ئارامتر بخوێنەوە!

فێمێنیزمی سۆسیالیستی: ستراتێژییەک بۆ بزووتنەوەی ژنان
لە لایەن “هاید پارک چاپتێر”، “یەکیەتیی ڕزگاریی ژنانی شیکاگۆ”
“هیزر بووز”، “دەی کریمێر”، “سوزان دەیڤید”، ” دێب دۆبین”، “رۆبین کوفمەن”، “تۆبی کلاس”

و: ڕەزا فەتحوڵڵانژاد

پێشەکی

ئەم وتارە بەمەبەستی دەربڕینی ئایدیاکانی پەیوەندیدار بە ستراتێژیی نوێ بۆ بزووتنەوەی ژنان و هاوبەشکردنی ئەو ئایدیایانە لەگەڵ ژنانی دیکە نووسراوە. لە ئێستادا دوو جەمسەری ئایدیۆلۆژیک لە ئارادان کە نوێنەرایەتیی مەیلە زاڵەکانی نێو بزووتنەوەکە دەکەن. یەکێکیان ئاراستەیەکە بەرەو شێوەی ژیانێکی نوێ لە نێو کولتوورێکی ژنانەدا کە پێداگرە لەسەر ئازادیی تاکەکەسی و گەشەکردن و پەیوەندیی ژنان لەگەڵ ژناندا. بەپێی پێویستیمان بە دابڕان لە ڕێوشوێنە کۆنەکان ـ لە باری کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژیایی و ئابوورییەوە ـ و هەروەها بەپێی ئەو پێویستییەی بۆ کۆمەڵگای پاش شۆڕش هەیە، ئێمە لەم مەیلە تێدەگەین، پشتیوانیی لێ دەکەین و پێی دڵخۆشین. لە هەمان کاتدا، ئەگەر پێداگریمان تەنیا لەسەر ئەمە بێت، ئەوا دەبینین کە زیاتر بەرەو جۆرێک خۆپارێزیی بێ فورم دەچین تا وەزعییەتێک کە تێیدا دەتوانین بۆ ژیانی خودی خۆمان شەڕ بکەین و بەسەریدا سەرکەوین.
ئاراستەکەی دیکە ئەوەیە کە پێداگری لەسەر شیکاریی پێکهاتەییی کۆمەڵگاکەمان و بنەما ئابوورییەکانی دەکات. ئەم ئاراستەیە تەرکیز لەسەر ڕێگەگەلێک دەکاتەوە کە تێیاندا پەیوەندیی بەرهەمهێنەرانە سەرکوتمان دەکات. ئەم شیکارییەش دروستە، بەڵام ستراتێژییەکەی، ئەگەر بەتەنێ حەسێبی بۆ بکرێت، بە ئاسانی دەتوانێ بە جۆرێک هەستیاری لە بەرانبەر ژیانی گشتیی ژناندا لەدەست بدات.
وەکوو فێمێنیستە سۆسیالیستەکان، ئێمە هەم شیکاریی تاکەکەسی و هەم شیکاریی پێکهاتەییمان قەبووڵە. ئێمە تێکەڵاوێک لە هەردووکیان بە پێویست دەزانین ئەگەر بمانهەوێ ببینە بزووتنەوەیەکی خۆڕاگر. لەو باوەڕەداین کە گرینگە خۆمان وەکوو فێمێنیستی سۆسیالیستی پێناسە بکەین و بە شێوەیەکی خودئاگایانە دەست بکەین بە ڕێکخستنی خۆمان لەسەر بنەمای ئەم ستراتێژییە. ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێکی ژینەکی لە مێژووماندا.
لە لایەکی ترەوە، بەهێزبوونی بزووتنەوەکەمان دیارە: بووەتە هێزێکی گرینگی ئەم سەردەمە و لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پشتیوانی بۆ پێویستییە هەرەهەنووکەیییەکانی بەشێک لە ژنان سەرکەوتوو بووە. هەزاران ژن خۆیان وەکوو بەشێک لە بزووتنەوەکە دەبینن، پێناسەیەکی ڕوون و ناڕوونی “خودئاگاییی ژنان” بە شێوەیەکی بەرین جێی خۆی لە نێو گرووپە ڕەپەکان، خۆپیشاندانەکان، پڕۆژە کردارییەکان، چالاکییە دژە دامەزراوەیییەکان و لەنێو میدیا گشتییەکاندا کردووەتەوە. ژنانی نێو بزووتنەوەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە سەرکوتی گشتی و پێویستیی ڕووکردنە چارەسەری پێکەوەیی تێدەگەن. بە سەرنجدان بەوەی کە ئەوەی وەکوو کێشە تاکەکەسییەکان بینیمان لە ڕاستیدا کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، ئێمە گەیشتووینە ئەو تێگەیشتنە کە چارەسەرەکان پێویستە کۆمەڵایەتی بن. بە سەرنجدان بەوەی کە ژنان کونتڕۆڵیان بەسەر ژیانیانەوە نییە، گەیشتووینەتە سەر ئەو باوەڕە کە تەنیا کاتێک کونترۆڵمان دەبێت کە پێکەوە بجووڵێینەوە. باوەڕمان بە پێویستییە تایبەتییەکانی گرووپی جۆراوجۆری ژنان و هەروەها ئەوە کە گرووپی جیاوازی ژنان ڕێگەی جیاوازیان بۆ خەباتکردن لە پێناو بەدەستهێنانی کونتڕۆڵی ژیانی خۆیان هەیە، هێناوە.
هەر لەو کاتەدا، بزووتنەوەی ژنان لە ئێستادا دابەش بووە. لە زۆربەی شوێنەکاندا، دابەش بوون بەسەر گرووپی چووکە چووکە کە ئەمەش دۆزینەوەیان، پەیوەستبوون پێیان و تێگەیشتن لێیان لە باری سیاسییەوە دژوار کردووە. هاوکات، کارخوڵقێنە کۆنەپارێز بەڵام لە باری دامەزراوەییەوە زیرەکەکان خەریکن خۆیان بە بزووتنەوەکە هەڵدەواسن و خەریکن سیاسەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک دیاری دەکەن. ئەگەر بمانەوێ بزووتنەوەکەمان زیندوو بمێنێت، با لەوە بگەڕێین بمانەوێ گەشە بکات، ئێستا کاتیەتی کە دەست بە ڕێکخستن لە پێناو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بکەین. ئێمە پێویستە خودئاگایی بگۆڕین بە کردەوە، دیاری بکەین کە چیمان بۆ خەباتەکەمان پێ باشترە و سەربکەوین. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستمان بە ستراتێژییەکە.
ستراتێژیی بزووتنەوەکەمان دەبێ لە تێگەیشتنی دینامیکەکانی دەسەڵاتەوە گەشە بکات بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەیە بەرژەوەندییەکی ڕاستەقینەیان لە پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە و هەروەها ئەو دامەزراوانەیدا کە دەیپارێزن، هەیە. ئەگەر بمانهەوێ ئازادیی ژنان بگاتە ئامانجەکانی، پێویستە تەرکیزی هەوڵەکەمان لەسەر کونتڕۆڵی بەزۆری ئەو دامەزراوانە بێت کە هەنووکە سەرکوتمان دەکەن. بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی زۆربەی ژنان، پێویستە پێویستییە ڕاستەقینەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان ڕەچاو بکرێن.
لەم کاتەدا، ئێمە لەو بڕوایەداین کە گرینگە بۆ ستراتێژییەک ئارگۆمێنت بهێنرێتەوە کە بەم سێ شتە بگات: ١) دەبێ ببێتە خاوەنی ئەو ڕیفۆرمەی کە بە شێوەی ئۆبژەکتیڤانە ژیانی ژنان باشتر بکات، ٢) پێویستە هەستی دەسەڵاتی خود ببەخشێتە ژنان، جا هەم بە شێوەی هێزەکی و هەم لە ڕووی ڕاستەقینەیدا، ٣) پێویستە پەیوەندیی هەنووکەییی دەسەڵات بگۆڕدرێت. ئێمە لێرە خەریکین ئارگۆمێنت بۆ دامەزراوە فێمێنیستە سۆسیالیستییەکان دەهێنینەوە. ئێمە لێرە ئارگۆمێنت بۆ دامەزراوەیەکی تایبەت ناهێنینەوە، بەڵکوو بۆ گەشەی سەرکەوتووانەی دامەزراوەکان ئارگۆمێنت دەهێنینەوە بە جۆرێک کە ڕەنگە بتوانین لە ئەزموونەکانمان فێر بین و هێزی هێزەکیی بزووتنەوەکەمان وەگەڕ بخەین.
ئەم لاپەڕانە لە پێناو ئەم ئارگۆمێنتەدا نووسراون. وەک لە خوارەوە دێت واژۆ کراوە:
١ ـ فێمێنیسمی سۆسیالیست ـ چەمکەکە و ئەوەی لە هەر نەریتێکی سەرچاوەوە لێی دەردەهاوژرێت.
٢ـ هێز ـ بنەمای هێز لەم کۆمەڵگایەدا و هێزی هێزەکیمان وەک ژنان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. نموونەیەکی بەکارهێنەرانەی ستراتێژییەکەمان.
٣ ـ خودئاگایی ـ گرینگیی خودئاگایی بۆ گەشەی بزووتنەوەی ژنان، بەربەستەکانی و جێگەوپێگەی لە ئایدۆلۆژیی فێمێنیستی سۆسیالیستیدا.
٤ ـ ئەو پرس و کێشە هەنووکەییانەی ڕووبەڕووی بزووتنەوەکەمان بوونەتەوە ـ هەبوونی تێڕوانینێکی فێمێنیست سۆسیالیستی بۆ وڵامدانەوە پێیان و پەرەپێدانی دەقێک بۆ بەرنامە و نیگەرانییەکان.
٥ ـ دامەزراوە ـ گرینگیی دامەزرانی دامەزراوەکان بۆ بزووتنەوەی ئازادیی ژنان و هێندێک بۆچوون لەمەڕ فۆڕمی دامەزراوەیی.
ئەم ئایدیایەی کە خەریکین دەیخەینە ڕوو، ڕەنگە بیروبۆچوونی زۆرێک لە ژنانی بزووتنەوەکەش بێت، بەڵام تا ئێستا ئەم ئایدیایانە لە ئاستێکی نەتەوەییدا دەرنەبڕاون و نەناسراون. ئێمە بەشێکی لەبەر ئەوەی ڕێکخراو نین چونکە نەرمیمان نواندووە بەرانبەر لێڕوانینی جیاواز کە ئایدیۆلۆژییەکەمان بانگەشەی بۆ دەکات و ئەمەش بووەتە هۆی دژواریی هێنانەئارای ئایدیۆلۆژیی نوێ یان گرتنی هەڵوێستێکی دژ. پتر لەمەش، هێندێک هۆکاری تایبەتی لە بزووتنەوەکەمان بە دژی هەر جۆرە دامەزراوەیەکە. ترس لە بژاردەخوازی، پێداگری لەسەر جێگرەوە و هێزە تاکەکەسیەکان، ترس لە شکستخواردن، باوەڕنەبوون بە ئەگەری براوەبوون و تەنانەت ترس لە بردنەوە، هەموویان لەم دوودڵییەماندا ڕۆڵیان گێڕاوە.
ئێمە ئێستا ڕووی ئەم نووسینە لەو ژنانە دەکەین کە لە ئایدیای فێمێنیستی سۆسیالیستیدا لەگەڵمان هاوڕان، جا ئەو ژنانە بن کە لە بزووتنەوەکەدا کار دەکەن، ئەو ژنانەی کە هیچکات چالاک نەبوون، ئەو ژنانەی کە لە بزووتنەوەکە وەدەرنراون یان ئەو ژنانەی لە دامەزراوە ئاوێتەکاندا کار دەکەن. هیوادارین کە ئەمە بتوانێ زمانێکی هاوبەش دابین بکات کە بە هۆیەوە ئێمە بتوانین دەست بە وتووێژ بکەین، هەلومەرجێک کە تێیدا دەتوانین تێیدا کۆ بینەوە و بەرنامەڕێژی بۆ چۆنییەتیی جووڵاندنمان بکەین.

١ ـ فێمێنیزمی سۆسیالیستی

ئێمە بەو قەناعەتە گەیشتین کە شوناسی خۆمان بە هۆی میرات و داهاتووی فێمێنیزم و سۆسیالیزمەوە لە خەباتمان بۆ شۆڕش پێناسە بکەین. لە فێمێنیزمەوە فێری پڕیی هێزی هێزەکی خۆمان وەکوو ژنان و هێزی ژنان بووین. ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆمان لەگەڵ ژنانی دیکە و سەرکوتی هاوبەشمان بینیوە. بە تێگەیشتن لەم پەیوەندییە ڕاستەقینەیە وەکوو ژنان، ئێمە تێدەگەین کە دەتوانین لە خەباتمان بۆ ئازادی پشت بە یەکتر ببەستین. فێمێنیزم بووەتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوڕاست ببینین کە ئەو خەڵکەی کە بارۆدۆخی کۆمەڵگا شکڵیان پێ دەدا، بارۆدۆخگەلێک کە لە کۆنتڕۆڵی خۆیاندا نییە، دەبن بە چی. ئێمە خۆشەویستی و ڕقی خۆمان بە تەرکیزکراوی لەسەر فێمێنیزمەکەمان دەدۆزینەوە، خۆشەویستی بۆ ژنانێک کە بە هۆی بارودۆخی هاوبەشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە، ڕق لەو سەرکوتەی کە پێکمان دەبەستێتەوە. هێزێکی مەزن کە ئێمە لە فێمێنیزمدا دەیدۆزینەوە، پێداگریکردنی دووبارەیە لەسەر بەها مرۆیییەکان و ئیدەئالەکانی خۆشکایەتی: بەدەم خەڵکەوە بوون و هەستیاربوون بەرانبەر پێویستییەکان و هێزە هێزەکییە لەحاڵی پەرەسەندنەکانی خەڵک.
ئێمە بە هۆی فێمێنیزمەوە لە سیستەمی بەدامەزراوەییکراوی سەرکوت لەسەر بنەمای زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژنان، واتە سێکسیزم، تێگەیشتووین. دژبەرییەکانی لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە دەمارگرژانەیەیە کە بە هۆی ئەم زاڵبوونەوە هاتوونەتە کایەوە. ئاستی ئەم دوژمنکارییە دەکرێ بە هۆی کولتوور و نەرمیهەڵگربوونی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە داببەزێت، بە جۆرێک کە لە هێندێک شوێن و زەمەندا وا پێدەچێت بووبێتە پەیوەندییەکی سەقامگیر. بەڵام دژبەریگەرایی ناسڕێتەوە و تا ئەو کاتەی سیستەمی زاڵبوون نەمێنێت، هەر سەرهەڵدەداتەوە.
بەڵام ئێمە چەمکێکی تایبەتی فێمێنیزممان هەیە کە سۆسیالیستییە. ئەوە هەمانە کە تەرکیز دەکاتە سەر ئەوەی چۆن دەسەڵات، ژنانی لەبەر پێگەی چینایەتییان پەڕاوێز خستووە. ئێمە سەرمایەداری بە فۆڕمێکی بەدامەزراوەییکراوی سەرکوت لەسەر بنەمای قازانج بۆ ئەو خاوەندارانەی کە بە شێوەی گشتی بۆ داهاتیان کار دەکەن، دەبینین. سەرمایەداری دەبێتە هۆی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی توندوتیژانە لە نێو چینەکاندا. ئەو چینانەش پەیوەندییەکیان هەیە کە کاریگەریی کولتوورەکە و دامەزراوەکانی لەسەرە. هەر بۆیە، لە نێوان و لە نێو چینەکاندا یەکیەتی و دابەشکاری خۆدەنوێنێت کە هێندێک جار دەبێتە هۆی ناڕوونبوونی ئاستی دژبەرییەکان و هێندێک جار دەبێتە هۆی ڕوونبوونەوەی زیاتری. بەڵام سروشتی بنەماییی توندوتیژانەی پەیوەندییە چینایەتییەکان، هەمیشە ئامادە دەبێت، مەگەر وای لێ بێت کە ئیدی کەمینەیەکمان نەبێت کە خاوەنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان بن و بە هۆی کارکردنی کرێکاری مووچەدار یان بێمووچەوە، دەوڵەمەند بن.
ئێمە بیرۆکەیەکی سۆسیالیستیی جیهانێکی مرۆییمان هەیە کە بە هۆی دابەشکردنەوەی داهات و کۆتاییهێنان بە جیاکاری لە نێوان چینی دەسەڵاتدار و ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەرەوە دەکرێت، دەلوێ.
بەو ئاکامە گەیشتووین کە ئێمە تەنیا لە ڕێگەی وڵامێکی پێکەوەییی ڕێکخراوەوە دژی وەها سیستەمێک خەبات بکەین. هەر بۆیە، خۆشکایەتی مانای تێکۆشان بۆ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە بەسەر ژیانی خۆمانەوە و ژیانی خوشکەکانمانەوەی هەیە. پەیوەندیی تاکەکەسیی خۆمان و خەباتی سیاسیمان پێکەوە ئاوێتە دەکەین و هەستی فێمێنیزمی ئێمە بەرهەم دەهێنن. لە ڕێگەی چەمکی خۆشکایەتییەوە، ژنان هەوڵیان داوە بەرانبەر بە پێویستییەکانی هەموو ژنان و نەک ژمارەیەکی کەم خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و هەروەها پشتیوانی لە ژنانی تر بکەن، ڕەخنەیان لێ بگرن و هانیان بدەن نەک ئەوەی ڕکەبەرایەتییان لەگەڵ بکەن.
ڕوانینمان ـ فێمێنیزمی سۆسیالیستی دڵچەسپە و لە نێو سیستەمی هەبوودا ئەگەری نییە
ئەمە دواتر دێت ئەو شتانەن کە ئێمە لە سیستەمی نوێدا وێنایان دەکەین، وەکوو بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە بۆ هەموو خەڵک:
خزمەتگوزاریی دەرمانی بە خۆڕایی، بە شێوەی مرۆیی و شایستە بە پێداگری لەسەر دەرمانی پێشگیرانە، لە ژێر خزمەتگوزاریی دامەزراوە جەماوەرییەکاندا.
کونتڕۆڵی خەڵک لەسەر جەستەی خۆیانەوە ـ بۆ نموونە، دەستپێڕاگەیشتن بە کونتڕۆڵی منداڵبوون بە شێوەی سڵامەت و خۆڕایی، لەباربردنی منداڵ، دەستڕاگەیشتن بە مادەی دژەهەوکردن، ئازادبوون لە خۆسەپاندن یان شەرمە کۆمەڵایەتییەکان
ئیمکانی ژیان لە خانووی سەرنجڕاکێش و ئاسوودە کە بە ژیانی تایبەتی و هاوبەش دیزاین کرابێت
خۆراکی جۆراوجۆر، موغەززی و زۆر.
رێزگرتنی کۆمەڵایەتی لەو کارەی خەڵک دەیکەن، تێگەیشتن لەوەی کە هەموو پیشەکان دەکرێت لە باری کۆمەڵایەتییەوە پێویست و گرینگ بن.
شوورا دێموکڕاتیکەکان کە بە هۆیانەوە هەموو خەڵک ئەو بڕیارانە کونتڕۆڵ بکەن کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ، کاریگەری لەسەر ژیانیان، کارەکەیان، ماڵەکەیان و کۆمەڵگاکەیان، دادەنێن.
سەرچاوە زانستییەکان بە ئاراستەی باشتربوونی ژیانی هەمووان بەکار بهێنرێن نەک بە ئاراستەی داگیرکاری و داڕمان لە ڕێگەی توندوتیژییی سەربازی و پۆلیسییەوە.
بەرهەمی جۆراوجۆر بە کوالێتیی باڵا بە مەبەستی وڵامدانەوە بە پێویستییەکانمان و کۆتاییهێنان بە کاری ماڵ وەکوو کرێکاریی تایبەتی و بێمووچە.
سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پیشەکان لەگەڵ بارهێنانی بەجێ بۆ ئامادەکردنی خەڵک بۆ ئەو پیشانەی حەزیان لێیە، هەروەها گۆڕینەوەی پیشەکان بەمەبەستی وڵامدانەوە بە پێویستییەکانی چەرخی ژیانی چ ئەوانەی کاریان تێدا دەکەن و چ ئەوانەی وەرگری خزمەتگوزارییەکانن.
ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان کە هاندەری بەشداریی هەموو خەڵک لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەدا بن.
چەککردنی پۆلیس و وەدەستەوەگرتنی کونتڕۆڵی پۆلیس لە لایەن کۆمەڵگاوە.
بەرپرسیارەتیی کۆمەڵایەتی لەهەمبەر گەورەکردنی منداڵ و هەبوونی خزمەتگوزاریی ڕاگرتنی بیست و چوار کاتژمێریی خۆڕاییی منداڵ بە شێوەیەک کە مشتەریی کونتڕۆڵکەری هەبێت و لەسەر بنەمای وڵامدانەوە بە پێویستییەکانی ئەوانە بێت کە بەکاری دەهێنن و کاری تێدا دەکەن.
پەروەردەکردنی خۆڕایی و گشتی و خاوەن کوالێتی کە لەگەڵ کار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک لە هەر تەمەنێکدا بگونجێت.
ئازادیی پێناسەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕەگەزییەکان.
کولتوورێکی گشتی کە ڕێزگرتن لە خود و ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە بەهێز دەکات نەک لاواز.
پشتیوانی لە گەشەی نێوخۆییی وڵاتان لەسەرانسەری جیهان و هەوڵدان بۆ ئەوەی بڕیاری چارەنووسی خۆیان بە دەست خۆیانەوە بێت.
ئێمە ئەم ڕوانگەیەمان بەمەبەستی ئەوە خستە ڕوو کە زیاتر ڕوون بێت کۆمەڵگایەکی فێمێنیستی سۆسیالیستی چییە یان هەوڵ بۆ چی دەدرێت. ئەم ڕوانگەیە بۆ کۆمەڵگا، دژایەتیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەیە کە لەسەر بنەمای زاڵبوونی ژمارەیەکی کەم بەسەر زۆرێک لە خەڵک لە ڕێگەی جنس، نەژاد یان چیندا ڕۆ نراوە. لە کاتێکدا ئەمەی هەنووکە زاڵە، ڕەنگە پاشەکشەگەلێک بکات، بەڵام ناتوانێ بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم کۆمەڵگا خەڵکسەروەرەی کە لە سەرەوە وێنامان کرد، بگونجێت.
دژبەرییەکان ـ جێگرەوەیەک پێویستە
فێمێنیزمی سۆسیالیستی نەتەنیا چێژبەخشە، بەڵکوو پێویستیشە چونکە سیستەمی کاپیتالیستی ئێستا سەقامگیر نییە و ناتوانێ لە شکڵی هەنووکەیدا بمێنێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگا دواجار هەر دەبێتە سۆسیالیستی. فۆڕمێکی فاشیستی یان بەربەرییش دەتوانێ جێگرەوە بێت. ئەو سیستەمەی کە دەبێتە جێگرەوەی کاپیتالیسم، بە هۆی مەیل و دەسەڵاتی ئەو گرووپانەی خەباتی بۆ دەکەن، دیاری دەکرێت. هەر بۆیە، ئێمە پێویستە لە خەباتدا بین بەمەبەستی وەدیهاتنی ئەو ڕوانگەی فێمێنیزمی سۆسیالیستییە.
دژبەرییەکان ئەو دیاردانەن کە بۆ ڕاگرتنی سیستەمەکە پێویستن. بەڵام هەر بە لۆژیکی نێوخۆییی خۆیەوە هێزگەلێک بەرهەم دێنن کە داڕمێنەری خودی سیستەمەکەیە. تێگەیشتن لێیان یارمەتیمان دەکات کە لە پشێویی دەوربەرمان تێبگەین بەو مەرجەی دۆخێکی سەقامگیر هەبێت کە بە هۆیەوە لەو پڕۆسە بە شێوەی مێژوویی لە حاڵی گۆڕانانەی تێیانداین، تێبگەین. وەها تێگەیشتنێک یارمەتیشمان دەکات کە خاڵە لاوازەکانی پرۆسەکە، خاڵە جێی داکۆکیکردنەکان و ئەوانەی بۆ هێرشکردنەسەر دەبن، دیاری بکەین. نموونەکانی ئەم جۆرە دژبەرییانە بە دەرەجەی جۆراوجۆر لە دەورووبەرماندان. سێکسیزم و کاپیتالیزم یەکتر بەهێزتر دەکەن، بە یەکتر شکڵ دەبەخشن و شکڵیان بە ئێمە بەخشیوە.

