ئارامتر بخوێنەوە!

بنیاتنانی ڕەگەزی دووەم لە کۆمەڵگە
نووسەر: جۆ فریمەن

و: ژینۆ ڕۆژبەیان

ئەم وتارە لە پاییزی ١٩٦٨ وەک پەڕتووکێکی بچووک بۆ خولێکی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی نووسراوە و سەرەتا لە ژێر ناوی “کچانە گەورە بوون” بە بێ بەڵگەهێنانەوە و تێبینی لە “مامەڵەکردن” لە مانگی ١١/١٢/١٩٧٠ لاپەڕەی ٣٦-٤٤ بڵاو بوویەوە و دواتر لە “ڕۆڵی ژنان: خوێندنەوەیەک بەرەو ئازادیی ژنان”، چاپ بوویەوە کە میشێل گارسکۆڤ سەرنووسەری بوو، لە بێلمۆنت، کالیفۆرنیا: برووکس/کۆل، ١٩٧١، لاپەڕەی ١٢٣-٤١.  بۆ چەندین ساڵ و بە زۆری لە چەندین پەڕتووکی خوێندندا چاپ کرایەوە.
“ملکەچ بوون کە ڕەوشێکی دیاری “ژن”ە، تایبەتمەندییەکە کە لە سەرەتاییترین ساڵەکانی تەمەنی، لەودا دروست بووە. بەڵام گەر وا دابنێین کە فاکتەرێکی بایۆلۆژی لەو بابەتە کاریگەریی هەیە، ئەوا هەڵەین؛ لە ڕاستیدا ئەوە چارەنووسێکە کە مامۆستاکانی و کۆمەڵگەکەی بەسەریدا سەپاندوویانە.” (سیمۆن دوبوار)
لەم سی ساڵەی ڕابردوودا زانستی کۆمەڵایەتی سەرنجێکی بێوێنەی بە ژنان داوە و توێژینەوەکانی بۆ بابەتی مرۆڤ  لەسەر پیاوان کەم کردووەتەوە. توێژینەوەکان بە شێوەیەکی گشتی کلێشە و ئەفسانەکانی بەربڵاوی کۆمەڵگەیان دووپات دەکردەوە کە ژن زیاتر بەخێوکەر/دەربڕ/ملکەچ و پیاو ئامرازی/چالاک/شەڕانییە. زانایانی کۆمەڵناسی زیاتر هەوڵیان داوە پاساوی ئەم کلێشانە بدەنەوە تاکو ئەوەی شیکاری لەسەر سەرچاوەیان، بەهایان یان کاریگەرییان بکەن.
ئەمە خۆی تا ڕادەیەک لەبەر دوودڵی و بە گشتی خۆ دوورخستنەوەیە لە پرسیار کردن سەبارەت بەم سەردەمەی، نهێنییە ژنانییەکان لە زانستی کۆمەڵناسی تایبەتمەند کراون و بەشێک لەمە، لەبەر بەربڵاو بوونی بیرۆکەی شیکاریی دەروونناسی لە سەرانسەری ئەمریکایە.١ دەرەنجامە کۆمەڵناسییەکە کە لە جیاتی ئەوەی پرسێکی کۆمەڵایەتی بێت بووەتە شێوازێکی کۆنترۆڵی کۆمەڵگە. لە جیاتی ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکار بکات، شرۆڤەی شتەکە دەکات. لە جیاتی ئەوەی لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت کە ژن و پیاو چۆن بوون بەوەی کە هەن، دۆخەکەیان وەک بارێکی نەگۆڕ قەبووڵ کراوە و هەوڵ دراوە لەسەر بنەمای جیاوازییە بایۆلۆژییەکەیان پاساوی بۆ بێننەوە. هەر چەندە ئەو بڕوایەی کە دەروونناسیی بایۆلۆژی لە خۆ دەگرێت خەریکە کۆتاییی پێ دێت.
ماستێرز و جەیسۆن ئەفسانەی سستیی سێکسیی سروشتیی ژنیان تێکشکاند کە سستیی دەروونیی ژنان لەسەر ئەوە دانرابوو. توێژینەوە لەسەر بابەتەکانی دیکە تازە دەستی پێ کردووە. تەنانەت بە بێ ئەم توێژینەوە نوێیانە، لێکدانەوەی نوێ لەسەر زانیارییە کۆنەکان لە ئارادان. ئەم لێکدانەوە تازانە دەڵێن ژنان ئاوان چونکە وا پەروەردە کراون. هەروا کە بێمز دەڵێت: “ئێمە ئەم ڕاستییە پشتگوێ دەخەین کە ئەو کۆمەڵگایەی لە بیست ساڵی سەرەتای ژیانی ژنان بیر و دەنگی ئەوان دروست دەکات، هیچی بۆ لەدەستدان نییە ئەو کاتەی ژنان دەبنە بیست و یەک ساڵ و بە ڕەوایەت مافی هەڵبژاردنیان هەیە. چونکە کۆمەڵگە نەک بژاردەکانی ئەوانیان کۆنترۆڵ کردووە بەڵکو ئاراستەی هەڵبژادنیشیانی وا کۆنترۆڵ کردووە کە یەکێک لەو بژاردانە هەڵبژێرن کە کۆمەڵگا بۆی داناون.”٢
ئەم ئەنگیزەیە لە پرۆسەی جڤاکی بووندا کۆنترۆڵ دەکرێت. ژنان وا پەروەردە دەکرێن کە بیانهەوێت ئەو ڕۆڵانە وەرگرن کە کۆمەڵگا پێویستی پێیانە. وا فێر دەکرێن کە خۆیان وەک ئەو نموونە قەبووڵکراوانە دەربێنن و لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییانەدا بن کە لە ژنان وەک گرووپێک داوا دەکرێت. هەر بۆیە بۆ ئەوەی تێبگەین زۆرینەی ژنان چۆن جڤاکی دەبن، دەبێت سەرەتا بزانین چۆن خۆیان دەبینن و چۆن دەبینرێن. چەندین توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە کراوە. مەک کلیلاند گوتوویەتی: “وێنەی ئافرەت بەم سیفەتانە تایبەتمەند کراوە: بچووک، لاواز، نەرم و سووک. لە ئەمریکایش ئاوا وەسف کراون: گێل، ئارام، لەسەرخۆ، سارد، پێگەیشتوو، سست و خاو.”٣ توێژینەوەیەکی تەواوتر کە لە ژنان و پیاوان داوا دەکات لە لیستێکی سیفەتەکان ئەوانە هەڵبژێرن کە باشترین پێناسەی خۆیان بێت. ژنان زۆرتر خۆیان ئاوا پێناسە کرد: بەگومان، نیگەران، شڵەژاو، سەرشێت، کەمتەرخەم، ترسنۆک، گێل، منداڵانە، هەژار، پەشیمان، شەرمن، بێدەست و پێ، گەمژە، دەبەنگ و کارەکەر. لە وەسفە باشترەکە ژنان خۆیان ئاوا پێناسە کرد: تێگەیشتوو، دڵناسک، بەڕەحم، بیگەرد، بەخشندە، دلۆڤان، ئەڤیندار، بەڕەوشت، میهرەبان، سوپاسگوزار و سەبوور.٤
ئەم خۆ وێنا کردنە زۆر باش نییە بەڵام لەگەڵ ئەو ئەفسانانەی لە کۆمەڵگادا لەسەر ژنان هەیە یەک دەگرێتەوە. ئەم وێنەیە هێندێک ڕووی باشی هەیە بەڵام ئەو کوالیتییانەی تێدا نییە کە بۆ بەرزترین ئاستەکانی سەرکەوتن لە کۆمەڵگادا پێویستە. هەرچەندە ڕەنگە کەسێک پرسیار لە بیرۆکەی سەرکەوتن و کوالیتیی پێویست بۆ ئەوە بکات، بەڵام ئێرە جێی ئەو پرسیارە نییە و لە جیاتی ئەوە ئامانجەکە لێرەدا سەرنجدانە بە پرۆسەی جڤاکی بوون وەک شێوازێک کە دەبیتە هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن بگەن بەو ستاندەردانەی کە پێیان دەگوترێت نییانە. هەروەها پێویستە شیکاری بکەین بۆ ئەو چاوەڕوانییانەی کۆمەڵگا لە ژنێکی سەرکەوتوو هەیەتی (نەک کەسێکی سەرکەوتوو) چونکە ئەوان بە ناچاری بە پرۆسەی جڤاکی بوون پەیوەست کراون. هەموو کەسێک جڤاکی بووە بۆ بەدیهێنانی ئەو چاوەڕوانییانەی کۆمەڵگە لێی هەیە و تەنیا ئەو کاتەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو نابێت (هەروا کە لە چەند بوارێکدا خەریکە ڕوو ئەدات) پرسیاری لەسەر دروست دەبێت.
با کاریگەریی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی وردتر لەسەر ئەو ژنانەی لە گرووپە کەمینەکاندان شی بکەینەوە. لێرەدا هاوتەریبێکی سەرنجڕاکێش سەرهەڵدەدات، بەڵام لە ڕێ لادانی زۆریشی تێدایە. کاتێک سەیری جڤاکی بوونی مێیینە دەکەین دەبینین ئەو شتەی کۆمەڵگە وەک بنیاتی کەسایەتیی “مێیینەی نموونەیی”، ناوی لێ دەنێت یان پەسندی دەکاتل، زۆر هاوشێوەی کەسایەتیی ئەو کەسانەیە کە لەو وڵاتە یان شوێنی دیکە چەوسێندراونەتەوە.
