ئارامتر بخوێنەوە!
مانیفێستی ڕێدستۆکینکز،
بزووتنەوەی ئازادیی ژنان*
و: کەیوان فاتحی
١- پاش چەندین سەدە خەباتی تاکە کەسی و سەرەتاییی سیاسی، سەرئەنجام ژنان بۆ ڕزگار بوون و کۆتایی هێنان بە باڵادەستیی پیاوان، یەکگرتوو دەبن. ڕێدستۆکینکز بۆ پێکهێنانی ئەم یەکگرتوویییە و بەدستهێنانی ئازادییەکانی ئێمە هاتووەتە بوون.
٢- ژنان توێژێکی ستەم لێ کراون. ستەمەکان لە سەر ئێمە بەرفراوانن و کاریگەرییان لە سەر هەموو جمگەکانی ژیانمان داناوە. ئێمە وەکوو کاڵایەکی جنسی، خستنەوەی وەچە، خزمەتکاری ناو ماڵ و هێزی کار بە داهاتێکی کەمەوە، هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکرێ. ئێمە تەنیا بە مەبەستی بەرزکردنەوە شکۆی پیاوان وەکوو بوونەوەرێکی ئاست نزم(پلە دوو) لەقەڵەم دەدرێین. بوونی ئێمە پشتگوێ خراوە. ڕەفتار وهەڵسوکەوتە داسەپاوەکان بە سەر ئێمەدا لە ڕێی هەڕەشە و توندوتێژیی فیزیکییەوە بەڕێوە چووە.
لەبەر ئەوەی ئـێمە لەگەڵ چەوسێنەرانی خۆمان زۆر لە نێزیکەوە ژیاوین، لە یەکتر تەریک کەوتووینەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە بە بەردەوامی ڕەنج و ئازارە تاکەکەسییەکانمان وەکوو بارودۆخێکی سیاسیی ببینین. ئەمە ئەو وێنایەی پێکهێنهاوە کە پەیوەندیی ژن لە گەڵ هاوسەرەکەی بابەتێکی دژبەیەکی نێوان دوو شوناسی بێ هاوتایە و دەکرێ بە شێوەی تاکەکەسی چارەسەر بکرێ. لەڕاستیدا، هەر پەیوەندییەکی لەم چەشنە، پەیوەندییەکی دەستەبەندی کراوە و کێشمەکێشی نێوان ژنان و پیاوان کێشمەکێشێکی سیاسییە کە تەنیا بە شێوەی دەستەجەمعی قابیلی چارەسەر کردنە.
٣- ئێمە هۆکارەکانی چەوسانەوەی خۆمان لە پیاواندا دەبینینەوە. باڵادەستیی نێرینە کۆنترین و بنەڕتیترین فۆڕمی فەرمانڕەوایی کردنە. هەموو فۆڕمەکانی دیکەی ستەملێکردن و بەکارهێنان وەکوو “ڕەگەزپەرەستی، کاپیتالیسم ، ئیمپریالیزم” و تا دوایی، پەرەی بە باڵا دەستیی پیاوان داوە: پیاوان بە سەر ژناندا زاڵن و چەند پیاوێک بە سەر هەموواندا زاڵن. هەموو پێکهاتەکانی دەسەڵات بە درێژاییی مێژوو، نێرسالاری و نێرانە بوونە. پیاوان هەموو دامەزراوە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانیان لە پاواندا بووە وئەم کۆنترۆڵ کردنە هێزی ڕەق(فیزیکی)ی لە پشتەوە بووە. ئەوان هێز و دەسەڵاتی خۆیانیان بۆ ڕاگرتنی ژنان لە ئاست و پلەیەکی نزمتردا بەکارهێناوە. هەموو پیاوان لە باڵادەستیی نێرینەبووندا لە بوارەکانی ئابووری، جنسی و دەروونیدا سوودمەند بوون. هەموو پیاوان ستەمیان لە ژنان کردووە.
٤- هەوڵ دراوە کە باری بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی پیاوان هەڵبگیرێ و بخرێتە سەر دامەزراوەکان یان خودی ژنان. ئێمە ئەم ئارگیۆمنتانە وەکوو بیانوویەک بۆ خۆدەربازکردن، ڕەد دەکەینەوە. دامەزراوەکان بە خودی خۆیان ستەم ناکەن؛ ئەوان تەنیا کەرستەی بەردەستی ستەمکارانن. خەتابارکردنی دامەزراوەکان بەو مانایە کە ژنان و پیاوان بە شێوەی هاوسان قوربانین، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە پیاوان سوود لە گوێڕایەڵیی ژنان دەبین و بووەتە بیانوویەک بۆ ئەوەی پیاوان لە ڕووی ناچارییەوە ببنە ستەمکار. بە پێچەوانەوە، هەر پیاوێک سەربەستە لەوەی چاوپۆشی لە زاڵبوونی پێگەی خۆی بکات بەو مەرجەی کە ڕازی بێ کە پیاوانی دیکە وەکوو ژنێک هەڵسوکەوتی لە گەڵدا بکەن.