دژبەرییەکانی نێو دەسەڵاتمان

هەر جۆرە شیکارییەکی دژبەرییەکانی دەسەڵات و کاریگەرییەکەیان لەسەر دامەزراوەکانی کۆمەڵگا، پێویستە ڕەچاوی دۆخی مێژوویی سەرکوتکردنمان بکات. سەرکوتکردنی ئێستای ئێمە لەگەڵ ئەوەی خوشکانمان لە سەرەتای سەدەدا تووشی بوون جیاوازە، ئەو خوشکانەمان کە هیچ جۆرە مافێکی یاساییان نەبوو، لە ماڵەوە بەسترابوونەوە و هەر لە سەرەتای باڵاکردنیانەوە تا مردنیان خەریکی منداڵبوون بوون. هەر بۆیە، ئەوەی لە سەردەمێکدا ئازادی دەهێنێت، ڕەنگە لە سەردەمێکی تردا ببێتە هۆکاری سەرکوت. بۆ نموونە، خودی جنسییەتی ژنان لەبەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی حاشای لێ کرا، کونترۆڵی منداڵبوون وەکوو پێویست نەبوو، سەرپەنای بنەماڵە نەبوو، ڕۆڵی تاکەکەسیی ژنان لە ئابووریدا حاشای لێ کرا و هەروەها نەبوونی زانیاری لە بارەی جەستەی خۆیانەوە. پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووتر (حەب و مەکینەکان) و پەروەردە بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤانە ئازادیی پتر بۆ خوشکانمان دابین کرد. هەر لەو کاتەدا، ئەم پێشکەوتنانە ئەگەری فۆڕمی نوێی سەرکوتکردنی ژنانی هێنایەئاراوە و پەرەی بە بەکەرەستەبینینی ژنان و توندوتیژیی دژی ژنان دا.
لە بیاڤی ژنان و کاردا، ئەو یاسایانەی کە ژنانی دەپاراست ،قازانجی زۆری بۆ سووککردنی قورساییی سەرشانیان هەبوو. سەرەڕای ئەمەش، هەنووکە لە ژێر ناوی سووککردنی باری سەرشانمان، وەها یاساگەلێک بەمەبەستی درێخیکردنی دەرەتانی یەکسان بۆ ژنان بەکار دەهێنرێن. هەڵبەت، ژنان و هەموو خەڵک مافی بارودۆخی سڵامەت و باشیی پیشەیان هەیە، بەڵام ئەمانە پێویستە بۆ هەموو کرێکارەکان وەک یەک بن.
تێگەیشتن لە مێژووی لە حاڵی گۆڕانمان یارمەتیمان دەکات خۆمان لە لەقاڵبگرتنی دژبەرییەکەمان یان لەقاڵبگرتنی ئەوەی ڕزگاریمان مانای چیە، لابدەین. پەرەپێدان بە ستراتێژییەک دەبێتە هۆی ڕوونبوونەوەی ئەوەی کە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیکەکان، گۆڕانکارییە یاسایییەکان و پەرەسەندنە پەروەدەیییەکان خۆیان لە خۆیاندا خراپ یان باش نین. کاتێک ئەو دۆخەی کە تێیدا گۆڕانکارییەکی تایبەتی ڕوو دەدا، دەناسین، ئەو کات دەتوانین دادوەریی خۆمان لەسەر بەهای ئەو گۆڕانکارییە بۆ ئامانجەکانمان بکەین.
ئێمە لە مێژوو فێر دەبین کە لە ڕاستیدا ئەوەی بۆ سیستەمەکەی بە گشتی پێشکەوتنخوازانەیە تۆوی داڕمانیشیەتی. بۆ نموونە، زیاتربوونی کار بۆ ژنان و هاندانی ژنانی بەتوانا بۆ چوونە نێو هێزی کارەوە، یارمەتیی خاوەن کارەکان دەدات و کاپیتالیزم بەهێز دەکات، بەڵام هەر لەو کاتەدا ئەو دەرەتانە بە ژنان دەبەخشێت کە بە شێوەی فیزیکی پێکەوە کۆببنەوە و وەکوو هێزێکی جەماوەری بۆ گۆڕان یەک بگرن. ژنانی دیکەش بە بینینی ئەمە چاوەڕوانییەکان و داواکارییەکانیان لە سیستەمەکە بۆ هەبوونی دەرەتان چوونە سەر بە پەیژەی سەرکەوتندا زیاد دەکات، بە جۆرێک کە سیستەمەکە ناتوانێ ئەمە بۆ هەموو ژنان دابین بکات.
بە زانینی ئەوەی کە ئەم دژبەرییانە ڕاستییەکن کە تێیدا دەژین، پێویستە دژی ئەو شتەی کە بە تاپۆی کونتڕۆڵە، لە خاڵە لاوازەکانییەوە بوەستینەوە و خۆمانی پێ بەهێز بکەین. ئەگەر شیکارییەکەمان ڕاست بێت، ئەوا ژنان و خەڵکانی بێدەسەڵاتی دیکە، لەسەر بنەمای ئەم دژبەرییانە، بنچینەی بەرچاو بۆ یەکیەتی لە پێناو خەباتیان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدۆزنەوە. لە ئێستادا، ئێمە دژبەریی توند و ئەگەری خەبات بۆ گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لەسەر پرسگەلێکی وەک منداڵپارێزی (بۆ پاراستنی بەجێ و کونتڕۆلی کۆمەڵگایی)، بەشداریدان لە سیستەمی سیاسی، پیشەکان، دۆخی کار بۆ کونتڕۆڵی کرێکاران و هتد دەبینین.
دژبەرییە چەندئاستییەکان
زۆر شیکاری، دامەزراوەی جۆراوجۆریان (بۆ نموونە، بنەماڵە یان پەیوەندییە جینسییەکان) وەکوو دژبەری هەرە سەرەکیی سێکسیزم پێناسە کردووە. هەر لەو کاتەدا، ئەم دژبەرییانە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایەکی سێکسیستە، یان ئەو دامەزراوانەی کە تێیاندا سێکسیزم ڕوو دەدات. سڕینەوەی ئەم “هۆکارە بنەڕەتییانە” نە سێکسیزم دەسڕێتەوە نە بە شێوەی بێئەملاوئەولا جێگرەوەی پشتیوانیکەرانە بۆ ژنان بەدی دەهێنێت. وەک چۆن کارگە ڕەنگە شوێنی چەوسانەوەی کاپیتالیستی بێت، ئەوە بنەمای چەوسانەوەکە نییە. خاوەنداریی تایبەتی و سوود، بنەماکەن کە دەبنە هۆی پەیوەندییە چینایەتییەکان. هەر بەو شێوەیە، بنەماڵە شوێنێکی هەرەسەرەکیی سەرکوتی جینسییە بەڵام بنەمای چەوسانەوەکە نییە. کونتڕۆڵی پیاوان بەسەر ژنانەوە و دابەزینی ژنان بۆ ڕۆڵی دوویەمینانە، بنەمای سێکسیزمە کە دەبێتە هۆی کۆمەڵگایەکی جنسگەرا.
ئێمە ئەو هاوارە بەردەوامەی کە داوا دەکات پێش لەوەی خۆمان ڕێک بخەین پێویستە تیۆرییەکی تەواوی سروشتی سەرکوتکردنمان، یان دژبەرییە سەرەکییەکانی سەرکوتکردنمان بدۆزینەوە (دەڵێی تەنیا یەک دژبەری لەئارادایە)، بە یارمەتیدەر نازانین. هێندێک شیکاری ، بە هۆی نەبوونی وێنەیەکی تەواو لە مەسەلە، لە ڕاستیدا تەنیا بەرەو پاسیڤبوونی زیاترڕاکێشمان دەکەن.
هەر دامەزراوەیەک سەرکوتکەری ژنانە تا کاتێک کۆمەڵگا لەسەر بنەمای سەرکوتکردنی ژنان بێت. خەباتمان بە دژی سێکسیزم بە دژی ئەو دامەزراوانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە و بۆچوونانەیە کە ژنان دابەش دەکەن و ئەوان لە بێدەسەڵاتی و بندەستیی پیاواندا دەهێڵنەوە. لە هێندێک قۆناخدا، دەکرێ سەرکوتکردنمان زیاتر بێت لە قۆناخێکی تر، ڕاستییەک کە دەبێ ڕێنیشاندەری خەباتەکەمان بێت.
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا ـ دامەزراوەکانی، کولتوورەکەی و ئایدیۆلۆژییەکەی ـ لە دڵی ئەم سیستەمەدا پەرەدەستێنن. بەڵام ئەم بۆچوونانە بۆ خۆیان سەربەخۆن و ئیدی بەستراوە بە بنەمای ئابووری نین و ئیدی بۆ بنەمای ئابوورییش پێویست نین. لە ڕاستیدا، ئەوان دەکرێ بە دژی بنەماکە پەرەبستێنن. هەر بۆیە، بۆ نموونە، نەژادپەرستی یان سێکسیزم، زیاتر خزمەت بە کارکردی ئابووری دەکەن تا ئەوەی بەرتەسکی بکەنەوە. کەوابوو، ئەوەی گرینگە تەنیا هەمدیسان دابەشکردنی کاڵا نییە، بەڵکوو گۆڕانێکە لە دەسەڵاتداری، کونتڕۆڵ و بۆچوونەکاندا. بە ڕوونی دیارە کە هەموو ماکەکانی کۆمەڵگایەکی چینایەتی ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نین، سەرەڕای ئەمەش، لە دوایین ساتدا (لەو خاڵەیدا کە دژبەرییەکان ڕەهەندی شۆڕشگێڕانە بە خۆیانەوە دەگرن)، پەیوەندییە ئابوورییەکان دەبنە پەیوەندیدەری چارەنووسساز.
دژبەرییەکانی نێو هەر ئاستێکی کۆمەڵگا، کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن و لە نێو هەر ئاستێکدا (ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیکی) ڕەنگدانەوەیان دەبێت و دیاری دەکرێن. هەر بۆیە، ڕادەی خێراییی ئەوەی کە چۆن دژبەرییەکان پەرەدەستێنن ئاڵۆزە، هێندێک جار یەکتر بەهێزتر و هێندێک جار یەکتر لاوازتر دەکەن. هەر بۆیە، بەرنامەڕێژییەکی درێژخایەن و ستراتێژییەکی زۆر کاربۆکراو بۆ وڵامدانەوەی بەردەوام بە ئاڵۆزیی دژبەرییەکان لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا پێویستن. بەڵام ئێمە لە تیۆرییەکەماندا پێمان وایە دژبەرییەکان بوونیان هەیە و سیستەمێکی جێگرەوە ١) دڵخوازە بەڵام ئێستا لواو نییە، و ٢) پێویستە بۆ کۆتاییهێنانی ڕاستەقینە بە دوژمنکارییەکان (لە نێوان چینەکان، جنسەکان، نەژادەکان و نەتەوەکاندا).
ئێمە پێمان وایە ئارگۆمێنت هێنانەوە بۆ ئەوەی لە نێوان کاپیتالیزم و سێکسیزمدا کامیان بنەماییترن، بێکەڵکە. ئێمە سەرکوتکراوی دەستی هەردووکیانین. لەوێڕا کە ئەوان سیستەمگەلێکن کە دژی بەرژەوەندییەکانمان یەکگرتوون، کەواتە خەباتمان دژی هەر دووکیانە. ئەم تێگەیشتنە زیاتر لە ئەنجومەنەکانی هەڵبژاردنی ژنان لە دامەزراوەیەکی بزووتنەوەکەدا دەخوازێت. ئەوەی ئێمەی فێمێنیستی سۆسیالیستی پیێوستمان پێیەتی، دامەزراوەگەلێکە کە دەتوانن بۆ ڕوانگەی تایبەتی و بەرژەوەندیی خودی ئێمە بەکار بێن، بە جۆرێک کە گەرەنتیکەری خەباتی لێکگرێدراومان بە دژی سێکسیزم و کاپیتالیزم دەبن. ئەمە هێندێک جار بە مانای دامەزراوە سەربەخۆکانە و هێندێک جار بە مانای چالاکییەکی هاوبەشە کە ددان بە بارودۆخە گشتییەکاندا دەنێت.

بەستێنی ئەمریکیی دژبەرییەکان

ئەو فۆڕمی سەرکوتکارییەکەی کە ئێمە ڕووبەڕوویین، کاریگەریی بارودۆخی تایبەتی ئەمریکای لەسەرە. ئێمە چینی کرێکارێکی زۆر نایەکدەستمان هەیە کە زیاتر لە وڵاتانی تر بە هۆی پێشینەی ئیتنیکی، نەژاد یان پێگەی پیشەیییەوە لە یەکتر جیاوازن. ئەمە هاوکات هەم زۆر هێزمان پێ دەبەخشێت و هەم زۆر ناکۆکیی نێوخۆییمان بۆ بەرهەم دەهێنێت. هەروەها، ئێمە مێژوویەکی کۆیلەداری بە حەشیمەتێکی کەمینە و ڕەشپێستی سەرکوتکراومان هەیە. ئەمە ئێستا بە قەدەر سێکسیزم بۆ کۆمەڵگا بنەمایییە و پەیوەندیی پێیەوە هەیە.
هەروەها، دەسەڵاتی چینی دەسەڵات بەدەست بەربەرینە و لە نێو هەموو ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات ڕووبەڕووی دوژمنێکی دژوار بینەوە کە وەپەڕاوێزخستنی، تەرکیزکردنە سەر ڕیشەی و بە بەرپرسیارزانینی دژوار بێت، لە کاتێکدا هاوکات بیرۆکەکانی ڕۆ دەچنە نێو زەینەکانەوە. خەباتمان لە ئاستی نەتەوەییدا پێویستە پەیوەندیگەلێکی ستراتێژیک ڕەچاو بکات کە خەباتمان بەوانەی سەرانسەری جیهانەوە گرێ بدات، چونکە جڵەوی دەسەڵات بەدەست دەسەڵاتی ئیمپریالیستیی جیهانییەوەیە. هەروەها، ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە تا ڕادەیەک ئاسوودەییی ماددیی تێدایە. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەوەی کە ئێمە پێویستە بیخەینەڕوو، نابێ تەنیا چارەسەری ئابووری بێت. پرسی کوالیتیی ژیان، نەتەنیا بۆ هێنانەبەرباس دەبێت، بەڵکوو بیرۆکەی نەزمی کۆمەڵایەتیی نوێیشە.
ئێمە هەروەها لەوەتەی چەپ لە پەنجاکاندا داتەپی، لە مێژووی خەباتی چەپمان دابڕاوین. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هێندێک جار هەستی خەبات و گەشەی ستراتێژیکی درێژماوەمان لەدەست بدەین. یەکێک لە بەرپرسیارەتییە زاڵەکانمان لەم قۆناخە مێژووییە تایبەتییەدا، پەرەپێدانی ستراتێژییەکە کە هاوکات هەم دروستیی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەنووکە بخاتە ژێر پرسیارەوە و هەم فێمێنیزمی سۆسیالیستی بکاتە ئەگەرێکی مانادار. ئەمەش ڕوو نادات مەگەر ئەوەی خەڵکی زیاتر ئەو ئەزموونە سیاسییە بەدەست بێنن کە بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی تەواو و ڕوون لە دروستیی ڕوانگەی ئێمە، پێویستە.

رۆڵی ئایدیۆلۆژی لە پەرەپێدانی ستراتێژی

بەشی پێشوو چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییەکەمان واتا فێمێنیزمی سۆسیالیستیی خستە ڕوو. ئەمە ئەم ئایدیۆلۆژییەیە کە ئاراستەی پەرەپێدانی ستراتێژی و تاکتیکەکانمان دیاری دەکات، ئەولەوییەتەکانمان دەخاتە ڕوو و تەرکیزێکی گشتی بۆ کارەکەمان دروست دەکات. تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژیکی سەرەکی ئەوەیە کە هەموو کێشەکان سیاسین و لەسەر بنەمای هێز ڕۆ نراون و هەر بۆیە کردەوەکانمان لێکەوتەی سیاسییان هەیە.
ئێمە ئەم ئایدیۆلۆژییە، هەم بە هۆی بەکردەوەییکردن و هەم بە هۆی خوێندنەوە و باسکردنەوە پەرەپێدەدەین ـ تیۆرییەکی گونجاو بۆ جیهانی ڕاستەقینە. ئایدیۆلۆژی، تا ڕادەیەک، ڕۆڵی خودئاگایی دەگێڕێت، وێنەیەکی ڕوونی ڕاستییەکانە کە تواناییمان بۆ پەیوەندیی گشتی و ئارگۆمێنت هێنانەوە بۆ هەڵوێستمان بەهێز دەکات. ئایدیۆلۆژییەکی کە بە ڕوونی دەربڕابێت، یارمەتیدەری دابینکردنی لێکگرێدەر بۆ ژنان دەبێت، ئەمەش لە بینینی ئەوەی کە چۆن خەباتێک پەیوەندیی بەوانی ترەوە هەیە. کەسانێک کە ئاگاداری زۆرێک لە دژبەرییە کۆمەڵایەتییەکانن، ڕەنگە جۆرە بازدانێکی فیکرییان هەبێت ـ تێگەیشتن لە بەشەکان وەکوو گشتیەتێک بە هۆی ئایدیۆلۆژیی فێمێنیزمی سۆسیالیستی.
زۆربەی خەڵک بە ئایدیۆلۆژییەک ڕێنمایی دەکرێن. پەیوەندیی تایبەتی خودی ئێمە لەگەڵ ئایدیۆلۆژی، دوو کارکردی تایبەتی هەیە. یەکەم، دابینکەری بیرۆکەگەلێکە کە ڕێنماییمان دەکات و چوارچێوە و هۆکارەکانی پشت کردارەکانمان دیاری دەکات. دووهەم، ڕوانگەمان بۆ جیهان بە شێوەیەکی ڕوون دیاری دەکات، بەمەش سیستەمێکی شیکاری دابین دەبێت کە بە هۆیەوە ژنان دەتوانن لە فێمێنیزمی سۆسیالیستی وەکوو جیهانبینییەک تێبگەن.
لێرەدا بنەما ئایدیۆلۆژیکییەکان بۆ ستراتێژییەکی فێمێنیستی سۆسیالیستی، قامکیان وەسەر نراوە و لە وتارەکەدا دەبێ ڕوون بن. بەڵام ئەم نووسینە لە پێشدا بۆ پێشنیارکردنی ستراتێژییەک داڕێژراوە. ئەمە هەم لە ئایدیۆلۆژییەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت و هەم دەبێ لە داهاتوودا تەنانەت باشتریش لە دیاریکردنی ئایدیۆلۆژییەکەمان یارمەتیدەرمان بێت، بەڵام ئەوە ئیشێکی ترە و دیاری دەکات کە لە ئێستادا دەبێ چی بکەین.
ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ئێمە لە پێناسەی ستراتێژییەکدا هەست بە متمانەبەخۆبوون دەکەین کاتێک بەرنامەیەکی کاری تەواومان بۆ چۆنییەتیی ڕوودانی شۆڕش نییە. کاتێک یەکێکیان بە تەواوی پەرەی نەسەندووە، ئەگەری ئەوی تریان لەئارادا دەبێت.
هەر لەو کاتەدا، ئەمە هەوڵێک بۆ ستراتێژییەکی گشتی نییە. ستراتێژیی گشتی یارمەتیمان دەکات تا ڕێگەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی حکوومەت و خۆجیاکردنەوە لە ڕابردوو ببینین، دامەزراوەی نوێ و نەزمی نوێی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەکسانیی خەڵک و دابەشکردنەوەی سەروەت و سەرچاوەکان پەرەپێبدەین. ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین تێبگەین کە ئەمە دەقیقەن چۆن ڕوو دەدات کە لە ڕۆنانی بزووتنەوەکەماندا ئەزموونمان بەدەست هێنابێت. ڕۆیشتنی بەردەوام لە کاری سیاسی بۆ پەرەپێدانی زیاتری تیۆریکی و گەڕانەوە بۆ کاری سیاسی، پێویستە. شۆڕش چەندین قۆناخی هەیە و گرینگە تێگەیشتنێکمان لەو قۆناخە مێژوویییەی کە تێیداین هەبێت.
هەر بۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئایدیۆلۆژییەی لێرە خرایەڕوو، ئەمە ئەم ئەولەوییەتانەمان بۆ ئەم خاڵە لە مێژوو پەرەپێداوە:
١ـ پێویستە لە زۆربەی ژنان نزیک ببینەوە. پێویستە بە ئاراستەی ڕۆنانی بزووتنەوەیەکی زۆرینە کار بکەین. شیکارییەکەمان پێمان دەڵێ ئەمە لواوە ئەگەر بە ڕێگەی دروستدا بڕۆین.
٢ـ پێویستە بەمەبەستی نیشاندانی گرینگی و ئەگەری ڕێکخستن، ئامانجی مام ناونجیمان هەبێت کە هەم وەدی بهێنرێن و هەم دڵخواز بن.
٣ـ پێویستە پەرە بە کردەوەی جەماوەری بدرێت.
ئێستا، پێویستی ژینەکی، لاوازکردنی دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار، دانی هەستی دەسەڵات بە ژنان و باشترکردنی ژیانمانە بە شێوەیەک کە نیشانی بدات ئێمە وەکوو هێزێک کە پێکەوە خەبات دەکەین، پێکەوە گرێ دراوین. ئەم پرسانە بنەمای ستراتێژیی فێمێنیزمی سۆسیالیستین کە لە بەشەکانی تردا چوارچێوەکەیمان خستەڕوو.