لە توێژینەوەیەکی کلاسیکی ئاڵپۆرت کە لەسەر سروشتی پێشداوەری کردوویەتی، یەک بەشی تەرخان کردووە بۆ “تایبەتمەندییەکانی قوربانی بوون”. لەم بەشەدا ئەو تایبەتمەندییانە ئاوا هاتوون: هەستیاری، خۆبەدەستەوەدان، خولیای دەسەڵات، حەز کردن بە پارێزراوی، ناڕاستەوخۆیی، خۆ شیرین کردن، تۆڵە و تێکدانی شیرین، هاوسۆزی، ئەوپەڕی نەفرەت لە خۆ یان گرووپ و ئەوپەڕی شکۆداری بۆ خۆ یان گرووپ، دەرخستنی هێماکانی پلەی بەرز و درەوشاوە، دڵڕەحمی بۆ ژێردەستەکان، هاوتایی کردن لەگەڵ پێوەرەکانی گرووپە باڵادەستەکان و سستی.٥ ئاڵپۆرت زیاتر خەریکی جووەکان و نێگرۆکان بوو بەڵام تایبەتمەندکردنەکەی لەگەڵ بۆچوونی تێرمەن و تایلێر لەناو نووسراوەکەیاندا هەڵسەنگێنن کە لەسەر جیاوازیی ڕەگەزەکان لە نێو منداڵان نووسراوە. بۆ کچان تایبەتمەندییەکان ئاوا هاتوون: هەستیاری، خۆگونجاندن لەگەڵ تەوژمی کۆمەڵگە، وڵامدانەوە بە ژینگە، ئاسان کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگە، خۆشیرین کردن، هاوسۆزی، نزم بوونی ئاستی ئاواتەکان، دڵڕەحمی بۆ ژێردەستان و بێتاقەتی. ئەوان بۆیان دەرکەوت کە کچان بە بەراورد لەگەڵ کوڕان زۆرتر شڵەژاو، ناجێگیر، دەمارگیر، ناسەربەخۆ و خۆ بەدەستەوەدەر بوون و متمانەیان بە خۆیان کەمتر بوو، خۆیان و کچان بە گشتی بە کەم دەزانی و شەرمنتر، بەڕەحمتر، جێبەجێکارتر، ترسنۆکتر و سستتر بوون.٦ تێگەیشتنی کچان لە خۆیان شێواوتر بوو. لەگەڵ ئەوەی کچان بە گشتی نمرەی دەرسەکانیان لە بنەڕەتی تاکو ئامادەیی بە بەردەوامی باشترە لە کوڕان، بەڵام خۆ بەکەم زانینی کچان لەگەڵ گەورەبوونیان خراپتر و تێڕوانینیان بە نیسبەت کوڕان و توانای کوڕان باشتر دەبێت. بەڵام کوڕان لەگەڵ گەورە بوونیان خۆیان بە باشتر دەبینن و ڕایان بە نسبەت کچان خراپتر دەبێت.٧
ئەم شێوانە ئەوەندە خراپ دەبێت کە بە وتەی گۆڵدبێرگ، لەو کاتەی کچان دەچنە زانکۆ، پێشداوەرییان دژ بە ژنان بۆ دروست بووە. ئەو چەند دەستەیەک وتاری دا بە کچانی زانکۆ، کە شەش وتاری پرفێشناڵ بوو لەسەر بابەتە نەریتییەکانی پیاوان، ژنان و بێلایەن (بی پەیوەست بە ڕەگەز) و هەموویان یەک شت بوون تەنیا ناوی نووسەرەکان یەکێک نەبوو. بۆ نموونە وتارێک لە دەستەیەکدا بە ناو جۆن تی مەککەی و لە دەستەیەکی دیکە هەمان وتار بە ناوی جوان تی مەککەی هاتبوو. هەر دەستەیەک بریتی بوو لە سێ وتاری نووسراو بە دەست ژنان و سێ وتاری نووسراو بە دەست پیاوان. لە کۆتاییی هەر وتارێكدا پرسیار لە قوتابیان کرابوو کە وتارەکە لەسەر بنەمای بەهای قایلکەربوونی و قووڵیی ماناکەی و نووسەرەکەیش لەسەر بنەمای شێواز و توانای نووسینی هەڵسەنگێنن. پیاوان لە هەموو بوارەکاندا باشتر هەڵسەنگاندنیان بۆ کرابوو تەنانەت لەو بوارە “مێیینیانە” وەک مێژووی هونەر و خۆراکزانی. گۆڵدبێرگ ئەنجامەکەی وا دەردێنێت کە “ژنان دژ بە ژنە شارەزاکان پێشداوەرییان هەیە و بە بێ گەڕانەوە بۆ دەسکەوتی ڕاستەقینەی ئەو شارەزایەتییە بە سەرسەختی ڕەتی دەکەنەوە کە ئەو ژنانە بەرابەر بگرن لەگەڵ هاوتا پیاوەکانیان.”٨
تێکەڵاویی ئەم لە خۆ بێزاربوونە بە کۆمەڵە و سەرلێشێواوی لە تێگەیشتن، پاساوێکە بۆ ئەوەی کە لە خۆ بێزاربوونی بەکۆمەڵ، ڕێک تایبەتمەندیەکی نموونەیییە لە “بنیاتی تایبەتمەندیی گرووپە کەمینەکان.”٩ ئەم تێبینییە بە بەردەوامی دەگوترێت. دەرئەنجامی دۆزینەوەی کلارکس لەم نموونەیە لە ناو منداڵە نێگرۆکان (ڕەشپێستەکان) کە لە قوتابخانە جیاکراوەکان دەیانخوێند، یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ بڕیاری ١٩٥٤ی دادگای باڵا کە ئەو قوتابخانانەی بە نایاسایی ناساند. ئەم تایبەتمەندییانە و هەروەها ئەوانەی وەک نموونەیەکی باو لە “مێیینە” لە کۆمەڵگە ناسراون، لە هیندییەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکان١٠، ئەلجەزیرەییەکانی ژێر دەسەڵاتی فەرەنسییەکان١١ و ئەمریکییە ڕەشپێستەکان١٢ دیتراوە. وا دیارە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان “مێیینە” بوون و لە پلە و پایە بێبەش بوون.
ئەم شێوازە تەنانەت لە نێوان کەلتورەکانیشدا هەیە. لە TAT کە درا بە ژنە گوندنشینەکانی ژاپۆنی، دوڤاس بۆی دەرکەوت کە ژنانی گوندەکانی ڕاوچییانی ماسی کە پلە و جێگەیان بەرزترە، لە ژنانی گوندە کانی جووتیاران بەزەبرتر بوون و ئەوەندە هەستیان بە گوناه نەدەکرد و زیاتر نەریتەکانی هاوسەرگیری بە ڕێکەوتنیان لە پێناو هاوسەرگیری بە خۆشەویستی پشتگوێ دەخست.١٣
لە توێژینەوە بە ناوبانگە ٥٠ ساڵەکەی تێرمەن لەسەر بەهرەمەندەکان، ئەو پیاوانەی بەڵێنی خۆیان بەجێ هێنا بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی بە ئاشکرا نەیانتوانی بەڵێنی خۆیان بەجێ بێنن، متمانەیان بە خۆیان زیاتر بوو و کەمئەندامی لە پشتخانیان کەمتر بوو و کەمتر شڵەژاو بوون و لە باری سۆزەوە ئەوەندە ناجێگیر نەبوون. بەڵام ئاوا گەیشتنە ئەنجام کە “ئەو خاڵە لاوازانەی کە لە کەسانی خاوەن پێگە و جێگەی نزم لە ماڵ و کۆمەڵگەدا هەبوون، لە کەمئەندامە دیارەکانیشدا هەبوون.١٤
ئەوە ڕاستییە کە ژنان لە بەراورد لەگەڵ پیاوان پێگەیەکی نزمتریان لە کۆمەڵگەدا هەیە و هەر دوو ڕەگەز زیاتر بەها بە پیاو دەدەن و چالاکی و تایبەتمەندیەکانی پیاو شتێکە کە لە لایەن بەرپرسانەوە سەرنجی پێ دراوە١٥ بەڵام ئەوەی ئەنجام نەدراوە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئەم پێگەیەیە لەگەڵ ئەو تایبەتمەندیانەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت.
ئەو ڕاستییەی کە توێژینەوەی تێروتەسەل لەسەر هۆکار و کاردانەوەی پێگەی نزم لە کۆمەڵگەدا نەکراوە، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش پەیوەندیدارە بە ئەو هەموو هەوڵەی دراوە بۆ دیاریکردنی جیاوازییە دەروونییەکانی نێوان ژن و پیاو، وەکوو هۆکارێک بۆ جیاوازییە زۆرەکانیان لە بەرهەم و داهێنانی کۆمەڵایەتی. توێژینەوەکانی گۆڵدبێرگ دەریدەخەن کە تەنانەت گەر ژنان دەسکەوتەکانیان لە ئاستی دەسکەوتەکانی پیاواندا بێت، زۆر سەرنجی نادرێتێ و بۆ ئەوەی وەک پیاوان دەستخۆشییان لێ بکرێت و کارەکانیان وەک هی پیاوان بە هەند وەربگیرێت، پێویستە کوالیتیی کارەکە زۆر بەرزتر بیت لە کاری پیاوان. بەڵام ئەم حاڵەتە و ئەم پێناسە نێرینەیە لە دەسکەوت، خۆی بە تەنیا هۆکاری کەم بوون یان نەبوونی بەرهەمی کۆمەڵایەتی نییە، بۆیە توێژینەوە هاتە ناو جیاوازییەکانی ژنان/پیاوان.
