆمەڵێک خاڵی جێی تێڕامانە و لەوانەیە تەنانەت بەشێک لەم گیرۆدەیییە، لە پەروەردەی جەماوەریی بنەماڵەوە دست پێ بکات، بەڵام ئایا چارەسەری کێشەکە ڕەتدانەوەی بنەماڵە و ڕەتدانەوەی ئۆتۆریتە و زنجیرەپلەی بەڕێوەبەری و سیاسییە؟ ئەی جێگرەوەکەی چییە؟ ئەزموون وامان پێ دەڵێ گرووپە فێمێنیستییەکان گەرەکیان بوو لە ڕێگەی پەیوەندیی دۆستانە و یەکسان و بەرابەر و بە بێ فەرمان و لێپێچینەوە، درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن و دەستبەجێ لە ناچالاک بوون ماندوو بوون و تێکچوون.
کێشەی سەرەکیی هەمان ئایدۆلۆژی، دەگەڕێتەوە بۆ کۆن بوونی پەیوەندییەکانی هێزی نایەکسان و چارەسەرییەکەی لە چاکسازیی پەیتاپەیتای یاسا و کولتووردایە. ئەزموونی مێژوویی باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە.
هیچ یۆتۆپیا[شاری خەیاڵی]یەک لەم شێوەیە، سا بە پێشنیاری ماری ئەستل، یان پێشنیاری فایرستۆن، یان لووس ئیرگاری، قەت ئاوڕی لێ نەدرایەوە و بەدییش نایە. هەرچەندە جێبەجێ بوونی گریمانەییی نموونەی لەم چەشنانە، فێمێنیستە تووڕەکانی نەدەگەیاندە ئارمانجەکانیان. لانیکەم بە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیی زاڵبوون لە کۆمەڵگەدا بە بێ پیاو، زۆر بە سادەیی لە لایەن بەشێک لە ژنانەوە دژ بە بەشێکی تر دەست پێ دەکات. بانگەشەی ئەوەی کە ژنان لە توندوتیژی و ململانێ و داگیرکاری بێزارن، نەسەلمێندراوە. ڕەنگە ئەمە هاوشێوەی هەڵەیەک بێت وا مارکس لە بارەی کرێکارانەوە تووشی بوو و لای وا بوو کۆمەڵگەی کرێکاری، شوێن داگیرکاری ناکەوێت. تێگەیشتن لە پووچەڵ بوونی ئەم باوەڕە ڕۆمانتیکییە لە ژێر تیشکی عەقڵ و ئەزمووندا، هێندە زەحمت نییە. بۆیە شۆڕشی ڕەگەزێتی نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و فێمێنیزمی ڕادیکاڵیش، وەکوو زۆربەی بزاڤە بەپڕتاو و تێکدەرە ئەدەبی و هونەرییەکان و … تووشی داڕمان بوو. ئەگەر ڕێگەیەک بۆ هاوسەنگ کردنی کێشەی پەیوەندیی نایەکسان لە ناو کرێکار و کاربەدەست و لە ناو ژنان و پیاوان و … لە ئارادا بێت، ئەوا بزاڤێکی بەردەوامە کە لانیکەم ڕێسا و بنچینەکانی تێدا بپارێزرێت.