٢ ـ دەسەڵات و خوشکایەتی

وەکوو فێمێنیستە سۆسیالیستەکان، ئێمە شیکارییەکمان هەیە بۆ ئەوەی کێ دەسەڵاتی هەیە و کێ نییەتی، بنەمای ئەو دەسەڵاتە و هێزی هێزەکیمان وەکوو ژنان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. خوشکایەتی لە ژیانی تاکەکەسیماندا، لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ژنانی دیکە، لە دابینکردنی وزەی تاکەکەسی و ڕاگرتنی گەرمی و ئەڤیندا بەهێزە. بەڵام خوشکایەتی شۆڕشگێڕانەیە چونکە دەتوانێ بنەمایەک دابین بکات کە بە هۆیەوە دەتوانین یەک بگرین لە پێناو گرتنەدەستی دەسەڵات.
تەرکیزکردنە سەر دەسەڵات تەرکیزکردنێکی دامەزراوەیییە، تەرکیزکردنێکە کە پێکهاتەی دامەزراوە هەنووکەیییەکان تاقی دەکاتەوە و دیاری دەکات کێ بەتایبەتی دەسەڵاتی هەیە و چۆن ئەو دەسەڵاتە بۆ سەرکوتکردنی ژنان بەکار دەهێنرێت. ئەمە تێگەیشتن لە کارلێککردنی نێوان بەشی ئابووری و ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییانەی کە کونترۆڵی چینی دسەڵاتدار بەهێزتر دەکەن، لەخۆ دەگرێت. بنەماڵە، کەنیسە، قوتابخانەکان و ئەولەوییەتە دەوڵەتییەکان کە سەرکوتمان دەکەن ڕەنگدانەوە و بەهێزکەری ئەم کونتڕۆڵەن. ئەمە لە ئایدیۆلۆژیی زاڵدا ڕەنگ دەداتەوە و لە هۆی ئەو ئایدۆلۆژییەوە بەهێزتر دەبێت، واتە زاڵبوونێکی کولتووری کە کونتڕۆڵی ژیانی تایبەتی ڕۆژانە دەکات.
لە ئەمریکادا، کولتوورەکەمان بە جۆرێک ڕەنگدەرەوەی بیروبۆچوونی ئەوانەیە کە دەسەڵاتدارن کە زۆر جار دژوارە بگوترێ دوژمنەکە کێیە. ئۆپۆزیسیۆنەکە وا دیارە دەوریان گیراوە و لە هەموو شوێنێکیش هەن، بە جۆرێک کە دژوارە قامک لەسەر ڕیشە و بنەمایان دابنرێت. چینی دەسەڵاتدار، ئەوەندە بەهێز کراوە کە زۆر جار وا دەردەکەوێ کە کونتڕۆڵی تاپۆ کردبێت. سەرەڕای ئەمەش، وەکوو فێمێنیست و وەکوو سۆسیالیست، ئێمە دەتوانین پێکهاتە بنەماییەکانی کۆمەڵگا و ئەوەی چۆن ئەمانە بۆ سەرکوتکردنی ژنان بەکار دەهێنرێن، شیکاری بکەین. ئەم تەرکیزکردنە سەر دەسەڵاتە چوارچێوەیەک بۆ شیکاریی ئەوەی چۆن پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەکرێ بگۆڕدرێن، دەخاتە ڕوو.
لەم بەشەدا، ئێمە بە تەرکیزکردنە سەر ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ڕیفۆرمەکان و دەسەڵاتدا دەیبینین، لەسەر ستراتێژییەک بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە گشتییەکانی ژنان تەرکیز دەکەین. سێ پرسیار بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندییە زۆرگرینگن: ١) ئایا ڕیفۆرم لە باری ماددییەوە ژیانی ژنان باشتر دەکات؟ ٢) ئایا ڕیفۆرم هەستێکی دەسەڵات بە ژنان دەبەخشێت؟ ٣) ئایا ڕیفۆرم پەیوەندیی هەنووکەیی دەسەڵات دەگۆڕێت؟
بەرژەوەندیی خودی ژنان
ژنان ڕزگار دەبن؛ نەتەنیا لەبەر هۆکارگەلی ئەبستراک و هەستێکی ئەوەی بۆ ژنان “بەرهەست”ه یان لەبەر “شەپۆلی داهاتوو”. سەرنجی ژنان ڕاکێشراوە چونکە ئێمە وێنەیەکی ڕاستییەکانمان خستووەتە ڕوو کە ئەوانیش دەیناسن و ڕوانگەیەکیان هەیە کە خوازیاری هاوبەشکردنین. بەڵام تەنیا قسەکردن لەسەر ئەم ڕاستییە بەس نییە. ئەگەر بمانهەوێ ببینە بزووتنەوەیەکی هەموو ژنان، ئەوا پێویستە بتوانین خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆمان بکەین. ئێمە کە ناتوانین خۆمان جێگرەوەیەکی کامڵ بۆ ژنان بخەینەڕوو، دەبێ بتوانین بە هۆی ئەو خەباتەوە کە دەتوانین براوە بین، ئاڵاهەڵگری بەڵێنیی ڕاستبینانە بۆ هەبوونی بەشێک لەم جێگرەوانە بین.
ئێمە پێداگری لەسەر بەرژەوەندیی خودی دەکەینەوە چونکە هەست دەکەین لەم دواییانەدا بزووتنەوەکە زۆر مەودای لە بیرکردنەوە لەم بارەیەوە یان لە بارەی ئەوەی چی ژنان بەرەو کردەوە پاڵ پێوەدەنێت، یان چی ناچار بە جووڵاندنمان دەکات، گرتووە. ئایدیالیزم لە ئێستادا بە شێوەی ئەبستراک ڕێنوێنیمان دەکات. ئارگۆمێنتی بۆ دەهێنینەوە، ژیانی لەگەڵ دەکەن و دەیبینین. بەڵام ناتوانین هەمیشە پشتی پێ ببەستین. ئێمە بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە بەڕاستی باس لە پێویستییەکانی ژنان دەکەین، پرسی بەرژەوەندییەکانی خود دەورووژێنین.
سەرەڕای ئەمەش، لە ڕەهەندێکی بەرتەسکەوە پێداگری لەسەر بەرژەوەندیی خود ناکەینەوە. بەرژەوەندیی خود تەنیا کۆکراوەی هەموو پێویستییە فیزیکی و کۆنکرێتەکان نییە. ئێمە دەزانین کە ژنان تەنیا پێویستیان بە نان نییە بەڵکوو بە شێوەیەکی قووڵ بۆ خۆیان و بۆ کەسانی دیکە خوازیاری چێژبردن لە کولتوور و پەیوەندیگەلێکن کە دەربڕی ئاوات و دەستکەوتەکانیانە. بەرژەوەندیی خودی بەرژەوەندیی خوشکان و چینەکەمانە. بە مانای هێنانە بوون و ناسینی خودئاگایی، کولتوور و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگاکەمانە.
ئێمە پێویستە پەرە بە ڕێگەگەلی گواستنەوەی بەرژەوەندییە هەنووکە هەستپێکراوەکان بۆ سەر ڕوانگەی خۆمان بدەین. خوشکایەتیی ڕاستەقینە نیگەرانیی پێویستییە تاکەکەسییەکان دەگۆڕێت بە نیگەرانیی گرووپیی کەسەکە و پێویستییە دامەزراوەیی و چینایەتییەکەی. ژنان، لە ڕێگەی ستراتێژی و خەبات بۆ ئامانجە کورتخایەنەکانیان، دەتوانن لە بەرژەوەندیی خود لە درێژخایەندا تێبگەن. لە بەرنامەکەدا، ئامانجە کۆمەڵایەتییە ئەبستراکەکان پێناسە کراون وفۆڕمی ڕوونیان پێ بەخشراوە. ئێمە پێویستە بۆ کەمپەینی کرداریی ڕاستەوخۆمان پرسگەلێک هەڵبژێرین کە ژنان یەکگرتوو و براوە دەکات و بە هۆیەوە بۆچوونیان لە بارەی ئەوەی کە چی بە قازانجیانە دەگۆڕدرێت.
بۆ نموونە، لە کاتێکدا داڕماندنی ڕاسیسزم یەکێک لە پرسە گرینگەکانمانە، ئێمە ناچین ژنانی سپیپێست لە دەوری نەژادپەرستی وەکوو پرسێک ڕێک بخەین. هەر بۆیە، ئەوە ئەوەندە ڕوون نییە کە کارێک لە بارەیەوە بکەین و بۆ زۆربەی ژنانی سپیپێست پرسێکی دەرهەست و ڕوون نییە. سەرەڕای ئەمەش، یەکخستنی گرووپە سپی و ڕەشەکان لە دەورەی نیگەرانییە هاوبەشەکان، دەبێتە ڕێگەیەکی دیار بۆ ئەوەی بە شێوەی ئۆبژێکتیڤانە دژی نەژادپەرستی خەبات بکەین. هەروەها دەتوانین ئامرازگەلێک بۆ باسکردن و بەرچاوخستنی ئەم بۆچوونە پەرە پێبدەین. بەڵام کردەوەی ڕاستەوخۆ بۆ ڕیفۆرمی بەرهەست وا دەکات ئایدیۆلۆژییەکەمان ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی هەبێت.
براوەبوون
ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ زۆربەی ژنان قسە بکەین، دەبێ لە بارەی براوەبوونەوە ڕژد و جیددی بین. ژنان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دۆڕاو بوون. ژنان تەنیا کاتێک لە پشت بیرۆکەی ئازادییەوە ڕیز دەبەستن کە بزانن ئەوە یارمەتیی ئەوان و کەسانی دیکە دەکات براوە بن و شتێک بەدەست بیێنن کە بۆ خۆیان و خوشکەکانیان و کەسانی دیکە دەیانهەوێت. ئەمە ئێمە لە زۆرێک لە گرووپەکانی دیکە وەک “پی.ئێڵ” و “ئای.ئێس” و ئەو فیرقە ویست خاوێنانەی کە زیاتر خۆیان بە دروستبوون یان دروستنەبوونی ڕێسا سیاسییەکانەوە سەرقاڵ دەکەن تا بەکارهێنانی بیرۆکەیەکی سادە و ڕاستەقینە وەکوو ئامرازی بردنەوەی شتەیەک کە خەڵکی تێدا بەشدارە، جیا دەکاتەوە.
ئێمە لە ئێستادا خوازیاری ژیانی باشتر بۆ خۆمان و کەسانی دیکەین. ئێمە خوازیاری سەرکەوتن بۆ کەسانێک بە نرخی دۆڕانی کەسانی دیکە نین بەڵکوو دەمانهەوێ بۆ سەرکەوتن خەبات بکەین. بە هۆی لێپرسراویمان بەرانبەر خوشکانمان، بیرکردنەوەی خۆمان، هەستمان بە لاوازی و بێتواناییمان بۆ بەرەوپێشچوونمان بە چالێش کێشاوە، هەر بۆیە ئێمە ڕەنگە ئەو دەستکەوتانەی بزووتنەوەکەمان خەریکە بەدەستیان دەهێنێ یەک بخەین و بەرەو دەستکەوتی زیاتر هەنگاو هەڵگرین.
ئێمە ئاگاداری ئەم ڕشتەی ترسەمان لە سەرکەوتنین (زۆرجار گەورەترە لە ترسمان لە شکست). “ئەگەر براوە بیت، ئایا بەڕاستی دەیدۆڕێنیت؟”، ژنان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دۆڕاو بوون، ئێمە زۆرجار بەرانبەر بە گۆڕانکاری لە سەرکەوتنە ماددییەکاندا خۆڕاگری لە خۆمان نیشان دەدەین. گرینگە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە چۆن سەرکەوتنەکان لە پێناو خۆ لادان لە هاریکاریکردن پێناسە بکەن. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێوشوێنە بنچینەییەکانمان لە ستراتێژییەکەمان. ئێمە بۆ ڕیفۆرمگەلێک خەبات دەکەین کە ژیانی ژنان باشتر دەکات بەڵام ئەولەوییەت دەدا بە پەرەپێدانی خەباتکردنێک کە هەستێکی خۆدەسەڵاتداریش بە ژنان دەبەخشێت و دەسەڵاتی سەپێنەری ئەوانەش کە کونترۆڵیان بە دەستەوەیە، کەم دەکاتەوە.
لەو باوەڕەدا نین کە ڕیفۆرمێک کە لەسەر ڕیفۆرم ڕۆ بنرێت لە کۆتاییدا بە سۆسیالیزم یان ڕزگاریی ژنان کۆتاییی دێت. ئێمە پێشبینیی بۆشایییەکی بەرین لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان زۆر لێکدابڕانی هاوشێوە پێش لە پەیوەندییە کامڵەکان لە دەسەڵاتدا دەکەین. بەڵام لەو باوەڕەداین کە داخوازیی هەڵکشاو بۆ قازانجە ڕاستەقینەکان کە ئەم ستراتێژییە هێناویەتییە ئاراوە، دژبەرییەکان دەگەیەنێتە لووتکەی خۆیان و بۆ خەبات بە ئاراستەی هەڵدێرەکە ئامادەمان دەکات. سروشتی ئەم شۆڕشە و داهاتووەکەی بە هۆی ئەو خەباتەوە کە وەدیهێنەری دەبێت، باشتر پێناسە دەکرێت.
تا کاتێک کە ئێمە شوێندانەر نەبین، براوە نەبین و هەست بە هێزمان نەکەین، هێندێک جار مەترسیی ڕقهەبوون بەرانبەر ئەو خوشکانەمان کە بۆ نموونە دەڵێن “بۆچی ئەوان شتەکە نابینن و پێمان پەیوەست نابن؟”، لە ئارادا دەبێت. ئەمە تا کاتێک کە ئێمە شوێندار نەبین، تا ڕادەیەک ڕوو دەدات. باری سەرەکیی هێنانەکایەی چالاکییەک کە ژنان تێیدا بەشدار بن لەسەر شانی ئێمەیە. ئەگەر ژنان پێمان پەیوەست نەبن، یەکەم جار دەبێت وا بیر بکەینەوە کە: ئەوەی ئەنجامی دەدەین وەکوو پێویست ڕوون نییە، بە ئەندازەی پێویست پەیوەندیی بەو کێشە تایبەتییانەوە نییە کە ژنان ڕووبەڕوویانن. دیارە هۆکار زۆرە بۆ ئەوەی ڕەنگە ژنان لە قۆناخگەلێکی تایبەتیدا پێمان پەیوەست نەبن، بۆ نموونە، هەڕەشەی مێردەکانیان، ترس لە ناسێندرانی کۆمەڵایەتی، نەبوونی منداڵبەخێوکەر یان ناکۆکیی ڕاستەقینە لە بۆچوونەکاندا. ئەرکی ئێمە دۆزینەوەی ڕێگەگەلێک بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی خۆمان وەکوو بزووتنەوەیەکە. بۆ ئەم مەبەستە ئەم ستراتێژییە پێشنیار دەکەین.