زۆرینەی ئەم توێژینەوانە، لە شێوازی نەریتی فرۆیدی، تیشکییان خستووەتە سەر دۆزینەوەی جیاوازییە گەشەیی و دەروونییەکان کە دەگوترێت بە شێوازێکی زگماکی لە سروشت و کارکردی ژناندا هەیە. لەگەڵ هەموو ئەم هەوڵانەی دراون، دۆزینەوەکان بە گشتی دەریدەخەن: ١. جیاوازیی تاکە کەسی زۆر زیاترە لە جیاوازیی ڕەگەزی، بە واتایەکی دیکە ڕەگەز تەنیا یەکێکە لەو هەموو تایبەتمەندییانەی مرۆڤ پێناسە دەکات. ٢. زۆرینەی جیاوازییەکانی توانایی لە بوارەکاندا، تا ئەو کاتەی منداڵ دەگاتە تەمەنی ڕۆیشتن بۆ قوتابخانەی بنەڕەتی دەرناکەون. “جیاوازیی ڕەگەزی لەگەڵ زۆرتر خوێندن زیاتر دەردەکەوێت تەنانەت ئەگەر قوتابخانەکە تێکەڵاویش بێت.”١٦
کە سەیری ئەو نووسراوانە دەکەیت کە لەسەر جیاوازیی ڕۆشنبیریی نێوان ڕەگەزەکان نووسراوە، ئۆلگوویەکی سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت.  یەکەم ئەوەی کە خۆی ئامارەکان هەندێک ڕیکوپێکییان پێوە دیارە. زۆرتری ئەو دەرەنجامانەی لەسەر ڕەگەزێکی نموونەیی دەرهاتوون، لەسەر کارکردی دوو لەسەر سێی کەیسەکان بوون. بۆ نموونە دوو لەسەر سێی هەموو کوڕان لە تاقیکردنەوەی بۆردی کۆلێژەکەیان لە بیرکاری باشتر بوون تاکوو بابەتە زمانەوانییەکان و دوو لەسەر سێی کچان لە بابەتە زمانەوانییەکان باشتر بوون تاکوو بیرکاری. دۆزینەوەکانی بالێز دابەشکردنێکی هاوشێوە نیشان دەدا کە لە گرووپە بچووکەکاندا پیاوان ڕابەرییان زیاتر لەسەر ئەنجامدانی کارە و ژنان لەسەر بابەتی سۆزەکی و جڤاکی.١٧ ئەنجامی هەموو تاقیکردنەوەکان ئەم جیاوازییە دوو لەسەر سێیە نییە بەڵام ناوەنجی دەرەنجامی زۆرینەی تاقیکردنەوەکان لەسەر توانای کەسەکان، ئەمە بووە. ڕەگەز پێوەرێکی زۆر دیارە کە تاقی دەکرێتەوە و دەکرێت لەسەری بگەینە دەرئەنجام، بەڵام ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو یەک لەسەر سێیەی دیکە نادات کە لەم چوارچێوەیەدا ناگونجێن. جگە لە توێکاریی لەشیان، تەنیا شتێک کە لە هەموو ژناندا یەکسانە پێگەی کۆمەڵایەتیی نزمیانە.
دووەم ئەوەی کە کچان لە سەرەتادا زۆر باش دەست پێ دەکەن. زووتر دەست بە قسەکردن، خوێندنەوە و بژاردن دەکەن. زۆر ڕوونتر و جوانتر قسە دەکەن و وشەکان زووتر دەکەن بە ڕستە. کێشەی خوێندنەوە و گرفتی زمانیان کەمترە. تەنانەت لە ساڵەکانی سەرەتای قوتابخانە لە بیرکاری باشترن. تا تەمەنی ئامادەیی، ئەو جیاوازیی ڕەگەزییە کە لە قازانجی کوڕاندایە سەر هەڵنادات.١٨ لێرەدا ئۆلگوویەکی دیکە دروست دەبێت.
لە ئامادەییدا نەتیجەی کارکردی کچان لە تاقیکردنەوەکانی توانا کەم دەبنەوە و هەندێکجار زۆر بە خێرایی کەم دەبنەوە. هەرچەندە زیاتر لە نیوەی دەرچووانی ئامادەیی کچن، زۆر کەمتر لە نیوەی قوتابیانی زانکۆ کچن. ئەمە بەو مانایەیە کە ڕێژەیەکی زیاتر لە قوتابییە ژنە باشترەکان دەچنە خوێندنی باڵا بەڵام کارکردیان لە بەراورد لەگەڵ کوڕان بەردەوام خراپتر دەبێت.
کچان باشتر دەست پێ دەکەن بەڵام لە کۆتاییدا خراپتر دەبن. ئەم گۆڕانە لە ڕێژەی کارکردیان لە کاتێکی زۆر ئاڵٶزدا ڕووئەدات، لەو دەمەدا کە پێگەیان دەگۆڕدرێت، یان باشترە بڵێین لەو دەمەی تێدەگەن کە وەک کەسێکی گەورە چ پێگەیەک چاوەڕییان دەکات. لە کاتی هەرزەکارییە کە زەختی هاو گرووپییەکان بۆ “ژنانی” یان “پیاوانە” بوون زیاد دەکات و چەمکی “ژنانی” و “پیاوانە” بچووکتر دەبێتەوە.١٩ هەروەها لەم کاتەدایە کە مەیلی کەسی بۆ گونجاندنت هەیە.٢٠
یەکێک لە پێوەرەکانی کەلتوورمان کە کچان خۆیان لەگەڵی دەگونجێنن، ئەوەیە کە تەنیا پیاوانن کە دەبنە باشترین. ئەمە لە توێژینەوەکانی لیپینسکی بە ناوی “پێکدادانی ڕۆڵ-ڕەگەز و ئەنگیزەی دەسکەوت لە ژنانی زانکۆ” کە دەریخست کە ئەو وێنانەی، پیاوان وەک ناوەندی کەسایەتییەکان وێنا دەکەن، بە شێوازێکی بەرچاو زیاتر وێنەی دەسکەوتیان دەردەخست تاکوو وێنەی ژنان.٢١ تەنیا پێویستە تاقیکردنەوەکەی “ئەش” وەبیرمان بینینەوە کە چۆن زەختی هاوگرووپییەکان کە تەنیا بیری سەختی ئێمە لەسەر “ژنانی” و “پیاوانە” بوون، دەتوانێت کارکردی کچان کەم بکاتەوە. ئەش بۆی دەرکەوت کە نزیکەی لە سەدا ٣٣ی کەسەکان بە پێچەوانەی ئەو شتە بیر بکەنەوە کە هەستیان لەسەر شتێکی زۆر هەستپێکراو وەک بەراوردی درێژیی دوو هێڵ پێیان دەڵیت، لە کاتێکدا کە بڕیاریان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی گرووپەکە جیاواز بوو.٢٢ ئەو بەشەی دیکەی لە سەدا ٦٧ تووشی ترۆما بوونەوە کاتێک هەوڵیان دەدا لەسەر بیرۆکەی دروستی خۆیان بمێنن. کاتێک دەچینە سەر بابەتێکی هەست پێ نەکراو، وەک هەڵسوکەوتی ڕەگەز، ڕۆڵ و سزای کۆمەڵگە کە زۆر گەورەترە لە ناڕەزاییی هێندێک دارودەستەی نەناسراو لە تاقیکردنەوەیەکدا، بیرۆکەیەکمان بۆ دەخوڵقێت لەسەر ڕێژەی هەناسەبڕ بوونی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە. جێی سەرسووڕمان نییە کە پێوەرە کەلتوورییەکانمان وا دەکەن کچێک زۆر زیرەک دەرنەچێت یان لە شتێکدا پێش کوڕ نەکەوێت، یا ئەو زەختانەی کە لەسەر هەرزەکارەکان زۆر زاڵە، وا بکات کچان پێیان وابێت گەشەی هزرییان تەنیا ئاکامی نەرێنیی هەیە. ئەو کورت بوونەی قەدری خۆ گرتنە و بە خراپ زانینی ڕەگەزی خۆ کە لە لایەن سمیت٢٣ و گۆڵدبێرگ٢٤ تێبینی کرابوو، دەرهاویشتەیەکی مەنتیقییە. ئەم پاڵەپەستۆیانە کاردانەوەی تەنانەت لەسەر IQ هەیە کە دەگوترێت ناگۆڕدرێت. هاوئاهەنگ لەگەڵ حەز بە قبووڵ کران لە کۆمەڵگەدا، لە ئامادەیی IQ کچان دێتە خوار IQ کوڕان و گەر بچن بۆ زانکۆ هەندێک نمرەی IQیان دێتەوە سەر و گەر بۆ درێژخایەن ببن بە ژنی ماڵ ئەو نمرەیە دەچێتەوە پرۆسەیەک کە بە نەرمی و بەردەوام ڕوو لە کەم بوونەوە دەکات.٢٥
ئەمانە تەنیا دەرهاویشتە نین. بیرۆکەی نەرێنی لەسەر خۆ دەبێتە هۆی کاردانەوەی نەرێنی و بە شێوازێک کە بەس دەتوانین پێی بڵێین پێشبینییەک کە لەبەر چاوەڕوانییەکان، دێتە دی. ئەوان ئەنگیزەکانیان دەخنکێنن و وزەیان دەخەنە ئەو ئاراستەیە کە ئەگەری زۆرترە لە لایەن کۆمەڵگەوە بە باشی پاداشت وەرگرن. دواتر ئەوانەی ئامانجی ئەم زەختانەن لۆمە دەکرێن کە بۆچی هەوڵیان نەداوە بگەن بە بەرزترین ئاستی پاداشت کە کۆمەڵگە پێشکەشی دەکات.