ئێمەهەروەها ئەو بیرۆکەیە کەپێی وایە ژنان بەم ستەمە ڕازین یان ئەوەی هەڵەکە لە ئەستۆی خۆیانە، ڕەد دەکەینەوە. خۆ بەدەستەوەدانی ژنان بەرئەنجامی شۆردنەوەی مێشک، گێلیەتی یان نەخۆشیی ڕەوانی نییە، بەڵکوو سەرچاوەکەی زەختی بەردەوامی ڕۆژانەی پیاوانە. ئێمە پێویستمان بەوە نییە کە خۆمان بگۆڕین، بەڵکوو دەبێ پیاوەکان بگۆڕین. لە هەموو نابەجێتر هێنانەوەی ئەو بیانووانەیە کە ژنان دەتوانن ستەم لە پیاوان بکەن. بنەمای ئەم تێگەیشتنە سەقەتە تەریک خستنەوەی پەیوەندیی تاکەکەسییە لەگەڵ بەکگراوەندی سیاسیی ئەواندا و ڕوانینی پیاوانە بۆ بینینی هەر جۆرە داخوازییەکی ڕەوا، کە باڵادەستیی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.
٥- ئێمە ئەزموون و نیگەرانییەکانی خۆمان لەبارەی ئەو ڕابردوو(ئەزموون)ە، وەکوو بنەمایەک بۆشرۆڤە و لێکدانەوەی بارودۆخی هاوبەشی خۆمان لەبەرچاو دەگرین. ئێمە ناتوانین متمانە بەو ئایدۆلۆژییانە بکەین کە لە ئارادان، لەبەر ئەوە هەموو ئەو ئایدۆلۆژییانە بەرهەمی فەرهەنگی باڵادەستیی نێرینە(پیاوان)یان لەخۆگرتووە. ئێمە ئەوە بە تەواوی دەخەینە ژێر پرسیارەوە و هیچکام لەوانە پەسند ناکەین کە لەگەڵ ئەزموونی ئێمەدا یەکانگیر نابێ. هەنووکە ئەرکی سەرەکیی ئێمە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی ژنانە لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ئەزموونەکان و ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتییەوە لە سەر بنەمای ڕەگەزی لە هەموو دامەزراوەکانماندا. بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری “بە مانای ساڕێژێک” بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تاکەکەسی نییە و ئەو پێشفەڕزەش هەڵەیە کە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو بە بابەتێکی تەواو شەخسی لەقەڵەم دەدات، بەڵام تاکە میتۆدێکە کە دەتوانین دڵنیا بینەوە کە نەخشەڕێگای ئازادبوونی ئێمە، لە سەر بنەمای بارودۆخی ڕاستەقینەی ژیانمان دامەزراوە.
هەنگاوی یەکەم بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری، ڕاستگۆیی لە ناو خۆمان و لە ناو خەڵکدا، لە گەڵ خۆمان ولە گەڵ ژنانی دیکەشدایە.
٦- ئێمە هەموو ژنان بە هاوچارەنووسی خۆمان دەزانین. ئێمە خۆمان وەکوو هەژارترین ژن کە زۆر بێبەزەیییانە دەچەوسێنرێتەوە، پێناسە دەکەین. ئێمە هەموو ئەو ئیمتیازە ئابووری، ڕەگەزی، پەروەردەییانە یان بارودۆخێک کە ئێمە لە ژنانی دیکە جیا بکاتەوە، ڕەد دەکەینەوە. ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوە کە هەرچەشنە دەمارگرژییەک کە لەوانەیە ئێمە لەدژی ژنانی دیکە بکات، دەسنیشان دەکەین وبە تەواوی دەیانسڕینەوە. ئێمە پێبەندین بە دابین کردنی دێمۆکراسیی ناوخۆیییەوە. هەر شتێک پێویست بێت ئێمە ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی لە ناو بزوتنەوەکەماندا دڵنیایی بدەین بە هەموو ژنێک کە دەرفەتی هاوسانی(بەرانبەر)یان لەبەر دەمە بۆ بەشداری کردن، وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی و گەشەی پتانسیەلی سیاسیی تاکە کەسیی خۆی.
٧- ئێمە داوا لە هەموو خوشکانی خۆمان دەکەین، لەم خەباتەدا لەگەڵ ئێمە یەکگرتوو بن .
ئێمە داوا لە پیاوان دەکەین بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی وسوودی خۆشیان، دەستبەرداری باڵادەستیی خۆیان بن و پشتیوانی لە ئازادیی ژنان بکەن.
لەم کێشمەکێشەدا بۆ ئازادیی خۆمان، ئێمە هەمووکات لە بەرەی ژنانداین لە دژی ستەمکاران. ئێمە ناپرسین چ شتێک ” شۆڕشگێڕییە” یان “ڕێفۆرمیستی”؟ پرسەکە ئەوەیە چ شتێک بۆ ژنان سوود بەخشە.
سەردەمی دەرگیریی تاکە کەسی تێپەڕیوە. ئێمە ئەم جارە هەموو ڕێگەکە دەبڕین.