دەسەڵات و ڕیفۆرم

ئامانجی ستراتێژیی فێمێنیزمی سۆسیالیستی، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی دسەڵات لە ڕێگەی پرۆسەی ڕۆنانی بنەمایەکی دەسەڵات بۆ ژنان بە هۆی بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو لە دەوری خەبات بۆ بەرژەوەندیمانە. ئامانجمان ڕۆنانی ئەم بزووتنەوەیەیە. ئێمە بە دژی هەڵوێستی یۆتۆپیایین کە تێیدا ئارگۆمێنت بە دژی هەر جۆرە گۆڕانێک دەهێنرێتەوە تا ئەو کاتەی چارەسەرێکی تەواو دەلوێ. لە لایەکی دیکەوە، ئێمە لەگەڵ کارکردن لەسەر هیچ جۆرە کردەوەیەکی ڕیفۆرمیستی کە بۆ خۆی بێتە ئاراوە، نین. ستراتێژییەکەمان ڕێگەمان پێ دەدات ئەولەوییەتەکانمان و کاتبەندییەکانمان بۆ چارەسەری پرسەکان لە بارودۆخی تایبەتیدا دیاری بکەین.
بڕیاردان لەسەر ئەوەی دەبێ خەبات بۆ چ ڕیفۆرمێک بکرێت و چۆن پێویستە لەسەر بنەمای ئەم ڕێوشوێنانە بێت:
١ـ ئایا ڕیفۆرمەکە لە باری ماددییەوە ژیانی ژنان باشتر دەکات؟ ژیانی ئێمەی ژنان لە زۆر بارەوە سەرکوت کراوە، هەر بۆیە، ئێمە دەمانهەوێ کار بۆ باشترکردنی ژیانمان لە ئێستادا بکەین. بەدەر لەوەی ئەولەوییەتەکانمان چی بن، پێویستە تەرکیز لەسەر گەیشتن بە پێداویستییە هەنووکەییەکانمان بکەین. کاتێک نیشانی بدەین کە دەتوانین بە پێداویستییە هەنووکەییەکانمان بگەین، ژنان پێمان پەیوەست دەبن. کاتێک لەو باوەڕەداین کە کاپیتالیزمی سێکسیست، ناتوانێ هەموو ئەو ڕیفۆرمانەی کە دەمانهەوێ بێنێتە دی، ئەودەم ئەگەری ئەوە هەیە کە یاسای خۆی بە دژی خۆی بەکار بێنێت. بەم جۆرەیە کە دەتوانین گۆڕانکاری لە ڕێگەی گوشارەوە بسەپێنین. کەوابوو، ستراتێژییەکەمان لەوەی داخوازییە ئەوپەڕگەراییەکان (ماکسامالیستی) کە لە ئێستادا لە زیادبووندان، تا ڕادەیەک جیاوازە. لە ئەوپەڕگەراییدا، داخوازییەکان شتگەلێکن کە لە کاپیتالیتزمدا وەدی نایەن تەنیا لەبەر ئەوەی بسەلمێنرێت کاپیتالیزم خراپە. زۆر ڕیفۆرم هەیە کە بە ڕاستی بۆ ئێمە بەقازانجە و متمانەبەخۆبوونمان زیاتر دەکات. سەرەڕای ئەمەش، ڕیفۆرم بۆ خۆی تەنیا ئامانجمان نییە. ئێمە بە هۆی ئەوەی بەڕاستی و بە شێوەیەکی هەستپێکراو دەسەڵاتمان نییە تا کونترۆڵی ڕیفۆرم بکەین، سەرکوت کراوین.
٢ ـ ئایا خەبات بۆ ڕیفۆرم هەستی دەسەڵات بە ژنان دەبەخشێت؟ ئێمە پێویستە لە دەوری ئاریشەگەلێک خەبات بکەین کە سەرکەوتن، بە ڕوونی سەرکەوتنی خۆمان بێت نەک ئەوەی هەدیەیەک بێت لە لایەن ئەوانەی لەدەسەڵاتدان. خەباتمان لە پێناو ڕیفۆرمدا دەبێ شکڵ بە بزووتنەوەکەمان ببەخشێت. هێزی بزووتنەوەکەمان تەنیا بە هۆی دامەزراوەکانەوە دەتوانێ درێژخایەن بێت. بە هۆی دامەزراوەکانەوە، ژنان دەتوانن بە شێوەی پێکەوەیی هەستێکی دەسەڵاتی خۆیان هەبێت. گەر وا نەبێت، تەنانەت کاتێک براوە بین، پێی نازانین و ناتوانین بانگەشەی بکەین. (کێ پاشەکشەی هێزە سەربازییەکان لە “ئیندۆچینا”ی سەپاند، سەرۆککۆمار یان بزووتنەوەکە؟ کێ ڕیفۆرم لە یاسای لەباربردنی منداڵی لە نیۆیۆرک سەپاند ـ یاسادانەرانی ئەیالەتەکە یان بزووتنەوەی ژنان؟) بە هۆی دامەزراوەکانەوە، سەرکەوتنێک دەبێتە هۆی سەرکەوتنێکی دیکە. تەمەنی دامەزراوەکان لە بەشداریی تاکەکەسەکان زیاترە و هێزەکەشی لە بەشە بەشدارەکان زیاترە.
٣ ـ ئایا ڕیفۆرم پەیوەندیی هەنووکەییی دەسەڵات دەگۆڕێت؟ ژنان لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا کونتڕۆڵی کەمیان بەسەر ڕەهەندەکانی ژیانیانەوە هەیە. ئێمە نەتەنیا باشتربوونی دەرهەست بەڵکوو مافی بڕیاردان لەسەر ئەو باشتربوون و ئەولەوییەتانەشمان دەوێت. ئێمە دەمانهەوێ پێکهاتەی دەسەڵات سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، سامان دابەش بکرێتەوە و کۆتایی بە چەوساندنەوە بێت. ئەوانەی زیاتر لە هەمووان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دامەزراوەکانەوە، مافی بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئەو دامەزراوانە چی بکەنیان هەیە. (دامەزراوەگەلێک وەک شوورای کرێکاران، بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی دامەزراوەیەک، دایکوباوکان لە سەنتەری منداڵ ڕاگرتن و هتد).
زۆربەی ئەو پڕۆژانەی بەهای زۆریان بۆ بزووتنەوەکەمان هەیە، لە ئێستادا تەنیا کار لەسەر یەک یان دوو خاڵی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە، دەکەن. سێیەمین خاڵ دژوارترین و کەمترپەرەپێدراوترین خاڵی بزووتنەوەکەمانە. شەڕە تایبەتییەکان ڕەنگە براوە نەبن یان تەنانەت هەوڵ بۆ کارکردن لەسەر هەموو ئەم ئاستانە نەکەن. بەڵام سەرکەوتنی درێژخایەنمان بەستراوەتەوە بە پەوەندیی دووسەرەی سێ خاڵ لە نێو پڕۆژەکانەوە هەیە.
پێکەوەهەڵکردن و ئەولەوییتەکان
ئێمە پێداگری لەسەر پێویستیی لێڕوانینێکی چەندڕەهەند بۆ ڕزگاریی ژنان دەکەین. بە وەها لێڕوانینێک دەتوانین خۆمان لە هێندێک داوی فیرقەگەرایی دوگماتیستی لە بارەی دروستبوون یان دروستنەبوونی کێشە یان بەرنامەیەکی تایبەت لا بدەین. ئێمە دەبێ کراوە بین و هانی جێگرەوەکان بدەین. هەرچی پێداگری لەسەر پێویستیمان بە ستراتێژییەکی گونجاو کە لەخۆگری پەروەردە، خزمەتگوزاری و کردەوە بێت بەڵام بە شێوەیەکی ئاگایانە پێکەوە ئاوێتەیان بکات، هەر کەمە. کاتگەلێک هەیە کە پرسێک گەیشتووە و کاتگەلێک هەیە کە گرینکە بەڵام ژنان ناجووڵێنێت، ناتوانێ ببێتە هۆی براوە بوون و پەیوەندیی بە پێویستییە چەپگەراییەکانی ژنانەوە نییە.
بەڵام ئێمە ناتوانین خۆمان تا ئاستی پلۆرالیزمێکی ناڕوون کە دەڵێ هەر هەوڵێک ئەوەندەی هەر هەوڵێکی دیکە باشە، داببەزێنین. ئێمە دەتوانین دژەفیرقەگەرا بین، هانی ڕەنگاوڕەنگیی لێڕوانینەکان بدەین و بزانین کە بۆ گەیشتن بە زۆرێک لە ڕەهەندەکانی ژیانمان وەکوو ژنان پێویستە بەرەو هەبوونی زۆر لێڕوانین بڕۆین. هەر لەم کاتەدا، دەتوانین ستراتێژییەکی گونجاومان بۆ دیاریکردنی ئەولەوییەتەکانمان بۆ کاری هەنووکەیی کە پێمانوایە گرینگن، هەبێت. گومانی تێدا نییە کە تاقیکاریی پێکەوەهەڵکردن و فیرقەگەرایی، پێی لە نێو ڕاستیدایە. ئێمە دەبێ بزانین چۆن لێمان حاڵی دەبین، چۆن وەردەگیرێین و چۆن گەشە دەکەین. ڕاستی دەرمانێکی باشە.
رەچاوکردنی سێ ڕێوشوێن
ئێمە تا ڕادەیەک پێشوازی لە هەر چالاکییەک دەکەین کە کار بۆ ژنان بکات. سەرەڕای ئەمەش، لەم کاتەدا، ئاوات دەخوازین کە پێداگری لەسەر گرینگیی هەر سێ ڕێوشوێنی ئاماژەپێدراو بکەین: باشترکردنی ژیانی ژنان، بەخشینی هەستی دەسەڵات بە ژنان و گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات. ئەم سێ ڕێوشوێنە دەبێ بۆ هەر چالاکییەکی پێشنیارکراو ڕەچاو بکرێن.
بۆ نموونە، لە پرسی لەباربردنی منداڵدا، لێڕوانینی فێمێنیستی سۆسیالیستی لەو لێڕوانینانە جیایە کە تەنیا ئاڵوگۆڕی یاساییان لە ڕێگەی کارکردن لەسەر کاناڵە داخراوەکان و ڕاگرتنی مافی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و یاساکان دادەڕێژن، دەوێت. سەرکەوتنەکان لەمەڕ لەباربردنی منداڵ دەبێ تەنیا لە لایەن ئەو ژنانەی خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن دەستەبەر بن. گرینگە لە خەباتەکەدا تەرکیز بکرێتە سەر ئەوەی کە کێ بڕیاردان لە بارەی لەباربردنی لەدەستدایە و کاریگەریی لەسەری هەیە و ئەو تاک و دامەزراوانە بۆ ژنان ڕوون بکرێنەوە.
ئەم لێڕوانینە لە کەمپەینی “بۆ سێناتۆرەکەتان نامە بنووسن” بەرینترە. بۆ نموونە، بە مانای دۆزینەوە و بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو گرووپانەی سەر بە کەنیسەیە کە بە دژی لەباربردنی منداڵ لابیگەری دەکەن، بە مانای بەچالێشکێشانی بێبەریبوونیان لە ماڵیاتدانە کە بۆ لابیگەری بەکاری دێنن. هەروەها مانای زانینی ئەوەیە کە بەرپرسی چ کۆمپانیایەک ناوی لە لیستی بەرپرسان و وەڕێخەرانی کرداری بەکارهێنەر دژی لایەنگرانی لەباربردنە و کاروکاسبیی بەرپرسی چ کۆمپانیایەک بۆ پشتیوانی لە لابیی کەنیسەیە. هەر کەمپەینێک کە کەوتبێتە ژێر کارى ئەوانەوە، پێویستە وەها لێکگرێدراوییەک بناسێنێت. ئێمە پێویستە ژنان لە دەوری کردەوەی ڕاستەوخۆی سیاسی بۆ گۆڕینی وەها ڕێوشوێنگەلێکی سەرکوتکەرانە لە چەشنی یاسای لەباربردن ڕێک بخەین و هاوکات تەرکیز بکەینە سەر پەیوەندییەکانی سەڵات لەو کایەیەدا. سەرکەوتن دەکرێ بەدەست بێت و کەمپەینەکانمان ئەوەندە تایبەتییە کە دەتوانین ڕادەی سەرکەوتن و شکستمان دیاری بکەین.
کردەوەی ئەرێنی ڕەنگە لەخۆگری چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بێت، لەوانە:
ـ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داخوازیگەلێکی تایبەتی
ـ وتووێژ
ـ سەپاندنی کێشەیەک بەسەر موناقشەیەکی گشتی
ـ گوشاری شەرمەزارکردن، بۆ نموونە داخستنی ڕێگەکان بە مانگرتن
ـ خۆ دەرخستنی گشتی لە چاپەمەنییەکان و لە دادگایییەکدا
ـ کۆبوونەوەی جەماوەری ناڕەزایەتیی گشتی
ـ کۆبوونەوەی جەماوەریی گرێدراو بە کەمپەینێکی تایبەتی
ـ چالاکیی گەریلایی و نمایشی (وەکوو “WATCH” و هتد)
ـ کردەوەی یاساییی تێکدەرانە ـ بۆ نموونە مانگرتنەکان، بایکۆتکردنەکان، کۆبوونەوەی خاوەن بەشەکان
ـ سەرپێچیی مەدەنی لە یاسا ـ ئەمە ڕەنگە هێندێک جار بەکەڵک بێت، بەڵام ئێمە پێم وا نییە زۆربەی کاتەکان زۆر شێوەی کاریگەرتر، کەمتر دوژمنکارانە، خاوەن هێزی هێزەکیی زیاتری هاوپەیمانگرتن و کەم تێچووتر لە ئارادان.
خاڵی سەرەکی ئەمەیە کە ئەو چالاکییەی کە هەڵدەبژێردرێت دەبێت پەیوەندیی بە ستراتێژییەکی گشتی لەمەڕ کێشەیەکی تایبەتییەوە هەبێت و بە دیاریکراوی ڕوون بێت کە چی ڕیفۆرمی لێ دەکەوێتەوە و بزووتنەوەکەی لەسەر ڕۆ دەنرێت.
ئەم لێڕوانینەی کردەوەی سیاسی کە لە سەرەوە باس کرا، لە زۆر چالاکیی گرووپگەلێکی وەکوو “مۆراتۆریۆم” کە کردەوەی ڕاستەخۆی بەبێ هەبوونی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیەکی گشتی ڕێک دەخست، جیاوازە. وەها گرووپگەلێک جەماوەرێکی ژنان لە کارێکی بەردەوام و درێژماوەدا بەشدار ناکەن و تەرکیز ناکەنە سەر ئامانجگەلێک کە هەم دەتوانن ببنە هۆی سەرکەوتنی ڕیفۆرم و هەم گۆڕانێک لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بهێننە ئاراوە. خۆپیشاندانە بەرینەکان بۆ تەرکیزکردنی سەرنجەکان لەسەر کێشەیەکی ئەبستراکی پرەنسیپێکی بەگشتیکراو باشن (وەکوو لەباربردنی ئازادانەی داواکراو، نەبوونی ئێستێریلیزەکردنی ناچاری، لەئارادابوونی منداڵ بەخێوکردنی بیست و چوار کاتژمێریی کونتڕۆڵکراو لە لایەن دایکوباوکەکانەوە، هتد). سەرەڕای ئەمەش، بۆ بردنەوەی هەر دوو لایەنی ئاماژەپێکراو لە سەرەوە، داواکارییەکە دەبێت ڕووی لە هێندێک تاکەکەسی نێو دامەزراوەگەلێک بێت کە داواکاریی وڵامەکە ڕووی لەوانە و لە کردەوەدا دەسەڵاتی وەها وڵامدانەوەیەکیان هەیە.
گرووپگەلێک وەک ” SWP-YSA” ددان بە گرینگیی ئەم داواکارییە لە دەسەڵات لە خەباتە جەماوەرییەکاندا دانانێن. ئەوان هیچ جۆرە ستراتێژییەکی مامناوەندییان بۆ ڕۆیشتن لە ڕیفۆرمەوە بۆ شۆڕش وەک ئەو ستراتێژییەی کە کونتڕۆڵی کرێکاران یان بەکارهێنەران دەبێتەهۆی، نییە. لە ئاکامدا، ئەوان لە نێوان داخوازییە لەڕادەبەدەرەکان کە بەرپرسیارەتیی بردنەوەیان لەگەڵ نییە (منداڵ بەخێوکردنی بیست و چوار کاتژمێریی کونتڕۆڵکراو لە لایەن دایکوباوکەکانەوە) و داواکاریی ڕیفۆرمی لانیکەم (هەبوونی مافی بڵاوکردنەوە بڵاڤۆکە بۆ نموونە) هەر سەروخوار دەکەن و بەم جۆرە ناتوانن کێشە بۆ پەیوەندییە هەنووکەییەکانی دەسەڵات دروست بکەن.
پرسگەلێک کە پێوستە زیاتر ڕەچاو بکرێن
هیچ ستراتێژییەک نییە کە بەبێ کێشە یان بۆ هەموو بارودۆخێک گونجاو بێت. ئێمە پێمان وایە ئەم ستراتێژییە بۆ سەرکەوتنی مەزن لە بارودۆخی هەنووکەدا بەکەڵکترینە. پێوستە ئەم بیروبۆچوونانە زیاتر پەرە پێ بدەین و لە کردەوەکانمان فێر بین بە جۆرێک کە نەتەنیا براوە بین، بەڵکوو براوەی ئەو شتە بین کە دەمانهەوێت. لە ڕەوتی ئەم پەرەپێدانەدا، پێویستە پرسگەلێک وەک ئەوەی لە خوارەوە دێن، لەبەرچاو بگرین:
ـ ئەمە ستراتێژییەکی مام ناوەندییە. پێویستە کارەکەمان دیسان هەڵبسەنگێنینەوە تا دڵنیابین لەوەی کە بە ئاراستەیەکی شۆڕشگێڕانەدا هەنگاو دەنێین.
ـ پێویستە ڕێگەکەلێک بخەینە ڕوو کە بە هۆیەوە خەڵک بتوانن لە تێگەیشتن لە پرسێکی تایبەتییەوە بۆ تێگەیشتن لە پەرچەکردارە کۆمەڵایەتییە لێکگرێدراوەکان بڕۆن.
ـ پێویستە هەم دوا داخوازی و هەم داخوازییە مام ناونجییەکانمان لەبەرچاو بێت. پێویستە ئاگاداری ڕێگەگەلێک بین کە بە هۆیانەوە ئایدیۆلۆژییەکەمان لە خەباتگەلێکی تایبەتی پێناسە و بەکار دەهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە پێویستییەکان و هێزی تاکەکان و تێگەیشتنیان لەوەی کە چی لواوە و لە سروشتی دژبەرییەکە لەبەرچاو بگرین.
بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەمانە، پێویستمان بە گرووپی سەرچاوە هەیە کە بتوانن هەوڵە دامەزراوەییەکانمان بخەنە نێو بەستێنی خۆیانەوە. وەها گرووپگەلێک یارمەتیدەرمان دەبن تا ئەولەوییەتەکان لە نێوان خەبات و پەرەپێدانی ستراتێژی بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانە هەڵبژێرین.
رۆڵی دژەدامەزراوەکان
رەوتێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی ئێستای ژناندا، ڕێکخستنی پڕۆژە دژەدامەزراوەیییەکان بە مەبەستی وەدیهاتنی پێویستییەکانی ژنان بە شێوەی ڕاستەوخۆیە. ئەم کارە بۆ بزووتنەوەی ژنان گرینگە بەڵام پێویستە لە بەستێنی بزووتنەوەیەکدا کە خاڵی سەرنجی دیکەشی هەیە، ڕوو بدات.
دژەدامەزراوەییەکان دەتوانن چەندین شتمان بۆ بکەن. دەتوانن یارمەتیدەری بردنەسەرەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکانی ژنان کە ئەو دامەزراوانە بەکار دەهێنن و پڕیان دەکەنەوە بەنیسبەت ئەوەی چی لواوە و چی لواو نییە، بن. دەتوانن خزمەتگوزاریگەلێک دابین بکەن کە وڵامدەری پێویستییەکانی ژنان لە ئێستادا بن. دەتوانن نیشانی بدەن کە ئەو کێشانەی کە باس دەکرێن لە سروشتی خۆیاندا و لە چارەسەریشیاندا کۆمەڵایەتین. ئەوانە ئەو پەیامە بۆ بیاڤە هەڵبژاردنییەکان دەنێرن کە ئێمە دەمانهەوێ بڵێین کە پرۆگرامی ئەرێنیمان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە و دەمانهەوێ سەرنجەکان بۆ لایان ڕابکێشین و ئەوەش کە ئێمە لە مەیلەکانماندا نەرێنی نین. لە بەرانبەر بردنە سەرەوەی وشیاریدا، وەها بەرنامەگەلێک ترس لە کێشە بێکۆتاییەکان بەبێ هەبوونی چارەسەرێکی ڕوون، دەسڕنەوە.
بۆ نموونە، سەنتەرێکی لەشساخیی پشتیوانیکراو لە لایەن فێمێنیسمەوە خزمەتگوزارییەکی پێویست دابین دەکات کە لە باری مادییەوە بارودۆخی ئێستامان باشتر دەکات. وەها سەنتەرێک نیشان دەدات کە ژنانێک کە پێکەوە هەنگاو دەنێن، دەتوانن بەشێک لە بارودۆخی خۆیان بگۆڕن. دەتوانێ ببێتە هۆی دروستبوونی بنەمایەکی ڕێکخراوی هێز لە نێوان ئەو ژنانەی کە بۆی ئامادەی خەباتن و بنەمایەکیش بۆ مافەکانیان.
سەرەڕای ئەمەش، دژە دامەزراوەکان هێندێک کەموکورتیشیان هەیە. ڕەنگە بە هۆی نیشاندانی ئەوەی کە کێشەکان دەکرێ لە نێو بۆشایییەکانی نێو دامەزراوە هەنووکەییەکاندا چارەسەر بن، ببنە هۆی گەشبینییەکی ناڕاستەقینە بەرانبەر گۆڕان. وەها بەرنامەگەلێک دەتوانن کاتی تەواوی هەموو ئەوانەمان کە لە بزووتنەوەکەدا بەشدارین بگرن، بەبێ ئەوەی داواکارییەکانمان قەت وەدی بێن. وەها چالاکیگەلێک ناتوانن پەیوەندییەکانی دەسەڵات بگۆڕن ئەگەر هیچ داواکارییەک ڕووبەڕووی ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، نەکەن.
ئێمە ئارگۆمێنت بۆ گرینگیی ئاوێتەکردنی کردەوە دژە دامەزراوەیییەکان لەگەڵ کردەوەی ڕاستەوخۆی ڕێکخراو بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکان لەسەر بنەمای تواناییی یەکتر دەهێنینەوە. وەها تەرکیزگەلێکی ڕێکخراو ڕووی لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە و بەمەش دژایەتی دەکات لەگەڵ ئەو بەرەنجامگیرییەی کە دەڵێ کۆمەڵگا ناگۆڕدرێت. هەروەها دژایەتی دەکات لەگەڵ گەشبینیی لەڕادەبەدەر لە بارەی هێزە هێزەکییەکانی خودیارمەتیکردن لە پێناو گۆڕینی ژیانی ژنان، بە پێداگری لەسەر ئەم خاڵە کە گۆڕانکاریی بەرچاو تەنیا لە ڕێگەی گۆڕانکاریی کاریگەر لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا وەدی دێت. بەکەڵکترین ڕۆڵی پڕۆژە دژە دامەزراوەییەکان، دابینکردنی ڕوانگەیەک بۆ جێگرەوەیەک و هاوکات نیشاندانی پێویستیی گۆڕانی داواکراو لە کەسانی خاوەن دەسەڵاتە.
چۆن دەسەڵات بەدەست دەهێنین؟ (یان ڕۆنان و پاراستنی خوشکایەتیی ڕاستەقینە)
ئێمە چۆن، بە هۆی تەرکیزکردنی تایبەتی لەسەر کردەوەی سیاسی و ڕاستەوخۆ، ئەم لێڕوانینە لەگەڵ بزووتنەوەکەمان ئاوێتە دەکەین؟ لەو باوەڕەداین کە ئەگەر ئێمە پێکهاتە و چالاکیگەلێکمان هەبوایە کە ژنان لە پێناو خەباتیان بۆ کێشەگەلی دەرهەست تێیدا بەشدار بووبان، ئەو ژنانە پێمان پەیوەست دەبوون. ئێمە پێویستمان بە گۆشەنیگایەکە کە ئیزمان پێ بدات هەم خەباتی درێژخایەن و هەم خەباتی کورتخایەن بکەین و هەروەها کەمپەینگەلێکمان هەبێت کە تەرکیزیان لەسەر براوەبوون بێت. ئەمەی لە خوارەوە دێت، کورتکراوەیەکی تایبەتی ئەو خاڵانەن کە هەست دەکەین دەبێ لە هەڵبژاردن و پلانڕێژی بۆ کردەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرچاویان بگرین:
ئامانجەمانی بزووتنەوەکە دەبێ ئەو ئامانجانە بن کە بتوانن:
ـ پەیوەندییان بە زۆر ڕەهەندی ژیانی ژنان هەبێت و بەرینتریان بکەن.
ـ ڕوانگەیەک بگۆڕن بە چالاکییەکی تایبەتی.
ـ یارمەتیی ژنان بکەن تا ڕێزگرتن لە خود بەدەست بێنن.
ـ ژنان یەکگرتوو بکەن و دامەزراوەیەکی جەماوەری دروست بکەن چونکە تەرکیز دەکاتە سەر پێویستییەکانی ژنان.
ـ ئەو پێویستییە هەستپێکراوانە بناسێنن کە ژنان بەرەو خەبات بۆ چارەسەریی کێشەکانیان پاڵ پێوە دەنێن.
پرۆژەیەک دەبێ هەڵبژێردرێت کە:
ـ ژنان بەرەو کردەوەی ڕاستەوخۆ و گرووپگەلێک کە تێیاندا دەتوانن هەوڵەکانیان هەڵسەنگێنن، پاڵ پێوەبنێت (بۆ نموونە، دامەزراوەکانی هەنووکە)
ـ بتوانێ بە شێوەیەکی تایبەتی دیاری بکات کە چ دامەزراوەگەلێک و کێ لە نێو ئەو دامەزراوەگەلەدا کونتڕۆڵی بەسەر پرسەکانەوە هەیە و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لە ژێر گوشاردا ڕیفۆرم بکات.
ـ دیاری بکات کە سەرکەوتن چی دەبێت.
پڕۆژەکە دەبێ:
ـ قۆناخبەندی کرابێت و وەکوو ڕیفۆرمگەلێک کە بە شێوەیەکی دەرهەست، بکرێ بەدی بهێنرێت، خەباتی بۆ بکرێت.