باشترین نموونە بۆ ئەم بەسرانەوە دووانەیە هەر ئەوەیە کە دەروونناسەکان پێی دەڵێن “پێویستی بە دەسکەوت”. لەسەر ئەنگیزەی دەسکەوت لە قوتابییانی پیاوی ساڵی دووی زانکۆ، بە تێر و تەسەلی لێکۆڵینەوە کراوە. لە ژناندا زۆر بە دەگمەن چاوی لێ کراوە؛ ژنان لەو مۆدێلەی زانایانی کۆمەڵناس بۆ لێکدانەوەی دەسکەوت لە ناو پیاوان دایاننابوو نەگونجان. لە تاقیکردنەوەی دەسکەوتدا کچان وەک کوڕان ئەو پەیوەندییەی نێوان نمرە و دەسکەوت ناخەنە ڕوو. بۆ نموونە ستیڤەر دەریخست کە ئەو کچانەی “بۆ زانکۆ ئەنگیزەیان نەبوو” لە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی “ئەنگیزەی باشیان هەبوو بۆ زانکۆ”، لە تاقیکردنەوەی ئەنگیزە بۆ دەسکەوت نمرەیان بەرزتر بوو.٢٦ لەسەر هۆکاری ئەمەیش زۆر بە کەمی لێکۆڵینەوە کراوە. سیاسەتی گشتیی توێژەرەکان ئەمە بوو کە گەر کچان نەگونجان لێیان گەڕێن. هەر چەندە کە هەندێک تیۆری پێشنیار کران.
پیێرس، وای دانا کە بەشێک لەو شیواوییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆ کچان هەر ئەو پێوەرانە بەکار هێنران کە بۆ دەسکەوتی کوڕان لە قوتابخانە بەکار دەهاتن. بۆیە ئەو، توێژینەوەیەکی لە سەر ژیانی هاوسەرگیری لە بەرانبەر ژیانی کاری لە ناو قوتابییانی کچی ئامادەیی ئەنجام دا کە تا ڕادەیەکی کەم پەیوەندییەکی بەردەوامی لە نێوان نمرەی زۆر لە ئەنگیزەی دەسکەوت و ئاراستەی ژیانی هاوسەرگیری دەرخست.٢٧ لە ساڵی ١٩٦١ توێژینەوەیەکی دیکەی ئەنجام دا کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لە نێوان نمرەی بەرز لە دەسکەوت و دەسکەوتی ڕاستەقینە لە ژیانی هاوسەرگیری کە یەک ساڵ دوای دەرچوون لە ئامادەیی پێکهاتبوو نیشاندا. ئەوانەی چوون بۆ زانکۆ و/یان  ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێنا نمرەیان لە خوارتر بوو.٢٨
هەرچەند کە بە داخەوە ڕوونکردنەوەی لەسەر سەرچاوەی کلاسەکە و تایبەتمەندییەکانی دیکەی توێژینەوەکەی نەدا بەڵام ئاشکرایە کە واقیعی حاڵ وا نییە کە ژنان ئەنگیزەی دەسکەوتیان نەبێت، بەڵکوو ئەو ئەنگیزەیەی لە ژناندا هەیە، لەگەڵ هی پیاوان جیاوازە. لە ڕاستیدا ئاراستەی دەسکەوتی هەر دوو ڕەگەز بۆ ئەو شتانەیە کە کۆمەڵگە دەستنیشانیان دەکات – بۆ کوڕان دەسکەوتی خوێندن و بۆ کچان دەسکەوتی ژیانی هاوبەشی. پیێرس ئاماژەی کرد کە “ئەنگیزەی دەسکەوت لە کچان خۆی بە کارکردی ئەکادێمی نابەستێتەوە بەڵکوو زیاتر پەیوەستە بە دەسکەوتی خێرا بە پێگەی کەسێکی گەورە. ئەم بیرۆکەیە مەنتیقییە کە لە ژناندا دەسکەوتی ئەکادێمی لە پێگەی دەسکەوت گرنگیی کەمترە تاکو لە پیاواندا.”٢٩
هەروەها دەڵێت کە “کچان وادەزانن بۆ ئەوەی بگەن بە ژیانی ژنێکی پێگەیشتوو، پێویستە ڕێگەیەکی نائەکادێمی بگرنەبەر، سەرنجی کۆمەڵگە بەدەست بهێنن، جوانیی کەسی و جلوبەرگیان هەبێت، پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی پەسەندکراویان هەبێت و لەگەڵ پیاوێکی گونجاو ژیانی هاوسەرگیری پێک بێنن. ئەمەیە ژنێکی سەرکەوتووی پێگەیشتوو … ئەنگیزەکانی دەسکەوتیان ئاراستە کراون بەرەو دانانی ئامانجی تایبەتیان بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ پیاوان … ئەو کچانەی ڕەوتی ئاساییی گەشە کردنیان گرتۆتە بەر، زۆرتر لە ڕێگەی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لە تەمەنی خوارەوەدا پێگەیەکی گەورەساڵی بەدەست بهێنن.”٣٠
دەسکەوت بۆ ژنان پێگەیەکی گەورانەیە لە ناو ژیانی هاوبەشدا نەک سەرکەوتن بە مانای وشەکە. کەسێک لەوانەیە وا بڵێت کە هەر دوو جۆرە سەرکەتنەکە دەشێن، بە تایبەت بۆ ئەو خانمانەی زۆر ئاراستەی ژیانیان لەسەر دەسکەوتە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دووە زۆر جار وەکوو دوو شتی ناکۆک دەردەکەون، سەرکەوتن لە یەکێکیان دەبێتە سەرنەکەوتن لەوی دیکە.
هۆرنێر لە زانکۆی میشیگان توێژینەوەیەکی ئەنجامدا کە دەریخست بەربەستێکی دەروونی لە ژناندا پێش بە گەیشتن بە دەسکەوت دەگرێت. ئەو تاقیکردنەوەی TATی ئەنجام دا بۆ قوتابیانی بەکالۆریۆس لەسەر چەند وشەیەک کە دەڵێت “دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتاییی تێرمی یەکەم، ئانا بوو بە یەکەم لە ئاستی کلاسەکەی لە زانکۆی پزیشکی.” TATی هاوشێوەیش درا بە گرووپێکی پیاوانە بە ناوێکی پیاوانەوە. دەرەنجامەکە وێنای ترس لە دەسکەوت هەڵدەسەنگێنێت و هۆرنێر بۆی دەرکەوت کە ٦٥٪ی ژنان و تەنیا ١٠٪ پیاوان بە ئاشکرا “ئەنگیزەی دووریگرتن لە سەرکەوتن”یان تێدا بوو. ئەو ئەنجامەکان وا لێکدەداتەوە کە چاوەڕوانیی سەرکەوتن یان بارودۆخێک کە سەرکەوتن یان شکست ئەگەری ڕوودانیان هەبێت، وا پێدەچێت و هەر لە ڕاستیشدا بۆ ژنان دەرهاویشتەی نەرێنیی دەبێت. سەرکەوتن بە مانای ئاسایییەکەی بۆ ژنان مەترسیدارە. توێژینەوەی زیاتر سەلماندی کە ترس لە پەسەند نەبوون لە لایەن کۆمەڵگە و ناکۆکیی ڕۆڵەکان بۆتە هۆکاری سەرهەڵدانی “ئەنگیزەی دووریگرتن کە سەرکەوتن.”٣١
جیاوازیی توانا، پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ جیاوازیی حەز٣٢ و ژنان زۆر حەزیان لە دووریگرتنە لە سەرکەوتن کە لەبەر زەختی هاوڕەگەزەکانیان و کەلتوور ئەوە زەقتر دەبێت. هەرچەندە زۆریک لە جیاوازییە ڕەگەزییەکان لە تەمەنێکی خوارەوەدا سەرهەڵدەدەن و زەختی هاوڕەگەزەکانیان کاریگەریی وای لەسەریان نییە و پەیوەندیی بە ڕۆڵە ڕەگەزییەکانەوە نییە. یەکێک لەم جیاوازییە ڕەگەزییانە توانای تێگەیشتنی کەلێنییە، یان توانای پێش چاو هێنانی شتەکان لە دەرەوەی چوارچێوەیەک کە تێیدان. لەم تاقیکردنەوەیەدا کوڕان باشترن بەڵام جیاوازییەکەی تا تەمەنی چەند ساڵی یەکەمی قوتابخانە دەرناکەوێت.٣٣ باقیی تاقیکردنەوەکانیش ئەوە دەردەخەن کە کوڕان شیکاری (شیکارانە) بیردەکەنەوە، لە کاتێکدا کچان بە شێوازی ناوەرۆکی (ناوەرۆکانە). ئەم توانایەی “پەیوەست نەبوون بە مەیدان” تا ساڵی چوارەم و پێنجەم دەرناکەوێت.٣٤