ـ چالاکیی هەنگاو بە هەنگاو بۆ تاکەکان دیاری بکات.
خستنەگەڕی ستراتێژییەکە: نموونەیەک
لە ڕەوتی پەرەپێدانی ستراتێژییەکی دەرهەست، گرینگە پلان بۆ کەمپەینگەلی تەواو کە فرەڕەهەندن و پرسێکی گشتی دەخەنە قاڵبی بەرنامەیەکی شایانی جێبەجێکردنەوە، دابنرێت. لێرەدا نموونەیەک دەهێنینەوە لەوەی کە چۆن ژمارەیەک لە ئێمە پرۆژەیەکمان پەرەپێداوە لە بواری خەبات بۆ بەخێوکردنی منداڵ لەگەڵ کۆمیتەی کردەوەی بەخێوکردنی بەجێی منداڵ. ئێمە پرۆژەکەمان لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونانەی لەم نووسینەدا خرانەڕوو، داڕشت.
ئایدیۆلۆژی: بڕیارمان دا کە خەبات بۆ سیستەمێکی بەخێوکردنی منداڵ کە ئازاد، بیست و چوار کاتژمێری بێت و لە لایەن دایکوباوکانەوە کونتڕۆل بکرێت لەگەڵ ڕێوشوێنە ئایدیۆلۆژییەکانمان دەگونجێت. سەرەڕای ئەمەش، ئەم هەڵوێستەمان، وەکوو دەربڕینێکی سەرەتاییی ئامانجەکانمان، لاوازییەکی تێدابوو. بەرزکردنەوەی ئاستی داخوازییەکەمان پێش لەوەی دامەزراوەیەکمان هەبێت، ئێمەی لەو ژنانەی کە دواتر بوونە بەهێزترین هاوپەیمانمان، بێگانە کرد. ڕوانگەمان زۆر لە ڕاستیی بارودۆخی هەنووکە بەدوور بوو بە جۆرێک کە بە تەواوی ناواقعبینانە دەهاتە بەرچاو. کاتێک چەندین داخوازیمان جێبەجێ بوو و تێیاندا براوە بووین، ئەودەم بردنەسەرەوەی ئاستی ئیدەئالەکانمان عەقڵانیتر و جێی پەسندتر بوو چونکە ئەگەری ڕوودانی ڕاستەقینە بوو و ژنان لە بەرەبەری خاوەنداریەتیی هەستێکی دەسەڵاتی خۆیان بوون.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێمە بڕیاری وەڕێخستنی دامەزراوەیەکی جەماوەریمان دابوو. ئێمە خەریکی هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە گرووپی دیکەی ژنان بووین، دامەزراوەیەکی فێمێنیستی دژەسەرمایەداری کە جیاواز بوو لەوانەی ئەودەم لە “یەکیەتیی ڕزگاریی ژنانی شیکاگۆ”دا بوون. هەستمان کرد کە ئەو ژنانەی کە لە “کۆمیتەی کردەوەی بەخێوکردنی بەجێی منداڵ”دا چالاک بوون، بە شێوەیەک مەیلیان بە لای پەیوەستبوون بە “CWLU” هەیە. وەها ژنگەلێک ڕەنگ بوو هیچکات بە دامەزراوەیەکی ڕزگاریی ژنان پەیوەست نەبووبان کە هێندێک جێگرەوەی مامنێونجی نەبا. بەڵام بەدەر لەوەی کە ئەوان پەیوەستی “CWLU” دەبن یان نا، بیرۆکەکانی بزووتنەوەکە و هێزەکەی بە هۆی ئەم شکڵە جەماوەرییەوە گەشە دەکەن.
ئەمە بەو مانایە نییە کە بڵێین گرینگە پێش لەوەی بکرێ دامەزراوەیەکی جەماوەریتر دابمەزرێت، پێویستە دامەزراوەیەک هەبێت. بەڵکوو، لە هەر شارێکدا بە جیا، ژنان پێویستە دیاری بکەن دەیانهەوێ لە کێ نزیک ببنەوە و بەستێنی سیاسیی بارودۆخی خۆیان چۆنە.
ئێمە دژی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕوانگەمان وەکوو داواکارییەک نین، لە ڕاستیدا، هێندێک حاڵەت هەن کە ڕەنگە تێیاندا زۆر گرینگ بێت. سەرەڕای ئەمەش، بە هۆی ئەزموونمانەوە فێر بووین کە چەندە گرینگە بە تەواوی بزانین دەنگدەرانی بیاڤێکی هەڵبژاردن کێن و ئەوە چیە کە دامەزراوەکە لە هەوڵی جێبەجێکردنیدایە.
کێشەی دووهەم کە ڕووبەڕووی بووین لە تێگەیشتنمان لە سەرکوتکردنمان وەکوو ژنان بوو. دەمانزانی کە بەخێوکردنی منداڵ کێشەیەک بوو بۆ زۆرێک لە ژنان، بەڵام نەمانتوانی ئەو کێشانەی وەها ژنگەلێک ڕووبەڕوویانن، لەبەرچاو بگرین. ڕێک ئەو ژنانەی کە ئێمە هیوادار بووین بەشدار بن (ئەوانەی منداڵی چووکەیان هەبوو) لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە کەمترین ئەگەری هەبوو لە هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکەن. هۆکارەکەی ئاسانە، ئەوان کاتیان نییە (چونکە خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵیان بۆ دابین نەکراوە)، کەمتر دەجووڵن و خۆیان بە ئەندامی چالاکی کۆمەڵگا نازانن. ئەو بانگەشە زاڵەی کە دەڵێ ژنان پاش ئەوەی منداڵەکانیان دەچن بۆ قوتابخانە، پێویستە شتێک بکەن دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەری ئەوەی ئەو ژنانە مەیلیان بە بەشداربوون هەبێت، داببەزێت.
پەرەپێدانی ستراتێژییەک: ئێمە سێ مانگی تەواو بە کۆکردنەوەی زانیاری لە باری هەر ڕەهەندێکی پرسی منداڵ بەخێوکردن و بیرکردنەوە لە جێگرەوەکانی حەزی زۆر بۆ دەسەڵاتەوە خەریک بووین. پاش قۆناخی سەرەتایی، گەڕان و بیرکردنەوەکانمان خرایە خزمەت کردەوەوە. ئێمە دەستبەجێ ئاستی فێدراڵمان لە کارەکانماندا سڕییەوە چونکە بەبێ هەبوونی دامەزراوەیەک لە ئاستی نەتەوەییدا لە پێناو سەپاندنی ئاڵوگۆڕ، هێرشکردن لە ئاستی فیدراڵدا زۆر دوورمەودا دەهاتەبەرچاو. سەرەڕای ئەمەش، لەو کاتانەی کە بەڕێوەبەرایەتییە لۆکاڵییەکان بەڕاستی دەسەڵاتیان هەیە، ئەوە ڕەنگە ئامانجگەلێکی دروست بن. وا دەردەکەوت کە ئاژانسە دەوڵەتی و لۆکاڵییەکان (و ڕەنگە هێندێک لە شاخە فێدراڵەکان کە بەرپرسیارەتیی خستنەڕووی ڕێوشوێنەکان و چاودێری بەسەر بەرنامە دەوڵەتی و لۆکاڵییەکانیان هەبوو) ئامانجگەلێکی ئاسانتر و سەرکەوتووتر بن. بە هۆی ئەوەی لە ئاستی دەوڵەتیدا کۆماریخوازەکان و لە ئاستی لۆکاڵیدا دێموکراتەکان زاڵن (زۆربەی جار وایە)، بیرمان لە ڕێگەگەلێک بۆ بەکارهێنانیان لە دژی یەکتر کردەوە.
لە گەڕان و هەوڵەکانماندا، هەوڵمان دا سەرچاوە ڕاستەقینەکانی دەسەڵات لە بەرانبەر دەسەڵاتە ڕووکەشەکان و کارکردەکانی پەیوەندییە جەماوەرییەکان دیاری بکەین. خزمەتگوزاریی منداڵ بەخێوکردن وەکوو کێشەیەک لە ئارادایە چونکە بەڕاستی هیچ بودجەیەکی بۆ دیاری نەکراوە. هەر بۆیە، دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کەمتر لەوە هەیە کە بکرێ شەڕی بۆ بکەیت. ئەوەی کە بگوترێ خزمەتگوزاریی منداڵ بەخێوکردن ببێتە ئەولەوییەت (کە پێدانی بودجە پێی دەکاتە پێویستییەک) لەوەی کە خوازیاری گۆڕینی ئاراستەی بودجەى لەئارادابوو، زۆرکردنی یان کونتڕۆڵکردنی بین، زۆر بەرزەفڕانەترە.
تەرکیزی تایبەتی کارە سەرەتاییەکەمان، ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوەی لەخۆ دەگرت:
١ـ ئەوە کێشەی کێیە؟ کێین ئەوانەی ئەگەری هەیە دەنگدەری بیاڤی هەڵبژاردنمان بن؟ ئەوان چۆن پرسەکە دەبینن؟ هەموو ڕەهەندەکان دەبوو ڕەچاو بکرێن و بۆ هەرکامیان کردەوەی و ویستی تایبەت لەبەرچاو گیرا. بۆ نموونە، ئەو ژنانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری منداڵ بەخێوکردن هەیە، ئەوانەن کە:
١.١ ـ بە ڕۆژ یان بە شەو کار دەکەن.
٢.١ ـ لە قوتابخانەکان یان بەرنامە ڕاهێنانییەکانن .
٣.١ ـ ناتوانن پارەی خزمەتگوزاریی هەرزان یان مامنێونجیی بەخێوکردنی منداڵ بدەن.
٤.١ ـ تۆمەتی توندوتیژی دژی منداڵیان لێ دەدرێت یان لە بەرنامەکانی سەرلەنوێ خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگادا بەشدارن (بۆ نموونە، بەرنامەکانی بەرکارهێنانی ماددەی هۆشبەری زۆربەی جار بودجەی زۆریان هەیە)
٥.١ ـ نایانهەوێ سەر بە خزمەتگوزاریی باشگوزەرانی بمێننەوە یان پاڵیان پێوەدەنێن.
٦.١ـ دەیانهەوێ شوێندانەری لەسەر جۆری ئەو خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵە دابنێن کە بۆ منداڵەکانیان لەئارادایە (لەوانە بەکارهێنانی قوتابخانە نیوەوەختەکانی باخچەی ساوایان کە زۆرجار خۆیان بە تەواوی جیا لە بەکارهێنەرانی تەواووەختی خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵ دەبینن).
٧.١ـ بۆ بازاڕکردن یان بەڕێوەبردنی ئەرکێکی دیکەی ماڵەوە پێویستییان بەم خزمەتگوزارییە هەیە.
٨.١ـ بۆ کاروباری خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی یان بەرپرسایەتییە مەدەنییەکان پێویستییان بەم خزمەتگوزارییە هەیە (بۆ نموونە، کەنیسەکان، نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بازاڕکردن دەکرێ بەرانبەر بە دەنگدەرانی دەڤەری هەڵبژاردنیان، پشتیوانیکەرانیان و ئەوانەی یارمەتییان دەکەن کە بەردەوام بن، بە بەرپرسیار بزانرێن).
٩.١ ـ دایک و باوکی جیابووەوەی تەنیان و دەبێ کار بکەن.
١٠.١ـ دەیانهەوێ چەند کاتژمێرێک لە منداڵەکانیان دوور بن.
١١.١ـ تەنیا حەزیان لە کارکردن لەگەڵ منداڵانە.
١٢.١ـ خاوەنی سەنتەری بەخێوکردنی ڕۆژانەی منداڵن و بە هۆی بەرزیی نرخەکان و پێویستییە توندوتۆڵەکانەوە ناتوانن سەنتەرەکانیان بەڕێوە ببەن.
١٣.١. وەکوو کەسانێک کە ماڵیات دەدەن دەیانهەوێ پارەکەیان بە قازانجی ژنان بەکار بهێنرێت.
٢ ـ سەرچاوەکانی کێشەکە چیە؟
ئەمە توێژینەوە لە بەرژەوەندییە جۆراوجۆرە گشتی و تایبەتییەکانی لەخۆ گرت، وەکوو، لە ئاستی دەوڵەتیدا:
ـ بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەکانی منداڵان و بنەماڵەکان.
ـ خزمەتگوزاریی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی بەخێوکردنی منداڵ.
ـ بەڕێوەبەرایەتیی یارمەتیی دەوڵەتی
ـ یاسادانەری دەوڵەتی
لە ئاستی لۆکاڵیدا:
ـ بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆیییەکان.
ـ شۆڕای شار .
ـ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شار بە بەرپرسیارەتیی ئیزندان.
بەشە تایبەتییەکانی وەک:
ـ پیشەسازی
ـ نەخۆشخانەکان
ـ زانکۆکان
ـ فروشگا گەورەکان
ـ کەنیسەکان
ـ سەنتەرەکانی بازاڕکردن
ـ یەکیەتییەکان
ـ پەیمانکارەکانی بەشی بیناسازی (هەورەها ڕێوشوێنەکانی ئاستی فیدراڵ بۆ پەیمانکارەکان، بۆ نموونە کۆدەکانی “HUD”)
٣ـ کێ لە بارەی پرسەکەوە زانیاریی هەیە؟
لێرەدا ئێمە لەگەڵ زۆر بوروکرات، توێژەر، گرووپی لابیگەری، ئاژانسی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لە ئاستی لۆکاڵ، گرووپەکانی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و ئەو گرووپانەی ژنان کە لەگەڵ سەنتەرە ئاوەڵەکانی خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵ کار دەکەن، قسەمان کرد.
وەگەڕخستنی ستراتێژییە سەرەتایییەکە: ئێمە ئامانجە دامەزراوەییەکانمان لەبەرچاو گرت، وەک: لە زانکۆکاندا قوتابییان و کارمەندان، لە کەنیسەکاندا قەشەکان و کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان، لە پیشەسازیدا کارمەندان. هەرکامیان وەکوو پرۆژەیەکی سەرەتایی بەرتەسکیگەلی خۆیان هەبوو. بۆ زانکۆکان، ئەمە زیاتر لە خەباتێکی زیاتر بەلۆکاڵیکراو دەچوو کە تێیدا ئێمە پێویستمان بە ڕێکخستن لە نێو خەوتنگەکان هەر لە سەرەتاوە هەبوو، واتە لەو شوێنەی کە پێگەیەکی سەرەتاییمان نەبوو. بۆ کەنیسەکان، ئەمە هێندێک سەرنجڕاکێش بوو بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەرەوپێش نەدەچوو، لەبەر یاساکانی ئیزندان لە شاردا. بۆ پیشەسازی، ئێمە تەرکیزمان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیگرتن لە نێو کارخانە خاوەن یەکیەتییەکان کرد، چونکە یەکیەتییەکە نوێنەرایەتیی کارمەندەکان دەکات و هیچ هۆکارێکی نەبوو پێش لەوەی ئێمە دامەزراوەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، متمانەمان پێ بکات. ئێمە هەروەها خزمەتگوزاریی بژێوی ژیانیشمان لەبەرچاو گرت، بەڵام لێرەشدا ئێمە بنچینەی سەرەتاییمان بۆ پڕۆژەکەمان نەبوو.
پاش ئەوەی هەر کام لە بیاڤەکانی سەرەوەمان بە پرسیاری بەردەوام لەسەر ئەوەی کە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی پێویستییە ڕاستەقینەکانی ژنان وەدی بێنین و هەستێکی دەسەڵاتیان پێ ببەخشین و پەیوەندییەکانی دەسەڵات بگۆڕین، تاوتوێ کرد، بڕیارمان لەسەر ستراتێژییە سەرەتاییەکەمان دا. بەپێی بارودۆخی بودجەکەمان، تەرکیزمان کردە سەر بواری ئیزنی کاردان کە بەقەدەر ئەوانی تر پرسێکی گرینگە و هاوکات ئەگەری جێبەجێکردنی زیاتر بوو. یاساکانی پێدانی ئیزنی کار پێشی بە کردنەوەی سەنتەری نوێ دەگرت.
ژنان لەبەر پێویستییان بە خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵ، تێیدا بەشدار بوون. کارمەندانی بەشی بەخێوکردنی ڕۆژانەی منداڵ پێمان پەیوەست بوون چونکە ئێمە دەمانتوانی خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەین، پەیوەندییان بۆ ڕێک بخەین و کێشەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شارەکە لە پێناو هێنانەئارای ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە بخەینە بەرباس. ئەمە بەو مانایە بوو کە کاتێک بەقەدەر پێویست کارمەند بەشدار دەبوو، ئەوان مەترسیی تۆڵەکردنەوە لە لایەن شارەوەیان (هەر سەنتەرێک دەکرێ بە هۆی بەکارهێنانی یاسا سەپێنەرانەکانی پێدانی ئیزنی کار بە دژیان دابخرێت) لەسەر بوو و ئیدی جیاکردنەوەی تاکەکان دژوار دەبوو. ئەوانەی خەسارهەڵگر بوون دایکوباوکیان لەپشتیان بوون (بە هۆی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، وەڕێخستنی دیدار بۆ چاپەمەنییەکان لەو سەنتەرە جوانانەی کە خەریک بوون لەبەر نەبوونی گوشاری سیاسی دابخرێن).
رەهەندێکی گرینگیی دیکەی ئەم پرسە، نیگەرانیی ژنان وەکوو ماڵیاتدەرە کە پێیان وایە ماڵیاتەکانیان خەریکە بە دژی بەرژەوەندییەکانیان بەکار دەهێنرێن. ئەمەش بوو بە هۆی بەرینبوونەوەی بازنەی ئەو کەسانەی پێمان پەیوەست بوون، ژنانێک کە دایک نەبوون بەڵام پرسی ژنانیان بۆ گرینگ بوو و وەکوو ماڵیاتدەر هەستیان دەکرد مافی دەنگهەڵبڕینیان هەیە.
ئەگەرچی لە سەرەتادا پێمانوابوو کە دەنگدەرانی دەڤەری هەڵبژاردنەکەمان هەمووی سپێپێست دەبن (ئەمە بنەمای کارمان لە سەرەتادا بوو)، دواتر دامەزراوەیەکی ڕەشپێست و سپیپێستمان لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە خودی پەرەپێدا. لە دەڤەرێکی ڕەشپێستەکاندا، ژنان خوازیاری دامەزرانی سەنتەرەکانی خزمەتگوزاریی منداڵ بەخێوکردن بوون چونکە هەر هیچی لێ نەبوو. لە ناوچەیەکی سپیپێستی تەنیشتی، ئەو ژمارە کەمەی سەنتەری خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵ کە هەبوو، دانەخرێن. کاتێک ئەمانە یەکیان گرت، پرسگەلێکی هاوبەشی دیکە هاتنەبەرباس.
زانیمان کە چەند سەرکەوتنێکی سەرەتایی بۆ متمانەبەخۆبەخشین زۆر گرنگن. ئەو ناوبانگەی کە ئێوە دەتوانن براوە بن دەبێتە هۆی پەیوەستبوونی کەسانی دیکە پێتانەوە. لە ساڵێکدا، کۆمیتەی کردەوەی منداڵ بەخێوکردنی شایان، ئەم کارانەی خوارەوەی کرد:
١ـ شارەکەی ناچار بە پێداچوونەوە بە پرۆسەکانی پێدانی ئیزنی کار بکات.
٢ ـ بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆییەکانی ناچار بە کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەکانی لە پشتی درگای داخراوەوە لەسەر پرسی بەخێوکردنی منداڵ کرد.
٣ ـ پشتیوانیی ماڵیی یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆییەکانی لە ئاگۆستی ١٩٧١ لەسەر کێشەکانی پێدانی ئیزنی کار بە خزمەتگوزاریی ڕۆژانەی بەخێوکردنی منداڵ کرد.
٤ـ شارەکەی ناچار بە پێکهێنانی کۆمیتەیەک (نیوەی ئەندامانی کۆمیتەکە سەر بە ” ACDC” بوون) لە پێناو پێداچوونەوە بە پێدانی ئیزنی کار کرد، کۆمیتەکە لە لایەن “مولێر سایلێر”، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی بەخێوکردنی منداڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەداریدا بەڕێوەبەری دەکرا.
٥ـ شیکارییەکی کۆدە هەنووکەییەکانی لەگەڵ پێشنیار بۆ گۆڕینی نووسی کە وەکوو بنەمایەک بۆ کۆدە نوێیەکانی پێدانی ئیزنی کار بەکار هێنرا.
٦ـ پشتیوانیی ماڵیی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە دەڤەرەکە لە پارکی “هاید”، بەشی باشووری ڕۆژئاوا و بەشی باکوور کرد کە تێیاندا نوێنەرانی ئەیالەتی، سێناتۆرەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شار بانگهێشت کرابوون تا هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرسەکە دەرببڕن و پشتیوانی لە پێشنیارە تایبەتەکان بکەن.
٧ـ یەکەم هەنگاوەکانی بەرەو کونتڕۆڵی ئەنجومەنی شار بەسەر خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵەوە نا.
٨ـ بوو بە هۆی ئەوەی ئەو گرووپانەی پەیوەندیدار بە خزمەتگوزاریی بەخێوکردنی منداڵ کە لەئارادابوون، لە گوشارهێنانیان بۆ هێنانەئارای گۆڕانکاریی زیاتر چالاک بن.
خەباتی دواترمان لە پێناو بردنەوەی گۆڕانکارییەکی دامەزراوە بە دامەزراوەیە لە کاتێکدا خەباتەکانی تر بۆ بڕیاردەربوونی ژنان لەسەر پێدانی ئیزنی کار و بودجە لە لایەن شارەوەیە (کە ئێمە سەرکەوتنی ڕێژەییمان تێیاندا بەدەست هێناوە).
دامەزراوە: کاری سەرەتاییمان تەرکیزی لەسەر ئەوە بوو کە چۆن دامەزراوەیەک ڕۆ بنرێت کە بتوانێ ستراتێژییەکەمان وەگەڕ بخات. باشترین جێگرەوە وێدەچوو ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییە لۆکاڵییانە بن کە هەم لەسەر پرسە لۆکاڵییەکانی خۆیان و هەم لەسەر ئەم نیگەرانییانەی کە پێوستییان بە کردەوەگەلێک لە ئاستی شاردا بوو کار دەکەن. وەها گرووپگەلێک بەتایبەتی ئەو کاتە گرینگن کە کاتێک لەگەڵ گرووپێک لە ژنان کار دەکەین کە زۆر چالاک نین و هاوکات گرینگن بۆ بردنەسەرەوەی ستانداردی دێموکراسیی دامەزراوەکە و دابینکردنی هەلی پەرەپێدانی تواناییەکان لە نێوان ژنانی بەشداردا. ئێمە هەروەها پەرەپێدانی پێکهاتەی جۆراوجۆر بۆ زۆر ڕۆڵی جیاواز کە ژنان دەیانویست و دەیانتوانی یاری بکەن، وەکوو بەشە لۆکاڵییەکان، فۆرۆمەکان، شۆڕاکانی خزمەتگوزاریی ڕۆژانەی بەخێوکردنی منداڵ و هەروەها کۆمیتەیەکی پێشڕەو بۆ هاریکاری و بڕیاردان لە دامەزراوەکەدا بە پێویست زانی.
ئەزموون ئێمەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە گرینگە بە شێوەی بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکرێت کە چۆن چالاکییەکانی دامەزراوەکە بنچینە و دەسەڵاتی خۆی دادەمەزرێنێت. هەموو کردەوەکان دەبێ ڕوویان لە ڕۆنانی دامەزراوەکە و گرینگیی پرسەکە بێت. کاتێک بڕیارێک لەسەر کردەوەیەک دەدرێت لەبەر گرینگییەکەی لە باری ئەبستراکییەوە، ئەوا پێویستە ڕێگەگەلێک بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکە، لە باری سەرچاوەکان، لە باری ماڵییەوە، دەڤەری نوێی هەڵبژاردنەوە، لە باری پرێستیژەوە و هەروەها لە باری بڵاوکردنەوەوە (کە دواتر بە خەباتەکەمان زیاد دەبن) بدۆزرێنەوە.
هەروەها بەو قەناعەتەش گەیشتین کە هەبوونی ڕێکخەرانی تەواووەخت بۆ چالاکیی درێژماوە و بەردەوام زۆر گرینگە. بودجەی سەرەتاییش بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کاروباری ڕۆژانەی دامەزراوەکە پێویستە. دامەزراوەیەک، کاتێک پێی گرتبێت، دەتوانێ بودجەی خۆی لە لایەن خەڵکەوە دابین بکات بەڵام قۆناخی سەرەتایی دژواترین قۆناخە. کۆمیتەی کردەوە بە هۆی نەبوونی بودجەوە ناچار بە ڕاگرتنی کاروباری بووە.

٣ـ وشیاری

بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری، پرۆسەیەکە کە بە هۆیەوە ژنان لە سروشتی ڕاستییەکان تێدەگەن، بە شێوەیەک کە ڕەنگە بیانگۆڕن. خودئاگاییی کەسێک، پەیوەندیی بە بارودۆخی ئۆبژەکتیڤیەوە هەیە. لەم بەشەدا پێداگری لەسەر کارلێکردنێکی ورد لە نێوان خودئاگایی و بارودۆخدا دەکەین.
خودئاگایی یان وشیاری، وشەیەکە کە بە شێوەیەکی ناڕوون بەکار هاتووە و مانای زۆر شتی داوە: پەرەپێدانی وێنەیەکی ئەرێنی لە خود، گۆڕین و گەشەی تاکەکەسی، پەیوەندیگەلی نوێی هەستەکی و جینسی لەگەڵ ژنانی دیکە یان هەر کام لەمانە لەگەڵ بیرۆکەیەکی گشتیی کولتووری ژنانەوە. هەروەها مانای تێگەیشتنێک لە چۆنییەتیی کارکردی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا و ئەزموونکردنی گۆڕینی ئەو کۆمەڵگایە، هەیە.
تێگەیشتن لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری، تا ڕادەیەکی زۆر بەرچاو کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەی ژنان داناوە. تەواوی ئیدەی پشتیوانی و خوشکایەتی وەکوو بەرەنجامێکی هاتنەدیی ڕۆڵ و هەڵسوکەوتی پێشنیارکراوی ژنان بەرانبەر یەکتر هاتووەتە بەرباسەوە. ژنان هەم ئەو هەستەیان بۆ دروست بووە کە بە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی وشیارییەوە کەمتر پەڕاوێزن و هەم فێر بوون کە پەڕاوێزبوونی ژنان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. ئێمە لەو کێشانەی کە باوەڕکردن پێیان ئەستەمە و ژنان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا لەگەڵیان دەستەویەخەن، زیاتر تێگەیشتووین و ڕێزی زیاترمان بۆ ئەو چارەسەرییانە هەیە کە لە پێناو مانەوەدا سەپاندوومانن. هەر بەم هۆیانەوە، وشیاری هەم سەرچاوەیەکی هێز بۆ ژنان بووە و هەم سەرچاوەیەکی شیکاریی تاکەکەسی بووە. بۆ نموونە، لە هێندێک ڕەهەندی ئەوەی کە دەسەڵات چۆن بەکار دەهێنرێت تێگەیشتووین، چونکە دەتوانین ببینین کارکری لە پەیوەندییە تاکەکەسییەکاندا چۆنە.
وشیاری و بارودۆخە ئۆبژەکتیڤەکان
خودئاگایی، وشیاریی کەسێکە بەنیسبەت نیگەرانییەکانی لەمەڕ بارودۆخی خۆیەوە و ئەوەی کە چۆن جیهان بەڕێوەدەچێت. ئەوەی بەنیسبەت خودئاگاییی ڕزگاریی ژنانەوە جێی خوشحاڵیمانە ئەوەیە کە ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەوە بۆ ژنان بەکەڵکترین پێناسەی ڕاستیی هەنووکەیە. ئەمە ماکەیەکی زۆر سەرەکییە بۆ تێگەیشتنێکی فێمێنیستی سۆسیالیستی لە وشیاری. لەو باوەڕەداین کە ئێمە ڕاستییەکی بنەمایی دەبینین و ئەوە ئەمە وێنەیەکی ڕاستەقینەیە لەوەی کە شتەکان چۆنن و چۆن وایان لێ هاتووە کە دەبێ لە سەرەتادا بیخەینەڕوو. ئێمە خەریکی پێشنیارکردنی یەکێک لەو زۆر ڕێگەگەلە نین کە شتەکان لە ئێستادا وان، ئێمە پێناسەیەک لە پەیوەندییە دیاریکراوەکان دەخەینەڕوو. وەها تێگەیشتنێک شوێندانەرترمان دەکات. ئەمە بۆ ژنان گرینگە چونکە بەو شێوەیە دەتوانن کردەوەیان هەبێت و ئەوەی لێی تێدەگەن، بگۆڕن. وشیاریی فێمێنیستی سۆسیالیستی، وەها بەهایەکی هەیە چونکە بەکەڵکە و ڕاستییە.
دیارە لێک کارکردنێکی زۆر لە نێوان بارودۆخە ئۆبژەکتیڤەکان (جێگە و ڕێگە ماددی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانمان) و وشیاریدا هەیە. تاکێک بە هۆی گۆڕانکارییە مادییەکانەوە وەک منداڵان، هاوسەر و خانووبەرەوە، زۆر جار زیاتر بەپارێزتر دەبێت چونکە وەها کەسێک پێویستە بتوانێ شتی پێویست بۆ کەسانی دیکە دابین بکات (بە هۆی گوشاری یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە). یان، خوشکێک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت (جا لە کارەکەی، لە قوتابخانە یان بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا) یان ئەو مافانەی کە چاوەڕێیانی کردبوو، لێی بێبەش دەکرێت و بەم جۆرە لە ناکاو بزووتنەوەی ژنان ئیدی لەوە دەردەچێت کە تەنیا هی “ئەوان” بێت. لە زۆر ڕێگەی ڕۆژانەوە، بارودۆخە دەرهەستەکان کاریگەری لەسەر زەینەکان دادەنێن.
گۆڕانکاری دەشکرێت بە هۆی وەرگرتنی زانیارییەوە کە شوێن لەسەر بەها زۆرپربایەخەکانمان (بەهاگەلێک کە ڕەنگە بە شێوەی ئاسایی بۆ ڕاگرتنمان لەو شوێنەی کە هەن کارکردیان هەبێت) دادەنێن و دەمانوروژێنن، بێتەدی. ڕەنگە گۆڕانکاری لە ئاکامی مردنی ژنان بە هۆی لەباربردنی نایاساییی منداڵەوە یان بە هۆی پەرچەکردار بە کۆمەڵکوژیی “مای لای”ەوە بیێتە ئاراوە. زانیاری لە ڕێگەی دانانی ژیانیان لە نێو بەستێنێکی نوێوە، وشیاریمان دەگۆڕن (بە جۆرێک پێش لە بارودۆخمان کاریگەریی هەیە). ئێمە زۆربەی جار لەو بڕوایەداین کە ئەم گۆڕانە لە ڕێگەگەلێکی گرێدراو بە ڕابردووەوە ڕوو دەدات تا ئەوەی بە هۆی دابڕانێکی تەواو و لە ناکاو لەو ڕابردووەوە ڕوو بدات.
زۆربەی جار، گۆڕانێک لە بارودۆخی تایبەتی و وشیاریدا وێکڕا ڕوو دەدەن و بەشێکن لە پرۆسەیەک کە چەندین مانگ دەخایەنێت ئەگەر نەڵێین بە درێژاییی ژیان ڕوو دەدات. ژیانی مادیمان دەگۆڕێت و بیرکردنەوەمان لە بارەیەوە دەگۆڕێت و خۆشمان دەگۆڕێین. (بەو جۆرەی کە بیرۆکە بەناوبانگەکەی “فرۆید” هەموو ڕووداوەکان دەبەستێتەوە بە سەردەمی منداڵیمانەوە چونکە ڕوونە ئێمە هەمان ئەو کەسانەین یان هەمان ئەو “خود”ەی ڕابردووین). ڕەنگە بارودۆخێک یان زنجیرە بارودۆخێک کاتالیزۆرێک بێت بۆ وەرگرتنێکی نوێی ڕاستییەکان، بەڵام ئەمە زۆربەی جار کۆکراوەی ڕووداوەکانی ترە.
لەو باوەڕەداین کە گرینگە لە بزووتنەوەکەماندا پێداگری لەسەر ڕوونبوونی پرسی وشیاری بکەینەوە. هەموومان خودئاگاییمان هەیە. هەموومان لە “ئاست” یان “ئاستەکان”ی وشیاریی خۆماندا پێکدژیگەلێکمان هەیە. هێندێک فاکتۆری ژیانمان ڕەنگە بەو مانایە بێت کە ئێمە پێداگری لەسەر شتگەلێکی تایبەتی دەکەین کە بە ڕاستیان دەزانین و چاوپۆشی، یان حاشا لەوانی تر دەکەین یان تەنیا ئامادە دەبین لەگەڵ ئەو شتانەی تر کە بە ڕاستیان نازانین بژین. بزووتنەوەکەمان پێویستە جێگرەوەگەلێک کە ئەگەری جێبەجێکردنیان هەیە بۆ ژنان بخاتە ڕوو. ئەم جێگرەوە نوێیانە، دەتوانێ یارمەتیدەریان بێت ئەو پێکدژییانەی لەگەڵی دەژین نەهێڵن (ئەمە بۆ خۆشمان وەڕاست دەگەڕێت).
لێرەدا گرینگە کە ئەوەی دەیخەینەڕوو، ڕوانگەیەک لە ڕاستی بێت. بۆ نموونە، ژنان زۆرجار ناتوانن بزانن دوژمنیان کێیە چونکە ئەو دوژمنە بە ئاسانی ناکەوێتە بەرچاو. هەر بۆیە، زۆرجار خەڵک تووڕەییی خۆیان بەسەر کارراپەڕێنەرێکی تا ڕادەیەک بێدەسەڵات (بۆ نموونە، پێشخزمەتێک لە ڕێستورانتێکدا) کە خواستی کەسانی تر جێبەجێ دەکات بەتاڵ دەکەنەوە، یان بەسەر کەسێکیدا بەتاڵ دەکەن کە ناتوانێ بە باشی کارەکانی لەو بارودۆخەی تێی کەوتووە، جێبەجێ بکات و هاوکات دەسەڵاتی گۆڕانکاریکردنی (بەتەنیای) نییە (بۆ نموونە مامۆستای قوتابخانە یان دایک). ئەوەی بیرۆکەمان سەرنجڕاکێش دەکات ئەوەیە کە ئێمە بنچ و بناوانی شتەکان دەبینین. ئەمەیە مانای وشەی “ڕادیکاڵ”.

وشیاریمان چیی پێیە بۆ خستەڕوو

کەواتە تێگەیشتنمان لە وشیاری چیی هەیە بۆ خستەڕوو؟ ئەو ئیزنە بە ژنان دەدات کە لە بارودۆخ یان زنجیرە بارودۆخە تایبەتییەکاندا پێکهاتەی ئۆلگووەکان ببینن. ئەمە دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنی وێنەیەک لە ڕاستی کە ئیزن بدات باشتر کارەکانیان جێبەجێ بکەن چونکە تیکەکان لەگەڵ یەکتر دەگونجێن. بەڵام ئێمە دەتوانین پتر لە ئۆلگووی پێکهاتەیەک بخەینە ڕوو: ئێمە دەتوانین هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکان بخەینەڕوو. تەنیا کاتێک ئەم هۆکارانە دەناسین دەزانین چۆن ئەم ڕووداوانە بگۆڕین (نەک ئەوەی دووپاتیان بکەینەوە یان بە هۆیانەوە دەستەوەستان بین). ئەمە ڕێگەیەکی سیستەماتیک بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانمان لە ئایدیۆلۆژییەوە بۆ ستراتێژی، بەرنامەڕێژی و تاکتیک، چونکە ئەوەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان گرینگە دەناسین.
ئێمە دەبێ لە پرسی بەرزکردنەوەی وشیاری لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخە ئۆبژەکتیڤەکاندا تێبگەین. ژنان ناتوانن لە ڕێگەی هەوڵی ماندوونەناسانەوە “وشیاریی بەرزتر”یان هەبێت. ژنان بەربەستی ڕاستەقینەیان لەپێشە. تەنیا خستنەڕووی جێگرەوەکان زۆرجار نایانکاتە جێگرەوەی بەجێ یان ڕاستەقینە بۆ ژنان. ئێمە پێویستە هەمیشە شتەکان بە ژیانی ژنانەوە بە شێوەیەکی دەرهەست ببەستینەوە.
سەرنجڕاکێشترین شتێک کە گرووپێکی بەرزکردنەوەی وشیاری ئەنجامی دەدا ئەوەیە کە یارمەتیمان دەکات ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانە ببینین کە جاران پێمان وا بوو تاکەکەسین. ئێمە پێویستە بەردەوام چاومان لەسەر ئەو ڕاستییە بێت کە چۆن ئێمە لەگەڵ زۆربەی ژنان جیاوازییەکی ئەوتۆمان نییە. ئێمەش بەرانبەر زۆر بارودۆخی بە شێوەی هاوشێوە ئۆبژەکتیڤ، پەرچەکردار دەنوێنین (هەر لە حەبی پێشگرتن بە دووگیانی بگرە تا کەمبوونی پیشەی ئابووری، زۆربوونی کوڕەلاوەکان لە زانکۆکاندا و هتد). ئەمە یارمەتیدەرمانە بە دروستی دادوەری لەسەر پرسەکان بکەین. بۆ نموونە، ئەوە ڕزگاریی ژنان نییە کە خەریکە کێشە بۆ بنەماڵەی ناوکی (و: تەنیا پێکهاتوو لە دایک و باوک و منداڵەکان) ساز دەکا. بە جۆرێک، ئێمە بەرهەمی زۆرێک لە کێشەکانی بەرهەمهاتووی ئەو دۆخەین. بە جۆرێک، ئێمە کاریگەریمان لەسەر داهاتووی ئەو کێشە و جێگرەوە پێشکەشکراوەکان هەیە. هەر بۆیە، لێک کارکردنی بەردەوام لە نێوان هێزە ئۆبژەکتیڤ و سۆبژەکتیڤەکاندا لە ئارادایە. وشیاری بەنیسبەت ڕزگاریی ژنان کە پەسنی جەماوەری لەگەڵە، خۆی لە خۆیدا ئەو شتە نییە (وەک هەموومان دەزانین) کە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەرهەم بێت.
دەرەنجامەکانی وشیاریی فێمێنیستی سۆسیالیستی
ئێمە نووسینەکەمان بە ڕێنوێنییەکی سێ خاڵی بۆ ستراتێژی دەست پێ کرد: ١) بردنەوەی ڕیفۆرمی دەرهەست و ڕاستەقینە کە پێویستییەکانی ژنان دابین بکات، ٢) دانی هەستی دەسەڵاتی خود بە ژنان، ٣) گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات. تێگەیشتن لە وشیاری، ڕێگەمان پێ دەدا لە پێویستییە ڕاستەقینەکانی ژنان و ئەو ڕێگەگەلە تێبگەین کە بێدەسەڵاتیمان، کاریگەریمان لەسەر دادەنێت و ویستیی گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتمان تێدا دروست دەکات.
ئەمە قسە و کردەوە پێکەوە بە بەردەوامی گرێ دەدات و شوێنێک پێناسە دەکات کە بە هۆیەوە پێداگری لەسەر هەر دوولایەنە بکرێت. یارمەتیمان دەکات ئەولەوییەتەکانمان لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخێکی دەرهەست دیاری بکەین. (بەم جۆرە ئێمە لە پرسگەلێکی بە تەواوی ئەبستراک تێدەپەڕین و هەر پرسێک لە بارودۆخی تایبەتی خۆیدا دەبینین، وەکوو پرسێک کە ئەگەری هەیە سەرنجمان ڕابکێشێت یان نەکێشێت، ئەویش بەستراوەتەوە بەوەی کە چۆن پەیوەندی بە ژیانی ئەو ژنانەوە کە دەتوانین ڕوویان تێبکەین و مەسەلە پەیوەندیدارە ستراتێژییەکانی دیکەوە هەیە).
ئەوە هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە لەگەڵ هەر بژاردەیەک کە ژنان بۆ ژیانی خۆیان هەڵیدەبژێرن، تا ڕادەیەک باشتر هەڵبکەین چونکە دەبینین کە بڕیارە خودئاگاکان چۆن بە توندی بەستراونەتەوە بە بارودۆخە هەنووکەییەکانەوە. ئێمە بڕوای تەواومان بە تاڕادەیەک کامڵبوونی خەڵک هەیە (بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکان لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانە یەک لەدوای یەکەکانی خودئاگایی). هاوکات ئێمە لە بارەی ڕادەی کامڵبوونی تاکەکەسی بەپارێزین. ئێمە دەزانین لەم کۆمەڵگایەدا هیچ کەسێک ڕزگاری نابێت بەدەر لەوەی ئاستی وشیارییەکەی چەند بێت. ئێمە بە هۆی کۆمەڵێک بەربەستیی تایبەتی و هەنووکەیی کە کاریگەری لەسەر هەموو ژیانمان دادەنێن، بەستراوینەتەوە.
هەر بۆیە، خودئاگایی یان وشیاری، ئەبستراکت نییە (ئەگەرچی ڕەنگە بە جۆرێک ناڕوون بێت). وشیاری لە زەینی تاکەکەسێکەوە سەرچاوە ناگرێت (ئەگەرچی تەرکیزی ڕۆشنبیرانە پەرەی پێ دەدا). وشیاری وەکوو پێویست لە هەموو کردەوە تاکەکەسییەکانی تاکەکەسێکدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵام لە کردەوە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. وشیارییەکی فێمێنیستی سۆسیالیستی بە دڵنیایییەوە پرۆسەیەکی سروشتی یان خودبەخودی نییە بە جۆرێک کە پێمان وا بێت هەر کات ژنان لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە، هەمیشە ڕوو بدات. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕووداوەکان بە خێرایی بۆ ڕوونکردنەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەچینە پێش (وەکوو ڕاگەیاندنی شەڕ، دەستبەسەرکردنەکان، ئەستەم بوونی ئابووری، ئاستی لەحاڵی بەرزبوونەوەی جیابوونەوەی ژن و مێرد و هتد زۆرجار ڕووداوەکان دەبەنە پێش)، وشیاریمان ڕوونتر دەبێتەوە. وشیاری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات زۆر گرینگە، نە تەنیا لە ژیانی تاکەکەسیماندا بەڵکوو وەکوو هێزێکی کۆمەڵایەتی کە خەریکە خۆی دەدۆزێتەوە و لە پێناو خۆیدا کار دەکات.
زۆر شت بوونەتە هۆی ئەوەی بڕوامان بە ڕزگاریی ژنان بێت. بە هۆی لێدوانمان لەگەڵ ژنانی دیکە، بە هۆی تێگەیشتن لە سروشتی گەورەکردنمان و ژیانمان وەکوو ژنان، چۆنییەتیی سەرکوتی خۆمانمان ناسیوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەو گۆڕانکارییانەی کە پێمان وایە بۆ ئێمە بەردەوامتر دەبن ئەوانەن کە بە هۆی بەشداریکردن لە چەندین چالاکیی جۆراوجۆردا هاتبنە ئاراوە، گۆڕانکاریگەلێک کە بە هۆی بەشداریمان ئێمە بەرەو تێگەیشتن و گۆڕانی زیاتر دەبەن. لە پرۆسەی خەباتمان لە پێناو گۆڕینی سەرکوتکردنمان، دەست دەکەین بە تێگەیشتنی هەم شکڵە تایبەتییەکانی سەرکوت و هەم ئەوەی چۆن پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر هەیە.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئایدیۆلۆژییەک کە تەنیا بە هۆی بەرپەرچدانەوە و وتووێژەوە ڕێنمایی کرابێت، لە ڕاستیی ڕووداوەکان دادەبڕێت و لە لایەن زۆربەی ژنانیشەوە پەسندکراو نابێت. پتر لەمەش، ئەگەر بمانەوێ بزووتنەوەکەمان بەردەوام بێت لە پەرەگرتن و ڕۆیشتن بەرەو گۆڕینی سەرکوتکردنمان وەکوو ژنان، ئەوا پێویستە لە زۆر چالاکیی جۆراوجۆرماندا کە بنەمای دەسەڵاتمان ڕۆ دەنێن، یەکگرتوو بین. ئەمەش بە نۆرەی خۆی پەرە بە ئایدیۆلۆژییەکەمان و تێگەیشتنمان لە سەرکوتی ژنان دەدات.
گرووپە ڕەپەکان
ئەو شێوازی بەرزکردنەوەی وشیارییەی کە بە زۆری لە بزووتنەوەی ژنان بەکار هاتووە، گرووپە ڕەپەکان بوون. ڕاستیی بەشداریی گرووپی، لە گۆڕینی هەستی پەڕاوێزخراوی و تاکەکەسبوونی ژناندا زۆر گرینگ بووە. ئەوەش تێگەیشتن لە بەکۆمەڵبوونی بەرژەوەندی لە نێوان هەموو ژنان و لەوەی کە چی بۆ گۆڕانکاری پێویستەی، ئاسانتر کردووە. گرووپە ڕەپەکە ئەو بەستێنەیە کە تێیدا هەر کەسێک دەتوانێ شوێندانەریی خۆی تێدا هەبێت. ژنان دەتوانن بە هۆی تێگەیشتن لە ئەزموونی یەکتر و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەستانەی کە ئەزموون خولقاندوونی، پەرە بە تواناییەکانیان بدەن. بەڵام لەبەر ئەوەی وشیاری و بارودۆخەکان لێک گرێدراون، گرووپە ڕەپەکان بۆ خۆیان ڕەنگە بگەنە بۆنبەستێک.
ئەوان دەکرێ ببنە هۆی تەرکیزکردن لەسەر باشترکردنی بیرۆکەکان یان خودی تاکەکەسێک بەبێ ئەوەی بیر لە کردەوە بکرێتەوە. نابێ خالیسبوونی پاڵاوتن و سەرلەنوێ پێناسەکردنی بێکۆتایی لەگەڵ سەرکەوتن بەهەڵە بگیردرێت. شیکارییەکی باش هاوتای کردەوە نییە. وشیاری نابێت لە خۆیدا ببێتە ئامانجەکە و پێش لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بگرێت. ئێمە داکۆکی لە گۆڕینی ناگرینگیی زەین یان کەمتەرخەمیی بەختەوەرانە بەرانبەر هەموو کێشەکان جگە لە کێشە زۆربەرتەسکەکان بۆ هەمووان ناکەین. ئێمە پێمانوایە کە ئایدیۆلۆژی دەبێ لە نێو ژیانی لەحاڵی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەکەدا بگونجێندرێت و ئەوە کە ئەمەش کاتێک بە باشترین شێوە ئەنجام دەدرێت کە بە هۆی گۆڕانکارییە دەرهەستەکانییەوە ئاکامی کردەوەکانەوە تاقی بکرێتەوە.
بەستێنی گرووپی ڕەپ ڕەنگە بەربەستێکی دیکە بخاتە بەردەم پەرەپێدانی تەواوی بزووتنەوەکە. زانین بە نموونەی زیاتر و زیاتری کاریگەرییەکانی سەرکوتکردنی ژیانی تاکەکەسی دەتوانێ ئەرکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی نەلواو بنوێنێت. دژوار نییە بگەینە شوێنێک کە لەودا هەر هەوڵێک بۆ ڕزگاری، مانای خۆی لەدەست بدات چونکە ناکرێ بە یەک جار هەڵسوکەوتە بەکۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکان بگۆڕدرێن. کردەوەی ڕاستەوخۆ، گرووپە ڕەپەکان کامڵ دەکات. ئەم کردەوانە دەبنە هۆی دابین بوونی دەرەتان بۆ پەرەپێدان و بەکارهێنانی تواناییی نوێ و هاوکات هێنانەئارای گۆڕانکاری. لەم بەستێنەدا، هەم گرووپە ڕەپەکان و هەم پەرەپێدانی شیکاریی فێمێنیستی سۆسیالیستی، دەتوانن بەبێ مەترسیی خالیسبوون یان هیوابڕاوییەوە بچنە پێش.
پەرەپێدانی تەواوی تواناییەکانی ژنان دەکرێ بە هۆی خودی ئەو شتانەی لە بەرزکردنەوەی هوشیاریدان تووشی بەربەست ببێت، شتێک کە لە سەرەتادا وا دیارە دەبێتە هۆی هاندانی گەشەکردن. ژنان لەسەر بنەمای لاوازیی هاوبەش و کێشە هاوبەشەکانیان یەک دەگرن. کاتێک ژنان بەهێزتر دەبن، ڕەنگە بۆ خۆیان لەو دۆخە نوێیە بترسن، هێندێک جار بەهێزیی یەکێک ڕەنگە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەوانی تر لێی. هەر بۆیە ڕەنگە کاتێک بەهێزبوون بێتەدی، خوشکایەتی نەمێنێت.