بە پێی بۆچوونی مەککۆبی ئەم شێوازی وەرگرتنە ناوەڕۆکییە کە لە ناو ژناندا باوە، بە زەرەری بەرهەمی زانستییە. “بە شێوازێکی ناونجی، کچان ڕێگایەکی جیاواز بۆخۆیان دادەنێن بۆ وەرگرتنی ئەو زانیارییانەی پێیان دەگات – بیرکردنەوەیان زۆر شیکارییانە نییە و زیاتر گشتاندنە و پارێزکارانەیە – ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە ڕەنگە بۆ زۆرێک لە کارەکان سوودمەند بێت بەڵام ئەو بیرکردنەوەیە نییە کە ببێتە ئاستێکی بەرزی بەرهەمهێنانی زیرەکانە، بە تایبەت لە زانستدا.”٣٥
چەندین کۆمەڵناس وایان لێکداوەتەوە کە  سەرەکیترین تایبەتمەندیی گەشەی بیرکردنەوەی شیکاریانە، هەر ئەوەیە کە پێی دەگوترێت “ڕاهێنانی سەربەخۆ و لێهاتوو” یان “چەندە زوو منداڵێک هان دەدرێت دەستپێشخەر بێت و بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، تاکوو ئەوەی کە بۆ ئاراستەی چالاکییەکانی پشت بە کەسانی دیکە ببەستێت.”٣٦ بە گوتەیەکی دیکە، ئەو منداڵانەی بە شێوازێکی شیکارییانە هان دەدرێن هەر دەبنە ئەوانەی کە برۆنفێنبرێنێر دەڵێت کە  “زیاد لە حەد جڤاکی”٣٧ نەبوون و بەڵگەی ناڕاستەوخۆ هەیە کە ئەم وتەیە ڕاستە. ڵێڤی تێبینیی کردووە کە ئەو کوڕانەی “زیاد لە حەد پارێزراون” ئاستی زیرەکییان وەک کچان دەبێت.٣٨ بینگ دەریخست کە ئەو کچانەی لە کارە فەزا و شوێنی‌یەکاندا (مکان) باشن، دایکیان لێیان گەڕاون خۆیان کێشەکانیان چارەسەر کەن، لە کاتێکدا ئەو دایکانەی کچەکانیان مەیلیان لە دوان و زمانەوانییە، هەوڵیان داوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان یارمەتییان بدەن.٣٩ بە هەمان شێوە، ویتکین دەریخست کە دایکی منداڵە لێکۆڵەرەکان هانیان داون دەستپێشخەر بن لە کاتێکدا دایکی ئەو منداڵانەی لێکۆڵەرییان نەدەکرد، هانییان دەدان پێبەند بن و دووریان دەخستنەوە لە خاوەنبیر بوون.٤٠ نووسەرێک لەسەر ئەم توێژینەوانە تێبینیی نووسی کە “ئەمە دوور لە چاوەڕوانی نییە، چونکە منداڵێکی سەربەخۆ ئەگەری کەمە شتێکی هەروا قەبووڵ کات بە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لێ بکات، لە کاتێکدا منداڵێکی پشتبەستوو، دەترسێت خۆی بەدواداچوون بکات و بەبێ پرسیار کردن شتەکان قەبووڵ دەکات. بە گوتەیەکی دیکە، منداڵە سەربەخۆکە نەتەنیا چالاک‌بوونی جەستەیی و دەروونیی زۆرە و بە جەستە چالاکە، بەڵکوو بە شێوازێکی سروشتی ئەزموونی جووڵەییی زۆرترە و پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ ژینگەی خۆی دەبەستێت.”٤١
ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەستن بە ڕاهێنانی سەربەخۆیییەوە، کاردانەوەیان لەسەر IQ هەیە. سۆنتاگ توێژینەوەیەکی درێژەڕۆیی کرد کە ئەو منداڵانەی IQیان لەگەڵ سەرکەوتنی تەمەنیان باش ببوو، لەگەڵ ئەوانە بەراوەرد کرد کە IQیان لەگەڵ سەرکەوتنی تەمەنیان هاتبووە خوارەوە و بۆی دەرکەوت کە ئەو منداڵەی IQی سەر دەکەوت، ئامادەی پێشبڕکێ بوو، خاوەن بیری خۆیەتی، سەربەخۆیە و لە پێکداچوون لەگەڵ منداڵانی دیکە زاڵە. ئەو منداڵانەی IQیان دەهاتە خوار سست، شەرمن و پشتبەستوو بوون.٤٢
مەککۆبی لەسەر ئەم توێژینەوەیە تێبینی نووسیوە کە “ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندییان بە زۆربوونی IQوە هەیە، زۆر ژنانی نین . کاتێک کە لە یەکێک لەوانە پرسیار کرا کە چ جۆرە مێژوویەکی گەشەیی دەبێتە هۆی ئەوەی کچێک زیرەک بێت، وڵامی دایەوە: سادەترین ڕێگە بۆ گوتنی ئەمەیە کە ئەو کچە دەبێ لە منداڵیدا هەندێک کوڕانی بێت.”٤٣
بە هەمان شێوە، کاگەن و مۆس گوتوویانە کە “ژنانێک کە لەو بابەتانەی پێویستییان بە بەهرەی لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەی ئاڵۆز هەیە کارکردیان باشە، ئەو پێناسە مێیینەیییە نەریتیانە ڕەد دەکەنەوە.”٤٤ هەروەها بۆیان دەرکەوت کە لەو منداڵانەی لە توێژینەوەی فێل بەشدار بوون، “پارێزگاری لە کچان لە منداڵی و گەورەییدا، پەیوەست بوو بە هەڵبژاردنی حەز و زەوقی ژنانی. پارێزگاریی دایکانە هەم کچان و هەم کوڕانی ژنانی  دەکرد.”٤٥ هەرچەندە بەهرەی شیکارییانە تەنیا بەهرەیەک نییە کە لە کۆمەڵگەدا بەهای پێ دەدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە بیرۆکەی ناوەڕۆکی و لە ئاراستەی کەسەکانیش بەهرەی بە بەهان بۆ زۆرێک لە بابەتەکان، ژنان لەو بابەتانەیش کەم دەبینرێن. ئەو تایبەتمەندییانە لە هونەر و هەندێک زانستی کۆمەڵناسی گرنگن. هەرچەندە ژنان لەم بابەتانە سەرکەوتووترن، تاکوو لە زانست، هێشتا دەسکەوتیان بەرابەر نییە لەگەڵ هی پیاوان. یەک ڕوونکردنەوە ئەوەیە کە هۆرنێر باسی “ئەنگیزەی دووری گرتن لە سەرکەوتن”ی کردووە، بەڵام گەر زۆرتر توێژینەوەی لەسەر بکەین، دەبینین کە هۆکارەکەی بۆ کاتێکی زووتر دەگەڕێتەوە.
هەر ئەو ڕاهێنانی لێهاتوویی و سەربەخۆیییە کە کاردانەوەی باشی لەسەر بیرکردنەوەی لێکۆڵەرانە هەیە، ئاستی مەیلی ئەو کەسە بۆ دەسکەوت دیاری دەکات.٤٦
هەرچەندە توێژینەوەی تێروتەسەل بۆ بەراوەرد کردنی هەڵسوکەوتی دایک و باوکان لەگەڵ کچان و کوڕان نییە، ئەوانەی کە ئەنجام دراون دەریدەخەن کە ئەو نەریتانەی بەسەر کچاندا سەپێندراون، زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی بەسەر کوڕاندا سەپێندراون.  کچان سۆزی زیاتر، پارێزگاریی زۆرتر، کۆنترۆڵی زۆرتر و بەستنەوەی زیاتر وەردەگرن. کوڕان زیاتر بەر داواکاری بۆ دەسکەوت و چاوەڕوانیی زیاتر دەکەون.٤٧ بە کورتی، لە کاتێکدا کچان هەمووکات لە خۆیانەوە هان نادرێن کە پشتبەستوو بن، بە هەمان شێوەیش هان نادرێن کە سەربەخۆ و بە جەستە چالاک بن. “ئەم زانیارییانە دەریدەخەن کە هەڵسوکەوتی جیاواز لەگەڵ دوو ڕەگەزەکە تا ڕادەیەک لە جیاوازیی ئامانجەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ کوڕان جڤاکی بوون وەک ئامانجێکی سەرەکییە بۆ دروست کردن و بنیاتنانی کاریگەریی کوڕان لە ژینگەدا. ئامانجی سەرەکی بۆ کچان پاراستنیانە لە کاردانەوەی ژینگە. کوڕ ئامادە دەکرێت دنیا لە شێوەی خۆی بکات و کچ بۆ ئەوەی شێوەی دنیا بگرێت.”٤٨ برۆنفێنبرێنێر دەڵێت ئەم شێوەیە لە کچاندا نموونەیییە ومەترسیی “زیاد لە حەد جڤاکی بوون” لە خۆ دەگرێت.