٤ـ کێشەکان

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەوەی کە مەبەستمان لە فێمێنیستی سۆسیالیستی چیە، لەم بەشەدا باسی چەند کێشە کە بزووتنەوەی ژنان لە ئێستادا ڕووبەڕوویانە، دەکەین. بۆ هەر کام لەم کێشانە، جۆرە وێنەیەک لەوەی کە ئێمە مەبەستمان لە بەستێنێکی فێمێنیستی سۆسیالیستی چیە، دەخەینە ڕوو. پرسەکان بریتین لە جیابوونەوەی دامەزراوە سەربەخۆکانی ژنان، ڕێکخستنی چینایەتی، دژەکولتوور، لێسبیەنیزم و پێشڕەوان.
دامەزراوە سەربەخۆکانی ژنان
لەگەڵ پەڕاوێزبوون و بارودۆخی ڕێکنەخراوی بزووتنەوەی ژنان لە ژمارەیەک ناوچەی وڵاتدا، زۆرێک لەو ژنانەی کە ڕەنگ بوو لەگەڵ ئەو بیرۆکانەی لێرە خرانەڕوو، هاوڕا بن، لە ئێستادا وەکوو بەشێک لە بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنان تێکۆشانیان نییە. زۆرێک لە ژنان خۆیان خزاندووەتەوە نێو دامەزراوە ئاوێتەکان یان بزووتنەوەی ژنانیان بەجێ هێشتووە چونکە هەستیان کردووە تواناییەکانیان ڕەت دەکرێتەوە.
زۆرێک لە ژنان لە دامەزراوە ئاوێتەکاندا کاتێک پێیان دەزانرێ کە ئەوان کار بۆ ڕزگاریی ژنان دەکەن، یان ئەوە هەستی گوناهبارییان بۆ دروست دەبێت یان ئەوەتا هەستی دوژمنکارانەیان بەرانبەر بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنان دەبێت (چونکە هەست دەکەن بزووتنەوەکە لەبەر هەڵبژاردنەکەیان شەرمەزاریان دەکات). لەو بڕواداین کە زۆرێک لە ژنانی دامەزراوە ئاوێتەکان لەم بارەوە هاوڕامانن. هیوادارین کە پێداگریمان لەسەر بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنان، یارمەتیی پەرەپێدانی ڕێگەگەلێکیش بۆ کارکردن لەگەڵ ژنان و پیاوان لە دامەزراوە ئاوێتەکاندا بکات.
ئێمە ئارگۆمێنت بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکان و هەبوونی شانازیی دامەزراوەیی دەکەین. ئەمە خاڵێکە کە زۆر کەس وا دەنوێنن کە بەسەریدا زاڵ بووین. ئێمە داکۆکی لەو ڕێبەر و ڕێکخەرە پەرەپێدەرانە دەکەین کە بەرپرسیاری وەها دامەزراوەگەلێکن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە داکۆکی لە بزووتنەوەکەمان دەکەین. چەند ساڵ لەمەوبەر، داکۆکی لە ڕێکخەران جێگای پەسند نەبوو. ئێستا ڕێبەرەکان لە “دەرەوە”ی بازنەکەدان. ئێمە داکۆکی لە ڕێبەرییەک دەکەین کە بۆ هەموو بەرپرسیار و بەکەڵکن (دیسان دووپاتی دەکەینەوە کە هێندێک کەس بە تەواوی ددان بەمەدا دانانێن). زۆر خاڵی دیکەش هەن، بەڵام ئەمانەی باس دەکران دەتوانن ئەوەندەی پێویست، خاڵی جێگای موناقشە و باسکردن دابین بکەن.
چارەنووسی هەموو ژنان بەستراوەتەوە بە چارەنووسی بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنان. پێشکەوتنەکانی بزووتنەوەکە بە شێوەیەکی دەرهەست کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو ژنانی دیکە دادەنێن. هەر بەو چەشنە، پێشکەوتن و شکستە تاکەکەسییەکانی ژنان، کاتێک پێکەوە لەبەرچاو بگیرێن، یارمەتیی شکڵ بەخشین بە بزووتنەوەکە دەکەن.
ژنان
بۆ پێویستیی کارکردنی ژنان لەگەڵ ژنان زۆرجار هۆکاری دیکەش هێنراوەتەوە کە هەنووکەش ڕاستن. لایەنگری لە هەر گرووپێک کە بەرژەوەندیی هاوبەشمان لەگەڵی هەیە، کاتێک ئەم بەرژەوەندییانە بناسێندرێت، دەبێتە هۆی هاوبەشیی زیاتر و بەمەش ڕوانگەیەکی هاوبەش دەکرێ بە شێوەیەکی ئامادەتر پەرەپێبدرێت. ڕەچاوکردنی ئەجێندای خۆمان ئاسانترە. (لانیکەم ئەگەری لەبیرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان کە زۆرجار لە دامەزراوە و بنیاتەکانی دیکەدا لەبیر دەکرێن، کەم دەکاتەوە). هەڵبەت ڕوونە کە بارودۆخگەلێک هەیە کە تێیاندا کێشە دامەزراوەییەکان لە نێو ژناندا پەرە پەیدا دەکات. ئێمە پێمانوایە کارکردن لەگەڵ ژنان ئاسانترە تا پیاوان.
بەڵام بنچینەییترین ئارگۆمێنت بۆ بزووتنەوە و دامەزراوەی سەربەخۆی ژنان ئەمەیە کە پەیوەندیی دەسەڵات لە نێوان ژن و پیاودا نادادپەروەرانەیە. تا کاتێک ئەمە ڕاستییەکە بێت، پیاوان کونتڕۆڵی خۆیان دەپارێزن و ئێمە نابینە خاوەن دامەزراوەی سەربەخۆ کە پێویستی و هێزی ژنان دیاری بکات. نابەرابەرەکان، کاتێک بە شێوەی ڕووکەش بە یەکسان لەگەڵیان بجووڵێنەوە، هەر بە نایەکسان دەمێننەوە. ئەمە تا کاتێک ژنان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە خود و ئامانج و دامەزراوەی سەربەخۆ لە دەوری یەک کۆ نەبنەوە، هەر وا دەبێت.
ئەمە تا ڕادەیەک داکۆکی لە پاراستنی هەمیشەییی دامەزراوە ئاوێتە دێموکراتیک و شوێندانەرەکان دەکەین. ژنان پێوستە لە پێناو کارکردن لەسەر بەرنامەی خۆمان یەک بگرن (هەم لە ئامانجەکانیان و هەم لە گرووپی جیای ژنان). گەر ئەمە نەبێت، ئەوا بە هۆی هەستکردن بە ناشوێندانەریمانەوە، تەنیا تەرکیز لەسەر هێرشکردنە سەر شۆڤینیزم لە دامەزراوەکان، ئەویش لە شکڵێکی زیاتر و زیاتر تاکەکەسیدا، دەکەین. بەبێ ئامانجێکی بەهێز کە بە هۆیەوە ژنان بتوانن بەهێز بن، ژنان بەدەست (بۆ نموونە) ئەوەوە دەناڵن کە پێیان بگوترێ کە “سیاسی” نین و بەم جۆرە خواستەکانیان بۆ خەبات لە پێناو نیگەرانییەکانی ژنان بدەن بە دەستەوە. دامەزراوەکانیش بە هۆی ناچاربوون بە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی نێوخۆی شۆڤینیزمەوە لە هەر هەنگاوێکیاندا، خەسار دەبینن و ناتوانن بەرەوپێش بچن. وای لێ دێت کە هەر ناتوانن کێشەی شۆڤینیزم چارەسەربکەن.
وەکوو فێمێنیستە سۆسیالیستەکان، ئێمە داکۆکی لە کەڵکوەرگرتن لە پرەنسیپەکانی دەسەڵات کە ڕاستیگەلێکن کە ئێمە بەرەو دێموکڕاسی لە نێو دامەزراوەکە ڕێنوێنی دەکەن، دەکەین. ژنان، لە دامەزراوە ئاوێتەکاندا، لە پێناو ئەو بەرنامانەی کە دەیانویست و دەزانن براوەی دەبوون، خەبات دەکەن و براوە دەبن. ئەمەش دەبێتە دەسپێکی ئەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات بە شێوەی پێکهاتەیی لە نێو دامەزراوە ئاوێتەکاندا بە هۆی خەباتی هاوبەشی لەئارادابوودا بگۆڕدرێن. هەر لەو کاتەدا، دەبێ لە بیرمان بێت کە گەورەترین دوژمنەکانمان ئەو کەسانەن کە بەشێکن لە چینی دەسەڵاتدار یان خزمەتیان پێ دەکەن.
کارکردن لەگەڵ پیاوان
گەر لە باری ئۆبژەکتیڤەوە بۆی بڕوانین، دەبینین کە پیاوان وەکوو گرووپێک بەرژەوەندیگەلێکی تایبەتیان هەیە کە دژی ئەوانەی ژنان وەکوو گرووپێکە.
ئێمە، بۆ نموونە، بەشێک لە پیشەکانیان دەگرین، لەسەر پێگەی ئاسوودەییان لە نێو بنەماڵەدا چالێشیان بۆ پێکدێنین و دەسەڵاتی تاکەکەسییان لێ دەستێنینەوە. لە کورتخایەندا و لە هێندێک بارەوە، پیاوان دوژمنێکمانن.
هەر لە بنەڕەتدا چ پێویستییەک بە کارکردن لەگەڵ پیاوان هەیە؟ لە زۆر بارەوە، بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندیی پیاوان هاوبەشە. ئێمە، هەر دوو لایەن، یەکین کاتێک دێتە سەر پێگەی چینایەتی لە بەرانبەر خزمەتگوزاریی نالەباری سڵامەتی، نەبوونی کار بە ئەندازەی پێویست، درێژیی ماوەی کار و بێدەسەڵاتییەک لە هەمبەر کاریگەریدانان لەسەر بڕیارە گرینگەکانی کۆمەڵگاکەماندا هەیە. هەروەها، لە هێندێک بارەوە، سێکسیزم سەرکوتکەری پیاویشە. لەم بارەیەوە، ئێمە دەتوانین لە خەباتی هاوبەشماندا پێکەوە پەیوەست بین (بۆ نموونە، ئەوان فێر کراون بکوژن و بکوژرێن، ڕقێکیان هەبێت کە لە ناخیان دێتە دەرەوە). سەرەڕای ئەمەش، ئێمە پێویستە بتوانین بە شێوەی سەربەخۆیانە خۆمان ڕێک بخەین بە جۆرێک کە ڕەنگە دواتر یەک بگرین.
پتر لەمەش، ژنان گرێدراوی مێژوویی و هەستەکییان لەگەڵ پیاوان هەیە. کاتێک ژن و پیاو یەک بگرن، ئەودەم ئەوە دەچێتە دەرەی بازنەی هێزەکانی ڕاستیی کۆمەڵایەتییەوە. ئەو بەستراوەیییە کۆمەڵایەتییانە تەنیا بە هۆی ئارگۆمێنتی ئایدیۆلۆژیکەوە لەنێو ناچن، بەڵکوو تەنیا کاتێک لەنێو دەچن کە ئەو ڕاستیی کۆمەڵایەتییە بگۆڕدرێت. لە زۆر حاڵەتدا، ژنان هیچ بژاردەیەکی ڕاستەقینەیان جگە لە هاوسەرگیری بەمەبەستی زیندوومانەوە، ڕێزگرتن لە خۆیان و گەرمیی ئەڤین نییە. ئێمە پێویستە بە گریمانەی کەمترەوە چاو لە ژیانی زۆربەی ژنان بکەین و بزانین جێگرەوە ڕاستەقینەکان بۆ ئەوان چین و بەختەوەرییان لە چیدایە. ڕوانگەمان بۆ خەباتەکەمان نابێ حاشا لەو سەرچاوانەی پشتیوانی بکات کە ژنان لە ڕابردوودا دۆزیویانەتەوە (رەنگە بە هۆی پیاو و منداڵەوە بێت).
هێندێک جار جۆرە لاوازکردنێکی ئەو توانایییانەی کە پیاوان دەبێ بە بزووتنەوەکەی ببەخشن، لە ئارادا بووە، ئەویش لە ڕێگەی شەرمەزارکردنی لەڕادەبەدەرەوە کاتێک بە پیاوان گوتراوە واز لە شۆڤێنیزمەکەیان بێنن. دیارە ڕاستە کە خەبات دژی شۆڤێنیزم خەباتێکی بەردەوامە. بەڵام شۆڤێنیزم بە تەواوی دەوری داوین و بە بەردەوامی شوێندانەریمان لەسەر دادەنێت و کاتێک بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر بەسەریدا زاڵ دەبین کە هێرش بکرێتە سەر ڕیشە دامەزراوەیییەکانی و ژنان بە دژی، یەک بگرن. گریمانەمان ئەوەیە کە پیاوان (و ئێمەش) ڕەنگدەرەوەی شۆڤێنیزمن. زۆر جار و زیاتر لەوەی پێویستە، کردەوەکان دژ بەو زانینەمانە کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پێکەوە بەستەوە. ناکری بە چارەسەری تاکەکەسی بەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا زاڵ بین. هەر بۆیە، “هەڵوێستەیەک” لەمەڕ پیاوان دەبێ تاکتیکی بێت: بەپێی جۆراوجۆری بارودۆخەکان دەگۆڕێت. هەڵوێست لەسەر پیاوان بەرنامەی ئێمە نییە. ئەوە سێکسیزمە کە دوژمنمانە نەک پیاوان.

جیاییخوازی (Separatism)

جیاییخوازی لە ئێستادا دوو مانای لە بزووتنەوەکەدا هەیە. یەکێکیان هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژیکییە کە داکۆکی لە پەرەپێدانی جیاییی پیاوان و ژنان، ئەوەندەی کە بکرێ بە شێوەی تەواوی دەکات. ئەوی تریان هەڵوێستێکی تاکتیکییە کە داکۆکی لە دامەزراوەی جیا یان جێگرەوە هەمیشەییەکان دەکەن. ئێمەش داکۆکی لە دامەزراوە جیاکان لە پێناو بڕیارێکی تاکتیکی دەکەین. سەرەڕای ئەمەش، ئێمە دژی هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژیکی جیاییخوازیین.
ئاسانە ببینین کە چۆن داکۆکی لە بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنان ڕەنگە ببێتە هۆی داکۆکییەکی ئایدیۆلۆژیکی لە جیاییخوازی (یان ئەو دوو ئارگۆمێنتە چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە). ئێمە لە مۆدێلە جیاییخوازەکاندا هێز دەبینین. ئەم مۆدێلانە پێمان نیشان دەدەن کە ئێمە دەتوانین چەندە لە یەکتر وەکوو ژنان بەدەست بێنین. بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ کردن، لەو بڕوایەدا نین کە جیاییخوازی کێشەکانمان چارەسەر دەکات. هەروەها، لەبەر ئەوەی جیاییخوازیی ئایدیۆلۆژیکی، ئەو بنەما کۆمەڵایەتییەی بۆ ئەوەی بۆ زۆرینەی ژنان سەرنجڕاکێش بێت، نییە، تەنیا بووەتە هۆی خەبات لە نێو خودی بزووتنەوەکەدا. وەها جیاییخوازییەک ئێمە زیاتر و زیاتر بەرەو خالیسبوون پەلکێش دەکات و لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆی یەکگرتووییمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لەسەر خاڵی هاوبەش و پەرەدان بە بەستێنی هاوبەشی نوێ کە بە هۆیەوە یەکگرتوو دەبین، ئێمە لە یەکتر دادەبڕێت.
سەیر لەوەدایە کە ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر هەمان ئەو بارودۆخەیە کە ژنان لە دامەزراوە ئاوێتەکاندا، لەو شوێنانەی کە ئەنجومەنی بەهێزی هەڵبژاردنیان نییە، خۆیانی تێدا دەبیننەوە. (هەر ئەوەیە کە خەباتەکەیان ڕوو دەکەنە یەکتر و دژی شۆڤێنیزم، نەک لە پێناو بەرنامەیەک خەبات دەکەن).
ئەگەر بە شێوەیەکی بنەمایی بۆی بڕۆین، دەردەکەوێ کە لە هێندێک بارودۆخی تایبەتدا، کارکردن لەگەڵ پیاوان لواو، دڵخواز و پێویستە بۆ گەیشتن بەوەی چاومان لەسەریەتی. جیاییخوازی وەکوو کردەوەیەکی تاکەکەسی جۆرە هەڵبژاردنێکی تاکەکانە و وەکوو هەڵوێستێکی سیاسی شتێکی وەهمییە.

بە ناوی سۆسیالیسمەوە

بە ناوی سۆسیالیسمەوە، ئارگۆمێنت بە دژی ئەو بزووتنەوەی سەربەخۆییی ژنانە کە نە بۆ فێمێنیزم و نە بۆ سۆسیالیسم بەکەڵک هاتن، هێنراوەتەوە. وەها ئارگۆمێنتگەلێک زۆر جار بەشێک لە هەوڵێک بوون بۆ پەرەپێدان بە شیکارییەکی چینایەتیی کۆمەڵگای ئەمریکایی و ڕزگاریی ژنانی بە ڕێگەیەک بۆ هێنانی ژنان بۆ نێو “بزووتنەوەکە” دەزانی. زۆرێک لە نێو بزووتنەوەی ژناندا بە شێوەیەکی نەرێنی وڵامی ئەو جۆرە کەڵئاژۆوەرگرتنە لە ڕزگاریی ژنانیان داوەتەوە. ئەگەرچی ئێستا ئیدی بە گشتی قەبووڵ کراوە کە خەبات دژی سێکسیزم ئامانجێکی سەرەکییە، هێشتا کاتگەلێک هەیە کە ڕەواییی ڕوانگەی ڕزگاریی ژنان لەم بارەیەوە بە چالێش دەکێشرێت.
هێندێک جار چالێشەکان لە شکڵگەلێکدا دەردەکەون کە نیشان دەدەدەن خەباتی سەرەتاییمان پێویستە دژی نەژادپەرستی بێت. لەوێڕا کە بزووتنەوەی ژنان لە پلەی یەکەمدا سپیپێستە، ئەمە بەو مانایە کە ئێمە پێویستە خەباتەکەمان بگۆڕین. هاتنەئارای پێویستیی خەبات دژی نەژادپەرستی بە شێوەیەکی ئەبستراکت تەنیا “خالیسی”ی ئەوانەی دەیهێننە ئاراوە، دیسان دەسەلمێنێتەوە. پێمانوایە خەبات دژی نەژادپەرستی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی خود لە نێوان گرووپە ڕەش و سپیپێستەکاندا مانادار دەبێت.
رەنگە لەسەر زۆر کێشە، ڕەشپێستەکان و سپیپێستەکان نەتوانن یەکگرتوو بن چونکە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیان یەکسان نییە. سەرەڕای ئەمەش، کاتێک هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەگەلێکەوە هەستمان بە شێوەی هاوبەش دەبزوێنن، دەتوانین بەرنامەگەلێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکدابڕانە کۆمەڵایەتییەکان بخەینەڕوو. ئێمە نابێت گاڵتەمان بەو پشتیوانییەی هەمانە بێت تەنیا لەبەر ئەوەی کە لە ئێستادا هەموو ژنان ناگرنەوە.
هێندێک جار، ئارگۆمێنت بۆ “بەدەستەوەدانی ئیمتیاز” دەکرێت. ئەمەش تا ڕادەیەک خالسگەراییەکی ئەبستراکتە. گرینگتر لەمەش، ئەمە نە ئەو وێنەیەیە کە دەمانهەوێ بیخەینەڕوو و نە سەرکەوتوو دەبێت. ژنان پێمان پەیوەست دەبن چونکە مافەکانیان بۆ بەدەست دەهێنین. کەس پێمان پەیوەست نابێت بۆ ئەوەی شتێک کە پێویستیی پێیەتی لەدەستی بدات. مافەکان کاتێک خەباتیان بۆ بکرێت و بەدەست بهێنرێن، دەستەبەر دەبن نەک کاتێک ئەوانەی ئیمتیاز و دەسەڵاتیان هەیە بە هەدیە بیدەن.
چالێشی سێهەم کە ڕووبەڕووی ڕزگاریی ژنانە بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو کە تەنیا ژنانی بەرهەمهێنەر و کرێکاری حەقدەست وەرگر (بە شێوەیەکی بەرتەسکتر، ژنانی کرێکاری پیشەسازی) هێزی شۆڕشن. هێندێک وڵامی سەرنجڕاکێش و هاوکات بەرگریکارانە هەبووە کە دەڵێن کاری نێو ماڵ بەرهەمهێنەرە. بەڵام ئێمە وا هەست دەکەین کە ئارگۆمێنتەکە و بەرگرییەک زۆر بەرتەسک بوون. لە کۆمەڵگادا، زۆر دژبەری لەئارادایە. زۆر هەوڵی جۆراوجۆر کە ئامانجی زۆر جیاوازیان مەبەستە ژمارەیەکی زۆر زیاتری ژنانی لە بزووتنەوەکەمان لەخۆ گرتووە. هەڵبەت دیارە، تەنیا کرێکارە دامەزراوەکان دەتوانن پێش بەو پێویستیی کرێکارەی کۆمپانیاکان بۆ بەردەوامبوون پێویستیانە، بگرن. بەڵام مانگرتنی گشتی کاتیک لەگەڵ ڕێکخستنی سیاسیی جەماوەریی هەموو چینە چەوساوەکان ئاوێتە نەبووبێت، هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە. دامەزراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای کرێکاری بێحەقدەست کە هەوڵەکانیان ڕێک دەخەن، خەریکی دروستکردنی هێزێکی کۆمەڵایەتین کە بۆ شۆڕش و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕەکانی داهاتوو پێویستمانە.

دژەکولتوور

بزووتنەوەی ژنان کولتوورێکی ژنانی بە پەرەپێدانی شێعری ژنان، مۆسیقای ژنان، هونەری ژنان، مێژووی ژنان، سەنتەرەکانی ژنان لە بواری کولتوورییەوە و بە شێوەیەکی کردەکیتر توانایییە ئاراستەکراوەکانی وەکوو چاککردنەوەی ئوتۆمبێل و کاراتە، هێناوەتە ئاراوە. ئەم کولتوورە گۆڕەپانێکی بۆ دەربڕینی داهێنەریمان خوڵقاندووە و تواناییی هەبوونی سەربەخۆیی و متمانەبەخۆییی زیاتری لە مەیدانگەلێک کە لە ڕابردوودا لێیان بەری کرابووین و دەرەتانی دەربڕینیان تێدا لێسەندبووین، هێناوەتە ئاراوە.
پتر لەمەش، یارمەتیی گۆڕانکاری لە ژیانی زۆر ژنی کردووە. کولتووری ژنان، بە دابینکردنی نموونەیەکی دوورەدیمەنەکەمان، یارمەتیی پەرەپێدانی وشیاری بەنیسبەت ئەوەی شتەکان دەکرا چۆن بن و دەبێ چۆن بن (کە یارمەتیمان دەکات لەوە تێبگەین کە چۆن لە ئێستادا سەرکوت دەکرێین) داوە.
هاوکات، هەستکردن بە دەستەوەستانی و پەڕاوێزبوون لە نێوان شتەکانی دیکەدا پاڵی بە زۆر ژنەوە ناوە تەنیا بەدوای جێگرەوەی کولتوورییەوە بن، واتە شێوەی ژیانی ڕزگاریخوازانەی تاکەکەسی. زۆرێک لە ژنان پابەندبوونی تەواوی خۆیان بە دژەکولتووری و دوورەپەرێزی لە هەر کردەوەیەک یان دامەزراوەیەک هەڵبژاردووە و بە بەردەوامی لە شارەوە ڕوو لە دێهات دەکەن. کاتێک دێتە سەر بەکەڵکبوونی تاکەکەسیی ئەم کارە، ئێمە دژی ئەوانەی دەتوانن ئەم کارە بکەن، ناوەستینەوە. بەڵام بە هۆی بەرتەسکییەکەی، ئەم کارە بە بەرنامەیەکی سیاسی نازانین و بە چالێشی دەکێشین.

لێزبییەنیزم

لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی هاوڕەگەزخوازەکانیش پەرەی سەندووە. بزووتنەوەی هاوڕەگەزخوازەکان پرسی جنسی بە شیکارییەکی ئەو سەرکوتەی لەسەر خەڵکی هاوڕەگەزخوازی کۆمەڵگاکەماندایە، بە شێوەیەکی بەهێزتر هێناوەتە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە. لەبەر ڕق هەبوون لەو بارودۆخانەی کە تێیدا بە جێگای شەرمەزاریمان دەزانن و لەبەر خۆشەویستی بۆ ئەو ژنانەی کە لەگەڵیان هێزی نوێ و ژووری نوێ بۆ لاوازبوون دەدۆزینەوە، زۆرێک لە ئێمە دەچینە نێو پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازییەوە. بزووتنەوەی هاوڕەگەزخوازی، لە پێناو کۆتاییهێنان بەو سەرکوتە، خەڵکی بە کۆمەڵ لە دەوری یەکتر کۆ کردووەتەوە. ژیانی هاوڕەگەزخوازانە و ژیانی ئاسایی لەو بارەیەوە لێک گرێدراون کە ئەم خەباتانە کاریگەریی لەسەرمان وەکوو ژنان دادەنێن.
ژنانی هاوڕەگەزخواز کە لەبەر هەنگاونانیان لە دەرەوەی بازنەی ئەو ڕۆڵانەی بۆ ژنان دیاری کراوە، کۆمەڵگا دووریان دەخاتەوە، دەمێکە خەریکن ئازار دەبینن. لە خەباتی ژنانی هاوڕەگەزخواز دژی سێکسیزمدا، هەموو ژنان دەستکەوتیان دەبێت. هەر بە هەمان شێوە، لەوێڕا کە لێزبییەنەکان ژنن، لێزبییەنیزم لە خەباتی فێمێنیستەکاندا دەستکەوتیان دەبێت. ئێمە پێویستە یەک بگرین چونکە بەرژەوەندییەکانمان لێک بەستراونەتەوە.
ئەمە بە مانای حاشاکردن لە پێویستیی هەبوونی گرووپ یان ئەنجومەنی هەڵبژاردنی سەربەخۆی ژنانی هاوڕەگەزخواز نییە. لاگیریی دژەڕەگەزگەرایانە ئەوەندە بەهێزە کە خۆی ڕادەگرێت مەگەر ئەوەی ژنانی هاوڕەگەزخواز بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە لە پێناو داکۆکی لە ڕوانگەیەکی لێزبییەنانەدا یەک بخرێن. شکڵی دامەزراوەکە دەکرێ ئەنجومەنی هەڵبژاردن یان گرووپگەلێکی بە تەواوی سەربەخۆ بێت بەڵام لەو شوێنەیدا کە بەرژەوەندییەکەمان دواجار هەر یەکە، پێویستە پێکەوە خەبات بکەین، چونکە بەو جۆرە دەتوانین بەهێزتر بین و دەسەڵاتی زیاتر بەدەست بهێنن.
لە هێندێک شوێندا، وا دەردەکەوێت کە بۆ ئەوەی ببیتە ئەندامی بزووتنەوەی ژنان، پێویستە هاوڕەگەزخواز بیت. هێندێک جاریش لە ڕاستیدا وا دەگوترێت کە ژنانی هاوڕەگەزخواز دەبێ ببنە پێشڕەوی بزووتنەوەی ژنان. ئێمە لەو بڕوایەدا نین کە دەسەڵات بۆ ژنان (بۆ گشتیەتیی بزووتنەوەکە) بە هۆی تەرکیزی سەرەتایی لەسەر هاوڕەگەزخوازبوون بەدەست دێت. لەو باوەڕەدا نین کە هەر جۆرە تەرکیزێکی بنەمایی لەسەر دژبەریی تایبەت دەبێتە هۆی شۆڕش.