ئەو لەسەر کاردانەوە نەرێنییەکانی ئەم “زیاد لە حەد جڤاکی بوونە” لە سەر کچان ڕوونکردنەوە نادات، بەڵام نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەوەی کە چ بەسەر “کوالیتیی سەبەخۆیی، دەسپێشخەر بوون و خۆ بژێوی”ی کوڕان دێت ئەگەر ئاوا ڕاهێنانێک بەوان بکرابایە. “لە کاتێکدا کە چوارچێوەیەکی سۆزەکی بۆ جڤاکی بوونی کوڕان گرنگە، دەبێت لەگەڵ تەربیەتی دایک و باوکی بگونجێت، بە پێچەوانەوە کوڕەکە خۆی لە هەمان دۆخی ئەو کچەدا دەبینێت کە لەبەر ئەوەی سۆزێکی زۆرتری وەرگرتووە، بە نیسبەت وەرنەگرتنی سۆز هەستیارترە، و لە ئاکامدا هێندێک تەربیەت، نەتیجەی زۆرترە و ئەمر کردن بە جێگەی ئەوەی دروستکەر بێت دەبەستێتەوە.”٤٩
توێژینەوەکانی شاکتێر لەسەر منداڵانی یەکەم و ئەوانەی دواتر لەدایک دەبن، پشتگیریی ئەمە دەکات کە دەرهاویشتەی جیاوازی لە جڤاکی بوون، جیاوازی لە کەسایەتییە. منداڵانی یەکەمی خانەوادە وەکوو کچان جڤاکیترن بەڵام شڵەژاوتر و پشتبەستووترن، لە کاتێکدا منداڵانی دووەم وەک کوڕان متمانەیان بە خۆیان زیاترە و توندوتیژترن.٥٠
برۆنفێنبرێنێر وا هەڵیدێنجێت کە گۆڕاوی چارەنووسساز جیاوازیی هەڵسوکەوتی باوکە و “لە ڕاستیدا، ئەمە باوکە کە لەوانەیە لەگەڵ دوو ڕەگەزەکە جیاواز هەڵسوکەوت بکات.” ئەوپەڕی سۆز دەربڕینی باوک یان ئەمر کردنی، هەر دووی هەر زیانبەخشە. زیاد نەرم بوون و پارێزگاری کردن لە کچان دەبێتە هۆی “زیاد لە حەد جڤاکی بوون”، بەڵام بوونی وزەیەکی بەهێزی باوکانە بە تایبەت لاوازی دەکات. بە کورتی، کوڕان لە چوارچێوەیەکی باوک سالارانەدا دەگەشێنەوە و کچان لە چوارچێوەیەکی دایک سالارانەدا.”٥١
تێبینیەکانی لە لایەن دووڤان پشتگیریی لێ کرا کە گوتوویەتی “کاری نیوە وەختی دایکان لەسەر منداڵانی هەرزەکار کاریگەریی ئەرێنیی هەیە، بە تایبەت منداڵانی کچ. ئەمە وا دەریدەخات کە هەرزەکاران ڕەنگی دایکایەتی زۆر لە حەد وەرگرن.”٥٢
گرنگیی دایک و دایکایەتی کردن لە لایەن کاگەن و مۆس تێبینی کرا. بە چاو لێ کردن لەو باشترین نموونەیەی دایکان دەیخەنە بەردەستی کچەکانیان کە خەریکی گەشە کردنن، بۆیان دەرکەوت کە ئەو ژنانەی بە ناژنانی سەیر دەکرێن، کچەکانیان بە شێوازێکی زیرەکانە دەسکەوتیان هەیە. ئەم دایکانە “توندوتیژن و ئامادەی پێشبڕکێ کردنن و بەرانبەر کچەکانیان ڕەخنەگرن و خۆیان لای کچەکانیان وەک پێشبڕکێکارێکی زیرەک و مۆدێلە نموونەیییەکی توندوتیژ نیشان داوە. مەنتیقییە کە وا دابنێین کە کچەکان خۆیان هاوتای ئەم ژنانە دیوە و بەهایان بە هەڵسوکەوتی لێهاتوو داوە.”٥٣
وا پێدەچێت کە ڕەگەزەکان بە شێوازی جیاواز، بە پەروەردەیەکی جیاواز و بۆ ئامانجی جیاواز و بە ئاکامی جیاواز، جڤاکی کراون. ئەگەر بۆچوونی مەک‌کلیلەند لەسەر تەواوی ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان شێوەکانی پەروەردەکردنی منداڵ(بە تایبەت لەبواری سەربەخۆیی و لێهاتوویی)، نمرەی ئەنگیزەی گەشەکردنی ئەو تاکانەی لە تاقیکردنەوەکەدا بوون، سەرکەوتنی ڕاستەقینەی تاکەکان و لەڕاستیدا گەشە کردنی ئابووریی کۆمەڵگەکان دەیاندۆزێتەوە، ڕاست بێت،٥٤ ئیتر پرسیارێک لەسەر ئەوە نامێنێتەوە کە بۆچی دەسکەوتی مێژووییی ژنان ئەوەندە کەمن. لە ڕاستیدا، ئەو پەروەردەی پشتبەستوو بوونەی لە سەرەتای ژیانیان وەریدەگرن ئەو پرسیارە دروست دەکات کە چۆن ئەو هێندە دەسکەوتەشیان هەبووە.
بەڵام ئەمە هەمووی چیرۆکەکە نییە. مەککۆبی لە باسێک لەسەر پەیوەندیی پەروەردەی سەربەخۆبوون لەگەڵ توانای شیکاریدا دەڵێت کە ئەو کچەی تەسلیمی زیاد لە حەد پارێزراوی نابێت و کەسایەتی و ڕەوشتێکی گونجاوی ڕەگەزەکەی دروست دەکات، بەهایەکی زۆر دەبێ بدات: بەهای شڵەژاو بوون. یان وەک ئەو ڕەخنەگرانەی دیکە گوتوویانە: “دنیای هەڵسوکەوتی شیاوی پیاو و ژن لە سەرەتای گەشەکردنیان دروست دەبیت و بۆ منداڵ ئەستەمە ئەم سنوورە کەلتوورییانەی بەسەریدا سەپاوە بە بی کێشە و ململانی ببەزێنێت.”٥٥
کەمێک لە دڵەڕاوکێ بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە باشە، بەڵام دڵەڕاوکێی زۆر یان بەردەوام زەرەر دەگەیێنێت، “چونکە هەوڵی چارەسەر کردن کەم دەکات، دەستێوەردان لە وەرگرتنی پشوو دەکات و وەرگرتنی پێکهاتەکانی بیرکردنەوە ڕادەگرێت.”٥٦ ئەم جۆرە لە دڵەڕاوکێ بە تایبەت لە ژنانێکدا کە دەچنە زانکۆ هەیە٥٧ و بە دڵنیایییەوە ئەوان لە نێوان چالاکییە ڕۆشنبیرانەکانی ئێستایان و چاوەڕوانیی هەڵسوکەوتکردنیان لە پیشەی ڕۆشنبیرانەیان لە داهاتوودا، هەست بە زیاترین گرژی دەکەن.
مەککۆبی هەست دەکات “ئەم دڵەڕاوکێیەیە کە دەبێتە هۆی نەبوونی بەرهەم لە ناو ئەو ژنانەی کە پیشەی زیرەکانەیان هەیە.” تێکەڵاوی زەختی کۆمەڵگە، چاوەڕوانیی ڕۆڵگێڕی و پەروەردەی دایباوان دەکاتە “چیرۆکێکی ترسناک کە تەنانەت لەو کاتەی کە ڕۆشنبیر بوون و میزاجێکی باشیان هەیە و خوویان گرتووە بە بەکار هێنانی ئەم بەشە لە ڕۆشنبیرییەوە، خۆی دەردەخات و دەبێت زۆر بەهێز بێت بۆ ئەوەی دڵخۆش و سەلامەت بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە ڕۆشنبیر بوون.”٥٨
هۆکاری ئەم چیرۆکە ترسناکە دەبێ ئێستا ئاشکرا بێت. بە پێی نەریتەکان، ژنان وەک بوونەوەرێکی سست لە سێکس و بە جەستە و بە دەروون پێناسە کراون. ڕۆڵ گێڕانیان بە ڕۆڵی سست و پشتبەستوو و یارمەتیدەر سنووردار کراوە و لەو کاتەی لەدایک دەبن پەروەردە دەکرێن لەم ڕۆڵانەدا بگونجێن. هەرچەندە ئەو تایبەتمەندییانەی کەسێک پێی سەرکەوتوو دەبێت لە کۆمەڵگەدا، تایبەتمەندیگەلێکی چالاکن. حەز بە دەسکەوت کردن، ڕۆشنبیری و توانای شیکاری بە ڕێژەیەکی زۆر پێویستن.
تا ئەو کاتەی ژنان لەو قەناعەتەدا بوون کە ئەم تایبەتمەندییانە سەرووی توانای ئەوان بووە و ئەوان بن دەستن و تا ئەو کاتەی بە مانەوە لەو پێگەیەدا دڵخۆش بوون، بە بێدەنگی لەژێر کاریگەریی سیستەمی باوکسالارانەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا مانەوە. باوکسالاری سیستەمیکی ژیانی پێش پشەسازی بوو و قورسایییەکەی لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی تا ڕادەیەک کەم بووەوە.٥٩ بەم شل بوونەوەی پلەی کۆمەڵایەتییە، بەهرەی ژنان دەرکەوت.
لە سەدەی ١٨ بڕوا وا بوو کە هیچ ژنێک جگە لە سافۆ، تا ئەو کاتە لە وێژەدا بەرهەمێکی گرنگی نەبووە. بەڵام لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ژنانی نووسەری زیرەک بە لێشاو هاتنە گۆڕەپانی وێژەوە.٦٠ تا کۆتاییی سەدەی ١٩ ژنانی زانستیی دیار دەرنەکەوتن و دواتریش ژنانی فەیلەسوف سەریانهەڵدا.
تەنیا دوای ئەوەی شۆڕشی پیشەسازی پلەی کۆمەڵایەتیی شڵەژاند، ژنان توانییان هەندێک لە نەریتەکەنی کۆمەڵگە بشکێنن. لە کۆمەڵگەی پێش شۆڕشی پیشەسازیدا بنەماڵە یەکەی بنەماییی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بوو و ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان تێدا دەدیت. بەرز بوونی ڕێژەی مردن و لەدایک بوون لەو کاتەدا لەگەڵ ئەم بابەتە دەرفەتێکی باشی بە ژنان دا کە کاری خۆیان لە ناو ماڵدا بکەن کە ناوەندی بەرهەمهێنان بوو و ژنان توانیان هاوکات لە ماڵ و لە هەموو دنیا دەرکەون. بەڵام شۆڕشی پیشەسازی لەگەڵ هاتنە خوارەوەی ڕێژەی مردنی منداڵانی ساوا، زۆرتر بوونی هیوای ژیان و گۆڕان لە ڕیکخراوە ئابوورییەکان، بنەماڵەیان وەک یەکەیەکی  ئابووری تێکشکاند. پێشکەوتنی تەکنەلۆژی، ژنی لە ماڵ هێنا دەرەوە و ئەو کارانەی پێشتر بە ژنانی دادەنرا جێگرەوەی بۆ هات.٦١ بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤ، ژنان خۆیان بە تەواوی تەرخان کرد بۆ ئەوەی بە پێی پێویست دایکایەتی بکەن.٦٢ چەمکی کۆمەڵگەیش گۆڕدرا. سەردەمێک پلەبەندیی باڵادەستی نۆرم بوو و باوکسالاری دەرهاویشتەی تێڕوانینی باڵادەستیی کۆمەڵایەتی بوو. لە کاتێکدا ئەستەمە توێژێنەوە لە کۆمەڵگەی فێئۆدالیستی بکرێت، دەزانین کە ڕێژیمی دیکتاتۆری وەک تایبەتمەندی، پەیوەندیی بەهێزی هەیە لەگەڵ چەمکە توندەکانی ڕۆڵی سێکسی و لەگەڵ ڕێژیمی نەژادگەرادا.٦٣ لە زانیارییە نەژادزانییەکاندا بۆمان دەرکەوتووە کە “هاوتەریبییەک لە نێوان پەیوەندیی بنەماڵەیی و پلەبەندییە گەورەترەکانی کۆمەڵگەدا هەیە. کۆمەڵگە ئۆتۆکراتیکەکان، بنەماڵەی ئۆتۆکراتییان هەیە، چونکە پاشا حوکمڕانی بە ژێردەستەکانی دەکات و خانەدانەکانیش ملکەچیی دەکەن و ژێردەستەکانیان دەچەوسێننەوە و پیاوەکانیش خۆیان بەسەر ژنەکانیاندا زاڵ دەکەن و باوکەکان بەسەر کوڕەکانیاندا.”٦٤
بە پێی گوتەی داندرەید، “گۆڕاوێکی دیکە  کە کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات هەیە و دوو ڕەگەزەکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە پیاوان چەند زیاتر لە ژنان کۆنترۆڵیان بەسەر مڵکەوە هەیە.”٦٥ ئەو، زانیاریی خستەڕوو کە لە نێوان ڕێژەی باوکانە بوونی بەشی زگماکی، سەرکەوتن و ڕوو لە کەم بوونی ئەندامێتی لەگەڵ بن دەست بوونی ژناندا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی دەردەخست.
تەنانەت ئێستایش یەکسانیی ڕەگەزەکان لە ناو بنەماڵەدا دەرهاویشتەی یەکسانیی ئابووریی هاوسەرەکانە. لە نموونەیەک لە دیترۆیت، بڵۆد و وۆڵف دەریانخست کە گەر ژن کار نەکات دەسەڵاتی ڕێژەییی کەمە و بە پێی ڕێژەی هاوکاریی ئابووری بۆ بنەماڵە سەردەکەوێت.٦٦ کار کردنی ژنان بە یەکسانکردنی سەرچاوەکانی ژن و مێرد، کاریگەریی هەیە لەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتی خێزان.  مێردی ژنێک کە کار دەکات باشتر گوێی بۆ دەگرێت و خۆی ژنەکەیش باشتر گوێ بۆ خۆی دەگرێت. ئەو باشتر خۆی دەردەبڕێت و بیرۆکەی زیاتری هەیە. بە جێگەی ئەوەی کە چاو لە مێردەکەی بکات و ئەو ستایش بکات، خۆی دەهێنێتە ئاستی ئەو و ڕێگەچارە بۆ کێشەکان دەبینێتەوە. بۆیە دەسەڵاتی زۆرتر دەبێت و ئەگەر ڕێژەیی هەڵیسەنگێنین، دەسەڵاتی مێردەکە کەم دەبێتەوە.٦٧
گوودیش ئەم ئۆلگووەی تێبینی کردبوو بەڵام دەیگوت کە ئەو ڕێژەیە بە پێچەوانەی ئاستی پلەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.٦٨ هیڵ ئەوەندە هاتە پێش کە بڵێت “پارە سەرچاوەی دەسەڵاتە کە باڵادەستیی پیاوان لە ناو خێزان دەپارێزن … پارە هی ئەو پیاوەیە کە پەیدای دەکات نەک هی ئەو ژنەی کە خەرجی دەکات، چونکە ئەو پیاوە دەتوانێت ئەو سەرچاوەیە ببڕێت.”٦٩ هاڵێنبێک پێی وایە کە زیاتر لە سەرچاوەی دارایی لەم بابەتە کاریگەریی هەیە، بەڵام وا دەڵێت کە لە هەر بنەماڵەیەکدا باڵانسێک لە دەسەڵات هەیە کە کاریگەری لەسەر “هەموو ڕەهەندەکانی دیکەی ژیانی هاوسەرگیری – کەرتی کار، ڕێژەی سازان لەگەڵ هاوسەر، شێوازی چارەسەری کێشەکان و هتد دادەنێت.”٧٠ بڵۆد پێی وایە دۆخی ئابووری، کاریگەریی هەیە لەسەر هەموو پێکهاتەکانی خێزان.
“کچی ئەو دایکانەی کار دەکەن سەربەخۆترن، زیاتر پشت بە خۆیان ئەبەستن، توندوتیژترن، زاڵترن و کەمتر گوێ دەگرن. ئەو کچانە چی دیکە لاواز، ئارام، گوێگر و ژنانی نین وەک ئەو “خاتوونە وردیلانەی” کە دەبێ ببن. ئەوان زبر و قایمن و بە چالاکی بیرۆکەی خۆیان دەردەبڕن و هیچ شتێک لە هیچ کەس قەبووڵ ناکەن … چونکە دایکیان نموونە بوون بۆیان و کچەکانیشیان بوێرییان دەست کەوتووە کە خۆیان پارە پەیدا کەن. ئەو کچانە زۆرتر کاری نیوە وەخت دەکەن دوای قوتابخانە و لە پشووی هاویناندا.”٧١
بەری، بەیکن و چایڵد شیکارییەکی نەژاد-مێژوونووسییان کرد کە بینینێکی زیاتر دەدات لەسەر سەرچاوەی زاڵبوونی پیاو. دوای توێژینەوە لە ڕاپۆرتە نەژادنووسییەکانی ١١٠ کەلتوور بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەو جیاوازییە ڕەگەزییە گەورەیە و باڵادەستیی پیاو، لە ئێستادا هەیە و لە “ئابوورییەکدا ڕوو ئەدات کە تیشکێکی زۆر دەخاتە سەر هێزی باڵادەست و گەشەکردنی باشتری شارەزاییی جووڵە کە پێویستی بە هێزە و تایبەتمەندییەکی پیاوانەیە.”٧٢ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هێزی جەستەییی زۆر و جووڵە بۆ زیندوو مانەوە پێویستە، ڕەگەزی بەهێزتر و بەجووڵەتر زاڵ دەبێت. ئەم بیرۆکەیە، بە توێژینەوەی سپیرۆ لەسەر ڕۆڵی ڕەگەزی لەناو کێڵگە هەرەوەزییەکان لە ئیسراییل پشتگیریی لێ کرا.  لەوێ ئابووری بە شێوەیەکی بەرچاو مێکانیزە نەکرابوو و هێزی باڵادەستی پیاو لە زۆرینەی کارەکاندا پێویست بوو. بۆیە لەگەڵ ئەو هەوڵە هۆشیارانەیەی ئەدرا بۆ شکاندنی نەریتی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان، ژنان بۆ ئەو کارانە دادەنران کە کەمتر سەختییان تێدا بوو.٧٣
هەرچەندە هەندێک کار هەن کە ئەکرێ بڵێین هەموو کۆمەڵگەیەک تەنیا بە پیاوان یان ژنانی دەسپێرن، بەشێکی زۆری پیشەکان بۆ هەر دوو ڕەگەز دەبن. لەڕاستیدا تەنانەت لە کۆمەڵگە زۆر سەرەتایییەکانیش  هەموو کارەکان هەم بە پیاو دەکرێن و هەم بە ژن. بە ڕێژەیەکی یەکسان لە گرنگی، ڕەنگە ئەو کارەی لە کۆمەڵگەیەک پیاوانەیە، لە کۆمەڵگەیەکی دیکە ژنانە بێت.٧٤ هەرچەندە، هۆکاری کەرت کردنی کار بەسەر ڕەگەزەکاندا سنووردار بوونی توانا جەستەیییەکان نییە، ئەوەی لە کۆمەڵگەیەک بە کاری ژنانی بزانرێت، زۆر بە دەگمەن لە لایەن پیاوانەوە دەکرێت و بە پێچەوانەشەوە. وا پێدەچێت ئەوەی لەبەر زەروورەتی زیندوو مانەوە کارەکانی دابەش کرد بە زۆر بابەتی دیکەیش ڕێگەی پەیا کردووە و بەرگەی گرتووە؛ تەنانەت تا دوای ئەو کاتەیش بەهای کۆمەڵگەیی نەماوەتەوە. لەو جێگەیەدا هێز و جووڵە پێویست بووە بۆ زیندوو مانەوە، باڵادەستی و زاڵبوونی پیاو لە هەمووی زەقترە. باڵادەستیی پیاو هاتە ناو پێکهاتە بەهایییەکان و هەروا مایەوە.