پێشڕەوان

پێشڕەو دوو مانای هەیە. یەکیان مانای هێزێکی کۆمەڵایەتی لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی سیاسییە. ئەوی تریان، ڕێبەرییەکی خودئاگایانەیە وەک ئەوەی حیزبێکی سیاسی بۆ بزووتنەوەیەکی تایبەت دابینی دەکات. لە کاتگەلێکی جیاوازدا، هێزە بەهێزەکانی نێو بزووتنەوەکە لەو بڕوایەدا بوون کە گرووپگەلێکی تایبەت پێویستە پێشڕەو بن (رەشپێستەکان، کرێکاران، هاوڕەگەزخوازەکان و هتد). زۆرێک لەم ئارگۆمێنتانە هێندە سەرکوتکەرانە بوون کە هێندێک لە ژنان بە دژی هەر جۆرە بیرۆکەیەکی پێشڕەوی دژکردەوەیان لە خۆیان نواندووە.
سەرەڕای ئەمەش، هەر دووک کارکردی پێشڕەوەکان لە هێندێک خاڵی زەمەنیدا گرینگن. لەم کاتەدا، بزووتنەوەکەمان ڕەنگە بتوانێ لە پێشڕەوێک، لە هێزێکی ڕێبەریکەر و پێکەوەگرێدەر کەڵک وەربگرێت و پێویستیشی پێی دەبێت. پێشڕەوێک بە هۆی ئەم ڕێزەی لە ئاکامی ڕابردووی ڕێبەرییەکەی لە خەباتەکەدا بەدەستی هێناوە، دەتوانێ وزەکانی بزووتنەوەیەک وەسەریەک بنێت و یارمەتیدەری تەرکیزکردنە سەری بێت.
پێشڕەوێکی ڕێبەریی وشیارانە و بەرپرسیارانە دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێت لە پەرەپێدانی باشترین جۆری کەڵکوەرگرتن لەو سەرچاوە و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرانەی کە بەرەو لای خۆمان ڕاکێشیان دەکەین. ئەو پێشڕەوە نابێتە هۆی ئەوەی هێڵێکی بە تەواوی خالیس کە بە هۆیەوە ژنی کەمتر و کەمتر پێمان پەیوەست دەبن، هەرچی زیاتر دەربکەوێت. تەنیا بە هۆی ناساندنی خۆی وەکوو ڕێبەرێک، ڕێزی کەس بەدەست ناهێنێت. زۆر هەوڵی پێشوو بۆ ڕێبەری پێشڕەوانە شکستیان خواردووە، ئەویش لە ئاکامی شەرمەزاری، حەماسیبوون و خۆسەپاندنەوە.
کاتێک ئێمە بەراستی ئەوەندەی پێویستە بەهێز بین و بتوانین بەرنامەکانمان بۆ بەشە سەربەخۆکان پەرەپێبدەین ـ بە هێڵەکانی ژنان، هاوڕەگەزخوازەکان، ڕەشپێستەکان، دەرمانییەکان، پەروەردەییەکان لەگەڵ هێڵە جیۆگرافی و پیشەییەکاندا، بە جۆرێک کە مەیدانەکان لێک گرێ بدرێن و هەروەها مەیدانی ئاوەڵەش بهێڵینەوە ـ ئەودەم ئێمە بە تایبەتی پێویستمان بە هێزێکی لێکگرێدەر، حیزبێکی سیاسی هەیە. وەها حیزبێک ئەولەوییەتە فێمێنیستی سۆسیالیستییەکانمان لە بەرنامەکانیدا دەگونجێت و هەر لەسەر بنەمای ئەوانەش ڕۆ دەنرێت، چونکە ئێمە ئەودەم وەها پێشڕەوێکی بزووتنەوەی ڕزگاریی خەڵکمان پێک هێناوە.
٥ ـ پێویستییە دامەزراوەییەکان
بەمەبەستی وەگەڕخستنی ئەو ستراتێژییەی لەم نووسینەدا چوارچێوەی داڕێژرا، دامەزراوەگەلی ڕزگاریی ژنان پێویستن. بە هۆی خەباتی دامەزراوەکانەوە، دەسەڵات دەتوانێ بەدەست بێت و ئەو ژنانەی کە تێیاندا بەشدارن دەتوانن بە جۆرێک هەست بکەن دەسەڵات بە خۆیانە، بە شێوەیەکی نوێ ڕێزگرتن لە خۆیان هەبێت و شکڵێک لە دڵنیابوون لە بەردەوامیی بزووتنەوەکەمان بەدەست بێنن. تەنیا دامەزراوەکان دەتوانن ببینە هۆی سەرکەوتن و گەشانەوەی سەرکەوتنەکانی ڕابردوو.
بە دڵنیایییەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لە زۆر شوێندا بەسەر گرووپی چووکە چووکەدا دابەش دەبێت و هەر بۆیە دۆزینەوەیان و پەیوەستبوون پێیان زەحمەتە. ڕزگاریی ژنان تەنانەت بۆ ئەو کەمە سەرکەوتنانەی کە تا ئیستا بەدەستی هێناوە، ددانی پێدانەنراوە چونکە هیچ شکڵێکی دامەزراو بۆ دەربڕینی سەرکەوتنەکانمان لە ئارادا نییە. ڕزگاریی ژنان لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە دەتوانێ لەگەڵ گرووپەکانی دیکەدا لە مەیدانەکەدا بێت و بۆ سەرکەوتنی خودی خۆمان خەبات بکات.
لەم نووسینەدا، ئێمە داکۆکی لە هیچ دامەزراوەیەکی تایبەت ناکەین، ئەگەرچی لە داهاتوودا ئێمە هیوادارین دامەزراوەیەکی فێمێنیستی سۆسیالیستی ببێتە ئەگەرێکی لواو. بگرە ئێمە ئارگۆمێنت بۆ تێگەیشتنێکی دامەزراوەیی دەهێنینەوە کە فۆڕمێک بێت بۆ کارکردن لەسەر ئەو کێشە جۆراوجۆرانەی ژنان لەگەڵیان ڕووبەڕوون ـ وەکوو لەباربردنی منداڵ، بەخێوکردنی منداڵ، سڵامەتی، جیاوازیدانانی پیشەیی و هەروەها ئەو کێشانەی کە وەکوو ژنان کاریگەری لەسەرمان دادەنێت وەک ماڵیات، خانووبەرە، شەڕ، باشگوزەرانی و هتد. کاتێک ئەم کێشانە کاریگەریمان لەسەر دادەنێن، ئێمە پێویستە فۆڕمگەلێکمان هەبێت کە هی ئێمە بن و بە هۆیانەوە دەتوانین وڵامی یەکتر بدەینەوە و بە یەکتر پەیوەست بین و لەوە دڵنیا بین کە ئەو چارەسەرانەی کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن بەرژەوەندیی ئێمەیان تێدایە.
ئەم جۆرە دامەزراوەی کە ئێمە پێشنیاری دەکەین ڕەنگدەرەوەی متمانەمانە بە ستراتێژییەکەمان کە بە هۆیەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دەسەڵاتی یەکسان لە نێوان گرووپەکاندا هاوپەیمانی پێک دەهێنین. زۆرجار لە هاوپەیمانیگەلێکدا بەشداریمان کردووە تەنیا لەبەر هەستی شەرممان یان لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەنی کاری خۆمان نەبووین. زۆر جار لە بزووتنەوەی ژناندا ڕووبەڕووی داوای بەشداریمان لە بەرنامەکانی هەر لایەنێکی دیکە دەبینەوە. لە دامەزراوەیەکی فێمێنیستی سۆسیالیستیدا، وەها هاوپەیمانیگەلێک تەنیا کاتێک پێک دێن کە لەگەڵ ستراتێژییەکەماندا بگونجێن.
پێکهاتەگەلی گونجاو بۆ ئامانج و دەنگدەرانمان
وەکوو ژنان، زۆر ئەزموونی خراپمان لەگەڵ ئەو دامەزراوانە هەبووە کە پێشیان بە پێشکەوتنی سیاسی و گەشەی تاکەکەسیمان گرتووە. زۆرێک لە ژنان لە پەرچەکرداریان بەنیسبەت ئەو جۆرەی لە وەها پێکهاتەگەلێکدا سەرکوت کراون، هەر جۆرە پێکهاتەیەکی ئاشکرا ڕەت دەکەنەوە. بەو قەناعەتە گەیشتووین کە ئەمە ناواقیعبینانەیە چونکە پێکهاتەکان بە شێوەیەکی نائاشکرا دەمێنن و بەردەوام دەبن لەسەر کاریگەریدانان لەسەرمان لە کاتێکدا ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمانیان لێ بەدوور بگرین یان لەو مەیدانانەدا بژین کە ڕێگەمان پێ دراوە.
فۆڕم و پێکهاتەی دامەزراوە بەپێی جۆری ئەو گرووپەی کە خەریکە شکڵ دەدرێت، جیاوازن. بۆ دامەزراوە گەورە و مەزنەکان، پێکهاتەی زیاتر پێویستە ئەویش بەمەبەستی ئەوەی بتوانن ئەندامی نوێ لەخۆیان بگرن و ئاستی جۆراوجۆری بەرپرسیارەتی دابین بکەن بە جۆرێک کە ئەوانەش کە کاتی کەمتریان هەیە، هەر بتوانن تێیاندا بەشدار بن. وەها دامەزراوەگەلێک کە بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجگەلێکی تایبەت دامەزراون، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی ستراتێژی و وەگەڕخستنی بڕیارەکانیش، پێویستییان بە پێکهاتەکان هەیە.
هۆکارێکی پێویستیی چەماوەهەڵگربوون لە فۆڕمە دامەزراوەییەکاندا ئەوەیە کە ژنانی خاوەن ستایلی جۆراوجۆر بە ئاسانی خۆیان لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکاندا دەگونجێنن. بۆ نموونە، ڕەنگە ئەوەی ئەزموونێکی لە زانکۆکان هەیە هەست بکەن پێویستی بە باسی فەلسەفیی زیاتر هەیە. کەسانێکی تر کە کاریان هەیە، بنەماڵەیان هەیە و کاروباری تریان هەیە ڕەنگە هەست بکەن کە باشترین کار دەستپێکردن و کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەکان لە کاتی خۆیدایە. هێندێک جار، بڕیارەکە ڕەنگە وەک باری ناچاری شتێک بێت کە زیاتر بۆ هەموو کەس مایەی خۆگونجاندنی تێدا بێت و کەمتر وەکوو کەشوهەوایەکی بە تەواوی گونجاو بۆ هەر کەسێک بێت.
لەم بەستێنەدا، چەندین بیرۆکەی دامەزراوەییی تایبەت هەن کە پێمان وایە بۆ ڕۆنانی دامەزراوەگەلێک کە خزمەتمان بکەن، گرینگن. ئێمە پێویستمان بە فۆڕمگەلێکی بە تەواوی دیار هەیە کە بە هۆیانەوە ژنان بتوانن بزانن پەیوەندییەکان چۆناوچۆنن، چۆن پەرەیان پێ بدەن و وایان لێ بکەن کە بە قازانجیان بن. لە خوارەوە، کۆمەڵێک ماکی پێکهاتەیی هاتوون کە پێمان وایە بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەی جەماوەری پێویستن:
١ـ پێکهاتەی ئاشکرا و میکانیزمی ئاشکرای بڕیاردان.
٢ـ ڕێگەگەلی کورتی بەشداری کە ڕێگە بە ژنان دەدات بەپێی بەرژەوەندی و/یان کاتی خۆیان، پابەندیگەلێکی کەم تا زۆریان هەبێت.
٣ـ جیاکردنەوەی هێزی کار کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و بە جۆرێک بێت کە یارمەتیی ژنان کەم توانا بدات بۆ ئەوەی توانامەندی بەدەست بێنن.
٤ـ ڕێبەرییەکی وڵامدەر بە دامەزراوەکە.
٥ـ کار و بەشداریکردنێک کە پەیوەندیگەلێکیان لەگەڵ بڕیاردان هەبێت.
٦ـ بڵاوکردنەوەی زانیاری لە ڕێگەی دامەزراوەکەوە.

رێبەری، بژاردەگەرایی و دێموکراسی

لە بزووتنەوەی ژناندا، زۆر باسی ئێلیتیزم (بژاردەگەرایی) و ڕێبەری کراوە. ئێمە داهێنەر بووین و لەو تاقیکارییانەی لە بەشە جیاوازەکانی وڵات کراون، فێر بووین. پرەنسیپی “گەر نازانی، فێر بە، گەر دەزانی، فێر کە” یارمەتیدەری زۆرمان بووە تا بزووتنەوەکەمان پەرە پێ بدەین.
سەرەڕای ئەمەش، ئۆلگووی پێکهاتەییی ڕێبەریی جۆراوجۆریشمان بینیوە کە لە هەر بارودۆخێکدا سەرهەڵدەدەن. ڕێگەچارەکە لەنێوبردنی ڕێبەری نییە. بەڵکوو، ئێمە پێویستە کارێک بکەین ڕێبەرەکان خۆیان بەرانبەر دامەزراوەکە و ئەندامەکانی بە بەرپرسیار بزانن. پتر لەمەش، ڕێبەری دەتوانێت کاتالیزۆرێکی کاریگەر بێت، خێراکەرێک کە بزووتنەوەکە بەرەوپێش ببات. بژاردەگەرایی تەنیا کاتێک بەردەوام دەبێت کە ئێمە یەکتر بەو شتەی کە دەزانین ڕانەهێنین.
ئێمە باوەڕمان بە ئاڵوگۆڕی بیروڕای سیاسی و دەنگدان وەکوو ڕێگەیەک بۆ جیاکردنەوەی جێگرەوەکان لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی چۆن بەرەوپێش بچین، هەیە. کارکردن لەسەر بنەمای کۆدەنگی وەکوو پێویست بەو مانایەیە کە ئێمە ناتوانین داواکارییەکانمان پتر لەوە بێت وا ڕێککەوتنمان لەسەر کردووە. بزووتنەوەکەمان، ئەگەر ئێمە بەڕاستی وەدووی کۆدەنگی لە کۆمەڵگای ئەمریکادا باین، هیچکات بوونی نەدەبوو. پتر لەمەش، کۆدەنگی زۆرجار ناکۆکییە ڕاستەقینەکان دەشارێتەوە چونکە ڕێگەیەکی پێکهاتەیی بۆ دژبەرەکان کە دەنگی خۆیان هەبێت وەک لە دەنگداندا هەیانە، لەگۆڕێدا نییە. هەروەها، ئەو ژنانەی لە پرسێکی تایبەتدا لە کەمینەدا بن، دەکرێ بە هۆی لێڕوانینی کۆدەنگییەوە سەرکوت بکرێن چونکە بیروبۆچوونەکانیان ناکرێ وەکوو هەڵوێستێک یان گۆڕینێکی جیاواز و ڕوون ببینرێن. وەها هەڵوێستێکی کەمینە ڕەنگە ناچار بێت لەگەڵ زۆرینە خۆی ڕێک بخات.
لەو باوەڕداین کە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ مانەوەی بزووتنەوەکەمان چارەنووسسازە. ئێمە دەتوانین بەبێ ئەوەی هەستی بەهێزی خوشکایەتیمان بەرانبەر یەکتر بخەینە مەترسییەوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕای سیاسیمان هەبێت. هێندێک جار براوە دەبین و هێندێک جار دۆڕاو، بەڵام بیروڕاگۆڕینەوەی سیاسی و خەبات دنەدەر دەبن و ئەمریکا لە پێناو پەرەپێدان بە بیروبۆچوون و هەڵوێستەکانمان بە چالێش دەکێشێت.
لە ڕاستیدا ڕوانگە پێکدژەکان لە هەر دامەزراوەیەکدا بە شتێکی سڵامەت دادەنرێن و نابێ لەبەر ترسمان لە جیاوازی، بخنکێندرێن. بەڵام بۆ ئەوەی بیروڕاگۆڕینەوەکان بایەخی خۆیان هەبێت، پێویستە بەسترابێتنەوە بە کارکردی ڕوون لە نێو دامەزراوەکەدا. لەو کاتەدا کە بە ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە خەریکین، پێویستە لە ناسینی ئەو دوژمنە ڕاستەقینەیەدا کە خەریکی خەبات لە دژیداین، ڕوون بین. ئێمە دەتوانین ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێو دامەزراوەکە بە شێوەیەک کە یارمەتیمان بکات فێر بین و ڕێک بخەین؛ بەڵام ئەوە تەنیا کارکردنمان نییە.

دەرەنجام

ئێمە ئارگۆمێنتمان بۆ ستراتێژییەک لە پیناو ڕۆنانی سۆسیالیزم و فێمێنیزم لە زەمەنێکی تایبەتی لە مێژوو کە لە هەستی بەرپرسیارەتیمان بەرانبەر ژنان بەهێزین و لە بارودۆخە جیاکانماندا لاوازین، هێنایەوە. ئەم ستراتێژییە وا گریمانە دەکات کە ئێمە دەمانهەوێ زۆربەی ژنان لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە دەبێ لە بەرژەوەندییە خودییە ڕاستەقینەکانیان تێبگەین و لەسەر ئەو بنەمایە کار بکەین. ئێمە پێویستە پەرە بە بەرنامەگەلێک بدەین کە براوە دەبن و لە ئێستادا پێداگری لەسەر کردەوەی ڕاستەوخۆ بکەین. ئێمە لە هەر بەشێک لەم نووسینەدا، داکۆکیمان لەسەر سێ خاڵ کرد کە ستراتێژییەکەمان دیاری دەکات: ١) ڕیفۆرمی براوە کە بەڕاستی ژیانی ژنان باشتر دەکەن، ٢) پێدانی هەستێکی دەسەڵات بە ژنان لە ڕێگەی دامەزراوەوە ،٣) گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات.
لە ئێستادا پرسی دروستکردن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات گرینگترین پرسمانە لە بارودۆخی ڕاستەقینەدا. وشیاریمان بەنیسبەت ڕاستییەکان و ڕوانگەمان بەنیسبەت ئەوەی کە حەز دەکەین چ پەیوەندیگەلێک لە نێوان خەڵکدا هەبێت ڕێنوێنیی هەوڵەکانمان دەکات، خەڵک بەرەو لامان ڕادەکێشێت و یارمەتیمان دەکات مەبەستمان لە براوەبوون، پێناسە بکەین. ئەمانەی باس کران، زۆریان ڕوونن و ڕەنگە زۆر کەس بپرسن “دەی چی نوێ هەیە؟” بۆ ئەمە، دوو جۆرە وڵاممان هەیە. وڵامێکی ئەمەیە کە ڕێک لەبەر ئەوەی پێمان وایە ڕوونن، ئەمەمان نووسی. بە تەواوی لەو بڕوایەداین، وەک وتمان، کە ئێمە زۆرینەی بزووتنەوەکەین و ئەوەش کە چونکە ستراتێژییەکەمان ڕەنگدەرەوەی ڕاستییەکانە، ئێمە (لە کاتی خۆیدا) زۆرینەیەک لە ژنان بەرەو لای هەڵوێستەکان ڕاکێش دەکەین. ئەوەی کە ئێستایش ئەو شتانەی کە ڕوون دەیڵێینەوە، ڕوونی دەکاتەوە کە ئێمە لە کوێداین، لە کوێوە هاتووین و چەندمان ماوە بگەین. بەبێ تێگەیشتنێکی ستراتێژیکی، بزووتنەوەی ژنان لە مەئموورییەت و ویستی ئاگرینیدا کەمتر ڕوون بووە. ئێمە هیوادارین لە ناسینی ئەوەی کە جاران بە هەستێکی هاوبەشمان دەزانی (پێش لەوەی زۆر جیابوونەوە و لێکدابڕان هەستی هاوبەشی پەیوەندیمان بە پێویستییەکانی ژنانەوە بگۆڕێت)، یارمەتیدەری یەکتر بین.
بەڵام وڵامێکی دیکە بە هەستی هاوبەشی ئەوەی کە چیمان کردووە، لە ئارادایە. هەستی هاوبەش هەمیشە زۆر هاوبەش نییە. سەرنجتان بۆ چەند خاڵێکی گرینگ ڕادەکێشین. هیوادارین لە داهاتوودا تەنیا ئەوە نەبێت بیرۆکە ناحەزەکان پەسند بکرێن یان ڕەت بکرێنەوە؛ بەڵکوو بخرێنە گەنگەشەوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەو بیرۆکە ناحەزانە کردەوەی هاوبەشمانی لە ڕابردوودا بە چالێش کێشاوە. ئێمە ئارگۆمێنت بۆ لەپێشبوونی بەرژەوەندیی خود دەهێنینەوە کە زۆرجار لە گەنگەشەی ئایدیۆلۆژیکیدا ون بووە. ئایدیۆلۆژییەکەمان پێویستە ڕێنوێنمان بێت، بەڵام هاوکات پێویستە بۆ ئەو ڕاستییانەی کە ژیانمان شکڵ دەبەخشن، ئاراستە بکرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر شت فێر بووین، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ پێکهاتەیەکمان نەبوو کە لەسەری بنیات بنێین، لەو شوێنانەی کە دەمانتوانی ئەزموون و دەسەڵات بەدەست بێنین، شکستمان خواردووە. ئەم نووسینە هەم ڕەنگدەرەوەی ماندووبوونمانە و هەم ڕەنگدەرەوەی پابەندبوونمانە بە پەرەپێدانی بزووتنەوەیەکی ژنانە کە لە پێناو وەدیهێنانی دوورەدیمەنێکی فێمێنیستی سۆسیالیستیدا خەبات دەکات. ئەم نووسینەمان لە پێناو ئەوەیە کە ئەو خوشکانەی کە هاوباوەڕمانن، ڕەنگە بێنە پێشەوە و پێمان پەیوەست بن.
ئێمە، لە پلەی یەکەمدا، داکۆکی لە ڕوانگەیەکی هێرشبەرانە و ئازایانە دەکەین. ئەوە ئەو ڕوانگەیەیە کە لە دەستپێکی بزووتنەوەکەماندا هەمانبوو، ئەو کاتەی کە پێمان وابوو کە ئێمە نوێترین و گەرمترین کاڵای مەیدانەکەین. ئێستا، ئێمە ڕیشەکانمان دۆزیوەتەوە. پێویستمان بە ستراتێژی، دامەزراوە و زۆر هەنگاوی دیکە لەو ڕاستایەدایە. بەڵام ڕەنگە دیسان ڕوانگەی هێرشبەرانەمان هەبێت و ئەم جارە، خەباتێکی درێژخایەن بایەخی دەبێت چونکە لەو بڕواداین دەتوانین سەرکەوین.
[1972]