بۆیە لەگەڵ کۆتاییهاتن بە پێویستی بە هێزی پیوان، باڵادەستییان کۆتاییی پێ نەهات. هەروا کە گوود ئاماژەی پێ کردووە، یەک فاکتەر بەردەوام کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی کارەکان بەسەر ڕەگەزەکاندا، تەنانەت لە کۆمەڵگە سەردەمیەکانیشدا هەبووە: “هەر چەندە کارە پیاوانەکان زەحمەتتر بن زیاتر شانازییان پێوە دەکرێت … کاری کۆنترۆڵ کردن، بەڕێوەبردن، بڕیاردان لە لایەن خوداکانەوە پەسەند بووە. بە کورتی، ئەو کارە پلە بەرزترانەی پێویستی بە هێز و خێرایی یان دوور بوونەوە لە ماڵ هەبێت، پیاوانەن.٧٥ 
هەروەها دەڵێت “ئەم فاکتەرە وا دەکات دابەشکردنی کار بەسەر ڕەگەز لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی مەترسیدار نزیک بیت لە بەربەستە تیرە و نەژادییەکان لە هێندێک لە وڵاتە مۆدێرنەکاندا. واتە نەژاد، تیرە یان ڕەگەزی ژێردەست وا دەناسرێن کە ناتوانن هەندیک کاری پایەدار و بەرز بکەن و ئەگەریش ئەو کارانە بکەن بە نەشیاو دەزانرێت. ئەگەر ژنان بەڕاستی توانای ئەنجامی کارە پیاوانەکانیان نییە، پێویستیش ناکات بە ڕێگریی ئەخلاقییەوە پێشیان پێ بگیرێت.”٧٦ 
سەرچاوەی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان پێویستیی ئابوورییە بەڵام ئەو بەهایەی پێوەی ماوە بووەتە بەشێک لە خودی ڕەگەزەکە. تەنانەت لە کەلتوورە جیاوازەکانیشدا ئەم  ڕۆڵانە و شێوازی تێڕوانین بۆ ئەوانە جێگیرە.  بەری، بەیکن و چایڵد، بۆیان دەرکەوت  کە “زەخت لەسەر تەربیەت، گوێگر بوون و بەرپرسیار بوون، زیاتر لەسەر کچانە لەکاتێکدا زەختی سەرکەوتن و  پشت بە خۆ بەستن لەسەر کوڕانە.”٧٧ ئەم جڤاکی بوونە لە کۆنەوە لە کۆمەڵگە ڕۆژئاوایییەکاندا هەبووە. هەروا کە توێژینەوەی بەری، بەیکن و چایڵد پیشان دەدات، ئەم جڤاکی بوونە منداڵان ئامادە دەکات کە لە گەورەساڵیدا ژن لە ماڵ بمێنێتەوە و پیاو بچێتە دەرەوەی ماڵ و سەرکەوتوو بێت. هەر چەندە کۆمەڵگە زیاتر توانای جەستە زەق بکاتەوە، جیاوازیی ڕۆڵی ڕەگەزی و ڕەگەزەکان لە جڤاکی بووندا زیاتر دەبێت.
ڕەنگە ئەم جیاوازییانەی ڕۆڵی ڕەگەزی، سەردەمیک لە خزمەت کارێکی سروشتیدا بووبێتن، بەڵام لەوەی کە هێشتا پێویست بن گومان هەیە. ئەو تایبەتمەندییانەی ئێستا لە  ژن و پیاو دەبینرێن، ئاکامی ئەو جڤاکی بوونەیە کە بۆ زیندوو مانەوەی کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی پەرەی سەندووە. پێکهاتەی بەهای باڵادەست بوونی پیاو، ئاکامی بەها و ئاراستە سەرەتایییەکانە. بەڵام لەو سەردەمەوە تا ئێستا، دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری زۆر گۆڕاوە. تەکنەلۆژی گرنگیی هێزی ماسولکەی هێناوەتە ئاستێکی نزیک بە سفر. لە ڕاستیدا ئەو تێڕوانینە شەڕەنگێزەی کە هێزی جەستە و زاڵ بوون دەکاتە نموونەیی، وێرانکەرە. بنەماڵەی گەورەیش بەهای نەماوە، ئێستا ئێمە نیگەرانی زیادبوونی بێ وێنەی ژمارەی دانیشتووانین و پێمان باشترە کۆمەڵگە گرینگی بە باش بوونی منداڵان بدات نەک زۆر بوونیان. دەرەنجامی ئەم هەموو گۆڕانە ئەوەیە کە ڕۆڵی ڕەگەزی و بنەمای نەریتیی خێزان کارکردی لەدەست داوە.
ئۆلگووی بارهێنانی منداڵیش تا ڕادەیەک گۆڕاوە. برۆنفێنبرێنێر دەڵێت کە لانیکەم دایباوکانی چینی ناوەندی “پەیوەندییەکی پەسەندتر و یەکسانخوازانەتریان لەگەڵ منداڵەکانیان” دروست کردووە.٧٨ لەگەڵ ڕوو لە زۆرتر بوونی پێگەی کۆمەڵایەتیی خێزان، ئۆلگووی هەڵسوکەوتی دایباوکان شێوەیان لەیەک نزیک دەبێتەوە.٧٩ ئەو هەروەها تێبینیی کرد کە دیاردەیەک لەلای دایباوکانی چینە خوارەکان دروست بووە و هەڵسوکەوتی یەکسانی، بە نەرمی ڕێگەی خۆی بەرەو چێنە خوارەوەکان ئەگرێتە بەر.
ئەم گۆڕانانە لە ئۆلگووی بارهێنانی منداڵان پەیوەندی لەگەڵ گۆڕانی پەیوەندییە ناو خێزانییەکان هەیە. هەر دوو بەرەو شێوازی ژیانی کەمتر پلەبەندی کراو و زۆرتر یەکسانخواز بوون دەڕۆن. هەروا کە بڵۆد گوتی: “لە ئێستادا ڕەنگە لە لێواری قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خێزانی ئەمریکی بین، کاتێک کە خێزانی دەستە برا و دەستە خوشک سەرهەڵدەدات. تایبەتمەندیی جیاوازکەری ئەم خێزانە ئەوەیە کە هەم ژن و هەم مێرد کار دەکەن … کار کردنی ژنان، ئەوان لە چەوسانەوە بە دەست مێردەکانیانەوە دەپارێزێت و کچەکانیان لە بندەست بوون دێنێتە ئاستی براکانیان … کاتێک کە کە هەر دوو ڕەگەز لە گەورەساڵیدا و لە بازاری کاردا یەک ڕۆڵ دەبینن، جیاوازیی کلاسیکی نێوان ژنانی و پیاوانە بوون کاڵ دەبێتەوە … ڕۆڵی پیاوان و ژنان هەم لە تەمەنی خوارەوە و هەم لە تەمەنی سەرەوە لە یەک نزیک دەبێتەوە. لە ئاکامیدا خێزان لە ناوەوە ئەوەندە جیاوازکراو نابێت، کەمتر لەسەر بنەمای تەمەن و جیاوازیی ڕەگەزی چینبەندی دەکرێت. لەو هاوجێ بوونە خێزانییەدا، زالبوونی پیاوانە و خزمەتکاریی ژنانە جیگەی خۆی دەدات بە هاوجێبوونی نوێ.”٨٠
هەموو ئەم زانیاریانە دەریدەخەن کە ئاقارەکان لە یەک کاتدا لە یەک نزیک دەبنەوە. بنەمای بەهاکانمان لە دیکتاتۆرییەوە بەرەو دیمۆکراسی دەڕوات، هەر چەندە پێکهاتەی کۆمەڵگەمان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. هەڵوێستی کۆمەڵایەتی لە ناو خێزانەوە دەست پێ دەکات؛ تەنیا خێزانە دێمۆکراتیکەکان دەتوانن منداڵانێک پێبگەیێنن کە لە کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتیکدا ببن بە هاووڵاتی. ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش کە ژنانیان لە ماڵ ڕادەگرت، هەر بەو شێوەیە گۆڕاون. چیدیکە ماڵ ناوەندی کۆمەڵگە نەماوە. ئەو کارکردنە بنچینەیییانەی ژن و پیاو لە ماڵدا، چیدیکە پێویست نین و هیچ هۆکارێک نەماوە بۆ ئەوەی جیاوازیی ڕۆڵی ڕەگەزی بمێنێتەوە. ئەو بەهایەی کە بە هێزی جەستە دەدرا و دەبوو بە هۆکاری زاڵبوونی پیاو و ئەو دۆخەی باڵادەستیی پیاوان کە دەرهاویشتەی ئەمە بوو، چیدیکە کارکردی نەماوە. ئەوە مێشک و جەستەیە کە ئێستا دەبێت باوبێت و مێشکی ژنان یەکسان بێت لەگەڵ مێشکی پیاوان. “دەنکە دەرمان” (مەبەست دەرمانی ڕێگری کردن لە منداڵبوونە. وەرگێر) ژنی لە دوودڵیی منداڵبوون و پەیوەست بوون بە پیاو بۆ پشتگیریی ئابووری ڕزگار کرد. بەڵام هەڵوێستمان بەرانبەر بە ژن و خێزان هاوکات لەگەڵ پێشکەوتەکانی دیکە نەگۆڕاوە. “دواکەوتنێکی کەلتووری” لەئارادایە.  پێناسەی خێزان، چەمکی ژن و بیرۆکەی کارکردی کۆمەڵایەتی لەو سەردەمە بەجێ ماوە کە بۆ مانەوەی کۆمەڵگە پێویست بوون و لەو کاتەوە تا سەردەمێک کە لەبار نییە بەردەوام ماوە. دەرەنجامەکەی تەنیا ئەوپەڕی ناکارکردی بوونی ڕۆڵی ژنانە.
حەسانەوە لەم ناکارکردییە پێویستی بە گۆڕان لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناو کۆمەڵگە و ئەو تێڕوانینەیە کە ڕێگە بە ژن بدات بە تەواوی و یەکسان لەگەڵ پیاوان لە پلەبەندیی کۆمەڵگەدا ڕۆڵ ببینن. لەگەڵ ئەمەیشدا پێویستە خێزانیش بگۆڕێت تاکوو هەم ژن و پیاو یەکسان بن و هەم بتوانن لە کەشێکی دیمۆکراتیکدا منداڵ گەورە بکەن. ئەم گۆڕانکارییانە بە ئاسانی ناکرێن و لە ڕێگەی گۆڕانی سادەی ئاقارەکانی کۆمەڵگەوە بەدی نایەن. ئاقارەکان هەموویان بە یەک ئاراستە و بە یەک خێرایی ناڕۆن. بەو ڕادەیەی کە ئەگەر گۆڕانەکان لەگەڵ یەکتر ناکارکرد بن، کێشە ساز دەکات و پێویستە ئەم کێشانە نەک بە پشتگوێ خستن بەڵکوو بە مرۆڤی هۆشیار چارەسەر بکرێن. تەنیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانین لە داهاتوو و ژیانماندا قسەمان هەبێت بۆ گوتن.